د. حەسەن حسێن
  ئاشکرایە فەلسەفە سوودی لە دەرئەنجامی توێژینەوەی زانستی وەرگرتووە، لە چەسپاندنی بنەما و پرنسیپەکانی، لە هەمانکاتدا زانستیش پەنای بۆ فەلسەفە برد بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و بۆشایی گریمانەکانی و داپۆشینی ئەوەی ناچێتە ژێر باری تاقیکردنەوەی زانستیەوە. یان فەلسەفە وەک ئامڕازی شیکردنەوە و چاودێری بۆ زانست و پرۆسە زانستییەکان ڕۆڵ دەبینێ. گرنگی فەلسەفە بۆ زانست لە بۆچوون و دەقەکانی زاناکاندا روون و ئاشکرایە، لەوانە زانای فیزیای رێژەیی (ئەنشتاین) دەڵێت: (دەتوانم بیسەلمێنم کە بە تواناترین ئەو خوێندکارانەی لەکاتی وانە وتنەوەمدا چاومپێکەتبوون، ئەو خوێندکارانە بوون، کە گرنگیان بە تیۆری زانین دابوو، نەک تەنها باتوانا بوون لە خوێندندا، بەڵکو خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆشیان بوون. ئەم کەسانە بەردەوام بەرگریان لە بۆچوونەکانیان دەکرد). کەواتە خوێندنی فەلسەفە بۆ زاناکان گرنگی خۆی هەیە هەروەها دەرکەوتنی فەلسەفەی ئەنیشتاین لە جیهانی زانستیدا بەتایبەتی (فیزیکی پراکتیکی) بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش لە جیهانی فیزیک و فەلسەفە. چونکە بۆ جارێکی تر توانای ناسینەوەی ڕووداوە گەردوونییەکانی سەلماند لە ڕێگەی میتۆدی زانستی – متماتیکی و گریمانە فەلسەفەیەکانەوە. بە نموونە زۆر لە بۆچوونە زانستییەکانی سەردەم بە تاقیکردنەوەی زانستی ناسەلمێندرێن، بەڵکو دەبێ زاناکان پەنا بۆ گریمانەی فەلسەفی یان میتافیزیکی بەرن بۆ ئەو کارە، ئەمە لە ئێستادا پێیدەوترێ (خەیاڵی زانستی) یان (میتافیزیکی زانست) یان (دوای زانست) چونکە بابەتەکان لەدەرەوەی سنووری میتۆدی زانستین.
ئەنیشتاین بە تیۆری ڕێژەیی (گشتی و تایبەتی) ناوبانگی دەرکرد، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە ئەنیشتاین داهێنەری ئەو تیۆرە نییە بەڵکو پێشتر باس لەو تێۆرە کراوە. چونکە راست نییە بڵێین تیۆرێکی زانستی نوێ پێشینەی نییە بۆیە هەموو تیۆرێک مێژووی خۆی هەیە بۆ پێش و پاش سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە، تیۆری ڕێژەییش وەک هەر تیۆرێکی تر، توێژینەوە و لێکۆلینەوەی بۆ کراوە، ڕۆڵی ئەنیشتاین تەنها بونیادنانی تیۆرەکە بووە لە ئەنجامە پۆزەتیڤەکانی پێشتر

گرنگترین ئەو توێژینەوە تیۆریی و ڕێژەییەی لەسەری بونیادنراوە:
١- توێژینەوەکانی کارۆموگناتیسی
٢- تاقیکردنەوەی (نیکلسۆن – مورلی)
٣- چڕبوونەوەی فتزجرالد
٤- ئەندازە نا تەقلیدییەکان

بۆیە تیۆری ڕێژەیی گرنگی بە خوێندنەوەی جوڵانەوەی جەستەکان و گریمانەی (ئەسیر) دا و پێداچوونەوە بەو فەلسەفەیە کە فیزیکی نیوتنی لەسەر بونیادنرا بوو. بە مەبەستی گەیشتن بە بناغەی دروستی ئەو تیۆرە ئایا دروستە یان نا؟ بۆیە ئەنیشتاین کۆی ئەنجامە زانستییە نێگەتیڤییەکانی  دوورخستەوە لە توێژینەوەکانیدا. لێرەدا ئەو پرسیارە فەلسەفیە دەکریت: ئایا هەموو ئەو یاساییەنای پێیان دەگەین لەڕێگەی ئەزموون و تاقیکردنەوەوە بۆ هەموو کاتێک و شوێنێک یان گەردوونەکانی تر گونجاوە؟ بۆیە ئەنیشتاین وەک زانایەک رۆڵی هەبوو لە بونیادنانی میتۆد و تیۆردا. بۆیە توێژینەوەکانی لە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی گشتیدا دەڕوانێتە سروشت  و گەردوون لە چەند گۆشەی جیاوازەوە گرنگترینیان کارکردن و توێژینەوەی بەردەوام لە دۆزینەوەی نهێنییەکان، کە خواستی تێگەیشتنێکی بەهێز دەدا بۆ گەردوون و رووداوەکانی، لێرەدا  هەندێ لە بیروباوەڕی ئەنیشتاین وەک زانایەک ڕۆڵی هەبوو لە بونیادنانی میتۆد و تیۆردا. بۆیە توێژینەوەکانی لە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی گشتیدا دەڕوانێتە سروشت و گەردوون لە چەند گۆشەی جیاوازەوە گرنگترینیان کارکردن و توێژینەوەی بەردەوام لە دۆزینەوەی نهێنیەکان. کە خواستی تێگەیشتنێکی بەهێز دەدات بۆ گەردوون و ڕووداوەکانی لێرەدا هەندێک لە بیروباوەڕی ئەنیشتاین باس دەکەین، کە پەیوەندی هەبووە بە توێژینەوەکانیانەوە لەوانە:

١- مەحاڵە جوڵانەوە و دیاردەکان لە گەردووندا هەڕەمەکی بن بەڵکو هەموو ڕووداوێک بە پلان و رێکخەرییەوە ڕوو دەدەن، هیچ کارێک بەبێ پلان نییە بۆیە ئەرکی زانا بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە ڕووداوە گەردونییەکان لە خۆ دەگرێت ئەو یاسایانە کە ڕاڤە و شیکردنەوەی ڕووداوەکان لە خۆ دەگرێ. بۆیە لێرەدا دەڵێت: (من بڕوا بە خوایەک ناکەم کە بە ژەهر گەمە بکات) ئەمە بۆ خۆی ڕەتکردنەوەی (سوتفە)یە .
٢- بڕوای وابوو کە سروشت خۆی بۆ زاناکان نیشان دەدا بەسادەترین شێوە، هیچ ئاڵۆزییەک نییە لە گەردوون و سروشتدا بۆیە ئەرکی زانا لێرەدا گەڕانە بەدوای یاسا و ڕێساکان کە بە سادەترین شێوە سروشت و ڕووداوەکان ڕاڤە دەکات. چونکە تێگەیشتن پێویستی بە گریمانەی سادە و ئاسان هەیە نەک شتی ئاڵۆز ناڕوون. ئەمانە بەڵگە و ئاماژەن بۆ زاڵبوونی لایەنی سۆفیگەرانە لەسەر بیرکردنەوەی ئەنیشتاین، بەڵام لە جۆرێکی زانستی نەک میتافیزیکی. ئەو ئامانجی لەو سۆفیگەرایەتییە ناسینەوەی ڕاستیەتی گەردوونە لە پشت هەموو ئەو دیاردانەوە سۆفیگەرایەتیەکەی لەم دەقەدا دەردەکەوێ کە دەڵێت: ( ئاینەکەم سەرسامم بەو ڕۆحە باڵایە بێ سنوورە لەخۆ دەگرێ، لە نهێنییەکانیدا هەندێ لە زانیارییە گشتگیرە کەمەکان دەخاتەڕوو کە ئەقڵەکانمان توانای درکپێکردنیانی هەیە، ئەم بڕوایە لە دڵدا بڕوا بە بوونی هێزێکی دانا و باڵا دەتوانین لە ڕێگەی ئاڵۆزیەکانەوە دەرکی پێبکەین ئەمە بیرۆکەی خواوەندم پێدەبەخشێ) ئەم لایەنەی (سۆفیگەریەتی) ئەنیشتاین ڕێنیشاندەری بوو لە توێژینەوەکانی و گەڕان بدوای شتە شاراوەکانی سروشت و گەردوون. بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەو لایەنەی وەک بناغە بۆ فەلسەفەیەکی تر میتافیزیکی وەرنەگرت. بەڵکو بەپێچەوانەی هەموو گریمانە زانستییەکانی ترەوە، گریمانەکانی ئەو زیاتر لە ئەزموون و واقیعەوە نزیکتر بوون .
هەموو ئەمانەی لەپشت سەرهەڵدانی تیۆریی رێژەییەوە بوون، ئەوە دەسەلمێنێ، کە فەلسەفە گرنگی زۆری بۆ زانست هەیە و زانستیش گرنگی خۆی هەیە بۆ فەلسەفە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنشتاین بۆ (زانست و مرۆڤایەتی) گرنگە بزانین کە ئەنشتاین لە هەموو تەمەنیدا کاری بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی کردووە نەک لەناوبردنی ژیان و بەها مرۆییەکان. ئەوە راست نییە کە دەربارەی رۆڵی ئەنشتاین لە دروستکردنی (موشەکی ئەتۆمی) دەوترێ، کاتێ لە جەنگی جیهانی دووەم دژی خەڵکی وڵاتی ژاپۆن بەکارهات. راستە بەئامۆژگاری ئەنشتاین بۆ (روزفلت) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو داهێنانە، بەڵام هیچ ئامانجی سەربازی نەبووە لەپشت ئەو داهێنانەوە، بەڵگە بۆ ئەمە لەدوای لێدانی (هێرۆشیما) رۆژنامەنوسان ویستیان نازناوی (باوکی موشەکی ئەتۆمی) بە ئەنشتاین ببەخشن، بەڵام ئەو زۆر بە دڵتەنگیەوە وتی (بەهیچ جۆرێک کارم لە موشەکی ئەتۆمی نەکردووە). بۆیە هەستی بەبرینداری دەکرد کاتێ زانست وەک خزمەتکاری پێڵاوی سەربازانی لێهات. لێرەوە ئەنشتاین لە دۆخێکی زۆر نالەباردا دەژیا چونکە زانست بۆ ئەو زۆر پیرۆز بوو، بەڵام سوپاکان دڕندە و خراپەکارن هەر بۆیە هەموو زاناکانی فیزیک لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەستیان بە تاوان و سزای ویژدان دەکرد.
ئەنشتاین وەک زانایەک زانست بۆ ئەو بریتی بوو لەخزمەتکاری مرۆڤ، وەک مەرجێکی ئەخلاقی، دەبێ زانست هەوڵی چارەسەری گرفتەکان بدات، ژیانێکی ئاسوودە بۆ مرۆڤەکان بەرقەرار بکات نەک بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی. بەم جۆرە دژ بە دەستێوەردانی سیاسەت و دەسەڵات بوو لەکاروباری زانست. بەڵام دوای دۆخەکە لەدەستی زاناکان دەرچوو کەوتە ژێر دەستی سوپا و دەسەڵاتی سەربازییەوە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە (ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هیوایەکی نوێ بگۆڕێن، دەبێ مرۆڤایەتی لەگەڵ دۆخە مەترسیدارەکاندا بژێت). پێکەوە ژیان لەگەڵ چەکی ئەتۆمی لەئێستادا دوا دەرفەتە بۆ مرۆڤایەتی.
کەواتە بۆ ئەنشتاین زانست مەرجی ئەخلاقی خۆی هەیە لەتوێژینەوەدا، ئەویش نەهێشتنی کێشە و گرفتی مرۆڤایەتی لەژیاندا و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بۆ مرۆڤەکان نەک پێچەوانەی ئەمە کار بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی بکرێ بە دەست مرۆڤەکان ئەمە هەڵوێستی ئەنشتاینە بۆ زانست.

      یەکەم: میتافیزیک و فیزیک لەتیۆریی ڕێژەیی تایبەت:
١- ڕێژەیی کات و شوێن:

لەروانگەی ڕێژەییەوە کات و شوێن دوو ڕەهەندی سەربەخۆ نین لە دەرەوەی جیهانی ماتەریەوە، بەڵکو بوونی کات و شوێن  بەبوونی شتەکانی جیهانەوە بەستراوەتەوە. جەوهەری کات لەگەڵ جوڵانەوەی ماتەری دەردەکەوێ، بەڵام شوێن وەک تایبەتمەندییەک بەستراوە بە بوونەوەری ماتەریەوە، مەحاڵە وێنای کات و شوێن بکرێت لە دەرەوەی بوونەوەرە ماتەرییەکانەوە. کەواتە نە کاتی رەها و نە شوێنی رەها هەن، بەڵکو کات لەگەڵ جوڵانەوەدایە، جوڵانەوەیەش واتای ئەوەیە کە جەستەیەکی ماتەری شوێنێک لە فەزادا داگیر دەکات بەنسبەت ئێمەوە دەجوڵێتەوە. بۆیە کات و شوێن بەستراوەیە بە بوونەوەرێکی ماتەری جوڵاوەوە١ .
کەواتە کات لە تیۆریی ڕێژەییدا بریتییە لە کۆمەڵێک رووداو بەنسبەت مەرجەعێکەوە، بەدوایەکداهاتنی رووداوەکان بۆ سەرجەم چاودێران وەک یەک نین، بەڵکو جیاوازە بەنسبەت جوڵانەوەی چاودێرانەوە، ئەمە واتای ئەوەیە بیرۆکەی کاتی رەها لە گەردووندا، کە سەرجەم رووداوەکان بەهۆیەوە لەشوێندا روودەدەن، تەنها بریتییە لە گریمانەیەکی میتافیزیکی، هیچ بناغەیەکی راستی نییە٢. کەواتە رۆیشتنی کات بەپێی رێژەو خێرایی جیاواز لەشوێنی جیاواز لە گەردووندا دەجوڵێتەوە. بە نموونە بوونی ژمارەیەک کاتژمێر لەشوێنی جیاواز لە گەردووندا، هەریەک لەو کاتژمێرانە ئاماژە بە کاتێکی جیاواز دەکات، کەواتە چرکەیەک لەسەر زەوی هەمان چرکە نییە لەسەر مانگ یان لەسەر مەریخ، بەڵکو لە ڕاستیدا هەرچەند ئێمە بەخێرایی بجوڵێینەوە ئەوەندا خێرایی کات کەم دەبێتەوە. واتای ئەمە ئەوەیە مەرج نییە ئەو رووداوانەی لە چوارچێوەیەکدا بە دووایەکداهاتنی پێوە دیارە، رەنگە وەک پێویست هەمان بە دووایەکداهاتنی پێوە دیار نەبێ لەچوارچێوەیەکی تردا هەروەک چۆن نیوتن مەزەندەی دەکرد٣. بۆیە کات رێژەییە نەک رەها.
بەڵام سەبارەت بە شوێن لەروانگەی تیۆریی رێژەییەوە بریتیە لە پەیوەندی نێوان شتەکان، کاتیش بریتییە لەپەیوەندی نێوان رووداوەکان. شوێنیش بە نسبەت جەستەکانەوە سەربەخۆ نییە، جەستە ماتەرییەکانیش لەشوێندا نین، بەڵکو جەستەکان لە دۆخی کشانی شوێنن. بەمجۆرە شوێنی بەتاڵ واتای نامێنێ، کەواتە شوێن لای ئەنشتاین تەنها بریتییە لە ڕێکخستنی شتەکان و کاتیش بریتییە لە ڕێکخستنی رووداوەکان٤. لێرەدا دەبینین (هنری بوانکاری) دەڵێت: (مەحاڵە وێنای شوێنی بەتاڵ بکرێت: هەرکەسێک باس لەشوێنی بەتاڵ بکات، تەنها وڕێنە دەکات، بۆیە وتەکانی پوچ و بێ واتان). ئەمە گوزارشت لە هەڵوێستی ئەزموونی و تاقیگەرایی بوانکاری دەکات بەرامبەر بەو بیرۆکانەی شیاوی تاقیکردنەوەی ئەزموونی نین. بۆیە جارێک لە ئەنشتاین داواکرا کە ناوەڕۆکی تیۆریی رێژەیی روونکاتەوە، لەوەڵامدا وتی: (مرۆڤەکان لەپێشتر بڕوایان وابوو گەر هاتوو هەموو شتەکانی نێو جیهان لەناو بچن ئەوا کات و شوێن وەک خۆیان دەمێننەوە. بەڵام لەتیۆریی رێژەییدا، کات و شوێن لەگەڵ لەناوچوونی شتەکان لەناو دەچن)٥. کەواتە ئێمە ناتوانین بیر لە کشانی کات و شوێن بکەینەوە تا دواڕۆژ. چونکە لەگەڵ نەمانی مرۆڤ و شتەکانی جیهان، کات و شوێنیش واتای نامێنێ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە، چۆن ئەنشتاین گەیشتە ئەم بڕوایە؟ ئایا بیرۆکەیەکی ئەزموونییە یان تەنها تێڕامانێک یان تێڕوانینێکی عەقڵانییە؟ گەر بڵێین ئەزموونییە، ئەوا دەبێ شیاوی سەلماندن بێ، ئەمەیش مەحاڵە. چونکە فراوانی گەردوون هۆکارە بۆ ڕێگری لەبەردەم ئامێرە زانستییەکان کە کۆنتڕۆڵی گەردوون بکات کەواتە بیرۆکەی ئەنیشتاین دەربارەی ئەوەی کات و شوێن لەگەڵ لەناوچوونی شتەکان ئەوانیش لەناو دەچن، بیرۆکەی ئەزموونی نییە کە سەرچاوەکەی بۆ تەماشای ئەزموونی بگەڕێتەوە، بەڵکو گریمانەیەکی میتا فیزیکییە.
١- ئاڕاستەی کات: لێرەدا باس لە بابەتی ئاراستەکانی کات دەکەین، لەوانە (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو). لەفیزیای پێش ڕێژەیی، باس لەوە دەکرا کە کات هەڵگری یەک ئاراستە بێت. واتە لە ڕابردووەوە بەرەو ئایندە لەسەر یەک ڕیتم. بۆیە خۆمان لەبەردەم فەلسەفەی جەختگەرای دەبینینەوە لە دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکان، نیوتن وەک زانایەک پێیوایە کات وەک تیرێکی ڕەها وایە، کاتێک لە کەوانەکەوە دەردەچێت ئەوە بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات بێ ئەوەی لەو ئاراستەیە لابدا. بۆیە کات بەمشێوەیە چەمکێکی ڕەهایە بەهەمان خێرایی لەسەرجەم بەشەکانی گەردووندا گەشت دەکات٦. بەڵام ئەنیشتاین لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە، ئەو هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو بۆچوونانە بوو، بۆیە باس لە چەمکێکی کاتی ڕێژەیی کردووە، بەمجۆرە ئاماژەی پێکردووە، چرکەیەک لەسەر زەوی جیاوازترە لە چرکەیەک لەسەر مانگ، چونکە کات وەک ڕووبارێک وایە ڕێگە بۆ خۆی خۆش دەکات لەنێوان پلانەکاندا و خێرایی کەم دەکاتەوە، کاتێک بە تەنیشت تەنە ئاسمانیەکاندا گەشت دەکات٧ کەواتە بەم بۆچوونە بێ، ئەوا ئاڕاستەی کاتی ڕووداوی فیزیکی، پەیوەست بە بوونی ڕێژەیەکی باڵا لە خێرایی وەک (خێرای تیشک) بۆیە نەشیاوە گواستنەوەی هیچ کاریگەرییەک ڕووبدات کە خێراییەکەی لە خێرایی تیشک زیاتر بێت ڕەنگە جیاوازی کاتی نێوان هۆکار و کردار لە پرۆسە فیزیاییەکان زۆر کورت بێ، بەڵام بەردەوام لە سفر زیاترە، بۆیە بەدوایەکداهاتنی کاتی تەنها پێوەرێک نییە بۆ بەستنەوەی ڕووداوەکان بە پەیوەندی هۆ و ئەنجامەوە٨. بۆیە لێرەدا زانای فیزیایی گەردوونی (ستیڤن هۆکینگ) دەڵێت: (کات ڕێژەیەکی گەردوونی گشتگیر نییە کە بوونێکی سەربەخۆی هەبێ لەدەرەوەی شوێن، چونکە ڕابردوو ئایندە دوو ئاڕاستەن، وەک ڕاست و چەپ، پاش و پێش، لە دیاردەیەکدا پێی دەگوترێ کاتشوێن. بەڵام ناتوانین بە هەموو ئاڕاستەکاندا بجوڵێینەوە تەنها ڕوو بە ئاڕاستەی ئایندە نابێت لەگەڵ کاتدا، ئەم هۆکارەیە ڕەنگە کات بە ڕێژەی جیاواز گەشت بکات)٩. لێرەدا گرفتێک دێتە ئاراوە کە زۆربەی لقەکانیتری فەلسەفە وەک گرفتی خۆی تەماشای کردووە ئەویش (ئایندە چۆن دەبێت؟) ئایا دەتوانین بە خوێندنەوەمان بۆ ڕابردوو ئایندەمان دیاری بکەین؟ یان ئایندە کراوەیە بۆ هەموو ئەگەرێک وەک کارل پۆپەر دەڵێت؟ تیۆرە سیاسییەکان ئێستا پلان بۆ داڕشتنی ئایندە دیاری دەکەن، ئایا کاتێک تیۆرێکی سیاسی خاوەن بۆچوون و ڕووئیای خۆیەتی هەموو کارێک بەشیاو نازانێ بۆ ئەوەی تیۆرەکەی خۆی بەرجەستە بکات، هەموو ڕێگەکان بۆ ئەو شیاوە و گونجاوە لەپێناو گەیشتن بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی تیۆرەکەی؟ ئەمانە پرسی گرنگی سەردەمن، ئایا وەڵامی ئەو تیۆرە سیاسییانە لەنێو تیۆرە زانستییەکاندا هەیە؟ مەبەستم پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەوان وەڵامیان دەست دەکەوێت.
من پێموایە ئەوەی ئەوان ئاماژەی بۆ دەکەن زۆر لە ڕاستی زانستییەوە دوورە، چونکە بەپێی دۆزینەوە زانستییەکان بێ، مەحاڵە ئێمە بتوانین ئایندە دیاری بکەین بە خوێندنەوەمان بۆ ڕابردوو، ڕێبازی جەختگەرایی پێیوایە ئایندەش وەک ڕابردوو دیاریکراوە، بەڵام هەستی هاوبەش (هەستی گشتی) پێچەوانەی ئەوە بیر دەکاتەوە، ئێمە دەزانین کار و چالاکییەکانمان لە ڕۆژاندا بریتین لەو هەوڵانەی کە بۆ گۆڕینی ئایندە دەدرێ، هەر بۆیە بەشێک لە کارەکانمان هەوڵدانە بۆ کارتێکردن لەسەر ئایندە یان بۆ دیاری کردنی، بەڵام ئێمە دەڕوانینە ئایندە وەک ئەوەی تا ئێسا نەسەلمێنراو بێ، لێرەوە دەبینین کارل پۆپەر دەڵێت: (ئایندە پێچەوانەی ڕابردووە کە داخراوە، ئایندە تا ئێستا کراوەیە، ئایندە بەگشتی دیاریکراو نییە، بۆیە دەتوانین کاریگەریمان هەبێ لەسەری)١٠ لیرەدا دەپرسین  ئایا (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو) لەڕوانگەی تیۆری ڕێژەییەوە چۆنە؟ ئایا تیۆری ڕێژەیی بە یەک شێوە دەڕوانێتە ئاراستەکانی کات یان بە جۆرێکی جیاواز؟ وازهێنان لە جیاوازیکردنی نێوان (ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو) هەنگاوێکە تێگەیشتن لێی ئەستەمە چونکە ئەو گریمانەیەی دەڵێت (ئێستا) تاکە بوونەوەری راستەقینەیە تەنها جۆرێکە لە بوغرایی، هەندێک جار بەبێ بەڵگە گریمانەی ئەوە دەکرێت چونکە داهاتوو وەک ئێستا وایە، دروست نەبووە پێکنەهێنراوە، دیارینەکراوە، بەڵام ڕابردوو کۆتایی هات و بەبێ گەڕانەوە، تەنها دەکرێ یادی بکەینەوە، زۆربەی خەڵکی بڕوای وایە کە ڕابردوو و ئایندە بوونی کاتیان نییە، تاکە شت بوونی هەبێ بریتییە لە چرکەیەکی هەنوکەیی وەک ئەوە وایە کە لە کاتدا ڕووبدا.
کەواتە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو لە ڕوانگەی تیۆریی ڕێژەییەوە دەبێت لەڕاستیدا بە شێوەیەکی یەکسان ڕووبدەن. چونکە ڕابردوو بۆ کەسی یەکەم– داهاتووە بۆ کەسی دووەم ئێستایە بۆ کەسی سێیەم)١١. بۆیە دەبینین کارل پۆپەر دەڵێت: (لەم دۆخەدا دەگەینە ئەنجامێک ئەویش، داهاتوو بەو واتایە کراوەیە بۆ ئێمە، بۆیە ناکرێ ئێمە بەشێوەیەکی گشتی پێشبینی بکەین، لە کاتێکدا ڕابردوو داخراوە )١٢.


٢- مادە و وزە: لەگەڵ سەرهەڵدانی هزرینی زانستی، دوو تێڕوانینی کلاسیکی بۆ کەرەسە هەبوو. یەکەم تێڕوانین بریتیبوو لە فەلسەفەی گەردیلەیی گریکی، کەرەستە لە بەشی زۆر بچوک پێک هاتبوو، ناکرێ بۆ بەشی تر دابەشبکرێ. دووەم هەندێ لە مرۆڤەکان باوەڕیان وابوو بەشێک لە کەرەسە لە هەموو شوێنێک هەیە بۆیە بۆشایی ڕاستەقینە مەحاڵە هەبێ، جوڵانەوەی تەنەکانیان بۆ دەواماتی ئەسیر دەگەڕێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەنشتاین تێڕوانین بۆ کەرەسە جیاوازترە، کەرەسە لای ئەو بریتییە لە فاکت (رووداو)، فاکتیش نە دەمێنێ و نە دەجوڵێ وەک بەشێک لە کەرەسەی کلاسیکی بە نموونە (کورسی)، بەڵکو لەو کاتەدا بوونی هەبێت کە روودەدا و دواجار کۆتایی دێت. کەواتە بەشێک لە کەرەسە بۆ زنجیرەیەک لە رووداو شیدەکرێتەوە، وەک چۆن جەستە لای دیکارت لە ژمارەیەک جەستۆکە پێکدێت، بە هەمانشێوە هەموو جەستۆکەیەک لە رووداو پێکدێت، چونکە لەنێو کاتدا کشاوە – ناوی جەستۆکەی رووداوی لێ نا١٣ .
لێرەدا دەبینین کارل پۆپەر دەڵێت: مێژووی گرفتی ستراکچەری کەرەسە پرە لە تێڕامانی میتافیزیکی وەک (پرۆگرامی توێژینەوەی میتافیزیکی) یە، لەوانە (دیکارتیزمی و گەردیلەیی)، تیۆرەکان بەمجۆرە دروست دەبن تا دەگاتە قۆناغی تاقیکردنەوەی ئەزموونی، ئەوە دەبێتە تیۆرێکی زانستی. لە سەردەمی دیکارتەوە کە کۆی فیزیای لەسەر پێناسەی ماهەوی بۆ کەرەسە بونیاد نابوو، جەوهەری کەرەسە کشانە. هەرچەندە جەوهەری کەرەسە لە بنەڕەتدا کشانە، هەموو کشانێک لە هەموو شوێنێک بریتییە لە جەستە یان کەرەسە. کەواتە جیهان بریتی نییە لە بۆشایی ١٤ .بۆیە کەرەسە هەموو جیهانی ریالیتی پێکدەهێنێ، ئەو جیهانەی لە دەرەوەی ئاگامەندی ئێمەوەیە، بوونێکی بابەتی و سەربەخۆی هەیە، ئەوە کەرەسەیە کە تەنها ریالیتی بابەتی پێکهێناوە، ئەوەی لە دەرەوەی ئاگامەندی ئێمەوەیە تەنها شتەکان و ئەو دیاردانەی هەڵگری سروشتی کەرەسەیین. کەواتە کەرەسە بوونێکی سەربەخۆی هەیە هیچ پەیوەندی بە دۆخەکانی ئاگای مرۆڤەوە نییە١٥. بۆیە دەرهاویشتەی ئاگامەندی مرۆڤ نییە وەک فەیلەسوفانی ئایدیالیزمی دەیڵێن.
لێرەدا دەتوانین بڵێین جیهان و کەرەسە تەنها دیاردەن، بۆیە زانست توانای ئەوەی نییە جەوهەری کەرەسە بناسێتەوە، بۆیە تەنها رواڵەتی شتەکان دەناسێتەوە، قسەکردن دەربارەی بوونێکی ریالیتی و دەرەکی و سەربەخۆ و دوور لە هزر، قسەکردنێکی بەتاڵ و پووچە، ناتوانین بوونێکی ریالیتی لە دەرەوی هزرۆکەکانمان بخەینە پاڵ شتەکان، یان هەندێ پەیوەندی وەک (هۆ – ئەنجام) بخەینە پاڵی، چونکە جیهان، جیهانێکی هەستپێکراوە. کەواتە کەرەسە شیاوی دەرکردنی هەستی نییە، ئەوەی دەرکی پێدەکەین تەنها رواڵەتی دەرەکی کەرەسیە وەک تایبەتمەندییەکانی لە ڕەنگ و تام و شێوە و قەبارە...هتد. بەڵام ئەمجۆرە کەرەسەیە پێویستی بە ناوەندێک هەیە لە گەشتکرنیدا، زاناکان پێشنیاری (ئەسیر)یان کردووە وەک ناوەندێک ئەرکی گەیاندنی کەرەسەیە. بەڵام ئێمە دەزانین (ئەسیر) تێگەیەکی میتافیزیکییە بوونی لە جیهاندا نییە، بۆیە دەربڕینی لەمجۆرە لە روانگەی فەیلەسوفانی شیکاری و پوزەتیفیزمی لۆجیکیەوە بێ مانا و پوچن، بەڵام هنری بوانکاری دەڵێت: (گرنگ نییە بۆ ئێمە ئەسیر هەبێ یان نا، توێژینەوە و گەڕان لە ئەسیردا کاری کەسانی میتافیزیکین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، هەموو شتێک گەشت بکات وەک ئەوەی ئەسیر بوونێکی ریالیتی هەبێ، چونکە گریمانەی ئەوە بۆ ئەو راڤەی دیاردەکان گونجاوە)١٦ .
ئەم بۆچوونە رووبەڕووی رەخنە کراوەیە لەلایەن (ئیرنست ماخ و ئوستفلد) بە تایبەت گەڕانەوەی تیۆرەکان فیزیک بۆ هەندێ تێگەی میتافیزیک کە شیاوی تاقیکردنەوەی ئەزموونی نییە لەوانە (ئەسیر)، بۆیە باس لە پێداچوونەوە بە هەندێ پرەنسیپ و بنەما دەکەن کە زاناکانی فیزیکی هاوچەرخ بڕوا و متمانەیان پێیان هەبووە لەوانە (کشان و یاساکانی جوڵانەوەی نیوتن و تێگەی هێز و جوڵانەوەی رەها و رێژەیی١٧. بەڵام ئەنشتاین پێیوایە کە هەست و دەرکردنی ئێمە توانای نییە شوێنی جیهان بگرنەوە، بۆیە دەڵێت: (درکپێکردنەکانمان ناتوانن شوێنی وێنە و تێڕوانینمان بۆ جیهانی دەرەکی بگرنەوە، رەنگە دانانی ئیکسوماتیکی شیمانەیی باشترین هاوسەنگی بێت، کەواتە هزرڤانی ئەزموونی – پۆزەتیڤیزمی، لە تواناییدا نییە خۆی لە گریمانەی میتافیزیکی بپارێزێت)١٨.
لێرەوە ئەنشتاین لەمیانەی داکۆکیکردن لە ڕۆڵی تێڕامانە میتافیزیکییەکان لەتیۆرە فیزیکیکاندا دەڵێت: (هەست بە نائارامی و ئازار دەکەم بۆ ئەو پێناسە و جیاوازییە ئاڵۆزە و ناڕوونەی ئێوە بۆ ئەزموونی ریالیتی و هزری ریالیتی. رەنگە لە میتافیزیکی ئەنشتاین تووشی سەرسام بن. بەڵام هەموو زیندەوەرێک کە لەسەر چوار پێ یان دوو پێ دەڕوات، بەو واتایە زیندەوەرێکی میتافیزیکییە)١٩ .
بۆیە وێنە و تێڕوانینە زانستییەکان لەروانگەی ئەنشتاینەوە بریتین لە دانراوەکانی ئەقڵی زاناکان بەخواستی ئازادی خۆیان، بە مەبەستی قسەکردن لەسەر جیهان و دیاردەکانی، بریتین لە داهێنراوە ئازادەکانی هزری مرۆیی. لەفۆڕمی خەیاڵی زانستی یان تێڕوانینی گشتی سەرەتا شیاوی تاقیکردنەوەی ئەزموونی نییە و سەرچاوەکەیشی لە تەماشاکردن و بینینەوە وەرنەگیراوە.
٣. بارستەوزە لای ئەنشتاین: تیۆریی بارستە لای ئەنشتاین مانای فەلسەفەی خۆی هەیە، یەک لە واتاکانی فەلسەفەیەکی تیۆرییە لەو گۆشەوە کە هەموو تیۆرێک بناغەی ئیپستیمۆلۆجی میتافیزیکی خۆی هەیە٢٠. جەختکردنەوەی ئەنشتاین لەسەر هاوسەنگی نێوان (بارستەوزە) وەک دەڵێت: (بارستە وزەی جەستە بریتین لە هەمان ناوەڕۆک، بەو واتایەی یەک رواڵەتن بۆ یەک شت)٢١. لێرەدا ئەنشتاین دەگاتە ئەوەی کە کەرەسە وزە هاوسەنگن و دەکرێ شوێنیان بگۆڕین. بۆیە لێکدانی یاسای مانەوەی کەرەسەوزەی نیوتنی لێکەوتەوە و بوو بەیەک یاسا ئەویش یاسای (مانەوەی بارستە – وزە)، چونکە ئەنشتاین پێیوابوو کە بارستەوزەیەکی خەستە، دەرکپێکردنمان بۆی ناوی دەنێین بارستە٢٢. ئەنشتاین لە پەرتووکی (گەشەکردنی زانستی سروشتی) ئاماژە بەوە دەکات لە فیزیای کلاسیکدا دوو یاسای مانەوە هەیە: یەکەم پەیوەستە بە کەرەسەوە دووەم بە وزەوە، بەڵام لە فیزیای نوێدا لە یەک یاسادا کۆدەکرێنەوە ئەویش یاسای مانەوەی (بارستە – وزە)، چونکە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان بارستەوزەدا. لەگەڵ گەشەکردنی فیزیایدا دەرکەوت ئەو بۆچوونە زۆر بە پیتە٢٣ .
ئەوەی لە فیزیای کلاسیکدا باو بووە ئەوەیە کە بارستە ڕێژەیەکی نەگۆڕە. بەڵام لەگەڵ تیۆریی رێژەییدا، بارستەش وەک ڕیژەیەکی رێژەیی دەرکەوت لێرەدا برتراند رسل دەڵێت: (دوو جۆری بارستە هەیە، بەرستە ڕێژەیی وەک ئەوەی کەسێک بەنسبەت جوڵانەوەی جەستەیەک دەپێوری، ئەمە رێژەیی، هیچ هێمایەکی فیزیکی نییە وەک ئەوەی خەسڵەتی جەستەیەک بێت. دووەم بارستەی راستەقینە خەسڵەتی راستەقینەی جەستەیە، هیچ پەیوەست نییە بە بینەرەوە، بەڵام نەگۆڕیش نییە بە شێوەیەکی گشتی. بەمجۆرە دەبینین بیرۆکەی بارستە لە ناخی بیرۆکەی وزەدایە. بریتییە لەو وزەیەی جەستە لە ناخیدا سەرفی دەکات، لە بەرامبەر ئەو وزەیەی بە جیهانی دەرەکی نیشانیدەدا٢٤. بۆیە دەکرێ بڵێین بارستە لای ئەنشتاین نەگۆڕ نییە بەڵکو لە گۆڕاندایە بە پێچەوانەی فیزیای کلاسیکەوە ئەنشتاین دەڵێت: (بارستەی هەر جەستەیەک نەگۆڕ نییە بەڵکو لەگەڵ گۆڕانی وزەدا دەگۆڕێ)٢٥. ئایا ئەو یاسایانە ئەزموونین یان میتافیزیکین؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پەنا بۆ فەلسەفەی کارل پۆپەر دەبەین کە دەڵێت: (وەک چۆن سەرجەم تیۆرەکانی زانستە سروشتییەکان و سەرجەم یاساکانی سروشت، فۆرمی لۆجیکی دەستەواژە گشتییەکانیان هەیە، ئەوا دەکرێ وەک فۆرمی نەفیکردنی دەستەواژەی گشتی وجودی گوزارشتی لێ بکرێ وەک (بوونی نییە)، بەمجۆرە دەتوانین گوزارشت لە یاسای مانەوەی کەرەسە بکەین بە دەربڕینی (هیچ ئامرازێکی جوڵاوەی بەردەوام بوونی نییە). کەواتە دەستەواژە گشتییە بوونگەراییەکان ئەزموونی نین بەڵکو میتافیزیکین. دەستەواژە بوونگەراییە گشتییەکان توانای بەدرۆخستنەوەیان نییە. مەحاڵە هەموو جیهان بگەڕێین بۆ سەلماندنی نەبوونی شتێک لە شتەکان بە هەمان شێوە بۆ دەستەواژە گشتییەکانی تریش، کە ناکرێ مسۆگەری دروستیان بسەلمێنین)٢٦ .
٤-سروشتی تیشک: ئەو تیۆرانەی قسەیان لەسەر سروشتی تیشک کردبوو لەسەدەی نوێدا بریتی بوون لە دوو تیۆر، یەکەم (تیۆری گەردیلەیی) بە نوێنەرایەتی نیوتن، دووەم (تیۆریی شەپۆلی) بە نوێنەرایەتی هویجنز٢٧ .لێرەدا دەبینین جیمس جینز دەڵێت: (لەئێستادا دوو وێنەی جیاوازمان هەیە دەربارەی سروشتی تیشکدانەوە، یەکێکیان وەک گەردیلە وەسفی کردووە، ئەویتریانیش وەک شەپۆلی، ئەوە روون و ئاشکرایە دەربارەی ئەو دوو وێنەیە، بریتییە لە گونجاوترین وێنە، ئەویش (گەردیلەیی) کاتی تیشک بە نێو بۆشاییدا گەشت دەکات، بۆ ماوەیەک خواستێک هەبوو کە وێنای تیشک بکە کە لە دوو بەش پێکهاتبێ، (گەردیلەیی و شەپۆلی)، بەڵام لە ئێستادا ئەوە ئاشکرا بووە کە بابەتەکە بەو جۆرە نییە، چونکە فۆرمی گەردیلەیی و شەپۆلی، وێنای دوو شتی جیاواز ناکەن، بەڵکو تیشک هەڵگری هەردوو وێنەکەیە لە یەککاتدا)٢٨ .
 یەکەم: تیۆریی گەردیلەیی تیشک: وەک ئاماژەکان بۆ کرد دەربڕینی ئەوەی تیشک گەردیلەیی بۆ نیوتن دەگەڕێتەوە، بەڵگەی نیوتن بریتیە لە دیاردەی سێبەر، کاتێ رووناکییەک بە تەنیشت جەستەیەکدا دەڕوات، ئەوا لەدوای خۆیەوە سێبەرێک بەجێدەهێڵێت، بۆیە گەر تیشک شەپۆلی بوایە، ئەوا هیچ سێبەرێک دروست نەدەبوو٢٩. بۆیە ئەنشتاین لە پەرتوکی (گەشەکردنی زانستی سروشتی) بۆ هەمان بۆچوونی دەروات و دەڵێت: (تیشک لە راستەهێڵدا گەشت دەکات. بە نموونە پەردەیەک کونێکی تیادایە لەبەردەم خاڵێکی تیشکی دابنرێ. گەر لەوێدا دیوارێک هەبێ لە دووری پەردەکە، ئەوا کونەکەی پەردەکە وەک بازنەیەکی رووناکی لەنێو تاریکییەکی زۆردا لەسەر دیوارەکە دەردەکەوێ. بۆیە بە گریمانەی ئەوەی کە تیشک لە بۆشاییدا وەک راستەهێڵ گەشت دەکات، دەتوانرێت سەرجەم هاوشێوەکانی راڤە بکرێ کە تیشک و سێبەر و نیمچە سێبەر تیایدا دەردەکەوێ)٣٠ .
دووەم: تیۆریی شەپۆلی:
لەگەڵ راهیبی یەشوعی (فرانسیشکو غریمالدی) ئەم تیۆرە سەرهەڵدەدات، لە پەرتوکی (دەبارەی تیشک) کە لە ساڵی ١٦٦٥ بڵاوکرایەوە. تیایدا لە دیاردەی لادانی تیشکی کۆڵییەوە، بەهۆیەوە گریمانەی ئەوەی کرد کە تیشک کەرەسەیە بۆیە بڵاوبونەوەی دەکرێ شەپۆلی بێ، بەڵام ناکرێ جەوهەری جوڵەیەکی پەتی بێ٣١. ئەم گریمانەیە لەگەڵ هەریەک لە (روبرت بۆیل و کریستیان هویجنز) مەودایەکی فراوانی وەرگرت، تا ئەو کاتە گریمانەی ئەوەیان دەکرد کە تیشک لەڕێگەی ناوەندێکەوە بڵاودەبێتەوە ئەویش (ئەسیرە) هەروەک چۆن شەپۆلەکانی دەنگ بەڕێگەی هەواوە بڵاودەبێتەوە، هەموو خاڵێک لەو ناوەندەدا توشی لەرینەوە دێت، لەکۆی ئەو لەرینەوانەدا شەپۆلێک پێکدێت. لەبڵاوبوونەوەی لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر. لێرەدا هویجنز گەیشتە ئەنجامی ئەوەی کە شەپۆلەکانی تیشک دەبێ لە ڕاستەهێڵەوە بگوێزیتەوە٣٢. لێرەدا دەبینین ئەنشتاین دەڵێت: (تێگەی شەپۆل لە زانستی سروشتیدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، گومانی تێدا نییە بیرۆکەیەکی میکانیکییە، دیاردەکان لەڕێگەی جوڵانەوەی جەستەکان راڤە دەکات و بەپێی تیۆریی جوڵانەوە، ئەو جەستانەش کەرەسەن)٣٣. بۆیە تیشک لە روانگەی هوینجزەوە بریتییە لە شەپۆل، بریتیە لەگواستنەوەی وزە نەک کەرەسە٣٤. بەهەمانشێوە دەبینین (ماکسویل) لەتاقیکردنەوەکانیدا ئەوەی سەلماندووە کە تیشک بریتییە لە شەپۆل، بەڵام ئەو دەرگای بۆ پرسیارێک کردەوە ئەویش، ئەوە چییە شەپۆلی دەبێ؟ زاناکان درکیان بەوە کردبوو کە دەکرێ تیشک لە بۆشاییدا گەشت بکا، هەروەها ئەو تیشکانەی لە ئەستێرە دوورەکانەوە دەگەشێنەوە رەنگە لەبۆشاییدا ملیاران ساڵ گەشت بکەن، بەڵام کاتێ بۆشایی وەک (نەبوون – عەدم) ناسراوە. ئەوە تیۆرەکە لەڕووی لۆجیکەوە ناکۆکە، چونکە لە نەبووندا شتێک نییە شەپۆلی بێ، بۆیە شوێنکەوتوانی نیوتن هەوڵیاندا وەڵامی پرسیارەکە بدەنەوە بەوەی کە تیشک لە شەپۆلەکان پێکدێت و لەئەسیرێکی نەبینراو کە هەموو گەردوونی پێکهێناوە دەلەرێتەوە. پێویستە ئەم ئەسیرەیەش وەک مەرجەعێک بێت بۆ پێوانەکردنی سەرجەم خێراییەکان٣٥. لێرەدا گەر بە وردی بڕوانینە بۆچونی زاناکان ئەوە دەبینین کە گریمانەی (ئەسیر) وەک ناوەندێک بۆ گواستنەوەی تیشک بریتییە لە گریمانەیەکی میتافیزیکی وەک چارەسەرێک بۆ گرفتی جوڵانەوە و گەشتکردنی تیشک خرایە بەردەست.


سەرچاوە:
گۆڤاری کلتور، ژمارە 11

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved