هاوار نەسرەدین*

پێشەکی
         پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە پەروەردەدا، لەگەڵ خواست و خولیای مرۆڤی سەردەم و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا دەگونجێت. هەروەها لەگەڵ بنەماکانی سەربەستی و ئازادیدا تەبایە. شێوازی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی خوێندکار چۆنێتیی کۆمەڵگەکان دەستنیشان دەکات. کاتێک خوێندکار لەسەر کار و چالاکی و کەڵەکەکردنی ئەزموون ڕادەهێنرێت و پەروەردە دەکرێت، لە داهاتوودا دەبێتە کەسایەتییەکی بەهێز بۆ ئەوەی بەرەنگاری کێشەکان ببێتەوە و چارەیان بکات. ئەوەش وا دەکات هاووڵاتی لەچوارچێوەی کۆمەڵگەی دیموکراتدا خاوەن پێگە و رۆڵی کارا بێت و لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیدا ڕۆڵ بگێڕێت. بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگەی نادیموکرات ڕێ لەوە دەگرێت مرۆڤ بە ئازادانە پەروەردە بکرێت و توانا و خولیای هاووڵاتی کپ و بێدەنگ دەکات. لەکاتی پەروەردەدا کۆمەڵێک بابەت و وانەی سواو، کە لەگەڵ دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیاندا ناگونجێت بەسەر خوێندکاردا دەسەپێنرێت. وانەی سواو خوێندکار نابزوێنێت و چالاکی ناکات و دەبێتە کەسێکی ناکارا و بێ بەرهەم. لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی نادیموکرات بە هۆی پەروەردەی خراپەوە، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی بێ بەرهەم و داتەپیو. هەروەها بە شێوەیەکی تاکڕەوانە بەڕێوەدەبرێت و هاووڵاتی ڕۆڵی لە بەڕێوەبردندا نابێت.
یەکێک لەو فەیلەسووفە هەر کاریگەرانەی بواری پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە پەروەردەدا، جۆن دێوییە. لە گۆشەنیگای فەلسەفەکەی دێوییەوە، هەوڵمانداوە گرنگی و بایەخی ئەو بابەتە بخەینەڕوو. هاوکات پرس و ڕەهەندە ئایدیۆلۆژییەکانمان وەلاوەناوە و تەنیا وەک بابەتێکی فەلسەفی و هەستیار لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، تیشکخراوەتەسەر چەند لایەنێکی پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە پەروەردەدا. هەروەها لەو ڕوانگەیەوە، ئاماژە بە ترسناکی کۆمەڵگە نادیموکراتەکان دراوە. ئەوەش ڕاستەوخۆ لە کتێبە بەناوبانگەکەی جۆن دێوییەوە وەرگیراوە، کە بریتییە لە فەلسەفەی پەروەردە یان دیموکراسی و پەروەردە.
بۆ سەلماندنی بۆچوونەکان و خستنەڕووی هەبوون و نەبوونی دیموکراسی لە پەروەردەدا، تەنیا ئارگۆمێنێک خراوەتەڕوو. ئەویش بریتییە لە گرنگی کار و چالاکی خوێندکار لە بواری پەروەردەدا. لە کۆتاییدا، ڕەخنەیەکی گرنگی فەلسەفەی هاوچەرخ لە فەلسەفەی پەروەردەی دێرین خراوەتەڕوو. کە چۆن جیاوازی چینایەتی بووەتە هۆی بڕەودان بە فەلسەفەیەکی پەروەردەی هەڵە.
 
سەرەتا
کۆمەڵگەیەک ئەگەر دیموکراسی تێیدا لە بڕەو بێت، زیاتر لە هەموو کۆمەڵگەیەکی تر پێویستی بە پەروەردەیە، چونکە هەموو هاووڵاتیان لە کاروباری حکومەتەوە دەگلێن و خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها هاووڵاتی ناتوانێت لە پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و هۆشیاری چاو بپۆشێت چونکە بۆ ژیانێکی سەربەست و رەتکردنەوەی گوشار و ستەم پێویستی پێیەتی (دیویی: 76). بۆ ئەوەی هاووڵاتی لە پێگەی خۆیدا ڕۆڵ بگێڕێت و ئامادە بێت لەناو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتدا بژێت، پێویستە ڕابهێنرێت و پەروەردە بکرێت. هاوکات لە سیستەمی دیموکراسیدا، پەروەردە ئەوەیە مرۆڤ لەسەر خواست و خولیای خۆی بەردەوام بێت و پەرە بە توانا و لێوەشاوەیی هاووڵاتی بدرێت. هەروەها دیموکراسی لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و پیشەسازی و بازرگانی و پێویستییە کۆمەڵایەتییە نوێباوەکان تەبایە. سیستەمی دیموکراسی جەخت لە بەشداری سوودمەندانەی هاووڵاتیان و لابردنی بەربەستەکان و رێگریی لە چینایەتی و نەژادی و نەتەوەیی دەکاتەوە (دیویی: 76). ئەوەش بە پەروەردە نەبێت، بەئاسانی بەردەست نابێت. لەلایەکی تریشەوە، لە کۆمەڵگە نا-دیموکراتەکاندا، بەهۆی ڕۆڵنەگێڕانی پەروەردە و کایە جیاوازەکانی تر، ئاکار و مرۆڤایەتی و سەربەستی دادەتەپێن و کۆمەڵگە بەرەو شکستی گەورە دەچێت.

کۆمەڵگەی نا-دیموکرات
هەر لەو سۆنگەیەوە جۆن دێویی (1859-1952)، فەیلەسووف و پەروەردەکار و راهێنەری پەروەردەیی ئەمریکی، وەک شاسواری فەلسەفەی پەروەردەی دیموکرات، وێنای کۆمەڵگەیەک دەکات کە بە زۆر و ستەم بەڕێوەدەبرێت و تواناکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەیش نەزۆک دەبێت. بێ گومان لەو کۆمەڵگەیەدا، درزێکی گەورە دەکەوێتە نێوان هاووڵاتی و حکومەتەوە. تەنیا گوشار و تۆبزی و توندوتیژییە هاووڵاتیان و دەسەڵاتداران پێکەوەدەبەستێتەوە (دیویی: 74). لێرەدا مەبەست لەوەیە هەر کۆمەڵگەیەک دیموکرات نەبێ، درزێکی گەورە لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات دروست دەبێت. ئەوەش ئاکام و ئەنجامی ترسناکی لێ دەکەوێتەوە. هەروەک تالیران سیاسەتمەداری بەناوبانگی فەرەنسی، وتویەتی حکومەت دەتوانێت بە سەرەڕم هەموو کارێک بکات بەڵام ناتوانێت لەسەر نوکی ڕم دانشێت و هێز و دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. هەروەها یەکلابووەتەوە لە کۆمەڵگەیەکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، لەڕێی ستەم و توندڕەوییەوە ناتوانرێت یەکێتی کۆمەڵگەکە بپارێزرێت و لێکهەڵدەوەشێتەوە، پێویستە خواست و هەستی هاوبەشی تر بهێنرێتەئاراوە. لەو لایەنەشەوە حکومەتی کۆمەڵگەیەکی ستەمگەر هەرچییەک بکات ناتوانێت هاووڵاتی لە رێی ئامرازە جیاوازەکانەوە ببەستێتەوە بە حکومەت و یەکێتی نێوان هاووڵاتیانیش بپارێزێت. هەر بۆیە ستەمگەر دەبێتە هۆی هاتنەئارای دوو توێژی ئاغا و کۆیلە، ئاشکرایە ژیانی ئەو دوو توێژە هاوشان و هاتەریبی یەکتر نین (دیویی: 77). هەر بۆیە کۆمەڵگەیەک دیموکراسی تێیدا باڵادەست بێت، پێویستییەکی ناچاری ئەو کۆمەڵگەیانەیە وا خواستی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیان هەیە.
کۆمەڵگەیەکی ستەمگەر و دەسەڵاتداری تاکڕەو، وێڕای بەهێزی و شکۆ ڕووکەشییەکەی، ناتوانێت زۆر بمێنێتەوە و لەناودەچێت. کاتێکیش هاووڵاتیان ئازاد نین و بەزۆر فەرمانیان پێ دەکرێت، هەموو کەسێک را دێت لە رێگە و ئامرازە دووبارەکانەوە پێویستییەکانی خۆی مسۆگەر بکات. لە ئەنجامدا تازەگەری و نوێباوی نایاتەئاراوە. دەرفەتی داهێنان و دوورڕوانین نامێنێت. توێژە ژێردەستەکە لەچوارچێوە تەسکەکان و مەرج و سنوورە سەپێنراوەکاندا، دیلی ژیانێکی نەزۆک و بێ بەرهەم دەبن و توێژی دەسەڵاتدار بە سەرەڕۆیی و هەوەسبازییەوە دەژین. ئەم دۆخە کۆمەڵگە پەک دەخات و سست و زەبوونی دەکات (دیویی: 77). کەلتوور و ڕووناکبیری چیتر بەرهەمی نابێت، هونەرەکان دەستکرد و بێ ڕەونەق دەبن. سەروەت و سامان لەبری ئەوەی سوودی راستەقینەی هەبێت، جوانپەرستی دەهێنێتەئاراوە. پسپۆڕییە زۆرەکان ڕۆڵ و کاریگەریی زانست لەناو دەبەن. عادات و تەقالید و تەشریفات جێی پەیوەندییە مرۆییەکان دەگرێتەوە (دیویی: 74). هاووڵاتی لەو کۆمەڵگەیەی وا پەراوێز دەخرێت و دەچەوسێنرێتەوە، نامۆ دەبێت. هەم خۆی بە خاوەنی وڵات و کۆمەڵگەکە نازانێت، هەمیش هەوڵ نادا خۆی پەروەردە بکات یان پەروەردە و زانست و هۆشیاری، چێتر گرنگی و کاریگەریی نامێنێت. وەک دێویی جەختی لێ دەکاتەوە، لە کۆمەڵگە نادیموکراسییەکاندا، هەژاری هزریی و بێ بەرهەمی کولتووری و ڕووناکبیری و پەروەردەیی و هونەریی، نەخۆشییەکی گەورەیە و کۆمەڵگە بەرەو داتەپین دەبات. کۆمەڵگەیەک توانای ئەوەی نەبێت ڕۆڵەکانی خۆی پەروەردە بکات و لەسەر کولتوور و ڕووناکبیری و هونەریی خۆی ڕایانهێنێت، لەدواڕۆژیشدا ڕۆڵەکانی توانایان نابێت بە ڕۆڵی سەرەکی و ئاسایی خۆیان هەستن. بە مانایەکی تر؛ کۆمەڵگە لەسەر ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و سەرکەوتن دەترازێت. لەبری ئەوەی پێشبکەوێت چەق دەبەستێت. هەروەها بوارە هەستیارەکانی وەک ئابووری و سیاسەت و پەروەردە و تەنانەت دینداریش، لە کۆمەڵگەی چەقبەستوودا، داوەشاو و گەندەڵ دەبن. چونکە کۆمەڵگەیەک پەروەردە و کولتوور و ڕووناکبیریی تێیدا بێ بەرهەم بێت، بێگومان دەبێتە بەکاربەر.
لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگەی ناتەندروست تەنیا ئەو کۆمەڵگەیانە نین کە کۆیلایەتی تێیدا ڕەوایە، بەڵکو کۆمەڵگەی تریش هەن، کە ژیان تێیدا هاوشێوەی کۆمەڵگەیەکە کۆیلایەتی باڵادەستە. لەڕاستیدا کۆیلە تەنیا ئەو کەسە نییە کە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، ئەفلاتۆن وتەنی: کۆیلە کەسێکە کە ئامانجی ژیان و ئەنجامی کارەکانی خۆی، خۆی دیاری ناکات. بەم پێیە کۆیلە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا زۆرە (دێوی: 70). واتە کۆمەڵگەی نادیموکرات هاوشێوەی کۆیلە، هاووڵاتیان شتیان بەسەردا دەسەپێنرێت و خۆیان خاوەنی خواست و ئامانجی خۆیان نین بەڵکو ئامانجەکانیان بۆ دیاری دەکرێت. تەنانەت لە پەروەردەیشدا، خوێندکار ئەو بابەتانەی پێ دەگوترێتەوە، کە پەیوەندی بە ژیان و ئەزموونی خۆیەوە نییە. هەروەها ئەو وانانەی لەماوەی خوێندنیدا پێیەوە خەریک دەبێت، لە داهاتوودا ئیشی پێ نابێتەوە. لەو دۆخەدا، خوێندکار هەست بە کات کوشتن و نامۆیی دەکات. پاشان پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بە بوارێکی بێ ئامانج و زیادە دەزانێت.

پێویستیی دیموکراسی
دیموکراسی ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە ئاراستەی تاکڕەوی و ستەم و زۆرداری و کۆیلایەتی دوور بخرێتەوە. هەروەها کاربکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بخرێتە سەر ڕەوتی ئاسایی خۆی، کە تێیدا هاووڵاتی بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات. کەواتە دیموکراسی ئاکار و پەروەردەیە و لە فەلسەفەی جۆن دێوییدا، ئەو سێ چەمکە لێکجیا ناکرێنەوە و توندوتۆڵ پێکەوە نووسێنراون. هەر بۆیە پەروەردە رۆڵێکی گرنگی لە بەردەوامبوون و مانەوەی دیموکراسیدا هەیە. هەروەها کۆمەڵگەی دیموکراتیش، خۆبەخۆ خاوەن پەروەردەیەکی ناوازەیە. پراگماتیکەکان بەگشتی و جۆن دێویی بە تایبەت، گرنگی زۆری پێ دەدەن. دیموکراسی بە رێباز و رچە و باوەڕی پراگماتیکەکان دەناسێنرێت. ئەوەش هەڕەمەکی و لەخۆوە نییە. پراگماتیکێکی وەک جۆن دێویی، سەرلەبەر فەلسەفەکەی خۆی دەبەستێتەوە بەو چەمکەوە. هەروەتر چەمکی دیموکراسی، تەنیا چەمکێکی رووت و بێ بنەما نییە بەڵکو ریشەیەکی قوڵی لە بیرکردنەوەی مرۆڤ و ئەزموونی مرۆڤدایە.  دیموکراسی لە رووی ئاکارییەوە، واتە پابەندبوونێکی توند بەو باوەڕەی کە دامودەزگا سیاسی و پیشەییەکان، کاریگەری ئەرێنییان بەسەر گەشەسەندنی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە هەبێت و دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی پەرە بە خولیا و خواستەکانیان بدەن. هەروەها دیموکراسی چی وەک پەروەردە و چی وەک سیستەمی سیاسی، لەگەڵ پێشکەوتنی میتۆدی ئەزموونیی زانستەکان و گۆڕانکارییەکانی سروشت و فراوانبوونی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی گونجاو و پێویستە. هەر ئەو هۆکارانە پێکەوە فەلسەفەی پەروەردەی ناچار بە گۆڕانکاری گەورە کرد. بە جۆرێک وایکرد، گرنگی بە خواست و خولیای خوێندکار بدرێت بۆ ئەوەی بەو ئاراستەیەدا بڕوا، کە حەزی لێیەتی و توانای بەسەردا دەشكێت. نەک ئاراستەیەکی بۆ دیاریبکرێت، کە هیچ مەیل و خواستێکی بۆی نەبێت.

دیموکراسی لە پەروەردەدا
دیموکراسی لەچوارچێوەی فەلسەفەی پەروەردەدا واتە ئایدیایەکی کۆمەڵایەتی و ئاکاریی، کە خوێندکار و تێکڕای هاووڵاتیان چەق بن نەک تاکەکەسێک و گروپێک تاکڕەوانە خوێندکاران ئاراستە بکەن. واتە لە پڕۆسەی پەروەردەدا بۆچوون و ڕوانینی مامۆستا چەق نەبێت و دەسەڵات و هێزی خۆی بەسەر خوێندکاردا نەسەپێنێت یان مامۆستا بەپێی دۆخی دەروونی خۆی مامەڵە لەگەڵ خوێندکاردا نەکات. پاشان مەنهەج و وانەکان لەگەڵ ژیانی خوێندکاردا تەبا بن و خۆی تێدا بدۆزێتەوە. لەلایەکی تریشەوە، دیموکراسی لە پەروەردەدا، نکۆڵی لە ڕوانینی بەرز و نزم، بچووک و گەورە، سەرجەم جیاکارییەکانی تر دەکات. پەروەردە واتە دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی خوێندکار و هاندان و ڕاهێنانی بۆ ئەوەی پەرە بەو توانایەی خۆی بدات. ئەوەش بەو مانایەیە سیستەمی پەروەردە، خوێندکار بە جیاوازییەوە ڕادەهێنێت نەک ئەوەی هەوڵبدات هەموو خوێندکاران وەک یەک لێ بکات. بەکورتی دیموکراسی لە پەروەردەدا واتە بە هەند وەرگرتن و گرنگیدان بە توانا و بەهرەی خوێندکار و نەسەپاندنی هیچ شتێکی ناچاری، چی لە کار و ڕاهێناندا و چی لە خوێندن و توێژینەوەدا.
هەر لەو سۆنگەیەوە جۆن دێویی بەجۆرێک بۆچوونەکانی خۆی ڕەنگڕێژکردووە، کە زۆرینەی وێستگەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە. واتە بۆ ئەوەی خوێندکار بەشێوەیەکی دیموکراسیانە پەروەردە بکرێت، جگە لە نیشاندانی دۆخی خوێندنگە و مامۆستا و مەنهەجی خوێندن و وانەکان، هاوکات ئاماژە بە راهێنانی خوێندکار دەدات. واتە داهاتووی کۆمەڵگە دەبەستێتەوە بە پڕۆسەی پەروەردەوە. خوێندکار لە خوێندنگەدا چۆن پەروەردە بکرێت، کۆمەڵگەیش لە داهاتوودا هەر بەو چەشنە دەبێت. وەک بنەمایەکی فەلسەفی، بۆ ئەوەی مرۆڤ سەربەست و ئازاد بێت، پێویستە هەر لەسەرەتاوە هاووڵاتی لەسەر بنەمای سەربەستی و قبووڵکردنی جیاوازی ڕابهێنرێت و تواناکانی بخرێتەگەڕ.

بەڵگەیەکی فەلسەفی بۆ پەروەردەی دیموکراسی
چالاکی و کار یەکێکە لە چەمکە بنەماییەکانی فەلسەفەی پەروەردە و وەک رەهەندێکی دەرەکی مرۆڤ لێکدەدرێتەوە. هەروەها کار خوێندکار لەسەر بنەمای سەربەستی و پەرەدان بە تواناکانی خۆی رادەهێنیت. کار بنەمایەکە بۆ چالاکبوون و بزواندنی سیستەمی پەروەردە چونکە چەقبەستوویی یان ناچالاکی، کە هاوتەریبی راوەستانی کارە، پەروەردە لە مانا بنەڕەتییەکەی خۆی دادەماڵێت. هەرکاتێک خوێندکار تەنیا وەرگر و لەبەرکەر بوو، هێدی هێدی ناچالاک دەبێت و پڕۆسەکە بەرەو پوکانەوە دەچێت. بەڵام کارکردنی بەردەوام، خوێندکار چالاک و بزۆز دەکات و دەبێتە هۆی وەگەڕخستن و بزواندنی پەروەردەی دیموکراسی. هەروەها کار و چالاکی بەو جۆرەی خوێندکار خواستی لەسەرە، لەسەر بنەمای سەربەستی ڕایدەهێنێت و هەر لە منداڵییەوە، سەربەستانە مامەڵە دەکات.
بزۆزی یان چالاکی، کە دیوێکی تری کارە یەکێکە لە بەها دیموکراسییەکانی پەروەردە. وروژاندنی پرسیار و ناسینەوەی مەسەلە سەرەکییەکان و هۆکاری روودانی شتەکان و راهێنان لەسەر چارەکردنی گرفتەکان، بەردەوامی دەداتە بزۆزی خوێندکار. ئەوەش سیمایەکی ئاشکرای پەروەردەی دیموکراتە. چونکە ئەگەر مامۆستا خوێندکار لەسەر لەبەرکردن رابهێنێت، نە توانای پرسیار دروست دەبێت و نە لە مەسەلە گرنگ و سەرەکییەکان تێدەگەن و نە هۆکارەکان دەدۆزنەوە و نە گرفتەکانیان پێ چارە دەکرێت. هەروەها لەبەرکردن چالاکی و کارێکی سووبەخش یان چاک نییە، خوێندکاریش لە دۆخی ناچالاکییەوە ناگوازێتەوە بۆ چالاکی. بگرە خوێندکاری ناچالاک و ناکارا، لە کۆتاییدا مرۆڤی دەستەمۆ و بێ بڕیار و بێ بیر گەورە دەکات. بەو جۆرە مرۆڤەکان توانای دۆزینەوەی هۆکاری کێشەکان و چارەکردنیان نابێت. (دیوی: 14)
سیستەمی خوێندنی ناچالاک و ناکارا، باوەڕی بەوەیە پرسیارە گەورەکان پێشتر وەڵامدراونەتەوە و خوێندکار لەکاتی خوێندندا تەنیا وەڵامەکان لەبەر دەکات. بەو جۆرە خوێندکاریش دەبێتە بوونەوەرێکی ناکارا. بەڵام کاتێک خوێندکار لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکان رادەهێنرێت و خوێندکار خۆی بەدوای وەڵامی پرسیار و مەسەلە نامۆکاندا دەڕوا و پاشان وەڵامەکان دەبنە وتووێژ. وتووێژی نێوان خوێندکاران پێکەوە کارلێک دەکەن. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پرسیاری نوێ و رەخنە و بیرکردنەوە، بەو جۆرە بزۆزی خوێندکارەکان پێکەوە، دەبێتە ئەزموون و خیبرە. هەرکاتێکیش خوێندکار بە تەنیا و بەبێ دەنگی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و هەڵنەسەنگێنرا، هەوڵەکەی دەبێتە هەوڵێکی ناکارا. تەنانەت لە چارەکردنی کێشەکانیشدا وەک پێویست رانایات. چونکە هەڵنەسەنگاندن واتە گرنگی نەدان بە توانای خوێندکارەکە، ئەوەش پەراوێزخستن و هەستکردن بە کەمی بەدوادا دێت. هەروەها توانای گەڕان بەدوای چارەکردنی کێشە و دۆزینەوەی وەڵامەکان لە خوێندکاردا کپ دەکرێت. ئەوەش وا دەکات لە داهاتوودا نەتوانێت بۆ چارەکردنی کێشەکان بگەڕێت.
خوێندن لەسەر بنەمای کار و چالاکی، خوێندکار سەرکەوتووتر دەکات. هەروەها توانای لێکدانەوە و شرۆڤەکردنیش لە خوێندکاردا بەهێز دەکات. تەنیا پەروەردەی دیموکراتە دەتوانێت ئەو ماتەوزەیەی خوێندکار بکاتە وزە. چونکە سیستەمەکانی تری خوێندن، توانای ڕادەربڕین و دۆزینەوەی خولیا لە خوێندکاردا کپ دەکەن. هەروەتر خوێندکار لەسەر کۆمەڵێک بابەت ڕا دەهێنن، کە خواست و خولیای فێربوونیانی نییە. بە مانایەکی تر، خوێندکار لە قۆناغی فێربووندا، فێر دەکرێت ئەڵقە لە گوێ بێت و بە تۆبزی شتی بەسەردا بسەپێنرێت و توانای نکۆڵیکردن و بەرپەرچدانەوەشی نەبێت. ئەوەش لەگەڵ بنەماکانی سەربەستی مرۆڤدا ناتەبا و لاسەنگە.

هاتنەئارای هەڵەیەک لە فەلسەفەی پەروەردەدا
لە مێژووی فەلسەفەدا، چەند ئاراستە و ڕێبازێکی فەلسەفی هەبوون، کە ڕۆڵیان لە پەروەردەی خراپدا گێڕاوە و بەشداربوون لەوەی مرۆڤ لاواز و داماو پەروەردە بکرێن. بە جۆرێک بەشێک لەو ئاراستە فەلسەفییانە، خوێندکاریان بەشێوەیەکی نادیموکرات پەروەردە دەکرد. هەروەها ئەو شێوازە پەروەردەیە لە زۆر شوێنی دنیادا تاکو ئێستایش بەردەوامە. بنەڕەتی ئەو ڕێباز و ئاراستە هەڵانە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی دێرین. لە کۆندا کۆمەڵگەی یۆنانی بۆ دوو توێژی لەیەک جیاواز دابەش ببوو. توێژی یەکەم بە هۆی ئیشی بەردەوامەوە توانای خوێندنیان نەبوو، بەڵکو تەنیا لەسەر کار و پیشە جیاوازەکان رادەهێنران یان پەروەردە دەکران. توێژی دووەمیش تەنیا لەسەر کۆمەڵێک بابەتی تایبەت و سنووردار پەروەردە دەکران بەبێ ئەوەی خۆیان کار بکەن (دیویی: 181). ئەو جیاکارییە لە رێی توێژە باڵادەستەکەوە، کە خوێندەوار و نووسەر و فەیلەسووف بوون، چووەتە ناو هزر و دەروونەوە. ئەو بۆچوونە هەڵانە زیرەکیان لە غەریزە و ئارەزوو جیاکردەوە و وێنا (تصور) یان لە کردە و جێبەجێکردنی داماڵی. واتە پێیان وا بوو جێبەجێکردنی ئەو بۆچوونانە مەیسەر نابێت. هەروەها توانا و خواست و خولیا و زیرەکی و لێهاتووییان لە خوێندکاردا پارچە پارچە کرد. دواتریش تیۆری سیاسی لەسەر پۆلێنکردنی مرۆڤ بەو جۆرە دامەزرا. توێژێک کە توانای بیرکردنەوەی هەیە و زیرەکە. توێژێکیش تەنیا خاوەنی غەریزە و کردەیە و تەنیا جوڵە و ئیش دەزانێت. هەروەها ئەو شێوازە پەروەردەییەی پێشوو، مانای ئاسوودەیی لەجێی خۆیدا نەهێشت و گۆڕا. چونکە خوێندکاری لە ئەزموون و کارکردن و جووڵە داماڵی. ئەوەش وەک جۆرێک لە کولتوور و نەریتی لێهات. بە مانەیەکی تر جیاکردنەوەی زیرەکی و کردار دەستکرد و مێژووکردە.

پەراوێزخستنی توانا مرۆییەکان
یۆنانییە کۆنەکان نەیانتوانی بە دابونەریتی خۆیان و بۆچوونە نیوەناچڵەکانیان لەبارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و پەروەردەوە، خۆیان لەگەڵ ژیان و دۆخی نوێی کۆمەڵگەدا بگونجێنن. هەر بۆیە روویان لە فەلسەفە کرد و هێنایانە ئاراوە بۆ ئەوەی لەو تەنگەژە و گرفتانە رزگاریان ببێ، کە بەرۆکی گرتبوون (دیویی: 190). هاوکات بەو هۆیەوە بە چڕی پشتیان لە ئەزموون و خیبرە کرد و پشتیان بە ئەقڵ دەبەست. دابڕانێکی گەورەیان لەنێوان قۆناغەکەی خۆیان و قۆناغەکانی پێشووەوە دروست کرد. پێیان وا بوو نەریت و ئەزموونی رابردوویان چارەی دەردیان ناکات. لەبری ئەوە، ئەقڵیان کردە سەنتەر تاکو لە دۆخی نوێی ژیانی کۆمەڵایەتیاندا بڕیاری دروست بدات. هەر بۆیە تاکو پێگەی ئەقڵ بەرز دەکرایەوە، پێگەی ئەزموون نزمتر و نەویتر دەبووەوە (ئەفلاتون: 228). بەو جۆرەش پرس و بابەتە تیۆرییەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئەقڵ بڕەوی زیاتریان وەرگرت و پرسە پراکتیکی و کردەکییەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئەزموون یان خیبرە، کە ئەوەش پەیوەندی بە نەریت و رابردووەوە هەبوو، پشتگوێ دەخران. خوێندنی نایاب و بەرز، هەر وەک فەلسەفەکەی پلاتۆ، بریتی بوو لەو میتۆدەی کە هەست و هەستەوەرەکان و چالاکی جەستەیی وەلاوە بنرێن و خوێندن تەنیا بریتی بێت لە تەتەڵەکردنی کتێب و پرسە میتافیزیکییەکان. هەستەکان، وەک ئامرازێکی کەڵەکەکردنی ئەزموون یان خیبرە، بوونە سەرەچاوەی هەڵە و پەڵە. بەجۆرێک هەستەکان چیتر جێی باوەڕ نەبوون و هۆکاری بەلاڕێدابردنی مرۆڤن (ئەفلاتون: 228). بە مانایەکی تر، کردە و رەهەندی دەرەوەی مرۆڤ، بووە بابەتێکی پەراوێزیی و لە پاوانی پەروەردە دوورخرایەوە. هەروەها چەند جوڵەیەکی سنوورداری وەرزشی وەک شەڕە شمشێر و تیروەشاندن و ڕم هەڵدان و هتد، جێی جوڵە و کردە ئاساییەکانی ڕؤژانەی گرتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە جوڵە و هەڵسوکەوتی خوێندکارەکانیشیان سنووردارکرد و پێشتر بڕیاری لەسەردرابوو خوێندکار خۆی لەسەر چی جۆرە جووڵەیەک ڕابهێنێت.
پەراوێزخستنی ئەزموون وەک لە پەروەردەی یۆنان و پەروەردەی ئایینەکانی وەک مەسیحی و ئیسلام هاتبووە ئاراوە، بەو جۆرە بەردەوام نەبوو چونکە رێنیسانس و فەلسەفەی مۆدێرن، بە چالاکییە فەلسەفییەکانی فرانسیس بیکۆن و جۆن لۆک و دیڤید هیوم، ئەو پرسەی ئاوەژۆ کردەوە. هەستەکان لەکن ئەوان، سەرچاوەی زانینە و زانینی پەتی، بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو زانینانەیە وا لەرێی هەستەکانەوە پێمان دەگات (لاک: 120). کەڵەکەبوونی زانین لە هزری ئێمەدا، ناوی دووەمی خیبرەیە. بەو جۆرە بایەخ بە هەستەکانی مرۆڤ و رەهەندە دەرکییەکەی مرۆڤ درا. هاوکات بۆ کۆکردنەوەی وردەزانیاری یان دراو لە دەرەوەی مرۆڤەوە گرنگی هەستەکان دەرکەوت. بەو جۆرە میتۆدی دەرونناسی و میتۆدە پیشەییەکان و میتۆدی ئەزموونی لەناو زانستەکاندا بڕەویان پەیدا کرد.
هەر بۆیە فەلسەفەی مۆدێرن ئەو بیرۆکە و ئایدیا کۆنەی بوژانەوە، کە ئەزموون لە بنەماوە، کردەکییە یان چالاکییەکی کردەکییە نەک چالاکییەکی زەینی و ناوەکی. لە ئاکامدا دەرکەوت هیچ ناکۆکییەک لەنێوان ئەزموون و کار یان کردەدا نییە. بەڵکو لە بنەڕەتەوە، خیبرە بنەمایەکی دەرەکی و کردەکی هەیە، مرۆڤ لە رێی هەستەکانەوە سەرەنجی جیهانی دەرەوە و بزاوتە جیاوازەکان دەدات و لای خۆی کەڵەکەی دەکات. ئەو کەڵەکەبوونە لە هزر و بیر و مێشکی مرۆڤدایە بەڵام لەکاتی دەرکەوتن یان ئیش پێکردنیدا وەک خیبرە دەردەکەوێت. (لاک: 124)
بەم پێیە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا، دەرکەوت ئەزموون و کار و چالاکی خوێندکار، بەشێکی سەرەکییە لە پەروەردە و پەراوێزخستنی نەک تەنیا هەڵەیە بەڵکو مرۆڤ ژێردەستە و زەبون گەورە دەکات. هەروەها بۆ ئەوەی مرۆڤ لەسەر بنەمای سەربەستی و ئازادی لەچوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتدا ڕابهێنرێت، پێویستە پەروەردەکەی دیموکراسیانە بێت. لەڕاستیدا دیموکراسیانە پەروەردەکردن، بە تەواوی لەگەڵ خواست و خولیای مرۆڤدا دەگونجێت و تێیدا سەرکەوتوو دەبێت و ئەنجامەکەیشی بەو جۆرە دەبێت، کە مرۆڤ خۆزگەی پێ دەخوازێت.

ئەنجام:
         پەروەردەکردن یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین بوارەکان. مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاسوودە بێت و هاووڵاتی بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت، پێویستە بە جۆرێک ڕابهێنرێت، کە لەگەڵ سروشتی خودی مرۆڤ و دۆخی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت. پەروەردەکردنێک تێیدا دیموکراسی کرابێتە بنەما، مرۆڤ سەربەست دەکات. لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیش پێشدەکەوێت و چەق نابەستێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر خوێندکار هەر لە سەرەتاوە چەند بابەت و وانەیەکی سواوی بەسەردا بسەپێنرێت و خۆی لە وانەکاندا نەدۆزێتەوە، رقی لە خوێندن و پەروەردە دەبێتەوە. دواتریش ڕانایات کێشە و پرسە جدییەکان چارە بکات. لەلایەکی تریشەوە، بنەمای دیموکراسی لە پەروەردەدا، برتییە لە چالاکی و کاری بەردەوام بۆ ئەوەی هەم توانای خوێندکار دەربکەوێت و هەمیش لەسەر بیرکردنەوە و کەڵەکەکردنی ئەزموون و چارەکردنی کێشەکان و بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان ڕا بێت.

خوێندکاری دکتۆرا

سەرچاوەکان:
دیویی، جون 1341: مقدمەای بر فلسفە آموزش و پرورش یا دموکراسی و آموزش و پرورش. ترجمە: دکتر ا.ح. آریان‌پور. چاپ دوم. کتابفروشی تهران.
دیوی، جۆن 2020: ئەزموون و پەروەردە. وەرگێڕانی: پەرۆش محەمەد. چاپی یەکەم. چاپخانەی کارۆ. سلێمانی.
ئەفلاتوون 2009: کۆمار. وەرگێڕانی د.محەمەد کەمال. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. چاپی یەکەم. سلێمانی.
لاک، جان 1399. جستاری در خصوص فاهمەی بشری. ترجمە: کاوە لاجوردی. چاپ یکم. نشر مرکز. تهران.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved