راسیزم وەکو بەرگری لەخۆت
یان ترس لەوی دی وڵاتی بەریتانیا بەنمونە
ئیدریس حەمە ساڵح
پێشەکی
ڕاسیزم وەکو دیاردەیەک لە هەزاران ساڵەوە ممارەسە کراوە بەڵام مۆدێرنە دێت ناو لە ڕاسیزم دەنێ.
دەرکەوتەی ئەم دیاردەیە لە مۆدێرنەدا بەتایبەتی لە دوو جەنگی جیهانیداو لە ساڵی ١٩٣٣ ئەم چەمکە دێتە نێو فەرهەنگی زمانی فەرەنسیەوە، لە مێژوودا ئەم دیاردەیە لەنێو زۆر لە کۆمەڵگاکاندا بەبێ ناوهێنان کاریپێکراوە، لەسەردەمی مۆدێرنەدا ئەم دیاردەیە وەکوو هەموو دیاردەکانی تر بە زانست دەکرێت بەو پێیەی زانست رۆحی مۆدێرنەیە ئیتر عەقڵی مرۆڤایەتی سەرەتای سەدەی نۆزدە و بە تایبەتی لەڕووی رەگەزناسی و زمانناسی بە بیانووی ئەوەی مرۆڤی سپی پێست باڵاتر و ژیرترە لە مرۆڤەکانی تر. دەتوانین بڵێین سەدەی نۆزدەیەم سەدەی گەڕانە بەدوای بەڵگە زانستیەکاندا بۆ سەلماندنی بونی جیاوازی ڕەگەزەکانی مرۆڤ، بەڵگەی توێکاری زانای سکۆتلەندی (رۆبەرت کنوکس) لەسەر بیرۆکەی گۆشەی سەر دامەزراوەو جیاوازی دەکات لەنێوان تەپڵەسەری پیاوی سپی کە خڕەو ئاستی بەرزە لەگەڵ تەپڵە سەری پیاوی ڕەش کە درێژەو لە دۆخی ئاژەڵیدایە..! پاشان زۆربەی ئەوکارانەی لەم بوارەدا وەکو زانستێک ئیشی لەسەر کراوە لە سەروبەندی دووەم جەنگی جیهانیدا دووەمدا و هەرەسی نازیزمدا ئەو زانستانە هیچ ڕەواجێکی زانستیان نەما، بەڵام فۆرمێکی تر لە ڕاسیزم هاتە ئاراوە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ئەویش ڕاسیزمی کلتوری بوو و توێژەری سیاسی بریتانی (مارتن پارکەر) ناوی نا (راسیزمی نوێ)، جیاوازی راسیزمی نوێ لەگەڵ راسیزمی پێشوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وتارانەی دژی کۆچبەران لە ئارادایە لە ئاستی بە کەم سەیرکردنێکی بایۆلۆژییە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی جیاوازی کلتوری.)١
لێرەدا دەمەوێت کەمێک تیشک بخەمە سەر دیاردەی راسیزم لە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە سەدەی ١٧یەمەوە ئاشنا بووە بە سیستەمی دیموکراسی و بە یەکێک لەو وڵاتانەش دادەنرێت کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و نەتەوە بندەستەکان دەکات لە جیهاندا.
سەرەڕای ئەو ڕۆڵەی کە هەیبووە لە بڵاوکردنەوەی ئایدیای هیومانیزم (مرۆڤدۆست) لە دنیادا، کەچی نەیتوانیوە لەناو خۆی وڵاتەکەیدا کۆتایی بەو دیاردە ناشرینە بهێنێت کە ناسراوە بە ڕەگەزپەرستی (ڕایسیزم). ڕەگەزپەرستی وەکو دیاردەیەک لە سەدەکانی ١٦وە لە بریتانیا ئامادەیی هەبووە، لێرەدا دەمەوێت کورتەیەک لە مێژووی ئەو کردارانەی کە لە دواجاردا وەک دیاردەی ڕەگەزپەرستی دەناسرێت بخەمە ڕوو لە بەرامبەر ئەو رەگەز و نەتەوە جیاوازانەی کە وەکوو پەنابەر لە بریتانیا دەژین. بەتایبەت ڕاسیزمی کلتوریە کە تا ئێستاش پارتە ڕاسیستەکانی ئەم وڵاتە کاری لەسەردەکەن. زیاتر باسەکەمان لەسەر ئەو تەوەرە چڕ دەکەینەوە.
ڕاسیزم چیە؟
ئێمە ئەگەر لە ئەنتەرنێتدا گەڕانێک بەدوای ئەم چەمکەدا بکەین ئەوا بە هەزاران ماڵپەرمان لەو بارەیەوە دەستدەکەوێت، لێرەدا ئەمەش زیندوێتی ئەو دیاردەیەمان وەبیردێنێتەوە کە هەمیشە و بە بەردەوامی بوونی هەیە.
ڕاسیزم: واتە باوەڕت بەوە بێت کە نەژاد و ڕەگەزێکی تایبەت گەورە و مەزنترە لە یەکێکیتر یان بڕوات وابێت ئەویتر کەمتر و بێبەهاترە لە ئاست خۆتدا، جا بەهۆی ڕەنگی پێستەوە بێت یان جیاوازی زمان یان دابونەریت و دینەوە.
ڕاسیزم جیاوازی کردنە لەنێوان من و ئەوی دیکە، ئەوێک کە نازانرێت لە کوێوە هاتووە.
لەمن نیە، لە ڕەنگ و خوێنی من نیە، بە زمان و کەلتوری من نامۆیە. قبوڵنەکردنی جیاوازیەکانە، قبوڵنەکردنی یەکسانیە لەنێوان ماف و ئەرکە مەدەنیەکاندا. ئەم قبوڵنەکردنە دواجار بەرەو ترس دەڕوات، ترس لە ئەوی نامۆ. کەسی ڕاسیزم یان نەتەوەیەکی ڕاسیزم هەرگیز بە یەکسانی ڕازی نابێت چونکە لە بۆچونی ئەوەوە یەکسانی بە واتای تیاچونی خۆی خۆی دێت.
ڕاسیزم لە ژینگەیەکدا گەشە دەکات کە جیاوازیەکانی تێدابێت، پەیوەندی بەو کۆمەڵگایانەوە هەیە کە فرە ڕەگەز و فرە کەلتورە. سروشتی ڕاسیزم لە جیاوازی و جیاکاری کردندایە، سروشتێکی توندوتیژ هەیە و هەمیشە لە پێکداداندایە لەگەڵ ئەوانیتردا. ترسی کۆمەڵگایە لە تیاچوونی کلتور و ناسنامەکانی خۆی بەرامبەر ئەوی میوان و نامۆ، کە پێی وایە لە دواجاردا ئەم غەریبەیە سەرچاوەی هەڕەشەیە لە کلتور و ترادسیۆنەکانی وە هەروەها لە سەرچاوە ئابورییەکانیشی.
ئەگەر بێت و هەڕەشەی ڕەگەزپەرستی لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکاندا قوڵتر بڕوات ئەوە پێکدادان و کوشتن و خوێنڕشتنی لێدەکەوێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەت وڵاتی بریتانیا کە مێژوویەکی دوروودرێژی هەیە لەگەڵ ئەو دیاردەیەدا، هەر زوو کەوتە خۆی بە دەرکردنی یاسایەک لەدوای یەکەکانی ، کە تا ئاستێک توانی بەر لە تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیە بگرێت.
بەڵام ترسی هەرە گەورە لەوەدایە کە ئەم دیاردەیە شۆڕببێتەوە بۆ نێو سیستەم و دامودەزگا حکومیەکان. واتە ئەم دیاردەیە تەنها تایبەت نەبێت بە خەڵکە سادە و بازاڕیەکانەوە، بەڵکو حکومەتیش ببێتە بەشێک لەو دیاردەیە.
ڕق یان ترس لە بێگانە Xenophobia2 جیاوازی لەنێوان ڕەگەزپەرستی و زینۆفۆبیا ئەوەیە کە ڕەگەزپەرستی ڕقە لە ئەوانیتر بەهۆی جیاوازی نەژادی و ڕەگەزەوە بەڵام زینۆفۆبیا ڕقە لە ئەوانیتر بەهۆی ئەوەی کە بێگانەن. لە تەواوی ئەوروپا و بریتانیا بە تایبەت دیاردەی ڕاسیزم دەکرێ بە زینوفۆبیا (ترس لە بێگانە) ناوبهێنن، واتە تایبەتمەندێتی ڕایسیست ڕق لێبونەوەیە لە کۆچبەران (بێگانە) ئەم دیاردەیەش وەکو پێشتر ئاماژەیەکم پێدا لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمەوە سەرهەڵدەدا کە دەکرێ بەشێک بێت لە ڕاسیزمی کلتوری و لە پاش ئەو گوتارە دێت کە (نینۆخ پاوڵ)ی ئەندامی پارتی کۆنسەرڤاتیڤ لە ساڵی ١٩٦٨ کە پێشبینی ئەوەی کرد کە لە بەریتانیادا لافاوی خوێن هەڵدەستێ گەر بێتو بەو شێوەی ئێستا سیاسەتی کۆچکردن بەردەوام بێت.٣ بەو شێوەیە ترس لە بێگانە وەک دیاردەیەکی زەق لە بریتانیا هەستی پێکراو تا ئێستاش بەردەوامە.
لە هەر سەردەمێکدا یان لای هەر نەتەوەیەک تێڕوانینیان بۆ ئەم دیاردەیە جیاوازبووە.
بۆ نمونە، لەسەردەمی بازرگانی کردن بە کۆیلەکان کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە ڕەگەز پەرستێتی بریتی بووە لە بەکەم سەیرکردنی کۆیلەکان لە ئاست سەردارەکانیاندا، و پاشان بە کەمدانانی مرۆڤی ڕەش پێست لە بەرامبەر سپی پێستدا کە لەدوای داگیرکارییەکانی وڵاتانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپادا سەریهەڵدا لەدوای داگیرکاریەکانیان لە ئاسیا و ئەفریقا. لەدوای تۆخبونەوەی هەستی نەتەوایەتیش، لای تورکەکان تایبەتمەندێتی ڕەگەزپەرستی بریتیە لە ڕقبوونەوە لە نەتەوەکانی تری وەک کورد و ئەرمەن.
هەروەها لای نازیەکانیش ڕەگەزپەرستی دەگاتە ئاستێکی باڵا و دڕندانە.
ئەوەی لێرەدا جێێ باسە (ترس لە بێگانە)یە وەک تایبەتمەندیەکی شێوازی ەاسیزم لە بەریتانیا، بەچەندین حاڵەتی توندوتیژیدا تێپەڕیوە کە دیاریترینیان دەخەینە ڕوو:
توندو تیژی و ئاژاوەی پەنابەران و مینەکان لە خۆرئاوای لەندەن لە ساڵی ١٩٣٠ و ١٩٥٠، توندوتیژی بەرامبەر نەوەی کاریبیان لە ساڵی ١٩٨٠و ١٩٨١و ١٩٨٢، زیادبوونی توندوتیژی و هێرشکردنە سەر ڕەشپێستەکان لەلایەن سپی پێستەکانەوە کە زیاتر لە ٢٠٠٠٠ کاری توندوتیژی ئەنجامدراوە لەساڵی ١٩٨٥دا، پێکدادانەکان و ئاژاوەگێڕی راسیستیانەی شارەکانی برادفۆرد، ئۆڵدهام، بیرمینگهام لەساڵی ٢٠٠١، و لەساڵی ٢٠٠٤دا ٨٧ هەزار لە ڕەش پێست و کۆمیۆنیتیەکانی تر هێرشی ڕەگەز پەرستانەیان کراوەتە سەر، لە هەمان کاتدا ٩٢ هەزار لە سپی پێستی ئەو وڵاتە ڕاپۆرتی پۆلیسیان داوە کە پەلامار دراون.....٤
هاتنە ناوەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بێگانە و پەنابەرە نایاساییەکان ئەوانەی کە لەم دوایانەدا حکومەتی بەریتانیا بەو پەنابەرانەی کە داوای پەنابەریان دەکرد وەکو پەنابەری نایاسایی سەیری دەکردن بەڕادەیەک حکومەتی بەریتانیای توڕەکرد کە لەترسی ڕێکخراوە مرۆیەکانی ئەو وڵاتە نەبوایە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران بەر هەڕەشەی دیپۆرت و بەزۆر ناردنەوە دەکەوتن. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد هەمیشە فشارێکی زۆر هەیە لەلایەن پارت و ڕێکخراوەکانەوە تا هاوسەنگیەک بۆ توڕەیی خەڵک لە بێگانە و ئەو یاسایانەی حکومەت و پەرلەمان دەریان دەکات دژ بە پەنابەران دانێن. لە ئاستە کۆمەڵایەتیەکانیشدا حکومەت توانیویەتی تا ئاستێک هاوسەنگیەک دانێت لەنێوان کۆمیۆنیەتە جیاوازیەکانیشدا بەتایبەتی ئەمە لە شارەوانیەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، و دەبینین کە چۆن لەو سیاسەتەدا سەرکەوتوبوە تا ڕادەیەک توانیویەتی هاوسەنگیەک بکات لەنێوان نەتەوەی یەکەم و ئەو نەتەوانەی تر کە وەک بیانی سەیر دەکرێن لەو وڵاتەدا.
دابڕانێکی هێجگار گەورە هەست پێدەکرێت لەنێوان ڕەگەز و ئەتنیکە جیاوازەکاندا، نەتەوەی یەکەم (ئینگلیز و ویلز و سکوتیەکان) دەیانەوێت ئەو دابڕانە هەبێت و بەهیچ شێوەیەک ناهێڵن پەیوەندیەکی جدی هەبێت لەنێوان ئەوان و بیانیەکاندا و کەمینەکانی تریش بەهەمان شێوە بۆیە هەمیشە هەست بەو دابڕانە دەکرێت و ئەوەشی هەبێت تەنها کۆمەڵێک پەیوەندی بەرتەسکە و هیچی تر.
هۆکاری یەکەمی ئەو دابڕانە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕق و ترسەی لە بێگانە هەیە کە وەک ئاماژەم پێدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم لەم وڵاتەدا.
هۆکارەکانی ئەو ترسەش بریتیە لە:
(١) لێکتێنەگەیشتنێکی بەردەوام لە ترادسیۆن و کلتورێک جەوهەرێکی نەگۆڕی خۆی هەیە و هەمئاهەنگیان لەنێواندا دروست نابێت توانای تێکەڵ بوونیان مەحاڵە.
(٢) ترس لە بێکاری و لە دەستدانی کار بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کرێکاری بێگانە و داتەپینی ئابووری و قەیرانە ئابووریەکان.
(٣) پیشاندانی ڕووە ناشرینەکانی بیانی و پەنابەران لە دەزگا ڕاگەیاندن و میدیاکان وێناکردنیان بە تیرۆرست و بکوژ لادەر لە یاسا گشتیەکان هاتنە ناوەوەی پەنابەران بەشێوازی نایاسایی.
(٤) هەبوونی ڕۆحیەتی سوپراماسی٥ لە هەناوی مرۆڤی سپی پێست وە ئیش کردن بۆ مانەوە و زیندوکردنەوەی ئەو ڕۆحیەتە لە هەندێک پارت و ڕێکخراوەکان دیاریرینیان (پارتی نەتەوەی بەریتانیا)یە، وە هەر جارێک تەنگەژە سیاسی و ئابووریەکانی ئەم وڵاتە ڕوو لە ئاڵۆزی بکات دیاردەی ڕاسیزمیش ڕوو لە زیادبوون دەکات، چەندە ڕادەی بێکاری ڕوو لە زیاد بوون بکات هێندەش دیاردەی زینۆفۆبیاش ڕوو لە زیادبوون دەکات و بیانیەکانی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی ترس دەکرێنەوە.
نووسەر و میدیاکار (جۆن گانت) دەڵێت ئەگەر بەریتانیا وڵاتێکی زۆر باشە بۆ زۆر لە بەریتانیەکان بەجێی دێڵن، دەبێ هۆکارێک هەبێت کە وا ساڵانە نزیکەی ٢٥٠٠٠٠ کەس ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵن دەبێ هەڵەیەک هەبێت؟ پێموایە کە ئێمەی بەریتانی دەبێت تێبکۆشین و وڵاتەکەمان جێنەهێڵین، پێم وانیە کە درەنگ بێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان، دەبێ فشار زیاتر لەسەر حکومەت و پۆلیس دابنێین و لە میدیاکانەوە گوێمان لێبگرن بڕوام وایە ئەمە سەرەتایە بۆ ڕوداوەکان، خەڵک توڕەیە لەم وڵاتە توڕەیە لە پەنابەران.....!!!٦
لێرەدایە ڕاسیزم وەک بەرگریەک لە پاراستنی نەریت و کەڵچە و دین و زمان و هەموو بەها ئەخلاقیەکانی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن وە ڕەواییدان بە تێکۆشان دژی بیانی و پەنابەران جا بەهەر ڕێگەیەک بووبێت.
ڕاسیزم لە بەریتانیا هێندەی ترسە لە تیاچوونی کۆنسەرڤاتیزمیتی بەریتانی و لە پاشەکشێکردنی بەها کلتوری و ئەخلاقیەکانی لە ئاست بەها کلتوری و ئەخلاقیەکانی ئەوانیدیدا، هێندە ترس نیە لە بوونی جیاوازی ڕەگەزی هێندەی ترسە لە بەدەستدانی ڕەفایەتی ژیان و ئەو سیستەمانەی کە بوون بە گەرەنتی ژیانێکی باش، هێندە ترس نیە لە جیاوازی ڕەگەزی.
کێشەی ڕاسیزم بە تەنها ئەوەنیە کە من سەر بەچی ڕەگەز و گروپێکم بەڵکو کێشە ئەوەیە من هاتووم تا خۆشگوزەرانیەکانی تۆ بۆ خۆم بەرم، هاتووم کرێی کار لەسەر تۆ هەرزان بکەم، هاتووم ڕێز لە کلتور و ترادسیۆنەکانی تۆ ناگرم. لێرەوەیە گروپ و پارتە راسیسیەکانی ئەم وڵاتە زۆر ڕاشکاوانە دەکەونە بەرگریکردن و پاراستنی بەهاکانیان، یەکێکی وەک (نیک گریفین) سەرۆکی پارتی نەتەوەی بەریتانیا دەڵێت : ئێمە هەموومان دەزانین ئەو جێگایانەی سپی پێستە هەژارەکانی لێیە گوێیان پێنادرێت و پشتگوێ دەخرێن لە کاتێکدا شارەوانیەکان بە ملیۆنەها پاوەند بۆ جێگە و شوێنی نەژادەکانی تر سەرف دەکات، هەموو دەزانین کە چۆن پارتەکانی (لەیبەر، لیبراڵ دیموکرات، کۆنسەرڤاتیڤ) پارەکانی ئێمە بەکاردەهێنن و دەیدەن بە خانووی خۆش بە ئەوانەی داوای پەنابەرێتی دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانەی خزمەتیان بەم وڵاتە کردوە لەسەر شەقامەکان دەخەون.٧
پێم باشبوو لیرەدا ناوی چەند گروپ و ڕێکخراو و پارتە ڕاسیزیستەکانی بەریتانیا بهێنم کە کاریان دژایەتی کردنی بیانییەکانی ئەم وڵاتە بووە و زۆربەشیان لە کاری توندوتیژی تێوەگلاون.
بەرەی نەتەوەی National front پارتێکی نەتەوەیی ڕاسیستە لەساڵی ١٩٦٠دا دروست بووە و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کردوە، ئایدیای ئەم پارتە فاشیزمێکی نەتەوەیە و ئێستا نزیکەی ١٧ کاندیدی هەیە لە پەرلەماندا و ١٨ کاندید لە هەڵبژاردنە لۆکاڵیەکاندا.٨
Combat 18 ڕێکخراوەیەکی توندوتیژی نیۆ-نازیە لەگەڵ گروپی (خوێن و ناموس) لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩٢ پێکهاتووە، و بڵاوبوەتەوە لە ١٣ وڵاتی ئەوروپا و هەروەها ئەمریکا، ئەم گروپە تێوەگلاون بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەر.٩
(RVF(Racial volunteer force گروپێکی توندوتیژ نیۆ-نازیە لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەرکەوتوە دوای ئەوەی لە گروپی (کۆمبات ١٨) جیابوویەوە، لە ٢٠٠٣ هەندێکیان دەستگیر دەکرێن.١٠
British First Party ئەم پارتە لە ساڵی ١٩٧٧ دروست دەبێت، ئایدیایەکی فاشیزمانەی، سۆپراماسیستی سپی، نەتەوەیە، لە هەڵبژاردنە لۆکاڵیەکانی ٢٠٠٧دا ٢ کاندیدی هەڵدەبژێردرێن لە شاری سەندەرلاند.١١
English Defense League ئەم گروپە ئەنتی ئیسلامیزمە، لە شاری لوتنی ئینگلاندە و پێکهاتوە ساڵی ٢٠٠٩، کاریان خۆپیشاندانی جەماوەریە دژی ئیسلامیەکان و کۆچبەران (پەنابەران)، بۆ کاری ڕێکخراوەیان زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن.١٢
British National Party پارتێکی سیاسی ڕاسیزمە ئایدیایان فاشیزم، سپی ناشیۆنالیزمیە، ئەم پارتە لە ١٩٨٢ دامەزراوە پاش ئەوەی لە پارتی ناشیۆنال فرۆنت جیادەبێتەوە دوژمنێکی سەرسەختی پەنابەرانە، بەشداری لە هەموو هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا دەکات و ئێستا ٢ ئەندام پەرلەمانی هەیە لە پەرلەمانی ئەوروپا، بەڵام هیچ کورسیەکی لە پەرلەمانی بەریتانیادا نیە.١٣
هەروەها ناوی چەند پارتێک نوێ کە لەدوای ساڵانی ٢٠٠٢دا دروستدەبن وەک (وایت ناشیۆنالیست پارتی، بریتیش پیوپلس، ئینگلاند فیرست پارتی).
بێجگە لە لە چەندین کۆمەڵە و پارتی تر کە لە مێژووی بەریتانیای مۆدێرن سەریانهەڵداوە و کار و چالاکیان دژایەتی کردنی بێگانە و پەنابەران بووە. وە بە تایبەت لەدوای ١١ سێپتێمبەرەوە ئەنتی ئیسلامیزم وەکو دیاردەیەکی بەرفراوان لە ئەوروپا و بەریتانیا سەریهەڵداوە و چەندین پارت و گروپی ڕاسیست بەتایبەت لە دژایەتی کردنی ئیسلام و کۆمیونیتە ئیسلامیەکاندا کارو چالاکی ئەنجام دەدەن.
ئەوەی لێرەدا جێی ئاماژەپێکردنە "مۆدێرنە" کە بەرهەمی فەیلەسوف و بیرمەندانی ئەوروپایە وەرچەرخانێکی گەورەی فیکری و دونیابینی ئەوروپاییەکان بوو بۆ ژیان هێنانە ئارای سیستەمی سکولاریزم بوو وەلانانی دەسەڵاتی کەنیسە و تەقینەوەی گەشە زانستیەکان بوو.
لەگەڵ ئەمانەشدا مۆدێرنە بەرهەم هێنەر و دروستکەری دەوڵەت- نەتەوە و ناسیۆنالیزم بوو، مۆدێلەکانی دەوڵەت نەتەوە خۆی لە فاشیزم و نازیسم و وایت ناشیۆنالیزم یاخود وایت سوپراماسیزم دا بینیەوە، دەوڵەت نەتەوە کە لە هەناوی مۆدێرنەوە هاتە دەر شێوەیەک نەبوو لە دەسەڵات ماناکەی ئەوە تێپەڕ دەکات کە بەرزترین شێوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت، شێوە گرتنێکی دەوڵەتە کە فاشیزم لەسەر ڕێباز و شوێنپەنجەکەیەوە پەرەی سەندوە.١٤
(١٤) لەدواجار هیتلەر و مۆسۆلۆنی و دەیان سەرکردەی فاشی و ڕەگەز پەرستی وەک کەمال ئەتاتورکی وەک دەست و دیاری بەرهەمی مۆدێرنە پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، وە ١٠٠دان گروپ و پارتی فاشیستی بەرهەمهێنا و تاکو ئێستاش کۆمەڵگای مرۆڤایەتی باجەکەی دەدەن
دەمەوێت لە کۆتای ئەم باسەدا کۆتایەکەی بە نووسەری کتێبی راسیزم ئالان لیتن"
بهێنم کە دەڵێت راسیزم تەنها ڕووبەروی ئەوانە نابێتەوە کە وا پەنابەرن بەڵکو ڕووبەروی وەچەکانیشیان دەبێتەوە".
ئەم بابەتە لە گۆڤاری کەوانە ژمارە (٨) مارتی ٢٠١٢، ساڵی یەکەم بڵاوکراوەتەوە
بابەتی زیاتر