هۆشیاری یەکێکە لە چەمکە فەلسەفییە باوەکانی سەدەی هەژدە بە دواوە. هەرچەندە سەرەتا لە چوارچێوەی تێۆری زانیندا بڕەوی هەبوو بەڵام دواتر پەڕیەوە بۆ ناو دەرونناسی و پاشان بۆ پاوانی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. هۆشیاری بە شێوەیەکی گشتی مەبەست لێی بریتییە لە هۆشیاربوون و ئاگا لێ بوونێکی مەبەستدارانە لە پرس و بابەتێکی دیاریکراو. لەسنوور و چوارچێوەی فەلسەفەدا، زاراوەی هۆشیاری لەلایەن کریستیان وۆلف (1679-1754)، کە فەیلەسووفێکی ئەڵمانی بوو، داڕێژرا. دواتر هەر یەکە لە ئیمانوئێل کانت و هیگڵ و دواتر فیورباخ و کارل مارکس بەکاریانهێنا و پەرە بە چەمکەکە درا. بە جۆرێک، هیگڵ بەشی دووەمی کتێبی فینۆمینۆلۆژیای گیان یان فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح، تەرخان دەکات بۆ هۆشیاری خودی یان ئاگایی خودی.
کارل مارکس (1818-1883)، وەک فەیلەسووفێکی گرنگ، کە توانی بایەخی تەواو بداتە چەمکی هۆشیاری و لە دوای شرۆڤەکانی ئەو، چەمکی هۆشیاری بووە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی و بزوتنەوە بەرنگارەکان لە جیهانی مۆدێرندا. کارل مارکس بۆ یەکەمجار لە تێزی دکتۆراکەیدا چەمکی هۆشیاری بەکارهێناوە. لەو تێزەدا کە ساڵی 1847 لە نووسینی بووەتەوە، چەمکی ئازادی هۆشیاری لە فەلسەفەی ئەپیکۆرەوە هەڵدەهێنجێنێت و پشتیوانی دەکات. پێیوایە تەنیا لە ڕێی هۆشیارییەکی ئازادانەوە مرۆڤ دەتوانێت سروشت بگۆڕێت. لە بەرامبەردا، دێتەرمەنیزم یان جەبرانێتی دیموکرێتس گرنگی و بایەخ بە کردەوەی هۆشیارانەی مرۆڤ نادات و تاڕادەیەک بێ بایەخی دەکات چونکە لە فەلسەفەی دیموکرێتسدا، ئەتۆمەکان بزوێن و بزوێنەرن نەک هۆشیاری و ئاگایی مرۆڤ. ئەوەش جۆرێکە لە سەپاندن و ناچارکردن نەک ئازادی. لێکدانەوەی بۆچوونی ئەو دوو فەیلەسووفە، بووە بنەمای تێزێکی مارکس لەبارەی (خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ چەمکی هۆشیاری لە فەلسەفە) دا. لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی هیگڵدا، زیاتر پەرەی بە تێڕوانینەکانی خۆی دا. هەروەها تێگەیشتن لە چەمکی هۆشیاری لە فەلسەفەی مارکسدا، لەچوارچێوەی پێناسەکردنە تایبەتەکەی چەمکی ئایدیۆلۆژی لەلایەک و شرۆڤەکانی بۆ سەرهەڵدانی ناڕاستی و دەرکەوتنی درۆ زیاتر روون دەبێتەوە. لە کۆمەڵی بۆرژوازیدا، ئەو بابەتانەی بە ڕاستی هەن، بەشێوەیەکی تر یان بەشێوەیەکی ناڕاست نیشان دەدرێنەوە. مارکس ئەوە ناودەنێت، هەڵگەڕانەوەی واقیع. دەرکەوتن و نیشاندانەوەی نا-تەواوی بابەتەکان، هەڵگەڕانەوە و پێچەوانەی خودی بابەتەکانە نەک نیشاندانی کرۆکی بابەتەکە. هەڵگەڕانەوەی ڕاستی بابەتەکان، پڕۆسەیەکی درێژی مێژووییە. ڕاگەیاندن یان دەزگەکانی بەرهەمهێنانی تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیا، کە زۆرجار خۆی لە دامودەزگەکانی دەوڵەت دەبینێتەوە، بە نهێنی و شاراوەیی جۆرە هۆشیارییەکی گشتی بەرهەمدەهێنن. بەپێی ئەو ئاراستە فیکرییەی لەسەری دەڕۆن، ئەو کاروبارەی لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندایە، وەک پرسێکی گشتی و هەمەکی پاساو دەدەنەوە. ئەوەش وەک هۆشیارییەکی ناڕاست لێکدەدرێتەوە.
گرنگترین شرۆڤەی کارل مارکس بۆ چەمکی هۆشیاری، لە کتێبی "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"دا بوو. لەوێدا ئاماژە بەوە دەدات: شرۆڤەی چەمکی هۆشیاری هەرگیز لە کەسی هۆشیار جیاناکرێتەوە. کاتێک باس لە هۆشیاری دەکرێت، بە هەمان شێوە مەبەست لێی کەسی هۆشیارە. چونکە هەبوونی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی خۆیەتی، ئەگەر لە هەموو ئایدیۆلۆژییەکدا، مرۆڤ و پەیوەندی و ڕێورەسمەکانی نێوان مرۆڤ، بەشێوەیەکی هەڵگێڕاوە لێکدراوەتەوە، ئەوا خودی ئەو دیاردەیە پڕۆسەیەکە لە مێژووی ژیانی مرۆڤ خۆیەوە کەوتووەتەوە. ئەگەر شێوەی دەرکەوتنی درۆ لە ئەنجامی تێگەیشتن و هۆشیاری درۆیین لە واقیعی کۆمەڵگەی بۆرژوازی کەوتووەتەوە، رزگاربوون لەم جۆرە هۆشیارییە درۆینە بەستراوە بە بەرنگاربوونەوەی چینایەتی و بەرنگاربوونەوەی کرداری لە دژی کۆمەڵگەی بۆرژوازی. هەروەها ئەو کەسانەی وا پێویستە بەرنگار ببنەوە، توێژی پرۆلیتاریایە بەڵام کێشەکە لەوێدایە خودی پرۆلیتار نەک بە تەنیا لەژیر کاریگەری هۆشیاری درۆینەیە بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی بێ بەشن لە کولتوور و هزری مۆدێرن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، مارکس لە دەستنووسەکانی 1843 پرۆلیتاریا بە توێژێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دەناسێنێت بەڵام بەبێ ئەوەی لەناو کۆمەڵگەکەدا بێت. واتە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی ناهۆشیارە و ئاگای لێی نییە. کەواتە چین و توێژێکی ناهۆشیار و بێ ئاگا چۆن دەتوانێت بەرنگاری کولتووری سەردەست بێتەوە و خۆی لە هۆشیاری درۆینە و وەهمی کولتووری سەردەستەکان ڕزگار بکات؟ چۆن کۆمەڵگەیەک دەگۆڕن، کاتێک توخم و ڕەگەزەکانی گۆڕان هەمان کەرەستە و ئامرازی ناهۆشیاری بن بە دەستی چینی سەردەستەوە؟ سیستەمی سەردەست و دەسەڵاتدار، واقیعەکە بە جۆرێک هەڵدەگێڕێتەوە و وەهم دەخاتە شوێنی هۆشیاری. کەواتە چۆن دەکرێت مرۆڤ خۆی لەو هەڵگەڕانەوەی واقیع و وەهمە باڵادەستە ڕزگاری ببێت؟
کارل مارکس جگە لەوەی سەرچاوە و هۆکاری ناهۆشیاری چین و توێژە بەشخوراوەکانی کۆمەڵ دەستنیشان دەکات، هاوکات پێشنیازی خۆی بۆ هۆشیارکردنەوەی چینی بەشخوراو و نامۆ و کرێکار دەخاتەڕوو. هەر لەو سۆنگەیەوە مارکس پێی وایە خۆناسین و دەستنیشانکردنی ئامانج، بەشێکە لە هۆشیاری ڕاستەقینە. بەجۆرێک ڕەهەندە مێژووییەکان بدۆزرێتەوە، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی توێژێک و جیاکردنەوەی لە توێژەکانی تر. هەروەها ئامانج و کاردانەوەی توێژەکان بەو جۆرەی شاراوەتەوە، بەشێکی تری هۆشیارییە.
بابەتی زیاتر