چۆن ئەمریکا ئابووری نێودەوڵەتی وەک چەک بەکاردەهێنێت؟

پۆل کروگمان
وەرگێڕان: هاوار
گریمان کۆمپانیایەک لە پیرۆ بەنیازە بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیایەک لە مالیزیا بکات. بێ گومان، بۆ کۆمپانیاکان قورس نییە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن. چونکە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی پارە بۆ ئەوان بابەتێکی ئاساییە. هۆکارەکەش ئەوەیە گواستنەوەی پارە و زانیاری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئاسانە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە: کۆمپانیاکان بەخۆیان بزانن یان نا، پەیوەندییە دارایی و نا-داراییەکانیان ناڕاستەوخۆیە. واتە دوور نییە لە ئەمریکاوە یان ئەو دامەزراوانەی حکومەتی ئەمریکا کۆنترۆڵی زۆری بەسەردا هەیە مامەڵەکە سەربگرێت. دوای تەواوبوونی ڕێککەوتنەکە، واشنگتۆن دەسەڵاتی چاودێریکردنی مامەڵەکانی هەیە و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بیانوەستێنێت. بە واتایەکی تر، کۆمپانیاکانی پێرۆ و مالیزیا ناتوانن گرێبەستەکانیان ئەنجام بدەن. لە ڕاستیدا، بە دوورخستنەوەی پیرۆ و مالیزیا لە ئابووری نێودەوڵەتی، ئەمریکا دەتوانێت ڕێ لە بازرگانی کاڵا بگرێت لەلایەن زۆرێک لە کۆمپانیاکانی پیرۆ و مالیزیاوە.
ئەوەی بەهێزییەکەی ئەمریکا دەسەپێنێت، بابەتێکی ڕوونە: زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی جیهان بە دۆلار دەکرێت. دۆلار یەکێکە لەو یەکە دراویانەی کە نزیکەی هەموو بانکە گەورەکان پەسەندیانە و مامەڵەی پێوە دەکەن. هەروەها یەکێکیشە لە بەربڵاوترین دراوەکان. لە ئەنجامدا کۆمپانیاکان ئەگەر بیانەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بکەن، ناچارن دۆلار بەکاربهێنن. بۆ نموونە هیچ بازاڕێکی ڕاستەقینە نییە بتوانێت سۆل پیرۆ (یەکەی دراو لە پیرۆ) بگۆڕێت بە رینگیتی مالیزیایی (یەکەی دراو لە مالیزیا). بۆیە بە سروشتی بانکە ناوخۆییەکان کە ئاسانکاری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە دەکەن دۆلاری ئەمریکی بە سۆل دەکڕن و پاشان بە دۆلاری ڕینگیت دەیگۆڕنەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، پێویستە بانکەکان دەستیان بگات بە سیستەمی دارایی ئەمریکا و پابەند بن بەو یاسایانەی واشنگتۆن دایناوە. هۆکارێکی تریش هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا وەک زلهێزی ئابووری بمێنێتەوە، هەرچەندە ئەو هۆکارە زۆر ڕوون و ئاشکرا نییە. زۆربەی گورزە کێبڵی ئینتەرنێت (Optical fiber) لە جیهاندا، کە داتا و پەیام دەگوازنەوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا تێدەپەڕن. کاتێک ئەم کێبڵانە دەگەنە ئەمریکا، واشنگتۆن دەتوانێت هاتوچۆی زانیاری نێو ئەو کێبڵانە کۆنترۆڵ بکات. بەو شێوەیە، ئەمریکا دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری چالاکی هەموو کۆمپانیا و وڵاتان بکات، پاشان پێشبینی بکات کەی ڕکابەرەکانی هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دەکەن و لە وەڵامدا سزای توند دەسەپێنێت.
کتێبی ئیمپراتۆری سێبەری یان ئیمپراتۆریەتی ژێرزەمینی: چۆن ئەمریکا ئابووری نێودەوڵەتی وەک چەک بەکاردەهێنێت؟ لەلایەن هێنری فارێل و ئەبراهام نیومان نووسراوە، دەربارەی هێزی چاودێری و سزاکانی واشنگتۆنە. کتێبەکە ئەوە دەردەخات کە چۆن واشنگتۆن هێزێکی ئاوا سەیری پەیدا کردووە و چۆن بەکاری دەهێنێت. فارێل و نیومان بە وردی ڕوونی دەکەنەوە کە چۆن 11 ی سێپتەمبەر وای لە ئەمریکا کرد، هێزەکەی بەکاربهێنێت و چۆن چەند دامەزراوەیەکی ڕێکخراو فشاریان خستە سەر چین و ڕوسیا. هەروەها ڕوونی دەکەنەوە کە لەوانەیە وڵاتانی تر تۆڕی پەیوەندییەکانی واشنگتۆنیان بەدڵ نەبێت بەڵام دەربازبوون لێی زۆر ئاسان نییە.
سەرەڕای ئەوە، نووسەرانی ئەو کتێبە ئاماژە دەدەن بەوەی چۆن ئەمریکا بە ناوی ئاسایشەوە، سیستەمێکی دروستکردووە کە زۆرجار بە خراپی بەکاردەهێنرێت. فارێل و نیومان نووسیویانە: "بۆ پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، واشنگتۆن وردە وردە تۆڕە ئابوورییە گەشەسەندووەکانی گۆڕیوە بۆ ئامرازی زاڵبوون." وەک کتێبەکە ڕوونی دەکاتەوە، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زاڵبوون، لەوانەیە زیانێکی گەورەی لێبکەوێتەوە. ئەگەر واشنگتۆن بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زاڵبوون، لەوانەیە وڵاتانی تر ناچار بن سیستەمی نێودەوڵەتی بشکێنن. بۆ نموونە لەوانەیە ئەمەریکا چین ناچار بکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی کەرتەکانی ئابووری جیهان بپچڕێنێت و گەشەی جیهان خاو بکاتەوە. هەروەها لەوانەیە واشنگتۆن دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ئەو وڵات و خەڵکانەی کە هیچ گوناهێکیان نەکردووە. ئەمەش وایکرد هەندێک لە شارەزایان بیر لەوە بکەنەوە چۆن ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا سنووردار بکەن، ئەگەر بەتەواوی نەبێت، بەلایەنی کەمەوە بە گونجاوترین شێوە سنووردار بکرێت بۆ ئەوەی زیانە پێشبینیکراوەکان کەم بکرێتەوە.
داتا و دۆلار
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەم و تاکە وڵات نییە، کە لە ئابووری جیهاندا و لە گواستنەوەی داتادا ڕۆڵی گرنگی هەبوو بێت. زلهێزە پێشەنگەکانی جیهان هەمیشە کۆنتڕۆڵێکی فراوانیان بەسەر ئابووری جیهان و تۆڕەکانی پەیوەندیدا هەبووە. بۆ نموونە، لە سەرەتای سەدەی 20، پاوەنی بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە زۆر مامەڵەی نێودەوڵەتیدا و ژمارەیەکی زۆر لە کێبڵەکانی تەلەگرافی ژێردەریایی جیهانیدا، بە لەندەندا تێپەڕیوە. بەڵام ئێستا (ساڵی 2023) یە، نەک 1901. هەندێک لە ئابووریناسان جیهانی ئەمڕۆ بە جیهانی "لوتکەی جیهانگیری" ناو دەبەن. ئێستا جیهان زیاتر تێکەڵ بووە و زیاتر بەریەک دەکەوێت بەراورد بە سەدەیەک لەمەوبەر. ئەمە تەنیا ئەوە ناگەیەنێت کە بازرگانی جیهانی ئێستا پشکی زیاتری لە چالاکییە ئابوورییەکاندا پێکهێنابێت. مامەڵە نێودەوڵەتیەکانیش زۆر ئاڵۆزترن لە جاران. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییەی کە زۆربەی ئەم مامەڵەیانە لە ڕێگەی بانکەکان و کێبڵەکانی ژێر چاودێری ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت، دەسەڵاتێک بە واشنگتۆن دەبەخشێت کە هیچ حکومەتێک لە مێژوودا نەیبووە.
زۆرێک لە کەسانی ئاسایی و بەشێک لە شرۆڤەکارانی پڕۆفیشناڵ پێیانوایە ئەو باڵادەستییە سوودی ئابووری گەورە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەهێنێت. بەڵام ئابوریناسان کە وردتر بابەتەکە لێکدەدەنەوە لەو باوەڕەدان پێگەی تایبەتی دۆلار یارمەتییەکی زۆری داهاتی راستەقینەی ئەمەریکا نادات. وا دیارە هێشتا توێژینەوەی ورد لەمەڕ سوودە ئابوورییەکانی گورزە کێبڵی ئینتەرنێت نەکراوە. لەوانەیە ئەم سوودانە ئەوەندە بەرچاو نەبن، (چونکە زۆربەی کۆمپانیاکان قازانجی گواستنەوەی داتا دەنێرن بۆ وڵاتانی وەک ئیرلەندا یان ئەو پەناگایانەی باجی کەمتری تێدا دەدرێت). هاوکات فارێل و نیومان ئاماژە بەوە دەدەن، کە کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەژەکانی ئابووری جیهان، دەرفەت و ڕێگەی نوێ و کاریگەری سیاسی دەبەخشێتە بە واشنگتۆن بۆ ئەوەی  ئەمەریکا نفوز و باڵادەستی خۆی بسەپێنێت.
ئەمریکا دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 زیاتر گرنگی دا بەو ڕێگە نوێیە و دەستی بە وەبەرهێنان کرد تێیدا. پێشتر بەرپرسانی ئەمەریکا دەسەڵاتی ئەوتۆیان لە ئابووریدا بەکارنەهێنا بوو نەوەک زیادەڕەوی بکەن بەڵام هەر زوو بۆیان دەرکەوت، کە دەتوانن بەدواداچوون بۆ مامەڵە داراییەکانی ئوسامە بن لادن بکەن بۆ ئەوەی پلانە تیرۆریستییەکانی ئاشکرا بکەن. بەم شێوەیە کاریگەری ئابووری خۆیان بەکارهێنا بۆ تێکدانی هێرشەکانی ئەلقاعیدە. بۆیه دوای هێرشی گروپه تیرۆریستییەکه، واشنگتۆن نیگەرانییە لاوەکییەکانی خۆی بەلاوە نا و بەو شێوەیە هەم چاودێری ئابووری و هەم سزا ئابوورییەکانیشی فراوانتر کرد.
بۆ سیاسەتمەدارەکان ئاسان بوو ئەو دەسەڵاتە بەکاربهێنن. ئەو دۆلارانەی لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردەهێنرێن، پارەی کاش نین بەڵکو پارەی بانکی یان ژمارەن لە بانکەکاندا. زۆرینەی بانکەکان بەو جۆرە ئیش دەکەن و هەژمارەکانیان زیاتر پارەی بانکییە نەک پارەی کاش. ئەوەش بێ گومان پەیوەندی بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کاتی پێویستدا دەستیان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا بگات. لە ئەنجامدا، بانکەکان لە سەرانسەری جیهاندا، هەوڵ دەدەن دڵی ئەمریکا ڕازی بکەن نەوەک واشنگتۆن بڕیار بدات لە ئابووری جیهان دووریان بخاتەوە. کەیسی (کارێی لام: Carrie Lam) نموونەیەکی ڕوون و بەربڵاوە. لام سەرۆکی پێشووی هۆنگ کۆنگ بوو، لەلایەن حکومەتی چینەوە پشتیوانی دەکرا و چین رایسپارد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی هۆنگ کۆنگ. بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەمریکا سزای بەسەر لامدا سەپاند، نەیتوانی لە هیچ شوێنێک هەژمارە بانکییەکانی بەکاربهێنێت، تەنانەت لە بانکەکانی وڵاتی چینیش. دەبوو پارەی کاشێ پێ بدرایە و لەماڵەکەیدا هەڵیبگرتایە نەک بیباتە بانک.
ئێستا، دەمەوێت نمونەیەکی تر بهێنمەوە لەبارەی بە‌هێزی ئەمریکا کە تاکو ئێستا بۆ زۆر کەس جێی سەرەنج نەبووە بەڵام زۆریش گرنگە. ئەویش ئەوەیە کە واشنگتۆن ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵ دەکات کە پەیوەندییان بە سیستەمە داراییەکانی بانکی نێودەوڵەتییەوە هەیە. یەکێک لەو دامەزراوانە بە SWIFT ناسراوە. ئەم دامەزراوەیە زیاتر وەک سیستەمی گەیاندنی زانیاری و داتا ئیش دەکات، کە لە ڕێگەی ئەوەوە مامەڵەی دارایی نێودەوڵەتی گرنگ ئەنجام دەدرێت. هەرچەندە ڕێکخراوەکە لە بەلجیکایە نەک ئەمریکا بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ئەندامەکانی لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن، دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر، ڕێکخراوەکە زۆربەی داتاکانی دا بە ئەمەریکا و ئیستا ڕێگە بە واشنگتۆن دەدات بەدواداچوون بۆ مامەڵە داراییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بکات. لەساڵی 2012 حکومەتی ئەمریکا لە ڕێی SWIFT  ەوە توانا ئابوورییەکانی بەکارهێنا و ئێرانی لە زۆربەی سیستەمە ئابوورییە جیهانییەکان کردە دەرەوە. پاشان دوای گەمارۆ ئابوورییەکان، ئابووری ئێران کەوتە تەنگژەی گەورە و هەڵئاوسان لەو وڵاتەدا گەیشتە نزیکەی 40٪ تاکو لە کۆتاییدا تاران ڕازی بوو چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان.
ئەمە هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە ئەمریکا بە کۆنتڕۆڵکردنی تەنگژە ئابوورییەکان، بەدەستی هێناوە. ئەوەی ئێستا ئەمریکا دەتوانێت بیکات لە کۆنتڕۆڵکردنی داتاکاندا، زۆرتر جێی سەرنجە. لە زۆربەی ئەو شوێنانەی کە گورزە کێبڵی ئینتەرنێت دەچنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، حکومەتی ئەمریکا "جیاکەرەوە یان دابڕ"ی دامەزراندووە. ئەو دابڕانەی کە تیشکی ڕووناکی گواستنەوەی زانیاری دابەش دەکەن بۆ دوو تەوژم. یەکێکیان دەڕوات بۆ وەرگری ئاسایی دامەزراوەی مەبەست یان دامەزراوە دیاریکراوەکە، بەڵام ئەوی تریان دەچێت بۆ دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. ئەوانیش لێکدانەوەیەکی ئاڵۆز و ورد بۆ شیکردنەوەی داتاکان بەکاردەهێنن. لە ئەنجامدا، ئەمریکا دەتوانێت چاودێری هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکات. هەر ئەوانن دەزانن کەسایەتی و گیرفان و ئابووری هەموو کەس و لایەنێک هەڵسەنگێنن.
بێگومان وڵاتانی تریش دەتوانن چاودێری ئەمریکا بکەن. بەتایبەتی وڵاتی چین زۆر هەوڵ دەدات چاودێری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمریکا بکات. بەڵام هیچ وڵاتێک وەک خودی ئەمەریکا ناتوانێت باشتر چاودێری بکات. سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی پەکین، چین شکستی هێناوە لەوەی هاوشانی ئەمریکا بێت و وەک پێویست دەستی ناگاتە داتاکان. هێشتا خاوەندارێتی زانستی بۆ کەرەستە سەرەتاییەکانی کۆکردنەوەی زانیاری بە دەستی ئەمریکاوەیە. نەک تەنها خاوەندارێتی زانستی ئەو کەرەستە بچووکانەی زانیاری دەگوازنەوە، بەڵکو خاوەندارێتی زانستی دامەزراندنی کەرەستە بچووکەکانیش هەر بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە. واتە نەک خاوەندارێتی ئەو کەرەستانەی کە هێز بە چیپی نیمچە گەیەنەرەکانی ئێستا دەدات، بەڵکو خاوەندارێتی ئەو وردەکەرەستانەی کە بۆ دیزاینکردنی چیپی نیمچە گەیەنەری نوێ بەکاردەهێنرێت.

سێ ڕەگەزەکەی ئیمپراتۆریەت
زۆر نموونە هەن کە واشنگتۆن وەک ئیمپراتۆرێکی شاراوە و ژێرسێبەر دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە. لەوانە ئابڵۆقەی دارایی لام و ئێران. بەڵام ئەوەی باشتر نیشانی دەدات کە چۆن هەر سێ ڕەگەزەکەی ئیمپراتۆریەتەکەی پێکەوە بەکارهێناوە، واتە کۆنترۆڵکردنی دۆلار، کۆنترۆڵکردنی زانیاری و کۆنترۆڵکردنی خاوەندارێتی زانستی، بریتییە لە داڕمانی کۆمپانیای هواوی چین، کە جێگەی سەرسوڕمانە. تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەرپرسانی ئەمەریکا و نوخبەی سیاسەتی دەرەوە لە هواوی دەترسان. وا دیارە کۆمپانیای هواوی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حکومەتی چیندا هەیە. هەروەها هواوی ئامادەیە خزمەتگوزاری (فایف جی 5G) بۆ زۆربەی ناوچەکانی جیهان دابین بکات، بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانبوون لەوەی بە پەرەسەندنی ئامێرەکان، چین بتوانێت چاودێریی تەواوی جیهان بکات.
بەم شێوەیە، واشنگتۆن سێ ڕەگەزەکەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەکەی خۆی بەکارهێنا بۆ وەستاندنی چالاکییەکانی هواوی. ئەمریکا بۆی دەرکەوت هواوی بە نهێنی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکات و سزا و گەمارۆکانی ئەمەریکا پێشێل دەکات. دواتر زانیارییە تایبەتەکانی خۆی بە داتای بانکە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بەڵگە بخاتەڕوو کە بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە واتە مێنگ وانژو (کە کچی دامەزرێنەری هواوی بوو) فێڵیان لە بانکەکان کردووە بەوەی بە درۆوە بە کۆمپانیای خزمەتگوزاری دارایی بەریتانی HSBC گوتووە، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئێراندا نییە. دەسەڵاتدارانی کەنەدا، لەسەر داوای ئەمریکا، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018 دا مێنگیان لە ڤانکۆڤەر دەستگیرکرد وەزارەتی دادی ئەمەریکا هواوی و مێنگیان بە فێڵ و گزی لە ڕێی پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان و ژمارەیەک تاوانی دیکە تۆمەتبار کرد. هەروەها ئەمەریکا بۆ ئەوەی هەناردەکردنی کەرستە تەکنەلۆژییەکان سنووردار بکات، فشاری خستە سەر کۆمپانیای پیشەسازی نیمچە گەیەنەری تایوان، کە چەندین جۆری چیپی نیمچە گەیەنەری گرنگ دابین دەکات. بەوجۆرە ڕێگە لە هواوی دەگرێت دەستی بە پێشکەوتووترین چیپ بگات. دوابەدوای ئەوە، پەکین دوو کەنەدی لە چین وەک بارمتە گرت.
مێنگ نزیکەی سێ ساڵ لە ماڵێکدا دەستەبەسەربوو لە کەنەدا، پاشان ڕێکەوتنێکی واژۆ کرد کە تێیدا دانی بە تاوانەکەیدا نا. ئینجا ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە بۆ چین. دواتر حکومەتی چین کەنەدییەکانی ئازاد کرد. بەڵام تاکو ئەو کاتە، هواوی لە یارییەکە کرایە دەرەوە و ئەگەری هەژموونی چین بۆ ماوەیەک بەسەر (فایف جی 5G) نەما. ئەمریکا بە بێدەنگی جەنگێکی پۆست مۆدێرنی لە دژی چین بەرپاکرد و تێیدا سەرکەوت.

مەترسییەکانی باڵادەستی ئابووری
لە نیگای یەکەمدا، ئەو سەرکەوتنانەی ئەمریکا لەوانەیە هەواڵێکی خۆش بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنگتۆن ڕووبەری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای بەشێویەکی دیکتاتۆرانە لەلایەن حکومەت و بەبێ بەکارهێنانی هێز سنووردار کردبوو. توانای ئەمەریکا بۆ دابڕانی کۆریای باکوور چەند بەشێکی سیستەمی ئابووری جیهانی یان سزادانی بانکی ناوەندی ڕوسیا دەستخۆشی و هاندانی لێکەوتەوە. بەکارهێنانی هێزە شاراوەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە تیرۆری جیهانی، خاپوورکردنی کۆمپانیا گروپییەکانی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر یان پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پوتین بۆ ملکەچکردنی ئۆکرانیا، ئەو کارانە نین کەس پێی تووڕە ببێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئاشکرا ئەو توانا و دەسەڵاتەی ئەمریکا جێی مەترسییە. ئەگەر ئەمریکا زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی هێزی ئابووری خۆی بکات، لەوانەیە بنەمای ئەو هێزە لاواز بێت و ببێتە هۆی پشێوی. بۆ نموونە، ئەگەر ئەمریکا دۆلار وەک چەکێک لە دژی وڵاتان بەکار بهێنێت، لەوانەیە بەشێک لەو وڵاتانە ڕێک بکەون و شێوازی جێگرەوە لە پارەدانی نێودەوڵەتی بدۆزنەوە و رێگە نوێیەکە بگرنەبەر. ئەگەر ئەو وڵاتانە لەو چاودێریکردنەی ئەمریکا بێزار بن، دوور نییە گورزە کێبڵی ئینتەرنێت (Optical fiber) ی نوێ دابمەزرێنن و ئەمریکا تێبپەڕێنن. هەروەها ئەگەر واشنگتۆن مەرجی زۆر بەسەر هەناردەکراوەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی تر بسەپێنێت، لەوانەیە کۆمپانیا بیانییەکان لە تەکنەلۆژیای ئەمەریکی دوور بکەونەوە. بۆ نموونە، هەرچەندە نەرمەئامێری چینی لەگەڵ نەرمەئامێری ئەمەریکا بەراورد ناکرێت بەڵام قورس نییە پێشبینی ئەوە بکەین کە هەندێک وڵات کوالیتی نزم قبوڵ بکەن، لە بری ئەوەی لەژێر چاودێری و فشاری ئەمریکادا بن.
تاکو ئێستا هیچ کام لەو رێکارانە نەگیراوەتەبەر بەڵام سەرەڕای لێدوانە بێکۆتاییەکان سەبارەت بە ئەگەری دابەزینی دۆلار، دراوەکە بەردەوامە لەو باڵادەستییەی بەسەر بازاڕدا هەیەتی. لە ڕاستیدا، دۆلار سەرەڕای ئەو دۆخە تایبەتەی خۆی، کابینەکەی پێشووی ترامپ تا کۆتایی بڕی کرد. دانانی گورزە کێبڵی ئینتەرنێت کە ئەمریکا تێبپەڕێنێت لەوانەیە ئاسانترین رێگە بێت، ئەو کەسانەی شارەزایی تەکنەلۆژیا نین نازانن چۆن بە ئاسانی جێگرەوەی نەرمەئامێری ئەمریکی بدۆزنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزی شاراوە و سێبەرەکەی واشنگتۆن بە شێوەیەکی بەرچاو درێژخایەن و دوورمەودا دێتەبەرجاو. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە پێشکەوتن و پێشڕەوی ئەمریکا هیچ ئەندازە و سنوورێکی نییە. هەروەها چین کە خۆی زلهێزێکی ئابوورییە، ئەگەر بڕیار بدات بە نقوومبوون لە تاریکی بەرگری لە خۆی بکات و ئینتەرنێتی ئەمریکی بەکارنەهێنێت، واتە پچڕانی پەیوەندی دارایی و زانیاری نێودەوڵەتی لەگەڵ جیهاندا (کە پێشتر تا ڕادەیەک هەوڵی بۆ داوە). ئەم هەنگاوە باج و خەرجییەکی ئابووری گەورەی بۆ هەمووان دەبێت. ئەوە ڕۆڵی چین وەک کارگەی جیهان و گەورە بەرهەمهێنەری جیهان، کەم دەکاتەوە. دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ چین، بە هەمان ئەندازەی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ دۆلار قورسە .
یەکێکی تر لە مەترسییەکی ئاشکراکان ئەوەیە، ئەو وڵاتانەی لە جەنگی ئابووری و سیاسیدا شکست دەهێنن، دەست بە شەڕ و جەنگی ڕاستەقینە یان  شەڕی سەربازی بکەن. بەکارهێنانی بازرگانی وەک چەک، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانی، ئەڵمانیا و ژاپۆن هەردووکیان بە هەمان مەبەست لە جەنگی دووەمی جیهانیدا شەڕیان کرد. واتە بۆ دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی ماددە خاوەکان. ترسیان لەوە هەبوو کە سزا نێودەوڵەتییەکان ڕێی دەستکەوتنی کەرەستەی خاویان لێ بگرێت. سیناریۆ و کابوسی ئێستای جیهان ئەوەیە، کە چین لە ترسی پەراوێزخستن ڕووبەڕووی ئەو ترسە ببێتەوە و هێرش بکاتە سەر تایوان. چونکە تایوان ڕۆڵی سەرەکی لە پیشەسازی چیپ و کەرەستەی ئەلیکترۆنی نیمچە گەیەنەر هەیە لە جیهاندا.
تەنانەت ئەگەر ئەمریکا ئیمپراتۆریەتە سێبەرییەکەی خۆی زیاد لە پێویست بەکار نەهێنێت یان ناکۆکی زۆر دروست نەکات، هێشتا چەند هۆکارێک دەمێنێتەوە بۆ نیگەرانبوون لەباڵادەستی و بە توانایی ئابووری ئەمریکا. هەروەها ناتوانرێت بگوترێت هەمیشە ئەمریکا بڕیاری دروست دەدات. لە ڕاستیدا واشنگتۆن چەندین بڕیاری نائەخلاقی لە سیاسەتی دەرەوە داوە و توانیویەتی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگژە جیهانییەکاندا بسەپێنێت. ئەوەش زیانی خەڵک و کۆمپانیا و حکومەتەکانی لێکەوتووەتەوە. بۆ نموونە، ترەمپ باجی گومرگی بەسەر کەنەدا و ئەوروپادا سەپاند. لەوانەیە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵ بدات ئابووری وڵاتانی ئەوروپا تێکبدات کە ڕەخنە لە سیاسەتە دەرەکییەکان و تەنانەت ناوخۆییەکەی دەگرن.


 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved