د. وریا عومەر ئەمین 

رۆژنامەیەکی فەرەنسی بە ھەڵە دەنگوباسی مردنی نۆبڵی لە وتارێکدا بە ناوی (بازرگانی مردن، مرد) بڵاوکردەوە و تێیدا ھێرشێکی توندی کردە سەری و بە کابرایەکی کۆکوژ و نەگبەت و شووم و تاوانبارێکی جیهانیی لەقەڵەمدا
 
 هەموو ساڵێ لە سەرەتای مانگى تشرینى یەکەمدا ناوی ئەوانە بڵاودەکرێنەوە کە پاداشتی نۆبڵ-یان پێ دەبەخشرێت، ئەم باسە کورتەیەکى مێژووى ئەم خەڵاتە دەخاتەڕوو.
نۆبڵ کێیە؟
 ئەلفرێد بیرنهارد نۆبڵ لە 21/10/1833 لە ستۆکهۆڵم لە سوید لەدایکبووە، ئیمانوێل نۆبڵ-ی باوکی زانایەکی بواری کیمیا و داھێنەر و ئەندازیارێکی ناودار و لێهاوتوو بوو، گەلێ پرد و کۆشک و باڵەخانەی لە ستۆکهۆڵم بنیاتناوە. لە ساڵی 1837 ماڵی گواستەوە  بۆ فنلەندا، ساڵی 1848 روویکردە رووسیا لە شاری سانت پیترسبۆرگ (لینینگراد) جێگیر بوو، وەرشەیەکی میکانیکی کردەوە، چەک و کەلوپەلی بۆ سوپا دابین دەکرد، هەروەها مینی دەریایی داھێنا کە بەھۆیەوە سوپای قەیسەر توانی رێ لە ھەڕەشەی فلیتی بەریتانی بگرێت و پاپۆڕە جەنگییەکان نەتوانن نزیک شاری پیترسبۆرگ بکەون، لە سەردەمی جەنگی (قرم)دا. ئیمانوێل نۆبڵ، منداڵەکانی خستە بەرخوێندن، تا لە  بەردەستی مامۆستای تایبەتی زانست و زمان و ئەدەبدا بخوێنن. ئەلفرێد نۆبڵ لە تەمەنی 17ساڵیدا شارەزایی تەواوی لە زمانی سویدی و رووسی و ئینگلیزی و ئەڵەمانی و فەرەنسیدا پەیدا کردبوو، خولیا  و ئارەزووی لە زمان و ئەدەب بوو، شاعیر و درامانووس بوو. ئیمانوێل  ئەمەی بە دڵ نەبوو، حەزی دەکرد کوڕەکەی وەک خۆی ببێ بە ئەندازیار، بۆ ئەمە ناردییە دەرەوە بۆ خوێندن، چوو بۆ سوید و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا، لە پاریس لە تاقیگەی پڕۆفیسۆر(ت. ج. پلاوز)، ئاشنایەتیی لەگەڵ زانای کیمیا و داھێنەری نایترۆگلیسرین (ئەسکانیۆ سۆبرێرۆ)ی پەیدا کرد و کاری لەگەڵ دەکرد. نایترۆگلیسرین ئاوێتەیەکی کیمیاویی شلەی یەکجار بەھێز و ترسناکبوو، جڵەوی رانەدەگیرا و زۆر جار لە خۆیەوە لەناکاو دەتەقییەوە، بۆیە کەڵکی بەکارھێنانی نەبوو، ئەلفرێد نۆبل کەوتە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پێکهاتەیە بۆ دۆزینەوەی رێگایەک کە بتوانرێ کۆنتڕۆل بکرێ و مەترسیی بەکارھێنانی نەھێڵێ. لە ساڵی 1866دا گەیشتە ئەنجام و ئەم گیروگرفتەی چارەسەر کرد، بە تێکەڵکردنی شلەی نایترۆگلیسرین لەگەل پۆدرەی گوللە (سلیکا)، ھەویرێکی لێ پێکهێنا تەقەمەنییەکی زۆر بەھێز و کوشندەی پێ دروستکرد، ناوی لێنا (دینامیت). لە سایەی ئەم داھێنانەیدا،  بوو بە یەکێ لە بەناوبانگترین و دەوڵەمەندترینەکانی سەردەمی خۆی لە جیهاندا. نۆبڵ زانایەکی یەکجار مەزن بوو، لە ژیانیدا 355 داھێنانی لە بواری کیمیا و بینۆلۆجی و بایۆلۆجی و فسیۆلۆجیدا تۆمار کرد، بەڵام ناوبانگەکەی زیاتر لە سایەی خەڵاتەکەیدایە نەک زانستەکەی.
   نۆبڵ بە تەمای ئەوە بوو ئەم داھینانەی بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی بەکاربهێنرێ، بەڵام خراپ بەکارھێنرا. گەلێ رووداو و کارەساتی دڵتەزێن لە ئەنجامی بەکارھێنانی دینامیتەکەیەوە روویاندا، زۆر لە وڵاتان چەکیان لێ دروستکرد و لە جەنگدا بەکاریانهێنا و ماڵوێرانیی لەگەڵ خۆیدا ھێنا و بوو بە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان وڵاتاندا و خەڵکەکەشی خستە مەترسییەوە. لەبەر ئەمە نۆبڵ وەک کەسێکی تاوانبار و کۆکوژ و دوژمنێکی گشتی لە قەڵەمدرا، زۆر سەرزەنشتکرا و رەخنەی لێ گیرا. رۆژنامەیەکی فەرەنسی بە ھەڵە دەنگوباسی مردنی نۆبڵی لە وتارێکدا بە ناوی (بازرگانی مردن، مرد) بڵاوکردەوە و تێیدا ھێرشێکی توندی کردە سەری و بە کابرایەکی کۆکوژ و نەگبەت و شووم و تاوانبارێکی جیهانیی لەقەڵەمیدا، کە بە داھێنانەکەی کارەساتێکی ئەزەلیی و بەردەوامی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی دروستکردووە. دیارە ئەمە کارێکی زۆری کردە سەر بیر و باری دەروونیی نۆبڵ و بوو بەھۆی ئەوەی ھەست بە تاوانێکی گەورە بکات، تووشی پەستی و پەژارە و مەراقێکی دەروونیی سەخت و ئاڵۆز بوو، ئەمەش بوو بەھۆی سەرەکیی بۆ سەرھەڵدانی (بیرۆکەی داھێنانی خەڵات)ەکەی، بەڵکو لە رێی خەڵاتەکەیەوە قەرەبووی ئەم تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە مرۆڤایەتی بکاتەوە.
نۆبڵ لە 12/10/1896دا، لە سان ریمۆی ئیتالیا کۆچی دوایی کرد. لە 11 /27 / 1895  کە دەکاتە کەمتر لە ساڵێ بەر لە مردنی، وەسێتنامەیەک دەنووسێت، تێیدا  بریار دەدات 94 %ی سامانەکەی تەرخان بکرێت بۆ دامەزراندنی دەزگایەک، سەرمایەکەی بخاتەکار و قازانجەکەی بکرێت بە خەڵاتێکی ساڵانە (بەبێ رەچاوکردنی رەگەز و وڵات)، ببەخشرێت بەوانەی ئاگری جەنگێ دادەمرکێنن و بەو زانایانەی دۆزینەوە و داھێنانی رەسەنی وا ئەنجامدەدەن، کە سوودی گشتی بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت. نۆبڵ داوای کرد خەڵاتەکەی لەم پێنج بوارەدا پێشکەش بکرێت: (فیزیا، کیمیا، پزیشکی و فسیۆلۆجی، ئەدەب و ئاشتی). لە ساڵی 1969دا خەڵاتێکی تر زیاد کرا بۆ بواری (ئابووری).
دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ  لە پێنجەم ساڵیادی مردنی نۆبڵ دا، لە رۆژی دووشەممە  12/10/ 1901   دەستی پێ کرد. ھەموو ساڵێک دەزگای خەڵاتی نۆبل داوا لە سەدان پسپۆڕ و زانا و شارەزا و لە رێکخراوە زانستییەکانی جیهان دەکات، ناوی ئەو کەسانە پێشنیاز بکەن کە شایانی پاداشتن. دادگای راستیی جیهانی و حکومەتەکان ناوی ئەوانە پێشنیاز دەکەن کە شایانی خەڵاتی ئاشتین. ئەوانەی پێشتر پاداشتی نۆبڵیان وەرگرتووە، ئەوانیش بۆیان ھەیە پێشنیاز بکەن، ھەموو ساڵێک بە دەیان و سەدان ناو پێشنیاز دەکرێن. دەیان لیژنەی باڵای زانستیی بێلایەن لە ھەموو بوارەکاندا گفتوگۆ سەبارەت بە پاڵێوراوەکان دەکەن و کارەکانیان ھەڵدەسەنگێنن و بەراوردیان دەکەن، تا شایستەترینیان دەدۆزنەوە.
   لیژنەی باڵای خەڵاتی نۆبڵ لە مانگی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێکدا، پاڵێوراوەکان دەستنیشان دەکات و ناوەکانیان رادەگەیەنێت و لە (12/10)ی ھەمان ساڵدا، کە دەکەوێتە رۆژی مردنی نۆبڵ-ەوە لە ئاھەنگ و رێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی شای سوید (لە کاتی خەڵاتی ئاشتیدا نەبێ) خەڵاتەکان دەبەخشرێن. 
بەپێی راسپاردەی نۆبڵ خۆی، خەڵاتەکان لەم دەزگایانەدا دابەش دەکرێن:
- خەڵاتی فیزیا و کیمیا و ئابووری لە ئەکادیمیای زانستیی مەلیکی سویدی.
- خەڵاتی پزیشکی لە کۆمیتەی نۆبڵ لە پەیمانگای (کاڕۆلینسکە)دا.
- ئەکادیمیای سویدی، خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب دەبەخشێت.
- کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، خەڵاتی ئاشتی دەبەخشێت.
  ھەر خەڵاتەیش لە مەدالیایەکی زێڕ و بڕوانامەیەک و بڕەپارەیەک  پێکدێت، بڕی پارەکە بە پێی داھاتی ساڵانەی دەزگای خەڵاتی نۆبڵ دەستنیشان دەکرێت. لە ساڵی  2025دا گەیشتە (45,1) ملیۆن دۆلار. ھەندێجار وا رێکدەکەوێت خەڵاتەکە بە هاوبەشیی بەر دوو کەس و سێ کەس بکەوێت.
ئەوانەی یەکەمجار نۆبڵ-یان وەرگرت لە ساڵی1901 ئەمانە بوون :
- ویلهێلم ک. رۆنتجن-ی ئەڵمانی لە فیزیادا بۆ داھێنانی تیشکی (X).
- جاکوبس ھینریکس ڤانت ھووڤ-ی ھۆڵەندی لە کیمیادا، بۆ دۆزینەوەی یاسا دینامییەکانی کیمیا.
 - ئیمیل ڤۆن بێهرینگ-ی ئەڵمانی لە پزیشکیدا بۆ داھێنانی کوتین دژی نەخۆشیی دەفتیریا.
- رینێ سوولی بروودۆمێ-ی فەرەنسی لە ئەدەبدا بۆ شیعرەکانی.
-جێن ھینری دۆناند-ی سویسری لە ئاشتیدا بۆ دامەزراندنی دەزگای خاجی سوور و رێکخراوی جنێف. بە بەشداری لەگەڵ فرێدریک پاسی-ی فەرەنسی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی ئاشتیی فەرەنسی.
- یەکەم خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئابووریدا لە ساڵی 1969، بە ھاوبەشی درا بە رانگار فریش-ی نەرویجی و جان تینبێرگن-ی ھۆڵەندی بۆ بەکارھێنانی پەیڕەوی بیرکاری لە شیکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکاندا.
ئەو ساڵانەی خەڵاتی نۆبڵی تێدا نەبەخشرا لەبەر نەبوونی پاڵێوراو، یان کەسی شایستە، ئەم ساڵانە بوون: 1916 -1931- 1934 لە فیزیادا و لە -1919 1924 - 1933 لە کیمیادا و لە 1915 - 1918 لە پزیشکیدا و لە 1918 - 1935 لە ئەدەبدا و لە -1923  -1924 -1928 1932  -1948- -1955 -1956 -1966 1972– 1977  لە ئاشتیدا. لەبەر نەبوونی پاڵێوراو. هەروەها لە جەنگی دووەمی جیهانییدا لە ساڵانی 1940 و 1941 و 1942 بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ راگیرا.
ئەوانەی رێیان پێنەدرا، یان خۆیان خەڵاتی نۆبڵ-یان قبووڵ نەکردووە:
- ریچارد کوھن-ی ئەڵمانی لە ساڵی 1938 لە کیمیادا، رێی نەدرا خەڵاتەکە وەربگرێت.
– گێرھارد دوماگ-ی ئەڵمانی لە ساڵی 1939 لە پزیشکیدا، رێی پێ نەدرا.
- ئەدۆڵف بوتیناندت-ی ئەڵمانی لە ساڵی 1939 لە کیمیادا، رێی پێنەدرا.
– بـۆریــس پاســترناک-ی رووسـی، ساڵی 1958 لە ئەدەبدا، سەرەتا قبووڵی کرد دوایێ ناچارکرا پاشگەزبێتەوە.
- خەڵاتی ئەدەبی ساڵی 1964 درا بە فەیلەسووفی فەرەنسی جان پۆل سارتەر، بەڵام رەتیکردەوە و وەرینەگرت، لەم بارەیەشەوە وتی: «ھیچ جۆرە ریزلێنانێکی رەسمی قبووڵ ناکەم، ئەمە کاریگەریی نووسینەکانم سنووردار دەکات».
– لێ دیوس دۆ-ی ڤێتنامی خەڵاتی ئاشتی لە ساڵی 1973دا بە ھاوبەشی لەگەڵ ھینری کیسینجەر، بردەوە، لەبەر رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەی ڤێتنامدا. لی دیوس دۆ خەڵاتەکەی رەتکردەوە، چونکە پێیوابوو کێشەکە هێشتا چارەسەر نەکراوە. 
 -ئەلیکساندەر سۆڵجینتسی-ی رووسی لە ئەدەبدا ساڵی 1970، خەڵاتەکەی رەتکردەوە و قایل نەبوو بچێتەستۆکهۆڵم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە ترسی ئەوەی نەوەک رێی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی پێنەدرێت. لە ساڵی 1974 دوای ئەوەی سۆڤێتی بەجێهێشت ئینجا خەڵاتەکەی وەرگرت. 
سەیر لەوەدایە، ئەگەر ھەڵبژێردراو بۆ خەڵاتی نۆبل، پێش دابەشکردنی خەڵاتەکە بمرێت، میراتگرەکانی مافی وەرگرتنی خەڵاتەکەیان نابێت!
بۆچی ئەدیسۆن نۆبڵی پێ نەدرا؟
   ئەدیسۆن، کە مەزنترین زانای مێژووە و زیاتر لە (1093) داھێنانی لە گرنگترین بوارەکانی زانستدا تۆمارکردووە، لە ھەموو کەس زیاتر شایانی نۆبڵ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نۆبڵی پێ نەبەخشراوە. لە ساڵی 1915دا ناوی تۆماس ئەدیسۆن و نیکۆلا تێسلە ھات، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، سەرباری رۆڵی یەکجار زۆری ھەردووکیان لە بواری زانستدا، بەر ھیچ کامیان نەکەوت! ھەردووکیان ھاوشانی یەکتر بوون، کەس بەقەد ئەوان داھێنانی زۆر و رەسەن و بەسوود و مەزنی پێشکەش نەکردبوو، بێگومان بە ئێستاشەوە، کەچی کۆمیتەی نۆبڵ ناوی ھەردووکیانی کوژاندەوە لەبەر ئەو کێشە و ناخۆشییانەی لە نێوانیاندا ھەبوو، ھەریەکەیان ھەوڵیدەدا رۆڵی ئەویتر لە زانستدا کەمتر بکاتەوە و ھەریەکە دەیویست خۆی پێش ئەویتر خەڵاتبکرێت و قبووڵی نەدەکرد دوای ئەویتر بکەوێت. لە ئەنجامدا ھەردووکیان لە خەڵاتەکە بێبەش کران.
غاندی و نۆبل
   مەھاتما غاندی لە ساڵانی1937، 1938،1939، 1947 و دواجاریش لە کانوونی دووەمی 1948، چەند رۆژێ پێش کوشتنەکەی، وەک پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ناوی دەهات، بەڵام ھیچ جارێ پێی نە بەخشرا. لێپرسراوان وایان راگەیاند کە بڕیاری کۆتایی وابوو لە ساڵی 1948دا پێی بدرێت، ئەوە بوو کوژرا. کۆمیتەی نۆبڵ دوای کوشتنی غاندی پاشگەزبووەوە، ھەر لەبەر ئەمەش بوو خەڵاتی ئاشتیی ساڵی 1948 بە کەس نەبەخشرا، لەسەر ئەمەش رەخنەیەکی زۆر لە دەزگاکە گیرا، ئەوەبوو بۆ راگرتنی ناڕەزایەتی و سەرزەنشتکردنی دەزگای نۆبڵ، لە ساڵی 1989 لەکاتی بەخشینی نۆبڵی ئاشتی بە (دەلای لاما)، سەرۆکی کۆمیتەی نۆبل لە وتەکەیدا وتی: «بەشێکی ئەم بەخشینە لە پێناو رێزلێنانە لە یادی غاندی.»
خێزانێک چوار نۆبڵ وەردەگرن!
   ماری کۆری (1867–1934) زانای فیزیا و کیمیا کە لە پۆڵۆنیا لەدایکبووە و رەگەزنامەی فەرەنسی وەرگرتووە. یەکەم ژن بوو خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێ و تاکە کەسێکیشە کە دوو جار خەڵاتەکەی وەرگرتبێت. جارێکیان لە فیزیادا کە لەگەڵ مێردەکەی (بیار کۆری) توخمی پۆڵۆنیۆم و رادیۆمیان دۆزییەوە و بە ھاوبەشی لە ساڵی 1903دا خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت. جاری دووەم بە تەنیا لە کیمیادا لە ساڵی    1911خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. لە ساڵی 1935یشدا کچەکەیان (ئیرین جۆلیۆ کۆری) خەڵاتی نۆبڵی لە کیمیادا وەرگرت. بەمەش، بە باوک و دایک و کچەوە چوار نۆبڵیان وەرگرتووە!   تا ئیستا کە ساڵى 2025 -ە، 1069 زانا و رێکخراو خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە. 1041 زاناکان خەڵاتەکەیان وەرگرتووە و 28 خەڵات بەر رێکخراوەکان و 65 خەڵات بۆ  ژنان بووە. کەسی وایان تێدایە زیاتر لە جارێ خەڵاتەکەی وەرگرتووە، رێشکەوتووە دوو کەس و سێ کەس، لە وەرگرتنی ھەمان خەڵاتدا هاوبەشبوون. نۆبل ھەرگیز دەرکی بەوە نەدەکرد، کە بەم بیرۆکەیەی ناوی خۆیدەبەستێتەوە بە ناوی مەزنترین زانا و شاعیر و ئەدیب و خێرخوازانی جیهانەوە. بەم کارەی خۆی دەکات بە بەشێکی ھەرە گرنگی ژیان و سەرگوزشتەی زانستیی مەزنترین زاناکانی سەرتاپای سەدەی بیستەم و دواتریش، کە پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆجیای ئیستا ھەمووی لە سایەی ئەوانەوە ھاتۆتە دی و ھەر بەردەوامیشە. نۆبڵ لە سایەی خەڵاتکراوەکانەوە ئەم پلە و پایە و ناوە مەزنەی دەرکرد و ئەوانیش بەهۆی نۆبڵ-ەوە بە ناوبانگتر بوون.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved