عوبێد مام رەسوڵ
لەئێستادا بەهۆى ئەو گۆڕانکاریە خێرایەى جیهانى پێیدا تێدەپەڕێت، وڵاتان ناچارن دووبارە بە سیاسەتى خۆیاندا بچنەوە، چاکسازى تێدا ئەنجام بدەن. لەم دونیا هاوچەرخ و پڕ لەپێشکەوتن و گۆڕانکاریەدا، وڵاتان وەک زنجیرەیەکى پێکەوە بەستراو دەردەکەون، یان باشترە بڵێین وەک ناوچەى یەک شار، یان چەند شارێکى یەک وڵات، دەردەکەون. هەموو ئەمانەش بەهۆى ئەو شۆڕشە مەزنەوە هاتە ئارا، کە لەبوارى زنیارى و گەیاندن و پەیوەندیدا ڕوویداوە. مەبەست لە پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى ڕادەستکردنى کەرتى گشتى نییە بە کەرتى تایبەت بێ بیرکردنەوەو لێکۆڵینەوە، بەواتایەکى تر گۆڕینى کەرتى گشتى نییە بە کەرتى تایبەت. وەک هەندێک باسى لێوە دەکەن و لێکدانەوەى بۆ دەکەن. بەڵکو ئامانج لە پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى ڕزگاربوونە، لەهەموو ئەو بارگرانیەى پێویستە دەوڵەت ڕزگارى بێت لێیان، بەمەرجێک ئەو ڕزگاربوونە کاردانەوەى نەرێنى نەبێت، لەسەر ئامانجى ستراتیژى و بەرنامەى گەشەپێدانى دەوڵەت. پرۆسەى چاکسازى کارگێرى، لەناوەرۆکدا پرۆسەیەکى دژە گەندەڵیە، پرۆسەیەکە دژ بەهەدەردانى سەرچاوە سروشتیەکانى دەوڵەت و خراپ بەکارهێنانى ئەو سەرچاوانە. دژ بەگەندەڵى دارایى و لەکارخستنى کارمەندان و خاویى و خراپییە، لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکاندا. بەڵام لە بەشێک لە وڵاتانى دونیادا، پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى، لەپێناو ڕەوتکردنە (هاوتەریب بوونە) لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانەى ڕوودەدەن؛ لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمداریی لەوڵاتدا. مەبەست لە چاکسازى کارگێڕى دووبارە بیرکردنەوەیە لەگۆڕینى بەرنامە و شێوازى بەڕێوەبردنى دامودەزگاکانى میرى. لەڕاستیدا پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى داخوازى و ئامانجى زۆر لە وڵاتانە، جا ئەو وڵاتانە پێشکەوتووبن، یان وڵاتانى جیهانى سێیەم. بەو پێیەى چاکسازى کارگێڕى دووبارە داڕشتنەوەى رۆڵى دەوڵەتە لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆ هاوڵاتیەکانى. هاوکات جوڵەیەکى جۆرییە لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکان و کەمکردنەوەى تێچوو و گۆڕینى بەڕێوەبردنى خزمەتگوزاریەکانە؛ لەشێوازێکى بیرۆکراتییەوە، بۆ شێوازێکى بازرگانى، یان ئابوورى. جا ئەو گۆڕانکاریە لەڕێگەى بەتایبەتکردنى کەرتەکان بێت، یان لەڕێگەى بەگەڕخستنى خودى خزمەتگوزاریەکانەوە بێ، بەدۆزینەوەى شێوازێکى نەرمتر و دوورکەوتنەوە لە بێرۆکراتیەت. کاتێک باس لە پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى دەکرێت، ئەوا پێویستە باس لە بەڕێوەبردنى بودجەى دەوڵەت بکرێت، پێویستە باس لەوە بکەین چۆن وا لە پرۆژەى بودجە بکەین، ئامرازێکى چاکسازى بێت لەڕێى باش بەڕیوەبردن، باش بەکارهێنان و وەبەرهێنان پێکردنى بودجە، لە پرۆژە گرنگ و پێویست و لە پێشینەکاندا، نەک تەنیا لەڕێى هاوتاکردنى، لەڕێى کەمکردنەوەى خەرجیەکانەوە. بەشێوەیەکى گشتى ئەو فاکتەرانەى وا دەکەن پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى لەوڵاتدا بەگەڕ بخرێت، بریتین لە:
• دابەزینى چوستى (تواناى) ئابوورى لە کێبڕکێکى ئابووریە دەرەکیەکاندا.
• کەموکورتى لە لەئاستى بەجێگەیاندنى میرى و نوێگەرى لە بەڕێوەبردندا.
• بڵاوبونەوەى گەندەڵى و ئاژاوە لە وڵاتدا.
• پاشەکشەکردن لە ئاستى گوزارانى هاوڵاتیاندا. پێناسەى چاکسازى کارگێڕى: چەمکى چاکسازى کارگێڕى چەندین پێناسەى جۆراوجۆرى بۆ کراوە، جیاوازى و لێکنەچونى ئەو پێناسانەش بەپێى جیاوازى بۆچوونى نووسەران و توێژەرانى ئەو بوارە و تێڕوانینە جیاوازەکانیان بۆ چاکسازى کارگێڕى دەگۆڕێت، لەو بارەیەوە کۆنگرەى چاکسازى کارگێڕى لە وڵاتانى جیهانى سێیەمدا، کە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان لە زانکۆى (ساسکى) بەریتانیا لە ساڵى 1971، بەستبووى، پێناسەى چاکسازى کارگێڕى کراوە بەوەى (بەروبومى ئەو کۆششەیە کە بەشێوەیەکى تایبەت ئامادەکراوە، ئامانج لێى هێنانەئاراى گۆڕانکارى بنەڕەتیە لە کەرتى گشتیدا، لەڕێى ئەنجامدانى چاکسازى لەسەر ئاستى سیستەم بەشێوەیەکى گشتى). بەڵام سامى محمد، کە نووسەرێکى دیارى بوارى کارگێڕییە، لە کتێبى (دەروازەکانى چاکسازى کارگێڕى)دا پێناسەى چاکسازى کارگێڕى دەکات بەوەى: (کۆششێکى سیاسى و کارگێڕى و ئابوورى و رۆشنبیرى ئامانجدارە، ئامانج لێتى هێنانە ئاراى گۆڕانکارى بنەڕەتى ئەرێنییە لە ئاکار و سیستەم و پەیوەندى و شێواز و ئامرازەکاندا، لەپێناو گەشەپێدانى توانا و لێهاتوویى دەزگاکانى میریدا، بەشێوەیەک بەرزترین ئاستى توانا و لێهاتووییان بۆ دەستە بەر بکات لەهێنانەدى ئامانجەکاندا).
بەشێک لە بیرمەندانى کارگێڕى پێیان وایە: چاکسازى کارگێڕى پرۆسەى گونجاندنى کارگێڕییە لەگەڵ نوێگەری لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانى کارگێڕى و تاکەکان و شێوازى کارکردندا، چاکسازى کارگێڕى پرۆسەیەکى بنەڕەتییە کە پشت بە کەسانى ئامادەکراو دەبەستێت. بەڵام بەشێکى تر لە بیرمەندانى کارگێڕى پێیان وایە: چاکسازى کارگێڕى بریتیە لە راستکردنەوەو و هەموارکردنەوە لەو دامو دەزگا کارگێڕیانەى ئێستا لە ئارادان، یان ئەنجامدانى نوێگەرییە لە دامودەزگاکانى میریدا و دەرکردنى سیستەم و یاسا و ڕێنمایى پێویستە بۆ ئەنجامدانى چاکسازى کارگێڕى. بەشێوەیەکى گشتى لەو پێناسانەى باسکران، دەردەکەوێت. چاکسازى کارگێڕى کۆششێکى بەکۆمەڵى (دەستەجەمعى) ڕێکخراوە، ئامانج لێى ئەنجامدانى گۆڕانکارى پەیکەرییە لەو دامو دەزگایانەى میرى کە ئێستا لە ئارادان، بە مەبەستى زیاتر کاراکردنیان، بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخى سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابوورى باودا. لەڕێگەى باشترکردنى شێوازى کارکردن، ئامادەکردن و ڕاهێنانى ئەو کارمەندانى پرۆسەى بەڕێوەبردنى ئەو دامودەزگایانەیان لە ئەستۆدایە. سەربارى ئەوەش چاکسازى کارگێڕى پێویستى بە ئامادەکردن و سازدانى کەشێکى یاسایى گونجاوە، بەشێوەیەک تواناى دامەزراوەکانى میرى بەرزبکاتەوەو ئاستى بەجێگەیاندنیان باشتر بکات.
ستراتیژێتەکانى چاکسازى کارگێڕى: لەدونیاى ئەمڕۆدا بۆ جێبەجێکردنى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى چەند ستراتیژێتێک دەگیرێتە بەر، گرنگترینیان بریتیە لە: یەکەم: ستراتیژێتى چەکسازى بەشەکى (استراتیجیە الإصلاح الجزئی) ئەم ستراتیژیەتە پشت بە ئاڕاستەکردنى هەوڵەکانى چاکسازى دەدات بەئاڕاستەى ژمارەیەکى کەم لە رەگەز و دامەزراوەى بەئامانج گیراو لە پرۆسەى چاکسازیدا، هەمیشە ئەم ستراتیژیەتە جەخت دەکاتەوە لەسەر چوار رەگەز، ئەو رەگەزانەش بریتین لە:
ئاستى پەیکەرى ڕێکخستن، ئاستى رەگەزى مرۆیى، ئاستى ڕێگە و شێوازەکانى کارکردن و سیستم و یاساکان.
دووەم: ستراتیژێتى چاکسازى ئاسۆیى: ئەم ستراتیژێتە جەخت دەکاتەوە لەسەر ژمارەیەکى کەم و سنوردار لەو رەگەزانەى کۆى سیستمى کارگێڕى پێکدێنن، بەڵام ئەم ستراتیژێتە لەسەر کۆى دامەزراوەکانى میرى و ئەو کەرتانەى سەر بە میرین، یان کەرتى تێکەڵ کە بەشێکى پەیوەندى بە میریەوە هەیە. ئەم ستراتیژێتە زیاتر بۆ ڕاستکردنەوەى پلەبەدى کرێ و هەقدەستى کار، یان بۆ داڕشتنى پەیکەرى ڕێکخستن و پەرەپێدانى، یان بۆ هەڵسەنگاندنى پۆستەکان لە تەواوى کەرتەکانى میریدا. سێیەم: ستراتیژێتى چاکسازى کەرتى، (ستراتیژێتى چاکسازى تایبەت بە کەرتێکى دیاریکراو): ئەم ستراتیژێتە پشت بە هەڵبژاردنى هەموو ئەو ڕەگەزە حەریجانەى (الحرجة) ئاستى بەجێگەیاندن پێکدێنن لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، ئەم ستراتیژێتە تاقیدەکرێتەوە بەر لە جێبەجێکردن و گشتاندنى بەسەر رەگەزەکانى تردا، تاقیکردنەوەکەش لەڕێى لیژنەیەکى تایبەت بە تاقیکردنەوەى چاکسازیەکە دەبێت لەئاستى کەرتێکى دیاریکراو یان روبەرێکى جوگرافى دیاریکراودا. بە بۆچوونى توێژەران ئەم ڕێگەیەى چاکسازى کاریگەرى ئەرێنى هەیە لەسەر پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى لەلایەک، لەلایەکى ترەوە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ململانێ کە ڕیگر دەبێت لەپرۆسەى چاکسازى. قۆناغەکانى چاکسازى کارگێڕى: لەپێناو گەرەنتى کردنى سەرکەوتنى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى، پێویستە زنجیرەیەک هەنگاو و ڕێکارى یەک بەدواى یەک و هاوئاهەنگ بگیرێتە بەر، ئەو هەنگاوانەش بریتین لە: یەکەم: لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەى پێویست بوونى چاکسازى کارگێڕى: لەم قۆناغەدا لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەى زانستى پێویست ئەنجام دەدرێت سەبارەت بەو هۆکار و دیاردانەى پێویستى پیادەکردنى چاکسازى دەسەپێنن، ئەو هۆکارانەش بریتین لە:
خراپى ئاستى بەجێگەیاندن لە بەشێکى زۆر لە دامەزراوەکانى میریدا.
- دابەزیتى ئاستى رەزامەندى هاوڵاتیان لە خزمەتگوزاریەکان. - هەڵاوسان لە ژمارەى فەرمانبەراندا، واتە بڵاوبونەوەى دیاردەى بێکارى ناچارى لەنێو فەرمانگەکاندا.
- لاوازى ئاستى لێهاتوویى و چوستى بەڕێوەبەرى دامەزراوەکانى میرى.
- نەبوونى دیسپلینى کارگێڕى. هەموو ئەو دیاردانەى ئاماژەیان پێدرا ئاستى پێویستى چاکسازى کارگێڕى دەخەنە ڕوو، هاوکات پێویستە ئەو هۆکارانە شیبکرێنەوەو دەستنیشان بکرێن کە دەبنە هۆى دەرکەوتنى ئەو دیاردانە، پاشن دەستنیشانکردنى چارەسەرى نمونەى بۆ ئەو دیاردانە بەڕەچاوکردنى تواناو بڕى سەرچاوەى دارایى و مرۆیى بەردەست.
دووەم: ئامادەکردن و داڕشتنى ستراتیژ و ئامانجەکان: لەم قۆناغەدا پلانى ستراتیژى و ئامانجە سەرەکیەکانى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى دادەڕێژرێت. ئەم قۆناغە بە سەختترین قۆناغى پرۆسەى چاکسازى دادەنرێت، جیاوازى تێڕوانین و زۆرى و جیاوازى ستراتیژێت و چەمکەکان، دیارى دەکەن کە ئایا ئامانجەکان لەپێناو زیادکردنى چاودێریدا بێت، یان لەپێناو زیادکردنى نامەرکەزێتدا بێت. ئاستى سەرکەوتنى ئامانجەکانیش پەیوەستن بە چەند فاکتەر و تایبەتمەندیەکەوە کە پێویستە لە ئامانجەکاندا رەچاو بکرێن، ئەو فاکتەرو تایبەتمەندیانەش بریتین لە: پێویستە ئامانجەکان دیاریکراو و ڕوون بن.
- پێویستە ئامانجەکان واقیعى بن.
- پێویستە ئامانجەکان شایستەى پێوانە بن.
- پێویستە ئامانجەکان خشتەیەکى کاتى دیاریکراو داڕێژرابن. سێیەم: جێبەجیکردنى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى:
ئەم قۆناغەى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى بەهەمان شێوەى قۆناغى دووەم، بە قۆناغێکى سەخت و دژوار دەدەنرێت، لەبەر بوونى تەوژمى دژە چاکسازى و گۆڕانکارى لە دام و دەزگاکانى میریدا، بەتایبەت ئەگەر ئەو تەوژمە هەست بەوە بکەن پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر پێگە و سەنگ و کەسایەتى و بەرژەوەندیەکانیان. باوترین ئەو شێوازانەى لەم قۆناغەدا پیادە دەکرێت بریتین لە:
شێوازى بەرکەوتنى لەناکاو (الصدمة الفجائیة)، ئەم شێوازە پاش جەنگى جیهانى دووەم، وڵاتى ژاپۆن پیادەى کرد و سەرکەوتنى بەرچاوى بەدەستهێنا، لەو کاتەدا ژاپۆن بەیەک گوژمە (15000) کارمەندى لەسەر کار لادا.
- شێوازى لەسەرخۆ یان شێوازى پلەبەندى: ئەم شێوازە پشت دەبەستێت بە ئامادەکردنى دامەزراوە کارگێڕیەکان بەشێوەیەک لەسەر خۆ بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى چاکسازى کارگێرى، لەم شێوازەدا پێویستە پێش وەخت ئامادەکارى گونجاو ئەنجام بدرێت و ئامانجەکانى چاکسازى و مەبەستەکانى لەنێو توێژە جیاوازەکانى کارمەندانى دام و دەزگاکانى میریدا بڵاوبکرێتەوە پێش دەستپێکردنى پرۆسەکەن ئەم شێوازە فەڕەنسیەکان بەکاریان هێنا، بۆ چاکسازیکردن لە سیستمى بەڕێوەبردن و چاودێرى و ئەو دەردو ئافاتەى رووبەڕووى پرۆژە خزمەتگوزاریەکانى کارەبا و گاز ببۆوە لەو وڵاتەدا. چوارەم:
چاودێرى و ڕاستکردنەوەى ئاستى بەجێگەیاندن: هەمیشە ئەرکى چاودێرى لە پرۆسەى چاکسازى کارگێڕیدا بە دوو شێوەیە، چاودێرى پاش ئەنجامدانى ئەرکەکە: کە تێیدا بەراوردى ئەنجامى بەجێگەیاندن دەکرێت بە پلانى ساڵانە کە لە پلانى ستراتیژیەوە سەرچاوەى گرتوە، پاشان ئاستى لادان لەو ئامانجانە دەستنیشان دەکرێت ئەگەر لادان بەدى کرا و چارەسەر و جێگرەوەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان پێشکەش دەکرێت. چاودێرى هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنى پرۆسەکەدا: ئەم جۆرە چاودێریە، بە باشترین جۆرى چاودێرى دادەنرێت، بەو پێیەى پشت بە زانیارى گەڕاوە دەبەستێت، ئەوەش ڕێگە بۆ ئەو کەسانە دەکاتە کە بڕیار دەرن لەکاتى گونجاودا دەستوەردان بکەن و ڕێنمایى پێویست بۆ جێبەجێکردنى پلان و بەرنامەکان دەربکەن لەپێناو گەیشتن بە باشترین ئەنجامى خوازراو. ئامانجەکانى چاکسازى کارگێڕى: ئامانجەکانى چاکسازى کارگێڕى هێنانەدى مەبەستە سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابووریەکانە، دەتوانین زۆربەى ئامانجەکان لەو چەند خاڵەى خوارەوەدا بخەینە ڕوو:
1- باشکردنى ئاستى بەجێگەیانى دەزگاکانى میرى و بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمداریان.
2- بەرزکردنەوەى ئاستى چوستى دامەزراوەکانى میرى و باشترکردنى جۆرى خزمەتگوزاریەکانى بۆ هاوڵاتیانى ئاسایى. هەروەها پاڵپشتیکردنى تواناى ئەو دامەزراوانە بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى.
3 - ڕێنوێنیکردنى خەرجى میرى و جەختکردنەوە لەسەر ئابوورى بەگەڕخستن، لەڕێى کەمکردنەوەى قەبارەى بەرنامەو دەزگاکان و کەمکردنەوەى ژمارەى کارمەندانى زیادە.
4-پاڵپشتیکردنى پرۆسەى گۆڕان بەرەو دیموکراسى و پشتیوانیکردنى ئاڕاستەى بەرەو نامەرکەزێتى کارگێڕى. بە ئامانجى بەشدارى جەماوەرى لە کاروبارى گشتى و پرۆسەى دروستکردنى بڕیاردا.
5- کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕێکارە کارگێڕیەکان و چاکسازى لە سیستمى دارایى و باجدا بەمەبەستى فەراهەمکردنى سەرچاوەو هێنانە ئاراى دادپەروەرى و دابەشکردنى ئەرکەکان بە یەکسانى. 6- باشترکردنى مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتیان و وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیان. بەو پێیەى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بە هاوڵاتیان تەنیا بوونى دامەزراوەکانى میرییە.
7- داڕشتنى سیاسەتى گشتى و جێبەجێکردنى، بەشێوەیەک گەرەنتى کارایى و لێهاتوویى و دادپەروەردى و ملکەچى بۆ لێپرسینەوە بکات. (لێپرسینەوە لەئاستى بەجێگەیاندن بکات.)
8-هاوئاهەنگى کەرتى گشتى لەگەڵ ئەرکەکانى دەوڵەت و تێرکردنى پێداویستى هاونیشتمانیان.
9- نوێکردنەوەى و هاوچەرخکردنى کەرتى گشتى لەتەواوى ئاستە جیاوازەکان و رەهەندەکانى ژێرخان و ئەرکەکاندا، بەشێوەیەک هاوکار بێت لە زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەى رووبەڕووى دەبێتەوە.
10- هاوئاهەنگى کەرتى گشتى بۆ پێداویستیەکانى نوێگەرى لەپێناو هێنانە دى تەواوکارى کارگێڕى، چارەسەرکردنى لادانەکان، بەربەرەکانى گەندەڵى و زاڵبوون بەسەر ئاڵۆزى و کەموکورتیەکاندا.
11- بونیادنانى پەیکەرى کارگێڕى دەوڵەت لەسەر بنەمای زانستى و نیشتمانى، بەشێوەیەک واى لێبکات تواناى ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانى هەبێ و تواناى وەڵامدانەوەى گۆڕانکاریە شارستانیە باوەکانى هەبێت.
12- بونیادنانى بنەماکانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، کە تواناى بەدیهێنانى ئامانجە میللەیە بەرزەکانى وەک (بونیادى پەروەردەیى، ڕێکخستنى زانستى و تەکنۆلۆژى هاوچەرخ، گرنگیدان بە سەرچاوەى مرۆیى، باشترکردنى ژینگەى کار و پەرەپێدان و هاوتەریب بوون لەگەڵ یاسا کارگێڕیە هاوچەرخەکاندا). فاکتەرەکانى سەرکەوتنى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى: سەرکەوتنى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى لەسەر فاکتەرە کۆمەڵایەتى، سیاسى، ئابوورى و رۆشنبیریەکان دەوەستێت، بۆ نمونە:
1- بونیادى دەوڵەتى دامەزراوەیى.
2- گرنگیدان بە سەرچاوەى مرۆیى.
3- کەمکردنەوەى رۆتین و ڕێکارە کارگێڕیەکان.
4- هێنانە دى هاوسەنگى لەنێوان ماف و ئەرکدا.
-4 راسپاردنى ئەو کەسانەى خاوەن توانا و لێهاتووین و دەست پاکن بۆ ئەنجامدان و ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانى دەوڵەت.
6-هەڵسەنگاندنى بەردەوامى دۆکیۆمین و سیستمە داراییە بەرکارەکان.
7- بونیادنانى سیستمى کارا کە پشت بە بەکارهێنانى بەرفراوانى ئامێر و دەزگا پێشکەوتووەکان ببەستێت لە کاردا.
8- داڕشتنى بەرنامى ڕاهێنانى تایبەت بە بەرزکردنەوەى توانا و لێهاتوویى کارمەندان لەڕووى پیشەیى و ئاکارییەوە.
9- دامەزراندنى دەستە و سەنتەرى پێوان و هەڵسەنگاندنى ئاستى بەجێگەیاندن.
10- کارکردن لەسەر بەشداریپێکردنى زیاتر لە لایەنێک بۆ دابینکردنى کاڵاکانى بەکاربردن.
11- کاراکردنى رۆڵى ژورە بازرگانى و پیشەسازیەکان لە چاودێریکردنى باش جێبەجێکردنى کارەکاندا.
12- دووبارە داڕشتنەوەى پەیکەرى دەزگاکانى چاودێر و وردبینى. ئاستەنگەکانى بەردەم چاکسازى کارگێڕى: ئاستەنگەکانى بەردەم پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى زۆرن، بەڵام لە وڵاتانى جیهانى سێیەمدا دیارترینیان بریتیە لە:
1- ئاستەنگە کارگێڕیەکان: وەک: - نەبوونى سەرکردەى کارگێڕى لێهاتوو. - نەبوونى پلانێکى گشتگیر. - بڵاوبونەوەى بێرۆکراتیەت. - لەدەستدانى تواناى داهێنان و ڕێگریکردن لە داهێنان.
2- ئاستەنگە کۆمەڵایەتیەکان: - لاوازى هۆشیارى هاوڵاتیان. - لەخۆنەگرتنى کەسانى خاوەن عەقڵ و گوێ لێنەگرتنیان. - لەخۆنەگرتنى ئەو کەسانەى خاوەن ئەزموونن.
3- ئاستەنگەکانى تایبەت بە سەرچاوەى مرۆیی (تاکەکان): - بڵاوبونەوەى گەندەڵى کارگێڕى، دارایى و ئاکارى. - هاوتا نەبوونى کرێ بە ئاستى بەرهەمدارى و کۆششى کارمەندانەوە. - نەبوونى سەرچاوەى مرۆیى شارەزاو لێهاتوو. - بەرهەم نەهێنانى سەرچاوەى مرۆیى بەتوانا و لێهاتوو لەزانکۆ پەیمانگەکاندا.
4- ئاستەنگەکانى تایبەت بە سەرچاوە داراییەکانەوە: - فەراهەم نەبوونى سەرچاوەى دارایى پێویست. - بێ توانایى لە دەستنیشانکردنى کارەکانى گەشەپێدانى لەپێشینە بە وردى.
5- ئاستەنگى پەیوەست بە یاسادانانەوە: - کارکردن بە یاساى کۆن. - داڕشتنى پرۆژە یاساى نوێ و هاوچەرخ کە گونجاو بێت لەگەڵ پەرەسەندنە جیهانیەکاندا.
6- ئاستەنگى تایبەت بە شێوازى زانستى پیادەکراو لە کارگێڕى و لاوازى و ناکارایى پرۆسەى چاودێرى، لاوازى سیستمى هاندان و پاداشت و سزا، لاوازى پەیوەندى گشتى و گەیاندن. بەڵام هەندێ بیرمەندى ترى بوارى زانستى کارگێڕى پێیان وایە ئاستەنگەکانى بەردەم پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى بریتییە لە:
1- ناسەقامگیرى بارودۆخى سیاسى، کۆمەڵایەتى، ئابوورى.
2- نا جددیى بوونى دامەزراوەکانى میرى لە جێبەجێکردنى ڕێنماییە ناوەندیەکان کە لەپلانى داڕێژراودا بڕیارى لێدراوە.
3- تەوژمى دژە چاکسازى کارگێڕى لە ئاستە جیاوازەکانى بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا.
4- نا رۆشنى لەئامانجەکانى پرۆسەى چاکسازى کارگێڕیدا.
5- بوونى توێژێک لەکاربەدەستانى دەوڵەت لە ئاستە کارگێڕیە جیاوازەکان کە بەرژەوەندیان بەسترابێتەوە بە گەندەڵى و لادانى کارگێڕیەوە.
6- سەرقاڵبوونى خەڵک بە بەکاربردن و کاریگەربونیان بە ریکلامى بیانى و دوورکەوتنەوە لەبەرهەمە خۆماڵییەکان.
7- لاوازى هۆشیارى خێزانى و تەنیا بیکردنەوەى سەرەک خێزان لە دابینکردنى پێداویستیەکانى رۆژانەى ژیانى ئەندامانى خێزان (تەنیا بیکردنەوەى سەرەک خێزان لە دابینکردنى پێدوایستیە هەنوکەییەکانى ژیانى رۆژانە).
8- لێشاوى راگەیاندنى بیانى و ئاڕاستەکانیان، کە کاردەکەنە سەر دورخستنەوەى خەڵک لەبەها و بنەما ئاکاریەکان.
9- لاوازى بەرنامەى پەروەردەو فێرکردن، کە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى نەوەیەک، کەبەشێوەیەکى سەرزارەکى خوێندەوار بن و لەڕووى هۆشیارى و تواناو لێهاتوییەوە لاواز بن و بیر لە ڕێگەى ڕاست نەکەنەوە بۆ وێناکردنى داهاتویان.
10- سەرهەڵدانى توێژێکى بەرفراوان لە خەڵک کە نەخوێندەوار و نا هۆشیار بن. بەردەوام لە هەوڵى خێرا دەوڵەمەندبونى خۆیان بکەنەوە بەشێوازێکى چاوچنۆکانە، یان بەشێوازێکى لادەرانە.
11- بەداوداچوونى بەڕێوەبەرەکان بۆ تەنیا ئەرکێکى کارگێڕى لەماوەیەکى کورتدا، کە ئەوەش دەبێتە هۆى لەنگى لە بڕیارداندا و پرۆسەى بڕیار یەکی لە پایە سەرەکیەکانى لەدەست دەدات کە ئەویش بنەماى (قبوڵکردن و کاتە).
بەشێکى تر لە بیرمەندانى بوارى کارگێڕى، ئاستەنگەکانى بەردەم پرۆسەى چاکسازیان، بەسەر دوو جۆرى سەرەکیدا دابەشکردووە، ئەوانەیش بریتین لە:
یەکەم: ئاستەنگە دەرەکیەکان: ئەم جۆرە ئاستەنگانە پەیوەستن بە فاکتەرى دەرەکیەوە: - بەها کۆمەڵایەتى و رۆشنبیریەکان. - دوو دڵى سەرکردە سیاسیەکان لە جێبەجێکردنى پلانى چاکسازیدا -. کارا نەکردن، یان بێ تواناکردنى دەزگا تایبەتمەندەکان بە بەڕێوەبردنى پرۆسەى چاکسازى.
دووەم: ئاستەنگە نێوخۆییەکان: - بەتەنگەوە نەهاتن، یان نا گەرموگوڕى سەرکردە کارگێڕیەکان بۆ پلانەکانى چاکسازى. - کەموکورتى لە سەرچاوەى مرۆیى بە توانا بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانى پرۆسەى چاکسازى. - خراپى بارودۆخى کارگێڕى بە ئەندازەیەک ئاستەم بێت چاکسازى تێدا ئەنجام بدرێت.