دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زنجیرەیەک بڕیار و جووڵەی ئەنجامداوە، کە لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگای سەرسوڕمانن، بگرە زۆرجار پێشبینی نەکراون، لە هەڕەشەی بازرگانییەوە تا ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکان و گۆڕانکاریی لەناکاوی سیاسەتی دەرەوە.
بڕیارەکانی ترەمپ ژینگەیەکی جیهانییان دروستکردووە، کە بە نادڵنیایی و پڕ لە گۆڕانکاریی خێرا پێناسە دەکرێت. ئەو بڕیارانە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێکان هەیە.
شێوازی سەرکردایەتیی ترەمپ
رێبازی ترەمپ لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا، شێوازێکی تایبەتمەند نیشان دەدات و خێرا و یەکلاکەرەوەیە و زۆرجاریش تاکلایەنەیە. شێوازە دیپلۆماسییەکان لە بەرامبەر لێدوانی راستەوخۆ و بڕیاری جێبەجێکردن و جووڵەی دەستبەجێدا لاواز دەردەکەون. رەنگە بۆ لایەنگرانی ترەمپ ئەمە وەک سەرکردایەتییەکی بەهێز وەسف بکرێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تا رادەیەک فرەلایەنی و متمانەی نێودەوڵەتی تێکدەدات و پێشبینینەکردنی ئەم بڕیارانە حکومەتەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ناچارکردووە بەردەوام ستراتیژیان هەڵبسەنگێننەوە و رێککارە دیپلۆماسییەکانیان رێکبخەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەسەر بنەمای ئەوەی خۆی بازرگانە، بەهەمانشێوە بیر لە سیاسەت دەکاتەوە، هەروەک چۆن بیر لە بازرگانی دەکاتەوە، وەک هاوبەشی بازرگانی تەماشای وڵاتان دەکات، چی دەبەخشن بە ئەمریکا؟ ئەگەر وڵاتێک پارە، بنکەی سەربازی، یان بەهای ستراتیژی بهێنێت، ترەمپ بە مامەڵەیەکی باشی دەزانێت. ئەگەر کێشە، مەترسی، یان هیچ سوودێکی روونی بەدوای خۆیدا نەهێنا، ئەوا وەک گرێبەستێکی خراپ دەیبینێت.
ترەمپ رێککەوتنی راستەوخۆی پێ باشترە نەک گفتوگۆی دیپلۆماسیی درێژخایەن و حەزی لە قسەکردنی سەرکردە بۆ سەرکردەیە، وەک دوو بازرگان کە دانوستان دەکەن. سەرنجی سەرەکیی زیاتر لەسەر ئەو ئەنجامانەیە کە دەتوانرێت بپێورێن و سوودبەخشن وەک فرۆشتنی چەک، وەبەرهێنان، یان کۆنترۆڵکردنی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان.
لە شێوازی ئەودا، هاوپەیمانی هەمیشەیی نییە. تەنها تا ئەوکاتە دەمێننەوە کە سوودیان هەبێت. لە ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە خاکی گرینلاند دەردەکەوێت کەوا رێککەوتنە مێژووییەکان هیچ گرنگییەکیان نییە و ئەگەر هاوبەشێک بەو شێوەیە نەبێت کە سیاسەتی بازرگانی ترەمپ خواستی لەسەرە یان تێچووی سیاسی زیاتر بێت وەک لە قازانج، ئەوا ئامادەیە دووربکەوێتەوە. بۆ ئەو سیاسەت سادەیە؛ مامەڵەکە بکە، قازانجەکە بپارێزە و لە زیانەکان دوور بکەوەرەوە.
ئەو رێبازەی ترەمپ گۆڕانکاریی لە شێوازی داڕشتنی سیاسەت دەکات لە راوێژکارییەوە بۆ سیاسەتی کاردانەوە. ئەو شێوازە وایکردووە وڵاتان چیتر نەتوانن گرەنتی تەواوەتی و پشتبەستنیان بە رێککەوتنە درێژخایەنەکان و پشتیوانیی سەقامگیریی لەلایەن ئەمریکاوە هەبێت. بەڵکو دەبێت پێشبینی بکەن گۆڕانکاری لەناکاوی سیاسەت دێتەئاراوە و گرژی و نادڵنیایی دروستدەبێت.
ئەی کورد؟
لەکاتێکدا سەرنجی جیهان لەسەر واشنتۆن و ئەمریکای لاتین و ئەوروپا بوو، دۆخی سوریا پەرەیسەند. دوای داڕمانی دانوستانەکان لەسەر ئۆتۆنۆمی سیاسی، یەکگرتنی سەربازی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان لەنێوان هەسەدە و دیمەشقدا، حکومەتی کاتیی سوریا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد چڕترکردەوە. چەکدارەکانی سەربە سوپای عەرەبیی سوریا بەرەو شارە سەرەکییەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوییان کرد، ئەوەش بووە هۆی پێکدادان و زیادبوونی ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی.
کوردی رۆژئاڤا لە کاریگەرترین هاوبەشەکانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی داعش، بەڵام کاریگەریی لە بەرەکانی شەڕدا نەگۆڕدرا بۆ پشتگیری سیاسی. لە چوارچێوەی سیاسەتی ترەمپدا، کوردەکان وەک گرێبەست و بەڵێندەری کاتی کاریان دەکرد نەک هاوبەشی ستراتیژی. ئەوان سوودی سەربازییان پێشکەش دەکرد، بەڵام لە سیاسەتی ترەمپدا بەهایەکی درێژخایەنی نییە.
بۆیە داواکارییەکانی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵیزم لە سوریا نەک وەک پرۆژەیەکی دیموکراسی، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و تەکتیکی سەیر دەکرا لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا.
پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و شەرع
تورکیا لە حیساباتی ترەمپدا پێگەیەکی زۆر جیاوازی هەیە. ئەنقەرە وەک ئەندامێکی ناتۆ کە جوگرافیایەکی گرنگی هەیە، سیاسەتی ترەمپ لەگەڵیدا باشتر گوزەر دەکات. بۆ ئەنقەرە ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا هێڵێکی سووری وجودییە، کە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر یەکگرتوویی ناوخۆیی تورکیا تەماشای دەکات. پشتیوانی لە فیدراڵیزمی کوردی بە مانای مەترسیی بچڕانی پەیوەندییەکی بەنرخ لەگەڵ دەوڵەتێکی ستراتیژدا. لە رووی بازرگانییەوە، ترەمپ هەڵبژاردنی موڵکێکی سەرەکی پێ باشترە نەک بەڵێندەرێکی لاوەکی و کاتیی وەک کورد (ئەمە لە دیدگای ئەوەوە).
ئەحمەد شەرع، کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد سەرکەوت بۆ دەسەڵات، خۆی وەک کەسایەتییەکی ناوەندی داناوە، کە توانای سەقامگیرکردنی سوریای هەبێت. ئامادەیی ئەو بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و
خۆکەڕکردن لە بەشێکی خاکەکەی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و کردنەوەی سوریا بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وایلێکرد ببێتە لایەنێکی گونجاوی سروشتی بۆ جیهانبینی ترەمپ.
هێزە کوردییەکانی سوریا رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە شکستپێهێنانی داعش، بەڵام کورد خاوەنی سەروەریی دانپێدانراو و سەروەت و سامانی ئابووری بەرچاو و هێڵی ستراتیژیی نییە، کە بتوانێت داهاتی پێوانەکراو بەرهەمبهێنێت.
جگەلەوەش، پشتگیریکردن لە ئۆتۆنۆمی کورد مەترسی ناکۆکی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکای لەسەرە، بەتایبەتی تورکیا، کە هەر فیدراڵیزمێکی کوردی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت.
لە مۆدێلی مامەڵەی ترەمپدا، بەردەوامبوونی خۆبەڕێوەبەریی کورد، گەڵاڵەیەکی مەترسیدار و کەم داهات بوو، لەکاتێکدا کارکردن لەگەڵ شەرع رێگەیەکی باشتر و سەلامەتتر بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا بەردەستدەخات، هەروەها دەکرێت رازیکەری هەستی نەتەوایەتی وڵاتانی عەرەبی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا بێت و مامەڵەیەکی باشتربێت بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
تورکیا رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە پشت پەردەوە لەم رێکخستنەوەیەدا بینی. ئەنقەرە پشتگیری لە سەرکردایەتی شەرع کرد و دژی ئۆتۆنۆمی کورد بوو، کە رێگەی بەشداریکردنی ئەمریکای نەرمتر کرد بۆ رێککەوتن لەگەڵ کارڕاپەڕێنەری راگوزەری سوریا.
پشتگیریکردن لە دیمەشق
پەسەندکردنی ترەمپ بۆ سەرکردایەتییەکی ناوەندی و پشتگیریکردنی شەرع بە تەواوی لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی سوننە مەزهەب هاوتەریب بوو. شەرع سەردەمانێک پەیوەندیی بە بزووتنەوە جیهادییە ئیسلامییەکانەوە هەبوو، ئەمڕۆ بە لێبوردەیی و وریاییەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندیی بە پەسەندکردنی رابردووی خۆیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ستراتیژ و هاوسەنگی و ئایدۆلۆژیاوە هەیە لەناوچەیەکدا، کە کێبڕکێی نێوان بلۆکی دەسەڵاتی سوننە و شیعە زاڵە.
بۆ واشنتۆن و ئیسرائیل، خەمی سەرەکی ستراتیژی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خودی ئیسلامی سیاسی نییە، بەڵکو ئێران و تۆڕە هەرێمییەکەیە، کە شیعەکان سەرکردایەتی دەکەن. کاریگەری ئێران لە عیراق، سوریا، لوبنان و یەمەندا درێژدەبێتەوە و لەلایەن گروپە چەکدارەکان و ئایدیۆلۆژیای بەهێزەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەم تۆڕە راستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاسایشی ئیسرائیل دەکات، بەتایبەتی لە رێگەی حزبوڵڵا و گروپەکانی سەربە ئێران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل.
لەم چوارچێوەیەدا شەرع نوێنەرایەتی سیاسەتێک دەکات، کە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سوننەیە، هاوتەریب نییە لەگەڵ مۆدێلی شۆڕشگێڕیی شیعەی ئێران. لەکاتێکدا پێشینەی ئەو وەک کەسایەتییەکی جیهادی نیگەرانی جددی دەوروژێنێت، بەڵام پێگەی ئێستای کاریگەریی ئێران لە سوریا لاواز دەکات و دەستڕاگەیشتنی گروپەکانی سەربە ئێران سنووردار دەکات. لە روانگەی ستراتیژییەوە، ئەمریکا زۆرجار نیشانی داوە، کە ئامادەیە لەگەڵ کارەکتەرە نەخوازراوەکان کاربکات ئەگەر یارمەتییان بدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشەیەکی گەورەتر.
لە سەردەمی جەنگی سارددا واشنتۆن پشتگیری لەو رژێمانە دەکرد کە پێی خۆش نەبوون، ئەویش بۆئەوەی رێگری لە فراوانبوونی سۆڤییەت بکات. ئەمڕۆش ئێران لە بیرکردنەوەی ستراتیژی ئەمریکادا رۆڵێکی هاوشێوەی هەیە. شەرع وەک دۆستێک نابیندرێت، بەڵکو وەک بەربەستێکی بەسوود لە دژی هەژموونی ئێران سەیر دەکرێت، هەروەک چۆن ئەمریکا ئامادەبوو ئەفغانستان بەجێبهێڵێت بۆ تاڵیبانی توندڕەوەی سوننە مەزهەب. هەروەها نیگەرانیی سەرەکیی ئیسرائیل رێگریکردنە لە نزیکبوونەوەی سەربازیی ئێران لە سنوورەکانی. دەسەڵاتێکی سوننە لە سوریا، کە دوژمنایەتی ئێران دەکات، لە روانگەی ئیسرائیلەوە کەمتر مەترسیدارە لە سوریایەک، کە بە تەواوی لەلایەن تارانەوە کۆنترۆڵکراوە. ئەمە بە مانای متمانە نییە؛ بە واتای پەسەندکردنە لە هەڵبژاردنێکی سەختدا.
هەروەها شەرع نیشانەکانی گونجانی سیاسی نیشان داوە. بە ئاماژەدان بە ئامادەیی بۆ حوکمڕانی و کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان و بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا، خۆی نەک وەک جیهادییەک بەڵکو وەک دەڵاڵی دەسەڵاتی ناوخۆیی پیشان دەدات و دەستبەرداری بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بووە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەم گۆڕانکارییانە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە رەوایەتی بدەن بە پێدانی پێگەی ئەو لە دەسەڵاتدا.
هیچ کام لەوانە مەترسییەکان ناسڕێتەوە. رەگ و ریشەی ئایدیۆلۆژیی شەرع، مافی مرۆڤ و دیدگای ئیسلامی تا ئێستاش بە قووڵی مشتومڕی لەسەرە. بۆ واشنتۆن و ئیسرائیل لاوازکردنی دەستی ئایدیۆلۆژی و سەربازیی ئێران لە پێش هەموو شتێکەوەیە. بەکورتی، شانس بە حکومەتەکەی شەرع دەدرێت نەک لەبەرئەوەی متمانەی پێکراوە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە هاوسەنگیی هێزی ئێستادا خزمەت بە ئامانجێکی ستراتیژی دەکات. قومارێکی حیساب بۆ کراوە، قومارێک کە رەنگدانەوەی ئەوەیە چۆن جیۆپۆلەتیک زۆرجار حکومەتەکان ناچاردەکات لەنێوان بژاردەی خراپدا، یەکێک هەر هەڵبژێرن.
گرینلاند و گرژییەکان لەگەڵ ئەوروپا
لە سەرەتای ساڵی تازەوە ترەمپ گرژییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا پەرەپێدا و چەندین وڵاتی ئەوروپی رووبەڕووی هەڕەشەی باجی نوێی پەیوەست بە ناکۆکی سیاسی و ئابووری بوونەتەوە. بە پێچەوانەی ناکۆکییە بازرگانییەکانی پێشتر، کە رووی لە رکابەران و نەیارانی ئەمریکا بوو، ئەمجارە رێوشوێنەکان هاوپەیمانانی چەندین ساڵەی ئەمریکایان کردە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە، کە لە ماوەی سەرکردایەتی ترەمپدا رەنگە چیتر ناکۆکیەکان وەڵامدانەوەی دیپلۆماسییان نەبێت.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی دورگەی گرینلاند دەربڕی، ناکۆکییەکی دیپلۆماسی نوێ لەنێوان ئەمریکا و ئەوروپادا سەریهەڵدا. ترەمپ بە ئاشکرا رایگەیاندووە؛ ئەو دوورگەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا زۆر گرنگە و پێویستە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە. هەڵوێستێک کە کاردانەوەی توندی لە سەرانسەری ئەوروپادا بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەو لۆژیکە پەیوەندیی فراوانتری ترەمپ لەگەڵ ئەوروپا رووندەکاتەوە. ناتۆ، لە چاوی ئەودا، خێزان نییە، گرێبەستێکە. ئەو وڵاتانەی خاک یان پارەیەکی پێویست نادەن یان لەگەڵ خواستەکانی ترەمپ ناجوڵێنەوە، هاوبەشی خراپن و گرێبەستی لەرزۆکن. سکاڵاکانی بەرلین یان پاریس وەک تاکتیکی گوشار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەک هۆشداری.
گرینلاند خاکێکی خۆبەڕێوەبەرییە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارک. لەکاتێکدا زۆربەی کاروباری خۆجێی خۆی بەڕێوەدەبات، بەڵام سیاسەتی دەرەوە و بەرگری، پەیوەستە بە کۆپنهاگنەوە. بەرپرسانی دانیمارک بە توندی هەر بیرۆکەیەکیان بۆ فرۆشتنی گرینلاند رەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە ئەو خاکە بۆ فرۆشتن نییە و داهاتووەکەی دەبێت لەلایەن گەلی گرینلاندەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
شوێنی گرینلاند لە جەمسەری باکوور وایکردووە لە رووی ستراتیژییەوە گرنگ بێت، بەتایبەتی لە کۆشکی سپی ئەم پرسە وەک یەکێک لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و درێژخایەنەکانی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە لە چوارچێوەیەکدا دانراوە، بەڵام سەرکردەکانی ئەوروپا ئەو هەوڵەی ترەمپ بە شەڕانگێزانە و زیانبەخش دەزانن. دانیمارک هەڵوێستی ئەمریکای بە قبووڵنەکراو وەسف کردووە، لەکاتێکدا حکومەتەکانی دیکەی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی گوشار لەسەر هاوپەیمانێکی ناتۆ دەتوانێت متمانە لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا لاوازبکات. چەندین بەرپرسی یەکێتیی ئەوروپا هۆشدارییان داوە لەوەی ئەو ناکۆکییە مەترسیی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکان دەگەیەنێت. بۆیە پرسی گرینلاند زیاتر بووە لە مشتومڕێکی خاکی. رەنگدانەوەی ناکۆکی بەرفراوانترە لەنێوان ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر سەروەری و دیپلۆماسی و چۆنێتی بەکارهێنانی دەسەڵات لەنێوان هاوپەیمانەکاندا.
ئۆکرانیا وەک بەشێکی دیکەی ناکۆکییەکان
لەلایەکی دیکەوە جەنگی ئۆکرانیا بۆ ترەمپ ململانێیەکی ئەخلاقی و شەڕێکی مێژوویی نییە لەسەر سەروەری، بەڵکو ململانێیەکە تێچووی زۆری دەوێت و هیچ گەڕانەوەیەکی روونی نییە. هەر دۆلارێک، کە خەرج دەکرێت، هەر چەکێک کە دەگەیەنرێت و هەموو مانگێکی شەڕ وەک لەدەستدانێکی باڵانس لێی دەڕوانێت. لەو روانگەیەوە، ئاشتی پەیوەندیی بە دادپەروەرییەوە نییە، بەڵکو سیاسەتی خاک بەرامبەر بە ئاشتی پەیڕەودەکات. هەربۆیە ترەمپ بە ئاشکرا پێشنیازی ئەوە دەکات ئۆکرانیا پێویستە دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت و بیداتە روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لە رووی بازرگانییەوە ئەمە یەکلاییکردنەوەیە و بەشێک لە سەروەت و سامانەکە لەدەستدەدەیت، بەڵام زیانەکانی داهاتوو دەوەستێنیت. ترەمپ خاک بە جێگەی دانوستان دەزانێت و ئەگەر گرێبەستەکە سەقامگیری بهێنێتەئاراوە و پارە پاشەکەوت بکات. ئەم بیرکردنەوەیە بە قووڵی وڵاتانی ئەوروپی ناڕەحەت دەکات. بۆ ئەوروپا، ئۆکرانیا دەوڵەتێکی هێڵی پێشەوەیە کە هەموو سیستمی ئاسایشی ئەوروپا دەپارێزێت. پێدانی زەوی بە روسیا وەک پاداشتکردنی دەستدرێژی و بانگهێشتکردنی شەڕەکانی داهاتوو سەیر دەکرێت لە لای ئەوروپییەکان. بەڵام ترەمپ هاوبەشی ئەو ترسە نییە، بەڵکو پێیوایە هێز لە گرێبەستی راستەوخۆی نێوان یاریزانە بەهێزەکانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بەڵێن و هاوپەیمانیی درێژخایەن. ئەگەر روسیا لە بەرامبەر زەویدا ئاشتی قبووڵ بکات، ترەمپ ئەوە بە دانوستانێکی سەرکەوتوو دەزانێت.
ئەو شێوازە، بەڵێننامە مێژووییەکان و بەهاکان و دەرئەنجامە درێژخایەنەکان پشتگوێدەخات، کە رەنگە ئەو ئاشتییەی لەسەر ئیمتیازات بنیاتنراوە، بەردەوام نەبێت.
ستراتیژیی ترەمپ راستییەکی سادە ئاشکرا دەکات؛ ئەو ئاشتی بەهەمانشێوەی قازانج دەپێوێت. ئەگەر گرێبەستەکە دابخرێت و شەڕ کۆتایی بێت و تێچوونەکان دابەزن، ئەوا بە سەرکەوتن ناوی دەبات، تەنانەت ئەگەر جیهان وەک سازشێکی مەترسیدار بیبینێت.
بابەتی زیاتر