ئامادەکردن: بۆردی هۆشیاری
چەمکی ئایدیۆلۆژیا ideology یەکێکە لەو چەمکانەی لە فەلسەفەی سیاسی و کردەی سیاسیدا زۆر بەکاردەهێنرێت. هەروەها یەکێکیشە لەو چەمکانەی لە ماوەی ڕابردوودا تاکو ئێستا، بە زۆر مانای جیاواز لێکدراوەتەوە. بە جۆرێک لەسەردەمێکدا بە مانایەک بەکارهێنراوە، دواتر بە شێوەیەک ماناکەی گۆڕاوە، کە تەواو پێچەوانەی مانای پێشوو بووە. هەرچەندە سەرەتا بۆ بوارێکی تەواو زانستی داهێنرا بەڵام دواتر چووە ناو فەلسەفە و سیاسەت و دواتریش پەڕیوەتەوە ناو سنوور و چوارچێوەی ڕاگەیاندن و میدیاوە. لەلایەکی تریشەوە گروپە سیاسییە مۆدێرن و هاوچەرخەکان، بەشێکیان بە شانازییەوە خۆیان دەدەنە پاڵ ئایدیۆلۆژیاییەکی دیاریکراو بەشێکی تریشیان وەک سوکایەتی لە دژی گروپەکانی تر بەکاریدەهێنن.
لە کرۆکدا، ئایدیۆلۆژیا سیستەمێکی فیکری فراوانە، کە وەڵام و لێکدانەوەی تایبەت و یەکلاکراوەی بۆ بەشێکی زۆری پرسەکانی ژیان هەیە. واتە ڕوانینێکی تایبەتە بۆ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. زۆرجار ڕوانین و وەڵامەکان بۆ ئەو پرسانە، یەک وەڵامن و بوار و دەرفەتی گومان نادەن. هەروەها ئەوانەی خاوەن ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراون، پێیانوایە پێویست بە گومان و لابەلایی ناکات و پێویستە وەڵامی پرسیارەکان و رێگەچارەی کێشەکان بخرێتەڕوو. پاشان داوا لە خەڵک بکرێت بەپێی ئەو بیروبۆچوونە هەڵسوکەوت بکەن. لە بەرامبەردا ئەوانەی نکۆڵی لە ئایدیۆلۆژیا دەکەن، پێیانوایە ئایدیۆلۆژییەکان بە وەڵامە کورت و یەک ڕەهەندەکانیان دەرفەتی گومان و بەدواداچوون و ڕێگەچارەی زانستیی دەگرن.
لە سەرەتادا فەیلەسووفی فەرەنسی ئەنتوان دیستوت دی تراسی (1754 –1836) لەساڵی 1796 بۆ یەکەمجار چەمکی ئایدۆلۆژیای داهێنا و بە مانای "زانستی فیکر" بەکاردەهێنا. بڕیاربوو ئەو زانستە لە سەرچاوە و سروشتی فیکر و بیرۆکەکان بکۆڵێتەوە. بە بڕوای دیستوت دی تریسی، ئایدۆلۆژیا، بە مانای لێکۆڵینەوە لە بیرۆکەکان دێت. هەروەها هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیا هاوشێوەی زانستەکانی وەک بایۆلۆجی و ئاژەڵناسی و فەلەکناسی ببێتە زانستێکی سەربەخۆ. بەڵام لە سەدەی نۆزدەدا کارل مارکس (1818–1883) مانای ئایدۆلۆژیای گۆڕی. چونکە مارکس زانست و ئایدۆلۆژیای لەیەک جیاکردەوە. هەروەتر ئایدۆلۆژیای وەک "هۆشیاری و ئاگاییەکی درۆینە" لێکدەدایەوە. ئایدۆلۆژیا لای مارکس واتای فیکری چینی دەسەڵاتدار. پێی وایە ئایدیۆلۆژیا واتای ئەو بیرۆکانە دەگەیەنێت، کە بە شێوەیەکی ئاسایی پشتگیری لە سیستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگە دەکەن و بڕەو دەدەنە ئیستغلالکردن و فریودانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانەوە.
هەر لەو سۆنگەیەوە، کارل مارکس پێی وایە ئایدۆلۆژیا جیاکاری و جیاوازییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە لە چینە ژێردەست و ئیستغلالکراوەکان دەشارێتەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو فریودان و ئیستغلالکردنە نەبن و دواتر لە چینی دەسەڵاتدار یاخی نەبن. کارل مارکس لە کتێبی " ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی "دا دەڵێت: "لە هەموو قۆناغێکی مێژووییدا، فیکر و بیری چینی دەسەڵاتدار، هەمان بیرۆکەکانی حکومەت و فەرمانڕەواکانی ئەو قۆناغەن. ئەو چین و توێژەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مادی بێت، خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکریشە".
ئایدیۆلۆژیا لە فەلسەفەکەی کارل مارکسدا، واتە ڕەوایەتیدان بەو بارودۆخەی کە لە سوودی چینی دەسەڵاتداردا هەیە و هەروەها بە هۆشیارییەکی درۆینە، ڕاستییەکان لە چینە چاوساوەکان دەشارێتەوە. واتە ئایدیۆلۆژیا چاوبەستێکە بۆ ئەوەی باوەڕ بە خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆک و چاوەساوە بهێنرێت، کە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان لەسەر هەقن و ئەوانیش لەسەر ستەمی خۆیان بەردەوام دەبن. بەڵام دوای مارکس وشەی ئایدۆلۆژیا لە ئەدەبیاتی مارکسیزمدا واتا نەرێنییەکانی لەدەستدا و دواتر فەلسەفەی مارکسیزم بۆ گروپە سیاسییەکان بووە ئایدیۆلۆژیا. هەر لەو چوارچێوەیەدا لە فەلسەفەی کەسانی وەک (ڤیلادیمێر لینین و ترۆتسکی و ئەنتۆنیۆ گرامشی) چەمکی ئایدیۆلۆژیا پێچەوانەی فەلسەفەی کارل مارکس، ڕەهەندێکی ئەرێنی وەرگرت. لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئەو کەسانەوە "ئایدۆلۆژیای بورژوازی" واتایەکی نەرێنی هەیە بەڵام "ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی" یان" ئایدۆلۆژیای پرۆلیتاری" واتایەکی ئەرێنی هەیە. هەروەها ئەو فەیلەسووفانەی ناو نەریتی مارکسیزیم، ئایدیۆلۆژیا وەک ڕێکخستنی فکر و توندوتۆڵکردنی بیرۆکەکان بۆ چارەکردنی تەنگژە و ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکان پێناسە دەکەن. جەخت لەوە دەکەنەوە ئەگەر فیکر توندوتۆڵ نەکرێتەوە، گروپە ناڕازییەکانی وەک چینی کرێکار و چەوساوەکان ناتوانن بەرنگاری چینی باڵادەست و دەسەڵاتدار ستەمگەر ببنەوە.
لە سەدی 20 و دوای هاتنەسەرکاری حکومەتی دیکتاتۆریەتی لە ئەڵمانیای سەردەمی ئەدۆڵف هیتلەر و یەکێتی سۆڤیەت لەسەردەمی ستالینیدا، نووسەر و خەڵکە لیبراڵەکان ئایدۆلۆژیایان بۆ مانای سیستەمێکی فیکریی "داخراو" بەکاردەهێنا. لافی ئەوەیان لێ دەدا، کە ئایدیۆلۆژیا ڕاستییەکان دەشارێتەوە و هەقیقەت قۆرخ دەکات. هەروەها فەیلەسووفێکی وەک کارل پۆپەر (1902 –1994) لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)، پێیوابوو ئایدیۆلۆژیا ڕێ لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کراوە دەگرێت. بڕەودان بە ئایدیۆلۆژیا مشتومڕ و ڕەخنەی ئازاد لەناو دەبات و کۆمەڵگەیەک بنیاد دەنێت، کە گوێڕایەڵ و ملکەچی حکومەت بێت. پۆپەر و هانا ئارێنت پێیانوایە ئایدیۆلۆژیا تەنیا لە سیستەمە تۆتالیتارییەکانی وەک فاشیزم و کۆمۆنیزمدا بڕەوی هەیە. چونکە لەو سیستەمانە ئایدیۆلۆژیا چەکی بەرنگاری و ئامێری کردارە. هەروەها لە ئایدیۆلۆژیادا هەموو شتێک ڕاست و ڕوونە. ناڕوونی هەقیقەت دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان بەڵام ئایدیۆلۆژیا پێویستی بە دڵنیاییە و پڕە لە دڵنیایی. هەر بۆیە ئەو جۆرە سیستەمانە لەبەر ئەوەی پێویستیان بە کردەوەیە و ئیشیان بە گومان نییە، خەڵکی خۆیان لەسەر ئایدیۆلۆژیا ڕادەهێنن.
لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا، تەوژمێکی نوێ لە بەرگری و نکۆڵی لە ئایدیۆلۆژیا دەستی پێکرد. ئەو دوو ڕەوتە لە نۆرەی خۆیاندا پاساو و ئارگۆمێنتی کاریگەر دەخەنەڕوو بۆ بۆچوونەکانی خۆیان. تەنانەت بەشێک لەوانەی پاساو بۆ ئایدیۆلۆژیا دەهێننەوە، ئایدیۆلۆژیا وەک نەستی مرۆڤ و نائاگایی لێکدەدەنەوە. هەروەها پاڵنەرە دەروونی و پەروەردەییەکان وەک پاساوێک بۆ پێویستیی هەبوونی ئایدیۆلۆژیا دەخەنەڕوو.
بابەتی زیاتر