مافه‌كانی گه‌لی كورد له دوو شێوه‌دا ده‌رده‌كه‌ون. یه‌كه‌میان، مافه‌كانی تاكی كورد وه‌كو هاووڵاتیه‌كی عێراقی، كه ئه‌ویش له مافی ئازادییه گشتیه‌كان و مافه‌كانی تری تاكی عێراقی خۆی ده‌بینێته‌وه.دوه‌میان مافی به كۆمه‌ڵ وه‌كو مافی نه‌ته‌وه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی گه‌لی عێراق.
گه‌لی كورد وه‌ك هه‌موو گه‌لانی دنیا ئه‌و مافانه‌ی هه‌یه، هه‌ر له مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كانه‌وه تا مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌كان و مافی چاره‌ی خۆنوسین و مافی ژینگه.
گه‌لی كورد مافی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر ئاره‌زوومه‌ند بێت به دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی ئاینده‌ی خۆی و دامه‌زراندنی ئه‌و حكومه‌ته‌ی خۆی ده‌یه‌وێت.پێویسته رێز له رای گه‌لی كورد بگیرێت به‌وه‌ی كه له قازانجی خۆیدایه و خوازیارێتی، بۆ هیچ گه‌لێكی تر نیه رای به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت یان كۆتی بكات یان به زۆر پێچه‌وانه‌ی ئیراده‌ی خۆی ناچاری بكات و بڕیار بدات به پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی قانوونی ده‌ولی گشتی. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا مه‌به‌ستمانه له هه‌ردوو شێوه‌ی مافه‌كان به پێی به‌نده‌كانی ده‌ستووری عێراق بكۆڵینه‌وه.
مافه‌كانی كورد له قانوونی ئیداری ده‌وڵه‌تی عێراقدا
قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی سه‌ددام و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورو په‌سه‌ندكردنی له راپرسیه‌كی كه‌م وێنه‌دا كه له (78,59%) ده‌نگیان پێدا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ستووره كاتی و ئینقلابیه‌كاندا قۆناغێكی تازه‌یه. بۆیه قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه له بنه‌ره‌تدا جیاوازى له قۆناغه‌كانی پێشتر.
جیاوازیه‌كه له دێباجه‌ی قانوونه‌كه به روونی به‌ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌ڵیت((گه‌لی عێراق له تێكۆشاندا بووه بۆ گێرانه‌وه‌ی ئازادیه‌كانی، كه رژێمی پێشوو لێی زه‌وت كردبوون...)). هه‌ڵبه‌ت له رووی شكڵه‌وه ده‌ستووره كاتییه ئینقلابییه‌كان به زه‌برو هێزی سه‌ربازی حوكمی وڵاتیان كردووه، له‌گه‌ڵ زه‌وتكردنی ئیراده‌و ئازادیه‌كانی گه‌لی عێراق به گه‌لی كوردیشه‌وه.
دێباجه جیاوازیه‌كی تر ده‌خاته روو چونكه دڵنیامان ده‌كاته‌وه كه رێز له قانوونی ده‌ولی ده‌گیرێت و له هه‌مانكاتدا تێده‌كۆشێت بۆ پاراستنی یه‌كێتی نیشتیمان به رۆحی برایه‌تی خۆشه‌ویستیه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئایینده‌ی عێراق تازه بكێشێت .
ده‌ستووره كاتیه ئینقلابیه‌كان ره‌نگاڵه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و ئینقلابی عه‌سكه‌ری و پڕ توند و تیژی و لێنه‌بوورده‌یی و ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریان پێوه دیاربوو، له‌گه‌ڵ بوونی سه‌رپێچی به‌رده‌وام ده‌رهه‌ق به مافه‌كانی گه‌لی كورد. له‌م قۆناغه‌دا جیاوازییه‌كه ئاشكرایه‌و خۆی تازه ده‌نوێنێت بۆ عێراقیه‌كان. لێره‌وه خۆری ئازادی هه‌ڵهات به نیه‌تێكی پاك و راستگویانه‌وه، نا بۆ توندوتیژی، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به رۆحێكی برایانه‌و دامه‌زراندنی سیستمی دیموكراسی راسته‌قینه .
مادده‌ی 2 برگه‌ی دوه‌م، ماوه‌ی كات دیاری ده‌كات:(( ئه‌م حكومه‌ته به پێی ده‌ستاوده‌ستكردنی فراوان، به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق پێكدێت و ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆی ئه‌نجومه‌نی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی ئیئتیلافه‌و له‌مڕوه‌وه ده‌كرێت ڕاوێژ به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكرێ)). هه‌ڵبه‌ت یه‌كه‌م جاره له مێژووی عێراقدا ئه‌نجوومه‌نێك دێته‌كایه‌وه كه نوێنه‌ری هه‌موو ره‌نگ و پێكهاته‌كان له‌خۆبگرێت به نوێنه‌رانی گه‌لی كوردیشه‌وه بۆ گه‌یاندنی داواكارییه‌كانی كورد و نوێنه‌رایه‌تی كردنی رۆڵی كوردی كه بتوانێت مافه ره‌واكانی كورد بپارێزێت .ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ئاڵوگۆركردنی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌ی ئاشتیخوازانه ده‌بێت. نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای كوده‌تای سه‌ربازی. له درێژه‌ی ماده‌كه‌دا هاتوه((ئه‌م حكومه‌ته موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات به پێی ئه‌م قانوونه، له‌وانه بنه‌ماو مافه سه‌ره‌كیه‌كانی ناو ئه‌م یاسایه )).
بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی مافه‌كان مادده‌ی 3 به شێوه‌یه‌ك داریژراوه كه ئه‌م یاسایه هه‌موار نه‌كرێت مه‌گه‌ر به مه‌رجی قورس و رێكاری درێژ و پێچاوپیچ نه‌بێت ئه‌ویش به زۆرینه‌ی 4/3 ئ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و به كۆده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌روه‌ك له ده‌قه‌كه‌دا هاتوه: ((...هه‌روه‌ها ئه‌م یاسایه ته‌نها به زۆرینه‌ی سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و كۆ ده‌نگیی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی هه‌موار ده‌كرێ و له‌م ڕووه‌وه هیچ هه‌مواركردنێك ره‌وا نیه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ببێ به هۆی ئه‌و مافانه‌ی گه‌لی عێراق له ده‌روازه‌ی دووه‌مدا باسكران و هه‌روه‌ها نابێ ماوه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه درێژبكرێته‌وه یان كاتی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تازه دوابخرێ یان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان كه‌م بكاته‌وه یان كاریگه‌ری بخاته سه‌ر ئیسلام و ئایین و تایه‌فه‌كانی تر و رێوڕه‌سمه‌كانیان )).
مه‌رجدار كردنی هه‌مواركردنی ئه‌م بنه‌مایانه له ترسی دووباره بوونه‌وه‌ی پێشێلكاریه‌كانی رابردووه كه له دژی مافه‌كانی گه‌ل ئه‌نجامدراون، به تایبه‌ت له دژی مافه‌كانی كورد .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به ده‌سته‌به‌ری مافه‌كان داده‌نرێت كه نوێنه‌رانی كورد و دیموكراتخوازان رۆڵی به‌رچاویان له داڕشتنی ئه‌و ده‌قه یاسایانه و نووسینه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مانه‌تانه له ده‌ستووردا هه‌بووه.
به‌ڵام مادده‌ی چواری ئه‌م قانوونه شتێكی تری هێناوه‌ته كایه‌وه كه جیاوازه له‌وانه‌ی پێشتر، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره گه‌لانی عێراق رایان وه‌ربگیرێت له دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی سیستمی حوكمرانی وڵات به پێی پێكهاته‌كان و راستیه‌كانی عێراق، كه ده‌ڵێت: ((سیسته‌می حوكمرانی له عێراقدا كۆماری، فیدرالی (اتحادی)، دیموكراتی، فره‌یی ده‌بێت. ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان حكومه‌تی فیدرالی حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كان و ئیداره خۆجێیه‌كان دابه‌ش ده‌كرێن)).هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سیسته‌مه ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێت بۆ پاراستن و رێزگرتنی مافه‌كانی گه‌ل. جگه له‌وه چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی لامه‌ركه‌زی كه به‌شێكه له سیسته‌می فیدرالی به سه‌ركه‌تووترین سیسته‌م داده‌نرێت بۆ حوكمڕانی. مێژوو شاهیده كه ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می ناوه‌ندی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌و فه‌شه‌لی هێناوه، چونكه له عێراق هه‌موو ده‌سه‌ڵاًته‌كان چڕ ببۆوه له ده‌ستی ناوه‌ندێكی توندا هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بۆ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان و ئیداره خۆجێیه‌كان نه‌مابوو. لێره‌وه زاره‌وه‌ی هه‌رێمه‌كان په‌یدا بوو، مه‌به‌سته‌كه‌ش زاره‌وه بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان له پێش هه‌رێمه‌كانی تر كه هێشتا دروست نه‌بوون. هێنانی ئه‌م زاراوه‌یه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نوێنه‌ره‌كانی كورد له عێراقدا له جێگیركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له ده‌ستوری عێراقدا، بیرمان نه‌چێت ساڵی 1992 په‌رله‌مانی كوردستان زاراوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیار لێدا. به‌شی دووه‌می مادده‌ی 4 له قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه، ده‌ڵێت((سیسته‌می فیدرالی له‌سه‌ر بنه‌مای راستیه جوگرافی و مێژووییه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌كتر، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌سڵ و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه مه‌زهه‌ب داده‌مه‌زرێ)).
مادده‌ی 5 ی ئه‌م قانوونه زه‌مانه‌تێكی تازه ده‌ڕه‌خسێنێت كه جارێكی تر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی نه‌گرێته‌وه بۆ حوكم كردنی عێراق، كه ده‌لێت: ((هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیی حكومه‌تی عێراق ده‌بن )).
ئه‌مه گه‌ره‌نتیی راسته‌قینه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر له‌و تاوانانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد ئه‌نجامدراون به هۆی ئه‌و سوپایه‌وه بووه كه وه‌لای بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ی سه‌ربازی كوده‌تاچی بووه نه‌ك بۆ نیشتمان، له نموونه‌ی وێرانكردنی سه‌رتاپای چوار هه‌زار گوند و شار شارۆچكه‌ی كوردستان، له‌گه‌ڵ وێرانكردنی ژیاری كوردستان و هۆزه‌كانی خواروو، كوشتنی هه‌زاران له هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و ئه‌نفاله به‌دناوه‌كان و كۆمه‌ڵكوژی و بۆمبابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به كیمیاوی له‌گه‌ڵ گونده‌كانی شانه‌خسێ و گۆپته‌په‌و سێوسێنان و دۆڵی جه‌فایه‌تی گه‌لی بازێ به چه‌كی كیمیاوی و له‌سێداره‌دانی هه‌زاران تێكۆشه‌ری كورد و عێراقی تر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و جه‌نه‌راڵانه‌ی كه ببوونه دارده‌ستی رژێمی به‌عسی كوده‌تاچی. ئه‌م بڕگه‌یه ترسی گه‌لی كورد ده‌ڕه‌وێنێته‌وه و ئاماژه‌یه بۆ ژیانێكی ئاشتیخوازانه بۆ هه‌موو عێراقیه‌كان.
ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و هه‌موو سه‌رپێچیانه‌ی كه دژ به میله‌تی كورد له لایه‌ن ڕژێمی رابردووه‌وه ئه‌نجامدراون، مادده‌ی 6 بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه دانراوه كه ده‌ڵیت: ((حكومه‌تی كاتی عێراق هه‌نگاوی كاریگه‌رانه ده‌نێت بۆ كۆتایهێنان به‌و نه‌هامه‌تیه‌ی كه ڕژێمی پێشوو ئه‌نجامی داون، له‌وانه ئاواره‌كردنی زۆره‌ملێ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماڵی گوێزراوه و نه‌گوێزراوه و ده‌ركردن له وه‌زیفه‌ی میری به هۆكاری سیاسی و ره‌گه‌زپه‌رستی تایه‌فه‌گه‌ری)).
ئه‌م ماده‌یه جگه له‌وه‌ی دان نانه به‌و هه‌موو تاوانه‌ی كه له دژی گه‌لی كورد و عێراقیه‌كان ئه‌نجامدراون، به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی مافه‌كانیشه، ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه كۆمه‌لێك رێكاری داناوه كه له‌وه پێشتر بۆ ئاسایكردنه‌وه‌و وه‌ك خۆی لێكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان نه‌بون.
به‌ڵام بڕگه‌ی 1 له مادده‌ی 7 بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌ڵه بنیاتنراوه هاتووه ((... نابێت یاسایه‌ك دابنرێت له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئه‌و مافانه‌ی كه له ده‌روازه‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه هاتوون...)).
ئه‌مه‌ش زه‌مانه‌تێكی تره بۆ ده‌رنه‌چوواندنی یاسایه‌ك كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ كه له ده‌روازه‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه. بڕگه‌ی دووه‌می ئه‌م ماده‌یه عێراق به هۆش خۆی ده‌هێنێته‌وه كه ده‌لێت: ((عێراق وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یه‌و گه‌لی عه‌ره‌بیش تیایدا به‌شێكه له میلله‌تی عه‌ره‌ب)). ئه‌و قه‌وانه نه‌ما كه عێراق به‌شێك بێت له میله‌تی عه‌ره‌ب. له‌م ده‌قه‌دا هه‌ندێك شت چاككراوه، واته دان نراوه به فره پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌كان له عێراق. ئه‌مه جیاوازه له ده‌ستووره ئینقلابیه‌كانی پێشوو كه هه‌میشه ده‌یانووت ((عێراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب)). لێره‌دا ئه‌وه راست ده‌كه‌ینه‌وه كه گه‌لی عه‌ره‌ب له عێراق به‌شێكى له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته، گه‌لی كورد به‌شێك نیه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به‌ڵكو به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی تر كه نه‌ته‌وه‌ی كورده. هه‌رێمی عه‌ره‌بستان به‌شێكه له نیشتمانی عه‌ره‌ب، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌شێك نیه له نیشتمانی عه‌ره‌ب، به‌ڵكو به‌شێكه له نیشتمانی كوردان (كوردستان). كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی تر دابه‌ش بوونه به‌سه‌ر هه‌ردوو هه‌رێمدا له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كورد نین.
ده‌رده‌كه‌وێت مادده‌ی 9 هه‌ندێك له ده‌قه ده‌ستووره‌كانی پێشوو راست ده‌كاته‌وه كه بنیات نرابوو له‌سه‌ر بنه‌مای شۆفێنی به ئینكار كردنی بوونی زمانی كوردی كه ده‌لێت: ((زمانی عه‌ره‌بی و زمانی كوردی دوو زمانی ره‌سمی عێراقن، مافی عێراقیه‌كانیش سه‌باره‌ت به فێربوون به زمانی دایك وه‌ك توركمانی سریانی ئه‌رمه‌نی له ده‌زگا فێركارییه حكومیه‌كاندا به پێی رێسا په‌روه‌ردییه‌كان یان سه‌باره‌ت به فێربون به هه‌ر زمانێكی له ده‌زگا فێركاییه تایبه‌ته‌كاندا،مسۆگه‌ره...))
یه‌كه‌م جاره ماف بدرێته‌وه به خاوه‌نه‌كه‌ی و دان بنرێت به راستیه‌كان كه ئه‌ویش بوونی زمانه‌كانی تره. ده‌رده‌كه‌وێت كه گه‌لی كورد له عێراقدا كه‌مینه، یان پله دوو نیه، به‌ڵكو ئه‌م قانوونه مافی به كورد داوه وه‌كو زمانێكی سه‌ره‌كی و ره‌سمی له عێراقدا سود له زمانی خۆی وه‌ربگرێ. هه‌روه‌ها ئه‌مه یه‌كه‌م جاره ده‌ستورێكی عێراق راسته‌وخۆ دان به بوونی زمانه‌كانی تردا وه‌كو توركمانی و سریانی و ئه‌رمه‌نی بنێت.
ئه‌م ماده‌یه پێوه‌ری داناوه بۆ زمانی ره‌سمی كه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به دیارده‌كه‌وێت ((1.ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قائیعی عێراقی) به هه‌ردوو زمان. گفتوگۆكردن و ئاخافتن و ده‌ربڕین له بواره فه‌رمیه‌كاندا وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی (په‌رله‌مان)، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دادگاكان، كۆنگره فه‌رمیه‌كان به هه‌ردوو زمان ده‌بێت.
2.دان نان به هه‌موو به‌ڵگه‌نامه فه‌رمیه‌كان و نامه گۆرینه‌وه به هه‌ردوو زمان، ده‌رچوانی به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی به هه‌ردوو زمان. كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان به پێی رێكخسته‌ی په‌روه‌رده‌ی، یان هه‌ر بوارێكی تر كه بنه‌مای یه‌كسانی ببه‌خشێت وه‌كو پاره‌و دراو، پاسپۆرت و پول.له هه‌رێمی كوردستان له ده‌زگاكانی فیدرالی عێراقی هه‌ردوو زمان به‌كاردێن )).
ده‌قه‌كه روون و ئاشكرایه، ئیراده‌ی یاسادانه‌ر ئیراده‌یه‌كی بوێرانه‌یه، یه‌كسانی له نێوان هه‌ردوو زماندا كردووه.كاری كردووه به بنه‌مای یه‌كسانی له به‌كارهێنانی هه‌ردوو زمان له ده‌زگاكانی سه‌رتاپای ده‌وڵه‌تی عێراق بنه‌مای یه‌كسانیش به‌شێكه له بنه‌ماكانی پاراستنی مافی مرۆڤ. له راستیدا هێمایه بۆ پێكهاته‌كانی عێراق. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی عه‌مه‌لی، كه هیچ كام له عه‌قڵ و لۆجیك و دیموكراسی ره‌دی ناكاته‌وه.
یه‌كه‌مجاره هاوڵاتی كورد هه‌ست بكات كه ده‌ستووری وڵات مافه‌كه‌ی بۆ بگه‌رێنێته‌وه كه پێشتر لێی زه‌وت كرابوون و ده‌سته‌به‌ری بۆ ده‌كات كه جارێكی تر ئه‌و پێشلكاریانه دووباره نابێته‌وه.
به‌ڵام مادده‌ی 10 له‌م قانوونه ده‌لێت: ((وه‌ك گوزارشتێكی سه‌روه‌ری و ئیراده‌ی ئازادی گه‌لی عێراق، نوێنه‌ره‌كانی هه‌ڵده‌ستن به پێكهێنانی حكومه‌تێك بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق. له‌سه‌ر حكومه‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق و هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كان و كارگێڕیه خوجێیه‌كانه كه رێز له مافه‌كانی گه‌لی عێراق بگرن، به‌و مافانه‌شه‌وه كه له‌م ده‌روازه‌یه‌دا هاتوون)).
له‌وردبوونه‌وه له‌م مادیه‌و راڤه‌كردنی ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه:
1.عێراقیه‌كان به ئیراده‌ی ئازادی خۆیان حكومه‌تی خۆیان و ده‌زگاكانی پێك ده‌هێنن.
2.ئه‌م ده‌زگایانه رێز له مافه‌كانی گه‌لی عێراق ده‌گرن كه له ده‌ستوردا جێگیركراوه.ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و دیموكراسی هه‌نگاوده‌نێت له‌گه‌ڵ رێزگرتن له مافه‌كانی گه‌لی عێراق به مافه‌كانی گه‌لی كوردیشه‌وه. لێره‌دا گه‌لی كورد له عێراق دوو مافی هه‌یه، یه‌كه‌میان مافێكی نه‌ته‌وه‌ییه كه له ده‌ستوردا جێگیر كراوه ،دووهه‌میان مافێكی دیموكراتیه وه‌كو هه‌ر هاووڵاتیه‌كی تاكی عێراقی.
یه‌كێك له مافه زه‌وتكراوه‌كانی گه‌لی كورد بۆ كورد ده‌گه‌رێته‌وه له‌م روه‌وه مادده‌ی 11 ده‌ڵێت: ((هه‌ر عێراقیه‌ك له سۆنگه‌ی هۆی سیاسی و ئاینی و ره‌گه‌زی و تایفه‌گه‌رییه‌وه ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی لێ سه‌ندرابێته‌وه، مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌یه)). به‌ڵام ئه‌مه ده‌بێت به یاسا رێك بخرێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌م ده‌قه له شوێنی خۆی ره‌ق ده‌بێته‌وه كاری پێناكرێت.
سزای لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه دژی پێوانه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه، چونكه پێشتر بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه كه هه‌موو مرۆڤێك مافی بنه‌ره‌تی خۆی هه‌یه. ڕژێمی رابردوو زۆر ئه‌م سزایه‌یی له‌سه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجامدابوو، كه نزیكه‌ی نیو ملیۆن كوردی فه‌یلی ره‌گه‌زنامه‌یان لێسه‌ندرابۆوه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سه‌رپێچی بنه‌ماكانی قانوونی نێوده‌وڵه‌تیی مافی مرۆڤه.
مادده‌ی 12 یه‌كسانی ده‌كاته پێوه‌ر بۆ یه‌كسانی هه‌موو هاوڵاتیانی عێراقی، كه ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی دوه‌لی هه‌یه، وه‌ك له ده‌قه‌كه‌دا هاتووه: (( عێراقیه‌كان یه‌كسانن له مافه‌كانیان بێ گوێدانه ره‌گه‌ز و بۆچوون و بیر‌و راو نه‌ته‌وه ئاین و مه‌زهه‌ب و ره‌چه‌ڵه‌ك، هه‌موویان یه‌كسانن به‌رامبه‌ر یاسادا.جیاكاری قه‌ده‌غه‌یه له نێوان هاوڵاتیانی عێراقی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه ئاین و ره‌چه‌له‌ك. هه‌موویان مافی ئاسایش و ژیان و ئازادیان هه‌یه، نابێت كه‌س بێبه‌ش بكرێت له مافی ژیان و ئازادی مه‌گه‌ر به پێی رێكاری یاسایی، هه‌موویان له به‌رامبه‌ر دادگاكان یه‌كسانن )).
ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه چوار مانای لێ ده‌رده‌كه‌وێت:
1.هاووڵاتیانی عێراق یه‌كسانن له به‌رامبه‌ر یاسادا.
2.جیاكاری قه‌ده‌غه‌یه له نێوان هاووڵاتی عێراقی به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت.
3.پاراستنی ئاسایشی كه‌سی و ژیان و ئازادی.
4.رێگه نادرێت به بێبه‌شكردنی هیچ هاوڵاتیه‌كی عێراقی له ماف و ئازادیه‌كانی، مه‌گه‌ر به پێی یاسا‌و هه‌مووشیان له به‌رامبه‌ر دادگاكان‌دا یه‌كسانن. گه‌لی كورد وه‌ك هاوڵاتیه‌كی عێراقی ده‌توانێت سوود له‌م ده‌قه ده‌ستوریه وه‌ربگرێت.
هه‌روه‌ها بڕگه‌ی ب له مادده‌ی 20 دڵنیامان ده‌كاته‌وه كه رێگه به جیاكاری له نێوان عێراقیه‌كان نه‌دراوه، ده‌لێت (( نابێت هیچ جیاوازیه‌ك هه‌بێت له دژی هه‌ر هاووڵاتیه‌كی عێراقی بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز و ئایین و یان مه‌زهه‌ب و ئه‌تنی بیروڕاو نه‌ته‌وه و زمان و سامان و ئاستی زانستی له نووسین و خوێندنه‌وه)).
مادده‌ی 12 گه‌ره‌نتی ده‌داته هاوڵاتیانی عێراق كه ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان و ئیداره خۆجێیه‌كان به زیاده‌ڕه‌ویی له‌گه‌ڵ مافی هاوڵاتیان مامه‌ڵه ناكه‌ن. مادده‌ی 21 ماف ده‌دات به هاووڵاتیان كه كاتی زیانلێكه‌وتنان به زیانی ئابووری قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
مادده‌ی 46 دان ده‌نێت به بڕیاری دادگای هه‌رێمه‌كان و ناوخۆ به دادگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به‌وه‌ی كه بڕیاری كۆتاین.به‌ڵام له ژێرچاودێری دادگای فیدرالیدان، ئه‌گه‌ر له له‌گه‌ڵ یاسای به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا یان له‌گه‌ڵ هه‌ر یاسایه‌كی فیدرالیدا ناكۆك بون.
مادده‌ی 53 چوار بڕگه‌ی هێناوه، سیانیان راسته‌خۆ په‌یوه‌ستن به مافه‌كانی گه‌لی كورده‌وه كه ده‌ڵێت: ((دان ده‌نرێت به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه حكومه‌تێكی فه‌رمیه بۆ ئه‌و خاكه‌ی له ژێر ركێفیدا بوو پێش 19/3/2003 كه ده‌كه‌ونه پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دیاله‌و نه‌ینه‌وا. هێنانی ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مانای په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان دێت)). هه‌لبه‌ت بۆ یه‌كه‌م جاره كه ده‌بینین كه دان ده‌نرێت له رێگه‌ی ده‌ستوره‌وه به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له په‌رله‌مان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری .
به‌ڵام بڕگه‌ی ب سنوری هه‌ر 18 پارێزگاكه‌ی عێراقی وه‌ك خۆی هێشتوه‌ته‌وه بێ ده‌ستكاریكردن له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا. له راستیدا ئه‌مه پشگیری بوو له چاره‌سه‌ری خێرای ناوچه دابڕاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام بڕگه‌ی ج - مافی داوه به پارێزگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان جگه له كه‌ركوك و به‌غداد هه‌رێم پێكبهێنن.حكومه‌تی كاتی عێراق ده‌توانێت میكانزمێك پێشنیار بكات بۆ پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان.ئه‌و كات په‌رله‌مانی هه‌لبژێراو ده‌توانێت ته‌ماشای بكات و بڕیاری له‌سه‌ر بدات.جگه له‌مه مه‌رجه ره‌زامه‌ندی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه له رێگه‌ی راپرسیه‌وه به‌ده‌ست بهێنرێت.
ده‌ركردنی كه‌ركوك له‌و مافانه له ترسی هه‌ندێك شوڤێنی عه‌ره‌به كه ئه‌گه‌ر كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان عێراق ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
مادده‌ی 54 چاره‌سه‌ری ئابووری و سیاسی و یاسادانی هێناوه‌ته گۆڕی كه ده‌لێت: (( اّ.حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌م ده‌بێت له كاری ئێستای خۆی له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فێدرالیدایه...خه‌رجی ئه‌و وه‌زیفانه‌ش له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فێدرالیدایه، هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ كاركردن به گوێره‌ی مادده 25 بڕگه‌ی (ه) ی ئه‌م یاسایه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو جاران ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆ‌و و هێزه‌كانی پۆلیسدا ده‌شكێ و مافی سه‌پاندنی باج و ره‌سمی له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه)).
ب.له مادده‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه:په‌رله‌مانی كوردستان رێگه‌پێدراوه به جێبه‌جێكردنی یاساكانی عێراق له ناو هه‌رێمداو، ده‌توانێت هه‌مواری جێبه‌جێكردنیان بكات. ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فێدرالیه.به پێی (مادده‌ی 25، مادده‌ی 43 _د)ی ئه‌م یاسایه كه له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فێدرالیه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مادده‌یه توانیویه‌تی هاوسه‌نگی دروست بكات له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فێدرالی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ،به‌ڵام ئه‌مه‌ش دوا نه‌خشه رێگا نیه تا هه‌تایه.
ده‌ستكه‌وتێكی تر له مافه‌كانی دیموكراسی لامه‌ركه‌زی ئیداریه، مادده‌ی 56 ده‌سه‌ڵاتی زۆرتری داوه به هه‌رێم و پارێزگاكان له‌سه‌ر بنه‌مای لامه‌ركه‌زی له‌سه‌ر شێوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌و پێیه‌ی كه ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووه. به‌ڵام مادده‌ی 57 باشتر ڕوونی كردوه‌ته‌وه كه ده‌لێت ((1.هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه هی حكومه‌تی فیدرالی نین و هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌توانن پیاده‌ی بكه‌ن .
2.رێكخستنی كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی سه‌رجه‌م عێراق، هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت)).
نموونه گه‌لێك زۆرن بۆ پیشێل كردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و عێراق كه رژێمه‌كانی پیشوو ئه‌نجامیان داوه به تایبه‌ت ڕژێمی به‌عسی سه‌ددام، ده‌بێت ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ربكرێت له‌وانه كێشه‌كانی موڵكدارێتی له چوارچێوه‌ی یاسایی، تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌وه به خێرایی و لابردنی ئه‌و زوڵمه‌ی كه له گه‌لی كورد كراوه به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی دابراو له هه‌رێم وه‌كو كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تر،به نموونه، به سیاسه‌تی پاكتاوكردن و كۆچپێكردنی زۆره‌ملێ و گواستنه‌وه‌و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه، جێ‌نشین كردنی عه‌ره‌بی هاورده له شوێنیان و بێبه‌شكردنی راگوێزراوه‌كان له كاركردن و وه‌زیفه‌كانی حكومه‌ت.
له‌م مادده‌ی سه‌ره‌وه ئه‌و پێشێلكاریانه‌مان دێته‌وه پێش چاو كه به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ئه‌نجام دراون ،له‌وانه:
1.كۆچپێكردنی زۆره‌ملێی ناوخۆی.
2.به عه‌ره‌بكردنی ناوچه كورد نشینه‌كان، به‌ڵام ئه‌م قانوونه ناوی ناوه نیشته‌جێكردنی غه‌ریب و غه‌واره‌كان، ئه‌م زاراوایه له شوێن خۆیدا نیه‌و ناتوانێت ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت چونكه ناوی ته‌عریبی تێدا به‌كارنه‌هاتوه، كه ئه‌سڵی پرۆسكه پرۆسه‌ی به عه‌ره‌بكردنه.
3.بێبه‌شكردنی هاووڵاتیانی كورد له ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان له وه‌زیفه‌كانیان و ده‌ركردنیان له كاره‌كانیان.
4.بڕیاری (راست كردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی) واته هه‌موو خه‌ڵكی هان ده‌دا كه خۆیان بكه‌ن به عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان راست بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه.
مادده‌ی 59 ی ئه‌م یاسایه دڵنیامان ده‌كاته‌وه كه جارێكی تر هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق له دژی هاووڵاتیه‌كانی خۆیان له چاره‌سه‌ر كردنی پرسی ناوخۆی به‌كارناهێنرێن.
مافه‌كانی كورد له ده‌ستوری 2005 دا
یاساناسان و كۆمه‌ڵناسانی كۆنی فه‌ره‌نسا به تایبه‌ت فه‌یله‌سوفانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی پێیان وابوه كه ده‌ستور گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، به تایبه‌ت له نێوان دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كه گه‌لی كورد و عه‌ره‌به، به‌م گرێبه‌سته یه‌كیان گرتووه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستووره له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی هه‌ردوولا نوسراوه زۆرینه‌ی عێراقیه‌كان به رێژه‌ی (78,59%) ده‌نگیان پێی داوه. كه‌وابوو راسته به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه یه‌كیان گرتوه، كه‌ی ئه‌و یه‌كگرتنه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه ئه‌م ده‌ستوره‌ش كۆتایی دێت. واته هه‌ردوولایان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ش جیاده‌بنه‌وه، ده‌كرێت بلێن ئه‌مه به‌شێكه له مافی چاره‌ی خۆ نووسین.
له باره‌ی مافی ئابووریه‌وه دێباجه ده‌ڵێ:((..شێوازی دابه‌شكردنی سامان به‌شێوه‌یه‌كی عادیلانه ده‌بێت ،ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هه‌مووانه )) .هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه له مادده‌ی 6 ی عه‌هدی دوه‌لی بۆ مافه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌كان هاتووه((1.ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌م عه‌هده دان به مافی كاردا ده‌نێن، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گرێته‌وه كه هه‌موو كه‌سێك مافی هه‌یه هه‌لی كاری بۆ بڕه‌خسێت و بتوانێت داهات و نانی خۆی په‌یدا بكات، كارێك بكات كه خۆی ده‌یخوازێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زمه‌ندانه هه‌ڵده‌سێت به دابینكردنی رێكاری گونجاو بۆ پاراستنی ئه‌م مافه)).
هه‌ڵبه‌ت پێشتر، به هیچ كلۆجێك دابه‌شكردنی سامان و ره‌خساندنی هه‌لی كار له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسان و عادیلانه نه‌بووه له عێراقدا.ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه بۆ پاراستنی مافه ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتورییه‌كان داڕێژراوه كه ده‌ستوره ئینقیلابیه‌كانی پێشووی له خۆ نه‌گرتبوو، ده‌رباره‌ی سیستمێكى سیاسی عێراق كه مافێكی سیاسی هاووڵاتیانه، دێباجه ده‌ڵێت: ((ئێمه‌ی گه‌لی عێراق،كه له‌رێگه‌ی سیسته‌مێكی كۆماری،فیدرالی،دیموكرات و فره‌ییه‌وه به متمانه ده‌ڕوانینه ئاینده ...)).
ئه‌م ده‌قه له‌ڕووی مافی سیاسی و ده‌ستورییه‌وه واقعیانه ئامانج ده‌پێكێت. بێگومان ئه‌م ده‌ربڕینه ده‌توانرێ مافه‌كانی گه‌لی كورد بچه‌سپێنرێ له ده‌ستووردا و ده‌سته‌به‌ری پاراستنی بۆ بكرێ. هه‌روه‌ها چه‌سپاندنی هه‌ندێك مافی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌وانه (( رێزگرتن له بنه‌ماكانی قانوون، به‌ده‌ستهێنانی عه‌داله‌ت و یه‌كسانی، ریسواكردنی سیاسه‌تی دوژمنكارانه، گرنگیدان به ژنان و دابین كردنی مافه‌كانیان، پیران و هیواكانیان، مناڵان و كاروباریان، بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری فره‌یی، هه‌ڵكشانی فتیلی تێرۆر)).
ئه‌م ده‌قه بانگه‌وازی ده‌وڵه‌تی قانوونی ده‌كات له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی سیسته‌می فێدرالی فره‌یی و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌روه‌ها بانگه‌وازی بنه‌مای یه‌كسانی ده‌كات و دژی جیاكاریه، ریسواكردنی سیاسه‌تی دوژمنانه‌و گرنگیدان به ژنان و دابین كردن و پاراستنی مافه‌كانیان له رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه. هه‌روه‌ها هیچ پێوانه‌یه‌كی دانه‌ناوه بۆ دابین كردن و پاراستنی مافی ژنان، ئایا پێوانه‌ی یه‌كسانی له‌گه‌ڵ پیاواندا ؟ یان پێوانه‌یه‌كی تر.
فره‌یی و مافه‌كانی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ت دیارده گه‌لێكن په‌یوه‌ندیان به ژیانه‌وه هه‌یه، ناكرێت ته‌ماشای دیموكراسی بكرێت و دوور له مافه‌كانی مرۆڤ و فره‌یی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ی و مه‌زهه‌بی و ئایینی. دێباجه‌ی ده‌ستووری تازه‌ی عێراق ئه‌م مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌مان بۆ دڵنیاده‌كاته‌وه.ده‌رباره‌ی فره‌یی و فیدراله‌یتی عێراق ده‌لێت :((ئێمه‌ی گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه له خۆمان رابینیوه كه به ئازادی و به شێوه‌یه‌كی ئارزوومه‌ندانه بڕیار له‌سه‌ر یه‌كگرتن بده‌ین..)).
هه‌روه‌ها پاراستنی عێراق و یه‌كێتییه‌كه‌ی پابه‌ندیه‌كی ده‌ستورییه كه ده‌سته‌به‌ری پاراستنی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی عێراقه به گه‌ل و خاك و سه‌روه‌ییه‌وه.
ئه‌م ده‌ستووره ده‌ستبه‌ری یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه، له‌م باره‌یه‌وه مادده‌ی 2 ده‌ڵێت: ((ب.قه‌ده‌غه‌یه یاسایه‌ك دابنرێت كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی، هه‌روه‌ها بڕگه‌ی ج.قه‌ده‌غه‌یه یاسایه‌ك دابنرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ماف و ئازادیه سه‌ره‌كیانه‌ی له‌م ده‌ستووره‌دا هاتووه )).
له‌م باره‌یه‌وه ناسان براون ده‌ڵێت ((به‌ڵام مادده‌ی 2 ی ئه‌م ده‌ستووره قه‌ده‌غه‌ی ده‌رچوونی یاسایه‌ك ده‌كات كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیدا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ په‌رله‌مان و ئامۆژگاری ده‌كات ، ئه‌گه‌ر چی ماناكه‌ی روون نیه، به‌ڵام ئه‌م برگه‌یه ماده لاوازه‌كانی ده‌ستوور به‌هێز ده‌كات له مه‌ودای دووردا، كه تایبه‌تن به مافه‌كان)).
به‌ڵام ماده‌ی 3 ی ئه‌م ده‌ستووره دڵنیایی ده‌داته فره‌یی كه ده‌ڵێت: ((عێراق وڵاتی نه‌ته‌وه‌كان و ئایین و ئاینزاكان و مه‌زهه‌به‌كانه...تاد)).
ئه‌وه نه‌ما له شه‌و ڕۆژێكدا عێراق به‌شێك بێت له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، پێكهاته‌كانی تریش پشتگوێ بخرێن، به‌ڵكو دان نراوه به ئه‌رزی واقع و بووندا، پێویستی یه‌كێتی له ئه‌نجامی بوونی پێكهاته‌ی جیاجیاوه هاتوه،كه فره پێكهاته‌یه. فره‌یی و شه‌فافیه‌ت دوو دیارده‌ی شارستانی دیموكرات و مافی مرۆڤن. مادده‌ی 4 ته‌واوكه‌ری ماده‌ی پێش خۆیه‌تی كه ده‌ڵێت: ((یه‌كه‌م :هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی دوو زمانی فه‌رمی عێراقن ..تاد)).ئه‌مه یه‌كه‌مجاره مافه‌كانی كورد له‌وانه مافی زمانه‌كه‌ی به ره‌سمی له ده‌ستووری هه‌میشه‌ی عێراق جێگیربكرێت. كه ئه‌مه‌ش له‌راستیدا درێژكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 9 ی قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه بۆ قۆناغی گواستنه‌وه.
چوارچێوه‌ی زاراوه‌ی ((زمانی فه‌رمی)) كۆمه‌ڵه پێوانه‌یه‌ك دێته‌كایه‌وه كه ده‌لێت:
1-ده‌رچواندنی روژنامه‌ی ره‌سمی به هه‌ردوو زمان .
2-قسه‌كردن و گفتوگۆ ده‌ربڕین له بواره ره‌سمیه‌كانی وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
3-كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و خوێندنگاكان به پێی پێودانگه په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
4-له هه‌ر بوارێكی تر كه بنه‌مای یه‌كسانی به گرنگ له قه‌ڵه‌می بدات،وه‌كو : پاره ،پاسپۆرت و پوول .هه‌روه‌ها ده‌زگا فیدرالیه‌كان و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ردوو زمان به‌كارده‌هێنن.
مادده‌ی 2 له راگه‌یه‌ندراوی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت: ((هه‌موو مرۆڤێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌موو ماف و ئازادییه‌كانی هه‌بێت كه له‌م راگه‌یندراوه‌دا هاتوه،به بێ جیاكاری به هۆكاره‌كانی ئه‌نتی و ره‌نگ و ره‌گه‌ز و زمان ..)) .به‌م شێوه‌یه ده‌ستووری عێراق ئه‌و ده‌ستبه‌ریه‌ی له مافه‌كانی مرۆڤه‌وه وه‌رگرتووه.
مادده‌ی 5 له ده‌ستووری تازه‌ی عێراق دڵنیایی به گه‌ل ده‌به‌خشێت كه هه‌ر خۆی خاوه‌نی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه،ده‌ڵێت: ((سه‌روه‌ری بۆ یاسا، گه‌ل سه‌رچاوه و شه‌رعیه‌تی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه، له هه‌ڵبژاردنێكی نهێنی گشتی راسته‌وخۆدا له رێگه‌ی ده‌زگا ده‌ستوریه‌كانه‌وه ده‌بێت)).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ده‌قه زۆر جوان رێكخراوه و كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی له خۆ گرتووه و كۆمه‌ڵێك مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه:
1-ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تێكی قانوونییه.
2-گه‌ل خۆی ده‌ستور و قانون داده‌رێژی بریاری لێ ده‌دات.
3-گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌ته.
4-گه‌ل موماره‌سه‌ی هه‌لبژاردنه‌كان و راپرسی ده‌كات به شێوه‌ی گشتی و راسته‌خۆ و نهێنی، له رێگه‌ی ده‌زگا ده‌ستووریه‌كانه‌وه كه هه‌ڵبژێراون و پێكهاتوون به پێی ده‌ستور.ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه، ئاخۆ گه‌رانه‌وه بۆ ده‌ستوور گه‌ل حوكمی كردبێت بریتی نیه له رێزگرتن له گه‌ل و رایه‌كه‌ی ؟
مادده‌ی 6 دڵنیای ده‌به‌خشێت به ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و له رێگه‌ی دیموكراتیه‌وه.به‌ڵام مادده‌ی 7 به پێی رێكه‌وتننامه‌كان قه‌ده‌غه‌ی جیاكاری و ره‌گه‌ز په‌رستی تیرۆر و ته‌كفیر و پاكتاوی تایه‌فی ده‌كات له‌گه‌ڵ پێشێلكاریه‌كانی تر كه پێشتر له دژی هاوڵاتیانی عێراق ئه‌نجام دراون له پێش هه‌موویانه‌وه گه‌لی كورد.
له ده‌ستووره‌كانی پێشوو پێشێلكاریی فراوان له دژی مافه‌كانی گه‌لی كورد ئه‌نجام درابوون، ده‌ستوركانی پێشوو ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان دابوه سه‌رۆكی حیزب كه هه‌ر خۆی سه‌رۆكی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ت بوو، مافه‌كانی گه‌لی كوردیان له خۆ نه‌گرتبوو، ئه‌وه‌نه‌ش وه‌كو رووكه‌ش باسی لێوه‌كردبوو هیچ زه‌مانه‌تێكی بۆ دانانه‌بوو.به‌ڵام به به‌راورد به ده‌ستووری 2005 به پێچه‌وانه‌وه مافه‌كانی گه‌لی كوردیان له‌خۆ گرتووه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باشیش زه‌مانه‌تی بۆ داناوه.كه‌وابوو ده‌ستووری عێراق كاری به بنه‌مای سه‌روه‌ریی میلله‌ت كردوه.
مادده‌ی 9 پێوانه‌ی یه‌كسانی هێناوه بۆ به‌شداری پێكهاته‌ی گه‌لی عێراق له هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه هاوئاهه‌نگ بن و بێ جیاكاری و پشتگوێ خستن.
مادده‌ی 12 یه‌كه‌م :به یاسا ئاڵای عێراق و درووشم و سروودی نیشتمانی رێكده‌خرێت، به پێی ئاماژه‌ی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق.ئه‌م ماده‌یه به شێوه‌یه‌كی عه‌مه‌لی كار به فره‌یی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق ده‌كات.
مادده‌ی 14 بنه‌مای یه‌كسانی و ته‌مییز نه‌كردنی به هه‌ر هۆیه‌ك بێت هێناوه.هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ماده‌یه له جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤه‌وه وه‌رگیراوه و ئه‌م ده‌ستووره‌ش هه‌وڵی داوه رێز له بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بگرێت ، هه‌وڵی داوه به شێوه‌یه‌كی گونجاو ئه‌م ده‌قه دابرێژێته‌وه كه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی عێراقدا هه‌ماهه‌نگ بێت.لێره‌دا هاووڵاتیانی كورد یه‌كسانه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیه عێراقیه‌كان.
مافی ره‌گه‌زنامه مافێكی سیاسی هاووڵاتییه.مادده‌ی 18 ئه‌م مافه ده‌پێكی له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی و له‌ده‌ستدانی. به هه‌مان پێوه‌ری ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی رابردوو نیه، به‌ڵكو له‌سه‌ر پێوایه‌یه‌كی جیهانی دایڕشتۆته‌وه كه له‌گه‌ڵ واقیعدا گونجاوه. برگه‌ی 3-چاره‌سه‌ری پێشێلكاریه‌ك ده‌كات كه رژێمی پێشوو پیاده‌ی كردبوو له‌سه‌ر كورده فه‌یلیه‌كان، لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی لێیان، ته‌نانه‌ت بێبه‌ش كردنیان له ساده‌ترین مافه‌كانیان، ده‌ڵێت((لێسه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه له‌و كه‌سانه‌ی كه به له دایككبون عێراقین به هه‌ر هۆیه‌ك بێت قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌و كه‌سه‌ی لێی سه‌ندراوه‌ته‌وه مافی وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به یاسا رێكده‌خرێت)).چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایه‌ی دیاریكردوه كه له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ده‌رده‌چێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و ترسه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه كه پێدانی ره‌گه‌زنامه، له بڕگه‌ی 5 دا بۆ مه‌به‌ستی ناڕه‌وا بووبێت، كه ده‌ڵێت: ((ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی بۆ مه‌به‌ستی سیاسه‌تی نیشته‌جێكردن كه زیان به پێكهاته‌ی دانیشتوان له عێراقدا بگه‌یه‌نێت نادرێ )).
ئه‌م بڕگه‌یه له هه‌مانكاتدا ده‌سته‌به‌ر و زه‌مانه‌ته بۆ دووباره نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی پێشوو ده‌رهه‌ق مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له عێراقدا، كه بۆ مه‌به‌ستی شۆڤێنی ره‌گه‌زپه‌رستی ئه‌نجامیان دابوو .
به‌ڵام مادده‌ی 61-4 ده‌رباره‌ی په‌سه‌ند كردنی په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه،ده‌ڵێت: ((رێكخستنی كرداری په‌سه‌ندكردنی په‌یمانامه‌و رێكه‌وتنامه دولیه‌كان به پێی یاسایه‌ك كه به زۆرینه‌ی 3/2 ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌كرێ)).له راستیدا ئه‌م ماده‌یه ده‌سته‌به‌ری ئه‌و مافه ده‌كات كه جارێكی تر عێراق هیچ په‌یماننامه‌یه‌كی ده‌ركی ئیمزا نه‌كات كه له دژی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێت له عێراقدا .
مادده‌ی 105 زه‌مانه‌تی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه ئیداره ده‌درێت له لایه‌ن گه‌لی كورد خۆیه‌وه، ده‌لێت(( ده‌سته‌یه‌كی گشتی پێك ده‌هێنرێت بۆ ده‌سته‌به‌ری مافی هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان كه هێشتا رێكنه‌خراون له هه‌رێمێكدا، بۆ به‌شداری كردنێكی عادیلانه له نوێنه‌رایه‌تیه‌كان و زه‌ماله‌كانی خوێندن، شانده‌كان و كۆنگره‌ی هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تی، كه پێك دێت له نوێنه‌ری حكومه‌تی فیدرال و هه‌رێمه‌كان پارێزگاكانی له هه‌رێمێكدا كه هێشتا رێكنه‌خراون، ئه‌مه‌ش به یاسا رێكده‌خرێت)). له راستیدا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م ماده‌یه له مادده‌ی 21 راگه‌یه‌ندراوی جیهانی مافی مرۆڤه‌وه وه‌رگیراوه كه ده‌لێت :
1.هه‌موو تاكێك مافی به‌شداریكردنی هه‌یه له ئیداره‌ی گشتی وڵاته‌كه‌ی راسته‌وخۆ له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیه‌وه كه هه‌ڵی بژاردون به ئازادی.
2.هه‌موو كه‌سێك هه‌مان مافی هه‌یه كه كه‌سانی تر هه‌یانه، له وه‌رگرتنی پۆستی ئیداری وڵات .
3.ئیراده‌ی گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته كه به هه‌ڵبژاردنێكی نهێنی و به یه‌كسانی به ده‌نگدانی ئازاد ئه‌نجام بدرێت .
ئه‌م مادده ده‌ستووریه‌ی سه‌ره‌وه رێگه به پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌كی گشتی بۆ پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌دات، وه‌كو هه‌رێمی كوردستان كه یه‌كێكه له هه‌رێمه‌كانی عێراقی فیدرال،له ئاماده بوون له كۆنگره هه‌رێمیه‌كانی عێراقی فێدرال، له ئاماده‌بوون له كۆنگره هه‌رێمیه‌كان و كۆنگره نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و نوێنه‌رایه‌تی و زه‌ماله‌كانی خوێندن. هه‌روه‌ها شاره‌زایانی هه‌رێم به‌شداری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالیدا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ی گشتی چاودێری ته‌رخانكردنی داهاتی فێدرالی و پاراستنی مافی هه‌رێمه‌كانه.له ده‌سته‌یه‌كی گشتی بۆ چاودێری ته‌رخانكردنی داهاته‌كانی ئیتیحادیه، له‌وانه‌ش پرسینه‌وه له عه‌داله‌تی دابه‌شكردنی به‌خشینه‌كان و هاوكاریه‌كان و قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی.
مادده‌ی 114 مافی ئابووری هه‌رێمی له‌خۆ گرتووه.ئه‌و رووبارانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق، دێنه ناو عێراقه‌وه له لایه‌ن حكومه‌تی فێدرالیه‌وه ئیداره‌ی ده‌درێت.به‌ڵام ئه‌و ئاو و رووبارانه‌ی كه له ناو هه‌رێمه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن له لایه‌ن هه‌رێمه‌كانه‌وه ئیداره ده‌ده‌رێن .ده‌ستور یه‌كه‌مجاره ده‌سه‌ڵات ده‌داته كورد، كه به شێوه‌یه‌كی قانونی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت له‌سه‌ر ڕووباره‌كان و ئه‌و ئاوه زۆره‌ی كه له هه‌رێمه‌كاندا هه‌ن.
ده‌ستوری عێراق دان به هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ك هه‌رێمێكی فێدراڵ ده‌نێ.له راستیدا جێگیركردنی مافی سیاسی و مافی به كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه وه‌كو قه‌واریه‌كی فێدرالی له ناو عێراقی فێدرالیدا.
مادده‌ی 121-2 له ده‌ستووری هه‌میشه‌ی مافی داوه به هه‌رێم كه هه‌مواری جێبه‌جێ كردنی قانوونی فێدرالی بكات له كاتی بوونی ناكۆكی له نێوانیان یان یه‌ك نه‌گرتنه‌وه‌یان له‌و ده‌سه‌ڵاته حه‌سریانه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاتی فێدرالی نین .كه وابوو هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی هه‌موار كردنی هه‌ر یاسایه‌كی فیدرالی هه‌یه كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ده‌ستوور به‌خشیویه‌تی به هه‌رێمی كوردستان.
بڕگه‌ی 3 ی مادده‌ی 121 ی ده‌ستوور به‌شێكی عادیلانه بۆ هه‌رێم ته‌رخان ده‌كات له داهاتی فێدرالی، كه به‌شی ئه‌وه ده‌كات چالاكیه‌كانی خۆی راپه‌رێنێ سه‌ره‌رای سه‌رچاوه‌و پێویستیه‌كانی به رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی. كه ئه‌مه‌ش هاوكۆكه له‌گه‌ڵ ماده‌ی 4 ی عه‌هدی ده‌ولی تایبه‌ت به مافه‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه‌كان كه له عه‌هده‌كه‌دا هاتووه.
بڕگه‌ی 4 ی هه‌مان ماده‌ی ده‌ستوور ماف ئه‌دات به هه‌رێم به دامه‌زراندنی نووسینگه‌كانی هه‌رێم له باڵیوزخانه‌وه نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی دیپلۆماسی بۆ چاودێری كاروباره‌كانی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدان.
به پێی بڕگه‌ی 5 ی مادده‌ی 121 ده‌ستوور ، هه‌رێم بۆی هه‌یه رێكخستنی كاروباره‌كانی ئاسایشی ناوخۆ وه‌كو پۆلیس و ئاسایش و پاسه‌وانی سنووری خۆی رێكبخات. ئه‌م ماده‌یه جێگیری مافه سیاسیه‌كان و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریه‌كانی گه‌لی گه‌لی كورد ده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ مافی گه‌شه‌كردن.ده‌ستووریش بنه‌مایی لامه‌ركه‌زیی ئیداری په‌سه‌ند كردووه و كاری پێده‌كات.هه‌روه‌ها بڕگه‌ی 2 مادده‌ی 122 دڵنیایی پێده‌داته‌وه.
گه‌ره‌نتییه‌كی ده‌ستوری هه‌یه بۆ ماف و ئازادییه‌كان كه له مادده‌ی 126 ی برگه‌ی 2 هاتووه (( ئه‌و پره‌نسیپه بنچینه‌یانه‌ی له ده‌روازه‌ی یه‌كه‌مدا هاتون و ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی له ده‌روازه‌ی دووه‌می ده‌ستوردا هاتون.ته‌نها پاش دوو خولی یه‌ك له دوای یه‌كی هه‌ڵبژاردن و پاش ره‌زامه‌ندیی له‌گه‌ڵ ریفراندۆمێكی گشتیدا‌و پاش ئیمزاكردنی سه‌رۆكی كۆمار له ماوه‌ی حه‌وت ڕوژدا، هه‌موار ده‌كرێن)).
بڕگه‌ی 3 مادده‌ی 126 ی ده‌ستور ده‌ڵێت:(مادده‌كانی تر كه له به‌ندی (دووه‌م) دا نه‌هاتون ، ته‌نها پاش ره‌زامه‌ندیی دو سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ره‌زامه‌ندی گه‌ل له ریفراندۆمێكی گشتیدا‌و ئیمزاكردنی سه‌رۆك كۆمار له ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژدا،هه‌موار ده‌كرێن)).
ئه‌م ده‌قه زۆر روونه،واته مادده‌كانی كه له بڕگه‌ی 2 م 126 نه‌هاتوه هه‌موار ناكرێن،مه‌گه‌ر به رێگایه‌كی سه‌خت و دژوار و پێچاوپێچ نه‌بێت، بڕگه‌ی 4 ی ئه‌م ماده‌یه ده‌سته‌به‌رێكی ترمان پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش ((نابێت مادده‌كانی ده‌ستور به جۆرێك هه‌موار بكرێن كه ببنه مایه‌ی كه‌م كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌رێمه‌كان كه له ده‌سه‌ڵاته حه‌سرییه‌كانی حكومه‌تی فیدرال نین، مه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمی په‌یوه‌ندیدارو رازیبونی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له راپرسییه‌كی گشتیدا)).
واته گه‌لی كورد پشتی به‌و ده‌ستووره به‌ستوه كه ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانیه‌تی، وه‌كو به‌ربه‌ست له به‌رده‌م هه‌ر جۆر هه‌موار كردنێك ده‌وه‌ستێته‌وه، مه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان خۆی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات پاشان به‌راپرسیه‌كی گشتی په‌سه‌ند بكرێت.
له راستیدا ئه‌مه باشترین زه‌مانه‌تی ده‌ستوورییه.هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بیانه‌وێت ده‌ستوور هه‌موار بكه‌ن ئه‌و پرۆسه‌ی هه‌موار كردنه ئیفلیج ده‌بێت ئه‌گه‌ر هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌كه‌ی و راپرسی گشتی دانیشتوانه‌كه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشان نه‌دات . ده‌بێ له ئێستا به دواوه هه‌وڵ بدرێت پارێزگاری له‌م ده‌قه بكرێت تا وه‌كو ئه‌مه ده‌قه خۆیشی هه‌موار نه‌كرێت و ئه‌م ده‌قه بمێنێته‌وه له ناو ده‌ستوردا.یان ئه‌گه‌ر هه‌موار كرا به دیلێكی تری بۆ دابنرێت وه‌كو مافی چاره‌ی خۆنووسینی تاك لایه‌نه بدرێته‌وه گه‌لی كورد تاكو كه‌ی ویستی جیا بێته‌وه‌و ده‌وڵه‌تی خۆی دروست بكات.
ئه‌م ده‌ستووره جوانترین گه‌ره‌نتی ده‌ستووریی پێشكه‌شكردووه بۆ دورخستنه‌وه‌ی ترس و دڵه راوكێی گه‌لی كورد له پاراستنی ماف و ئازادیه‌كانی، كه پێی به‌خشیوه.به‌ڵام ئه‌م زه‌مانه كاتیه‌و هه‌میشه‌ی نیه ته‌نها بۆ دوو ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه.
زه‌مانه‌تێكی تریش هه‌یه كه زۆر بایه‌خی هه‌یه بۆ پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد و هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستووری عێراقدا، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مواركردنێكی بێته كایه‌وه، ئه‌ویش مادده‌ی 142 برگه‌ی 4 كه ده‌ڵێت: (( هه‌ر راپرسیه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستوور سه‌ركه‌وتووه ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی به‌ده‌ستهێنا و 3/4 ده‌نگده‌رانی سێ پارێزگا یان زیاتر ره‌تیان نه‌كرده‌وه )).
به‌مانای ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر 2/3 ده‌نگده‌رانی سێ پارێزگا یان زیاتر ره‌تیان كره‌وه، ئه‌نجامه‌كه‌ی پوچه‌ڵه‌و به‌سه‌ركه‌وتوو دانانرێت.مه‌به‌سته‌كه‌ش روون و ئاشكرایه كه هه‌رێمی كوردستان و سێ پارێزگای له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی و كراوه به پێوانیه‌ك . له راستیدا سێ پارێزگای تریش بۆیان هه‌یه هه‌مان مافی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنن.كه‌وابوو هه‌ر هه‌موار كردنێك مه‌رجه ره‌زامه‌ندیی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر بێت له راپرسیه‌كی گشتیدا.
مادده‌ی 141 دان به به‌رده‌وامی كاركردن به‌و یاسایانه‌دا ده‌نێ كه په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ری كردووه له ساڵی 1992 –ه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركراون و ئه‌و بڕیارانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان –له‌وانه بریاره‌كانی دادگا و گرێبه‌سته‌كان-ده‌ری كردون به‌كارپێكراو داده‌نرێن، مه‌گه‌ر هه‌موار بكرێن یان به پێی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه.مه‌گه‌ر دژی ئه‌م ده‌ستوره نه‌بن)).له راستیدا ئه‌مه دان نانه به شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان.
مادده‌ی 140 كه له دیارترین و له پێشه‌وه‌ی ئه‌و مادانه ئه‌ژمار ده‌كرێن كه مافه‌كانی گه‌لی كوردی تیا جێگیر كراوه، تایبه‌ت به مافه‌كانی گه‌لی كورد وه‌كو نه‌خشه رێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی خاوه‌ندارێتی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌له هه‌رێمی كوردستان دابرێنراون و راستییه‌كان تیایدا شوێندراون و پاكتاوی نه‌ژادی تیادا ئه‌نجام دراوه و عه‌ره‌بی هاورده‌ی تیا نیشته‌جێ كراوه، به بێ ره‌زامه‌ندنی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه.مادده‌ی 140 له‌سه‌ر پێودانگی راگه‌ینراوی جیهانی بۆ چاره‌ی خونووسین دارێژراوه له ماده‌ی 58 ی قانوونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه، به هه‌مان ده‌ق و به هه‌موو بڕگه‌كانیه‌وه گوێزراوه‌ته‌وه.وه‌ك له مادده‌ی 140 ده‌رده‌كه‌وێت ((یه‌كه‌م: له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌بێت كه هه‌ڵبسێت به هه‌نگاوی پێویست بۆ ته‌واوكردنی جێبه‌جێكردن ده‌بێت كه هه‌ڵبسێت به هه‌نگاوی پێویست بۆ ته‌واوكردنی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 58 له یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی گواستنه‌وه به هه‌موو برگه‌كانیه‌وه)) .جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ی له سێ قۆناغ پێك دێت كه‌بریتیه له (ئاساییكردنه‌وه ، سه‌رژمێری ، راپرسی).
برگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 140 دڵنیای ده‌به‌خشێت ده‌ڵێت:((دووه‌م : ئه‌و لپَیرسراوه‌تییه‌ی كه‌وتوه‌ته سه‌رشانی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی گواستنه‌وه‌و له مادده‌ی 58ی یاسای به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا باس كراوه، درێژده‌بێته‌وه تا په‌یدابوونی ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌ڵبژێردراو به پێی ئه‌م ده‌ستوره به‌رده‌وام ده‌بێ، به‌و مه‌رجه‌ی كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌ركی ئاسایی كردنه‌وه‌ی سه‌رژمێری به راپرسیه‌ك له كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی تر بۆ دیاریكردنی ئیراده‌ی هاووڵاتییه‌كانی)، بگیرێته ئه‌ستۆو ئه‌م ئه‌ركى له ماوه‌یه‌ك ئه‌و په‌ره‌كه‌ی 31 ی مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2007 جێبه‌جێ بكا)).
خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌م تێبینیانه‌مان بۆ دروست ده‌كات :
1.ده‌سه‌ڵاتی جیبه‌جێكردن ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵبژێراو.
2.مادده‌ی 140 ته‌نها تایبه‌تمه‌ند نیه به هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كانی تریشه له ڕوژئاواو ناوه‌راستی عێراق، له راستیدا پێكه‌وه به‌ستنی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی عێراق به‌یه‌كه‌وه، كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌و كێشانه .
3.له مادده‌ی 140 به ئاشكرا ته‌نها ناوی كه‌ركوك هاتووه :ناوچه‌كانی تریش بۆ ته‌فسیری تر هێڵراونه‌ته‌وه، كه ئاخۆ ئه‌و ناوچانه كامانه‌ن كه كێشه‌یان له‌سه‌ره؟ هه‌ڵبه‌ت مادده‌ی 140 نه‌خشه‌ی رێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه.باسنه‌كردنی ناوچه‌كانی تر به روونی، به خراپ ده‌گه‌رێته‌وه، ئه‌ركی جێبه‌جیكردن قورس‌تر ده‌كات، كێشه‌ی لاوه‌كی بۆ دروست ده‌كات، كۆسپ و ته‌گه‌ره دروست ده‌بێت له پێشیدا، باشتر بوو ئه‌گه‌ر ناوی هه‌موو ئه‌و یه‌كه ئیداریانه‌ی تیا بهاتایه به روونی، كه ئه‌مه نه‌كراوه ، كێشه‌یه‌كی ترمان هاتووه‌ته پێش بۆ دیاریكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه كێشه‌یان له‌سه‌ره، به‌ڵام لایه‌نی كوردی ده‌بوایه هه‌رگیز دان به‌م ناوه‌دا نه‌نێت، خه‌باتی زۆرتری بكردایه بۆ ئه‌وه‌ی كه ناوی ناوچه دابڕاوه‌كان بوایه .
4.كێشه‌یه‌كی تر په‌یدا بووه ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مادده‌ی 140 كاتی جێبه‌جێكردنی بۆ دیاریكراوه، ئه‌ویش ئه‌وپه‌ری(31/12/2007)ه.وابه‌سته‌كردنی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك به ماوه‌یه‌كی دیاریكراو زیان به پرۆسه‌ی سیاسی و پاراستنی مافه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه كێشه‌ی یاسای دێته پێشه‌وه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه‌یه ته‌واو بوو، چۆن ته‌فسیر ده‌كرێت ؟ئه‌مه ته‌فسیری جیاواز له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت كه ره‌نگه مادده‌كه ئیفلیج بكات .به‌ڵام ته‌فسیری دادگای ده‌ستوری ( واته دادگای فێدرالی ) دوا ته‌فسیر و كۆتایه ره‌خنه‌ی لێناگیرێت.
لێره ئه‌و بۆچوونه باس ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر مادده‌یه‌كی یاسایی یان ده‌ستووری ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌سه‌ر چوو ئایا ئه‌مه مانای مردنی مادده‌كه ده‌به‌خشێت.هه‌ڵگرانی ئه‌م بۆچوونه له‌و لایه‌نانه‌ن كه له بیانوو ده‌گه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌كانی گه‌لی كورد. ئه‌مه له لایه‌ك له لایه‌كی تره‌وه بۆچوونێكی تر هه‌یه له به‌رامبه‌ردا كه زانایانی یاساناسی و ده‌ستووری ده‌یڵێن:ئه‌م مادده‌یه زیندووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكه له ده‌ستوره‌كه‌و گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه،ئه‌مه له لایه‌ك له لایه‌كی تره‌وه مادده‌ی 140 مافێكی نه‌ته‌وایه‌تی میله‌تی كوردی تیا به‌رجه‌سته كراوه كه كورد و عه‌ره‌ب له عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوو مه‌ندانه عێراقیان پێكێناوه، بۆیه مادده‌ی 140 ئیلتیزام له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن دروستده‌كات.له راستیدا مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌سه‌رووی هه‌موو مافه‌كانی تره‌وه‌یه بۆ گه‌لی كورد.له‌وباره‌یه‌وه یاساناسانی كۆنی ئه‌وروپا مافه‌كانی مرۆڤ به به‌رزتر له ده‌ستور داده‌نێن و ناویان ناوه (بنه‌ماكانی سه‌رووی ده‌ستوور)، له ڕاستیدا ئه‌م ئایدیۆلۆجیایه هه‌ر به تێوری ماوه‌ته‌وه.
مادده‌ی 140 ماده‌یه‌كی زیندووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستووره‌كه زیندووه، ئه‌و ده‌ستوره‌ش عێراقی به یه‌كگرتوویی پاراستووه زه‌مانه‌تی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه.
له راستیدا باشتر بوو ناوی ماوه‌ی كاتی نه‌برایه، یان ده‌قێكی تری بۆ زیاد بكرایه كه ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌م مادده‌یه جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌وا دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه خۆیان راسته‌خۆ راپرسی ده‌كه‌ن و چاره‌نووسی خۆیان ساغ ده‌كه‌نه‌وه.
جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوور یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌لی كورد‌و عه‌ره‌ب به‌هێزده‌كات و متمانه به یه‌كتر ده‌پارێزێت.بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤیش به‌هێزده‌كات.به پێچه‌وانه‌وه چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و كێشه هه‌ڵپه‌یسَردراوانه‌و هێشتنه‌وه‌یان، ریزه‌كانی گه‌لی عێراق تێكده‌داو ره‌وتی پرۆسه‌ی سیاسی لاواز ده‌كات،عێراق ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه و گومان له‌سه‌ر داهاتووی پرشنگداری ژیانی سیاسی عێراق دروست ده‌كات.
ئەم توێژینەوەیە لە 2ی کانونی یەکەمی ساڵی 2010 لە گۆڤاری کەلتور لەلایەن کوردۆ ڕەحمان-ەوە بڵاوکراوەتەوە
بابەتی زیاتر