دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لە هەمبەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان
سەرکەوت جەلیل
دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی


پێشەکی
کاتێک دەوترێت "دەستڕۆیشتوو"، "دەستی دەڕوات"، "دەستڕۆیشتن" مانا و وێنەیەکی جیاواز لە "دەستدرێژی" یان "دەستی درێژە" دەگەیەنن. دەست بڕوات مانایەکی ئیجابیتری هەیە وەک لەوەی دەست درێژ بێت. دەست کە دەڕوات لەو ڕووەوە ئیجابیترە کە جۆرێک لە ڕەوایەتیی هەیە یان تێدایە، بەڵام دەست کە درێژە، ناڕەوا و ناقۆڵایە. دەست کە دەڕوات، شتێکە "دەبێت ڕوو بدات" یان لای کەم "بۆی هەیە ڕوو بدات". بەڵام دەست کە درێژە، ناڕەوایە، نابێت و بۆی نییە ڕوو بدات. وەکچۆن "زۆربڵێ" جیاوازە لە "دەمدرێژ"، ئاواش دەستڕۆیشتن جیاوازە لە دەستدرێژی. زۆروتن، یان زۆربڵێیی دەکرێت ناخۆش و ناشرین بێت، دەکرێت بێزارکەر بێت، بەڵام هاوشێوەی دەمدرێژی، تخوبەکان نابەزێنێت، مافەکان پێشێل ناکات، ناگاتە ئاستێک بە "ناڕەوا" بخەمڵێنرێت. دەکرێت مانا و دەلالەتی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی، لەم ڕێچکە زمانییەوە ڕوون بکرێتەوە.
دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی (universal jurisdiction) یان دەرە-سنووری (extraterritorial) بنەمایەکی فیکری و یاساییە، لە ناوەندی یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییشدا مشتومڕی لەسەرە و باس دەکرێت. ئەم بنەمایە پەیوەستە بە هزرین و کردارەوە، چ هزرین و کرداری تاکەکەسەکان و چ هی دەوڵەتانیش. کرۆک یان خاڵی ناوەندی لە باسی دەستڕۆیشتوویی گەردوونییدا، هەردوو چەمکی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیە. کێیە ئەوەی بەرپرسیارە، کێیە ئەوەی دەپرسێتەوە. کێیە ئەوەی بەرپرسیارە وەک ئەوەیە بوترێت، کێ تاوانبار یان تاوانکارە و شایەنی سزادانە. کێیە ئەوەی دەپرسێتەوە وەک ئەوەیە بوترێت، کێ هێندە دەستی دەڕوات بتوانێت ئەو تاوانکارە سزا بدات. لێپرسینەوە یان دەسەڵاتی سزادانیش لەسەر دوو پایەی سەرەکی بەندە، یەکیان سنوور یان هەرێمە، ئەوەی تریان وڵاتنامەیە. واتە لەکوێدا کردار یان تاوانەکە کراوە و کێش کردوویەتی. لەم سۆنگەیەوە، لەم وتارەدا زیاتر لەسەر چەمکی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی دەوەستم و لە پەیوەندیی بە تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، شی دەکەمەوە و هەوڵیش دەدەم هەندێک نموونە و دۆسیەی یاسایی هاوچەرخی ئەو بنەمایە، بدەمە بەر باس.


کرۆک یان خاڵی ناوەندی لە باسی دەستڕۆیشتوویی گەردوونییدا، هەردوو چەمکی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیە


پێناسە و بنەچە
بەو پێیەی بیرمەندان و یاساناسان لەسەر پێناسەکەی ڕاجیاوازن، کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە هەمبەر ئەم بنەمایەوە نییە و تاقە پێناسەیەکی یەکانگیر و هەمەگیری بۆ نەکراوە. بەڵام بەگشتی، دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی بریتییە لە توانایی یان دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانگەلێکی دیاریکراو، بەبێ بەمەرجگرتنی ئەوەی تاوانەکە لە سنووری ئەودا قەومابێت، یان تاوانکار یان تاوانلێکراو سەر بەو دەوڵەتە بن، یانیش تاوانەکە ئاسەواری لەو وڵاتەدا هەبێت، یانیش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بێت. هەندێکیش دەڵێن بریتییە لەوەی دەوڵەتێک مومارەسەی دەستڕۆیشتوویی دادوەریی خۆی بەسەر تاوانبارێکەوە بکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تاوانەکە یان تاوانبارەکەوە هەبێت، جگە لەوەی تاوانبار لەسەر خاکییەتی. سەرچاوەی ئەم دەسەڵاتەش ئەوەیە، تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان، خەسڵەتێکی گەردوونییان هەیە و لە کاتی کردنیاندا، دژی هەموو جڤاتی نێودەوڵەتی دەبن. هەندێک لە وڵاتان بە یاسا ئەو دەسەڵاتەیان بە دادگاکانیان داوە و بۆیان هەیە بکەری ئەو تاوانانە دادگایی بکەن، جا لە هەرکوێوە هاتبن و دژی هەرکێش ئەنجامیان دابێت، لەوانەش نیو زیلاند، فەرەنسا، کەنەدا، ئیسپانیا و بەم دواییانەش ئەڵمانیا [١]. ئەوەش واتە دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی، لادانە لە بنەما گشتییەکانی سزادان و لێپرسینەوەی جەزایی و دەستڕۆیشتوویی دادوەریی. چونکە وەک بنەمای گشتی، بۆ ئەوەی دەوڵەتێک بتوانێت یاسای تاوانی خۆی بچەسپێنێت، دەبێت ڕەچاوی هەردوو بنەمای سنووربەندی (territoriality) و وڵاتنامە (nationality) بکات. واتە یان تاوانەکە لە خاکی ئەودا بووبێت، یان ئەنجامدەر یان قوربانییەکەی، هاوڵاتیی ئەو بن. بۆ نموونە، یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ (مادەکانی ٦ تا ١٤) باسی وردەکاریی دەستڕۆیشتوویی دادوەریی دەکات، چ ئەوەی پەیوەستە بە خاکەوە و چ ئەوەشی پەیوەستە بە کەسەکان و جۆری تاوانەکانەوە. بەم شێوەیە، دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەبێ گوێدانە جێی ڕوودانی تاوانەکە یانیش وڵاتنامەی کەسەکان، ئەو پێناسەیەیە کە دەکرێت بۆ دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی بکرێت [٢].
ڕیشەی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی زۆر دێرین نییە. لە سەدەی بیستەمدا، بە دیاریکراوی لە نیوەی دووەمی ئەو سەدەیەدا، هاتە پێشەوەی بابەتە گەرمەکان. پاش جەنگی جهیانیی دووەم، هاوکات لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەو جەنگە لە هەردوو بەرەی ئەڵمانی و یابانی، پرسیاری بنچینەی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە هاتە کایەوە: لەسەر چ بنچینەیەک ئەو تاوانبارانە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن؟ ئەم پرسیارە گرنگ بوو، چونکە جگە لەو زیانە ڕاستەوخۆیەی بەر هێزەکانی هاوپەیمانان—بەرەی براوە—کەوتبوون، تاوانەکانی تر نە ئەنجامدەر و نە قوربانیی، سەر بەو دەوڵەتانە نەبوون. دەکرێت دادگاییەکانی نورمبێرگ و تۆکیۆ وەک یەکەم نموونەی کردەیی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی، ببینرێن.  هەرچەندە ئەو دادگاییانە واش دەبینرێن، کە ڕەوایەتی و کاراییان لە "ڕێگەپێدانی حکومی"ی دەوڵەتانی هاوپەیمان و براوەوە، وەرگرتبێت [٣]. بەڵام مەودا و چوارچێوەی وەها دەستڕۆیشتنێک، پرسیارێکی تری گرنگە: تا کوێ بڕ دەکات و چ جۆرە تاوانێک دەگرێتەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە هەر لە یاسای نێودەوڵەتیدایە، نەک یاسای ناوخۆیی دەوڵەتان، بەو پێیەی جۆر و پێناسەی ئەو تاوانانە—ماوەیەک پێش جەنگی جیهانیی دووەم و دواتریش لە سەروەختی دادگاییەکانی نورمبێرگ و تۆکیۆوە—لە یاسای نێودەوڵەتیدا دروست بوون و گەشەیان کردووە. پراکتیکی دەوڵەتان دەکرێت جیاواز بێت، بەڵام بەگشتی جۆرێک لە کۆدەنگی لەسەر جۆری تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە بەستێنی دەستڕۆیشتوویی گەردوونییدا هەیە؛ ئەو تاوانانەی دەکرێت لەلایەن دادگا ناوخۆییەکانەوە و بەبێ گوێدانە جێی ڕوودانیان و وڵاتنامەی کەسەکان، دادگایی بکرێن، بریتین لە جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، ئەشکەنجەدان، کوشتنی دەرە-دادوەریی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، جگە لە هەندێک تاوانی تری وەک ڕفاندنی فڕۆکە و بەبارمتەگرتنی خەڵک [٤].


دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی بریتییە لە توانایی یان دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانگەلێکی دیاریکراو، بەبێ بەمەرجگرتنی ئەوەی تاوانەکە لە سنووری ئەودا قەومابێت، یان تاوانکار یان تاوانلێکراو سەر بەو دەوڵەتە بن

ڕێکخستنی یاسایی
زۆرێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە پەیماننامەی تایبەتدا ڕێک خراون. پەیماننامەی جینۆسایدی ١٩٤٨ تایبەتە بە ڕێلێگرتن و سزادانی ئەو تاوانە. لە چوار پەیماننامەکەی جنێڤی ١٩٤٩شدا تاوانی جەنگ (کە تاوانی دژ بە ئاشتییشی پێ دەوترێت) باس کراوە، لەوانەش تاوان دژی دیلی جەنگ، دژی خەڵکی مەدەنی، دژی چەکداری نەخۆش و بریندار لە مەیدان و لە دەریاشدا، یان دژی پێویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵک کە بۆ مەرامی سەربازی بەکار نەهێنراون. مادەی ٨٥ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی زیادکراو بۆ پەیماننامەکانی جنێڤ لە ١٩٧٧، تاوانی وەک کوشتنی بەمەبەست، ئەشکەنجەدان، تاقیکردنەوەی بایۆلۆژی، دەستبردن بۆ سەلامەتیی جەستەیی و تەندروستی، ناچارکردنی خەڵک بە کارکردن بۆ بەرەی دوژمن، بێبەشکردنی خەڵک لە دادگایی دادپەروەرانە و چەند تاوانێکی تریش، بۆ لیستەکە زیاد دەکات. پەیماننامەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە و دڵڕەقانەی ١٩٨٤یش تایبەتە بە قەدەغەکردن و سزادانی تاوانبارانی تاوانی ئەشکەنجەدان. جگە لەوانەش، لە بنەڕەتنامەی ڕۆمای ١٩٩٨ی دادگای نێودەوڵەتیی تاواندا، ئەو تاوانانە پێکەوە نراون و وەک بەشێک لە دەستڕۆیشتوویی دادوەریی دادگاکە، بڕیاریان لێ دراوە. هەروەها لە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، جەخت لە دادگاییکردنی تاوانباران کراوەتەوە. بۆ نموونە، بڕیاری ژمارە ١٢٦٥ لە ١٩٩٩ (بەتایبەت بڕگەی ٦) جەخت لە "بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان لە بنبڕکردنی دەربازبوون لە لێپرسینەوە، هەروا لە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە ئەنجامدانی تاوانی گەورەی وەک جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، بەرپرسیارن" دەکاتەوە. ئەمانە و چەندان پەیماننامەی تری نێودەوڵەتی، وەک ئەوانەی تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، هەمان بنەمایان بەگەڕ خستووە.
لە بەستێنی ئەم تاوانانەدا ئەوەی جێی سەرنجە، بەشداریی یاخود تێوەگلانی دەزگاکانی دەوڵەتە. لە زۆرێک لە دۆسیەکانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی یانیش ئەشکەنجەداندا، دەوڵەت و دەزگاکانی، کە بڕیارە دەزگای بێلایەنی خەڵک بن، یان خۆیان تاوانەکە ئەنجام دەدەن یان کارئاسانیی بۆ دەکەن. نموونەی ئەمەش، جینۆسایدی کورد لە عێراق (هەر لە دۆسیەی کوردانی فەیلی و دۆسیەی بارزانییەکانەوە تا دەگاتە ئەنفال) و جینۆسایدی توتسییەکان لە ڕواندا لە ١٩٩٤ و دۆسیەی جینۆسایدی بۆسنییەکان بە دەستی سربەکانی یوگۆسلاڤیا (بەتایبەت دۆسیەی سرێبرێنیکا) و چەندانی تریش. نموونەی کارئاسانی، یان باشترە بوترێت کەمتەرخەمییش، وەک دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە دەستی داعش لە ٢٠١٤دا. لەم دۆسیەیانەدا کە دەوڵەت بۆ خۆی لە بازنەی ئەنجامدەر، بەشدار، هاوبەش یان کەمتەرخەمدایە، دەوڵەت خۆی لە کردنەوەی دۆسیە یان لێپرسینەوەی تۆمەتباران دەدزێتەوە، مەگەر دینامیکییەتی سیاسی لەو جێیەدا بگۆڕێت. بۆ نموونە، تا کاتێک بەعس فەرمانڕەوای عێراق بوو، یان تا کاتێک هوتووەکان فەرمانڕەوای ڕواندا بوون، لە دۆسیەکانی جینۆساید لەو دوو شوێنەدا نەپرسرایەوە. دوای کەوتن و کۆتایی ئەو دوو دەسەڵاتە بوو، کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە کرایەوە و بەشێک لە تاوانباران سزا دران. لێرەوە چەمکی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی وەک جێگرەوەیەکی بەرپرسیارێتیی بنەڕەتیی دەوڵەتان لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیماننامانەدا، دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارانەی دەبێت سزا بدرێن، سزا بدرێن و دەربازیان نەبێت، واتە بۆ ئەوەی پارێزبەندیی(impunity)ی تاوانباران، کۆتایی بێت.
لە زۆرێک لە پەیماننامە پەیوەندیدارەکاندا، دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە ئاماژەی پێ نەکراوە. بەڵام هەر چوار پەیماننامەکەی جنێڤ لە ١٩٤٩ (یەک لە دوای یەک لە مادەکانی ٤٩، ٥٠، ١٢٩، ١٤٦)دا هاتووە، دەبێت دەوڵەتان بەبێ گوێدانە وڵاتنامەی ئەو کەسانەی تۆمەتبار یان گومانلێکراون بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورەی یاساکانی جەنگ، دادگاییان بکەن، ئەوەش بەپێی بنەمای "یان ڕادەستی بکەوە، یان دادگایی بکە" (aut dedere aut judicare). واتە دەوڵەتان بژارەی تریان نییە، هەر دەبێت تۆمەتباران ڕادەست بکەنەوە، خۆ گەر ڕادەستکردنەوەش بە هەر هۆیەک بێت، مومکین نەبوو، دەبێت سیستەمی یاسایی خۆی بە جۆرێک هەموار کردبێت کە بتوانێت ئەو تۆمەتبارانە دادگایی بکات [٥]. بەپێی پەیماننامەی جینۆساید، مادەی ٦ ئەرکی دەوڵەتانە ئەنجامدەرانی جینۆساید دادگایی بکەن، جا لە بەردەم دادگایەکی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتیدا بێت کە دەوڵەتانی ئەندام، دەستڕۆیشتوویی دادگاکەیان قبوڵ کردبێت. لای هەندێک لە توێژەران ئەم مادەیە وا لێک دەدرێتەوە، کە پەیماننامەکە دادگاییکردنی جینۆسایدی بەو دوو ڕێگەیە قەتیس کردبێت، وەک ئەوەی بواری بۆ دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی نەهێشتبێتەوە. بەڵام لای هەندێکی تریش، گرنگە خۆ لە لێکدانەوەی دەقاودەقی حوکمەکانی ئەو پەیماننامەیە، دوور بگیرێت، چونکە گەر سزادانی تاوانی جینۆساید بە تەنیا ئەو دوو ڕێگەیەی مادەی ٦ سنووردار بکرێت، ئەوکات مانایەک بۆ مادەکانی ٤ و ٥ نامێنێتەوە [٦]. بەپێی ئەو دوو مادەیە، دەبێت ئەنجامدەری جینۆساید سزا بدرێت، ئیتر گرنگ نییە فەرمانڕەوا و کاربەدەستی فەرمیی دەوڵەتە یان تاکێکی مەدەنی. هەروەها دەبێت دەوڵەتان یاساکانی خۆیان هەموار بکەنەوە، بۆ ئەوەی جێی تاوانی جینۆساید و چۆنێتیی دادگاییکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی، دەستنیشان بکەن. لە لایەکەوە بە لەبەرچاوگرتنی گفتوگۆکانی سەروەختی داڕشتنی پەیماننامەکە و ئەو بۆچوونە جیاوازانەی لەسەر چەمکی گەردوونیبوون یان دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی هەبوون، لە لایەکی تریشەوە ئامانج و بیرۆکەی سەرەکیی پشتەوەی پەیماننامەکە، "ڕێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید"، پێکڕا وا دەکەن کە زوو بێت یان درەنگ بوار بۆ دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی بکرێتەوە [٧]. سەرباری لابردنی مادەی تایبەت بە دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لە پەیماننامەکەدا، دەوڵەتان یان هەندێکیان پاڵپشت بەو بنەمایە، تاوانکارانی جینۆسایدیان دادگایی کرد و سزا دا. جگە لەوانەش، هەردوو پەیماننامەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و پاراستنی هەموو کەسێک لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ (٢٠٠٦)، کار بە هەمان بنەما دەکەن؛ داواکارن دەوڵەتان لە یاساکانی خۆیاندا ڕێگە بە دادگاییکردنی تۆمەتباران بدەن لە حاڵێکدا نەیانویست ڕادەستیان بکەنەوە.
ڕەنگە دۆسیەی ناودار لەم ڕووەوە، دۆسیەی ئایخمان (Eichman) بێت لە ئیسرائیل. ئایخمان ئەفسەرێکی نازی بوو، لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە هەڵمەتی جینۆسایدییانەی نازییەکان دژی جووەکان(هۆلۆکۆست)دا بەشدار بووە. پاش جەنگ دەچێتە ئەرجەنتین و لەوێ دەژی. ئیسرائیل لە ڕێی هەواڵگرییەوە، دیڕفێنێت و دەیهێنێتەوە ئیسرائیل؛ بە تۆمەتی جینۆساید دادگایی دەکات و سزاشی دەدات. ئەوەی جێی سەرنجە، یەک دوو خاڵن. یەکەم، کاتێک جەنگی جیهانیی دووەم و نازییەکان هەبوون و تاوانیان دەرهەقی جووەکان کردووە، دەوڵەتێک بە ناوی "ئیسرائیل"ەوە نەبووە، چونکە ئەو دەوڵەتە پاش جەنگەکە و لە ١٩٤٨ دامەزراوە. دووەم، بەرگریکاری ئایخمان مادەی ٦ی پەیماننامەی جینۆسایدی کردە کرۆکی بەرگری، بەو پێیەی دادگاییکردن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی دیاری کردووە و تەنیا دوو ڕێگەی بۆ ئەو مەبەستە داناوە، یان لەلایەن ئەو دەوڵەتەی تاوانەکەی تێدا کراوە، یانیش دادگایەکی نێودەوڵەتییانەی تاوان. بەڵام ئیسرائیل هیچیان نەبوو، چونکە ئەو دادگاییەی بۆ ئایخمان ڕێک خرابوو، نێودەوڵەتی نەبوو، هەروەها تاوانەکەش لە سەرزەمینی ئەوروپا (ئەڵمانیا و پۆڵەندا و ...هتد) بوو، نەک لە ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام دادگای باڵای ئیسرائیل، پاڵپشت بە بنەمای دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی، ئەو پاساوەی تیمی بەرگریی ڕەت کردەوە [٨]. بەگشتی و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، جینۆساید لە پێگەی بەرزەنۆرم(jus cogens)دایە. بەرزەنۆرم، بەو شێوەیەی پەیماننامەی ڤیەننا بۆ یاسای ڕێککەوتننامەکان (١٩٦٩) دەیناسێنێت، هەر نۆرمێکە کە هیچ جۆرە لادان و ڕیزپەڕ و پێشێلکردن و هەڵپەساردنێک نایگرێتەوە، تەنانەت هەر پەیماننامە یان بەشێکی پەیماننامەیەکیش دژی وەها نۆرمێک بێت، بە هەڵوەشاوە و پووچ دادەنرێت. بەرزەنۆرم مەگەر بە بەرزەنۆرمێکی تری هاوشێوە بگۆڕێت یان هەموار بکرێتەوە، ئەگینا وەک خۆی دەمێنێتەوە. تەنیا جینۆساید نییە کە لەو پێگە یاساییەدا بێت، بەڵام جینۆساید یەکێکە لەو تاوانانەی بە بۆچوونی زۆرێک لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و یاساناسانیش، لە پێگەی بەرزەنۆرمدایە و وەک ئەوەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە ڕواندا ناوی نا، پێشی دەوترێت "شاتاوان" یان "سەرتۆپی تاوانەکان – the crime of all crimes". ئەمەش لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی دادەوە پشڕاست کراوەتەوە و پەیماننامەی جینۆساید بەپێی ئەو بنەمایانەی لەسەریان دامەزراوە، وەک "پەیماننامەیەکی گەردوونیی" ناسێنراوە، کە پێکڕای دەوڵەتان پێبەند دەکات. نۆرمی ڕێلێگرتن و سزادانی جینۆسایدیش، بووەتە بەرزەنۆرمێک کە دەوڵەتانی هەموو بەشەکانی جیهان پێبەند دەکات و ناشکرێت بە پارچە یان ناوچەیەکی دیاریکراوەوە، قەتیس بکرێت و بەشێکە لە ئەرکی دەوڵەتان لە هەمبەر سەرلەبەری جڤاتی نێودەوڵەتی. لە دۆسیەیەکی تردا، دادگای داد ئەو ماف و ئەرکانەی لە پەیماننامەی جینۆسایددا هاتوون، بە ماف و ئەرکی دەرهەقی هەمووان (بە زاراوەی یاسایی: erga omnes) ناوی بردوون؛ بۆیە ئەرکی دەوڵەتان لە ڕێگرتن لە جینۆساید و سزادانیدا، سنووربەند نییە [٩]. وەک هەندێک توێژەر باسی دەکەن، دەبێت لەم پرسەدا دوو لایەن یان دوو خاڵ لێک جوێ بکرێنەوە. لایەنی سروشتی کردارەکە، لەگەڵ بنچینەی یاسایی و تەکنیکیی بۆ دەستڕۆیشتوویی دادوەریی دەوڵەتان لە دادگاییکردنی تۆمەتباراندا. زۆر جار لە گفتوگۆی دەستڕۆیشتوویی گەردوونییدا ئەم جووتە تێکەڵ دەکرێن، بەڵام دەستڕۆیشتوویی دەوڵەتان هەر پاساو و بنچینەیەکی هەبێت (بۆ نموونە، تیۆریای پەیوەندی، واتە هەبوونی پەیوەندییەکی یاسایی نێوان دەوڵەتی دادگاییکەر و تۆمەتباری دادگاییکراودا)، لە سروشتی تاوانەکە ناگۆڕێت و دەکرێت بنچینەی تر بۆ وەها دەستڕۆیشتنێک دابهێنرێت [١٠].

پراکتیکی هاوچەرخ
جگە لە دۆسیەی ئایخمان لە ئیسرائیل، زۆر دۆسیەی تریش هەن کە پشتڕاستکەرەوەی بنەمای دەستڕۆیشتوویی گەردوونیین. تا ٢٠٢٤ ژمارەیەک دۆسیە یەکلا کراونەتەوە و ژمارەیەکی تریش هێشتا کراوەن. ئەو دەوڵەتانەی زۆرترین دۆسیەی تاوانبارانیان کردووەتەوە، لە زۆرترین دۆسیەوە بۆ کەمترین بریتین لە فەرەنسا، ئەرجەنتین، سوێد، ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، سویسرا، ئەمەریکا، نەمسا، لیتوانیا، ئوسترالیا و فینلەندا. فەرەنسا بە ٢٠ دۆسیەوە زۆرترینە و ئوسترالیا و فینلەندا بە هەریەکەو دۆسیەیەک، کەمترینن. نەخشەی ئەو دەوڵەتانەش پێمان دەڵێت، زۆرینەی ئەوانەی پراکتیکی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی دەکەن، لە ئەوروپان. ئەو دەوڵەتانەشی زۆرترین تاوانیان تێدا ئەنجام دراوە و زۆرترین تۆمەتباریان دادگایی دەکرێن، ئۆکراینا و بیلاڕوسیا و ئیسپانیا لە ئەوروپان؛ ئەرجەنتین و کۆلۆمبیا و گواتیمالا و ڤێنزوێلا و نیکاراگوا لە ئەمەریکان؛ چین و یەمەن و عێراق و ئێران و میانمار و فەلەستین و کوەیت و سوریا و سعودیە لە ئاسیان؛ ئەوانی تریش لە ئەفریقان. کۆی گشتیی، تا ٢٠٢٣ لە ١٣ دەوڵەتدا بنەمای دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی پێڕەو کراوە، دۆسیەی یەکلاکراوە و هێشتا کراوەشیان هەیە بۆ نزیکەی ٢١٧ تۆمەتبار بە تۆمەتی جیاواز لەسەر تاوانگەلێک کە لە ٣٥ دەوڵەتدا ئەنجام دراون [١١].
لە نێو جۆری تاوانەکانیشدا کە تۆمەتباریان لەسەر دادگایی دەکرێت، ٢٢ دۆسیەی تایبەت بە جینۆساید هەن. لە فەرەنسا نۆ دۆسیە بۆ تۆمەتباری جینۆساید لە ڕواندا هەن؛ یەکێکیش بۆ کەیسی تابەت بە ئێزدییەکان، کە تاوانەکە لە سوریا بووە. لە بەلجیکا دۆسیەیەک بۆ دوو تۆمەتباری گواتیمالا، لەگەڵ دۆسیە بۆ سێ تۆمەتباری ڕواندا کراونەتەوە؛ هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدییەکان. ئەڵمانیاش سێ دۆسیەی هەبوون، دوو دۆسیە تایبەت بە ئێزدییەکان، لەگەڵ دۆسیەیەک بۆ عێراقییەکی پێشتر ئەندامی داعش [١٢].

بریتییە لەوەی دەوڵەتێک مومارەسەی دەستڕۆیشتوویی دادوەریی خۆی بەسەر تاوانبارێکەوە بکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تاوانەکە یان تاوانبارەکەوە هەبێت، جگە لەوەی تاوانبار لەسەر خاکییەتی

لە عێراقدا مادەی ١٣ و ١٤ی یاسای سزادان، باسی دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی دەکەن. بەپێی مادەی ١٣ هەر کەسێک لە دەرەوەی عێراقیش بێت و یەکێک لە تاوانەکانی تێکدانی هۆکارەکانی پەیوەندیگرتن و گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان و کۆیلە و مادەی هۆشبەرەوە ئەنجام بدات، یاسای سزادانی عێراقیی بەسەردا جێبەجێ دەبێت. بەپێی مادەی ١٤، بۆ هەر جۆرە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەکی لەو شێوەیە، ڕەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی پێویستە. جگە لەوە، لە یاسای سزادان یان یاساکانی تری عێراقدا، ئاماژە بە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان—جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، ئەشکەنجەدان—نەدراوە. بۆ ئەوەیان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای دادگای باڵای تاوانەکان، ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥، کە پاش کەوتنی حوکمڕانیی بەعس و بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی قۆناغی حوکمڕانیی بەعسییەکان لە ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣، هاتە ئاراوە. لە مادەکانی ١١، ١٢، ١٣، ١٤ی یاساکەدا باس لە دەستڕۆیشتوویی دادگاکە کراوە و دەتوانێت تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاونای جەنگ و تاوانی شەڕەنگێزی (بەکارهێنانی هێز دژی دەوڵەتانی تر) ببینێت. بەڵام تەنیا بۆ ئەو تاوانانەیە کە لە عێراقدا و لەلایەن عێراقییەوە ئەنجام دراون، باسێک لە دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لەگۆڕێدا نییە. هەموو ئاماژەکان بە دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لە مادەی ١٣ی یاسای سزداندایە، بەڵام ئەویش ڕووبەرەکەی زۆر تەنگ و تەسکە، تەنیا دەکرێت دوو-سێ جۆر تاوانی دژەمرۆڤایەتی یان تاوانی جەنگ بگرێتەوە، نەک هەموو تاوانەکان و نەک تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تریش. واتە، لە عێراقدا یاسایەکی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان نییە و بنەڕەتنامەی ڕۆمای دادگای نێودەوڵەتیی تاوانیشی واژۆ نەکردووە تا دەستڕۆیشتوویی بینینی دۆسیەکانی ئەو تاوانانە لە عێراقدا، بەو دادگایە بسپێرێت، لە کاتێکدا دادگای نێودەوڵەتیی تاوان هەم ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی وردترن، هەمیش هەندێک گرەنتیی تێدایە، لەوانەش پرسی قەرەبووکردنەوەی قوربانییان یان زیانلێکەوتووان، لە یاساکانی عێراق و زۆربەی وڵاتانی تریشدا نین [١٣].

پاساو
بۆ ئەوەی تاوانکاران ئاسان لە سزا و لێپێچینەوە دەربازیان نەبێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدی بێت، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک لە ژێر پاساو و ناوی جۆراوجۆر خۆی لە لێپرسینەوە نەدزێتەوە، دەبێت دەوڵەتان لە یاسای ناوخۆییاندا جێ بۆ بنەمای دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی بکەنەوە. بیرۆکە یان مەبەستی سەرەکیی پشتەوەی ئەم بنەمایە، نەهێشتنی پەناگەی ئارام (safe haven)ە بۆ تاوانکاران. زۆرێک لە دەوڵەتان ڕێککەوتننامەی دووقۆڵیی ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانیان هەیە، بەو پێیەش لە هەرکام لەو دوو دەوڵەتەوە تاوانبارێک بچێتە ئەوەی ترەوە، دەبێت ڕادەست بکرێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم دادگا و یاسا، ئەگینا دەبێت ئەو دەوڵەتە خۆی دادگایی بکات. پارێزبەندی یان لێنەپرسینەوەی تاوانکاران کارێک دەکات، متمانەی گشتی بە سیستەمی یاسایی و سیاسی لاواز بێت. لەبەر ئەوەشە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی یاسایان بۆ دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی داناوە و لەوێوە ژمارەی ئەو دۆسیەیانەشی بەو یاسایانە کراونەتەوە، لە هەڵکشانی بەرچاودان. پێش ١٩٨٨، ژمارەی دۆسیەکان ٢٨٦ بوو، بەڵام تا ٢٠١٧ گەییوەتە ٨١٥ دۆسیە لە سەرانسەری جیهاندا [١٤] کە بێگومان تا ٢٠٢٤ ژمارەکە لەوەش زیاترە. ڕاستە لەوانەیە دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی، هەندێک ئاڵنگاریی خۆی هەبێت، بۆ نموونە، بەربەستە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، هەروەها شێوازی کۆکردنەوەی بەڵگەکان، بەو پێیەی تاوانەکە لە جێیەکە و دادگاییش لە جێیەکی دی. بەڵام گەر دەوڵەتێک خۆی نەیەوێت یان نەتوانێت تۆمەتباران دادگایی بکات، ئەوکات چی؟
وەک ئەوەی لە بنەماکانی پرینستندا هاتووە، دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لەسەر "سروشتی" تاوانەکە بەندە، چ پەیوەندییەکی بە جێی ڕوودانی تاوانەکە، ئەنجامدەری تاوانەکە، ناسنامەی قوربانییەکە یان هیچ لایەنێکی ترەوە نییە؛ دەبێت لە سەروەختی ڕوودانی تاوانێکی گەورەی نێودەوڵەتیدا، دەوڵەتان بتوانن ئەنجامدەری ئەو تاوانانە (کە بریتین لە جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، تاوانی شەڕەنگێزی، چەتەیی، ئەشکەنجەدان و بەکۆیلەکردن)، دادگایی بکەن [١٥]. لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٤دا، دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی لە غەزە - فەلەستین، فەرمانی گرتنی بۆ بنیامین نێتانیاهو، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل و دوو کەسی تریش دەرکرد. لە بەرامبەردا و وەک سزایەک یان تۆڵەیەک لەو دادگایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، هەندێک سزای بەسەر داواکاری گشتی و دادوەرانی دادگاکەدا سەپاند و پێشوازییەکی گەرمیشی لە نێتانیاهو کرد. هەر ئەو ئەمەریکایەی کە سەرەتای ٢٠٢٣ یاسای تاوانەکانی جەنگی هەموار کردەوە و بواری دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی فراوانتر کرد؛ هەر ئەو ئەمەریکایەی سەرزەمینی نووسینەوەی بنەماکانی پرینستنە. بە هەمان شێوە، کاتێک دادگای نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی گرتنی بۆ ڤلادیمیر پوتن، سەرکۆماری ڕووسیا و پێش ئەویش بۆ عومەر حەسەن بەشیر، سەرکۆماری پێشووی سودان، دەرکرد. ئەمەش یەکێکە لە بەربەستە یاساییەکانی بەردەم بەرقەرارکردنی دادپەروەریی، بەو پێیەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، سەرۆکی دەوڵەت و کاربەدەستانی باڵا تا کاتێک لە پۆستەکانیاندان، پارێزبەندییان هەیە و ناکرێت دەستگیر بکرێن، ڕادەست بکرێن، یانیش سزا بدرێن. بەڵام وەک ئەوەی هەندێک بڕیار و لێکدانەوەی دادگای نێودەوڵەتیی داد دەری دەخەن، دەکرێت پاش لێسەندنەوەی پارێزبەندی، یان پاش تەواوکردنی ئەرکەکانیان وەک کاربەدەستی فەرمی، ڕێکاریان لەدژ بگیرێتە بەر. لێرەوە پرسیارە گەورە و جدییەکە ئەوە دەبێت: تا چەند دەوڵەتان ئامادەن، لەبەر بنەماکانی دادپەروەری و خۆنەدزینەوەی تاوانکاران لە سزا و جەختکردنەوە لە چەمکی "جڤاتی نێودەوڵەتی" و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، لەو دیوی "ئاسایش" یان "بەرژەوەندیی نەتەوەیی"ی خۆیانەوە بیر بکەنەوە و ڕەوتار بکەن؟ تا چەندێک دەتوانن بەسەر بەربەستە سیاسی و تەکنیکییەکانی پێڕەوکردنی دەستڕۆیشتوویی گەردوونییدا، زاڵ ببن؟ تا چەند ئامادەن دنیا لە تاوانکاران و تێوەگلاوانی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان، بکەن بە دۆزەخ تا چیتر جێیەکی ئارام نەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لە دادگا و دادپەروەری و سزادان، بدزنەوە؟


سەرچاوەکان:
[1] Roger O’Keefe, ‘Universal Jurisdiction: Clarifying the Basic Concepts’ (2004) 2 Journal of International Criminal Justice, 735-760.
د. مصطفى السعداوي، الاختصاص الجنائي العالمي في ضوء أحكام القانون الدولي والقوانين الداخلية: دراسة مقارنة، مجلة كلية الحقوق، جامعة المنيا، مجلد 1، العدد 2، ص 471-557.
[2] Amnesty International, Universal Jurisdiction: Strengthening this Essential Tool of International Justice. Amnesty International Publications, London, U.K. 2012.
[3] Madeline H. Morris, ‘Universal Jurisdiction in a Divided World: Conference Remarks’ (2001) 35 New England Law Review, 337-361.
[4] Amnesty International (n 2).
[5] ICRC, ‘Universal Jurisdiction over War Crimes’. Available at: https://www.bing.com/ck/a?!&&p=6208ea32fc69b5050b7492cd9d81328e4e80e28da77c24be5b52c99054592811JmltdHM9MTczOTQwNDgwMA&ptn=3&ver=2&hsh=4&fclid=0d003806-a387-6ba7-388e-2acaa21e6a64&psq=ICRC%2c+%e2%80%98Universal+Jurisdiction+over+War+Crimes%e2%80%99.+pdf&u=a1aHR0cHM6Ly93d3cuaWNyYy5vcmcvc2l0ZXMvZGVmYXVsdC9maWxlcy9leHRlcm5hbC9kb2MvZW4vYXNzZXRzL2ZpbGVzLzIwMTQvdW5pdmVyc2FsLWp1cmlzZGljdGlvbi1pY3JjLWVuZy5wZGY&ntb=1 (accessed 13 February 2025).
[6] Amina Adanan, ‘Reflecting on the Genocide Convention in its Eighth Decade: How Universal Jurisdiction Developed over Genocide’ (2021) 19 Journal of International Criminal Justice, 1039-1065.
[7] ibid.
[8] Attorney General of the Government of Israel v. Eichmann, Israel Supreme Court 1962 published in 36 International Law Reports (1968) 277–344; Attorney General of the Government of Israel v. Eichmann, District Court of Jerusalem 1961 published in 36 International Law Reports (1968) 59 (Attorney General v. Eichmann; Eichmann).
[9] Reservations to the Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide, Advisory Opinion, ICJ Rep., 1951, 23; Case concerning application of the Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide (Bosnia and Herzegovina v. Yugoslavia (Serbia and Montenegro)), ICJ Rep., 1993, para. 100 & 101; Barcelona Traction, Light and Power Company Ltd., Judgment, 1972 ICJ Rep., para. 34.
[10] Anthony R. Reeves, ‘Liability to International Prosecution: The Nature of Universal Jurisdiction’ (2018) 28(4) The European Journal of International Law, 1047-1067.
[11] Trial International, ‘Universal Jurisdiction Annual Review 2024’. Available at: https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwizoPDhi8CLAxXK8gIHHe58HCkQFnoECBAQAQ&url=https%3A%2F%2Ftrialinternational.org%2Fwp-content%2Fuploads%2F2024%2F04%2FUJAR-2024_digital.pdf&usg=AOvVaw2JWDaxAFFJwFTRYnWKFqN3&opi=89978449 (accessed 15 February 2025).
[12] ibid.
[١٣] د. فتحي بلعيد أبو رزيزة و د. عمر رحومة أبو رقيبة، أحقية الاختصاص الدولي للنظر في جريمة الابادة الجماعية في ظل المحكمة الجنائية الدولية، مجلة توێژەر، جامعة سوران، العدد 1، المجلد 7، 2004، ص 227-244.
[14] Asia-Pacific Center for the Responsibility to Protect, ‘Using Universal Jurisdiction to Combat Impunity for Atrocity Crimes’. The University of Queensland (May 2020). Available at: https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwjQjujV5cCLAxXWBdsEHcIsNb0QFnoECBUQAQ&url=https%3A%2F%2Fr2pasiapacific.org%2Ffiles%2F11624%2FUsing%2520Universal%2520Jurisdiction%2520to%2520Combat%2520Impunity%2520for%2520Atrocity%2520CrimesMay%25202020%2520FINAL.pdf&usg=AOvVaw302LllFGx4flIl5cEqSShj&opi=89978449 (accessed 16 February 2025).
[15] Stephen Macedo et al. The Princeton Principles on Universal Jurisdiction. Program in Law and Public Affairs, Princeton University – Princeton, New Jersey, 2001.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved