"هیندستان و پاکستان لە نێوان شەڕێکی ترسناکدا"
ئا/ میهران عبداللە محمد
ململانێکانی ئەم دواییەی نێوان هیندستان و پاکستان لەسەر ناوچەی کشمیر بابەتێکی نوێ نییە و نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەوبەر لە سێ (٣) شەڕی گەورەدا هەردوو وڵات ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە .
ماوەی چەند مانگێکە برینە کۆنەکەی ناوچەی گرنگی "کشمیر"، ناکۆکی و ململانێی نێوان هەردوو وڵاتی پاکستان و هیندستان لەسەر ئەم ناوچەیە هەڵگیرسانوەتەوە، و سەرەنجی حکومەتەکانی ناوچەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
ڕووداوەکە چەند مانگێک لەمەوبەر (شوباتی ٢٠١٨) دەستیپێکرد، کاتێک پاسێک کە سەربازانی هیندستانی هەڵگرتبوو لەسەر ڕێگای خێرا لە دەرەوەی شاری "سرینەگار"، پایتەختی هاوینەی ویلایەتی "جامو و کشمیر"ی هیندستان، لەلایەن ئەندامێکی گرووپی توندڕەو بە ناوی "جیزولمحەممەد"ەوە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو، کرایە ئامانج.
هەرچەندە نیودێهلی ئاماری فەرمی قوربانیانی ئەو ڕووداوەی نەخستەڕوو، بەڵام دەوترێت لانیکەم (٤٠) سەربازی ناو پاسەکە کوژراون. ئەمە یەکەم بۆردومانی تیرۆریستی بوو بۆ سەر هێزەکانی هیندستان لە ماوەی دوو دەیە و دوای ژانویەی ساڵی (٢٠٠٠). ساڵانێکە حکومەتی هیندستان پاکستانی بە داڵدەدانی "تیرۆریستان" تۆمەتبار دەکات و هانیان دەدات بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی هێزەکانی لە ناوچەی کشمیری هیندستان.
گرژییە نوێیەکەی نێوان پاکستان و هیندستان بەردەوام بوو و توندتر بوو، بەجۆرێک دوای نزیکەی مانگێک هەردوو وڵات فڕۆکە جەنگییەکانی یەکتریان خستە خوارەوە و بانگەشەی پێشێلکردنی ئاسمانییان دەکرد. هەروەها سوپای ئەو دوو وڵاتە چەندین جار لە ناوچەکانی نزیک سنووری جیاکردنەوەی ناوچەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان و پاکستان ئامادەبوون تەقە لە نێوانیاندا ڕووی داوە.
لە (٤)ی ئابدا حکومەتی هیندستان لە هەنگاوێکی بێ وێنە و گرژیدا، مادەی (٣٧٠)ی دەستووری وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، کە پەیوەندی بە پێگەی تایبەت و ئۆتۆنۆمی ویلایەتی جامو و کشمیرەوە هەبوو.
(نارێندرا مودی) سەرۆک وەزیرانی هیندستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆتۆنۆمی کشمیر تەنها بووەتە هۆی گەندەڵی و خزمایەتی، بەڵام بەنیازە ناوچەکە بگەڕێنێتەوە بۆ "شکۆمەندی پێشووی". بەڵام (عمران خان) سەرۆک وەزیرانی پاکستان بانگەشەی کاربەدەستانی هیندستانی ڕەتکردەوە و هۆشداری دا لە پلانی هیندستان بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی موسڵمانانی ناوچەی (جامو و کشمیر)ەو ڕایگەیاند کە حکومەتی نیودێهلی داوای دەستوەردانی سەربازی دەکات لە بەشی پاکستانی کشمیر.
مێژووی شەڕەکانی هیندستان و پاکستان لەسەر ناوچەی کشمیر
ڕابردووی شکۆمەندی کشمیر کە ئێستا مودی ئیدیعای دەکات و باسی دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (مەهاراجا ڕەنجیت سینگ) کە بە (شێری پەنجاب) ناسراوە و دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی (سیخەکان) لە ناوچەی گەورەی پەنجاب (١٧٩٩-١٨٤٩ زاینی)، کە لە ساڵی ١٨١٩ی زایینی، دوای شکستپێهێنانی موسڵمانانی ئەفغانستان، ناوچەی (کشمیر و سرینەگار)ی خستە سەر حکومەتەکەی.
دابەشبوونی هیندستانی گەورە و سەرەتای ململانێی کشمیر
دوای نزیکەی سەدەیەک لە حوکمڕانی کیشوەری هیندستان و تاڵانکردنی سەرچاوە و سامانی ئەم ناوچە بەپیتە، ئیمپراتۆریەتی هیندستانی بەریتانیا بە هەوڵی سەرکردە ئازادیخوازەکان لەنێویاندا "موهەنداس کارامچاند (مەهاتما) گاندی" داڕما. ئەم ڕووداوە دەرکەوتنێکی دەرەکی لە شێوەی پەیماننامەی ساڵی (١٩٤٧)دا دۆزیەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی دوو وڵاتی نوێ، ووڵاتی پاکستان و ووڵاتی یەکێتی هیندستان.
پلانی دابەشکردنی هیندستانی گەورە
لە دابەشکردنی هیندستان پلانی بەریتانیا جێبەجێ کرا و دابەشکردنەکەش بووە هۆی ئەوەی هیندستان پارێزگاکانی بەنگال و پەنجاب لەسەر بنەمای زۆرینەی دانیشتوانی (هیندۆس) یان (موسڵمان) لەخۆگرتبوو جێبەجێکرا. هەروەها سوپای هیندستانی بەریتانیا لە هێزی دەریایی شاهانەی هیندستان، خزمەتگوزاری شارستانی هیندستان، هێڵی ئاسن و گەنجینەی ناوەندی هیندستانی گەورە، لە نێوان دوو ووڵاتی نوێی پاکستان و هیندستاندا دابەشکران.
هەروەها پەرلەمانی بەریتانیا لەڕێگەی یاسای سەربەخۆیی هیندستانی هەمان ساڵەوە دەسەڵاتی پاشایەتی وڵاتەکەی بەسەر هیندستاندا کە ناوی لێنرا بوو "راجی بەریتانی " هەڵوەشاندەوە و دەوڵەتی پاکستان و هیندستان لە نیوەی شەوی نێوان ١٤ بۆ ١٥ی ئاب لەدایک بوون.
دابەشبوونی هیندستان بووە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم ١٤ ملیۆن کەس و کۆچکردنیان بۆ سنوورەکان بۆ نیشتەجێبوون لە ناوچە ئاینییەکانی دڵخوازی خۆیان (موسڵمان یان هیندۆسی). لەم قەیرانە گەورەیەی کۆچبەریدا کە کێشەی زۆری بۆ حکومەتە تازە دامەزراوەکان دروستکرد، توندوتیژییەکی بەرفراوان ڕوویدا و سەدان هەزار کەس کوژران.
ئەم دابەشبوونە لەسەر بنەمای تیۆری "دوو نەتەوە" بوو. تیۆری دوو نەتەوە لەسەر ئەو بیرۆکە و ئایدۆلۆژیایە دامەزراوە کە نەتەوە ئاینییە هیندۆسی و موسڵمانەکان بەبێ گوێدانە نەتەوە و زمان و ڕەگەزەکانیان، خۆیان لەگەڵ ئایینەکەیاندا دەناسێنن و مافی وڵاتێکی سەربەخۆیان هەیە. ئەم ئایدۆلۆژیایە کە ئایین بە فاکتەری دیاریکەر بۆ پێدانی ناسنامەی نەتەوەیی بە موسڵمانانی هیندستان دەزانێت، بۆ یەکەمجار لەلایەن "محەمەد عەلی جینا"، سەرۆکی پارتی "کۆمەڵی موسڵمانانی سەرتاسەری هیندستان" کە بە کۆمەڵەی موسڵمانان ناسراوە و دامەزرێنەری پاکستان پێشنیاری کردووە.
بەرپرسیارێتی پارێزگاری گشتی خاکی پاکستان درا بە (محەمەد عەلی جینا) و سەرۆکوەزیرانی یەکێتی هیندستانیش درا بە "جەواهیر لەعل نەهرۆ" کە یەکێک بوو لەو سەرکردانەی هیندستان کە دژی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا دەجەنگا.
دابەشکردنی هیندستانی بەریتانی بۆ دوو ووڵاتی پاکستان و هیندستانی نوێ لەسەر بنەمای پلانێک ئەنجامدرا کە بە "پلانی (٣)ی حوزەیران یان پلانی (لویس ماونتباتن) ناسراوە، کە هەندێک لە بڕگەکانی بەم شێوەیەن:
١- (سیخ و هیندۆس) و موسڵمانانی ناوچەکانی (پەنجاب و بەنگال) دەتوانن دەنگ بە جیابوونەوە بدەن. ئەگەر زۆرینەی هەر گروپێک جیابوونەوەیان بویستایە، ئەوا ئەم پارێزگایانە دەتوانن لە هیندستان جیاببنەوە.
٢- پارێزگاکانی سند و بەلوچستان دەبوو خۆیان بڕیار بدەن کە ئایا جیابوونەوە یان نا
٣-هیندستان لە ١٥ی ئابی ١٩٤٧ سەربەخۆ دەبوو
٤-سەربەخۆیی بەنگال بۆ عەرەب نییە
٥-کۆمیسیۆنی سنوور بۆ دابەشکردنی وڵاتە نوێیەکان پێکدێت
هەرچەندە کۆمەڵەی موسڵمانان دەوڵەتێکی گەورەیان دەویست کە هەموو ناوچە موسڵمانەکانی کیشوەری هیندستان بگرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی بەریتانیا و کۆمیسیۆنی سنوورەکان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی خاکی پاکستان تا ئەو جێگایەی کە دەکرا بچووک بمێنێتەوە. (ماونتباتن) هەوڵیدا زۆرترین یەکێتی بۆ هیندۆسەکان بهێنێت و لە هەمان کاتدا هیندستانی دابەش کرد و موسڵمانانی لاواز کرد.
سنووری ئەو خاکە نوێیانەی کە لە هیندستانی بەریتانیاوە سەریان هەڵدا، بە ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنێکی حکومەتی بەریتانیا دیاریکرا، کە بە "هێڵی ڕادکلیف" ناسرا. دەوڵەتی نوێی پاکستان بە دوو خاکی جیاواز پێک هات، پاکستانی ڕۆژهەڵات (ئێستا وڵاتی سەربەخۆی بەنگلادیش) و پاکستانی ڕۆژئاوا (ئێستا کۆماری ئیسلامی پاکستان) کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دابەشکران و خاکی هیندستان لەنێوانیاندا هەبوو.
پریشکی ململانێی هیندستان و پاکستان لەسەر کشمیر
لە (١٨)ی تەمموزی (١٩٤٧) پەرلەمانی بەریتانیا هەموارکردنێکی دیکەی یاسادا سەربەخۆیی هیندستانی پەسەند کرد، کە هەروەها دەسەڵاتی بەریتانیای لەسەر "دەوڵەتە میرنشینەکان" لە هیندستانی گەورە هەڵوەشاندەوە. کە هاوتایە لەگەڵ ویلایەتەکانی ئێستا. لەو کاتەدا پێنج ویلایەتی شازادەیی بوون، لەوانەش جامو و کشمیر. ئەم ویلایەتانە ڕێگەیان پێدرابوو بچنە پاڵ پاکستان یان هیندستان یان سەربەخۆ بمێننەوە.
ناوچەی جێناکۆکی کشمیر و هێڵی کۆنترۆڵ
ویلایەتی جامو و کشمیر ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٢٠) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە (چوار ملیۆن) بووە و زۆربەیان موسڵمان بوون. بەڵام لەو سەردەمەدا ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی "دۆگرا" و "مەهاراجا" "هاری سینگ"دا بوو. سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە دەیانویست بچنە پاڵ پاکستانی ڕۆژئاوا، دەسەڵاتدارانی هیندۆسی دەیانویست کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر جامو و کشمیردا بپارێزن.
هاری سینگ بە حکومەتی بەریتانیای ڕاگەیاندووە کە دەیەوێت حکومەتەکەی سەربەخۆ بمێنێتەوە و هەڵوێستی بێلایەن بەرامبەر بە دوو دەوڵەتە نوێیەکەی پاکستان و هیندستان بگرێتەبەر. بەڵام ڕاپەڕین و داواکاری دانیشتوانی بەشەکانی ڕۆژئاوای ئەم ناوچەیە – کە زۆربەیان موسڵمان بوون بۆ پەیوەست بوون بە پاکستانەوە، بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک هیندۆسی توندڕەو لە پارێزگای دراوسێیەوە هێرش بکەنە سەریان.
لە مانگی ئەیلول و تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٤٧) ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانانی ناوچەی جامو لەلایەن هیندۆسەکانەوە کوژران و ئەوانی دیکەش ناچاربوون پەنایان بۆ ڕۆژئاوای پەنجاب ببەن. بیانووی ئەم کۆمەڵکوژییە بەگشتی بۆچوونی هیندۆس و سیخەکان بوو کە باسیان لە توندوتیژی موسڵمانان دەکرد بەرامبەریان لە بوارەکانی تردا. هەروەها حکومەتی دۆگرا و مەهاراجا سینگ پشتگیریان لێکردن.
مێژوونووسان نووسیویانە کە هاری سینگ بەنیازی ئەوە بووە موسڵمانانی جامو و کشمیر لە ڕووی نەتەوەییەوە پاکتاو بکات و پێکهاتەی دیمۆگرافییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت و زۆرینەی هیندۆسەکان زاڵ بن بەسەر ناوچەکەدا. بەڵام حکومەتی پاکستان کە شایەتحاڵی جینۆسایدی لەو شێوەیە بوو دژی موسڵمانان، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کشمیر پشتیوانی سەربازی بۆ ئەوان کرد. مەهاراجا سینگ کە تا ئەو کاتە بەدوای سەربەخۆییدا بوو، لە بەرامبەر هاوکاری سەربازیدا ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هیندستانەوە بکات.
یەکەمین جەنگی هیندستان و پاکستان (١٩٤٧-١٩٤٨)
ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا دەنووسێت کە پەیوەستبوونی فەرمانڕەوای جامو و کشمیر بە هیندستان لە ئۆکتۆبەری ١٩٤٧دا گڵۆپێکی سەوز بوو بۆ ئەوەی هەم هیندستان دەستوەردانێکی سەربازی بکات لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بنبڕکردنی ئیسلام لەوێوە و لە ئەنجامدا پاکستان وەک بەرگریکارێک لە موسڵمانان و مافی جیابوونەوەیان لە هیندستان دەربکەوێت.
موسڵمانانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کشمیر، لەگەڵ عەشیرەتە پشتونەکانی پاکستان، لە مەیدانەکەدا پێشڕەوییان لە دژی هیندۆسەکان و سوپای هیندستان کرد و پێشڕەوییان کرد بۆ ناو دۆڵی کشمیر. ئەم کەسانە کە خۆیان بە "سوپای ئازاد" ناوبردووە، چەک و پاڵپشتی لۆجستیکییان لە سوپای پاکستان وەرگرتووە. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٨ سوپای پاکستان بە فەرمی هاتە ناو ململانێکانەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر ڕووبەڕووی سوپای هیندستان ببێتەوە.
"ماونتباتن" وەک پارێزگاری گشتی یەکێتی هیندستان پێیوابوو نابێت پاکستان دەستوەردان لە کێشەی کشمیردا بکات چونکە مافی پەیوەستبوون بە یەکێک لە خاکەکانەوە دراوە بە حکومەتەکانی دەوڵەتە میرنشینەکان. بەڵام محەمەد عەلی جینا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هیندستان لە ڕێگەی فێڵبازی و توندوتیژیەوە جامو و کشمیری لکاندووە.
پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هیندستان و پاکستان لە کشمیر بەردەوام بوو تا هیندستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نزیک بووەوە بۆ ئەوەی وەک ناوبژیوانێک مامەڵە بکات. لەگەڵ دەرچوونی یەکەمین بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی کشمیر، هەرێمی "جامو" و "کشمیر" بە دەستێوەردانی ئینگلیزەکان جارێکی دیکە وەک دەوڵەتێک بە فەرمی درایە حکومەتی هیندستان.
سەربازانی هیندستان کە بۆسەیان بۆ سوپای پاکستان داناوە
ئەم شەڕە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هیندستان و پاکستان بوو لە سێ شەڕی دواتر لەسەر کشمیر کە ساڵێک و دوو مانگ و دوو هەفتەی خایاند و لە ئەنجامدا لانیکەم حەوت هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە حەڤدە هەزار کەسیش لە هەردوولا برینداربوون.
ئۆپەراسیۆنی جبل طارق و جەنگی دووەمی هیندستان و پاکستان (ساڵ: ١٩٦٥)
لە کاتێکدا دوای یەکەم شەڕی نێوان هەردوو وڵات لەسەر کشمیر و دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، حکومەتی هیندستان بەڵێنی دابوو کە دەرفەتێک بۆ دانیشتوانی ویلایەتی جامو و کشمیر دابین بکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ئەوەی بۆ خۆیان بڕیار بدەن کە ئایا دەیانەوێت بچنە ناو هیندستان یان پاکستانەوە، نیودێهلی هەرگیز کارێکی لەسەر پێشنیارەکەی نەکرد.
ئەم بابەتە بووە هۆی ناڕەزایی حکومەتی پاکستان و بەتایبەتی موسڵمانانی دانیشتووی کشمیر. هەر بەو هۆیەشەوە گرووپە جۆراوجۆرەکانی دژە هیندستان لە کشمیر بە نهێنی پێکهاتبوون و بە نهێنی پەیوەندییان بە حکومەتی پاکستانەوە کردبوو بۆ وەرگرتنی پشتیوانی. هەروەها پاکستان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە نیودێهلی، ئەو زانیاریانەی کە لە حکومەتی ناوەندی هیندستانەوە وەریگرتبوو، پێشکەش بەو گروپانە کرد کە بنکەکەیان لە کشمیر.
وەک چۆن ڕەوتی ئاسایی پێشهاتە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، مرۆڤ دەتوانێ ئاسەواری دەستێوەردانی هەردوو زلهێز، بەریتانیا و ئەمریکا، لە قەیرانەکاندا ببینرێت کە موسڵمانان تووشی دەبن، ئەمجارەش ئەمریکا وەک ئەکتەرێکی بیانی دەستوەردانی کرد. لە قەیرانی کشمیردا بەریتانیا لایەنگری هیندییەکان بوو، ئەمریکاش لایەنگری پاکستانی کرد، بە ئامانجی گەورەکردنی گرژییەکان.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری سەربازی لەگەڵ ئەمریکا لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، حکومەتی پاکستان دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لە شێوازە ناڕێکەکانی شەڕ و فێربوون لە سوپای ئەمریکا، هەروەها هەمان تاکتیکی فێری ئەو گروپانە کرد کە دەیانویست لە هیندستان جیاببنەوە. لە ساڵی ١٩٦٥ بوو کە کەراچی (پایتەختی ئەوکاتی پاکستان) کاتێکی بینی کە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی چریکی و شەڕێکی ناڕێک لە دژی دەسەڵاتی نەخوازراوی هیندستان لە کشمیر دەستپێبکات.
گروپە سەربازییە موسڵمانەکان کە پێکهاتبوون لە هێزە خۆبەخشەکان (کە پێیان دەوترێت خۆبەخش) و تێکۆشەری ئیسلامی کە لەلایەن سوپای پاکستانەوە وەرگیراون و مەشقیان پێکرابوو، بە ناوی کۆدی "ئۆپەراسیۆنی جبل طارق" ڕەوانەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان کران. ئەم گروپانە لەلایەن ئەفسەر و ئەندامانی سوپای ئازاد کشمیر و کۆماندۆکانی پاکستانەوە پاڵپشتی کران. بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی سی هەزار سەرباز لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٥ لە ژێر ئۆپەراسیۆنی جبل طارقدا دزەیان کردبێتە ناو کشمیر کە لە ژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە.
ئەرکی دزەکەران هەماهەنگی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە و هاندانیان بوو بۆ ڕاپەڕین لە دژی ستەمی هیندستان. دوای ئەوە چریکەکان بۆ تێکدانی پرد و تونێل و ڕێگاوبانەکان و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی سوپای هیندستان بۆ کشمیر چالاک کران، بەمەش هەلومەرجی شۆڕشی چەکداری لە کشمیر ئامادەکرا. پاکستان پێی وابوو کە دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا سەرکەوتنی تاکتیکی بەدەست بهێنێت بەو چەک و چەکە ئاڵۆز و نوێیانەی کە لە ئەمریکییەکان وەریگرتبوو، بەڵام لە لایەکی دیکەوە خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر ئەگەرێکی شکستدا، لانیکەم بتوانێت سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەوساندنەوەکانی سوپای هیندستان و ئەو مشتە ئاسنییە ڕابکێشێت کە بەرامبەر موسڵمانانی ناوچەکە نیشانی دەدا.
تانکەکانی هیندستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پاکستان دەچنە ناو کشمیر
سەرەڕای هەموو پلان و پشتیوانیی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکان و کادێرە مەدەنی و شاراوەکانی هیندستان کە دزەیان کردبووە ناو دانیشتوانی موسڵمانی کشمیر، ڕێگرییان لە ڕاپەڕینی ناوخۆیی کرد و دوای دەستگیرکردنیان ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی سەربەخۆیی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی هیندستان کرد. هه روه ها سه رچاوه ئه منییه کانی هیندستان له باره ی دزه کردنی چریکەکان بۆ ناو کشمیر ئاگادار کرانەوه ، ئەمەش وایکرد سوپای هیندستان جموجۆڵ و هاتنه ناوچه که پێش دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنەکه . دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینێکی سنوورداری ناوخۆیی، سوپای هیندستان لەگەڵ چریکەکانی پاکستان تێکهەڵچوون ڕووبدات.
دوای ئەوەی هەوڵەکانی پاکستان لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان شکستی هێنا، لە یەکی ئەیلولدا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ناوچەی "ئەخنوور" بۆ پچڕاندنی هێڵی پەیوەندی سوپای هیندستان لەگەڵ کشمیر. لە بەرامبەردا هیندستان بەرەی جەنگی فراوانتر کرد و بە پێشێلکردنی سنووری فەرمی پاکستان شاری پەنجابی کردە ئامانج.
دووهەمین شەڕی هیندستان و پاکستان تا (٢٣)ی ئەیلول بەردەوام بوو، ئەوکاتە دوای کۆتایی هاتنی "رێککەوتنی تاشکەند"، هەردوولا پێش دەستپێکردنی ململانێکان گەڕانەوە بۆسنوورەکانی خۆیان، لە هەمان کاتدا ئاگربەستیان پاراست، و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر نەکەن. ئاماری زۆر دژ بەیەک لەسەر قوربانیانی ئەم شەڕە هەیە. بۆ نمونە ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە دەریدەخەن کە بە گشتی لانیکەم حەوت هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون، نزیکەی (٥٠٠) پێنج سەد تانک و (٨٠) هەشتا فڕۆکەی جەنگی (زیاتر لە (٦٠) شەستیان سەر بە هیندییەکان لەناوچوون.
سێیەمین جەنگی هیندستان و پاکستان (ساڵ: ١٩٧١)
سێهەمین ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، جگە لەو هەموو زیانە گیانی و زیانە ماددیانەی کە بۆ پاکستان و هیندستان هێنایە ئاراوە، بەڵام بە پاڵپشتیی ئینگلیزەکان بۆ هیندستان، شکستی گەورەی بۆ پاکستان لێکەوتەوە، جیابوونەوەی پاکستانی ڕۆژهەڵات لە حکومەتی ناوەندی و گۆڕینی بۆ وڵاتی سەربەخۆی بەنگلادیش (بە پاڵپشتی هیندییەکان).
زۆر پێش ساڵی (١٩٧١) هیندییەکان دەستیان کردبوو بە هاندانی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی پاکستان (کە بە گشتی بە ڕەچەڵەک بەنگالی بوون) بۆ یاخیبوون لە حکومەتی ناوەندی ڕۆژئاوای پاکستان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە جیابوونەوە لێیان. لە کۆتاییدا لە ٢٦ی ئازاری (١٩٧١) شەڕی ڕزگاریخوازی بەنگلادیش دەستیپێکرد کە سوپای پاکستان هێرشی کردە سەر یاخیبووانی بەنگالی کە خۆیان بە "سوپای ڕزگاریخوازی بەنگلادیش" ناوبردبوو. هەروەها حکومەتی هیندستان بۆ ئەوەی شتەکان بۆ پاکستان قورستر بکات ڕووی لە پشتیوانی ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسی بۆ یاخیبووانی بەنگالی کرد.
ئەم پرسە پاکستانی توڕە کرد بە کردەوە دەستێوەردانگەرییەکانی نیودەهلی، ئەمەش بووە هۆی کردەوەی سەربازیشیان دژی هیندستان. ڕەنگە ئەمجارە پرسی ناوەندی سێهەمین شەڕی پاکستان و هیندستان کشمیر نەبووبێت، بەڵام هێشتا موسڵمانان بەشدار بوون. ئەم شەڕە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە هێزی ئاسمانی پاکستان پێشوەختە (١١) یازدە بنکەی ئاسمانی سوپای هیندستانی کە دەکەونە ناوچەی کشمیر لە ژێر ناوی کۆدی "ئۆپەراسیۆنی جەنگیزخان" بۆردومان کرد.
واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و تەسلیمبوونی پاکستانی ڕۆژهەڵات
لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشێکی زۆر لە دامەزراوە ئاسمانییەکانی سوپای هیندستان، کە بریتی بوون لە فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سیستەمی ڕادار و سیستەمی بەرگری لە ناوچەی زەوتکراوی ڕۆژئاوا (ویلایەتی جامو و کشمیر)، لەناوچوون. (ئیندیرا گاندی)، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هیندستان، لە میانی وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هێرشە ئاسمانییەی بە ڕاگەیاندنی شەڕ لە لایەن پاکستانەوە زانی و فەرمانی بە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی کرد کە هەنگاوێکی توندی تۆڵەسەندنەوە بگرنەبەر. بەم شێوەیە جەنگی سێیەمی هیندستان و پاکستان لە ناوەڕاستی شەڕی بەنگلادیش دەستی پێکرد و پاکستان لە دوو بەرەدا لەگەڵ سوپای دەوڵەمەندی هیندستان بەشداری شەڕ بوو.
هەرچەندە لە (٦) شەش ساڵ زیاتر نەبووە بەسەر شەڕی پێشووی هیندستان لەگەڵ پاکستان، بەڵام هۆکارێکی تری نیودێهلی بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ، پشتیوانیکردن بوو لە یاخیبووانی ناسیۆنالیستی بەنگالی و چوونە ناو ململانێی ڕۆژهەڵاتی پاکستان بۆ جیاکردنەوەی ئەم ناوچەیە لە پاکستانی ڕۆژئاوا و پێکهێنانی وڵاتی بەنگلادیش (کە خاوەن پێگەیەکی نزیک لە هیندستان هەبووە).
شەڕەکە تەنها (١٣) سێزدە ڕۆژی خایاند و بە یەکێک لە کورتترین شەڕەکانی مێژوو دادەنرێت. لە کاتی شەڕدا سوپای هیندستان و پاکستان لە یەک کاتدا لە بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا شەڕیان کرد. بەهۆی ئەوەی هێزەکانی پاکستان لەژێر گوشاری زیاتر لە بەرەی ڕۆژهەڵات و زیاتر لە (٩٠) نەوەد هەزار سەربازی پاکستانی لەلایەن سوپای هیندستان و یاخیبووانی بەنگالییەوە گیران، دواجار فەرماندەیی ڕۆژهەڵاتی پاکستان لە ٢٦ی ئازاری ١٩٧١ خۆی ڕادەست کرد و پەیمانی بەنگلادیشی واژۆ کرد.
لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە سەربازییەدا نزیکەی (٩) نۆ هەزار سەربازی پاکستان کوژران و زیاتر لە (٢٥) بیست و پێنج هەزاریان بریندار بوون. پشکی هیندستان لە قوربانییەکانی شەڕەکە نزیکەی (٤٠٠٠) چوار هەزار کوژراو و بریندار بووە. هەروەها شەڕەکە بووە هۆی ئەوەی سوپای پاکستان و هیندستان سنوورێکی سەربازیی نافەرمی لە ناوچەی کشمیر بکێشن، کە بە "هێڵی کۆنترۆڵ" ناسراوە، ئەمەش وایکرد هیندستان کۆنترۆڵی ویلایەتی جامو و کشمیر بکات کە سەنتەری شاری (سریناگار) بوو، هەروەها پاکستان کۆنترۆڵی ناوچە شاخاوییەکانی کەم دانیشتوو (کە ئازاد کشمیر و گیلگیت-بالتیستانی لەخۆگرتبوو).
یاخیبوونی کشمیر و شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی: ١٩٨٩ تاکو ئێستا
لە ساڵی ١٩٨٩ یاخیبوونێکی بەربڵاو لە کشمیر لە دژی دەسەڵاتی هیندستان دەستی پێکرد. دوابەدوای تیرۆر و هێرش و تۆقاندن لەلایەن چەکدارەکانەوە، زۆرێک لە هیندۆسەکان و کەمایەتییەکانی دیکە لە ناوچەکە هەڵهاتن. لە دەیان ساڵی دواتردا دەیان هەزار هێزی ئەمنی و چەکدار و مەدەنی لەو شەڕەدا کوژران. هیندستان بەردەوام پاکستانی تۆمەتبار کردووە بە پارەدان و ڕاهێنانی ئەم گروپانە.
پێشبڕکێ ئەتۆمی و شەڕی کارگیل: ١٩٩٨-١٩٩٩
لە وەڵامی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی هیندستان کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٧٤) ئەنجامدرابوو، پاکستان یەکەم تاقیکردنەوەی گشتیی بۆ چەکی ئەتۆمی لە ساڵی (١٩٩٨) ئەنجامدا.
لە ساڵی (١٩٩٩)دا چەکدارانی پاڵپشتیکراوی پاکستان هێڵی کۆنترۆڵیان بەزاند و دەستیان بەسەر پێگە سەربازییەکانی لە گردەکانی کارگیل هیندستاندا گرت. "ڕاجا محمد زەفرول حەق"، ئەندامی باڵای پارتی دەسەڵاتداری پاکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی پاکستان چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت.
ململانێکان کە ماوەی (١٠) دە هەفتەی خایاند، بە لانیکەم هەزار (١٠٠٠) کوژراو و لەژێر فشاری توندی کشانەوەی ئەمریکا و پاکستان کۆتایی هات.
هەر لەو ساڵەدا، "نەواز شەریف"، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە، سەرۆکی سوپا، "پەروێز موشەڕەف"، بەوە تاوانبار دەکات کە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەو ململانێی دەستپێکردووە. مشەڕەف دوای چەند مانگێک بە کودەتایەک شەریفی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
شەڕی کارگیل ساڵی 1999
دوای سەربەخۆیی بەنگلادیش، کیشوەری هیندستان بۆ زیاتر لە دوو دەیە ئارامیەکی ڕێژەیی بەهرەمەند بوو؛ بەڵام وادیارە پاکستانییەکان تامەزرۆی شەڕ بوون. لە ساڵی (1999) گروپێک لە هێزە سەربازییەکانی پاکستان و چەکدارانی پاکستان هێڵی کۆنترۆڵیان بەزاند و دەستیان بەسەر پێگە ستراتیژییەکانی ناوچەی (کارگیل)ی شاخاوی کشمیردا گرت. ئەوان دەیانویست دەست بەسەر ئەم ناوچەیەدا بگرن بۆ ئەوەی ڕێگای سەرەکی دابینکردنی هێزەکانی هیندستان لە ناوچەی کشمیر ببڕن بۆ ئەوەی هیندستان لە دانوستانەکانی کشمیردا ڕووبەڕووی گوشار بێتەوە.
لە بەرامبەردا هیندییەکان دەستەوەستان دانەنیشتن و کاردانەوەی توندیان نیشاندا و توندوتیژیان بەرامبەر بەو یارییەی پاکستانییەکان هەبوو. سوپای هیندستان دەستبەجێ هێرشی کردە سەر پێگەکانی پاکستان و تێکهەڵچوونی توند لە ناوچەی شاخاویەکانی کارگیل و لە بەرزاییەکان ڕوویدا. ئەم پێکدادانانە زیانی گیانی زۆر لە هەردوولا لێکەوتەوە و دواجار لەژێر گوشاری توندی نێودەوڵەتیدا بەتایبەتی ئەمریکا، هێزەکانی پاکستان ناچاربوون پاشەکشە بکەن و لە پێگەکانیان بکشێنەوە و ئەم شەڕەش کۆتایی پێهات.
هێرشە تیرۆریستیەکان، گرژییە دیپلۆماسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی کشمیر: ٢٠٠٨ تا ئێستا
لە ساڵی (٢٠٠٨) هێرشبەرانی ئیسلامی هێرشیان کردە سەر ناوەندی دارایی شاری مومبای و (١٦٦) کەسیان کوشت. هیندستان دەزگای هەواڵگری پاکستانی بە بەرپرسیار زانی و دانوستانەکانی ئاشتی ڕاگرت. لە ساڵی (٢٠١١)پەیوەندییەکان دەستیان پێکردەوە، بەڵام پێکدادانەکانی پچڕپچڕ بەردەوام بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥)دا "نارێندرا مودی"، سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەردانێکی لەناکاوی بۆ پاکستان ئەنجامدا، بەڵام چاکبوونەوەی پەیوەندییەکانیان ماوەیەکی زۆری نەخایاند و لە ساڵی (٢٠١٩) هێرشێکی خۆکوژی لە کشمیر (٤١) چل و یەک چەکداری هیندی کوژران، ئەمەش وایکرد "مودی" فەرمانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی پاکستان دەرکرد. ئەم ناکۆکییەش بە خێرایی سارد بویەوە و دوای چەند مانگێک :مودی" لەسەر شەپۆلێکی هەستی ناسیۆنالیستی هەڵبژێردرایەوە.
ئایا هیندستان و پاکستان جارێکی تر دەچنە شەڕەوە؟
ڕاستە لە ساڵی (١٩٩٩)ەوە شەڕێکی گەورە لەنێوان هیندستان و پاکستان ڕووی نەداوە، بەڵام لەماوەی (٢٦) ساڵی ڕابردوودا یان زیاتردا، هەمیشە گرژی و ناکۆکی زۆر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەبووە و ئێستاش لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە لە کشمیر ڕوویانداوە، ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری نێوان هیندستان و پاکستان جارێکی دیکە زیادی کردووە. لە ئێستادا دۆخی دەوڵەتی هیندستان زۆر ناجێگیرە و هەردوو وڵات لە ئامادەباشییەکی زۆردان و تەنانەت لە سنوورە هاوبەشەکانیان پێکدادان ڕوویداوە.
هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان دەوڵەتی ئەتۆمین و بە کڵاوەی ئەتۆمی، دەتوانن ببنە هۆی ڕووداوێکی کارەساتبار. هەر لەبەر ئەم هۆکارە خەڵکی ئەم دوو وڵاتە و ناوچەکە و تەنانەت هەموو جیهان چاودێری هەموو ڕووداوێک دەکەن و ناتوانن نیگەرانی خۆیان لە دۆخەکە بشارنەوە.
هیندستان بە وڵاتێکی بەهێزتر لە پاکستان دادەنرێت لە ڕووی ئابووری و قەبارەی جوگرافی و دۆخی لۆجستی و هێزی بەردەست و چەک و هێزی سەربازی لە کەرتی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە هیندستان هەمیشە توانیویەتی شەڕەکانی دژی پاکستان سەربکەوێت. ژمارەی دانیشتووانی هیندستان(١،٤٠٠،٠٠٠،٠٠٠) (یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن) کەس و پاکستانیش (٢٤٠،٠٠٠،٠٠٠) (دووسەدو چل) ملیۆن کەسە. بەرهەمی ناوخۆیی هیندستان (3.7٠٠،٠٠٠،٠٠،٠٠٠،) سێ ترلیۆن حەوتسەد میلیار دۆلارە و پاکستانیش (٣٧٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سێ سەدو حەفتا ملیار دۆلارە. سوپای هیندستان (١،٥٠٠،٠٠٠) یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار ئەندامی هەیە و پاکستانیش (٦٥٠،٠٠٠) هەزار ئەندامی هەیە. هەموو ئامارەکان لە بەرژەوەندی هیندستانن، بەڵام پاکستان هەمیشە بوێرتر بووە و لە زۆربەی شەڕەکاندا، دەستپێشخەر و دەستپێشخەری ململانێکان بووە. ڕەنگە یەکێک لەو هۆکارانەی کە پاکستان بوێری دەکات، هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی بێت؛ بەڵام لەبیرت نەچێت کە هیندستانیش بێ چەکی ئەتۆمی نییە.
دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە بنکەکەی لە لەندەنە، لێکۆڵینەوەی لەسەر هێزی بەرگری و جبەخانەی دوو وڵاتی دراوسێی باشووری ئاسیا کردووە کە چەکی ئەتۆمییان هەیە.
هێزی سەربازی
داتاکانی پەیمانگاکە دەریدەخەن کە هیندستان:
نزیکەی یەک ملیۆن و (400،000) چوارسەد هەزار کارمەندی چالاک لە هێزەکانی بەرگریدا هەیە.
هیندستان لە سوپا، (75،500) هەفتا و پێنج هەزار و پێنج سەد لە هێزی دەریایی
(149،900) سەدوچل و نۆ هەزار و نۆسەد لە هێزی ئاسمانی
(13،350) سیزدە هەزار و سێسەدو پەنجا لە پاسەوانی کەناراوەکان.
لەبەرامبەردا پاکستان:
(700،000) حەوتسەد هەزار کەسی سەربازی چالاکی هەیە.
(560،0000) پێنج سەدو شەست هەزار لە سوپا
(70،000) حەفتا هەزار لە هێزی ئاسمانی
(30،000) سی هەزار لە هێزی دەریایی هەیە کە لە هیندستان لاوازترە.
چەک و تەقەمەنی و هێزی زەمینی
جبەخانەی هیندستان (9،743) تۆپ لەخۆدەگرێت و ئەو وڵاتە خاوەنی (3،740) تانکی شەڕە. لەبەرامبەردا پاکستان خاوەنی (٤٦١٩) پارچە تۆپ و (٢٥٣٧) تانکی شەڕە. لە ڕووی جبەخانەوە هیندستان لە دۆخێکی باشتردایە.
هێزی ئاسمانی
لە کاتێکدا هیندستان (٧٣٠) فڕۆکەی توانای شەڕکردنی هەیە، بەڵام بەلەمەکانی پاکستان زۆر بچووکترن و (٤٥٢) فڕۆکەیان هەیە.
هێزی دەریایی
هێزی دەریایی هیندستان خاوەنی (16) ژێردەریایی و (11) کەشتی تێکدەر و (16) فرێگات (کەشتی جەنگی) و دوو فڕۆکە هەڵگری هێزی دەریایی پاکستان هەشت ژێردەریایی و (10) فرێگاتی هەیە.
چەکی ئەتۆمی
هیندستان خاوەنی (١٧٢) سەری ئەتۆمییە و پاکستانیش (١٧٠) کڵاوی ئەتۆمی هەیە، پاکستان لە ڕووی ئەتۆمیەوە هاوتای هیندستانە.
ئەگەر گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان پەرە بسێنێت و ببێتە پێنجەمین شەڕی تەواوەتی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی (2025)، ئەگەری ئەوە هەیە چەند سیناریۆیەک ڕووبدات. ڕەنگە تەنیا پێکدادانێکی بچووک لە ناوچە سنوورییەکان یان ناوچەی کشمیر ڕووبدات، کە دواجار بە فشار و نێوەندگیری نێودەوڵەتی کۆتایی پێبێت. سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە شەڕێکی کلاسیکی تەواو لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕوودەدات. واتە هێزی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی ئەو دوو وڵاتە هەنگاو دەگرنەبەر و هەموو ناوچەکانی ووڵاتی هیندستان تێوەگلاون لەو شەڕەدا، لەو حاڵەتەدا زیانی گەورە و زیانی زۆر بۆ هەردوو وڵات پێشبینی دەکرێت. سیناریۆی سێیەم کە خراپترین شێوەی مومکینە، دەکرێت بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بێت. بەتایبەت ئەگەر یەکێک لەو وڵاتانە خۆی لە لێواری شکستدا ببینێت، ڕەنگە پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ببات. ڕەنگە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی سنووردار بێت، یان ڕەنگە شەڕێکی ئەتۆمی تەواو ڕووبدات، کە دەرئەنجامەکانی بە تەواوی خەیاڵیان پێناکرێت و کەس نایەوێت ڕووداوێکی لەو شێوەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان ببینێت. لە دۆخێکی وادا ڕەنگە ملیۆنان کەس بکوژرێن و دەرئەنجامە ژینگەییەکانی ترسناک بن. جگە لەو ملیۆنەها کوژراوانە، ملیۆنان کەسیش ئاوارە دەبن و قەیرانێکی مرۆیی و ئابووری دەست پێدەکات.
سیناریۆی کۆتایی ئەوەیە کە ئەم ململانێ بچووکانە بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان دێت و هەردوولا پاشەکشە دەکەن و هیچ شەڕێکی بەرفراوان سەرهەڵنەدات، کە هیوادارین لە کۆتاییدا ڕووبدات. نێوەندگیری نێودەوڵەتی لە ئێستاوە دەستی پێکردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی پاکستان، لە ئەگەری شەڕێکی تەواو سەرهەڵبدات، بە دڵنیاییەوە دەرئەنجامەکانی کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە شەپۆلێکی گەورەی پەنابەرانی پاکستانی بەرەو ووڵاتانی ئێران و ئەفغانستان و ووڵاتانی عەرەبی بڕژێن و گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان لە هەموو کاتێک زیاتر لە سنووری نێوان وڵاتانی ناوچەکە چالاکتر بن.
سەرچاوە:
ئاژانسی هەواڵی میهر
https://shorturl.at/O3tqZ
وب سایت گجت نیوز
https://shorturl.at/ZNVV0
یۆرۆ نیوز
https://shorturl.at/IMXQg
بابەتی زیاتر