سیاسەت گرنگترین بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە واته ئەو ئەرك و پابەندییەی دەکەوێتە سەر حکومەت و بەرپرسان بۆ رایەڵەکردنی کاروباری هاووڵاتیان بە پێی یاسا لە چوارچێوەی حکومەتێکی دامەزراوەی پەرلەمانیدا.
ئەمە ئەو شێوازی پەیڕەوکردنەیە لە دیموکراسیەت کە لە رێگەی خودی هاووڵاتیانەوە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا بەرجەستە دەبێت بۆیە هەر بڕیارێکی سیاسی کاریگەری راستەوخۆ لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروست دەکات بە دامەزراوەکانییشەوە.
کەواتە (کێ چی بەدەست دەهێنێت و کەی و چۆن) ئەمە ئەو پێناسەیەیە کە هارۆڵد لاسۆێل وەک تیۆرزانێکی سیاسی پێناسەی سیاسەتی کردووە، چونکە سیاسەت پرۆسەیەکە بە بەشداری خەڵک و لە خەڵکەوە بۆ خەڵکە. تۆماس هۆبز دەڵێت: سیاسەت وەک گرێبەستێک وایە، بەگشتی سیاسەت بریتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لە رێگەی ئامرازەکانی گەیشتن بە ناوەندی بڕیار یان دەسەڵات.
سیاسەت بنەمایەکی گرنگە بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگە و ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە دەبێت بەرژەوەندی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان تێیدا لە پێش بەرژەوەندی تایبەتی بێت. ئەم رێکخستنەش دەوەستێت لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە (پاراستنی ماف و رای هاووڵاتیان، سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەلی کار) چونکە ئەمانە زەمینەیەکی لەبارن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، پێگەیەکی بەهێزی دەوڵەتداری. بەو پێیەی سیاسەت مانای جۆراوجۆر و فراوانی هەیە و بەرپرسیارە لەسەر سەرجەم بنەماکانی ژیانی کۆمەڵگە لە رێگەی حکومەت و دامەزراوەکانیەوە، ئەو بەرپرسیارێتییەی هەڵیگرتووە دەیگوازێتەوە بۆ هاووڵاتیان لەوانە پاراستنی مافی هاووڵاتیان (لە رووی یاسا و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی) یەوە.
لە رووی یاساییەوە بەرپرسیارێتی دەسەڵات واته پابەندبوونە بەو دەستوور و یاسایەی بۆی دیاری کراوە، دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن. ئەم بەرپرسیارێتییەش خۆی لە چەند رەهەندێکدا دەبینێتەوە (چاودێری پەرلەمان و سەروەری یاسا و دادگای دەستووری).
لە رووی ئابوورییەوە بەرپرسیارێتی ئابووری ئەم تیۆرە بریتییە لە رەخساندنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان لە رێگەی سەقامگیری ئابووری و رێکخستنی بازاڕ و دابینکردنی هەلی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی.
نموونەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بارودۆخی جەنگ بێتە ئاراوە، دەبێت دەسەڵات کاربکات لە رێگای سیاسەتی پاراستنی بەهای دراو هەر ئەگەرێک زیان بێت بۆ هاووڵاتیان. کەمکردنەوەی بێکاری ئەویش بە پشتگیریکردنی پرۆژە و کەرتی تایبەت، هەروەها گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و رێکخستنی بازاڕ، هەمەچەشنەکردنی بەرهەمی ناوخۆ و دەستی کار، بەگشتی دەوڵەت دەسەڵاتێکی رەهای هەیە بۆ هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بیەوێت بە ئامانج بگەیەنێت لە رێگای دامەزراوەکانییەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە
ئەمەش وەک گرێبەستێک وایە بەرامبەر کۆمەڵگە پابەندبوونێکی ئەخلاقییە کە دەوڵەت (دەسەڵات) ناچار دەکات پابەند بێت بەو بەڵێنانەی بەرامبەر هاووڵاتیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان بە تایبەت لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکان و وەرگرتنی هەر دەسەڵاتێک یان بەرپرسیارێتییەک، بەمەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پتەوتر و پارێزراوتر دەکات.
کەواتە دەسەڵات بەرپرسیارێتییەکی گرنگی لە ئەستۆدایە ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی گوزەرانی خەڵک و ئاراستەکردنی داهاتووی کۆمەڵگا، بڕیاردان لەسەر مافە چارەنووسسازەکان بە بارودۆخی نەخوازراو و ئالۆزەکان تەنانەت کاتی جەنگ و هەر ملمڵانێیەکی سیاسی نەخوازراو. پێویستە دەسەڵات لەبەرامبەر ئەو متمانەیەی بەدەستی هێناوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ئەمانەتەوە بڕیار بدات، ماف و چارەنووسی هاووڵاتیان لە پێش ئەگەرە نەخوازراوەکان دابنێت.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved