بیرکردنەوەی ڕەخنەیی- Critical Thinking
ئامادەکردن: هاوار
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی (Critical Thinking: التفکیر النقدي) هەڵوەستەکردنێکی هزرییە بۆ شیکردنەوە و توێتوێکردنی پرسە جیاوازەکانی ژیان لەپێناو بڕیاردانێکی دروست. هەروەها وەگەڕخستنی ئەقڵ و ژیرییە بۆ جیاکردنەوەی دروست لە نا-دروست. لەلایەکی تریشەوە بریتییە لە پێداچوونەوە بە ئامرازەکانی زانین و خۆدوورخستنەوە لە تووڕەیی و چەقبەستوویی و بابەتە دژوازییەکان. هاوکات یەکێکیشە لە چەمکە هەرە گرنگەکان و لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاکو ئێستا، زیاتر لە جاران بایەخی پێ دەدرێت. لە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت، پەروەردە و ڕاگەیاندن کاریگەرییەکەی دەرکەوتووە.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە سەرەتاوە لە فەلسەفەدا هاتەئاراوە. وەکو چەمکێکی سەربەخۆ لە فەلسەفەی دێرینی یۆنان و فەلسەفەی ڕۆشنگەری ئەوروپی و فەلسەفەی پراگماتیکی ئەمریکیدا مانا و پێناسە و چوارچێوە هزرییەکەی ڕەنگڕێژبوو. ئێستا لە بواری فەلسەفە و پەروەردەدا، زیاتر گرنگی پێ دەدرێت و وەک ئاسۆیەک بۆ داهاتوویەکی چاکتر لێی دەنۆڕدرێت.
ئامانج لە پەرەدان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە پێگەیاندنی کەسانی هۆشیار و سەربەست و لێپرسراو. واتە لە ڕێی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە، کەسەکان ناتوانن بە ئاسانی دان بە هەموو شتێکدا بنێن و کوێرانە هەموو شتێک وەرناگرن بەڵکو بیری لێ دەکەنەوە و شی دەکەنەوە. هەروەها بە هۆی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە، کەسەکان چیتر هزرێکی چەقبەستوو و دواکەوتوویان نابێت. ئەمەش دەیانکات بە کەسێکی ئازاد و سەربەست چونکە ناچنە ژێر رکێفی هیچ هزر و ئایدیایەکی نەسەلەمێنراو. هاوکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کۆتایی بە نەزانی و دواکەوتوویی و پەرەدان بە نەریتە سواوەکان دەهێنێت و مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی زیرەک و خاوەن بڕیاری دروست.
لە مێژووی فەلسەفەدا، زۆر فەیلەسووف و هرزمەند هەن یان ڕاستەوخۆ گرنگیان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی داوە یاخود فەلسەفەکەیان بووەتە پەرەپێدەری بیری ڕەخنەیی. ئەوەشیان لە ڕێی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی هزرە چەقبەستووەکانەوە کردووە. بۆ نموونە سوکرات لە ڕێی میتۆدی وتووێژەوە، پرسیار لەسەر بیروباوەڕ و بڕوا لەپێشینەییەکان دروست دەکات و دژوازی و پارادۆکسەکانیان دەخاتەڕوو. هەروەها ڕێنێ دیکارت بە گومانی میتۆدی، گومان لەسەر هەموو جۆرە (زانین)ێك دروست دەکات. بەلای دیکارتەوە ئەو ئامرازانەی ئێمە لە ڕێیانەوە شت دەزانین یاخود ئەو زانیاریانەی لە هزر و بیردا کەڵەکەبوون، جێی گومانن.
لە قۆناغی ئێستا و هاوچەرخدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە زۆربەی بوارە هەستیارەکاندا پەرەی پێ دەدرێت و یەکێکە لە چەمکە گرنگ و کاریگەرەکان.

لە بواری پەروەردە: لە فەلسەفەی پەروەردەیی جۆن دێویییەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یەکێکە لە پرس و بابەتە بنەڕەتییەکان. دێویی جەخت لەوە دەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ببێتە بنەمایەکی سەرەکی پەروەردە و خوێندکار جۆرێک پەروەردە بکرێت، دواتر بتوانێت ڕەخنەییانە بیربکاتەوە. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک بەهرەیەک لە خوێندکاردا گەشەی پی بدرێت.

لە بواری سیاسیدا: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دڕ بە هزرە چەقبەستووەکان دەدات و کۆتایی بە توندوتیژیی و تووڕەیی بێ بنەما و بێ ناوەڕۆک دەهێنێت. لەبری ئەوانە، وتووێژ و دانوستان دەکاتە جێگرەوە. هاوکات کەسانی خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، توانای درک و تێگەیشتنی بابەت و بڕیارە جیاوازەکانیان دەبێت و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەمەش وەک بنەمایەکی پتەو بۆ ڕەخساندنی بەستێنی دیموکراسی لێکدەدرێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، کەسانی خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کوێرانە دوای بانگەشە و لافی سیاسەتوان ناکەون. بەتایبەت ئەو کاتەی سیاسەتوانە پۆپۆلیست و دێمەگۆکان زانیاری ناڕاست و داپۆشراو بڵاو دەکەنەوە.

لە بواری ڕاگەیاندندا: لەگەڵ تەقینەوەی زانیاری و هاتنەئارای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فراوانبوونی کەرەستەکانی ڕاگەیاندن، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زیاتر بووە جێی بایەخ. بەتایبەتی کاتێک هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە زیاتر لە جاران بڵاو دەبێتەوە. بەهۆی بیرکردنەوەی ڕەخنەییەوە، زانیارییەکان و دروستی هەواڵەکان هاوسەنگ دەبن. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕێ لەوە دەگرێت مرۆڤ تەفرە بدرێت.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved