ئامادەکردن: ئارام حاجی
یەکەم
ململانێی ئێران – ئیسرائیل
لە دیارترین و ئاڵۆزترین ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "ململانێی ئێران – ئیسرائیلە"، کە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی قووڵی هەیە و کاریگەرییەکانی بە تەواوی سیستمی سیاسیی و ئابووریی هەرێمایەتی ناوچەکەدا شۆڕبووەتەوە.
پاشخان و هۆکارەکانی ئەم ململانێیە
١/ ئایدیۆلۆژی و سیاسی:
لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە لەساڵی ١٩٧٩، سستمی ئێرانی پەیڕەوی گوتارێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئیسرائیل کردووە و بە قەوارەیەکی ناڕەوا و دوژمنی ئیسلامی زانیوە و بەستویەتییەوە بە پرسی قودس و فەلەستینەوە. لەبەرامبەردا ، ئیسرائیل، بە هۆی بانگەشەکانی ئێرانەوە بۆ لەناوبردنی و پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەی و پشتیوانیکردنی لە بزاوتە بەرهەڵستکارەکانی ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێتەوە.
٢/ لەڕووی هەرێمایەتیەوە:
ئێران پشتیوانی لە میلیشیاکانی "حزبوڵای لوبنانی و حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین و غەززە و حەشدی شەعبیی عێراقی و حوسییەکانی یەمەن و دەسەڵاتی سوریی (بەر لەڕووخانی)" دەکات.
ئیسرائیل پێیوایە، کە نفوزی بەردەوامی ڕوو لەزیادبووی ئێران لە سوریای (بەعسی)و لوبنان، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەو، ئەمەش وایکرد لەم ساڵانەی دواییدا دەیان هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا.
٣/ بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی:
بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی دیارترین خاڵەکانی پشێوییە. ئیسرائیل دەترسێت خاوەندارێتی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی ببێتە مایەی گۆڕان لە هاوسەنگییەکانی هێزدا لە ناوچەکەدا، کە بە هەڕەشەیەکی وجودی و جدی دەزانێت لەسەر ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل. ئیسرائیل لە گوشارکردنە سەر ئەمریکا و دەوڵەتانی خۆرئاوا بۆ ڕاگرتنی پێشکەوتنی ئەتۆمیی ئێران ڕۆڵێكی چالاکی بینی و لەوانەشە لەپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ترۆرکردنی زانایانی ئێرانی و تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وەک (ناتانز)یشەوە بووبێت.
سروشتی ململانێکە
ململانێی ناڕاستەوخۆ (جەنگی بەوەکالەت): بەر لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی سەربازی نێوانیان هەردوولایەن لە ١٣/١٤/ یۆنیۆی/٢٠٢٥ لەڕێی بریکارەکانیانەوە ململانێیان بەردەوام بووە و گورزی هەواڵگری و چالاکی جۆریشیان دژ بەیەک ئەنجامداوە.
جەنگی زانیاری و فەزای ئەلیکترۆنی: هەردوو لایەن هێرشی ئەلیکترۆنییان دژبە یەکتر ئەنجامداوە، وەک هێرشی ڤایرۆسی (Stuxnet)، کە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت لەلایەن ئیسرائیلەوە.
جەنگی دەروونی و ستراتیژی: هەمیشە لەڕێی لێدوان و ڕیکلامی میدیایی و مانۆڕی سەربازییەوە ئەم جەنگە لەنێوانیاندا بەردەوام بووە.
پەرەسەندنە نوێیەکان
جەنگی غەززەی (٢٠٢٤،٢٠٢٣،٢٠٢١)، یەکێکە لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نوێی ململانێی نێوانیان، کە لە گریمانەکانی هەڵکشانی ململانێیەکەی زیاترکرد، چونکە ئیسرائیل ئێرانی بەوە تۆمەتباردەکرد، کە تەکنەلۆژیا و چەکی داوەتە گروپە فەلەستینییە بەرهەڵستکارەکانی ئیسرائیل. گۆڕانی سوریا بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی کراوە، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوری، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نوێی ئەو ململانێیە، چونکە ئێران هەوڵی جێگیرکردنی خۆی دەدات و ئیسرائیلیش هەوڵی شکست پێهێنانی. پشێوییە دەریاییەکانی نێوانیان (وەک بە ئامانج گرتنی کەشتییە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان)، هۆکارێکی دیکەی پەرەسەندنی نوێی ئەو ململانێیەیە، کە بووەتە داینەمۆی هەڵکشانی بەریەککەوتنی نێوانیان.
هەڵوێستی هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل
یەکەم: هەڵوێستی ئێرانی:
١.مەرجەعییەتی ئایدیۆلۆژی:
خومەینیزم (ولایەتی فەقیهـ): بەربنەمای هەناردەکردنی شۆڕش و بەرهەڵستی "ئیستیکباری جیهانی "(بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل) دامەزراوە. ئیسرائیل بە "لوویەکی شێرپەنجەیی" دادەنێت و لابردنی بە پێویست دەزانێت (بەپێی لێدوانەکانی خومەینی و دواتری خامەنەئی). بەرگری لە دۆزی فەلەستینی بەشێکە لە شوناسی شۆڕشی ئیسلامی و ئێران تیایدا خۆی وەک سەرپەرشتیاری بەرەی "ڕێگری - ردع" وێنا دەکات.
٢.تێڕوانینی ستراتیژی:
بونیادنانی بەرەیەکی بەرگری هەرێمایەتی، کە حزبوڵای لوبنانی و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی عێراقی و هێزەکانی سوریای سەربە ئێرانی (سەردەمی بەشار ئەسەد) دەگرێتەوە. ڕێگری لەوەی، کە بە "هەژمونی زایۆنی و خۆرئاوایی"دەیبینێت بەسەر ناوچەکەدا، ئەویش بە پشتیوانیکردنی "ڕزگارکردنی قودس" لەدەست زایۆنیزم.
٣.پاساوی یاسایی و سیاسی:
ڕەتکردنەوەی ددان پێدانان بە ئیسرائیل بەو پێیەی "قەوارەیەکی ناڕەوا"ی دامەزراوە لەسەر زەوییەکی زەوتکراو. پشتیوانی بەرگری چەکداری بەو پێیەی "مافێکی ڕەوای گەلانی داگیرکراوە"بەپێی ماددەی ٥١ لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان!.
٤.گوتاری میدیایی و دپلۆماسی:
وێناکردنی ئیسرائیل وەک هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر موسوڵمانان بەگشتی نەک تەنها فەلەستینییەکان بە تایبەتی. بەکارهێنانی دۆزی فەلەستینی وەک ئامرازێکی خۆسازدانی ناوخۆیی و دەرەکی، لە پتەوکردنی ڕەوایەتی سستمەکەیدا.
دووەم: هەڵوێستی ئیسرائیلی:
١.مەرجەعییەتی ئایدیۆلۆژی:
لەسەر بنەمای ئەو زایۆنیزمییە سیاسییە دامەزراوە، کە پێیوایە ئیسرائیل دەوڵەتێکی نەتەوەیی جووە و مافی بوون و بەرگری لەخۆکردنی هەیە. پێیوایە ئێران "سەرپەرستی -ڕاعی - ترۆری جیهانییە" و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل.
٢.تێڕوانینی ستراتیژی:
ڕێگریکردن لەهەر نفوزێکی سەربازی ئێرانی لەنزیک سنوری ئیسرائیل، بەتایبەت لە سوریا و لوبنان. پەکخستنی توانا ئەتۆمیی و هاژەکییەکانی (مووشەکییەکانی) ئێران لەڕێی هەموو ئامرازە (سەربازی، هەواڵگری، تەکنەلۆژییەکان)ەوە. پتەوکردنی هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتییەکانی (وەک "ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم") بۆ دابڕینی ئێران و دەورەدانی نفوزی لە ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست.
٣.پاساوی یاسایی و سیاسی:
جەخت دەکاتەوە لەسەر "مافی بەرگریکردن لەخۆ" پشتبەست بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەلایەوە لێدانە پێشوەختییەکانی دژی ئامانجە جیۆستراتیژییە ئێرانییەکان بەشێکە لەو بەرگرییە ڕەوایە. هەر هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر قەوارەی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە و لەبارەی لەناوبردنی ئیسرائیلەوە وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ لێدوانەکانی ئێران دەکات.
٤.گوتاری میدیایی و دپلۆماسی:
ئێران وەک سستمێکی پەڕگیر وێنا دەکات، کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل. ئەم هەڕەشەیە بۆ پاساودانەوەی سیاسەتە ئەمنییەکانی و جوڵاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەپاندنی سزا و توندکردنەوەی چاودێری بەکاردەهێنێت و لەدووایین بەریەککەوتنی سەربازی نێوانیشیاندا، لە یۆنیۆی/٢٠٢٥ دا، کە تاکو کاتی ئامادەکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە، ئەم ڕاستییە سەلمێندراوە.
ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکان
ئەمریکا ڕۆڵێکی میحوەری دەبینێت لەم ململانێیەدا، چونکە بە توندی پشتیوانی ئیسرائیل دەکات و سزاکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت. هەروەها ڕوسیا و چین بە هاوسەنگییەوە لە هەڵوێستیاندا، هەوڵی پەیوەندییەکی باش دەدەن لەگەڵ ئێران لەلایەک و لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە.
ڕێککەتننامەی ئەتۆمی (JCPOA) و ڕێچکەکانی ئایندەی ئەم ڕێککەوتننامەیە، کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر سروشتی ململانێکە و بەلاداخستنی.
پوخـــــــــــــــــــــتە
ململانێی ئێران – ئیسرائیل، زیاترە لەوەی تەنها ناکۆکییەکی سیاسی بێت، چونکە ململانێیە لەنێوان دوو تێڕوانینی ستراتیژی بۆ ناوچەکە: یەکەمیان ئیسرائیل دەبینێتەوە وەک ناوەندێک بۆ پارێزگاریکردن لە هاوسەنگییەکانی هێزی خۆرئاوایی و دووەمیان ئێران دەبینێتەوە وەک سەرکردەی بەرەی بەرگری، کە هەوڵی گۆڕینی ئەم سستمە دەدات و لەگەڵ قووڵبوونەوەی پشێوییە هەرێمایەتییەکان و غیابی چارەسەری سیاسی گشتگیر، ئەم ململانێیە وەک دیارترین هەڕەشەکانی ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.
دووەم
ململانێی ئەتۆمیی ئێران - ئیسرائیل
ململانێی ئەتۆمیی ئێران – ئیسرائیل، مەترسیدارترین ڕووی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، چونکە کۆبوونەوەیە لەنێوان ڕەهەندە "ئەمنیی و عەقائیدیی و جیۆستراتیژییەکان"دا و داکەوتەی قووڵی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تایبەت بەخۆی هەیە.
دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران
١.١دەستپێکەکانی ئێران:
ئێران دەڵێت پڕۆگرامی ئەتۆمیمان تەواو ئاشتییانەیە و بۆ خواستی وزە و توێژینەوەی پزیشکییە. پشت بە مافی خۆی دەبەستێت وەک دەوڵەتێک، کە واژۆی لەسەر پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی (NPT) کردووە بۆ پەرەسەندنی وزەی ئەتۆمی.
٢.١گومانە نێودەوڵەتییەکان:
زۆرێک لە هێزەکان و لەسەروو هەمووشییانەوە ئەمریکا و ئیسرائیل پێیانوایە، کە ئێران پڕۆگرامێکی ئەتۆمیی سەربازیی شاردبێتەوە. ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم (IAEA) لە ساڵی ٢٠١١ دا ئاماژە بۆ ئیحتیمالی بوونی ڕەهەندی سەربازی چاوەڕوانکراو دەکات لە پڕۆگرامەکەی ئێراندا.
٣.١ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA):
ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و کۆمەڵەی (٥+١) دا واژۆکراوە. لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا، ئێران لەچالاکییە ئەتۆمییەکانی کەمکردەوە. ساڵی ٢٠١٨ و لەسەروەختی ئیدارەی ترامپدا، ئەمریکا لەم ڕێککەوتننامەیە کشایەوە و لەسەرەخۆ و بەچەند ئاستێکی بەرز ئیرانی بەردەوە بەرەو پیتاندنی یۆرانیۆم.
هەڵوێستی ئیسرائیل
١.٢هەڕەشەی وجودی:
ئیسرائیل پێیوایە ئێرانی ئەتۆمی هەڕەشەیە لەسەر بوونی ئیسرائیل، بەتایبەت ئەو گوتارەی تاران کە داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات. بڕوای بە پڕەنسیپی لێدانی پێشوەختە هەیە بۆ ڕێگریکردنی "دوژمن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ستراتیژی".
٢.٢ڕێگریکردنی ڕانەگەیەندراو:
ئیسرائیل خاوەن جبەخانەیەکی ئەتۆمی بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، (کە بە ٨٠ بۆ ٩٠ کڵاوەی ئەتۆمی مەزەنە دەکرێت)، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییە خۆرئاواییەکان. پەیڕەوی لە سیاسەتی "ناڕۆشنیی ئەتۆمیی" دەکات، بەڵام نامەی ڕوونی ئەوە دەنێرێت، کە خاوەن ڕێگریی پێویستە.
٣.٢ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان:
ئێران پێیوایە ئیسرائیل لە پشت ئەمانەی لای خوارەوەیە: ترۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکانی وەک "موحسن فەخری زادە" و تەقینەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناتانز و هێرشی ڤایرۆسی و سیبرانی وەک Stuxnet.
ڕۆڵی نێودەوڵەتی لە ململانێی ئەتۆمی ئێران - ئیسرائیلدا
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕوسیا ڕۆڵی جیاوازییان هەیە:
ئەمریکا: پەیوەندیدارە بەڕێگریکردنی ئێرانەوە لە گەشتنی بە چەکی ئەتۆمی، یا بە ڕێککەوتن یا بە فشار یا بە کردەوەی سەربازی.
ڕوسیاو چین: هاوپەیمانی ئابووری ئێرانن، بەڵام پشتیوانی لە پێشبڕکێی چەکداربوونی ئەتۆمیی ناکەن.
دەوڵەتە عەرەبییەکان: نیگەرانن لە ئێرانێکی ئەتۆمیی و هەڵوێستەیان هەیە لەسەر سیاسەتی ناڕۆشنیی ئەتۆمیی ئیسرائیلی.
گریمانە ئایندەییەکانی ململانێی ئەتۆمی ئێران - ئیسرائیل
١.گەڕانەوەیەکی چاوەڕوانکراو بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بە مەرجی نوێ (گەرەنتی بەهێزتر – چاودێری توندتر).
٢.هەڵکشانێکی سەربازی ئیسرائیلی دژ بە ئێران، گەر ئیسرائیل هەست بکات ئێران نزیکبووەتەوە لە گەشتن بە چەکی ئەتۆمی.
٣.ئێستا هاوسەنگییەکی ڕێگرییانەی جێگیر نییە، بەڵام لە مەودای دووردا چاوەڕوانکراوە.
سێیەم
پێشبڕکێی چەکداربوونی ئەتۆمی ئێران – ئیسرائیل
باکگراوندێکی گشتی
ئیسرائیل:
خاوەن جبەخانەیەکی ئەتۆمی بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەلای جیهانەوە ئاشکرایە، کە چەکی ئەتۆمی هەیە و بەپێی خەمڵێندراوەکان لەنێوان (٨٠ بۆ٢٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی)دایە. واژۆی لەسەر بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نەکردووە (NPT). پەیڕەوی لە سیاسەتی "ناڕۆشنی ئەتۆمی – Nuclear Ambiguity " دەکات، یاخود بە ئامانجی ڕێگریکردنی ستراتیژی، نە جەخت دەکاتەوە و نە ڕەتیدەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی هەبێت، بێئەوەی هانی پێشبڕکێی ڕاستەوخۆی هەرێمایەتی بدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئێران:
واژۆی لەسەر پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی ئەتۆمی کردووە و جەخت لەوەدەکاتەوە، کە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە. هەوڵی پەرەسەندنی توانا ئەتۆمییەکانی دەدات و خاوەن ژێرخانێکی پێشکەوتووی پیتاندنی یۆرانیۆمە. لەسەروەختی کشانەوەی ئەمریکاوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٨، ئێران لە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە بەشێوەیەک کە هەندێک بگەیەنێتە ئەو بڕوایەی، کە ئێران نزیک دەبێتەوە لە "توانای ئەتۆمی خۆی- Nuclear Threshold State".
پاڵنەرەکانی هەردوولا لەم ململانێیەدا
ئیسرائیل:
هەوڵی پاراستنی پێشکەوتنی جۆریی سەربازی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا. پێیوایە خاوەندارێتی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ سەر ئیسرائیل. لەڕێی ئەمانەی لایخوارەوە هەوڵی لەناوبردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی دەدات:
فشاری دپلۆماسی.
چالاکی سیبرانی وەک Stuxnet
ترۆرکردن، وەک ترۆرکردنی زانای ئەتۆمی ئێرانی فەخری زادە و ئەوانی تر.
هەڕەشە بە کردەی سەربازی ڕاستەوخۆ و ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا پەنای بۆ بردووە.
ئێران:
پێیوایە خاوەندارێتی بۆ تەکنیکی ئەتۆمی، پێگەی هەرێمایەتی بەهێزتر دەکات و پشتیوانی لە ئاسایشی دەکات بەڕووی هەڕەشەکاندا، بە تایبەت هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەندێک ڕەوتی نێو ڕژێمەکە پێیانوایە، کە توانای ئەتۆمی (تەنانەت بەبێ توانای دروستکردنی بۆمب) هێزی ڕێگریکردن بە ئێران دەبەخشێت. پێیوایە خاوەندارێتی ئیسرائیل بۆ چەکی ئەتۆمی پاساوی پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمیی پێشکەوتووی دەداتەوە.
هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان
ئەمریکا: پشتیوانی لەپێشکەوتنی ئیسرائیل و ڕێگری لە خاوەندارێتی ئێران دەکات بۆ چەکی ئەتۆمی لەگەڵ دابەشبوونی لە چۆنییەتی مامەڵەکردن (ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بەرامبەر فشارە ئابووری/ سەربازییەکان).
ڕوسیا و چین: پشتیوانی مافی ئێران دەکەن بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمیی بەڵام لایەنگریی ناکەن بۆ خاوەندارێتی لە چەکی ئەتۆمی.
یەکێتی ئەوروپا: هەوڵی سەرلەنوێ کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA) و ڕێگریکردن لە هەر هەڵکشانێکی سەربازی دەدات.
دەوڵەتە عەرەبییەکان: لە هەردوو هێز دەترسن بەڵام ژێربەژێر خواستیان لە پشتیوانی هەڵوێستی ئیسرائیلییە دژی ئێران بە هۆکاری تائیفی و جیۆسیاسی.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان
١.گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی: کە دەبێتە مایەی سڕکردنی پڕۆگرامی ئێرانی، بەڵام خواستی دوور مەودای هەڵناوەشێنێتەوە.
٢.لێدانی سەربازی ئیسرائیلی: لەوانەیە ببێتە مایەی جەنگێکی هەرێمایەتی بە کاردانەوەی حزبوڵا و حەشدی شەعبییەوە لە عێراق - ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەنێوانیاندا.
٣.کردنی ئێران بەدەوڵەتێکی ئەتۆمی فیعلی: کە دەرگا بەڕووی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی عەرەبیدا دەکاتەوە (بە تایبەت سعودییە).
٤.بەردەوامبوونی سیاسەتی ڕێگریکردن و فشار لەسەریەکتر: لە هەڵکشانێکی لەسەرەخۆ و ناڕاستەوخۆدا.
ئەو سیناریۆیانەی ئایندەی ڕژێمی سیاسی ئێران دیاریدەکەن
سیناریۆی یەکەم: مانەوەی ڕژێم و کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکە
ئەگەر ڕژێمی ئێرانی سەرکەوتوو بێت لە لەخۆگرتنی ململانێکە لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا و چین وەک فشاری دژ باشتر بکات و "مەترسی دەرەکی" بقۆزێتەوە بۆ یەکخستنی بەرەی ناوخۆ. ئەم هەنگاوانە دەبنە مایەی مانەوەی ڕژێمی ئێرانی و کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکە.
سیناریۆی دووەم: داخورانی لەسەرەخۆی ڕژێمەکە
ئەگەر ململانێکە ببێتە مایەی کەڵەکەبوونی قەیرانی یەک لەدوایەک و هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان بێ ڕوخانی ڕژێمەکە بەلاوازبوونی شەرعییەتییەوە و دابەشبوون لەنێو سوپای پاسداران و دەستەبژێری ئێرانیدا دروست بێت، ئەم دۆخە دەبێتە مایەی داخورانی لەسەرەخۆی ڕژێمەکە.
سیناریۆی سێیەم: داڕمان یان گۆڕینی ڕژێمەکە
ئەگەر بەردەوامی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل ببێتەمایەی کارەساتی ئابووری/ سیاسی و هەڵوەشانی ناوخۆیی یان کودەتا لەناو ڕژێمدا (سەربازی یا دەستەبژێری) یان گواستنەوەیەکی کتوپڕ یا ڕێککەوتن لەسەرکراو بێتە پێش، هەموو ئەمانە دەبنە مایەی داڕمان یان گۆڕینی ڕژێمەکە.
هەڵسەنگاندنێکی ستراتیژییانە
ئیسرائیل خاوەن ڕێگری فیعلیی ئەتۆمییە، کە بۆ سەپاندنی هاوسەنگی ترسێنەری ناڕاگەیەندراو بەکاریدەهێنێت. ئێران هەوڵی پەرەپێدانی توانای هێزی ڕێگری ستراتیژی دەدات لەڕێی نزیکبوونەوە لە دەرگای ئەتۆمیی بێ تێپەڕاندنی. پشێوی نێوان هەردوولا ڕوو لە هەڵکشانە، بە تایبەت لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان (ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پاشەکشەیەکی ڕێژەیی ئەمریکی، هەڵکشانی چین و ڕوسیا).
چوارەم
بەراوردێکی تیوری گشتگیر
لەنێوان ئیران – ئیسرائیل لە سیاقی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمیدا

پوختە تیوریی
ئیسرائیل، لەڕێی سیاسەتی ناڕۆشنی و لێدانی گورزی سەربازی پێشوەختەوە، هەوڵی پاراستنی ڕێگریکردنی ستراتیژی ڕەها دەدات.
ئێران، بێ ڕاگەیاندنی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەپێناو ئامانجە گفتوگۆیی و ئەمنییەکاندا، هەوڵی سەپاندنی ڕێگریکردنی ڕێژەیی و گەشتن بە توانای ئەتۆمی دەدات.
پێنجەم
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
لەسەر پێشبڕکێی ئەتۆمی نێوان ئێران – ئیسرائیل (٢٠٠٠-٢٠٢٥)
ئەمریکا
سیاسەتی فەرمی: ئەمریکا بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، چونکە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بە هەڕەشەیەکی وجودی دەزانێت بۆ سەر ستراتیژی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. لە فەبرایری ٢٠٢٥دا یاداشتێکی نیشتمانی ئەمنی دەرکرد، کە تیایدا پێداگری لەسەر سیاسەتی "بێبەشکردنی ئێران دەکات لە تەواوی ڕێگاکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی" و سەپاندنی "ئەوپەڕی فشار"ی ئابووری و دپلۆماسیی بەسەر ڕژێمی ئێرانیدا بۆ ڕێگریکردنی لە پێشکەوتنی لە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی مووشەکیدا.
ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA): ساڵی ٢٠١٥ ئەمریکا وەک لایەنێکی سەرەکی بەشداریکرد لە ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیردا، ڕێککەوتننامەی (JCPOA)، کە ئامانج لێی قەتیسدانی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی بوو بە بەکارهێنانە ئاشتییەکان و لە ڕاگەیاندنێکی ئەوکاتی کۆشکی سپیدا، سەرۆک ئۆباما جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێککەوتنەکە ئێران ناچار دەکات بە دابەزاندنی ئەمبارکراوی لە یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٩٨% و دەستگرتن بە ئاستی پیتاندنەوە تا تەنها ٣،٦٧% "، زۆر کەمتر لە ئاستی خوازراو بۆ دروستکردنی بۆمب". هەروەها کۆشکی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ڕێککەوتنەکە تەواوی ئەو شێوازانە یاساغ دەکات، کە دەکرێت ببێتە مایەی چەکی ئەتۆمی بە میکانیزمە"ڕوون و توندەکان"ی چاودێری و پشکنینیشەوە.
کشانەوە و سزاکان: لە مایۆی ٢٠١٨دا ترامپ کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێککەوتنی ٢٠١٥و سەپاندنی سزای تازەی بە هەنگاوێکی نەرێنی هەژمارکرد. دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند، کە واشنتۆن سەرباری پابەندبوونەکانی ئێران پێوەی لەڕێککەوتنەکە کشاوەتەوە و "زۆر نیگەرانە" بەم کشانەوەیە، چونکە ڕێککەوتنەکە "ڕەگەزێکی بنەڕەتییە لە پەیکەری بڵاونەبوونەوەی جیهانی ئەتۆمدا" و مادام ئێرانییەکان پێوەی پابەندن، ئەمیش پابەندبوونی خۆی پێیەوە دووپاتکردەوە. دوای کشانەوەکە سەرۆک ترامپ سزای گشتگیری سەپاندنی بە ئامانجی "سفرکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران" ڕاگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا، کە بایدن هەر لەساڵی ٢٠٢١وە لەڕێی گفتوگۆی (دپلۆماسییەوە)، ڕێگایەکی نزیکتری پەیڕەو کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، سەرباری بە فەرمی نەبووژاندنەوەی تا ناوەڕاستی ٢٠٢٥.
هەڵوێستەکان لە توانا ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل: بەرپرسانی ئەمریکی بەگشتی خۆیان بەدوورگرت لە گفتوگۆی چەکی ئەتۆمیی ئیسرائیلی. ٢٠١٣ باڵوێزی ئەوکاتی ئەمریکا لێدوانێکیدا لەبارەی مەخابنی واشنتۆنەوە، چونکە بابەتی "توانا ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل"، لە کۆبوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی خراوەتە بەرباس و جەختی لە ڕەتکردنەوەی وڵاتەکەی کرد بۆ هەر هەوڵێکی بە ئاشکرا گفتوگۆکردنی. بەشێوەیەکی گشتی واشنتۆن پشتیوانی سەربازیی ئاسایشی ئیسرائیل دەکات (لە نێویشیدا سستمە بەرگرییەکان)، بەڵام بە فەرمی ددان بە جبەخانە ئەتۆمییەکەیدا نانێت و لەگەڵ هەڵکشانی پشێوییەکانیش لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، سەرۆک بایدن بە ئاشکرا وتی، کە پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی ئیسرائیلی ناکات بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و داوای لە ئیسرائیل کرد کاردانەوەیەکی گونجاوی هەبێت.
ڕوسیــا
هەڵوێستی فەرمی: ڕوسیا پێیوایە، کە چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پێویستە سیاسی و دپلۆماسی بێت. سەرۆک پۆتن سەرکۆنەی لێدانە ئیسرائیلییەکانی کرد بۆ سەر تاران لە یۆنیۆی ٢٠٢٥دا و بە پێشێلکردنی "میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی دانا". هەروەک لێشییەوە باسدەکرێت: بە ناتانیاهوی وتووە، کە دەبێت تەواوی پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی تەنها بە دپلۆماسی و سیاسی چارەسەر بکرێت.
هاوکاری لەگەڵ ئێران: هاوبەشییەکی ستراتیژی توند مۆسکۆ و تاران پێکەوە دەبەستێتەوە و لە ینایری٢٠٢٥دا هەردوو دەوڵەت میساقێکی هاوبەشییان واژۆکردووە بۆ ماوەی ٢٠ساڵ. ڕوسیا بەشداریکردووە لە بونیادنانی وێستگەی بوشەهری ئێرانیدا بۆ وزەی ئەتۆم و ئاژانسی هەواڵی ڕوسیش باسی لەوە کردووە، کە مۆسکۆ "چەک دەداتە ئێران"و دەیگۆڕێتەوە بە چەکی ئێرانی، لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە میساقی هاوبەشی پاراستنی بەرامبەری خودبەخود لە جەنگ لەخۆناگرێت و ئامادەیی خۆشی بۆ ڕۆڵی نێوەندگیری چەندبارە کردووەتەوە و پێشنیاری لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی چڕبەرزی ئێرانی کردووە بۆ گۆڕینی بۆ وزەی وێستگە مەدەنییەکان، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
دەستپێشخەرییە دپلۆماسییەکان: ڕوسیا و چین لە مارسی ٢٠٢٥دا لەگەڵ ئێران بەشدارییان کردووە لە لوتکەی پەکین، کە تیایدا جەختکرایەوە لە پێویستی "کۆتاییهێنان بە تەواوی سزا تاک لایەنە نایاساییەکان" و چاوخستنەسەر دیالۆگ، وەک تاکە بژاردەی سەرکەوتوو. هەروەها وەزیری دەرەوەی ڕوسی ئاندرێ ڕودنکو، پشتیوانی بیرۆکەی ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی ئەتۆمی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بانگەوازی لە ئیسرائیل کرد بێتە ناو پەیماننامەی یاساغکردنی بڵاوبوونەوە وەک دەوڵەتێکی بێ چەکی ئەتۆمی، کە نامەیەکی فەرمییە و ڕوسیا تیایدا دەیەوێت ئاستەکانی پشێوی هەرێمایەتی گشتگیر دابەزێنێت.
وەرچەرخانە گوتارییەکان: سەرباری هاوپەیمانێتی لەگەڵ تاران، بەردەوام مۆسکۆ بانگەشەی ددان بەخۆداگرتنی هەردوو لایەنی کردووە و لەکاتی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، تەواوی دەوڵەتانی خۆرئاوا داوایان لە لایەنەکان کرد، کە لەسەرەخۆبن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڵکشانەی دوایدا (یۆنیۆ٢٠٢٥) ڕوسیا ئەو هەڵکشانە توندەی سەرکۆنەکرد و داوای لە هەردوو لایەن کرد ددان بەخۆدا بگرن بۆ ڕێگری لە داخزانی ململانێکە بۆ جەنگێکی هەرێمایەتی بەرفراوان و وێرانکەرتر.
چین
هەڵوێستی فەرمی: چین جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران. وەزیری دەرەوەی چینی لە ئەبریلی ٢٠٢٥دا وتی: وڵاتەکەمان پشتیوانی گفتوگۆکانی ئێرانی ئەتۆمی دەکاتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ناکۆکە بە بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی سزای نایاسایی تاک لایەنە. هەروەها ستایشی ئێرانی کرد بە ڕاگەیاندنی بەوەی هەوڵی چەکی ئەتۆمی نادات و مافەکانی لە وزەی ئاشتیدا دەست پێوەدەگرێت.
لێدوانە هاوبەشەکان: چین لە مارسی ٢٠٢٥دا بەشداری کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کرد لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و بەیاننەمەی کۆتایی کۆبوونەوەکەش جەختی لەوەکردەوە، کە "گفتوگۆی سیاسی و دپلۆماسی تاکە بژاردەی کردارییە" بۆ چارەسەری قەیرانی ئەتۆمی و بانگەوازی لە هەڵگرتنی تەواوی سزا نایاسایی و تاک لایەنەکان کرد بەسەر ئێراندا و پشتیوانی تەواوی خۆی جەخت لێکردەوە بۆ پابەندبوونەکانی ئێران بە پەیماننامەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و دەستبەرداربوونی تەواوی بە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمییەوە.
ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی کۆکوژ و ئەتۆمی: لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چین پشتیوانی خۆی نوێکردەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی کۆکوژ و لە مایۆی ٢٠٢٥ دا بەیاننامەی چینی لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی پێداچوونەوەی پەیماننامەی سنووردانان بۆ چەکی ئەتۆمی (NPT)، بانگەوازی لە ئیسرائیل کرد بۆ هاتنەپاڵ پەیماننامەکە، وەک دەوڵەتێکی بێ چەکی ئەتۆمی و دانانی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیدا. هەروەها چین پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە پشتیوانیکردنی تەواوی ئەو کۆششانەی، کە ئامانج لێی دامەزراندنی ناوچەیەکی خاڵییە لە چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
یەکێتی ئەوروپا
هەڵوێستی فەرمی: دەوڵەتانی ئەوروپی پێیانوایە، کە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA)، دەستکەوتێکی دپلۆماسی جەوهەرییە لە ڕێگریکردنی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمب. ساڵی ٢٠١٨ەش نیگەرانی قووڵی دەربڕی لە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و بەجەختکردنەوەی ئەوەوە، کە ڕێککەتنەکە "ڕەگەزێکی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی بڵاونەبوونەوەی ئەتۆمدا لە جیهاندا" و یەکلاکەرەوەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و پێیوابوو، کە ئێران دەبێت بەردەوام بێت لە پابەندبوونی تەواوی بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکانی، مادام لایەنی ئەوروپی پابەندە پێیەوە و هانی تارانیدا بۆ پاشگەزبوونەوە لەو هەنگاوانەی، کە هەڕەشە لە ڕێککەوتنەکە دەکات.
پاراستنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی: دوای ٢٠١٨ ئەوروپا بە جیا لە ئەمریکا هەوڵی پاراستنی ڕێککەوتننامەکەیدا و نوێنەری بۆ کاروباری دەرەوە لە ٢٠٢٢دا جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەندامی "نیگەرانی قووڵی خۆیان دەردەبڕن لە کشانەوەی ئەمریکا و سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزاکان" و ئەوان بەردەوام هانی ئێرانیان داوە، کە لەهەر هەنگاوێک پاشگەز بێتەوە، کە ناکۆک بێتەوە بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمییەکە و یەکێتی ئەوروپا پێیوابووە، کە گەڕانەوەی تەواو بۆ ڕێککەوتننامەکە "باشترین بژاردەیە بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی" و پابەندبوون بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی توند، بە مەرج دەگرێت.
هەڵوێستە ئەوروپییەکان بەرامبەر ئیسرائیل: دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا لێدوانی فەرمی راستەوخۆیان نییە دەربارەی توانا ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل (چونکە ئەمە بەپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل دەزانن)، بەڵام هەندێک لە دەوڵەتانی ئەوروپی ژێربەژێر پشتیوانی بیرۆکەی ناوچەیەکی خاڵییان لە چەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. سەرکردەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیاش دنەی دامرکاندنەوەی گرژییەکانیان داوە لەگەڵ ئێران، دوابەدوای چەند هێرشێک بۆ سەر یەکتر و ئاماژەی ژێربەژێرانە بۆ ڕەتکردنەوەی هەر بەرفراوانبوونێکی سەربازی تازە.
دەوڵەتانی عەرەبی
(سعودییە و میسر و دەوڵەتانی کەنداو)
سعودییە و ئەنجومەنی هاریکاری: دەوڵەتانی کەنداو پێودانگیان لەسەر ئەوە چڕکردەوە، کە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی هەڕەشەیەکی ئەمنی سەرەکییە، چونکە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هاریکاری لە یۆنیۆی ٢٠٢٥دا، ئەنجومەنەکەیان نیگەرانی توندی نیشاندا بەرامبەر پەرەسەندنەکان لە دۆسییەی چەکی ئەتۆمی ئێرانی و جەختی لەسەر گەیشتنی خێراکرد بە چەند ڕێککەوتنێکی بونیادنەرانە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە پێویستە گفتوگۆکان نەک تەنها پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت پرسە ئاسایشییەکانی دیکەش بگرێتەوە (هاژەکی بالیستی و درۆن، ئاسایشی دەریایی و وێستگە نەوتییەکان) و بەیاننامەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە ئێران ئاستە خوازراوەکانی پیتاندن بۆ خواستی ئاشتییانە تێنەپەڕێنێت و پابەند بێت بە تەواوی بەڵێننامەکانییەوە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و بانگەوازی لە دەوڵەتانی کەنداو کرد بۆ بەشداری کارایانە لە هەر گفتوگۆیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پەیوەست بەم دۆسیەیەوە بکەن.
سعودییە: ڕیاز پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵی دپلۆماسی ئەمریکی بەرامبەر ئێران بۆ نموونە، لە ئەپرێلی ٢٠٢٥دا بەرپرسانی سعودی نامەیەکی بە پەلەیان گەیاندە تاران، کە تیایدا هانی ئێران دەدەن بە پەسەندکردنی پێشنیاری سەرۆک ترامپ بۆ گفتوگۆ دەربارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی و ئاگادارییان کردەوە لەوەی کە هەر دواخستنێکی ڕێککەوتنەکە لەوانەیە "دەرگای مەترسی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بەسەر ئێراندا بکاتەوە"و ئەنجومەنی هاریکاری و سعودییە ڕۆڵی عوممانیان بەرز نرخاند لەوەی، کە (میوانداری گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی کردووە) لە ئاسانکاری دیالۆگی ئەمریکی ئێرانی و هیوای خواست، کە ئەو گفتوگۆیانە ببێتە مایەی بەرەنجام گەلێک، کە بەجێگیری بەسەر ناوچەکەدا بشکێتەوە.
میسر: میسر چووە پاڵ بانگەوازە عەرەبییەکان بۆ بێزراندنی چارەسەرییە سەربازییەکان و وەزیری دەرەوەی میسری "بەدر عەبدولعاطی" بانگەوازی لە هێوربوونەوە و گەڕانەوە کرد بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جەختی لەوەکردەوە، کە "هیچ لایەنێک سوود لە هەڵکشان نابینێت" و وەک ئەوانی دیکەی عەرەب، قاهیرە "پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی پەیماننامەی بڵاونەبوونەوە" و "پشتیوانی لە ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی کۆکوژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا دەکات و لە ڕاستایەکی دیکەدا میسر "ئیدانەی لێدانە ئیسرائیلییەکانی دژ بە ئێرانی کرد" و بە "هەڵکشانێکی مەترسیدار"و بە پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ گێژاوی توندوتیژی وەسفی کرد، (ئەمە بەپێی بەیاننامە فەرمییەکانی دامەزراوە میسرییەکان لە ئاکامی لێدانەکاندا).
بەراورد و تێڕوانینەکان
ئەوەی بە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانەوە دیارە ئەوەیە، کە جیاوازە بەپێی بەرژەوەندی و هاوپەیمانێتییەکان، چونکە ئەمریکا و ئەوروپا لە دۆسییەی ئەتۆمی ئێراندا چاوییان لەسەر دۆزەکانی بڵاونەبوونەوەیە، چونکە پشتیوانی ڕێککەوتننامە دپلۆماسییەکانی (JCPOA) دەکەن و دوای سەرپێچیکردنەکانی ئێران لە پابەندییەکانی پێداگیرییان لە سزاکان کرد لەدژی، ئەمە لەکاتێکدا کە ڕوسیا و چین چوون بەرەو پشتیوانیکردنی گفتوگۆ و ئیدانەکردنی هەر هەنگاوێکی تاک لایەنە و جەختیان لەسەر مافی ئێران کردەوە لە وزەی ئەتۆمیی ئاشتییانە، بەڵام دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکان چاویان لەسەر مەترسییە ئەمنییەکان بوو، پشتیوانی فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانیان کرد بۆ پاراستنی جێگیریی هەرێمایەتی و لە هەمان کاتیشدا چارەسەرییە سەربازییەکانیان بۆ ململانێی ئەتۆمی ڕەتکردەوە. تەواوی گونجانەکە دەست بە تاڕاددەیەک یەک هەڵوێستیەکەوە دەگرێت لەسەر ئەوەی، کە پێشبڕکێی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا بەبێ مەترسییە زۆرەکانی لەسەر ئارامی و ئاشتی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بەردەوام نابێت و کردارییانە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بگەنە تەسویەیەکی سیاسی کە لە گفتوگۆوە سەرچاوەی گرتبێت.
تێبینی:
ئەم بەشە پشت بە لێدوانی فەرمیی و زۆرێک لە دۆکیومێنتە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، لە نێویاندا دەق گەلێکی پێگەی یەکێتی ئەوروپا و بەیاننامەکانی وەزارەتی دەرەوەی چین و یاداشتەکانی کۆشکی سپی و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە پشتڕاستکراوەکان لەبارەی هەڵوێستە دپلۆماسییەکانی ڕوسیا و ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە. ئەم سەرچاوانە هاوسەنگی و تێڕوانینەکان بەڕوونی دەردەخات، کە هەر پێنج لایەنی نێودەوڵەتی خستویانەتە ڕوو، کە لەو ماوەیەدا جێی لێکۆڵینەوەبووە.
شەشەم
جەنگی ئێران – ئیسرائیل لە یۆنیۆی ٢٠٢٥دا
پەرەسەندنی مەیدانی
شەپۆلی یەکەمی هێرشەکانی ئیسرائیل (١٣-١٤یۆنیۆ/٢٠٢٥):
ئیسرائیل، پشتبەست بە چەند ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری درۆنی، هەڵمەتێکی گشتگیری کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمیی و هاژەکییەکانی ئێران لە تاران و شارەکانی دیکە، کە مۆسادی ئیسرائیلی بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژی بەرفراوان لەنێو ئێرانەوە ئاراستەی دەکردن. (timesofindia.indiatimes.comen.wikipedia.org.).
کاردانەوەی هاژەکی ئێرانی لە (١٣ی یۆنیۆ/٢٠٢٥):
ئێران زیاتر لە ٣٥٠ هاژەکی بالیستی و درۆنی بە ئیسرائیلەوەنا و شارەکانی وەک تەلئەبیب و حەیفای تیادا بە ئامانج گرت و سەرباری ڕێگریکردن لە ٨٠-٩٠%ی ئەو هاژەک و درۆنانە، بووە مایەی کوشتنی ٢٤ ئیسرائیلی و برینداربوونی سەدانی دیکە.
هەڵکشانی بەردەوام:
هێرشەکانی ئیسرائیل لێدانی وێستگەی تەلەفزیۆنی ئێرانی لە پەخشی ڕاستەوخۆدا گرتەوە و بووە مایەی ڕەوکردنێکی زەبەلاح لە تاران، ئەمە سەرباری وێرانکردنی دامەزراوەی گەورەی هاژەکیی و ناوەندەکانی ڕێبەرایەتی سوپای پاسداران.
ئامانج و توانا سەربازییەکان
ئیسرائیل:
ئیسرائیل لێدانەکانی چڕکردووەتەوە لە لاوازکردنی سستمە هاژەکییەکانی ئێران و پێگەکانی سەرکردایەتی ڕژێمی ئێرانی و جۆرێک لە زاڵبوونی ئاسمانی کاتیی بەسەر ئێراندا بەدەست هێناوە.
ئێران:
کاردانەوەی لێدانانەی هەبووە بە چەکی هاژەکی هایپەرسۆنیک و بالیستی، کە کوژراو و بریندار و کاریگەری بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکی لێکەوتووەتەوە لە تەلئەبیب.
کاریگەرییە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی
ڕەوکردنی نێوخۆیی لە ئێراندا: دوابەدوای ئاگادارکردنەوەکانی ئیسرائیل بە دەیان هەزار کەس لە تارانەوە بەرەو شارەکانی باکور ڕەویانکردووە.
قوربانی لە هەردوولا: وێڕای بەردەوامی هێرشەکانیان بۆسەر یەکتر زیاتر لە ٢٢٠ کەس لە ئێران و ٢٤کەس لە لایەنی ئیسرائیلی بوونەتە قوربانی و لەگەڵ بەردەوامی لێدانەکاندا ژمارەی قوربانیی و بریندارەکان ڕۆژانە لە زییادبووندایە. (criticalthreats.org+7theguardian.com+7arabnews.com+7.).
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان:
نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان بانگەوازی لە ڕاگرتنی هەڵکشان و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل کردووە. ئەمریکا بڵاوەی بە هێزی پشتیوانی بەرگریی کردووە و پێشنیاری کوشتنی سەرکردەکانی ئێرانی ڕەتکردووەتەوە و ترامپ پێداگریکردووە لەسەر گفتوگۆ.
کۆششەکانی هێورکردنەوەو دپلۆماسییەت
بانگەوازییە دپلۆماسییەکانیG7:
هەریەک لە وڵاتانی کەنەداو و ئەوروپا، داوای ڕاگرتنی جەنگ دەکەن لەگەڵ خستنەڕووی دەستپێشخەریی و نێوەندگیری کەنداو (ئیمارات، عوممان، قەتەر، سعودییە) لە هەوڵگەلێکدا بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ گتوگۆکانی ئەتۆمی (theguardian.com.).
ئامادەیی هەردوولا بۆ گفتوگۆ:
ئێران ئارەزووی دەربڕیوە بۆ ڕاگرتنی کردەوە دووژمنکارییەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی دپلۆماسییەت بە مەرجی وەستانی ئیسرائیل لە لێدان، ئەمە لە کاتێکدا، کە ترامپ دەڵێت: "ئێستا کاتی گونجاوە بۆ گفتوگۆ".
لەماوەکانی داهاتوودا دەبێت چی ڕووبدات؟
١. لە ئاکامی فشاری ئابووری و نێودەوڵەتی چاوەڕوانکراوە دۆخێک لە سڕبوونی سەربازی یا هێوربوونەوەی کاتی بێتەکایەوە.
٢. ئەگەر فشاری سەربازی بەردەوام بێت، لەوانەیە هەڵکشان تازە بێتەوە، چونکە هەردوولا بە بەکارهێنانی ئامرازی بەهێزتر هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.
٣. بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی تازە، ڕۆڵی نێوەندگیری کەنداو و خۆرئاوا لە زیادبووندایە، کە ڕەنگە سەرلەنوێ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەخۆبگرێت.
پوخـــــــــــــتە
ئەو جەنگەی ئێستا دەگوزەرێت، خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدارە لە ململانێی ئێرانی – ئیسرائیلیدا، چونکە هەڵکشانێکی ڕاستەوخۆی چاوەڕواننەکراو، بەکارهێنانی دووبەرابەری هاژەکیی و بازرگانی و سەربازییە لەڕێی سنورەوە و هەڵایسانی مەترسییە هەرێمایەتییەکانە لەناوچەکەدا، ئەمە سەرباری داڕمانی زۆری قورسایی سەربازیی ئێرانی و ڕێگریکردنی بەشەکی ئیسرائیل، کە لەگەڵیدا شیمانەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، ئەگەرچی فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زاڵە بەسەر هەوڵەکان بەرەو گفتوگۆ و هێورکردنەوەی دۆخەکە.
حەوتەم
کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر گۆڕینی سستمی سیاسی لە ئێراندا
ئایا ئەم ململانێیە کار لە سستمی سیاسی ئێرانی دەکات؟
ئەم ململانێیە کار لە سستمی سیاسی ئێرانی دەکات، بەڵام بە چەند مەرجێک، چونکە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەر هاورێ بێت بە چەند هۆکارێکی دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی ئێرانیانە، لەوانەیە فاکتەرێکی هاندەربێت بۆ گۆڕانکاری نێوخۆیی لە ئێراندا، لەوانە:
ئەو هۆکارانەی بەشداری دەکات لە بردنی ململانێکە بەرەو گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی
لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگێکی کراوە، یا دووچاربوونی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، یا ژێرخانی ئابووری ئێرانی بە لێدانی ئیسرائیلی، ململانێکە بەرەو گۆڕینی ڕژێمی سیاسی ئێرانی دەبات، چونکە دەبێتە مایەی:
لاوازبوونی شکۆی ڕژێم، لەسەر ئاستی ناوخۆیی.
قووڵکردنەوەی دابەشبوونی جەماوەری.
دروستکردنی ناڕەزایەتییەکان، لە ئاکامی تێچوونە ئابووری و مرۆییەکانی.
شکستی وەڵامدانەوە یا وەڵامدانەوەی زیادەڕەو:
ئەگەر ئێران دۆشداماو دەرکەوێت لەبەردەم ئیسرائیلدا، چونکە بەشێک لەو ڕەوایەتییە لەدەستدەدات کە لەسەر "بەرەی بەرگری" خۆی ڕاگرتووە. بەڵام ئەگەر بە توندییەکی وا وەڵام بداتەوە، کە ببێتە مایەی جەنگێکی وێرانکەر، لەوانەیە بە توڕەییەکی جەماوەری لە دژی وەرچەرخێت.
هەڵایسانی قەیرانە نێوخۆییەکان:
ئابوورییەکی شپرزە، سزاکان، بێکاری، گەندەڵی، سەرکوتکردن، هەموو ئەمانە ڕژێم دەکاتە دەسەڵاتێکی شپرزە لەبەردەم هەر فشارێکی دەرەکی گەورەدا. هەر جەنگێک ئەم قەیرانانە چەند بەرابەرتر دەکات و کۆدەنگی جەماوەری لەدەوری دەشێوێنێت.
ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و مەنفا:
هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوەو لەدەرەوە چاودێری هەڵکشانەکە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن و وەک دەرفەتێک بۆ لەرزاندنی ڕژێم هەوڵی وەبەرهێنانی دەدەن.
ڕۆڵی سوپای پاسداران:
ئەگەر سوپای پاسداران هێز لەدەست بدات، یا لەناوخۆیدا و لەژێر فشارەکانی جەنگدا دووچاری لێکترازان (ئینشیقاق) ببێت، ئەمە ڕەنگە ساتەوەختی داڕمانی ڕژێم یا سەرەتای گۆڕانکاری ناوخۆیی بێت لە ناو خودی ڕژێمەکە خۆیەوە.
ئەو هۆکارانەی سەرباری ململانێکە، ڕژێمەکە دەپارێزێت لە گۆڕین
سروشتی ڕژێمی ئێرانی:
سستمێکی تیۆکراسی– ئەمنی یەکانگیرە و سەرکوتکردن و پروپاگەندە و تۆڕی ئایدیۆلۆژی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی مانەوەی. لە ئەزموونی شۆڕشەکانی پێشتری ١٩٧٩، ٢٠١٩،٢٠٠٩ەوە ئەزموونی وەرگرتووە.
کۆبوونەوە لەدەوری ئێران لە کاتەکانی جەنگدا:
ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، دەکرێت بەکاربێت بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی ناوخۆ و تۆمەتبارکردنی ئۆپۆزسیۆن بە "خیانەت".
پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی:
چین و ڕوسیا و چەند لایەنێکی هەرێمایەتی وەک "بەرەی بەرگری"، لەوانەیە بە هۆکاری ستراتیژی پشتیوانی مانەوەی ڕژێم بکەن.
ئایا سیناریۆیەکی لۆژیکی هەیە بۆ گۆڕینی نیزامی ئێران؟
دیارترین سیناریۆی چاوەڕوانکراو بۆ گۆڕینی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی ململانێیەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بریتییە لەمەی لایخوارەوە:
جەنگێکی ناهاوسەنگ/ داڕمانی ئابووریی ناوخۆیی/ لەدەستدانی متمانە بە دەسەڵات/ درزکەوتنە نێو دەستەبژێری ئێرانی/ فشاری جەماوەری توند/ دەستوەردانی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ/ گواستنەوەی سیاسی (لەوانەیە لەسەرەخۆ یان بە کودەتا بێت). بەڵام ئەم سیناریۆیە قورس و مەرجدارە بە هەماهەنگی نێوان هەموو ئەو هۆکارانە پێکەوە بەیەکتر.
پوخـــــــــــــــــتە
بەتەنها ململانێی ئێران - ئیسرائیلی نابێتە هۆی گۆڕینی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام هاندەرێکە یا خێراکەری گۆڕینی ڕژێمەکەیە، ئەگەر هاوڕێ بێت بە قەیرانی ناوخۆیی خنکێنەر و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ و دابەشبوونی ناوخۆیی ناو خودی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی.
سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران توانایەکی بەرزی لە هەڵمژینی فشارەکاندا نیشانداوە، بەڵام تەواو ڕێگر نییە و مێژووش فێرمان دەکات، کە "فشارە دەرەکییەکان" هەندێجار لە گۆڕانکارییەکان خێراتر دەکەن و بەتەنهاش نابنە مایەی گۆڕان.
هەشتەم
ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی لەو ململانێیەدا
لەم قۆناغە شپرزەیەدا، کە ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەهۆی هەڵکشانی ململانێی هەرێمایەتی نێوان ئێران و ئیسرائیل و فشارە ناوخۆییە هەمەجۆرەکان، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەبووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەرفەتی گرنگی لەبەردەستە.
ئەمەی خوارەوە هەندێک لەو هەنگاو و ستراتیژانەیە، کە دەکرێت ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بیریان لێبکاتەوە:
١/ یەکخستنی ناوخۆیی ڕیزەکانیان:
یەکخستنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر زەمینێکی هاوبەش، کە دوور لە ناکۆکی ئایدیۆلۆژی یا هەرێمایەتی کە کاریگەرییان لاواز دەکات چاوی لەسەر ئامانجە نیشتمانی و مرۆییەکان بێت.
پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو، کە بەڕوونی توانای بانگەوازی لە ناوخۆو دەرەوە هەبێت.
٢/ بەردەوامبوون لەگەڵ گەلی ئێرانی:
کار بکات لەسەر گەیاندنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بە خەڵکی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نامەی میدیایی و بژاردە گریمانەییەکان و چاوخستنە سەر ئەو پرسانەی، کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکییەوە هەیە، وەک ئابووری، ئازادیی و مافە مەدەنییەکان. هەروەها پشتیوانیکردنی بزاوتە مەدەنییەکان و داخوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لۆکاڵییەکان بۆ زیادکردنی ڕەوایەتی میللی.
٣/ چاوخستنەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ:
ڕۆشنایی خستنەسەر پێشێلکاریی مافەکان لەناوخۆدا بە تایبەت لەسایەی پشێوییەکانی دۆخی ئەمنی و سیاسیدا بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی فشار لەسەر دەوڵەت. هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
٤/ هەڵکردن بە وریاییەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئامانجەکانی ئۆپۆزسیۆن، بێئەوەی تۆمەتبار بکرێت بە "خیانەت" و "پیلانگێڕی". خستنەڕووی ئەڵتەرناتیفی سیاسی ڕوون، کە چاوی لە دیموکراسییەت و شەفافییەت و سەروەری یاسا بڕیبێت.
٥/ ئامادەکاری بۆ دوای قەیرانەکە:
پەرەپێدانی پلان و ستراتیژییەتی ڕوون بۆ گۆڕینی سیاسی ئاشتییانە، کە دەسەڵاتی دەستوری یا ڕاگوزەر لەخۆ بگرێت بۆ پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیفی کردارەکی لە بەردەم گەل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. پشتیوانیکردنی بونیادنانی دامەزراوەی مەدەنی ڕاستەقینە، کە لەسایەی هەلومەرجە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا توانای کارکردنی هەبێت.
٦/ ئاگایی لە هەڵكشانی توندوتیژانە:
خۆ بەدوورگرتن لە خزانە نێو توندوتیژی یا ئەو پشێوییەی، کە دەکرێت لەلایەن ڕژێمەوە بەکاربێت بۆ پاساودانەوەی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنی زیاتر. پشتیوانیکردن لە شێوازە ئاشتیخوازانەییەکانی تێکۆشان و گۆڕانکاری.
نۆیەم
ئۆپۆزسیۆنی کوردی و گۆڕانکارییەکانی ئایندەی ئێران
بە لەبەرچاوگرتنی کۆی ئەو دۆخانەی سەرەوە لەسەر ئاستی ململانێکانی نێوان ئێران – ئیسرائیل و جەنگی بەردەوامی نێوانیان و هەموو ئەو هۆکار و پاڵنەرانەی لەدەوری دەگوزەرێت، کێشەی کورد لە نێویدا لاکەوتە و دوورە دەست نییە بە کاریگەرییەکانی و گوتاری بزاوتەکەش لەم قۆناغەدا دەرگیرە لەگەڵ کارنامەی گشتگیر بۆ کارکردن و خاوەندارێتی لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانی لە ئێرانی دوای ڕژێمی "ولایەتی فەقیهـ "دا و هێڵە گشتییەکانی خۆسازدانیشی لەم هەنگاوانەی خوارەوەدا خۆیدەبینێتەوە:
١/ یەکخستنی نێوماڵی کوردی بەگشتی و ئەسڵ ئەوەیە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان خاوەندارێتی لێبکەن.
٢/ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی حزبی سەرجەم ئەو هێز و لایەنانە لەبارەی دۆخەکە و ئایندەکانی و خستنەڕووی دونیابینییان بۆ دۆخەکە بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی.
٣/ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ڕێبەرایەتی هاوبەشی کوردستانی.
٤/ پێکهێنانی پلاتفۆڕمێکی کارکردنی هاوبەش لە بە هەندوەرگرتنی هەڵوێستی یەک بەیەکی حزب و لایەنەکان بۆ کارنامەی هاوبەشی کوردستانی و بە تایبەتی و ئێرانی بە گشتی.
٥/ لەو پلاتفۆڕمەدا دەبێت چارەنووسی سیاسی ڕۆژهەڵات و ئایندەی مەدەنی و سەربازی ئەو هەرێمە دیاری بکرێت بە چی و بە کێ دەسپێردرێت و بەشێک بێت لە کارنامەی جێکەوتوو لە دەستوری ئایندەی ئێرانیدا نەک بە دابەشبووییەکی سیاسی سەربازی حزبیی بمێنێتەوە و هەمیشە کەرەستەی بەردەستی نەیارانی بێت بۆ لێدانی.
٦/ دوای ئەمە باگەوازی کوردستانی بکرێت لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەگشتی بۆ ڕێکخستنی پلاتفۆڕمێکی سیاسی دیموکراسی ئێرانییانە بۆ کارکردن بۆ گۆڕان و ئایندەی سیاسی ئێران.
٧/ بە پشتیوانی دۆستەکانی کورد کار لەسەر جێگیرکردنی خواستەکانی نێو پلاتفۆڕمە کوردستانییەکە بکرێت لەنێو پلاتفۆڕمە ئێرانییەکەدا و ئەمە ڕێککەوتنی هەوێنی هاوبەشی سیاسی کوردستانی دەبێت لە ئایندەی ئێرانیدا.