سۆسیال دیموکراسی؛ بەشوێن پێناسەیەکی نوێدا
عەوڵا بەهرامی
پێشەکی
بیرکردنەوە و بیروڕا دەربڕین سەبارەت بە سیستمی کۆمەڵگە، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. دەتوانین بڵێین سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی یەکەمین قەوارەی بەڕێوەبەری لە کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتیدا پێکهات. لەوێڕا بیرکردنەوە سەبارەت بە حەقیقەتی سیاسەت و باشترین شێوەی بەڕێوەبەیی کۆمەڵ و کۆمەڵگە ڕێکخستنی سیاسی دەستپێدەکات، ئەم ڕێبازە لەبیرکردنەوە، دواتر لەئاکامی پێکهێنانی شارستانەتی کۆنەکانی وەک یۆنانی کۆن، میزۆپۆتامیا، میسر، رۆم،.. و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا گەشەکردنی زیاتری بەخۆیەوە دەبینی و دەبێ بە بەشێک لە فەلسەفەی ئەو سەردەمە و دواتریش وەک لقێکی سەربەخۆ لە فەلسەفە و بە ناوی فەلسەفەی سیاسییەوە درێژە بە پەرەئەستاندن و ژیانی خۆی دەدا. لیو شتراوس بەم چەشنە پێناسەی فەلسەفەی سیاسی دەکات: فەلسەفەی سیاسی بریتییە لەهەوڵدان بۆ تێگەشتن لەنێوەڕۆکی کاروباری سیاسی١ . ئەگەر ئەوە پێناسەیەکی کورتی فەلسەفەی سیاسی بێ، بەم پێیە مەبەستەکانی فەلسەفەی سیاسیش بریتییە لە دەستنیشانکردنی ناتەبایی و کەموکوڕییەکانی سیستمی سیاسی زاڵ و داڕشتنی جێگرەوەیەکی شیاو کە بتوانێت بەشێوەیەکی باشتر و گونجاوتر کاروباری کۆمەڵگە و پێوەندییەکانی ناو کۆمەڵ رێکبخات و ئاسایش و بەختەوەریی زیاتر بۆ کۆمەڵگە دەستەبەر بکا، دیارە فەلسەفەی سیاسی وەک هەموو رێبازە هزرییەکانی دیکە خاوەنی رەوتی جۆراوجۆرە، هەر کام لە ڕەوتەکانیش ئامانج و قەوارەی تایبەت بەخۆی بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەیە. بۆ وێنە مەبەستی فەلسەفەی سیاسی کلاسیک بریتی بوو لە (بەرزکردنەوەی مرۆڤ لە ڕێگای کۆماری ئەشرافی یا تێکەڵاوەوە)٢ و مەبەستی فەلسەفەی سیاسی نوێش دابینکردنی (بەرژەوەندی گشتییە)٣.
سۆسیال دیمۆکراسی وەک یەکێک لە ڕێبازەکانی فەلسەفەی سیاسی نوێ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ئەوتۆیە کە لە رێبازە سیاسییەکانی دیکەی سەر بە فەلسەفەی سیاسی نوێ جیادەکەنەوە. سۆسیال دێموکراسی بەپێشنیارکردن و گرتنەبەری رێگای تایبەت بەخۆی بۆ دابینکردنی (بەرژەوەندی گشتی) خۆی پێناسەکردووە، ئەم رێبازە بەم پێیە لەسەردمێکدا لەدایک بوو کە ململانێی نێوان دوو رەوتی سیاسی بورژوازی و کۆمۆنیزم (کە هەرکامیان خاوەنی ئایدۆلۆژیی خۆی بوو) بەرەو قووڵبونەوە دەچوو. بەپێشنیارکردنی رێگایەکی جیاواز لەو دوو رەوتە، لەڕاستیدا بوو بە ڕەوتێک لەنێوان ئەو دوو رەوتە مەزنەدا: رەوتی سێیەم سروشتییە بە کۆتایی هاتنی تەمەنی یەکێک لەو رەوتانە (سۆسیالیزمی مەوجوود) و ئەو کۆمەڵە گۆڕانکاریانەی پێش و دوای رووخانی ئۆردووگای سۆسیال یستیش هاتوونەتە ئاراوە، لە ڕاستیدا پێویستی جیددی بەپێناسە کردنەوە هەیە.
زەمینەی سەرهەڵدانی سۆسیال دێموکراسی
سۆسیال دێموکراسی بەرهەمی چارەکی ئاخری سەدەی نۆزدەیەمە. لەم کاتە بەدواوە بیری سۆسیال دێموکراسی وەک رێگایەکی نێوەنجی لەنێوان دوو فەلسەفەی سیاسی بەتەواوی لێک جیاوازی هاتە ئاراوە. سۆسیال دێموکراسی لەم قۆناغەدا بەواتایەک بەرهەمی گەشەی سەرمایەداری و قەیرانەکانی دەوڵەتی لیبراڵی بوو: چونکە لەم قۆناغەدایە کە وێرای پەرەئەستاندنی مافی دەنگدان لەوڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپاییدا قەوارەی دەوڵەت گەورەتر دەبێتەوە و بەم چەشنە لیبرالیزم بە لەدەستدانی دەوڵەتەکەی یەکێک لەئاکامی پەرەئەستاندنی رەوتی پارلمنتاریزم داهاتبوونە سەرکار دەستیان لەکاروباری ئابووری وەردەدا و کۆنترۆڵیان دەکرد. بێجگە لەوە لیبرالیزم لەگەڵ کێشەیەکی بنەڕەتی دیکەش بەرەوڕوو ببۆوە: لەم قۆناغەدا بەشکڵگرتنی یەکیتی و سەندیکا کرێکارییەکان، پەێوەندیی سەرمایەدار لەپێوەندیی تاکی کرێکار لەگەڵ سەرمایەدارەوە گۆڕابوو بەپێوەندیی یەکێتی و سەندیکا گەورە کرێکارییەکان لەگەڵ سەرمایەداران. لێرە بەدواوە کرێکاران لەڕێگەی سەندیکاکانیانەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان کاریان دەکرد. بەواتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین گەشەی لیبرالیزم، پارلمانتاریزم و سەندیالیزم لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی ئەوروپادا، وای کرد شێوە بیرکردنەوەیەکی نوێ و بزوتنەوەیەکی نوێ بۆ دابینکردنی بەختەوەریی مرۆڤ بیتە ئاراوە. لەم نێوەدا سۆسیال دێموکراسی وەک بزوتنەوەیەکی سۆسیال یستی- هزری توانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە میتۆدەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کە لە ئەنتێرناسیۆنالی دووهەمدا کۆبوونەوە، رێگەچارەیەکی نوێ بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا دەستنیشان بکات. برنشتاین وەک گەورەترین تیۆرسیۆنی سۆسیال دێموکراسی و ڕێبەری حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بەرەخنە گرتن لەبنەما ئابووری، سیاسی و فەلسەفییەکانی مارکسیزم توانی وێڕای تیۆریزەکردنی رێبازی سۆسیال دێموکراسی، رێبەرایەتی ئەم رەوتەش لەنێو ئەنتێرناسێۆلی دووهەمدا بگرێتە ئەستۆ. رەخنەکانی برنشتاین سێ بنەمای سەرەکیی مارکسیزمیان دەگرتەوە، کە بریتین لە :
١. جەبری (حەتمیەتی) مێژوو.
٢.زێدەبایی و یاساگشتیییەکانی سەرمایەداری و داڕمانی کاپیتالیزم (کۆبونەوەی سەرمایە، هەژاری و دابەشبوونی کۆمەڵگە بەدوو چین).
٣. تیرۆریی شۆڕش.
یەکێکە لەزەمینەکانی دیکەی سەرهەڵدان و گەشەی سۆسیال دێموکراسی بریتی بوو لە هاتنە گۆڕێی تیۆری دەوڵەت –نەتەوە و پێکهاتنی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ئەوروپا. ئەو مەسەلەیە تایبەتمەندییەکی دیکەی بەخشیبوو بە سۆسیال دێموکراسی؛ ئەویش بریتی بوو لە ناسێۆنالیزم. جگە لەوەی کە ئەو رەوتە لە ئەنتێرناسیۆلی دووهەمدا بە رەوتی ناسیونال ریفۆرمیست ناسراوبوو، لەجەریانی شەڕی یەکەمی جیهانیشدا حیزبە سۆسیال دێموکراتەکان روانگەیەکی جیاواز لە رەوەتەکەی دیکە نێو ئەنتێرناسیۆنالیان هەبوو، هەر بۆیەش شەڕی یەکەم لەراستیدا بۆتە خاڵی لێکهەڵوەشانی ئەنتێرسیۆنالی دووهەم و دواتریش ئەو دوو رەوتە هەرگیز نەچوونە بەرەیەکەوە. لەراستیدا رەوتی سۆسیال دێموکراسی هەروا بەسۆسیالیزم وەفادار مابووەوە. بەڵام جیاوازی ئەو رەوتە، لەگەڵ رەوتێک کە دواتر خۆی بە کۆمۆنیست یا مارکسیست ناساند، لەوە دابوو کە پێی وابوو راێگای گەیشتن بەسۆسیالیزم چی دیکە ناکرێ لەرێگای شۆڕشی کرێکاریەوە، چاوی لێ بکرێ، بەڵکو سەرمایەداری لەم قۆناخەدا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەر هاتووە و پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵەیش (لەوڵاتانی سەرمایەداریدا) بە دروستبوونی چینی مامناوەند گۆڕانی بەسەر داهاتووە و لەئاکامی دێموکراتیزەبوونی لیبرالیزم و دەستپێڕاگەیشتنی کرێکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ بەمافی دەنگدان، ئەوان دەتوانن لەڕێگای دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەرگری لە مەلەفەکانیان بکەن.
بەکورتی دەکرێ بڵێن جیا لەو زەمیینانەی باسیان لێوەکرا سەرەکی ترین هۆکارەکانی سەرهەڵدان و گەشەی سۆسیال دێموکراسی لەو سەردەمەدا بریتی بوون لەواقیع بینی و بڕواهێنانی ئەو رەوتە بەئەسڵی ژیربێژانەی روێۆزێۆنیزم (تجدید نظرگرایی). سۆسیال دێموکراسی لەسەر بنەمای ئەم دوو چەمکە توانیوەتی تا ئێستاش سەرەرای هەموو کەموکورتییەکانی، خۆی نوێ بکاتەوە و بۆ سەردەم و قۆناغە جیاوازەکان بەرنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری... خۆی هەبێ و لەراستیشدا سڕی مانەوەی ئەو رەوتە فەلسەفی- سیاسیەش بریتییە لەمیانەڕەوی و نوێبوونەوەی بەردەوام و پلەبەپلە.
سۆسیال دێموکراسی دوای دامەزرانەوەی دووبارەی ئەنتێرناسیۆنالی دووهەم پاشەکشەیان باشتر وایە بڵێن شکستی رادیکالیزمی چەپ لەوڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا لە ساڵەکانی دوای شەڕی یەکەم و شۆڕسی١٩١٧ ی رووسیەدا، ئەگەر لەلایەک بەسەر کەوتنێک بۆ لیبرالیزمی کلاسیک دەژمێردرا، لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتن و بوارێکی لەبار بوو بۆ سەرهەڵدانەوە و گەشەی سۆسیال دێموکراسی. ئەو ئاڵوگۆڕانە کۆتایی قۆناخێکی ئاستەم و سەرەتای قۆناخێکی نوێیان دەستنیشان کرد کە لەودا ئەوە سۆسیال دێموکراتەکان بوون کە لە هاوکێشەکانی هێزدا قسەی یەکەمیان دەکرد. لەوێوە ئیدی دەرەتانیکی باش بۆ سۆسیال دێموکراتەکان پێک هات تا بەدامەزراندنەوەی ئەنتێرناسیۆلانی دووهەم (١٩٢٣) ببنە خاوەنی توانایەکی رێخراوەیی باش و تا رادەیەکی بەرچاویش لەباری بیروبۆچوون و رێباز و شێوازی کارکردنەوە لێک نزیک بنەوە بەستراتیژییەکی نوێ و یەکگرتووەوە بێنەوە مەیدان. دیارە ئەویش هاوکاتە لەگەڵ تەنینەوە و پەرەئەستاندنی مافی دەنگدان لەو وڵاتانەدا، ئەوەش ئەو دەرەتانەیان بۆ سۆسیال دێموکراتەکان رەخساند لەژمارەیەک لەوڵاتان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن یا لانی کەم لەپەرلەمانەکاندا ببنە هێزی جێگای متمانە. لێرەوە سۆسیال دێموکراتەکان بەستراتیژێکی نوێوە دەگەڕێنەوە مەیدان. تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەو ستراتیژییە ئەوە بوو، چەپی سۆسیال دێموکراتی لە بەستراوەیی بەیەک پێگەی کۆمەڵایەتی یا چینایەتی دوورخستەوە و (حیزبە سۆسیال دێموکراتەکان لەم قۆناغە بەدواوە بناغەیەکی دیکە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی حیزب دادەنێن: واتە حیزبی فرە چین و توێژە کە ستراتیژییەکانی لەسەر بنەمای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵ بنیات ناوە) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتری هێڵە گشتییەکانی ڕێبازی سۆسیال دیموکراسی لەو قۆناغەدا کە لە ڕاستیدا سۆسیال دیموکراسیی کردە خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسی جیاواز لە فەلسەفەی سیاسی لیبرالیزمی کلاسیک بەرچاوترینیان دەخەینە ڕوو :
● دەستێوەردانی بەربڵاوی دەوڵەت لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا
● باڵا دەستی دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا
● کۆگەرایی
● بەڕێوەبەریی داواکاری کینزی، بەتایبەتی گرینگیدانی تایبەت بەسینفەکان
● دابینکردنی کار بۆ هەمووان
● بەرابەریخوازی
● دەوڵەتی خۆشگوزەران (رەفا) سەراپاگیر، کە هاووڵاتیان لە بێشکەوە تا مردن دەیپارێزێ.
● مۆدرێنیزەکردنی بەردەوام .
● دانی گرنگییەکی کەم بە مەسەلەکانی پێوەندار بە ژینگە
● گرێدراوی بەجیهانی دوو جەمسەرییەوە
گەشەی سۆشیال دیموکراسی لەم قۆناغەدا کە تا ساڵەکانی دەیەی ٧٠ی زایینی درێژەی هەبوو، بەشێوەیەک لە شێوەکانی هاوتەریب بوو لەگەڵ گەشەی دیموکراسی سیاسی. ئەوەش فشارێکی جیددی بۆ سەر لێبراڵەکان دروست کردبوو ناچاری دەکردن هەم مل بۆ قوڵبوونەوە و جێگیربوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بدەن و هەمیش گرنگی بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە و بەرپرسیاریەتی دەوڵەت لەم پەویوەندییەدا بدەن .
لە داڕشتنەوەی هێڵە گشتییەکانی ڕێبازەکەیان باس لە دەوڵەتی رەفا (وەک تۆڕێكی پارێزەر) بکەن. هەموو ئەو فشارانە بوونە ئەوە کە لێبراڵەکان ناچار بن گرنگی زیاتر بۆ ڕۆڵی دەوڵەت لە کۆمەڵگە دابنین. شتێک کە دژایەتی زۆریان لەگەڵیدا هەیە چونکە لێبراڵەکان بەتایبەت لێبراڵە کلاسیکەکان تا ڕادەی بێزاری دژایەتی گەورە بوونەوەی دەوڵەتیان دەکرد .
جێگۆڕکێی هێزەکان: گۆڕانی هۆکار و هەلومەرجەکان بە قانزانجی لیبرڵیزم سەردەمی زێڕینی سۆسیاڵ دیموکراتەکان کە بەهۆی گرتنە بەری سیاسەتی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی هەمە لایەنەی دەنگدەران بەدی هاتبوو. کۆتای هات .
سەرەتاکانی دەیەی هەفتا لەڕاستیدا پاشەکشەی سۆسیال دیموکراسییە لە ئاکامی گەشەی هێزەکانی تاچێریزم و رێگانیزم کەمتوانای دەوڵەت و سیستمی ڕەفا بێ ئیعتیباری سۆسیالیزمی مەوجوو لەم بەشەدا بەکورتی ئاوڕێک لە هەرکام لەو هۆکارانە دەدەینەوە:
داڕمانی بیرۆکەی باڵا دەستی رەفای کۆمەڵایەتی
لە دەیەی ٧٠ی زاینیدا بیرۆکەی ڕەفای (خۆشگوزەرانی) کۆمەڵایەتی وەک گرنگترین تێزی سۆسیاڵ دیموکراتەکان، لە ئاکامی پەرەگرتنی هێزەکانی بازاڕ و هێزەکانی تاچێریزم و رێگانیزم (لێبرالیزمی نوێ) توشی پاسەکشەیەکی بەربڵاو دەبێتەوە چونکە لەو دەیەیەدا ئیدی لیبرالیزم توانیبووی بە بەهرەمەند بوون لە گەشەی هێزەکانی بازاڕ و تێزەکانی فریدریش فۆن هایک و لایەنگرانی دیکەی بازاڕی ئازاد بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو پەرەبسێنێ. (لێبرالیزمی نوێ هەرچەند نەیتوانی بەرادەی ئینگلستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئوستورالیا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین شوێن لەسەر باقی وڵاتانی ئەوروپای دابنێ، بەڵام فەیلەسوفەکانی بازاڕ شوێنین لەسەر شوێنەکانی دیکەی ئەوروپاشدا)٧
نوێبوونەوەی تێزەکانی لێبرالیزمی کالاسیک هاوهەنگاو لەگەڵ پەرەئەستاندی تواناکانی سیستمی بازاڕ هێزێکی ئەوتۆی بۆ لێبرالیزم پێک هێنا کە بتوانێت باڵا دەستی سۆسیال دیموکراتەکان کەتا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی دەوڵەتە .
ئەوروپاییەکان لە دەستدابوو کەم بکاتەوە، بە چەشنێک کە سۆسیاڵ دێموکراتەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا ناچار بە پاشەکشە بوون و هاتنە سەر ئەو بروایەی کە پێویستیان بە پێداچوونەوە و پێکهێنانی ڕیفۆرمی زیاتر لەتێز و بۆچوونە سیاسی و ئابووریی کۆمەڵایەتی یەکاندا هەیە.
بەرانامەکانی سیستمی ڕەفای سۆسیال دیموکراسی کە نیوەڕۆکێکی یەکسانخوازانەی ڕووتیان هەبوو قورساییەکی زۆری خستبووە سەر بوودجەی دەوڵەتە سۆسیاڵ دیموکراتەکان و توانای دەوڵەتیان بۆ پەرەپێدانی ئابووری و پێشبڕکێی لاواز کردبوو شوێنەواری بارچاوی لەپێکهێنانی فەرهەنگی چاو لەدەستی خۆبواردن لە کارکردندا هەبوو، کە ئەمەش لە خۆیدا بێجگە لە هەزینە قورسەکانی دەوڵەتیشی لە تواناکانی هێزی کاری وڵات بێ بەش دەکرد دیارە ئەوە بەو واتایە نییە دەوڵەت رەفا بەو سروشتەوە دەرئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەرە کە پەیوەندی بە سەردەمی هاتنە گۆڕێی ئەو ماهییەوە هەیە کە سۆسیاڵ دێموکراسی لەو سەردەمەدا هەیبوو، ئاوڕێکی کورت لە جۆرەکان و خاڵە هاوبەشەکانی سیستمەکانی رەفای کۆمەڵەی لە ئەوروپای ئەوکات دەتوانێ زیاتر یارمەتی بەرزبووەنەوەی ئەو بابەتە بکا .
جۆرو خاڵە هاوبەشەکانی سیستمەکانی رەفای کۆمەڵایەتی لە بەشە جیاجیاکانی ئەوروپادا :
٭) سیستمی ڕەفای ئینگلیزی، کە گرنگی بە خزمەتە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان و دەرمانییەکان دەدا و بەرەو کەڵک وەرگرتن لە باجی داهاتەکان هەنگاو دەنێ .
٭) دەوڵەتەکانی ڕەفا لە سکاندیناڤی یا ئەوروپای شیمالی، کە زۆربەیان پشتیان بە باج بەستووە، کۆمەڵ گەڕان و خەرجی خزمەتە دەوڵەتییەکان بۆ وێنە چاودێری و تەندروستی لە ئەستۆی دەوڵەت دایە .
٭) ڕژێمە رەفاییەکان ئەوروپای نێوەڕاست، کە کەمتر بەرپرسیاریەتیان سەبارەت بە دانی خزمەتە کۆمەڵایەتییەکان وەئەستۆ گرتووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەی ماڵیی باشیان تەرخان کردووە بۆ دابینکردن و بەهرەمەند بوون لەبیمەی کۆمەڵایەتی و یارمەتی کۆمەڵایەتی.
*) سیستەمەکانی ئەوروپای باشوور، کە لە قەوارەدا وەک سیستەمەکانی ئەوروپای نێوەڕاستن. بەڵام بەو رادەیە بەربڵاو، نین و رادەی دانانی ئیمتیاز و یارمەتییەکانی لەواندا کەمترە.
جیا لە شوێنەوارەکانی سیستمی ڕەفا بۆسەر ئابووری و کۆمەڵاتیی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، فاکتەرێکی سەرەکیی دیکەش بووەتە داڕمانی بیرۆکەی باڵادەستیی ڕەفای کۆمەڵایەتی. ئەوش بریتی بوو لەناکارایی دەوڵەتی گەورە (حداکثر)، چونکە سیستمی ڕەفا لەم شێوازەیدا بەبێ پشتبەستن بەدەوڵەتی گەورە و خاوەن توانای ئابووری، بواری جێگیربوونی نەبوو، کەواتە سروشتییە کە هاوکات لەگەڵ زەقبوونەوەی کەم توانایی دەوڵەتی گەورە دەرەتانێک بۆ مانەوەی سیستمی ڕەفا _لەو شێوازەدا_نەمێنێتەوە. دیارە پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەوە تەنیا گەشەی هێزەکانی بازاڕ و لیبرالیزمی نوێ نەبوون کەمەیدانیان بەدەوڵەت و سیستمی ڕەفا تەنگەبەر کرد، بەڵکو دەوڵەتی ڕەفا بۆخۆشی لەبەهێزکردنی هۆکارەکانی وەک تاکگەرایی و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کە لەئەنجامدا بەقازانجی لیبرالیزم نەخشیان نواند، کاریگەریی بەرچاوی هەبووە.
شکستی ئابووریی سۆسیالیستی و بەتاڵبوونەوەی متمانە بۆ سۆسیالیزمی مەوجود
لەدەیەی ٧٠دا تەنانەت رێبەرانی سۆڤیەتیش هەستیان بەوە کردبوو کە شێوازی بەڕێوەبەریی و ئابووریی سۆسیالیستی و ئەو ململانێی جیهانیەی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانانی لەک ۆمینفۆرمدا لەدژی بەرەی رۆژئاوا شانیان دابووە بەری چەندە گران لەسەریان وەستاوە. قوڵبوونەوەی ململانێکان و درێژەی هەمان شێوازی بەڕێوەبەری وایان کرد کە تەنانەت ئەو دەسکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییەی کە لە دەیەی ٣٠بەم لاوە وەدەست هاتبوون بەرەبەرە لەدەست بچن و بەڕێوەبەریی ناوەندیی ئابووریی چی دیکە توانای بردنە سەری رێژەی بەهرەمەندەیی نەبێ. بەچەشنێک کە تێز و تیۆریییە نوێیەکانی خرۆشچۆفیش نەیان توانی دادی ئابووریی سۆسیالیستی بدەن و سەرەنجام کۆتایی تەمەنی سۆڤیەت و سۆسیالیزمی پیادەکراوی لێ بکەوێتەوە. رووخانی سۆڤیەت تەنیا دۆڕاندنی ململانێ یەک نەبوو، بەڵکوو زیاتر لەوە بێ بنەمایی و لاوازی سیستمیکی وەلانان و پشتگوێ خستنی پێداویستی و توانا و لێهاتوویی و ئازادی و سەربەخۆیی تاک و ڕەنگکردنی تایبەتمەندیی راستەقینەی سەرمایە بنیات نرابوو. ئەو شکستە نەک هەر لەرەهەندی نێونەتەوەیی یان ئەنتێرناسیۆنالیستیدا بەزیانی سۆسیال دێموکراسی و چەپ بەگشتی تەواو بوو، بەڵکو لەڕاستیدا بەتاڵبوونەوەی سۆسیالیزم بوو لەنێوەرۆک و ماهییەتی ئابووری نێوەرۆکێک کە مارکس بۆی تیۆریزە کردبوو، حەتمیەتێکی مێژوویشی بۆ دەستنیشان کردبوو. ئەوەش بەبێ ئەملاوئەولا زیانێکی گەورە بوو کە لە تیۆریەکانی سۆسیال دیموکراسیش کەوت. زیانێک کە هاوکات بوو لەگەڵ بەهێزبوونی لیبرالیزم و رادیکالیزەبوونی هێزی بازار.
یەکەم بەخۆدا هاتنەوەی سۆسیال دێموکراتەکان
گەشە و پەرەئەستاندنی توانا و هێزی بازاڕ بەپێی سروشتی نوێخوازانەی ونی گۆڕانکاریی بەرچا و بەربڵاو لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا پێکبهێنێت. لەم نێوەدا هەم چەمک و بەهاکانی لیبرالیزمی کۆن و هەمیش تێز و تیۆرەکانی سۆسیال دێموکراسی رووبەڕووی گەلێک پرسیار و رەخنەی جیددی بوونەوە. ئەوش لەلایەک نوێبوونەوەی لیبراڵیزمی لێ کەوتەوە و لەلایەکی دیکەوە سۆسیال دێموکراتەکانی ناچارکرد بەروانگە و تیۆرەکانیاندا بچنەوە.
لە ڕاستیدا ساڵەکانی کۆتایی دەیەی ٧٠ ی و سەرەتای دەیەی ٨٠ ئەو قۆناغەیە کە سۆسیال دێموکراتەکان لەودا، بەشێوەیەکی هەرچەند ناتەواویش بووبێ، بیر لەهۆکارەکانی ئەو پاشەکشەیە بکەنەوە کە تووشی هاتبوون، خۆیان لەبەر ئاوێنەی گۆڕانکارییەکان دابنێین. لەم پێوەندییەدا بەڵگەنامەکانی شیکردنەوەی سیاسەتی حیزبی کرێکاری بریتانیا بە یەکەم هەنگاوی خاوەن بەرنامە بۆ دوورکەوتنەوە لە بنەما کلاسیکیەکانی سۆسیال دیموکراسی چاوی لێ دەکرێ. لەم بەڵگەنامەیەدا کە داوای کۆنفرانسی ساڵانەی ئەم حزبە لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٧دا بڵاوبووەوە هاتووە تاقمەکانی بەرپرسیی پێداچوونەوە کە بەرەوڕووی گشتیی تاچێریزم ببونەوە، بەو کۆدەنگییە گەیشتن کە حیزبی کرێکار دەبێ گرینگی زیاتر بەئازادیی هەڵبژاردن بدا و بەم شێوەیە نەریی میللیکردنی سەنعەت و هەروەها ئیدارەی کینزیی١٠ داوا (تقاضا) وەلانرێ و بەستراوەیی بەسەندیکاکان کەم بێتەوە. مەسەلەی ژینگەش دیارە بەشێوەیەکی هەستیارانە کەوتە بەرنامەی کارەوە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی سیاسەت رێک بخرێ١١.
دواتر ئەو رەوتی ریفۆرمانە بەشێوەیەکی بەرینتر شوێنەکانی دیکەی ئەوروپاش دەگرێتەوە و تەنانەت لەهێندێک جێگا ئەو ریفۆرمانە قوڵتریش دەبنەوە. بەم چەشنە سۆسیال دیموکراتەکان وێرای وەلانان یان پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەهێندێک لە ڕوانگە و بۆچوون و سیاسەتەکانیاندا گرنگیی زیاتر دەدەن بەمەسەلەکانی: رادەی دەرکەوتنی ئابووری، بردنەسەری رادەی بەشداریی سیاسی، پەرەپێدانی ناوچەیی و مەسەلەی ژینگە، هەرئەوەش دەبێتە خاڵی وەرچەرخان، سیاسەتی سۆسیال دیموکراسی لەچوارچێوەی (دابەشکردنی سەرچاوەکان) بەرەو ژوور دەڕوا و باس لە (رێکخستنی فیزیکی و کۆمەڵایەتی بەرهەم و هەروەها فەرهەنگی بەکارهێنان و ...١٢)دەکا.
گرنگیدانی پتر بەبابەتی ئازادیی تاک لەپرۆسەی ریفۆرمەکاندا لەو بارەیەوە گرنگی زیاتری هەیە کە هاوسەنگییەک لەنێوان بەشی دەوڵەتی و بەشی تایبەتیدا پێک دەهێنێت و رێگا نادا چی دیکە مەسەلەی بەرژەوەندییەکانی تاک وەک پێشوو بە دیاردەیەکی دزێوو زیانبەخش بۆ بەرژەوەندی یە گشتییەکان چاو لێبکرێ. لە ئاکامی ئەو فۆڕمانەدایە کە حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان لەدەیەی ٩٠ دا جارێکی دیکە بەئامادەییەکی زیاترەوە لەگۆڕەپانی سیاسی دا ئەمادە دەبن و سەرکەوتنی بەرچاو وەدەست دەهێنن.
سۆسیال دیموکراسی لەبەر ئاوێنەی گۆرانکارییەکاندا
سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی پێشتر باسمان کرد و باسی شوێنەوارەکانیمان لەسەر سۆسیال دیموکراتەکان کرد، ئەمڕۆ کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گرینگ و قووڵ لەبوارە جیاجیاکاندا هاتووتە گۆڕی، کە ئەم پێویستیەیان هێناوەتە گۆرێ. سۆسیال دیموکراتەکان لەبەر ڕۆشنایی ئەواندا و بۆ وەڵامدانەوە بەو پێویستیانەی لەم پیوەندەدا لەگۆڕێدان و بە بیروبۆچونەکانیاندا بچنەوە و بیانکەنە بنچینەی نوێکردنەوەی تیۆریەکانیان. دیارە ئەو قسەیە بەو مانایە نییە کە سۆسیال دێموکراتەکان بەهیچ شێوەیەک بەرەو پیری ئەو گۆڕانکاریانە نەچوو بن یان شوێنەوارەکانی ئەوان شوێنی لەسەر سیاسەتەکانیان دانەنابێ. بەڵکو مەبەست لێرەدا قووڵ کردنەوەی پێداچوونەکان یان باشتر بڵێین داڕشتنەوەی سیاسەت و دیاریکردنی ئامانجەکانە لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکارییە هەمەلایەنانەی کۆمەڵ، ئابووری، سیاسەت و تێکنۆلۆژیی گرتووەتەوە. گرنگیی داڕشتنەوەی تیۆریزەکردنی ئامانج و بەرنامەکانی سۆسیال دیموکراسی لەوەدایە کە بەو کارە دەتوانێت بە بەرچاوڕوونی و لەسەر بنەمایەکی پتەو بانگەشەو کار بۆ ئامانجە دیاریکراوەکانی بکات و ویستە سەردەمییەکانی کۆمەڵگە و مرۆڤی ئەو سەردەمە لە بەرنامەکانیدا ڕەنگی دابێتەوە.
ئانتونی گیدنز یەکێک تیۆریسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانی حزبی کرێکاری بریتانیا لەو پیوەندییەدا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە سۆسیال دێموکراتەکان بۆ نۆژەن کردنەوەی تیۆرییەکانیان دەبێ وەڵامی شیاو بەو پرسیارانە بدەنەوە کە لە ئاکامی هاتنەگۆڕێی ئەو پێنج دیاردە و مەسەلانە هاتوونەتە ئاراوە:
١- جیهانیبوون
٢- شێوە نوێیەکانی تاکگەرایی (New Indivdualism)
٣- پێوەندییەکانی چەپ و ڕاست
٤- سەرهەڵدانی شکڵە نوێیەکانی بزووتنەوەی سیاسی
٥- زیادبوونی ئاستی گرنگیدان بەمەسەلەکانی پیوەندیدار بە ژینگەوە١٣
بۆ روونبونەوەی لایەنەکانی هەر کام لەم بابەتانە پێویستیمان بە شیکردنەوەی نێوەرۆک و لایەنەکانی ئەوان هەیە، چونکە بەبێ قوڵبوونەوە لەهەر کام لەو بابەت و چەمکانە و لێکدانەوەیان ناتوانین بە وردی ئەم پرسیارانە بکەین کە هەرکام لەو بابەتانە لەخۆیان گرتووە. بۆ ئەم مەبەستەش هەرچەندە بەک ورتیش بێ تێدەکۆشن هەر کام لەو پێنج بابەتە شی بکەینەوە.
١- جیهانیبوون:
زیاتر لە دەیەیەکە لەناوەندە ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکاندا، زاراوەی جیهانیبوون بووەتە جێگای باس و راوێژ و هەر لەو ماوە کورتەدا بەرادەی زۆر لەچەمکە سیاسی و فەلسەفییەکانی پێش خۆی باسی لێکراوە و لەسەری نوسراوە. واتە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لەگەل راستییەک بەرەوڕووە بە ناوی جیهانیبوون. هەرچەندە هەموو بوارەکانی ژیان و هەموو ناوچەکانی جیهانیش بەیەک رادە نەکەوتونەتە ژێر کاریگەری جیهانیبوونەوە، بەڵام جیهانیبوون شوێنەوارەکانی خێراتر لەهێندێک بوار، بوارەکانی ئابووری و سیاسی و وڵاتانی پێشکەوتوو روو لەگەشەی گرتووەتەوە. رەنگە لەداهاتوویەکی نزیکدا تەنیا ڕێگایەک کە بۆ دەربازبوون لەجیهانیبوون و کاریگەرییەکانی بمێنێتەوە بریتی بێ لەگەڕانەوە بۆ نێو ئەشکەوتەکان و بۆ ئەو قۆناخەی مرۆڤەکان پێویستیان بە پێوەندی گرتن لەگەڵ یەکدی و گۆڕینەوەی بەرهەمەکانیان نەبوو (ئەگەر زیادەبەرهەمیان هەبووبێ).
یەکیک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی جیهانیبوون بریتییە لەسەرمایە و بزاوت و تایبەتمەندییەکانی سەرمایە، واتە سەرمایە یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەیە کە نەخشی گرنگی لەشکڵپێدانی جیهانیبوون و هێنانەگۆڕێی دۆخێکی ئەوتۆ لەپێوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا هەبووە. سەرمایە هەر بە یارمەتی ئەو تێکنۆلۆژی یە پێشکەوتووانەی هێناویەتە ئاراوە توانیویەتی بزاوت و رادەی گەشە و زیادبوونی خۆی بەرێتە سەرێ. ئێستا ئیتر هیچ کام لە رێبازەکانی فەلسەفەی سیاسی ناتوانێ خۆی لە ئاکامەکانی بزاوتی سەرمایە و باقیی تایبەتمەنییەکانی سەرمایە و ئەو دۆخە جیهانییەی هاتۆتەگۆڕێ (جیهانیبوون) دوور رابگرێ. لە ئاکامی گەشەی سەرمایەدا ئیتر وەک گراهم تامپسیۆن (Graham Tompson) ئاماژەی پێدەکا (ئابوورییەکی جیهانی لەدایکبووە یان خەریکی لەدایکبوونە). سروشتییە ئابووریی جیهانی ژیانی هەموو شێوە ئابوورییەکانی پێش خۆی کە قەوارە و سروشتی ناوچەیی و نەتەوەییان هەیە، دەخاتە مەترسییەوە، لەهەلومەرجێکی ئەوتۆدا بەشێوەیەکی سروشتی دەسەڵاتی دەوڵەت بەگشتی و بە تایبەت لەبواری ئابووریدا کەم دەبێتەوە چونکە سەرمایە چی دیکە ناتوانێ ملکەچی ئەو کۆت و باندانە بێ کە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆی داناوە، بەلکو لەجێگایان زەمینەی لەبار بۆ زیادبوون و گەشەکردنی لەگۆڕێدایە. دیارە کوتبوونەوەی دەستی دەوڵەت لەئابووری بەو مانایە نییە ئیتر لەدۆخی نوێدا، سەرمایە و تایبەتمەندییەکانی بتوانن بوونی دەوڵەت وەک رێکخەری کاروباری کۆمەڵگەش بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو بەپێچەوانەی ئەوە دەوڵەتەکانن کە دەتوانن بە گرتنەبەری سیاسەتی دروست و زانستی کارێک بکەن سەرمایەی زۆر بۆ وڵاتەکانیان رابکێشن و لەو باجانەی کە دەستیان دەکەوێ بۆ گەشەپێدانی کاروباری بوارە گشتییەکانی کۆمەڵگە و بەربەراکانی لەگەڵ هەژاری کەڵک وەربگرن، دەوڵەتی سۆسیال دێموکرات بەم پێیەی کە گرنگیی بە نەخشی راستەوخۆ دەوڵەت لە ئابووریدا داوە، زیاتر پێویستی بە خوێندنەوەی هەلومەرجی نویی ئابووری و تایبەتمەندییەکانی هەیە و بەم پێیەش دەبێ بە بەرنامە و تیۆرییەکانیدا بچێتەوە.
٢- شێوە نوێیەکانی تاکگەرایی
تاک و بەرژەوەندییەکانی تاک لەو مەسەلانە بوون کە جێگای دژایەتی سۆسیالیستەکان بەگشتی بوون، ئەوان پییان وابوو بێ و وەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی بکەوێ، زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگا دەگات و لەو ڕێگایەوە جیاوازییە چینایەتییەکانی قووڵ دەبنەوە. دیارە ئەوە سەرەرای ئەوەیە کە مارکس وتویەتی بۆ هاتنەدی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی پێویستە دەوڵەت نەمێنێ و لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا پێشکەوتنی ئازادانەی هەر تاکێک مەرجی پێشکەوتنی کۆمەڵگایە، بەڵام ئەوەی بەکردەوە شتێکی بەدی کراوە شتێکی جیاوازە؛ لیبڕالەکان سەبارەت بە گرنگییەک کە بۆ رەسەنایەتی تاک (indiviualism) دایانناوە، توانیویانە بەقازانجی کۆمەڵگە کەڵک لەچالاکیی ئازادانەی تاکەکان وەرگرن و سۆسیالیستەکان سەبارەت بڕوایەک کە بە رەسەنایەتی (orgaicism) هەیانبووە نەک نەیانتوانیوە لە بەهرەی تاکەکانی کۆمەڵگە کەڵک وەرگرن، بەڵکو بوونە هۆکاری پێکهاتنی فەرهەنگێک کە لەودا لێپرسراوێتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان لەوپەڕی لاوازیدا بوو سۆسیال دیموکراتەکان بوو، ئەگەرچی لەم بوارەشدا جیاوازیی زۆریان لەگەڵ مەرکسیستەکان هەیە، بەڵام ئەوانیش بەپلەیەکی کەمتر لەگەڵ ئەو بابەتە ڕووبەڕوو بوون. ئەو بابەتانە لەلای ئەوان بەشێوەیەکی دیکە رەنگی داوەتەوە، ئەوان بەبەخشینی نەخشی زیتر بە دەوڵەت یان بڕوابوون بەدەوڵەتی گەورە (دولت حد اکثر)، ریزی خۆیان لە لیبرالەکان جیا کردۆتەوە. بەڵام بەو حاڵەش سۆسیال دیموکراسی تا هاتووە زیاتر ناچار بووە مل بۆ ئازادیی تێکۆشانی ئابووریی تاکەکان راکێشێ و بەکەڵک وەرگرتن لەمیکانیزمی دیکەی وەک باجی هەڵکشاو (تصاعدی) هەوڵی داوە توانای ئابووریی دەوڵەت بەرێتە سەرێ و لەڕێگای بەکارهێنانی داهاتی وەدەست هاتووەوە لەباج، نەخشی دەوڵەتی لەدابینکردنی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی خەڵک و هەروەها لێپرسراویتی لەئاست توێژە کەم و داهات و بێ داهاتەکان پاراستووە. ئەوەی ئێستا زیاتر لە هەر کارێکی دیکە دەکرێ و بۆتە راستییەکی حاشا هەڵنەگر لەم بوارەدا بریتییە لە گەشەی زیاتری تاکگەرایی. راستییەک کە پێویستی بە تێڕامانی گرتنەبەری ڕێبازی گونجا و شیاوە بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵیدا. دیارە پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین کە تاکگەرایی و ئازادی تاک لەسەدەکانی نۆزدە و بیستدا هەیبوو. چونکە تاکگەرایی و ئازادی تاکەکەسی سەرەتا لایەنی سیاسی هەبووە لەبەرانبەر سەرەڕۆیی دەسەڵاتە توتالیتر و ئولیگاریشییەکانی ئەو سەردەمەی ئەوروپادا سەری هەڵدا، بەڵام هەر ئەو دیاردەیە لە سەدەی بیستەمدا تایبەتمەندییەکی جیاوازتری پەیداکرد کە بریتی بوو لە ئازادی ئابووری و کۆمەڵایەتی تاک و بەگشتی گەیشتن بە ئیدیالە دەگمەنە کۆمەڵایەتییەکان١٤ .
دەکرێ بڵێین تایبەتمەنییەکانی تاکگەرایی لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا هاتووە. ئولریش بەک (ulrch beck) کۆمەڵناس، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە (تاکگەرایی نوێ تاچێریزم، سەربەخۆی بازاڕ و ئەتۆمیزە بوون (atomization) نییە. بەپێچەوانە لەتاکگەراییدا بۆ وێنە گەڵاڵە دانانی زۆربەی حەق و ئیمتیازەکان لە دەوڵەتی ڕەفادا بۆ تاکەکانە نەک بۆ بنەماڵەکان هەموو ئەو پێویستکراوانە خەڵک بەرەو دروستکردنی تاکێتی خۆیان پاڵ پێوەدەنێ: واتە بەرەو خستنەڕوو. تێگەیشتن و وەسفکردنی خۆ وەک تاکتیک ١٥. قووڵبوونەوەی سەربەخۆیی تاک ژمارەیەک بایەخی یان ماتریالیستییشی هێناوەتە گۆڕێ لەوانە بایەخدان بە ژینگە و پاراستنی، پابەندبوونی بەپرنسیپەکانی پێوەندار بەمافی مرۆڤ و هەروەها ئازادیی جینسی، جۆری کار (بەبێ لەبەرچاوگرتنی حەقدەستەکەی). لەپەنا ئەو تایبەندمەندییانەی باسیان لێوە دەکرا، دەتوانین بڵێین تاکگەرایی لەم سەردەمەدا تایبەتمەندییەکی جیهانیشی هەیە، کە دیارە ئەویش لەژێر کاریگەری ئەو دۆخەدایە کە جیهانیبوون دروستی کردووە. تاک لەم قؤناغەدا (لە وڵاتانی پیشکەوتووی سەرمایەداریدا) زۆر لەپێوەندییە کۆنەکانی خۆی، کە ئەویان بەدەوڵەت، وڵات، نەتەوە رەگەزەوە گرێدرابوو وەلاناوە بەرەو ئەوە دەچێ روخسارێکی مرۆڤخوازانە بۆ خۆی بدۆزێتەوە. ئەم سروشتە نوێیەی تاک و تاکگەرایی هەر بەو رادەیەی پێویستی بەخوێندنەوە و راڤەی نوێ تر هەیە، هەر بەو رادەیەش پێویستی بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی پێوەندییەکانی تاک و کۆمەڵگە و تاک و دەوڵەت هەیە... بەشێوەیەک کە ئەو جارەیان زیاتر لە رابردوو، توانا و لێهاتوویی و وزەکانی تاک لەخزمەت بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤدا بگیرسێتەوە و کەڵکی لێ وەرگرێ. لێرەشدا ئەوە ئەرکێکی گرنگی دیکەیە بۆ سۆسیال دێموکراسی تا بەپێداچوونەوەی روانگەکانی خۆی سەبارەت بەتاک و بەتایبەت مەسەلەی پێوەندیی نێوان تاک و ئازادیییەکانی و مەسەلەی بەرابەریدا بچێتەوە چونکە وێدەچێ لەم سەردەمەدا بتوانرێ ئەو ناکۆکییەی کەوتووەتە نێوان دووبەشە هەرە سەرەکییەکەی دروشمەکەی شۆرشی فەرانسە (١٧٨٩) (ئازادی و بەرابەری ) لەئاکامی پێکهێنانی هاوسەنگی و هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی تاک و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگەدا بەرەو توانەوە بچێ.
٣-پێوەندییەکانی چەپ و راست
ئەگەر کۆتای تەمەنی نیزامی فیودالی و ئەشرافی لە فەرەنسە (شۆڕشی فەرەنسە ١٧٨٩) کۆتایی بەململانێیەکی لەمێژینە لەنێوان دوو روانگەدا هێنا. هەر لەو کاتەشدا و هەر لەبەرەبەیانی قۆناغی نوێدا بناغەی ململانێیەکی نوێتر دروست دەبێ؛ ناکۆکیی نێوان چەپ و راست. چونکە شۆڕشی فەرەنسە کە خاوەنی دروشمێکی سێ بڕگەیی ( ئازادیی، بەرابەری، برایەتی ) بوو تەنیا توانی یان تەنیا لەماهییەتیدا بوو کە بتوانێ تەنیا کار بۆ بڕگەی یەکەمی دروشمەکەی، واتە ئازادی، بکا کە دیارە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ نێوەرۆک و سروشتی ویستە سەرەکییەکەی ئەو شۆڕشە، کە زیاتر مەبەستی کۆتایی پێهێنان بوو بە تەمەنی نیزامێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی، (فیودال). ئەگینا نە ڕێبەرانی شۆڕش و نە کۆمەلگەی ئەوکاتی فەرەنسەش بیریان لەپێوەندییەکانی بڕگەکانی ئەو دروشمە، بەتایبەت پێوەندی و پێکەوە گونجانی ئازادی و بەرابەری نەکردبۆوە. ئەوە گەشەی بورژوازیی و ماهییەتی نیزامی تازەبوو کە پەردەی لەسەر ناتەبایی ئەو دوو چەمکە هەڵایەوە. لایەنگرانی بەرابەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دواتر رێبازی خۆیان بەتەواوی لەگەڵ لایەنگرانی ئازادی ( لیبرالەکان) جیاکردووەتەوە تەنانەت کەوتنە بەرامبەری یەکتریش. لەوێوە دوو فەلسەفەی سیاسی بە تەواوی لێک جیاواز لەدایک دەبن و دەکەونە ململانێ، ئەگەرچی ململانێی ئەو دوو رێبازە لەو کاتەوە تا ئێستا لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا درێژەی کێشاوە. بەڵام بەو پێیە کە سروشتی هەر کام لەو دوو رێبازە بەپێی ئەو گۆرانکارییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسییانە لەو ماوە دوورودرێژەدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بەتایبەت وڵاتانی رۆژئاوایان گرتۆتەوە، سروشی ئەو ململانێیە و ئاست و هێڵەکانی جیاوازیی. ئەوانیش گۆرانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە جیا لەوانەش هەرکام لەو دوو رێبازە توانیویانە شوین لەسەر ئەویتریان دانێن یان ناچار بوون بەشێک لەرەخنەکانی یەکدی قبووڵ بکەن و گۆرانکاری لەخۆیاندا پێک بێنن. بۆ وێنە چەپی سۆسیال دێموکرات لەدوای سەرکەوتنە ئابوورییەکانی لیبراڵیزمی نوێ و پەرەگرتنی تاچێریزم و رووخانی سۆڤێتی، ناچار ملی بۆ میکانیزمی بازاڕ راکێشا . یان لیبراڵیزمی نوێ ناچار بووە لەبەرانبەر سەرکەوتنەکانی سیستمی ڕەفای سۆسیال دیمۆکراسی دا، سیستمی ڕەفای لیبراڵ دامەزرێنێ و تا رادەیەک گرنگی بە بابەتی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و بوارە گشتییەکانی کۆمەڵگە بدا.
بەگشتی دەتوانین ئەوە بڵێین کە هەر کام لە چەمکەکانی چەپ و ڕاست لەئاکامی ئەو گۆڕانکاریانەی جیهانیان گرتۆتەوە گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە و هەرگیز ناتوانین بە پێوانەکانی رابردوو مانایان بکەینەوە. ئەوەی زیاتر پێوەندی بەچەپەوە هەیە و گرنگیی بەرچاوی لەداڕشتنەوی ناسنامەی چەپدا هەیە، ئەوەیە کە چەپ ئەمڕۆ ئیتر خاوەنی بیردۆزێکی ئابووری نییە و ئەو بیردۆزەش کە لەسەرەتاوە پشتی پێبەستبوو وەک جێگرەوەی سروشتی ئابووریی بورژوازیی باسی لێدەکرد، بەکردەوە توانای ململانێی لەئاست ئابووریی بازاڕدا نەماوە و لەڕاستیدا لەمەیدان چۆتە دەرەوە. ڕەنگە ئەو بەو مانایە بێ کە چەپ چی دیکە قسە لەجیاوازی نیزامی ئابووری بکا و تەنانەت ناچاریشە مل بۆ ڕێوشوێنەکانی ئابووریی بازاڕ راکێشێ و بەرنامە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریەکانیشی بکەونە ژێر کارتێکردنی بونیاتگەرایی بازاڕەوە، بەڵام بەو حاڵەش ناتوانین باس لە بەتاڵبوونەوی چەپ لەهەموو چەمکەکانی بکەین، چەپ ئێستاش خاوەنی زۆر تایبەتمەندیی دیکەیە کە لەڕاستەکان جیای دەکەنەوە کە لەنێو ئەواندا دەتوانین باس لەبابەتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئەو گرنگییە بکەین کە چەپ بە بوارە گشتییەکانی کۆمەڵگەی دەدا (نوربیرتۆ بوبیۆ) بیرمەندی سیاسی ئیتالیایی لەم بارەیەوە دەڵێ: جیاوازیی چەپ و ڕاست تەنیا لەجەمسەرگرتندا کورت ناکرێتەوە، پێوانەی سەرەکی کە لە بەراوردی ئەو دوو ڕوانگەیەدا لەگۆڕێدابووە، بریتییە لە ڕەفتاریان لەگەڵ مەسەلەی بەرابەری، چەپ لایەنگری بەرابەرییە، ڕاستیش (پێی وایە) کە کۆمەڵگە بەبێ ئەملاوئەولا خاوەنی ڕیزە ئاستەکانە١٦ ئەگەرچی ڕیزبەندی چەپ و راست لەمانا کۆنەکانی باتاڵ بۆتەوە، بەڵام ئەو ڕیزبەندییە بەشێوەی دیکە هەروا لەگۆڕێدایە.
ئەمڕۆش بوونی ناوەندێکی چەپ لەپەنا ڕێبازە سیاسییەکانی دیکە پێویستی هەیە، بەڵام ئەوەی لەو پێوەندیەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو ناوەندە لەبەر ڕۆشنایی سەرجەم ئەو گۆڕانکاریانەی روودەدەن خۆی نوێ بکاتەوە. بوونی ئەو ناوەندە و پاراستنی سروشتی جیاوازییە راستەقینەکانی دەتوانێ یارمەتی بەشکڵ گرتنی کۆمەلگەیەکی ئینسانی بکا کە لەودا نا بەرابەرییەکان زیاتر کەم بووبنەوە.
٤- سەرهەڵدانی شکڵە نوێیەکانی بزوتنەوەی سیاسی
پێگەی دەوڵەت و رێکخستنی سیاسی
روانینی ئاناریشیسەکان سەبارەت بەدەوڵەت و هەروها ئەو داهاتووە کە کۆمەنیستەکان بۆ دەوڵەتیان دەسنیشانکردبوو، ئێستا پاش زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ، مەودای زۆری لەگەڵ راستییەکان هەیە، هەرچەند پێگەی دەوڵەت لەم سەردەمەدا گۆڕانی زۆری بەخۆیەوە دیوە، بەڵام بەوحاڵەش رێکخستنە دڵخوازەکانی خەڵک و رێکخراوە نادەوڵەتییەکان (NGO) هەرچەند پێگەی بێ مەیلی سەبارەت بە سیاسەت و دەوڵەتن، نەیانتوانیوە روانگەیەکی لەچەشنی ئانارشیست و کۆمەنیستەکان لەم بارەیەوە بێننە گۆڕێ: ئەوەش بەو مانایەیە کە:
ئەلف: دەستەی یەکەم کە ئانارشیست و کۆمەنیستەکان بوون بەشێوەیەکی خەیاڵی دەیانڕوانییە کۆمەڵگە و پێوەندی و بەرژەوەندییەکانی تاکەکانی کۆمەڵ. بێ ئەو روانگەیەش کە ئەمڕۆ وەک دیاردەیەکی نوێ سەبارەت بە ڕۆڵ و کاریگەریی دەوڵەت هاتۆتە گۆڕێ، هەڵقوڵاوی کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هاتنەئارای ژمارەیەک فاکتەری وەک گەشەی ئابووریی بازاڕ، جیهانییبوون و کەم بوونەوەی دەسەڵاتە ناوچەیی و نەتەوەییەکانە.
سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەپێناسی دەوڵەتدا پێکهاتووە رەنگە ئێستاش ئەو وتەیەی تۆماس پین سەبارەت بە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەریبڕی ئەو پێگەیە بێ کە هەر کام لەوان دەبێ بیبێ (کۆمەڵگە لەپێداویستییەکانی ئێمە و حکومەت لەکارە چەوتەکانی ئێمە پێک دێن؛ کۆمەڵگە و حکومەت هەردووکیان ئێمە بەرەو بەختەوەری دەبەن، کۆمەڵگە بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە بەیەکانگیرکردنی خواستەکانمان و حکومەت بەبەربەست دروستکردن لەپێش چەوتکارییەکانمان١٧
ئەوەی لەم پێوەندییەدا گرنگە و سۆسیال دێموکراتەکان پێویستە بۆ سەلماندنی نەخشی دەوڵەت لەکۆمەڵگەدا، قورسایی بخەنەسەر دەتوانن لەم چەند خاڵەدا کورت بکرێنەوە:
ئاوڕدانەوە و قوڵبوونەوە لەو رایانەی باس لەکۆتایی نەخشی دەوڵەت دەکەن، دیاریکردنەوەی نەخشی دەوڵەت لەکۆمەڵگەدا و بەگشتی داڕشتنەوەی تێزی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکاریانەی ڕوویان داوە. لەم بارەیەوە ڕەنگە پێداگرتنەوە لەسەر ئەو ئەرکانەی کۆمەڵگە خستبوویە سەر دەوڵەت بتوانێ ببێ بەوەڵامێک بۆ ئەوانەی باسی کۆتایی نەخشی دەوڵەت لەکۆمەڵگەدا دەکەن و هەروەها بنەمایەکی پتەو بۆ داڕشتنەوەی تیۆری دەوڵەت، کە لەکۆنەوە وەک بایەخێکی سۆسیال دێموکراسی چاوی لێکراوە و هەروەها خاڵێکی لێک جیاکەرەوەی نێوان سۆسیال دێموکراسی و لیبرالیزم بووە، دیارە لەم پێوەندیەدا پێویستە ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە مەبەست لە دیاریکردنەوە و داڕشتنەوەی تیۆریەکانی دەوڵەتی سۆسیال دیموکرات زیندووکردنەوەی نەخشە کۆنەکانی دەوڵەت و گەورەکردنەوەی دەوڵەت نییە، بەڵکو تەنیا یەک مەبەستی سەرەکیی هەیە ئەویش پێداگرتنەوە لەسەر مەسەلەی پیویستی و گرنگیی دەوڵەت بە لەبەرچاو گرتنی پێویستەکانی سەردەم و لەبەر ئاوێنەی ئەو گۆڕانکارییە گەورە و هەمە لایەنانەی سەرتاپای ژیانی مرۆڤایەتیان گرتۆتەوە. ئانتونی گیدنز تیۆرسۆنی رێگای سێیەم، ئەرکەکانی دەوڵەت لەم قۆناغەدا بەم شێوەیە دەستنیشان دەکا:
بوونی دەوڵەت بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی سوود گەیاندن بە هەموو جۆرەکانیەوە پێویستە.
ئەو لەمەیدان بوونەدا بۆ ئاشتکردنەوەی رکابەرەکانی ئەو بەرژەوندیانەی پێویستە.
دەوڵەت دەبێ بەشداریی هەبێ لەدامەزراندنی بنەما کۆمەڵایەتییەکانی ئازادیی سیاسی و پشتیوانیشی لێ دەکا.
پێشکەشکردنی کۆمەڵێک کاڵاو خزمەتی گشتی وەک ئامرازی ئەمنییەت و ئاسایش و دابینکردنی کۆمەڵایەتی، ئەرکی دەوڵەتە.
دەوڵەت دەبێ بازاڕەکان بەقازانجی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پێکهێنانی رکەبەرایەتی، لەو بوارانەی کە مەترسی پاوانخوازی لێ دەکرێ، رێک بخا.
بوونی دەوڵەت بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان بەشێوەیەک لەرێگای بوونی هێزە هێمنی پارێزەکانەوە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئامرازەکانی توندوتیژی هەبێ، پێویستە.
هاندانی چالاکییەکانی پێوەندار بەسەرمایە مرۆییەکان، بە وەئەستۆگرتنی نەخشی بنەڕەتی لەسیستمی فێرکردندا، لە ئەرکەکانی دەوڵەتە.
دەوڵەت دەبێ سیستمی یاسا دابین بکات و بیپارێزێ.
دەوڵەت بەجێبەجێکردنی نەخشی یەکەمین خاوەن کار و بەدەست تێوەردان لە ئابووری بچووک و مەزندا، راستەوخۆ لەبواری ئابووریدا ئامادەیی هەیە.
دەوڵەت دیارە بەشێوەیەکی باس هەڵگر، وێڕای بڵاوکردنەوەی بەربڵاوی بایەخ و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی فەرهەنگیشی هەیە و وێڕای ئەوەش دەتوانێ بەکەڵک وەرگرتن لەسیستمی فێرکردن لەپێکهێنانی ئەو بایەخانەشدا شوێن پەنجەی دیاربێ.
نەخشی دەوڵەت لەهاندان و برەوپێدانی پێوەندییە ناوچەیی، نەتەوەیی و جیهانیەکانیشدا بەرچاوە١٨ .
٥-زیادبوونی ئاستی گرنگیدان بەمەسەلەکانی پێوەندیدار بەژینگەوە (Ecological issues):
سەرهەڵدان و چالاکبوونی گرووپ و پارتە سەوزەکان. هەرچەند نەک وەک دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی مۆدێرنیزاسیۆن لەبوارەکانی سەنعەت و تیکنیکدا- ئەمڕۆ کە بۆتە بەشێکی ئاسایی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی (سەوز) ئەو دژکردەوە خۆڕسکە کۆمەڵایەتیەیە کە لە ئاست ئەو زیان و کاولکاریانەی لەئاکامی پێشکەوتنی سەنعەتی و زانستیدا رووبەڕووی سروشت و ژینگە بووەتەوە، سەریهەڵداوە و دەیهەوێ بە پەیداکردنی سەنگی سیاسی هەم دەوڵەتان ناچار بکا لەگەڵاڵە ئابوورییەکانیاندا رەچاوی پاراستنی ژینگە بکەن و هەم بوودجەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە تەرخان بکەن، بزووتنەوەی سەوز وەک بزووتنەوەیەک کە خاوەنی کۆمەڵێک بایەخی گشتییە، کە پێوەندی بەژیانی مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوییەوە هەیە، بەرەو ئەوە دەچێ کە ببێتە بزووتنەوەیەکی جیهانی یەکگرتوو، بزووتنەوەی سەوز بەشێوەیەکی سروشتی نزیکایەتی زۆری لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکاندا هەیە، رەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییەی سۆسیال دیموکراسی لەئاست کۆمەڵگەیی و بەرژەوەندییە گشتیەکانی کۆمەڵگەدا هەیەتی و هەر ئەوەش کردوویەتییە خاوەنی کۆمەڵە بایەخێک کە بەتەواوی لە لیبراڵیزمی جیادەکاتەوە. (سەوزەکان) وەک ئاندرێی مارکۆوتیس (Andrei markovits) باسیان لێوە دەکات (لەدرێژایی دەیەی ١٩٨٠ بوونە هۆکاری کۆمەڵایەتیکردنی چەپ لەئاڵمان بەو مانایە کە بەکردەوە تەواوی هزرە نوێیەکانی چەپ، داهێنانە سیاسییەکان، داڕشتنە ستراتیژییەکان، شێوەی ژیان و.. لەسەوزەکان و کۆبوونەوەکانی سەوزەکانەوە سەرچاوەی گرت)١٩ .هەر لەپەیوەندی لەگەل نزیکایەتی و یەرمەتییەکانی سەوزەکان بە سۆسیال دیموکراتەکان ئانتونی گیدنز دەڵێ: (ویلی برانت) راوێژکاری ئەوکاتی ئاڵمان پێی خۆشبوو بڵێ سەوزەکان و (ڕۆڵە ونبووەکانی حیزبی سۆسیال دێموکرات)بوون ٢٠ بەگشتی سەوزەکان ئەو بەشە لەبزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگان کە پێ بەپێی دەرکەوتنی ئاکامە نالەبارەکانی پەرەپێدان و سەنعەتیکردن بۆ سەر ژینگە، دەتوانن بۆ قووڵکردنەوەی رەخنەکانیان و دەرخستنی روخسارە دزێوەکانی سیاسەتە ئابوورییەکانی وڵاتان، سەنگی زیاتر پەیدا بکەن و لەهاوکێشە سیاسیەکاندا زیاتر دەرکەون، سەوزەکان هاوکات هەڵگری کۆمەڵێک بایەخی مەتریالیستی و بان ماتریالیستین، بەو مانایە کە دەیانهەوێ لەڕێگای سیاسی و فەرهەنگیەوە پشکی بەرەکانی داهاتوو لەسەرچاوە ماددییەکانی زەوی و هەروەها ژینگەیەکی شیاوی ژین بۆ هاووڵاتیانیان لەئاستی نەتەوەییدا و بۆ دانیشتوانی داهاتووی گۆی زەوی دابین بکەن. ئەگەرچی ڕەنگە سەوزەکان جارێ نەتوانن ببنە خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسی سەربەخۆ لە سۆسیال دێموکراسی و لیبراڵیزم، بەڵام بەم پێیە کە باوەڕ و بایەخە سیاسییەکان بەتایبەت لەوڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتیدا گۆڕانی گەورەیان تێدا پێک هاتووە، چاوەڕوان دەکرێ کە بایەخەکانی ئەوانیش زیاتر برەو پەیداکەن و پێ بەپێ ئەوەش کاریگەریان لەسیاسەتی ئەو وڵاتانەدا زیاد بکا، کەواتە سەوز ئەو هێزە کۆمەڵایەتی سیاسیەیە کە دەتوانێ بەرەبەرە سەنگی زیاتر لەهاوکێشە سیاسیەکاندا پەیدا بکات و هەروەها لە چالاکییە مەدەنیەکانیشدا وەک هێزێکی بەتوانا دەرکەوێ.
سۆسیال دیموکراسی بەرەو پێناسەیەکی نوێ
ئەو مەسەلانەی باسیان لێوەکراوە رەنگە گەلێک مەسەلەی دیکەش، بەگشتی هێمای هەلومەرجێکی نوێن و دەرەنجامی گۆڕانکاری قووڵن لەئاست و بوارە جیاجیاکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زانستیدا، سۆسیال دیموکراسیش وەک رەوتێک کە تاکو ئێستا توانیویەتی درێژە بەمانەوەی خۆی بدا، پێویستە وەڵامی شیاو بە پێداویستییەکانی سەردەم بداتەوە و بە وریاییەوە هەڵسوکەوت لەگەل ڕاستییەکان بکا، دیارە وەڵامی شیاو بەپێداویستی و راستییەکانی سەردەم ئەو کاتە مانای تەواوی هەیە کە هەموو چەمک و تیۆرییە کۆنەکان جارێکی دیکە راڤە و نوێ کرابێتەوە و لەئاکامیشدا پێناسەیەکی نوێ هاتبێتە بوون. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە رێبەران و تیۆریسێنەکانی سۆسیال دیموکراسی تاڕادەیەکی بەرچاو بە پیر گۆڕانکارییەکانەوە چوون و توانیویانە هێمایەک لەڕێبازی نویی خۆیان (ڕێگای سێیەم) بخەنەروو، ئەمەش بەر لە هەرشتێک نیشانەی تێگەیشتنی ئەوانە لە ڕاستییەکان و دوورکەوتنەوەی زیاتری چەپیشە بەگشتی لەئامانجخوازیی. هەر لەم پێوەندیەدا رەنگە قسەکانی تۆنی بلیر لەفێبریەی ١٩٩٨ دا لەکاتی بەشداری لەمێزگردێکی بیست و یەکەم دەکرد: یەکێک لەنیشانەکانی ئەم بەپیرەوە چوونەبێ (ئەم پێشنیارە لەخزمەت بەرەو پێشبردنی بەرنامەیەکی سیاسی دایە بەمەبەستی وەڵامدانەوە بەو گۆڕانکارییە گشتگیرانەی جیهاندا. چونکە چەپی کۆن لەبەرامبەر ئەو گۆڕانکاریانەدا رادەوەستێ و راستی نوێش پێی خۆش نییە خۆیان پێوە خەریک بکەن. ئێمە دەبێ ئەو وەرچەرخانە بگرینە ئەستۆ تا بتوانین لەرێگای ئاوەدانیی کۆمەڵایەتیدا هەنگاو بەرەو پێش بنێین)٢١ . ئەگەرچی دیاریکردنی چوارچێوەی رێبازی رێگای سێیەم و خستنەڕووی واتا و پێناسەیەکی روون پێویستی بەکار و وردبینی زۆر هەیە، بەڵام بەو حاڵەش رێبەران و تیۆریسێنەکانی سۆسیال دیموکراسی توانیویانە هێندێک لە هێڵە گشتییەکانی ئەو ڕێبازە بۆ وێنە لەپێوەندی لەگەڵ جیهانی بوون و ئابووریی بازاڕ، ئەرکەکانی دەوڵەت، دەستنیشان کەن.
لیۆنێڵ ژۆسپەن لەپێوەندی لەگەڵ ئابووریی بازار گووتویەتی: فەرانسە وەڵامی پۆزەتیڤ یا ئابووریی بازاڕ دەداتەوە، بەڵام وەڵامی بۆ کۆمەڵگەی بازاڕی نیگەتیڤە٢٢ . لەبەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی چواردە ڕێبەری چەپگەرایی جیهانیشدا (کە لەساڵی ١٩٨٨ لەبێرلین پێک هات). روانگەی چەپە دیموکراتخوازەکان بەم شێوەیە خراوەتە بەرچاو: (ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئابووریی بازاڕ دەبێ بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ بێت تابتوانێ هەڵدانی درێژماوە، سەقامگیری و وەگەڕخستنی هەموو هێزی کار، بەهێز بکا و هاندەریش بێ بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە)٢٣. هەر لەو بەیاننامەیەدا نەخشی سیاسەت و دەوڵەت بەم چەشنە دەستنیشانکراوە: (نەخشی سیاسەت و دەوڵەت لەئاستە نەتەوەییەکاندا دەبێ بریتی بێ لەپاراستنی سەقامگرتوویی لەسیاسەتی مەزنی ئابووریدا. پشتیوانی لەسامانی گشتی، گرتنی هەڵوێستی قورس و قایم دژی هەڵاوسان و سەقامگیریی بازاڕە مەڵییەکان و هەروەها ڕوون نوێنی و پێشبڕکیی عادیلانە پەرەپێبدا٢٤ ).
لەئاستی دەستنیشانکردنی بایەخەکانیشدا ئانتۆنی گیدنز لەروانگەی خۆیەوە بەم شێوەیەی خوارەوە بایەخەکانی ڕێگای سێهەمی دەستنیشانکردووە: بەرابەریی، پشتیوانی لەکەسانی بێ توانا، ئازادیی وەک خودموختاری، مافێک کە بەبێ بەرپرسیارێتی بوونی نییە، دەسەڵاتێک کە لە دێموکراسی جیاناکرێتەوە، زۆرینەگەرایی جیهان، کۆنسێرڤاتیزمی فەلسەفی.
بە کورتی لەداڕشتنەوەی بنەمەکان و نوێکردنەوەی پێناسەی سۆسیال دێموکراسیدا، سۆسیال دیموکراتەکان بێجگە لەوەی پێویستیان بە دوورکەوتنەوەی زیاتر لەفەنتازیاکانی چەپی کۆن هەیە، لەهەمان کاتیشدا پێویستیان بەخوێندنەوە و راڤەی قوڵی دیاردە و گۆڕانکارییەکان لەئاستە جۆراوجۆرەکاندا و هەڵسەنگاندن و شیکاریی تیۆرییە کۆنەکان هەیە. چەپ بۆ مانەوە پێویستی بە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕاستییەکان هەیە و چی دیکە ناتوانێ بە پشتبەستن و تیۆرییەکانی پێشینان درێژە بەژیانی خۆی بدا.
سەرچاوەکان
١ اشتراوس، لئو، فلسفە سیاسی چیست؟ ل٨
٢ هەمان سەرچاوە ل٨
٣ هەمان سەرچاوە ل٥٠
٤ ئەینتێرناسیۆناڵی دووهەم ساڵی ١٨٨٩ی زایینی لەیەکگرتنی حزب و بزووتنەوە کرێکارییەکانی وڵاتانی ئالمان، فەرەنسە، هۆلەند، وڵاتانی ئیسکاندیناوی، ئیسپانیا، رووسیە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئارژانتین و چەند وڵاتی دیکە کە هەموویان بەشێوەیەک پێڕەوی سۆسیالیزمی مارکس بوون پێک هات {جعفر رسا، أرمانها و توده همان ل١١٣چاپی١٣٧٠ی هەتاوی _سوئێد.}
٥ ئەزموونی سۆسیال دیموکراسی لەنەروێج و نەمسا_ نووسینی محمد نعمان و خالدە شادی، وەرگێڕانی رەفیق نەجمەدین.
٦ گیدنز، انتونی_راه سوم (بازسازی سۆسیال دمکراسی)، ترجمە منوچهر صبوری کاشانی، چاپ ١٣٧٨شیرازە_تهران.
٧ گۆڤاری میهن، شمارە ٥٧ ارژ ١٣٨١
٨ سەرچاوەی ژمارە (٦)ل ١١ و ١٠
٩ تێپەڕینی هێمنانەی ڕۆژئاوا بەرەو سۆسیالیزم، گۆڕانی تایبەتمەندییەکانی بوروژوازیی جیهانی، پیکەوە ژیانی هێمنانە، بێ مەیلیی ئیمپریالیزم بۆ شەرو.
١٠ جان ماینارد کینز (john maynard keynes) بناغەداری بیرۆکەی پشتیوانی ماڵیی(دەوڵەتی ریفاه)دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، ئەگەرچی سۆسیال یست نەبوو، بەڵام لەگەڵ هێندێک لەبۆچونەکانی مارکس و سۆسیال یستەکان بەگشتی بۆچوونی هاوبەشی هەبوو. مارکس و کینز هەردووکیان بڕوایان بەهێزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هەبوو. دانی لانی کەمی بایەخ بەلایەنی (عرضە)(خستنەروو) لەئابووری دا، لەبیرۆکەی کینزدا بەوردی لەگەڵ بۆچوونەکانی سۆسیال دیموکراتەکان دەهاتەوە. کینز سەرپەرشتی و ئیدارەی (تقاضا)و دانانی ئابووریەکی تێکەڵاو بەشێوازێکی گونجاو بۆ سەقامگیربوونی سەرمایەداریی بازاڕ دەزانی.
١١ انتونی گیدنز، راه
١٢ بروسی فلسفە سیاسی انتونی گیدنز، میهن شمارە ٥٩
١٣ انتونی گیدنز راه سوم ٣٣
١٤ ئیدئالە دەگمەنە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو ئیمکاناتەی کە هەمووان خوازیارن، بەڵام هەمووکات داوا بۆ ئەوان لەخستنەڕوو، کەوا لەهەموو کات بۆ وەدەستهێنانی ئەوان ململانێی و پێشبڕکێی و جاری واشە کێشەی کۆمەڵایەتی دێتە گۆڕێ، ئەو ئیدئالە دەگمەنە کۆمەڵایەتیانە بریتین لە؛ سامانی ماددی دەسەڵاتی نیهادینەکراوو رێکخراو، پلەوپایە و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و زانست و زانیاری_سەرچاوە راه نو شمارە ٢٠، چند نکتە پیرامون عدالت اجتماعی
١٥ میهن شمارە ٥٨
١٦ میهن شمارە ٥٨
١٧ نوربێرتو بویبو، لیبرالسم و دمکراسی، رجمەبابک گلستان ل٣٠
١٨ میهن شمارە ٥٩ بهمن ١٣٨١
١٩ انونی گیدنز، راه سوم ل٦٢
٢٠ انونی گیدنز، راه سوم ل٦٢
٢١ میهن شمارە ٥٧ اژر ١٣٨١
٢٢ از چپ گرایی تا واقع گرایی، علی صباغیان، روزنامە همشهری ٢١ شهریور ١٣٧٩
٢٣ هەمان سەرچاوە
٢٤ سەرچاوەی ژمارە ٢٢