میللەر فرید                 لە ئینگلیزیەوە : شۆڕش حەمە ساڵح

فەیلەسوف و زانا لۆژیکرزانی یۆنانی "ئەرستۆ تالیس" (٣٢٢-٣٨٤ پ.ز) هاوشان لەگەڵ "ئەفڵاتون"ی مامۆستایدا بە یەکێک لەکاریگەرترین بڕیارەکان دادەنرێت کە لە چەندەها مەجالی فەلسەفی دا ڕۆڵی گێڕاوە کە "سیاسەت" یەکێکە لەو مەجالانە. "ئەرستۆ" لە "ستاگیریا" لەدایک بووە لەباکوری "یۆنان"، باوکی دکتۆری پاشای مەکەدۆنیا بووە. ئەرستۆ سەرەتا وەک لاوێک لە ئەکادیمیاکەی ئەفڵاتۆندا خوێندویەتی، لەپاش مەرگی ئەفڵاتون، ئەرستۆ ڕوودەکاتە"ئاسیای ناوەڕاست و لیسبۆس" بۆ برەودان بە توێژینەوە فەلسەفی و بایۆلۆژیەکانی پاشان لەلایەن "شا فلیپی دووەم"ەوە بانگدەکرێت بۆ "مەکەدۆنیا" بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستای کوڕەکەی (ئەلەکسەندەری گەورە). دوای ئەوەی کە ئەلەکسەندەر جێی باوکی دەگرێتەوە، بڕیاری داگیرکردن و یەکپێگرتنی دەوڵەتشارەکانی یۆنان دەدات و پاشان لەشکرکێشی دەکات بۆ داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتی ئێران. لەو کاتەدا "ئەرستۆ" وەک غەریبەیەک لە ئەسینا نیشتەجێدەبێت لە نزیک (ئەنتیپاتەر)ی هاوڕێی کە والی مەکەدۆنیەکان بووە لە ئەسینا. ئەرستۆ لەو زەمانەدا دەست دەکات بە نوسین یان تەواوکردنی باشترین کتێبەکانی، کە کتێبی "سیاسەت" یەکێک بوو لەو کتێبانە، واتە لەنێوان ساڵەکانی (٣٢٣ - ٣٣٥پ.ز) کاتێک کە هەواڵی مەرگی ئەلەکسەندەر لەپڕ بڵاودەبێتەوە، "ئەرستۆ" بەهۆی ئەو پەیوەندیەی کە هەیبوو لەگەڵ مەکەدۆنیەکاندا ئەبوایە ئەسینای بەجێهێشتایە، لەپاش ئەو ڕووداوەش بە ماوەیەکی کورت دەمرێت.
وادیارە کە ژیانی ئەرستۆ لەچەند ڕوویەکەوە کاریگەری بەجێهێشتووە بەسەر بیروڕا سیاسیەکانەوە: گرنگیدانی لەمەجالی بایۆلۆژی وا دەردەکەوێت کە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر بۆچونەکانی دەربارەی سروشتی سیاسەت، گرنگی دانی بە سیاسەتی بەراوردکاری و پیشاندانی سۆز بۆ سیستەمی دیموکراتی و وە هەروەها سیستەمی پاشایەتی ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەفەرانە و ئەو ئەزمونانەی کە هەیبووە لەگەڵ سیستەمە سیاسیە جیاوازەکان دا.
لەکاتێکدا کە ڕەخنەیەکی زۆر دەگرێت لە هەریەک لە کتێبەکانی "کۆمار، پیاوانی دەوڵەت، یاساکان"ی ئەفڵاتون بەڵام بەشێوەیەکی فراوانیش ئایدیا و بۆچونیان لێ وەردەگرێت. "ئەرستۆ" لەکتێبی "سیاسەت"ی خۆیدا ڕێنوێنیکردنی فەرمانڕەوا و سیاسیەکانی بە گرنگ وەرگرتووە، ئەویش بە پەرچدانەوەی ئەو نێوەندە سیاسیە باڵایانەی کە ئەو لایبردوون.

١- زانستی سیاسی بەشێوەیەکی گشتی
ووشەی سیاسەت "پۆلۆتیکاڵ" لە ووشەی "پۆلۆتیکۆس"ی یۆنانیەوە هاتووە کە ئەویش پەیوەستە بە ووشەی "پۆلیس"وە . (لەم نووسینەدا ئەم ووشە یۆنانیە واتە "پۆلیس" بەمانای "دەوڵەتشار" وەردەگرین، ئەم ووشەیە هەروەها وەک "شار"یش وەرگێڕدراوە. دەوڵەتشارەکانی وەک "ئەسینا و سپارتا" نمونەی ئەو دەوڵەتشارانەن، کە بریتیبوون لەکۆیەکی یەکگرتوو و بچوک، وە لەرووی سیاسی و کەلتووری و ئاینیشەوە لەیەک ئاڵابوون. بەراوردکردنی دەوڵەتشارەکان لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن دا مایەی جەدەلێکی زۆرە)، ووشەی "پۆلۆتیکس" لەلای ئەرستۆ بووە بە "پۆلۆتیکی" کە کورتکراوەی "پۆلۆتیکی ئیپستیمی"ە کە مانای "زانستی سیاسی" دەگەیەنێت وە یەکێکە لە سێ لقە بنەڕەتیەکانی زانست کە ئەرستۆ هەموویانی لەیەک جیادەکردەوە بەهۆی بنیادو ئامانجەکانیەوە.
یەکەم: زانستی تێڕامانی "تێ ملی" (لەنێویاندا زانستی فیزیک و میتافیزیکیش دەگرێتەوە)، کە تەرکیز دەخاتە سەر حەقیقەت یان زانین لەپێناوی خودی خۆیاندا.
دووەم: زانستی پراکتیکی لەگەڵ کرداری چاک.
سێیەم: زانستی بەرهەمهێنان، کە پەیوەندی هەیە بە دروستکردنی شتی جوان یان بەسودەوە١.
"سیاسەت" زانستێکی پراکتیکیە، لەو کاتەوەی کە وا تێدەڕوانرێت کە کردارێکی باڵا یان بەختەوەرانەیە بۆ هاوڵاتیان (هەرچەندە ئا لەمەدا لەیەکچونێکیان هەیە لەگەڵ "زانستی بەرهەمهێن"دا چونکە ئەمیش ئیش لەسەر خوڵقاندن و پاراستن و ڕیفۆرمکردن لە سیستەمە سیاسیەکاندا دەکات). کەواتە ئەرستۆ لە سیاسەت تێگەیشتووە وەک دیسپلینێکی ئیلزامی و پێوانەگیری زیاتر لەوەی پرس و ڕایەکی تەجروبەیی پوخت یان وەسفی بێت.
لەکتێبی "ئەخلاقی نیکۆماخی" دا "ئەرستۆ" سیاسەت وەک گرنگترین زانست دیاری دەکات و پێیوایە دەبێت لە دەوڵەتشارەکاندا بخوێندرێت هاوشان دەبێت، زانستی سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی خێزانی و ڕەوانبێژی بکەونە ژێر دەسەڵاتیەوە. لەو کاتەوەی کە " زانستی سیاسی" زانستە پراکتیکیەکانی تر بەڕێوە دەبات، ئەوا ئامانجەکانیشیان لەخزمەت هەمان ئامانجی زانستە سیاسیەکاندایە، کە ئەمەش هیچ نیە بێجگە لە چاکەی مرۆڤ. "تەنانەت ئەگەر ئەم کۆتا ئامانجە بۆ تاک و دەوڵەتشارەکان وەک یەک بێت، ئەوە وا دەردەکەوێت بە هەموو شێوەیەک بۆ دەوڵەتشار باشتر دەستەبەر دەکرێت و دەپارێزرێت. هەرچەندا شتێکی بە بەهایە ئەگەر بتوانین بۆ تاکەکانی دەستەبەر بکەین، بەڵام نەجیبانەترو باڵاترە ئەگەر بۆ نەتەوە یان دەوڵەتشاری بەدەستبهێنین."٢ .  زانستی سیاسی لای ئەرستۆ پێکهاتووە لە دوو کایە کە فەیلەسوفە مۆدێرنەکان جیایانکردوەتەوە بە "ئەخلاق" و "فەلسەفەی سیاسی" . لەکتێبی "سیاسەت"دا بە مانایەکی دیاریکراو قسەی لەسەر فەلسەفەی سیاسی کردووە.

٢- دیدی ئەرستۆ بۆ سیاسەت
"زانستی سیاسی" دەکۆڵێتەوە لە کاروباری سیاسیەکان یان پیاوانی دەوڵەت (پۆلۆتیکۆس)، هەروەک چۆن زانستی پزیشکی تەرکیز دەخاتە سەر ئیشوکاری پزیشکی٣ . ئەمە لەڕاستیدا بریتیە لە هەیکەلی مەعریفە کە ئەو کەسانەی لەو مەجالەدا ئیش دەکەن ئەگەر شارەزاییەکی باشی هەبێت لەو کارەیدا کە دەیکات، ئەوا لێهاتوو دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیشدا. لەڕۆڵی یاسادانەردا گرنگترین کارێک کە سیاسەتمەدارەکان بیکەن بریتیە لە دانانی دەستورێکی گونجاو بۆ هاوڵاتیان لەناو "دەوڵەتشار" دا. کە ئەویش پێکدێت لە یاسا نەگۆڕەکان، عادات و تەقالیدەکان و دامەزراوەکان (بە سیستەمی پەروەردەی ئەخلاقیشەوە). کاتێک کە دەستوور جێگیر دەکرێت، پاشان سیاسەتمەدارەکان پێویستیان بە پێوانەیەکی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی ئەو سیستەمەی پێ بپارێزن، بۆ ئەوەی زەمینەی ڕیفرۆمکردن لەبار بکەن لەکاتی پێویستیدا، جڵەوی ئەو ڕوداوانەش بگرن کە ڕەنگە سیستمی سیاسی بەرەو خراپبوون بەرن. ئەمە کاری زانستی یاسادانانە (تشریعی) کە ئەرستۆ ئاماژەی پێدەدات بەگرنگتر لەخودی سیاسەت وەک ئەوەی کە "سیاسەت" زیاتر کردنی چالاکیەکی ڕۆژانەیە، وەک ڕاپەڕاندنی فەرمانەکان٤. ئەرستۆ زۆرجار بەراوردی سیاسەتمەدار ئەکات بە پیشەوەر. ئەم بەراوردکردنە زۆر تەواو نیە لەبەر ئەوەی سیاسەت بە مانا تەواوەکەی زانستی یاسادانان بریتیە لەشێوازی پراکتیککردنی حکمەت یان خۆگونجاندن، بەڵام لەهەمان کاتدا سیاسەتمەدار ڕێپێدراوە بەوەی کە بەرهەمهێن کار لەسەرکەر و پارێزەری سیستمێکی یاسایی بێت بەگوێرەی بنەما جیهانیەکان٥ . بۆ ئەوەی لە گرنگی ئەم بەراوردکردنە تێبگەین لەنێوان سیاسەتمەدار و پیشەوەردا ئەوا ڕونکردنەوەی ئەرستۆ سودبەخش دەبێت بۆمان کە دەیکات بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی دروستکراوێک ئەویش لەڕێگای چوار هۆکارەکەوە: "مادە، فۆرم (شێوە)، کردار، دواهۆکار"٦ . بۆ نمونە قوڕ (وەک هۆکارە مادیەکە)، لە قاڵبگرتنی وەک شێوەی گۆزە (وەک هۆکاری شێوە)، پاشان گۆزە دروستکەر (وەک هۆکاری کردار) دواجار کە دەتوانین بەکاری بهێنین و ئاوی تێبکەین (ئەمەش وەک دواهۆکار).
هەروەها دەتوانین لەڕێگای "چوار هۆکار"ەکەوە شیکاری بکەین بۆ بوونی دەوڵەتشار. کە جۆرە کۆمەڵەیەکە پێکهاتووە لە گردبوونەوەی چەند بەشێک کە چەند کردارو ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە٧ .دەوڵەتشار پێکهاتووە لەچەند بەشێک کە "ئەرستۆ" بە چەندین شێوە لەشوێنی جیاوازدا باسیکردوون؛ وەک خێزانەکان، یان چینە جیاوازە ئابووریەکان (بۆ نموونە؛ دەوڵەمەند و هەژار)، یان "دیمس" (واتە یەکبوونی سیاسەتی ناوخۆیی. ئەمە بەو شارۆچکانە دەوترا کە بە چواردەوری دەوڵەتشارەکاندا بوون "و"). بەڵام لە بنەڕەتدا دەوڵەتشار پێکهاتووە لە تاکە تاکەی هاوڵاتیان ٨ ، شانبەشانی سەرچاوە سروشتیەکان، کە ئەمەش ئەو "هۆکارە مادەییانەیە" یان "پێداویستیانەیە" کە دەوڵەتشاری پێکهێناوە٩ .
لە دەوڵەتشاردا "دەستوور" (هۆکاری شێوە"فۆڕم") پێکدەهێنێ، ئەرستۆ پێناسەی دەستوور دەکات بە "کۆمەڵێک ئەرکی دیاریکراو کە تایبەتە بە دانیشتوانی دەوڵەتشارەوە"١٠ ، هەروەها قسە لەسەر دەستوری کۆمەڵایەتی دەکات وەک "فۆرمێکی تێکەڵاو" وە پێیوایە کاتێک کۆمەڵگایەک لەیەک ئاستی نەگۆڕا مایەوە ئەوە مانای وایە کە هەمان دەستووری هەیە١١ . لەدیدی ئەرستۆ وە دەستور بەڵگەنامەیەکی نوسراو نیە، بەڵکو جەوهەری بنەما زیندوەکانە، هاوتابوون و یەکسانبوونی ڕۆحی زیندەوەرەکانە بۆ یەک ئاست. واتە "دەستوور" بریتیە لەشێوازی ژیانی هاوڵاتیان١٢. لێرەدا هاوڵاتیان بەشێکی کەمی دانیشتوانی شار پێکدەهێنن چونکە تەنها بەوانە دەوترێت کە باڵغبوون و مافی تەواوی سیاسەتیان هەیە.
هەبوونی دەوڵەتشار داوای هەبوونی (هۆکاری کردار)یش دەکات، کە لێرەدا مەبەست لە فەرمانڕەواکانە. لەدیدی ئەرستۆوە هەر جۆرە کۆمەڵگایەک ئەگەر تەنها بنەمایەکی بچوکی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی تێدابێت ئەوا دەتوانێت ببێتە خاوەنی نیزام و دەستوور. لەدەستووردا ئەم بنەمای فەرمانڕەواییکردنە دیاریدەکرێت، کەدانانی کۆمەڵێک پێوەرە بۆ ناوەندە سیاسیەکان، بە تایبەت ناوەندە سیادیەکان ١٣ . لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە ئاستێکی قوڵترەوە تێیبڕوانین ئەوا دەبێت (هۆکاری کردار) بۆمان شیبکاتەوە کە بۆچی دەوڵەتشار "دەستوور" بە خاڵی سەرەتا دادەنێت. ئەرستۆ ئاوا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە "هۆکاری سەرەکی لەلای ئەو کەسەی کە یەکەمین جار دەوڵەتشاری دامەزراند بریتیبوو لە بەدەستهێنانی سودە باڵاکان"١٤ .ئەو کەسەش بێگومان "یاسادانەر"بووە کە دەستووری دامەزراندوە وەک "سۆلۆن"ی ئەسینا یان "لیکیۆرگۆس"ی سپارتا. ئەرستۆ بەشێوەیەکی گشتی یاسادانەر"سیاسیەکان بەراورد دەکات بە پیشەوەرانی وەک جۆڵا و بەلەم دروستکەر کە ئەمانە لە شتە ماتریاڵیەکان"مادیەکان" شتی تر بەرهەمدەهێنن١٥ . ئایدیای (دوا هۆکار) لەم لایەنانەوە هەیمەنەی کردووە بەسەر کۆی کتێبی "سیاسەت"ی ئەرستۆدا: لەو کاتەوەی کە ئێمە تێگەیشتین کە هەموو دەوڵەتشارێک جۆرێکە لە گردبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی وە هەموو گردبوونەوە کۆمەڵایەتیەکانیش دامەزراون لەپێناو هەندێک چاکەدا(هەموو کەسێک لە دەوڵەتشاردا ئەو شتە دەکات کە هەمووان باوڕیان وایە کە چاک بێت)، ئەوە ڕوونە هەموو کۆمەڵگایەک چاوی بڕیوەتە هەندێک چاکە، ئەو کۆمەڵگایەی کە زۆرترین دەسەڵاتی هەیە وە هەموو ئامانجە باڵاکانی تریش دەخاتە نێو دەسەڵاتیەوە ئەوە مانای وایە زیاتر بەدوای ئەو ئامانجەدا دەڕوات کە بریتیە لەچاکەی مرۆڤ، ئەوە خودی چاکەیە لەگەڵ ئەوپەڕی دەسەڵاتدا. ئەوە ئەو شتەیە کە پێی دەوترێ دەوڵەتشار یان کۆمەڵگای سیاسی١٦ . دوا بەدوای ئەوە پێمان دەڵێت کە دەوڵەتشار تەنها لەپێناو ژیاندا دروست نەبووە بەڵکو لەپێناو ژیانێکی باشتردا دروستبووە١٧ . ئەو ئایدیایەی کە ژیانی باش یان بەختەوەری بە کۆتاییەکی تەواو دادەنێت بۆ دەوڵەتشار لە کتێبی "سیاسەت"دا بە درێژی باسکراوە١٨ .
ئەگەر کورتی بکەینەوە، ئەوا دەوڵەتشار ( "هیلۆمۆرفیک"ە / مادە – فۆرم)ە واتە لە مادە و فۆرم دروستبووە، پێکهاتووە لە دانیشتوانێێکی دیاریکراو(واتە هاوڵاتیان) کە ئەگەر لەڕێگای چوار هۆکارەکەوە دیاری بکەین ئەوا یەکسانە بە (هۆکاری ماددی)وە  دەستوریش یەکسانە بە (هۆکاری شێوە"فۆڕم"). دەستوور کە لە لایەن یاسادانەوە دادەنرێت و لەلایەن سیاسەتمەدارەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش(هۆکاری کردەیی)ە وەک پیشەوەران، وە دەستوریش بە شێوەیەکی گشتی ئامانجی دەوڵەتشار دیاریدەکات کە ئەمەش (دوا هۆکارە)١٩ . بەهۆی ئەم لایەنانەوە کە "ئەرستۆ" لە کێشە بنەڕەتیەکانی سیاسەت تێدەگات و دەپرسێت: دەبێت یاسادانەر و سیاسیەکان چی جۆرە دەستورێک دابڕێژن و وە بەچی شتێک بیپارێزن و وە لەپێناو چی جۆرە ئامانجێک دابێت؟

٣- تیۆری گشتی دەربارەی دەستور و هاوڵاتیبوون.
 ئەرستۆ پێمان دەڵێت"سیاسی و یاسادانەرەکان بە تەواوەتی هەیمەنەیان کردووە بەسەر دەوڵەتشاردا، وە دەستوریش تاکە ڕێگایەکە بۆ ڕێکخستنی ژیانی ئەوانەی کە لە دەوڵەتشاردا نیشتەجێن"٢٠ . لە کتێبی "سیاسەت"دا تیۆری گشتی دەستوور لە پێشەوە باسکراوە. ئەو سەرەتا بە پێناسەکردنی هاوڵاتی دەست پێدەکات و دەڵێت مادام دەوڵەتشار بەشێوەیەکی سروشتی کۆیەکی یەکگرتووە کە پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان. لێرەدا "ئەرستۆ" هاوڵاتی جیادەکاتەوە لە دانیشتوانەکانی تری نێو دەوڵەتشار، وەک بێگانەکان و کۆیلەکان، تەنانەت مافی هاوڵاتیبوونیش لە مناڵ و پیرەکان (هەروەها زۆربەی ئەوانەی کە ئیشی سادە دەکەن)دەسەنێتەوە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆرتر پێناسەی هاوڵاتی بەو کەسانە دەکات کە مافی بەشداریکردنیان هەیە لەنێوەندی یاسادانان و بڕیاردان دا٢١ . بۆ نموونە لە ئەسینا هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەبووە کە بەشداری بکەن لە کۆبونەوە سیادیەکان و شوراو هەیئاتەکانی تردا، یان دانیشن لە دادگاکاندا. دیارە کە سیستەمی دیموکراتی ئەسینایی جیاوازە لە سیستەمی دیموکراتی مۆدێرن لەو ڕوەوە کە هاوڵاتیان ڕاستەوخۆتر توانیویانە تێوەبگلێن لە حوکمکردندا. هەرچەندە لە دەوڵەتشارەکانی یۆناندا بوون بە هاوڵاتیەکی تەواو زۆر سنووردار بوو بە (ئافرەت و کۆیلەکان و بێگانەکان و هەندێک کەسی تریش)، هاوڵاتیان زیاتر ئازادبوون لەوەی کە ئێستا ئێمە لە سیستەمی دیموکراتی مۆدێرندا دەیبینین، چونکە ئەوان زۆر ڕاستەوخۆیانە توانیویانە بەشداربن لە نێوەندەکانی حوکمکردندا. ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگیداوەتەوە لەپێناسەی ئەرستۆدا بۆ هاوڵاتی. زیاتر لەوە، ئەو پێناسەی دەوڵەتشار بەوە دەکات (بەشێوەیەکی ڕەها) کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانن کە لەپێناو ژیانێکی خودسەروەرانە و گونجاودا کۆبونەتەوە٢٢ . ئەرستۆ پێناسەی دەستور بەوە دەکات کە ڕێگایەکە بۆ ڕێخستنی دەزگاکانی دەوڵەتشار، بەتایبەتی دەزگا سیادیەکان ٢٣ . دەستور پێناسەی هەیکەلی حکومەت دەکات، کە خاوەنی شێوازی جیاوازە : بۆ نموونە لە دیموکراتیدا خەڵک سەرچاوەیە، بەڵام لە ئۆلیگاریشیدا کۆمەڵێک خەڵکی هەڵبژاردە سەرچاوەی دەسەڵاتن وەک (دەوڵەمەند و خانەدان). ئەرستۆ پێش ئەوەی هەوڵی جیاکردنەوە و بەها پێدانی دەستوەرە جیاوازەکان بدات تەرکیز دەخاتە سەر دوو پرسیار. یەکەم دەپرسێت بۆچی دەوڵتشار دروستبووە؟ لە کتێبی سیاسەت (١-٢)دا ئاوەها وەڵامی داوەتەوە، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی سیاسیە، وە بەشێوەیەکی سروشتیش دەیانەوێت پێکەوە بژین. پاشان ئەمەی بۆ زیاد دەکات "هەروەها بەرژەوەندی هاوبەش نزیکیان دەخاتەوە لەیەک کە کەم تا زۆر هەموویان لە هەوڵی گەیشتنن بە ژیانێکی نەجیبدان. کە ئەمە بەرزترین ئامانجە بۆ هەمووان چی پێکەوە بن یان بەجیا بن" ٢٤ .
دووەم: شێوازە جیاوازەکانی فەرمانڕەوایی کامانەن کە کەسێک یان گروپێک بتوانێت حوکمی ئەوانی تری پێبکات؟ ئەرستۆ جیاوازی دادەنێت لەنێوان چەندین شێوازی حوکم کردندا. سەرەتا تەرکیز دەخاتە سەر حوکمی ئیستیبدادی (دەسەڵاتی ڕەها)، کە نموونەی پەیوەندی "سەردار و کۆیلە" دەهێنێتەوە، کە پێیوایە تاڕادەیەک عەدالەتیەک هەیە لەم حوکمکردنەدا بەو پێیەی کە بەسروشت کۆیلە توانای بڕیاردانی نیە (لێرەدا ئەرستۆ بەبێ بەڵگە تەئکید لەسەر ئەمە دەکات) و بەسروشت پێویستی بە سەردارێک هەیە بۆ ئەوەی ئاراستەی بکات٢٥ . لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونی "سەردار" مایەی بەدەستهێنانی سودێکی زۆرە بۆ "کۆیلە" دەسەڵاتی ڕەها بۆ "سەردار" بە پلەی یەکەم دێت وە بۆ "کۆیلە"ش تەنها سروشتێکی ملکەچکەرانەیە٢٦ . (ئەرستۆ هیچی پێنەداوین بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە: ئەگەر کەسێک بە سروشت توانای خۆبەڕێوەبردنی نەبێت، بۆچی نابێت لەبەر چاکەی خۆیان کەسێکی تر حوکمیان بکات) ؟
پاشان ئەرستۆ تەرکیز دەخاتە سەر دەسەڵاتی باوک و دەسەڵاتی خێزان، کەدیسانەوە وەک بەرگریکارێک دیدی خۆی دەخاتە ڕوو: " بەشێوەیەکی سروشتی پیاو توانای حوکمکردنی زیاترە هەتا ئافرەت، مەگەر ئەو بەشێوەیەک بنیادنرابیت کە پێچەوانەی سروشت بیت، بە تەمەنترو پێگەیشتوترەکان (کە بەشێوەیەکی سروشتی بەتواناترن بۆ حوکمکردن) هەتا گەنج و ناتەواوەکان"٢٧ ئەرستۆ قانعپێکەرە کاتێک کە دەڵیت مناڵەکان پێویستیان بە سەرپەرشتی گەورەکانە چونکە لەڕووی عەقڵیەوە ناتەواو و پێنەگەیشتوون. بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات (بەبێ هیچ دەلیلێک)کە ئافرەتان توانای تێفکرینیان هەیە (بەبێ هیچ دەسەڵاتێک)، جا لەبەر ئەمە ئافرەتان داوای فەرمانرەوایی لەپیاو دەکەن٢٨ .(ئارگۆمێنتەکانی ئەرستۆ دەربارەی کۆیلە و ئافرەت زۆر لاواز دەردەکەوێت کە هەندێک نووسەرانی تر بە گاڵتەپێکردنەوە باسی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بۆ خوێنەری ئێستا ڕوونە ئەوەیە کە ئەو نووسینە باس لە یۆنانی کۆن دەکات، کەواتە ناکرێت ئەم بۆچونانەی ئەرستۆ بە گاڵتەکردن بزانین.)پێویستە بیری بهێنینەوە کە فەرمانڕەوایی لەلایەن خێزانی باوکەوە لەپێناوی خودی فەرمانبەرەکەدایە(لەپێناوی مناڵ و ژن )دایە، هەروەک هونەری پزیشکی و جومناستیک کە لەپێناو خودی نەخۆشەکەدایە٢٩ . ئا لەم ڕووەوە لە فەرمانڕەوایی سیاسی دەچێت، کە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی یەکتردا بەشێوەیەکی یەکسان و لەیەکچوو هەموو هاوڵاتیان تێوەدەگلێنێت لەفەرمانکردن دا ٣٠ . ئەم خاڵە قۆناغێکی گرنگە بۆ سەرهەڵدانی تیۆری دەستوور دانان لای ئەرستۆ: "ئەو دەستوورەی کە ئامانجی تەنها بریتی بێت لە بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمەڵگا، ئەوە بەبێ هیچ گومانێک ڕاست و ڕەوایە، لەهەمان کاتدا هەندێک دەستووری تر کە ئامانج تیایاندا تەنها بەرژەوەندی فەرمانڕەواکانە مانای وایە ئەو دەستوورە بەلاڕێدا براوەو ناڕەوایە، لەبەر ئەوەی تێکەڵکراوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ڕەهادا ئەمەش بۆخۆی نەگونجاوە لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکانی ئازادن"٣١ . جیاوازی لەنێوان دەستووری چاک و دەستووری بەلاڕێدا براو (خراپ)دا ئەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئەو دەوڵەتە لەلایەن "یەک کەسی ، چەند کەسی، یان فرە کەسی"وە پێکهاتووە. هەتا ئێستا شەش شێوە لە دەستوور هەیە٣٢ .

                         چاک                 خراپ
یەک حاکم              پاشا               ستەمکار
چەند حاکم          ئەرستۆکراسی      ئۆلیگارشی
فرە حاکم             دەستوری          دیموکراتی


ئەم پۆلێن کردنە کە ئەرستۆ لەکتێبی "پیاوانی دەوڵەت"ی ئەفڵاتونەوە وەریگرتووە ڕێگای بۆ ئەرستۆ خۆشکردووە بۆ دیاریکردنی باشترین جۆری دەستوور، کە لە کتێبی "سیاسەت"دا بەچەند شێوازێک ئیشی لەسەر کردووە. بۆ نموونە ملاحەزەی کردووە کە چینی دەسەڵاتدار لە سیستەمی ئۆلیگاریشدا دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندەکان، لەکاتێکدا لە سیستەمی دیموکراتیدا دەگەڕێتەوە بۆ چینی هەژار، کەواتە لە پێناسەکردنی ئەم فۆڕمانە لە حوکمکردن دەبێت جیاوازی چینە ئابوریەکان لەبەرچاو بگرین٣٣ . هەروەها سیستەمی دەستووری کە وەک دامەزراوەیەکی تێکەڵاو دەستیشانی کردووە، پێیوایە دەبێت لەلایەن چینی ناوەندی هاوڵاتیانەوە بەڕێوە ببرێت، چینێکی نیمچە دەوڵەمەند لەنێوان زۆر دەوڵەمەند و هەژارەکاندا٣٤.
ئەرستۆ دەگەڕێتەوە بۆ قسەکردن و دژایەتیکردنی دەستوورە جیاوازەکان، چونکە ئەو وەک کۆمەڵێک کارنامەی جیاواز سەیریان دەکات کە بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرین٣٥ . ئەرستۆ دەڵێت هەموو کەس ڕازیە کە دادپەروەری بریتیە لەوەی کە چاک بیت لەگەڵ ئەو کەسەی کە چاکە، وە خراپ بیت لەگەڵ ئەو کەسەی کە خراپە. بەڵام بەو پێوەرەش ڕازی نین کە وای بۆ دەچێن مرۆڤەکان بەشێوەیەکی یەکسان (یان نایەکسان) شیاوی پیاهەڵدان و ڕێزن. ئەو پێیوایە لەکتێبی "ئەخلاقی نیکۆماخی ڤ.٣" دا شیکاری کردووە بۆ دابەشکردنی دادپەروەری : دادپەروەری ئەوەیە کە سوود و بەرژەوەندیەکان دابەش بکات بەسەر تاکەکاندا لەسەر ئەساسی شیاوی و شایستە بوونیان. سیستەمی ئۆلیگارشی کەوتوەتە ئەو هەڵەیەوە کە پێیوایە ئەوانەی باڵادەستن لەڕووی سەروەت و سامانەوە ئەوە هەروەها دەبێت مافی سیاسی باڵایان هەبێت. لەکاتێکدا کە دیموکراتخوازەکان وای بۆ دەچن کە ئەوانەی بەئازادی و یەکسانی لەدایکبوون، بە هەمان شێوە لەڕووی مەفی سیاسیەوە یەکسانن لەدیدی ئەرستۆوە ئەم دوو تێگەیشتنە دەربارەی دادپەروەری سیاسی هەردووکیان هەڵەن، لەبەرئەوەی هەردووکیان وێنەی تێگەیشتنێکی هەڵە دەکەن بۆ دوا ئامانجی دەوڵەتشار. لەبەرئەوەی "دەوڵەتشار" نە دامەزراوەیەکی بازرگانیە کە تەنها ئیشی زیادکردنی سەروەت و سامان بێت (وە ئەوەی کە ئۆلیگاریشی بیری لێدەکاتەوە وە نە دەزگایەکە کە کاری برەودان بێت بە چەمکەکانی ئازادی و یەکسانی (وەک ئەوەی کە دیموکراتی بیری لیدەکاتەوە). لەجیاتی ئەوە ئەرستۆ دەڵێت "ژیانی باش دوا ئامانجی دەوڵەتشارە" ژیان بۆخۆی پێکهاتووە لە کرداری نەجیبانە٣٦ .کەواتە تێگەیشتنی تەواو بۆ چەمکی دادپەروەری بریتیە لە تێگەیشتنێکی "ئەرستۆکراسی"انە، ئەویش بەدەستنیشانکردنی مافە سیاسیەکان بۆ ئەوانەی کە بە تەواوی هاریکاری کۆمەڵگا سیاسیەکە دەکەن، ئەمەش بۆ ئەو کەسانەیە کە خاوەنی فەزیلەت و سامان و ئازادین٣٧ . ئەمە تێگەیشتنی ئەرستۆیە بۆ دەستووری ئەرستۆکراسی : کە بەمانای ووشە بریتیە لە حوکمی"ئەرستۆیی" واتە باشترین کەسەکان. ئەرستۆ لە کتێبی "سیاسەت بەشی III "دا مەفهومەکانی ئەم ئارگۆمێنتەی ئاشکرا کردووە و تەرکیزی خستووەتە سەر دوو بۆچونی دژ بەیەک کە ئەوانیش بریتین لە حوکمی یاسا و حوکمی کەسێکی تا دوا ئەندازە ڕەوشت بەرز . لەم بارەدا پاشایەتی ڕەها سنوور بۆ ئەرستۆکراسی دادەنێت، جارێکی تر لە کتێبی "سیاسەت بەشی VII – VIII " دا ئەرستۆ وەسفی دەستورێکی ئایدیاڵی دەکات کە هاوڵاتیەکانی خاوەنی فەزیلەتی تەواون.

٤- خوێندنەوە بۆ دەستوورە دیاریکراوەکان
ئامانج لە زانستی سیاسی ئەوەیە کە ڕێنوێنیمان بکات بۆ "یاسادانەری چاک و سیاسەتمەداری حەقیقی"٣٨ . وەک هەموو زانست و پیشەیەکی تر دەبێت لێکۆڵینەوە لەو نێوەندانەدا بکات کە تایبەتن بە بابەتەکەی خۆیەوە. بۆ نموونە جومناستیک (ڕاهێنانی فیزیکی)لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چی جۆرە وەرزشێک باشترینە یان گونجاوترە بۆ ئەو لەشانەی کە بەسروشت باشترن، یان چی جۆرە وەرزشێک باشترینە بۆ زۆربەی لەشەکان، وە چی شتێک گونجاوە بۆ کەسێک کە نایەوێت هیچ مەرج و زانیارییەکی گونجاو بزانێت لەسەر هەلومەرجە وەرزشیەکان." زانستی سیاسی" لێکۆڵینەوە لەو لایەنانەی دەستوور دەکات کە شیاوی بەراورد کارین٣٩ . یەکەم: ئەو دەستوورەی کە بەبێ هیچ مەرجێک باشترینە، کە ئەمەش "زیاتر بەگوێرەی داخوازیەکانمانە بێ بوونی هیچ ڕێگریەکی دەرەکی"؛ دووەم: ئەو دەستوورانەی کە لە هەندێک حاڵەتدا باشترینن" لێرەدا ڕەنگە نەگونجاو بێت بۆ زۆربەی کەسەکان کە بەشداربن لە بەدیهێنانی باشترین دەستووردا". سێیەم: ئەو دەستوورەی کە لەپێناو یەک ئامانجی دیاریکراوی دانیشتوانی دەوڵەتشاردایە، لێرەدا ئەو خاڵەی کە باشترینە "لەسەر ئەساسی گریمانە دامەزراوە". زانا سیاسیەکان دەبێت بتوانن لێکۆڵینەوە لە دەستوورێکی دیاریکراودا بکەن، ئەویش بپرسن ئایا لە بنەڕەتدا ئەبێت چۆن ئەو دەستوورە دروستببێت و بەچی شێوەیەک بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە؛ بۆ نموونە مەبەستم ئەوەیە ئەگەر وا ڕێکەوت کە شارێک هەیە نە ئەتوانرێت بە باشترین دەستوور بەڕێوە ببرێت و نە ئەتوانرێت ئامادە بکرێت بە شتە پێویستەکانی ئەو دەستوورە و نە لەژێر هیچ حاڵەتێکیشدا ئامادەی وەرگرتنیەتی، بەڵام تەنها ئامادە بێت بەشێوەیەکی هەمەجیانە حوکم بکرێت."کەواتە زانستی سیاسی ئەرستۆیانە تەنها وابەستەی سیستمێکی ئایدیاڵ نیە بۆ حوکم کردن، بەڵکو لێکۆڵینەوە لە دووەم باشترین دەستوور دەکات، ئەو دەستوورەی کە باشترینەو وە زۆربەی دەوڵەتشارەکان دەتوانن پشتیوانی لێبکەن. ئەو دەستوورەی کە یاسادانەر بتوانێت لە هەلومەرجێک دایبنێت کە بتوانێت بەتەواوەتی نزیک بێتەوە لە بەدەستهێنانی زۆرترین دادپەروەری سیاسی. هەرچەندە دیدی سیاسی ئەرستۆ لەژێر کاریگەری ئەفڵاتونی مامۆستایدا بووە، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕەخنە لە دەوڵەتشارە ئایدیاڵەکەی دەگرێت کە لە کتێبی (کۆمار)دا ئاماژەی پێداوە، لەسەر ئەو ئەساسەی کە زیاد لەپێویست بەهای داوە بەگیانی سیاسی یەکگرتوو، کە نزیکی دەکاتەوە لە سیستمی کۆمۆنیزم کە پراکتیک ناکرێت و دژی سروشتی مرۆڤیشە، هەروەها بەختەوەری تاکە تاکەی هاوڵاتیان فەرامۆش دەکات٤٠ . لەپێچەوانەی ئەمەدا ئەرستۆ لەباشترین دەستووری خۆی (کە لەکتێبی سیاسەتدا بەشی VII  - VIII، باسی کردووە). دەڵێت هەموو هاوڵاتیەک دەبێتە خاوەنی فەزیلەتی ئەخلاقی و ئەو پێداویستیانەی کە دەتوانێت پیادەیان بکات، لەبەر ئەمە دەتوانێت ژیانێکی باڵا و بەختەوەرییەکی تەواو بەدەست بهێنێت٤١ .
هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت پلەی سیاسی بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەنی سەروەت و سامانی تایبەت بەخۆی، لەبەرئەوەی" کەسێک بە بینینی بەشێک لە هاوڵاتیانی شارێک ناڵێت ئەوە دەوڵەتشارێکی بەختەوەرە بەڵکو بەبینینی سەرجەم هاوڵاتیانی ئەو شارە ئەو بڕیارە دەدات" ٤٢ . هەروەها دەبێت سیستمێکی پەروەردەیی هاوبەش هەبێت بۆ هەموو هاوڵاتیان، چونکە هەموان بەشدارن لە هەمان ئامانجدا ٤٣ . بەڵام ئەگەر دانیشتوان توانا و لێهاتوویان نەبوو بۆ بەدەستهینانی بەختەوەرییەکی تەواو (کە ئەمەش کێشەی زۆربەی دەوڵەتشارەکانە)، ئەوا دەبیت لێرەدا یاسادانەر بیر لەداڕشتنی دەستوورێکی گونجاو بکاتەوە بۆیان٤٤ . دووەمین باشترین سیستەم ئەو فۆڕمەیە کە بە "دەستووری" ناسراوە (ئەوەی کە هاوڵاتیان تیایدا لەئاستێکی مامناوەندو هاوبەشدا فەزیلەت بەدەست دەهێنن) یاخود دەستوری تێکەڵاو (کە پێکهاتووە لەهەریەک لە دیموکراسی و ئۆلیگارشی و ئەرستۆکراسی، کە لێرەدا هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی مافەکانی پێشێل ناکرێت). زیاتر لەوە "زانا سیاسیەکان" دەبێت لە دەستوورەکان تێبگەن تەنانەت ئەو کاتەشی کە دەستوورێکی خراپە، ئەرستۆ درێژەی پێدەدات و دەڵێت " بۆ سیاسیەکان ڕیفۆرم کردن لەدەستوورێکدا هیچی لەوە کەمتر نیە کە کاربکات بۆ نووسینەوەی دەستوورێک لە سەرەتاوە" بەم شێوەیە بێت "سیاسیەکان دەبێت بەشداربن لە درووستکردنی دەستوورەکاندا"٤٥ . "زانا سیاسیەکان" هەروەها دەبێت درک بەوە بکەن کە هێزی گۆڕانکاریە سیاسیەکان لەهەر ڕژێمێکدا دەبیتە هۆی لاوازبوونی خودی ڕژێمەکەش. ڕەخنەی ئەرستۆ لەپێشینانی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونە خەیاڵیەکان "یۆتۆپیەکان" و هەروەها گوێنەدانە بە ئەرکە پراکتیکیەکانی تیۆردانەرە سیاسیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەرستۆ ماکیافیلیانە بیر ناکاتەوە. بەڵام باشترین دەستوورەکان هێشتا وەک نیزامێکی ئایدیاڵی لەخزمەت سیستەمە حازرەکان دا دەبینێت و بەهایان پێدەدات. ئەم بابەتانە کۆی کتێبی "سیاسەت"یان داگیرکردووە. لە بەشی IV – VI دا تەرکیز دەخاتە سەر دەستوورەکان، کە پێیوایە هەتا ئێستا سێ دەستووری ناتەواو و دەستورێکی تێکەڵ و دەستوری "سیستمی دەستوری" هەیە کە دەتوانێت لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بەدەست بهێنرێت٤٦ . بەشی V ی کتێبی سیاسەت هەمووی باسی گۆرانکاری سیاسی و شۆڕش  دەکات. بەشی VII – VIII تایبەتە بە دەستووری (ئایدیاڵ)ەوە. وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، هەوڵەکانی ئەرستۆ بۆ چەسپاندنی ئەم بەرنامانە ڕووبەرووی گیروگرفتی زۆری دەکاتەوە، وە لێکۆڵەرانیش ناڕازین لەچۆنیەتی ریزبەندکردنی بەشی IV – VI و بەشی VII – VIII ، و پەیوەندیان بەیەکەوە، بۆ نموونە کام بەشیان لەپێشدا نوسراوەتەوە، یاخود کام بەشیان دەبێت لەپێشدا بخوێندرێتەوە یاخود ئایا ئەو بەشانە کۆتاییەکی گونجاویان هەیە لەگەڵ یەکدا، کتێبی "سیاسەت"ی ئەرستۆ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی نیە لەئێستادا، چونکە بەرگری لە دەوڵەتشارەکانی یۆنان دەکات، ئەو دەوڵەتشارانەی کە هێشتا خۆی لە ژیاندا بوو هەڵوەشانەوەو تیاچوون . (وەک باسمان کرد دەوڵەتشارەکانی یۆنان بەتەواوی سەربەخۆیی خۆیان لەکیسدا دوای داگیرکردنیان لەلایەن پاشاکانی مەکەدۆنیاوە.) بەهەمان هۆکار زۆربەی گفتوگۆکانی دەربارەی دەستوورە سیاسیەکان ڕاستەوخۆ توانای جیبەجێکردنیان نیە لە دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرندا (بەو پێیەی کە بەرگرییەکی بێبنەما دەکات بۆ مانەوەی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی ئافرەتان و بێبەشکردنی چینی کرێکار لە ئیمتیازاتەکان). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کتێبی "سیاسەت"ی ئەرستۆ کاریگەریەکی قوڵی بەجێهێشتووە لەسەر فەلسەفەی سیاسی بەڕۆژگاری ئەمڕۆشمانەوە، لەبەرئەوەی پیکهاتەیەکی قوڵ و وروژێنەری هزری تێدایە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی نیگەرانیە بەردەوامەکانی فەلسەفەی سیاسی، کە ئەوانیش بریتین لە ڕۆڵی سروشتی مرۆڤ لە سیاسەتدا، پەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت، شوێنی ئەخلاق لە سیاسەتدا، تیۆری دادپەروەری سیاسی، حوکمی یاسا، شیکردنەوەو بەهاپێدان بە دەستوورەکان، پەیوەندی سیاسەتی ئایدیاڵی بە سیاسەتی پراکتیکیەوە، هۆکارەکان و چارەسەری شۆڕش و گۆڕانکاریە سیاسیەکان، هەروەها گرنگی پەروەردەی ئەخلاقی هاوڵاتیان .

سەرچاوە //
http:plato.stanford.edu/entries/Aristotle – politics
هیلۆمۆرفیزم،ئەو بۆچونە فەلسەفیەیە کە پێیوایە مادە یەکەمین هۆکاری بوونە .

          
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved