ئایا تەنیا براوەکان مێژوو دەنووسنەوە؟
نووسینەوەی مێژوو لەنێوان ڕاستی ڕووداوەکان و دەستکەوتی براوەکان
نووسینی: هاوار نەسرەدین
مێژوو تەنیا ئەو نووسین و تۆمارانە نییە لە رابردوودا نووسراون یان بۆمان گێڕدراونەتەوە. بەڵکو مێژوو ئێستاشە. واتە رووداوەکان لە رابردوودا تا ئێستا بەردەوامن. ئەگەر بە وردی سەرەنجی مێژوو بدرێت، دەرفەتی ناڕاستی و چەواشەی تێدا نابێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر فەیلەسووف و زاناکان پێشتر بیرکارییان ئاشکرا نەکردایە، زانست دانەدەهات و پێش نەدەکەوت، ئەگەر زانست پێشنەکەوتایە تەکنەلۆژیایش نەدەبوو. یان هەرچەندە فەلسەفە و بیرکاری و زانست دەستکەوتی رابردووی مرۆڤن، بەڵام تاکو ئێستا و لە داهاتووشدا، رۆڵ و پێگە و گرنگییان هەبووە و ماویانە. کەواتە ئێستای ئێمە، لەسەر چەند دۆخ و رووداوێکی رابردوو هەڵچنراوە. رابردوو ئێستای بۆ هێناوین. هەر بۆیە زانستی مێژوو لەو رایەڵانە دەکۆڵێتەوە، کە رابردوو دەبەستنەوە بە ئێستاوە. واتە زانستی مێژوو لێکۆڵینەوە لەو قۆناغانە دەکات، کە ئێستایان دروستکردووە. مێژوو تەنیا کۆمەڵێک رووداوی مردووی بێ گیان و بێ کاریگەریی نییە، کە پەیوەندیی بە ئێستاوە نەبێت. هەروەها زۆر بە دەگمەن نەبێت، رووداوێکی رابردوو نادۆزرێتەوە کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە ئێستاوە نەبەسترابێتەوە. کەسی بیرکەرەوە و توێژەرانی مێژوو، مامەڵە لەگەڵ تاکە رووداوێکدا ناکەن، کە هیچ بەڵگە و ئاماژەیەک بۆ راستی و دروستی نەبێت، هەروەها خۆشیان بە رووداوێکەوە سەرقاڵ ناکەن، کە تەنیا یەک شایەت و یەک گێڕەرەوەی هەبێت. ئەگەر وا بووایە، تۆماری مێژووی مرۆڤ لەبری ئەوەی زانست بێت، دەبووە شانامەی خەیاڵی پاڵەوانە بچکۆلەکان.
سەرچاوەکانی مێژوو
مێژووی مرۆڤایەتی و ئەو بوارانەی مرۆڤ دایهێناون، فرەڕەنگ و جۆراوجۆرە. هەربۆیە لە نووسینەوەی مێژووشدا تاکە هۆکارێک بە هەند وەرناگیرێت. هەروەک چۆن هەموو رووداوێکش شایانی نووسینەوە و تۆمارکردن نییە. کەواتە ئەوەی مێژوو دەنووسێتەوە، تەنیا ئەرکی تۆمارکردنی هەموو رووداوێکی لە ئەستۆ نییە، بەڵکو ئەرکی سەرەکیی مێژوونووس ئەوەیە ئەو رووداوانە بدۆزێتەوە کە مێژوو دەبزوێنن و رەوتی رووداوەکان هەڵدەسووڕێنن. بۆ نموونە شێوازی ژیانی رۆژانەی قازی محەمەد و ئەو خواردنانەی خواردوێتی یان ئەو جلوبەرگانەی لەبەریکردووە، مێژووی دروست نەکرد، بەڵکو چالاکییە سیاسییەکانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و کۆبوونەوەی هاوڕێکانی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بوونە هۆی هاتنەئارای کۆماری کوردستان. بە مانایەکی تر، رووداوی سەرەکی و گەورە لە ژیانی قازی محەمەددا، دروستکردنی کۆماری کوردستانە. رووداوی دروستکردنی کۆمار مێژووە و دەمێنێتەوە. هەروەها دامەزراندن و بنیاتنانی کۆمار لە مێژووی کورددا، رووداوێکە تا ئێستا درێژبۆتەوە و ماوەتەوە. هەم بۆتە بەشێک لە یادەوەری و هۆشیاریی نەتەوایەتی کورد و هەمیش بۆتە بزوێنەری جووڵەی سیاسی لە دوای خۆی.
هاوکات ئێمە لەم سەردەمەدا تەنیا لە یەک سەرچاوەوە زانیاری لەبارەی کۆماری کوردستان کۆناکەینەوە، بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە رووداوەکانی کۆمار شیتەڵ و شیدەکەینەوە. بۆ نموونە بەڵگەنامەکانی ئێران و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و بەریتانیا لەلایەک و رۆژنامە و گۆڤارەکانی کۆمار لەو سەردەمەدا پێویستە لەگەڵ یادەوەرینامە و بەیت و بالۆرە کوردییەکاندا بەراورد بکرێت بۆئەوەی وێنایەکی بێگەرد لەبارەی کۆمارەوە دەستەبەر بکەین. خۆ ئەگەر تەنیا پشتمان بە لاوک و حەیران و گۆرانییە کوردییەکان و بەشێک لە یادەوەریی خەڵکی خۆمان ببەستایە، دەمانوت کۆماری کوردستان ئیمپراتۆریای کوردستان بووە. هەروەها کۆماری کوردستان تەنیا 11 مانگ نا بەڵکو 11 سەدە ماوەتەوە.
فرەڕەنگی لە نووسینەوەی مێژوودا
لە سەردەمە نوێکاندا، تاکەکەس بە تەنیا مێژوویەکی پانوپۆڕ نانووسێتەوە. بەڵکو چەندین بوار و کایە لە نووسینەوەی مێژوویەکدا بەشداردەبن. دوور نییە بەشێک لە مێژووی کۆمەڵگەکان، دوژمن و رکابەرەکانیان بینووسنەوە. جا ئەگەر بە لۆجێکی رووداوەکان لێکنەدرێتەوە، رکابەر و دوژمنەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکانی تر قسە ناکەن و مێژوو نانووسنەوە. بەتایبەتی دوای ئەوەی مێژوو دەبێتە بەشێک لە شوناس و رەوایەتی بە هەڵسوکەوتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا دەدات، چیتر لە توانادا نامێنێت مێژوو وەک مێژووی سەروەری تاکە لایەن و تاکە کۆمەڵێک و تاکە کەسێک لێکبدرێتەوە.
لە مێژووی نزیکی ئێمەدا، شۆڕەسواری زۆرمان هەیە، ئێستا وەک سیزار و ئیمپراتۆر دەناسێنرێن، بەڵام کاتێک رووداوەکانی ئێستا بەراورد دەکەیت بەو کەسایەتییە خەیاڵییەی دروستکراوە، ناهاوسەنگییەکی گەورە دروست دەبێت. کەسی بیرکەرەوە لە دۆخێکی لەو چەشنەدا دەپرسێت ئەم ئێستایە، لە کوێی ئەو رابردووە دەچێت؟
بیرکردنەوە لەوەی کێ مێژووی نووسیوە؟
بیرکردنەوە لەوەی کێ مێژووی نووسیوە؟ بیرۆکەیەکی نوێ نییە و هەزاران ساڵە بەردەوامە. هۆکاری ئەوەش دوور نییە بۆ ئەو چەواشەکارییانە بگەڕێتەوە کە لە رابردوودا کراوە. بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی زاستی رەوتی مێژوو لێکدەدرێتەوە، هیچ دەرفەتێک بۆ شێواندن و چەواشەکارییەکان نامێنێتەوە. یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە ئەو پرسیارە لە زهنی ئێمەدا گرنگ دەکات و بایەخی پێ دەدەین، بریتییە لەوەی خەڵکانی ئاست نزم و تێکشکاو، لە قۆناغ و دۆخێکی تردا، هەوڵ دەدەن مێژووییەکی تر بۆ خۆیان بنووسنەوە. بە مانایەکی تر، کاتێک دۆخی ئێستا لەگەڵ رابردوودا یەکناگرێتەوە و ناهاوسەنگ دەبێت، پرسیاری کێ مێژوو دەنووسێتەوە؟ بایەخ و گرنگی گەورەی دەبێت. هەر بۆیە زۆرجار مرۆڤەکان لە زهنی خۆیاندا دەپرسن: ئەم ئێستایە هی ئەو رابردوەیە؟
تەنیا براوەکان مێژوو دەنووسنەوە؟
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دکتۆر لیڤی رۆچ، پڕۆفیسۆری مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست لە زانکۆی ئێکستەر، هەوڵدەدات بە شێوەیەکی تایبەتی وەڵامی پرسیاری (ئاخۆ سەرجەم براوەکان مێژوونووسن؟) دەداتەوە و دەڵێت: پێمان خۆش بێت یان نا، ئەو دەربڕینە دێرینەی دەڵێت: مێژوو سەرکەوتوو یان براوەکان دەینووسنەوە، تا ئەندازەیەک راستە، رابردوو لە گۆشەنیگای بۆچوونە باوەکان و لە روانگەی ئەو بەرژەوەندی و بیرۆکە جیهانییانەوە دەبینین کە ئێستا دەیانناسین. بۆ نموونە ئێمە بەگشتی ئەو پێشهاتانەی هاوتەریبن لەگەڵ رەوتی مۆدێرنە و تازەگەریدا، بە پێشکەوتنێکی سروشتی و ئاسایی دەزانین. هەروەها نکۆڵی لەو ئاستەنگ و لەمپەرانە دەکەین کە هاتوونەتە سەر رێی (قۆناغی مۆدێرنە و تازەگەری). واتە رووداوە تۆمارکراوەکانی رابردوو، بەپێی دۆخی ئێستا لێکدەدەینەوە و زۆرجار بیر لەو تەنگ و چەڵەمانە ناکەینەوە، کە لە رابردوودا ئەم قۆناغە یان ئەم دۆخەی دروستکردووە. بەڵکو بە دیدێکی سادە و ئاسایی رووداوەکانی رابردوو لێکدەدەینەوە.
کاتێک بە دیدێکی ئەمڕۆیانەوە بیر لە قۆناغی مۆدێرنە دەکەینەوە، ئەو دامەزراوانەی کە رۆڵیان لە پێکهاتنی قۆناغی مۆدێرنەدا هەبووە و رۆڵیان لە تۆمارکردن و کۆکردنەوەی مێژوودا هەبووە، نادیدە دەگرین. بۆ نموونە لە ئینگلتەرا ئەرشیفی نیشتمانی و کتێبخانەی بەریتانیا مێژووی مۆدێرنی ئینگلتەرا و سەدەکانی ناوەڕاستیان تۆمار کردووە. هەمان شت بۆ باقی وڵاتانی ئەوروپاش راستە. بێگومان ئەمە خۆی لەخۆیدا شتێکی نوێ نییە. لە سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەمانە کتێبخانە و ئەرشیفی گەورەی ئایینی و حکومی بوون، بەپێی ویستی خۆیان زانیارییەکانیان رێکدەخست. هەربۆیە کاتێک ئێستا بیر لەو مێژووە دەکەینەوە، هاوکێشەی دۆڕاو و براوە، یان سەرکەوتوو و سەرنەکەوتوو زۆر مانایان نابێت، چونکە دامەزراوەیەکی گەورە رۆڵی لە نووسینەوەی مێژووی ئەو قۆناغەدا هەبووە. هەروەها رۆڵی گرنگیشیان لە پڕۆسەی بە مۆدێرنکردنی خەڵک و دامودەزگا و زانست و فەلسەفەدا گێڕاوە.
ئەوەش بەو مانایە نایەت کە هەمیشە مێژوو بە دەستی سەرکەوتووەکان و بۆ مانەوەی خۆیان نووسراوەتەوە. هەروەک هەندێک بارودۆخی تایبەت، سەرکەوتووەکان تەنیا لە هەندێک دۆخدا توانیویانە بزوێنەری مێژوو بن، هەروەها هەمیشەش براوە نەبوون.
لەبەردەوامبوونی رەوتی مێژوودا، هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەگۆڕێن. هەموو سەرکەوتووەکان هاوشێوە نین، تەنانەت هەندێکجار دژی باوانی خۆشیان بوون. وێڕای ئەوە هۆکاری زیاتر لە دەسەڵاتی سیاسی کاریگەریی بەسەر رەوتی مێژووەوە هەیە.
بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، توانای خوێندنەوە و نووسین، هەر لە سەرەتاوە تۆمارکردنی رووداوەکانی دەستەبەر دەکرد. پێش نووسینی هەر دەقێک، ئێمە مامەڵە لەگەڵ بۆچوونی کەسی سێیەمیشدا دەکەین. چی بۆچوونی سەرکەوتووەکان یان ئەوانی تر. کە ئەوەش نووسەرە خوێنەوارەکانن، زۆرجار ئەو کەسانە نە براوەن و نە دۆڕاو. بۆ نموونە چیرۆکی هێرشی ڤاکینگەکان بە قەڵەمی خۆیان نەنووسراوەتەوە، بەڵکو بە قەڵەمی قوربانییەکانیان نووسراوەتەوە. هەروەها راپەڕینی سلۆڤینییەکان لەساڵی 983 زاینی بە هەمان شێوەیە. کە بووە هۆی رووخانی چەند دەسەڵاتدار و میرنشینێکی مەسیحی لە خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا. زۆربەی ئەو رووداوانە لە زمانی قوربانییەکانەوە دەبیستین نەک سەرکەوتووەکان. کەواتە هەمیشە مێژوو زیاترە لە دوو رەهەندییەکی سادە.
کاتێک چەواشەکارییەکان ئاشکرا دەبن
لوسی ڤودینگ، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت: وا دیارە هەندێک لە تۆمارە مێژووییەکان لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە نەنووسراونەتەوە. بۆ نموونە مێژووی چاکسازییەکانی ئینگلتەرا، کە مەزهەبی ئەو وڵاتەی کردە پرۆتستانت و لە بەرامبەر دوژمنە کاسۆلیکەکانی ئەودیوی ئاوەکاندا وەستانەوە، گێڕانەوەی باو و باڵادەست لە وڵاتەکەدا بۆ چەندین سەدە لەژێر کاریگەریی سەرکەوتنی پرۆتستانتەکان بوو. کڵێسای کاسۆلیکی پێش چاکسازی وەک خورافی و سەرکوتگەر ناسێندرا. بە پێچەوانەوە پرۆتستانتیش خۆیان وەک ئازادیخواز و رۆشنگەر دەناساند. دواتر، کاسۆلیکەکان بە تیرۆرکردن و داگیرکردنی بەلەمە ئیسپانییەکان ناسێنران. بەڵام لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، هەڵوێست لەبەرامبەر شوناسی ئایینی گۆڕانی بەسەردا هات، ئەو قسە و گێڕانەوانە خرایە ژێر پرسیارەوە. دواتر لێکدانەوەیەکی مێژوویی جیاواز سەریهەڵدا کە پێیوایە کڵێسای کاسۆلیکی پێش چاکسازییەکان لە بەریتانیا، چەندین خاڵی بەهێزی هەبووە، پرۆتستانتیزم کە لەلایەن دەستەبژێرە نەخوێندەوارەکانەوە بەرەوپێش دەچوو، زۆرێک لە چەمکە بەنرخەکانی کەلتوری ئایینی نەریتی لەناوبرد.
لە هەمانکاتدا پێناسەی لایەنی براوە و سەرکەوتوو لە مێژوودا کێشەدارە. هەر بۆیە لوسی ڤودینگ دەپرسێت بە ڕاستی مەبەستمان لەم ناونیشانە کێیە؟ واتە براوەکان کێن؟ ئەوەش لەکاتێکدایە لە دونیای فیکردا، دوو نووسەر و شاعیر و چیرۆکنووسی سیاسی نادۆزیتەوە لەسەر پێناسەی ئەو چەمکە بە تەواوی هاوڕا بن. جگە لەوەش کاتێک ئامانج و مەبەستێکی سیاسی لەناو مێژوودا دەدۆزرێتەوە، دەتوانرێت ببێتە کەرەستەیەک بۆ سەرکەوتن یان پیشاندانی سەرکەوتن.
لە هەموو سەردەمێکدا بەگشتی و سەردەمی ئێمەدا بەتایبەتی، سیاسەتمەدارە نەناسراوەکان بۆ مەبەستی خۆیان دەستکاری مێژوو دەکەن، بەڵام ئەوە ئەو مێژووە نییە کە سەرکەوتووەکان نووسیویانە، بەڵکو زیاتر لە دزینی مێژوو دەچێت لەلایەن ئەو کەسانەی بۆ سەرکەوتن تێدەکۆشن. بەڵام زانستی مێژوو چارەسەرێکی ناوخۆیی بۆ ئەو کێشەیە هەیە، مێژوو ئەگەر بە دروستی بنووسرێتەوە، شێواندن و بەلاڕێدابردن و چەواشەکان ئاشکرا دەکات. مێژوونووسی زانستی و بێلایەن رابردوو ناگێڕێتەوە، بەڵکو لێی دەکۆڵێتەوە. واتە هەرچەندە مرۆڤە ئاست نزمەکان دەستکاری مێژوو دەکەن، بەڵام دەتوانرێت سوود و کەڵک لە مێژوو وەربگیرێت بۆ ئاشکراکردنی نیازی ئەو کەسانەی کە ئامانجیان دۆزینەوەی راستییەکان نییە، بەڵکو بۆ قازانج و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان دەگەڕێن.
ئاخۆ دڵنیاین کێ براوەیە؟
فیلیپ تزار، مێژوونووس لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ ئێستا و دوای تێپەڕین بەسەر چەند قۆناغدا دڵنیاین کام لایەن سەرکەوتووە یان براوەیە؟ هەروەها دەڵێت: مێژووی پۆست کۆمۆنیزم لە ئەوروپا لە دوای ساڵی 1989 لەبەرچاو بگرن؛ دیارە ئەم مێژووە لەلایەن سەرکەوتووانی شەڕەوە نووسراوە. لە راستیدا ئەم سەرکەوتنە هێندە پڕ و تەواو بوو، کە فرانسیس فۆکۆیاما بە ئاشکرا وتی: بەم زووانە شتێکی نوێ بۆ نووسین نامێنێتەوە؛ کە ئەو بە (کۆتایی مێژوو) ناوی برد.
کەواتە جیهان بەرەو ئابووریی بازاڕی ئازاد و دیموکراسی لیبڕاڵ هەنگاو دەنێت بەڵام ئێستا دەبێت بەڕاستی لە خۆمان بپرسین، مەبەستمان لە «سەرکەوتوو» چییە و دڵنیاین کێ براوەیە؟ کەی دەتوانین سەرکەوتنەکەی رابگەیەنین؟
فۆکۆیاما سەبارەت بە سەرهەڵدانی سەرمایەداریی جیهانی راستی دەکرد، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبوو کە سەرمایەداری لە رژێمە دیکتاتۆرییەکانیشدا گەشە دەکات. ئەمڕۆ رەخنەگرتن لە فۆکۆیاما ئاسانە، بەڵام زۆربەی زانایانی زانستی کۆمەڵایەتی و زانستە مرۆڤایەتییەکان، کە لەسەر قۆناغی دوای کۆمۆنیزم لێکۆڵینەوەیان دەکرد و دەیاننووسی، گریمانەکانی ئەویان پەیڕەو دەکرد و لە چۆنێتی چەسپاندنی دیموکراسی و بەتایبەتکردن و چاکسازییەکانی تری بازاڕگەراییان کۆڵییەوە. لەکاتێکدا ئەو زانایانە تا رادەیەکی زۆر ئاماژە سەرەتاییەکانی قەیرانیان لە وڵاتانی دیموکراسیدا پشتگوێخست، لەوانە کەمبوونەوەی دەنگدەران و بەشداریی سیاسی خەڵک لە پڕۆسە سیاسییەکاندا.
هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکانی چاکسازییە نیولیبراڵییەکان، وەک زیادبوونی نایەکسانی ناوچەیی و کۆمەڵایەتی، چاوپۆشییان لێکرا.
نووسینی مێژوو بە دەستی براوەکان، واتە دۆڕاویش هەیە. لە سەردەمی دوای ساڵی 1989 دا، لێکدانەوەی دوو جەمسەری (چاکە و خراپە) وا دەکات تۆ کۆمۆنیزم ئیدانە بکەیت، بەڵام ئەمە لەگەڵ ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی ئەو کەسانەدا نەدەگونجا، کە لەژێر کۆمۆنیزمدا ژیاون. هەرچەندە (لانیکەم لە خۆرئاوا)، کۆمۆنیزم خراوەتە سەر رەفەی کتێبەکانی مێژووەوە، بەڵام کۆمۆنیزم بە شێوازی تر و لە دوای جەنگی سارد و دابەشبوونی ئەوروپا بەسەر بلۆکی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتیدا، هێشتا بەردەوام بوو.
ئەم دۆخە تا قەیرانی دارایی جیهان لەساڵی 2008 تاڕادەیەکی باش درێژەی کێشا، بەڵام دوای ئەوەی شکۆی دەسەڵاتی نیولیبراڵ شکا؛ یەکەم: چونکە حکومەتی «خراپ» ناچاربوو قەیرانی دارایی جیهانی چارەسەر بکات، پاشان لە بەرەی سیاسیدا، ساڵی 2016 شایەتی سەرهەڵدانی توندڕەویی پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستی دژە لیبراڵ بوو. لەم چوارچێوەیەدا رەنگە لە خۆمان بپرسین: ئایا بەڕاستی ئەوانەی بەناو براوەی جەنگی سارد، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؟ کەچی هیچ سەرکەوتنێک ئەبەدی نییە، هەربۆیە هیچ مێژوویەکیش ئەبەدی نییە.
ئێستا مێژوونووسەکان مێژوو دەنووسنەوە
مێژوو لەلایەن مێژوونووسەوە دەنووسرێتەوە و دەخرێتە پارسەنگی زانستەوە. چونکە مێژوو حیکایەتی بەر ئاگردان نییە، تا بە خواست و مەیلی تاکەکەسێک بگێڕدرێتەوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، بریجیت هیڵ پڕۆفیسۆری مێژووی مۆدێرن لە زانکۆی سانت ئەندرۆس، جەخت لەوە دەکاتەوە، مێژوو لەلایەن مێژوونووسەوە دەنووسرێتەوە و دەڵێت: لەم دواییانەدا رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە گاڵتەجاڕییەوە نووسیبووی، ئەگەر مێژوونووسێکی پیشەیی ببینیت و چاوێک بە جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل و ماڵەکەیدا بخشێنیت، چیتر ناڵێی مێژوو لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە نووسراوە. پڕۆسەی پیشەییکردن و بە ئەکادیمیکردنی نووسینەوەی مێژوو، کە لانیکەم لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەستی پێکردووە، بۆتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ مێژوو بە شێوەیەکی سەرەکی بە دەستی مێژوونووسان بنووسرێت. لە سەدەی بیستویەکدا هێشتا کۆمەڵگەی ئەکادیمی بەدەست هەمەجۆرییەکی کەمەوە دەناڵێنێت، بەڵام لانیکەم پێویستی بە شیکردنەوەی رابردووە و درکیان بە هەموو ئاڵۆزییەکانی کردووە.
پرسی براوە و دۆڕاو یەکێکە لە دەرەنجامە گەورەکانی مێژووی کۆیلایەتی و کۆلۆنیاڵیزم. ئەوەش لەگەڵ پرسی داڕشتن و دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە رووبەڕوومان دەکاتەوە.
کەواتە پرسیاری گوێ لە کێ بگرین، خاوەن پێگەیەکی گرنگی زانستی و واقعییە. هەربۆیە ئەم جۆرە پرسیارانە کاریگەرییان لەسەر لێکۆڵینەوەی مێژوو هەبووە. بۆنموونە لەبارەی مێژووی مۆدێرنەی ئەوروپاوە لانیکەم لە حەفتاکانەوە، زانایان هەوڵیاندا بە مێژووی کەمینە بێبەش و ستەملێکراوەکان و ئەو گرووپانەی کە مێژووی نووسراوی زۆریان نەبووە، بچنەوە.
سەبارەت بە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن، مێژووی ژنان و مێژووی هاوڕەگەزخوازان و مێژووی کەمینە ئایینییەکان و مێژووی پەناخوازان و کۆچەران، بۆ هەموو ئەم گروپانە، ئێستا مێژووی دوور و درێژ دۆزراونەتەوە و تۆمارکراون. بۆ نموونە، بە لێکۆڵینەوە لەسەر پرسێکی شێتانەی جادووگەر کوشتن لە سەدەی 16 و 17، مێژوونووسان توانیویانە بەسەر گێڕانەوەی شێواوی ناو تۆمارە رەسمییەکاندا زاڵ بن و بیروباوەڕی تۆمەتبارەکان وەربگرنەوە بە بەکارهێنانی رێبازگەلێک کە لە ئەنترۆپۆلۆژی و دەروونناسییەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. تەنانەت گێڕانەوەی مێژووی شەڕەکان، کە ماوەیەکی زۆر لە دەستی حکومەتەکاندا بوو و تیشک خراوەتە سەر سیاسەت و دیپلۆماسی و ستراتیژی سەربازی، ئەمڕۆ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
کەواتە بەڵێ بێگومان مێژوو بەزۆری لەلایەن براوەکانەوە دەنووسرێت. بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵێک مێژوونووسی پابەند و خوێندەوار هەن، هەرچەندە هەژارن و جلوبەرگی باشیان لەبەردا نییە، هەمیشە هەوڵ دەدەن گێڕانەوە و بۆچوونی زاڵی براوە و سەرکەوتووەکان تێپەڕێنن و نەکەونە ژێر کاریگەرییانەوە.
سەرچاوە
- آیا واقعا تاریخ را فاتحان مینویسند؟ مجلە نبشت
- فەلسەفەی مێژوو: د.حەمید عەزیز، گۆڤاری رامان
- فلسفه تاریخ هگل: پرتال علوم انسانی