تیۆکراسی- Theocracy
ئامادەکردن: هاوار
بە دەسەڵاتی ئایینی یان ئەو حکومەتانەی ڕەوایەتی و دەسەڵاتی خۆیان لە ئایینەوە وەردەگرن، دەگوترێت تیۆکراسی Theocracy. مانای وشەکە لە زمانی یۆنانی کۆن و لاتینیەوە کەوتووەتەوە. ئەگەر خودی وشەکە وەربگێڕدرێت، ئەوا مانای (حکومەتی خوا) دەدات. ئێستا بە شێوەیەکی گشتی بەو حکومەتە ئایینیانەی دەسەڵاتیان بە دەستە یان بەو حزب و گروپانەی خوازیارن حکومەتێکی ئایینی دابمەزرێنن، دەگوترێت تیۆکراسی.
حکومەتی تیۆکراسی لەگەڵ هەر یەک لە حکومەتە سێکۆلار و دیموکراسییەکاندا، لە کێشە و گرفتدایە. چونکە سێکۆلارەکان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی مەدەنی لە یەک جیا دەکەنەوە. بنەمای حکومڕانی لای سێکۆلارەکان بەپێی خواست و پێویستی هەنووکەیی کۆمەڵگەکانە. هەروەها لە حکومەتە دیموکراسییەکاندا، دانیشتووانی وڵاتەکە نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژیرن و نوێنەرەکان دەنگ لەسەر دەستووری وڵاتەکە دەدەن. بەڵام لەو وڵاتانەی حکومەتەکەیان تیۆکراسییە، ڕێسا و بنەماکانی ئایین دەبنە بنەمای حکومڕانی و لەسەر بنەڕەتی ئایینەکەیان دەستوور و قانون دادەڕێژن. بۆ لایەنگرانی ئایینەکە، ئەوە وەک خاڵێکی بەهێز لێکدەدرێتەوە. بەڵام لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، داڕشتنەوەی دەستوور و قانون لەسەر بنەمای ئایین، کۆمەڵێک گرفت و کێشەی گەورە دروست دەکات. بە شێوەیەکی گشتی کاریگەرییەکانی حکومەتی تیۆکراسی، لەسەر چەند لایەنێکی کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.
- پرسی قانون: لەو کۆمەڵگەیانەی قانون لەسەر بنەمای ئایین دادەڕێژرێت، دوور نییە کێشە بۆ پرسە مۆدێرن و نوێباوەکان دروست بکات. چونکە ڕێساکانی ئایین درەنگتر و خاوتر خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە هاوچەرخەکاندا دەگونجێنن. هەروەها لایەنگرانی ئایین و مەزهەبەکانی تر، کێشەیان بۆ دروست دەبێت. بۆ نموونە: پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی لە عیراق لەسەر بنەمای ئایینزای شیعە، ئایینزای سوننە و کەمایەتییەکانی تری بێزار کرد.
- پرسی ئازادی: لە حکومەتە تیۆکراسییەکاندا، ئازادی کەسی، ئازادی ئایینی، ئازادی ژنان و ئازادی پێکهاتە و کەمینەکان بەردەوام یەکێکە لە کێشەکان. بە تایبەتی ئەگەر مامەڵەکردن لەگەڵ هەریەک لەو پرسانە، بە پێچەوانەی ڕێسا ئایینییەکانەوە بێت، دوور نییە ئەنجامەکەی بە کوشتن و لە سێدارەدان کۆتایی بێت. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی حکومەتەکە لەسەر بنەمای ئاینی ئیسلام دامەزراوە، وەک دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ژنان مافی خوێندن و کارکردنیان نییە و ناچار دەکرێن بە پۆشینی جلی تایبەت.
- دەسەڵات لە حکومەتە تیۆکراسییەکاندا، لەدەستی پیاوانی ئایینیدا کۆ دەبێتەوە. هەر ئەوانن بڕیار لەبارەی ئابووری و سیستەمی بانکی و سیاسەتی وزە و وزەی ناوەکی و سیاسەتی نیودەوڵەتی و سیاسەتی تەکنەلۆژی هاوچەرخ و پرسە تەندروستییەکان و دەرمانەوە دەدەن. دوور نییە شارەزای بابەتەکە نەبن و بڕیارەکانیان گرفت بۆ خەڵک و دانیشتووی وڵاتەکانیان دروست بکات.
- پەروەردە لەو وڵاتانەی لەسەر بنەمای ئایین دامەزراوە، پەروەردەیەکی سنووردار و چوارچێوەدارە و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە، کە ئەویش ڕێسا ئایینییەکانە. هەروەها بە هۆی خوێندن و پەروەردەی ئایینیەوە، خوێندکار لە زانستە سروشتی و مرۆییەکان و زانستە ئەزموونی و هاوچەرخەکان دوور دەخرێتەوە. لە ئاکامدا پسپۆڕییەکان سنووردار دەبن و زانست لەو کۆمەڵگەیەدا گەشە ناکات.
- جیاکاری ئایینی یەکێکی ترە لە کاریگەرییەکانی حکومەتی تیۆکراسی. بەتایبەت کاتێک ڕێساکانی ئایینێکی دیاریکراو بەسەر کۆمەڵگەکەدا دەسەپێنرێت، پەیڕەوانی ئایینەکانی تر و ئەوانەی بۆچوونیان جیاوازە، دەخرێنە پەراوێزەوە. بۆ نموونە دەرفەتی کار و خوێندن و بەشداریکردن لە هەیکەلی حکومڕانی، بۆ ئەو کەسانە نەڕەخسێنرێت، کە ئاینەکەیان لە ئایینی حکومەت جیاوازە. یاخود ئەگەر زانایەکی ئابووری یان پزیشکی یا تەکنەلۆژی لە وڵاتێکدا بژێت ئایینێکی جیاوازی لە ئایینی حکومەت هەبێت، دوور نییە تەنگ بە زاناکە هەڵبچنن هەڵبێت یان بکوژرێت.
حکومەتە تیۆکراسییەکان لە جیهاندا، هاوشێوەی زۆر بابەتی تر گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە. ئێستا بەشێک لەو وڵاتانەی بنەماکانی ئایین بووەتە سەرچاوەی سەرەکی دەستوور و قانون و سیاسەت، بەشێک لە بنەما زانستییەکانیان تێهەڵکێشی حکومڕانی کردووە. وەک گۆڕانکاری لە هەیکەلی حکومڕانی و هەڵبژاردن و ..هتد. و پێیان دەگوترێت حکومەتی نیمچە تیۆکراسی، وەک وڵاتی ئێران. لە ڕابردوودا حکومەتی فاتیکان بە نموونەی دیاری حکومەتی تیۆکراسی ئەژمار دەکرا چونکە پاپا لە لوتکەی دەسەڵاتی ئایین و دەوڵەتدا دابوو بەڵام ئێستا لەلایەکەوە کۆمەڵێک نموونەی تر لە جیهانی ئیسلامیدا هەن وەک (کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان) لەلایەکی تریشەوە ژمارەیەکی زۆر حزب و گروپ هەن کار بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئایینی دەکەن. وەک ئیخوان الموسلمین و قاعیدە و داعش، ئەمانە گروپە نیۆدەوڵەتییەکانن و بە شێوەی جیاواز کار بۆ مەبەستی خۆیان دەکەن بەڵام لە ناوخۆی وڵاتەکاندا، دەیان گروپ و حزبی ئایینی هەیە، کە خوازیارە حکومەتی ئایینی و تیۆکراسی لە وڵاتەکانی خۆیاندا دروست بکەن.