ڕۆڵی فەلسەفە لە پەروەردەکردنی کادری حزبە سۆسیال دیموکراتەکاندا*
هاوار نەسرەدین

پێشەکی
سۆسیال دیموکراسی بزاوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و لە بەریەککەوتنی چەند ڕێبازێکی فەلسەفییەوە کەوتووەتەوە. ئەوەش وا دەکات ئەو بزاوتە دروشم و قسەی کڵێشەیی نەبێت بەڵکو میتۆدێکی سیاسییە بۆ ئەوەی بە ڕیفۆرم و دیموکراسی بنچینەیی، دادی کۆمەڵایەتی بە دیبهێنێت و حکومەتی خۆشگوزەران دابمەزرێنێت. ئەو ڕێبازە فەلسەفیانەی سۆسیال دیموکراسی لێ کەوتووەتەوە، بریتین لە فەلسەفەی مارکسیزم و فەلسەفەی لیبرالیزم. بۆیە خوێندنی فەلسەفە دەبێتە بنچینەی هەر پڕۆژەیەک بە ناوی خولی ڕاهێنان یان پەروەردەکردنی کادر لەسەر هزری سۆسیال دیموکراسی. هۆکارەکەشی بۆ پاشخانە فەلسەفییەکان لەلایەک و ئارگۆمێنتە فەلسەفییەکان بۆ هاتنەئارا و بەردەوامبوونی سۆسیال دیموکراسی لەلایەکی ترەوە، دەگەڕێتەوە. سۆسیال دیموکراسی لە چوارچێوەی فەلسەفەدا، بە فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ئەخلاق و فەلسەفەی مێژوو پاساوی ڕەوایەتی خۆی دەدات.

سەرەتا
پەروەردە و پێگەیاندنی کادر لەناو نەریتی حزبە سۆسیال دیموکراسییەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئەو فەلسەفەیەیە وا سۆسیال دیموکراسی لێ کەوتووەتەوە. واتە کادر لەسەر بنەماکانی ڕیفۆرم لەپێناو دادی کۆمەڵایەتی پەروەردە دەکرێت. ئەو ڕیفۆرمەیش سێکۆلاریزم و پێشکەوتنخوازی و ناچارەکی (الحتمیة: Determinism) پێشمەرجەکەیەتی. سۆسیال دیموکراتەکان کادری خۆیان بە ئامانجی نکۆڵیکردن لە سیاسەتی تاکڕەوانە و حوکمی دەستەگەری و ئۆلیگارشی لەلایەک و نکۆڵیکردن لە کەڵەکەکردنی سەرمایە و تۆخکردنەوەی چینایەتی کۆمەڵایەتی لەلایەکی ترەوە، ڕا دەهێنن تاکو کۆمەڵگەی خۆشگوزەران تا ڕادەی شیاو مسۆگەر بکەن.
هەر لەو سۆنگەیەوە ئەگەر پەروەردە و پێگەیاندنی کادر لەناو حزبە جیاوازەکانی تر، پێداویستییەکی کردەکی بێت، ئەوا لەناو سۆسیال دیموکراتەکاندا، پێداویستییەکی فەلسەفی و ستراتیژییە. ئەو فەلسەفەیەش بریتییە لە ڕیفۆرمی شێنەیی سۆسیالیزمیانە بۆ گۆڕانی گەورە لە ژێرخانی سیاسی و ئابووری وڵات. هەر لە بنەڕەتەوە گرنگیدان بە چاکسازیی لە سیستەمی سیاسی وڵات، لەبری شۆڕشی چینایەتی، وەرچەرخانێکی ژیرانە بوو لە فەلسەفەی مارکسیزم. ئەو وەرچەرخانە لە کردەی سیاسدا، وزە و کادری لێوەشاوەی خاوەن هزر و ڕوانینی دەوێت. ئەمەش پەروەردەکردنی کادر دەکاتە پێویستییەکی ناچارەکیانە. بە تایبەتی کاتێک قسە دێتە سەر بزاوتێکی هەستیار و ستراتیژیکیانەی وەک سۆسیال دیموکراسی، چونکە ئەم بزاواتە بازاڕی ئازادی مەرجدار یان ئەو بازاڕەی حکومەت بەپێی پێویست دەستی تێوەردەدات، دەبەستێتەوە بە دادی کۆمەڵایەتی و حکومەت و کۆمەڵگەی خۆشگوزەران.
 
پەروەردە و پێگەیاندنی کادر لەناو نەریتی حزبە سۆسیال دیموکراسییەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئەو فەلسەفەیەیە وا سۆسیال دیموکراسی لێ کەوتووەتەوە

فەلسەفە وەک ستراتیژیترین بوار
بەو پێیەی شوناسی حزبە سۆسیال دیموکراتەکان ڕاستەوخۆ بەستراوە بە ململانێی ڕێبازە فەلسەفی و فکرییەکانەوە، ڕاهێنانی کادر لەسەر ئەو جیاوازی و ئاڵۆزییانە، کردەیەکی تەواو سیاسی و ستراتیژییە. بۆیە لە چەند ئاست و بوارێکدا، کادری سۆسیال دیموکرات پێویستی بە ڕاهێنان و پەروەردەی هزریی و فەلسەفی هەیە. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر ئەم بوارە فەلسەفیانە بە کرۆکی پەروەردەی سۆسیال دیمۆکراتیانە دابنرێت. هەروەها بە شارەزابوون لەم پاساوە فەلسەفیانە، کادری سۆسیال دیموکرات ئەجیندا و ستراتیژی سیاسیانەی حزبەکەی لا ڕوون و ئاشکرا دەبێت. لەم دەرفەتەدا، سەرەکیترین ئەو لقە فەلسەفیانە دەخەینەڕوو، کە سۆسیال دیموکراسی وەک پاساو و ئارگۆمێنێتی بزاوتەکە دەیخەنەڕوو.
فەلسەفەی سیاسی: سۆسیال دیموکراسی هەر لە بنەڕەتەوە، کاردانەوەیەکی فەلسەفی بوو لەبەرامبەر زیادەڕۆییەکانی لیبرالیزم و کورتهێنانەکانی فەلسەفەی مارکسیزمی دێرین. ڕۆڵی حکومەت لەکن سۆسیال دیموکراتەکان بریتییە لە پاراستنی مافەکان و ڕێکخستنی ئەرکەکان. جەختکردن لە چەند ڕەهەندێکی فەلسەفە لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیدا، هێڵەکانی سۆسیاڵ دیموکراسی ڕەنگڕێژ دەکەن. ئەوانیش بریتین لە:
دەستوور و گرێبەستی کۆمەڵایەتی: لە نەریتی سۆسیال دیموکراتەکاندا، دەستوور تەنیا چوارچێوەیەکی یاسایی و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نییە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و تەنیاش سنوورەکانی دەسەڵات دیاری ناکات بەڵکو بەها ئەخلاقییەکان و بنەماکانی حکومەتی خۆشگوزەرانی تێدا جێ دەکرێتەوە. هەروەها کار بۆ ئەوە دەکەن تاکو ڕێ لە کەڵەکەکردنی سەرمایە لە چەند ناوەندێکی بچووک بگرن. ڕەهەندێکی گرنگی دەستوور ئەوەیە، ڕەوایەتی یان شەرعیەت دەداتە هەوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەپێناو مسۆگەرکردنی کۆمەڵگەی خۆشگوزەران. بە مانایەکی تر سۆسیال دیموکراتەکان، لە رێی دەستوورەوە سنوور بۆ ڕەوتە کۆنەخواز و هەلپەرست و قۆرخکارەکان دەدانێن. جگە لەوە دەستوور لە نەریتی سۆسیال دیموکراتەکاندا، ڕوون و ڕاشکاوە.
 
لە چەند ئاست و بوارێکدا، کادری سۆسیال دیموکرات پێویستی بە ڕاهێنان و پەروەردەی هزریی و فەلسەفی هەیە

حکومەتی قانونی: سۆسیال دیموکراتەکان چیتر بە پێناسە دێرینەکانی قانون و حکومەتی قانونی ڕازی نابن، کە بریتی بوو لە پاراستنی ئازادی تاک و سەقامگیری کۆمەڵایەتی. بەڵکو خوازیارن قانون بوارێک بێت بۆ ئەوەی دادی کۆمەڵایەتی دابین بکات و بچێتەوە بە گژ نایەکسانی و هەژاری و بێکاری و جیاکاری و هتد. هەروەها باج ڕێکبخات و خزمەتگوزاری خوێندن و چارەسەر و دەستەبەری کۆمەڵاتی بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر بکات. لەلایەکی تریشەوە، سۆسیال دیموکراتەکان چاوەڕوانییان هەیە قانون گرفتی موڵکایەتی و باج لەسەر موڵک یەکلا بکاتەوە، پاشان هەر بە قانون ڕێ لەوە بگیرێت سەرمایەدار و خاوەن پێگەکان خۆیان لە باج بشارنەوە.
دیموکراسی؛ هاوشێوەی زۆربەی چەمک و کاتیگۆرییە فەلسەفییەکان، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ڕووشاو و گەرد گرتووە. سۆسیال دیموکراتەکان جیاوازتر لە ڕەوت و ئاراستەکانی تر، دیموکراسی تەنیا لەوەدا کورت ناکەنەوە بریتی بێت لە پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێنەر و حوکمڕان بەڵکو دیموکراسی دەبەنە قوڵایی کۆمەلگەوە و بەرگری لەوە دەکەن، کە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە لە پێگە و پۆستی خۆیاندا، خاوەن بڕیار و دەنگن. ڕاستە سۆسیال دیموکراتەکان پەرلەمان دەکەنە مەیدانی خەبات و گرنگی بە هەڵبژاردن دەدەن بەڵام دیموکراسی بنچینەیی یان دیموکراسی کۆمەڵایەتی زیاتر و قوڵترە لە دیموکراسی نوێنەران. چونکە مرۆڤ لە هەر پێگە و پێچێک بێت، شکۆی ئەوەی هەیە خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەسەڵاتدار چ تاکڕەو بێت یان دەستەگەر یاخود پەرلەمانی، ئەو مافەی نییە دەسەڵاتی بڕیاردان لە هاووڵاتی بسێنێتەوە. دیموکراسی ڕاستەقینە ئەوەیە جگە لە سیاسەت و حکومڕانی، لە بوارەکانی تری وەک پەروەردە و ژینگە و تەندروستیدا ڕەنگبداتەوە. واتە هەموو کەس مافی  پەروەردە و فێربوونی هەبێت و لە ژینگەیەکی شایستەدا بژێت و لەکاتی نەخۆشیدا دەستی بە چارەسەر بگات. هەروەها دیموکراسی تەنیا بریتی نییە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی چەند ساڵ جارێک، بەڵکو دیموکراسی لە ڕوانگەی سۆسیال دیموکراسییەوە، سەندیکاکان و نوێنەرایەتی چین و توێژەکان و ئەنجومەنە خۆجێییەکان و ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و فرەحزبی و هتد دەگرێتەوە.
فەلسەفەی ئەخلاق: لە سۆسیال دیموکراسیدا، ئەخلاق تەنیا چەند پرسێکی تیۆری و چەند دروشمێکی سواو نییە، هەروەها پێوەرە ئەخلاقییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سوود و چێژی تاکەکەس پەسەند ناکرێن. بەشێوەیەکی گشتی بەرژەوەندی تاکەکەس چەقی فەلسەفەی ئەخلاق نییە بەڵکو سۆسیال دیموکراتەکان یەکدەنگ بەرگری دەکەن لە شکۆی مرۆڤ یان شکۆی هاووڵاتی لەبوارە جیاوازەکاندا و شکۆی هاووڵاتی دەپارێزن. کرۆکی فەلسەفەی ئەخلاق بۆ سۆسیال دیموکراتەکان بریتییە لە شکۆی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی. چونکە هیچ مرۆڤێک شایانی ئەوە نییە بە هەژاری بژێت و سوکایەتی پێ بکرێت و شکۆی بشکێنرێت. لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە خەڵکی، خۆش بژێن و ڕێزیان لێ بگیرێت و سوود لە دەرفەتە زێڕینەکانی کۆمەڵگەکانیان وەربگرن. هەروەها لێپرسراوێتی لەهەبەر مافی ئەوانی تر و جێبەجێکردنی ئەرکەکان، بنەمایەکی تری ئەخلاقی سۆسیال دیموکراسییە. بۆیە سۆسیال دیموکراتەکان کادرەکانی خۆیان لەسەر هەڵوەستەکردن لە دژی جیاکاری و سوکایەتی و بێدادی کۆمەڵایەتی و بێدادی سیاسی و جیاکاری لە فێرکاری و ... هتد ڕادەهێنن.

 
بەو پێیەی شوناسی حزبە سۆسیال دیموکراتەکان ڕاستەوخۆ بەستراوە بە ململانێی ڕێبازە فەلسەفی و فکرییەکانەوە، ڕاهێنانی کادر لەسەر ئەو جیاوازی و ئاڵۆزییانە، کردەیەکی تەواو سیاسی و ستراتیژییە

پرسی داد و بێدادی یەکێکە لە هەرە گرنگترین پرسە ئەخلاقییەکان لە هزری سۆسیال دیموکراسیدا چونکە بە هۆی باڵادەستی ئاراستە و ڕەوتە سیاسییەکانی تر، وەک لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێ و تیۆکراسی و کۆنەخوازەکانەوە، بێدادی لە جیهاندا شەپۆل دەدات. هەروەها زۆربەی حکومەتەکان پرسی دادیان بەستووە بە چەند بڕگەیەکی قانونییەوە. بەڵام سۆسیال دیموکراتەکان کار بۆ ئەوە دەکەن دادی کۆمەڵایەتی یان دادی ڕاستەقینە دەستەبەر بکەن و پرسی دادیش نابستنەوە بە چەند بڕگەیەکی قانونی پەتیەوە. بەڵکو لەکن سۆسیال دیموکراسی پرسی داد بریتییە لەوەی هاووڵاتی بەبێ ڕەچاوکردنی چینایەتی و جیاکاری، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەرفەتی ژیانێکی شکۆمەندانەی بۆ بڕەخسێنرێت. بۆیە لەناوبردنی چینایەتی بۆماوەیی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زیادکردنی داهات و دەستەبەرکردنی خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی و هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبوون و هتد. ژیانێکی شکۆمەندانە دەبەخشێتە هاووڵاتی و بڕێکی باش بێدادی کۆمەڵایەتی لەناو دەبات. لەم بوارەدا واتە داد و بێدادی، چەمکی دەرفەتی دادپەروەرانە یەکێکە لە چەمکە هەر گرنگەکان و سۆسیال دیموکراتەکان هەم لە سیاسەتدا زۆر بەرگری لێ دەکەن و هەم لە پەروەردەی کادردا، زیاتر لەسەری دەوەستن. لێرەدا دەرفەتی پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ هاووڵاتی دەڕەخسێنرێت بەپێی پێگە و بوارەکەی خۆی. واتە بە دادپەروەرانە دەرفەت دەدرێت نەک بە یەکسانی. هەر لەم سۆنگەوەیە دەستی حکومەت لە بازاڕدا کورت ناکرێتەوە و لە هەر جێیەک ئابووری وڵات کورتی هێنا، حکومەت لە ڕێی کەمکردنەوە یان بەخشینی باج، زیادکردنی مووچە و کرێی کار، دەرفەت و پێدانی پێشینە، کورت هێنانەکان پڕ دەکاتەوە و بەردەوامی دەداتە سووڕی ئابووری وڵات. لە ڕووی خزمەتگوزاریشەوە ئەوانەی دەرفەتی خوێندنیان بۆ نەڕەخسێنراوە جیاوازتر دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێنرێت بەراورد بەوانەی هەموو ئامراز و کەرەستەکانی خوێندنیان لەبەردەستدا بووە. یاخود دەرفەتی چاکتر بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنرێت کە خێزانەکانیان بە مەبەست پەراوێزخراون یان هەژارکراون. هەرچی لەبارەی باجەوەیە، باج بەپێی داهات و دەستکەوت وەردەگیرێت، بۆ نموونە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان باجی زیاتریان لێ وەردەگیرێت وەک لە هەژارێک یان خاوەن کارێکی بچووک یاخود کارمەندێکی ئاسایی. هەروەها لەپێناو کەڵەکەنەبوونی سەرمایە لە چەند ناوەندێکی بچووک، دەرفەتی کار و وەگەڕخستنی سەرمایە و وەبەرهێنان، دەدرێتە خەڵک و گروپی نوێ. هەرچی لەبارەی پرسی ژنانەوەیە، سۆسیال دیموکراسی دەرفەتی گونجاو بۆ ژنان دەڕخەسێنێت و جیای ناکاتەوە لە پیاوان. 
شکۆی مرۆڤ کرۆکی پرسە ئەخلاقییەکانە لە سۆسیال دیموکراسی. چونکە هەم بەستراوە بە سەرجەم پرسەکانی ترەوە و هەمیش وەک لیبرالیزم و ئاینەکان تەنیا دروشم نییە بەڵکو ئەجێندایەکی ڕوون و ڕاشکاوانەیە و کاری لەسەر دەکرێت. بۆیە پاراستنی شکۆی هاووڵاتی لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا، ئەجیندایەکی هەمیشەیی سۆسیال دیموکراتەکانە. کرۆکی ئارگۆمێنتەکە ئەوەیە، مرۆڤ تاکو شکۆی پارێزراو نەبێت ناتوانێت ئازاد بێت. هاوکات هەژاری و نەخوێندەواری و کەمئەندامی و جیاوازی چینایەتی نابنە هۆکار بۆ ئەوەی شکۆی کەسەکەی پێ بشکێنرێت. شکۆی کەسەکە نەبستراوە بە پێگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەیەوە. بۆ نموونە تەنیا ئەو کەسانەی دەوڵەمەندن یان دەسەڵاتدارن یاخود پێگەیەکی ئەکادیمی بەرزیان هەیە شکۆمەند نین بەڵکو سەرجەم مرۆڤایەتی و تێكڕای هاوولاتیانی کۆمەڵگە شکۆیان هەیە. تەنانەت تۆمەتبار و تاوانباریش شکۆی خۆیان هەیە و پێویستە بەپێی تاوانەکانیان سزا بدرێن نەک شکۆیان بشکێنرێت.
لەگەڵ پرسی شکۆمەندی هاووڵاتی، پرسی ئازادی ئەرێنی و ئازادی نەرێنی دێنە بەرباس. لیبراڵەکان باوەڕیان بە ئازادی نەرێنی هەیە و مەبەست لێی بریتییە لە کورتکردنەوەی دەستی حکومەت لە کاروباری بازاڕ لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەتی ئازادی زیاتر. بەڵام سۆسیال دیموکراتەکان باوەڕیان بەوەیە لەپێناو پاراستنی شکۆی مرۆڤ، حکومەت بە وریاییەوە دەست لە بازاڕ وەربدات و مافی هاووڵاتی تێدا مسۆگەر بکات. بۆیە ئەو کەسانەی خواردنی پێویستیان نییە یان مووچە وەرناگرن و بژێوی ژیانیان نییە، بە مانایەک ئازادیش نین. واتە ئازادی بۆ ئەو کەسەی خواردنی پێویستی نییە و مووچەی وەرنەگرتووە مانای نییە. کەواتە ئەرکی حکومەتە شکۆ و مافیی مرۆڤەکان بپارێزێت تاکو ئازاد بن.

فەلسەفەی مێژوو: لە کەشی ڕووناکبیری کوردیدا، هەمیشە وا باوە و دەڵێن: خوێندنی مێژوو بۆ فێربوون و وەرگرتنی وانەیە لە هەڵەکان. بەڵام کەمترین جار ئەو بابەتە شیتەڵ کراوە و خوێنەر وەک قسەیەکی کڵێشەیی وەریگرتووە. لە نەریتی سۆسیال دیموکراسیدا، خوێندنی فەلسەفەی مێژوو بارتەقای بوارەکانی تر گرنگ و پێویستە. چونکە مێژوو بۆ ڕەوتە سیاسییە هاوچەرخ و نوێباوەکان تەنیا ڕووداوەکان و تۆماری ناوی سەرکردە و شۆڕش و شەڕ نییە، بەڵکو بریتییە لەو ڕێسا و بنامایانەی مێژووی مرۆڤیان دروستکردووە.
هزری سۆسیال دیموکراسی لەگەڵ بیرۆکەی ناچارەکی (الحتمیة: Determinism) تەریبە و نکۆڵی لە بیرۆکەی تۆبزی (الجبریة: Fatalism) دەکات. چونکە لە بیرۆکەی ناچارەکیدا، مرۆڤ خاوەن ویست و ئیرادەیە و توانای گۆڕان و بزواندنی پرسەکانی هەیە. نکۆڵی لەوەش دەکات هەموو شتێک لە چارەی مرۆڤدا نووسراوە و بەسەریدا سەپێنراوە، بەبێ ئەوەی توانای گۆڕانکاری هەبێت. هەروەها لە بیرۆکەی ناچارەکیدا ڕەوتی مێژوو بە شێنەیی و بە بزواندن و کارلێکردن و کاردانەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات. بۆیە سیاسەت دەتوانێت گۆڕانی گەورە و بنچینەیی لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. هاوکات لەبەرئەوەی کۆمەڵگە بە کارلێک و کاردانەوەی شێنەیی دەبزوێت، پێویست ناکات بە هێز و شەڕ و شۆڕش بگۆڕدرێت. هەر لەو سۆنگەیەوە سۆسیال دیموکراسی چاکسازیی لە سەرمایەداریدا دەکات و حکومەت و دەوڵەتیش وەک لەندەهور و دێوزمە وێنا ناکات بەڵکو بەدەرفەتێکی دەبینێت تاکو کۆمەڵگەی خۆشگوزەران فەراهەم بکات. لەلایەکی تریشەوە، سۆسیال دیموکراسی دروشمی یۆتۆپیایی نییە و بانگەشەی ئەوەش ناکات، بەڵکو هەوڵ بۆ ئەوە دەدات بەپێی توانا و زەمینەی لەبار، چاکسازیی لە کۆمەڵگەدا بکات بە هەموو بوارەکانیەوە.
خوێندنی فەلسەفەی مێژوو یان ڕاهێنانی کادر لەسەر ڕێسا ناچارەکییەکان، کادر لەسەر ئەوە گۆش دەکات بەردەوام لە جوڵەدا بێت و هەوڵ بدات گرفتەکان چارە بکات. نەک دەستەوەستان دانیشێت و پێی وا بێت لەبری ئەو بڕیاردراوە و ئەوەی ڕوو دەدات، لە چارەی نووسراوە. یان پێی وا بێت، تەنیا شۆڕش و شەڕ دۆخەکە دەگۆڕێت یاخود چارەسەر لە دەرەوەی حکومەت و دەوڵەتەوەیە.

 
خوێندنی فەلسەفە یان ڕاهێنانی کادر لەسەر ڕێسا ناچارەکییەکان، کادر لەسەر ئەوە گۆش دەکات بەردەوام لە جوڵەدا بێت و هەوڵ بدات گرفتەکان چارە بکات

خوێندنی فەلسەفە لە ئەکادیمیا دیارەکان
لە ئەکادیمیا و پەیمانگە تایبەتەکان بە پەروەردەکردنی کادر، دەرفەتی ئەوە نییە بە چڕی و بە وردی وانەی فەلسەفە بە کادر بگوترێتەوە. بە تایبەتی ئەو لقانەی فەلسەفە، کە بە لقە تیۆرییەکان ناوزەد دەکرێن وەک لۆجیک و تیۆری زانین و میتافیزیک. بەڵام لەو ناوەند و ئەکادیمیا بە ناوبانگانەی ئەوروپا، کە تایبەتن بە خول و ڕاهێنانی کادری سۆسیال دیموکرات، کۆمەڵێک وانەی تایبەت بە فەلسەفە هەیە. هەر یەک لەو ئەکادیمیایانە لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانی خۆیان خشتە و ناوەڕۆکی وانەکانیان بڵاوکردووەتەوە. وەک لە بڵاوکراوەکانیاندا دیارە، لە هەندێک وانەدا فەلسەفە وەک کرۆکی بابەتەکە دانراوە. بۆ نموونە لە یەکێک لەوانەکانی سیاسەتدا لە ئەکادیمای پاڵمە لە سوید، بەراوردێکی وردی لەنێوان فەلسەفەی لیبرالیزم و سۆسیالیزم و کۆنزێڤاتیزمدا خستووەتەڕوو. پاشان سۆسیال دیموکراسی وەک ڕێگەچارە و لێکەوتەی ئەو فەلسەفە و ئاراستانە وێنا کردووە. لێرەدا نموونەی دوو ئەکادیمیای بەناوبانگ دەخەینەڕوو، کە هەر یەکەیان چەند وانە و بەباتێکی فەلسەفەیان خستووەتە ناو خشتەی وانەکانی پەروەردەکردنی کادرەوە.
ئەکادیمیای پاڵمە لە سوید، (Olaf palmes Internationalla Center) ئەکادیمیایەکی تایبەتە بە پەروەردەکردنی کادری سۆسیال دیموکرات. لە تەنیشت وانەکانی تر و ئاماژەدان بە چەمکەکانی تر، بە ئاشکرا گرنگی بە چەند چەمکێکی فەلسەفی دەدەن. بە تایبەت فەلسەفەی پراکتیکی وەک فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاق. هەروەها وانەی تایبەت لەمەڕ بەراوردکردنی ئاراستەکانی فەلسەفەی سیاسی دانراوە.
لە دامەزراوەی FriedrichEbert-Stiftung لە ئەڵمانیا، ئەکادیمیایەکی تایبەت بە سۆسیال دیموکراسی بە هەمان ناوەوە هەیە (Academy for Social Democracy) ئەم ئەکادیمیایە لەگەڵ وانە کردەکی و سیاسییەکانی خۆیدا، گرنگی تایبەت بە وانە فەلسەفییەکان دەدات. بە تایبەتی وانەی فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ئەخلاق و فەلسەفەی بەها و ئایدیۆلۆژییەکان. هاوشێوەی ئەکادیمیاکانی تر، ئەم ئەکادیمیایە چەمکە فەلسەفییە بەرکارەکان بۆ کادرەکان ڕوون دەکاتەوە. بۆ نموونە کادر هۆشیار دەکاتەوە لەمەڕ چەمکەکانی فاشیزم و پۆپۆلیزم و دێمەگۆگ و تۆتالیتێر و ... هتد. هەروەها هەڵوێستی سۆسیال دیموکراسی لە هەمبەر ئەو چەمکانە دەخاتەڕوو.
کۆتایی
سۆسیال دیموکراسی ئەگەر فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیایش نەبێت، ئەوا دەتوانرێت وەک گوتارێکی سیاسی تەماشا بکرێت چونکە خاوەن سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. لەناو کۆمەڵگەدا زمان و مانا و بەهای نوێباو دەهێنێتەئاراوە و کاریگەری ڕاستەوخۆیشی بەسەر ڕەوتی سیاسەت لە کۆمەڵگەدا هەیە. هەروەها وەرچەرخانێکی هزرییە لەناو فەلسەفەی مارکسیزم. بۆیە لەپێناو هێنانەئارای کۆمەڵگەی خۆشگوزەران، ڕیفۆرم دەکاتە جێگرەوەی شۆڕش. بۆ ئەوەش سەرمایەداری مەرجدار قبووڵ دەکات، نەک ڕووخان و خاپوورکردنی تەواوەتی سەرمایەداری. هەروەها بە پێچەوانەی لیبراڵیزمی نوێ، دەستی دەوڵەت لەبازاڕدا کورت ناکاتەوە و بازاڕ بە تەواوی ئازاد ناکات. کەواتە سیۆسیال دیموکراسی هێڵی مامناوەندییە لەنێوان لیبراڵیزم و لیبراڵیزمی نوێ لەلایەک و مارکسیزمە کلاسیکییەکان لەلایەکی ترەوە. خوێندنی وانەی تایبەت لەمەڕ ئەم پرسانەی سەرەوە، کە کرۆکی ئەو فەلسەفەیەیە وا سۆسیال دیموکراسی لێ کەوتووەتەوە، پێگە و پێویستیی ئەو ڕەوتە لەناو کۆمەڵگەکاندا دیار و دەستنیشان دەکات. هەروەها بەبێ لا کردنەوە لەو پرسە فەلسەفیانە و بەبێ تەرخانکردنی وانەی تایبەت لەسەری، سۆسیال دیموکراسی بۆ کادرەکانی خۆیشی دەبێتە دروشمێکی بێ ڕەنگ و بێ ڕەونەق نەک ڕیفۆرمێکی جدی.
لە دنیای ڕووناکبیری و سیاسی ئێمەدا، چەمکەکان تەنیا ڕەهەندێکی ئەدەبی و نووسراویان لەنێو کتێبەکاندا هەیە بەڵام لە ڕاستیدا ململانێی نێوان ئەو چەمکانە و ئەو فەلسەفەیانەی چەمکەکانیان بارگاوی کردووە، بنەمای دامەزراندنی مۆدێل و سیستەمە سیاسییەکانن. ڕاهێنانی کادر لەسەر ئەو ڕاستییەی سۆسیال دیموکراسی تەنیا چەمکێکی ڕووت و ئەدەبیی نێو کتێبەکان نییە و هەروەها تەنیا دروشم نییە بەڵکو شێوازێکی سیاسەتکردن و تێکۆشانی نیشتمانییە بە شێوەیەکی نوێباو و مۆدێرن، یەکێکی ترە لە وانە گرنگەکانی پەروەردەی کادر. هەروەها ئەگەر کادر لە ڕووی هزرییەوە بۆ ئەو مەبەستە ڕابهێنرێت، لە داهاتوودا دەزانێت چۆن سیاسەت بکات و چۆن بەرنگاری رکەبەرەکانی بێتەوە و دەشزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکاندا بکات. دەشزانێت چۆن و چی پێشکەشی کۆمەڵگەکەی بکات یان ململانێ لەسەر چی شتێک بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەی لە دەست قەیرانەکان دەربازی ببێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە، هۆشیاری و ڕاهێنانی کادر لەسەر ڕیفۆرم، خۆی جۆرێکی ریفۆرمە و لەگەڵ بنەما هزرییەکانی سۆسیال دیموکراسیدا هاوتەریب و تەبایە چونکە ڕاهێنانی کادر لەسەر ڕێفۆرمی بەردەوام لە دامودەزگا سیاسییەکاندا، چ دامودەزگای حکومەت بێت یان کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و ئایینی…هتد خۆبەخۆ هەوڵێکی تەواو پێشەوکەوتنخوازانەیە. هاوکات دەربازبوونی ڕەوت و ئاراستە سیاسییەکان و سیاسەتوانە لە مەترسی چەقبەستوویی. بەتایبەت لە کۆمەڵگەی جیهانی سێیەم و لەم دۆخە هەنووکەییەدا، چەقبەستوویی هزری و گەڕانەوە بۆ دواوە، پەتا و بەڵای سیاسەت و سیاسەتوانە.

سەرچاوە
سوسیال دیموکراسی در جهان پیرامونی (خاستگاه‌ها، چالش‌ها و چشم‌اندازها)، ریچارد سندبروک، مارک ادلمن... ترجمە: وحید موسوی داور. انتشارات شیرازە. چاپ دوم 1402
مارکسیزم یان سوسیال دێموکراتی، پ.د.حەمید عەزیز. دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان. سلێمانی. چاپی یەکەم 2017
راە سوم؛ باسازی سوسیال دموکراسی، انتونی گیدنز. ترجمە: منوچهر صبوری. انتشارات شیرازە. چاپ اول 1401
دو تاکتیکی سۆسیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیدا. لینین. وەرگێڕانی: فەرید ئەسەسەرد. بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان
(ی.ن.ک) پێناسەی حزبێکی سۆسیال دیموکرات. نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا. ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران. سلێمانی. چاپی یەکەم 2012
سۆسیال دیموکراسی (مێژوو، تیۆری، ڕەخنە). ئەکەرم میهرداد. سلێمانی. چاپخانەی کارۆ. چاپی دووەم 2022
https://www.palmecenter.se/wp-content/uploads/2023/10/Module-1-Forming-and-structuring-a-party.pdf
https://www.fes.de/en/academy-for-social-democracy 

*ئەم توێژینەوەیە لە ژمارە 5 گۆڤاری ڕێبازی نوێ، ژمارەی پاییزی 2025 بڵاوکراوەتەوە.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved