ئامادەکردن: هاوار نەسرەدین
پەرەسەندنی کۆمەڵگە و ئاڵۆزبوونی تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەدەی بیست بەدواوە، کۆمەڵێک بۆچوون و ڕوانینی نوێی هێنایەئاراوە. بەشێک لەو بۆچوونانە خۆی لە فەلسەفەیەکی سیاسی تایبەتدا گەڵاڵەکرد. بەجۆرێک بزوێنەرانی ئەو بۆچوونانە و پشتیوانەکانیان پاساویان بۆ دەهێنایەوە و فەیلەسووف و توێژەرانیش رەخنەیان ئاراستە دەکرد. هەر لەو سۆنگەیەوە هەڵوێست و جموجۆڵی بەشێک لە سیاسەتمەداران و سەرمایەداران بۆ دەربازبوون لە تەنگژە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی بیست، ڕێگەچارەی نوێ و تەتەڵەکردنی بۆچوونە دێرینەکانیان هێنایەوە بەرباس.
یەکێک لەو بۆچوونە نوێیانەی کە دواتر وەک ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ ناسێنرا بۆ ئەوەی تەنگژە ئابوورییەکانی سەدەی بیست چارە بکات، بریتی بوو لە نیولیبراڵیزم. بەڵام هەر زوو، فەیلەسووفان، بە تایبەت ئەو فەیلەسووفانەی هزریان بارگاوییە بە فەلسەفەی سۆسیالیزم و مارکسیزم، بە تایبەتتر فەلسەفەی سۆسیال دیموکرات، ڕەخنەی توندیان ئاراستەی نیولیبراڵەکان دەکرد. چونکە پێیان وایە نیولیبراڵیزم چەمکێکە بۆ ناساندنی بۆچوون و رێگەچارەی ئابووریناسانی لیبراڵ کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، داوایان دەکرد سیاسەتەکانی لیبراڵیزمی کلاسیک بۆ بواری ئابووری بگەڕێنرێتەوە و سوود لەو رێگەچارەیەی لیبراڵەکان ببینرێت بۆ چارەکردنی تەنگژە سیاسی و ئابوورییە نوێێەکان. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو رێگەچارانە کۆتایی بە تەنگژە ئابوورییەکان بهێنێت، نیولیبراڵیزم خۆی دەبێتە سەرچاوەی کۆمەڵێک تەنگژەی مرۆیی و ئابووری.
لەسەرەتادا حکومەتەکان بۆ چارەکردنی تەنگژە ئابوورییەکانی وەک هەڵاوسان، دەستیان لەکاروباری ئابووری و بازاڕ وەردەدا. بۆ نموونە باجیان کەم دەکردەوە و مووچە و کرێی کاریان زیاد دەکرد. لە ئەنجامدا، بڕە پارەیەکی زیاتر دەچووە بازاڕەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی کرێکاران و کارمەندان و چینی خوارەوەی کۆمەڵگە دەبوژانەوە بەڵام دواتر کاڵا لە بازاڕدا کەم دەبووەوە و نرخەکەی هەڵدەکشا. هەروەها خواست زۆر دەبوو و خستنەڕوو کەم دەبووەوە. ئەمەش وایکرد هزرمەندە دیارەکانی وەک فریدریش ڤۆن هایک و میڵتۆن فریدمان و ڕۆبەرت نازیک ڕەخنەیان لە زیادبوونی دەستوەردانی حکومەتی لیبڕاڵ لە ئابووریدا دەگرت؛ کە ئامانجی سەرەکی ئەو دەستوەردانە بریتی بوو لە ڕازیکردنی کرێکاران و چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی تری کۆمەڵگە.
لەو چوارچێوەیەدا و بۆ چارەکردنی قەیرانی ئابووری بیستەکانی سەدەی رابردوو (
١٩٢٣-١٩٣٠)، دەستوەردانی حکومەتە لیبڕاڵەکان لە ئابووریدا زیادی کرد هەروەها بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی تەوژمی مارکسیزم لە نێو چینی خوار و ناوەڕاستی کۆمەڵگەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، زیاتر پێشوازی لەو دەستوەردانە کرا. واتە حکومەت هەوڵ بدات ئابووری وڵات ببوژێنێتەوە و کار بکات بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و خستنەگەڕی کەرتی گشتی و نیشتمانی بۆ ئەوەی مەترسی ڕاپەڕین و گەورەبوونی حزبە چەپ و مارکسیستەکان بڕەوێنێتەوە. دەستوەردانی حکومەت لە ئابووریدا، پشتی بە بۆچوونەکانی جۆن ماینارد کینز دەبەست، کە خۆی ئابووریناسێکی لیبڕاڵ بوو. بۆچوون و ڕوانینەکانی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە ئابووری کینزی ناسراوە. پێی وا بوو دەستوەردانی حکومەت لە ئابووریدا، خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکات. کاتێک حکومەت پارە و دراوی زیاتر لە رێی مووچەوە دەخاتەبازاڕەوە، هەروەها حکومەت ئابووری وڵات کۆنترۆڵ دەکات، رێ بۆ کۆمەڵگەی خۆشگوزەران خۆش دەکات و ئابووری دەبێتە ئابووری نیشتمانی و کەرتی گشتی.
فرانکلین ڕۆزڤێڵت، لەنێوان ساڵی ١٩٣٣ تاکو ١٩٤٥ سەرۆکی ئەمریکا بوو، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە سەرهەڵدانی "حکومەتی خۆشگوزەران یان کۆمەڵگەی ئاسوودە". هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئابووری کینزی، هەوڵیدا لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان دووربکەوێتەوە کە پشتیان بە لیبراڵیزمی ئابووری سەدەی نۆزدەیەم دەبەست. بەو جۆرە کۆنترۆڵی ئابووری و داڕشتنی پلانی ئابووری نوێ کرایە بنەمای کاری حکومەتی خۆشگوزەران. ئەوەشی لە رێی بەهێزکردنی کەرتی گشتی و حکومی لەلایەک و کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی مووچە لەلایەکی ترەوە کرد.
لەدوای دووەم جەنگی جیهانی و سەرهەڵدانی تەنگژەی نوێی ئابووری، نیولیبراڵیزم وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر حکومەتی خۆشگوزەران سەریهەڵدا و ڕۆڵی حکومەتی وەک بریکاری چاکسازی و ڕێکخستنی ئابووری خستە ژێر پرسیارەوە. هەروەها جەختی لە سوود و بەرژەوەندی سیستەمی کێبڕکێی بازاڕی ئازاد کردەوە. نیولیبراڵەکان پێیان وابوو سیستەمی حکومەتی خۆشگوزەران، پرەنسیپی ئازادی و سەربەستی خستووەتە مەترسییەوە. بەبێ ئەوەی ئامانجە دڵخوازەکەی خۆیان واتە یەکسانی ڕێژەیی، بەدەستبهێنێت . هەروەها نیولیبراڵەکان پییانوایە کێبڕکێ پرەنسیپێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوونی بازاڕ و لەو رێیەوە هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوودا دێتەئاراوە بەڵام دەستوەردانی حکومەت لە ئابووری، ئەو هاوسەنگییە دەشێوێنێت.
روانین و بۆچوونی ئابووریناسانی نیولیبراڵ لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا زیاتر جێی بایەخ بوو، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووشدا بە چڕی بڕەوی بۆچوونەکانی کینزییان خستە ژێر پرسیارەوە. تاکو وای لێهات لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەریتانیا و ئەمریکا ئابووری کینزییان تێپەڕاند.
کەواتە نیولیبراڵیزم چێیە؟ بیرۆکەی نیولیبراڵیزم لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی وەستاوە: ئەوانیش بریتین لە بازاڕ و تاکەکەس. ئامانجی بنەڕەتی ئەو بیرۆکەیە بریتییە لە کەمککردنەوەی دەسەڵاتی حکومەت. ئەم ئایدۆلۆژیایە لەسەر ئەو بۆچوونە دامەزراوە کە سەرمایەداریی بازاڕ، بەبێ کۆنترۆڵی حکومەت، زیاتر گەشە دەکات و خێراتر پەرە دەداتە رەونەقی بازاڕ. بەڵام دەستی حکومەت لە بازاڕدا، رێ لەو گەشەسەندنە دەگرێت و نوێگەری لە وەبەرهێناندا خاو دەکاتەوە. نیولیبراڵەکان پێیان وایە: دوور نییە حکومەت نیازێکی باشی هەبێت بەڵام بەشێک لەو دەستوەردانانە بە ناچاری کاریگەری نەرێیانەی دەبێت. هەر بۆیە نیولیبراڵەکان وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بە گونجاوتر دەزانن لە وەبەرهێنانی کەرتی حکومەت یان "بە نیشتمانیکردن"، لەو روانگەیەوە جەخت لە دروشمێکی خۆیان دەکەنەوە "کەرتی تایبەت باشە، کەرتی حکومی خراپە ".
ئەگەر ڕۆزڤێڵت کەسایەتییەکی گرنگی بیرۆکەی "حکومەتی خۆشگوزەران" بێت، ئەوا ڕۆناڵد ڕەیگان لە ئەمریکا و مارگرێت تاچەر لە بەریتانی سوارچاکی پیادەکردنی بیرۆکەی نیولیبراڵن. بە تایبەتی مارگرێت تاچەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێش ڕۆناڵد ڕەیگانی سەرۆککۆماری ئەمریکا دەستپێشخەری کرد و بە سەرسەختییەکەی لەم ڕێبازەدا، زیاتر لە ڕەیگان ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی نیولیبراڵیزم بووەوە. ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە دوو سیاسەتمەداری گرنگی "دەوڵەتی نیولیبراڵیزم" بوون و دەستی حکومەتیان لە بازاڕ و ئابووریدا کورتکردەوە. لە ئاکامدا، نیولیبراڵیزم بووە ئایدیۆلۆژیای زۆربەی حکومەتە زلهێزەکانی جیهان. پیادەکردنی ئەو ڕوانینانە بێ کێشە نەبوو بۆیە ڕەخنەگران پێیانوایە، نیولیبراڵیزم لەگەڵ جۆرێک لە تاکگەرایی قوڵ هاوتەریبە و ئەوەش تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. هەر وەک لە وتە بەناوبانگەکەی تاچەردا ڕەنگیداوەتەوە: "کۆمەڵگە نییە، ئەوەشی هەیە تەنیا تاکەکەس و خێزانەکانیانن".
لای خۆشیانەوە نیولیبراڵەکان دژی "حکومەتی دایەن/ پەرستار، Nanny State" یان حکومەتی دایکە. واتە دژی ئەو حکومەت یان ئیدارەیەیە وا بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی زۆر و فراوان هەڵدەگرێت و وەک دایک یان دایەن، ڕۆڵەکانی خۆی دەلاوێنێتەوە و بژێویان بۆ دابین دەکات. دەربڕینی "دۆخی دایکە" بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوە دەگەیەنێت کە "بەرنامەکانی حکومەتی خۆشگوزەران" تاکەکەس نازپەروەردە و دەستوپێ سپی وەباردێنێت، چارەکردنی هەموو کێشەکان، دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و تاکەکەس رۆڵی نابێت. هەربۆیە ئەو رۆڵە زاڵەی حکومەت بە ناڕەوا و نەگونجاو دەزانن و بە دژی پرەنسیپەکانی ئازادی لێکیدەدەنەوە.
لە ڕوانگەی نیولیبراڵەکانەوە حکومەتی دایکە، تۆوی کولتووری هۆگربوون و پەیوەستبوون بە حکومەتەوە دەچێنێت و ئازادی و هەوڵدان و رۆڵی تاکەکەس لە هەناوەوە دادەتەپێنێت. لەبەرامبەردا نیولیبراڵیزم جەخت دەکاتەوە لەسەر هەوڵدان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، وا لە تاکەکەس دەکات مەیلی شارەزابوون و پسپۆڕێتی لە ئابووریدا زیاد دەکات.
بیرۆکەی نیولیبراڵ لەگەڵ پرۆسەی جیهانگیریدا بڵاوبووەتەوە. هەربۆیە هەندێک توێژەر جیهانگیری بە "بە جیهانیکردنی نیولیبراڵیزم" لێکدەدەنەوە. هەر لەو سۆنگەیەوە یەکێک لە ڕەخنە باوەکان لە نیولیبراڵەکان ئەوەیە، کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەستوەردانی حکومەتی خۆشگوزەران و دەستوەردانی حکومەت لە پرسە ئابوورییەکاندا هێندە توند و لادەرانەیە، لە ئەنجامدا بوونەتە لایەنگری جۆرێک لە ئەنارکیزمی سەرمایەداری. هەندێک لە ڕەخنەگرانیان بە نیولیبراڵەکان دەڵێن: ئاژاوەگێڕە سەرمایەدارەکان.
نیولیبراڵەکان پێیانوایە ئاستی نرخ، رێژەی پارە لەبازاڕدا دیاریدەکات. واتە رێژەیەکی زۆری پارە و خستنەڕووی کەمی کاڵا، دەبێتە هۆی هەڵاوسان. لە لایەکی تریشەوە زۆریی خەرجییەکانی حکومەت کە دەیەوێ بازاڕ ببوژێنێتەوە و کۆنترۆڵی بکات، دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی پارە. هەر بۆیە نیولیبراڵیزم داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و رێکخستنی رێژەی پارە دەکەن. هەروەها هەڵاوسانیش بە "دوژمنی سەرەکی" کۆمەڵگە و حکومەت دەزانن. بۆیە هەوڵدەدەن کەمی بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی زیادبوونی رێژەی بێکاریش.
نیولیبراڵیزم لە کایەی هزری سیاسیدا، رەخنە لە فراوانبوونی دەسەڵاتی حکومەت دەگرێت. هەندێک لە بۆچوونە باڵاکانی لیبراڵیزمی کلاسیکیان لەمەڕ سنووردارکردنی چالاکییەکانی حکومەت زیندوو کردووەتەوە. هەروەها لەبەرامبەر ئەو ئاوێزانبوونە رێژەییەی لەنێوان لیبراڵیزم و سۆسیالیزم لە جیهانی ڕۆژئاوادا، لە ساڵانی ١٩٣٠ تاکو حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، هاتبووەئاراوە، نیولیبراڵیزم هەڵوێست وەردەگرێت و داوای گەڕانەوە بۆ لیبراڵیزمی ئابووری سەدەی نۆزدەیەم دەکات. هاوکات جیاوازییەکی گرنگ و بنچینەیی لەنێوان نیولیبراڵیزم و لیبراڵیزمی کلاسیکیشدا هەیە و ئەو جیاوازییە دەپارێزن.
لیبراڵیزمی کلاسیک هەوڵی سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەتی دەدا، لایەنگری "حکومەتی لاواز" بوو بەسەر "کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز"ەوە بەڵام نیولیبراڵیزم "حکومەتی بەهێز"ی دەوێت. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتێکی لەوجۆرە بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەی کە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە "پیرۆزی بازاڕی ئازاد" دەردەبڕن. کابینەکەی تاچەر نموونەیەکی روونی حکومەتێکی لەوجۆرە بوو.
لە ئەنجامدا نیولیبراڵیزم بەرهەمی ئەو چاکسازی و پێداچوونەوە ئابوورییەیە بۆ لیبراڵیزمی سەدەی بیستەم کرا. هەروەها دژی لیبراڵیزمی تێهەڵکێشکراو بە سۆسیالیزمە یان ئەو لیبراڵیزمەی بەرەو حکومەتی خۆشگوزەران دەڕوات. هەر بۆیە نیولیبراڵیزم بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ناو بازنەی "لیبراڵیزمی ئابوورییەوە" و خۆی بە لقەکانی تری لیبراڵیزم، وەک لیبراڵیزمی سیاسی، زانینی و ئەخلاقییەوە خەریک ناکات.