یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، وەك حزبێكی كوردستانی، دید‌ و تێڕوانینی ‌رۆشنی سەبارەت بە مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان هەبووە، لەسەر ئاستی ناوخۆ ‌و دەرەوەش، خەباتی بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانیان كردووە ‌و بڕوای وابووە، دابینكردنی مافەكانیان بەردی بناغەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە.
سەرۆك مام جەلال وەك سكرتێری گشتیی یەكێتیی  نیشتمانیی كوردستان‌ و سەرۆك كۆماری عیراق، هەمیشە پشتیوانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی ‌وئایینییەكانی كوردستان‌ و عیراق بوو
دیدگای نیشتمانی
هەربەهۆی ئەو دیدگا نیشتمانییەوە بووە، كە رۆڵەكانی پێكهاتەكانی كلدۆ ئاشوور‌ و توركمان ‌و ئەرمەن، لەسەردەمی شۆڕشی نوێ لە دەوری یەكێتی كۆبوونەتەوە‌ و لە ریزەكانی رێكخستن ‌و پێشمەرگەدا، خەباتیان كردووە ‌و چەندین رۆڵەیان خوێنی خۆیان كردۆتە خەڵاتی رێگەی رزگاریی نیشتمان ‌و شەهید بوون.
سەرۆك مام جەلال لە شاخ‌ و لە شار ‌و لە كۆڕ‌ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا، بەرگریی لە مافی پێكهاتەكانی كوردستان كردووە.
كەسایەتییەكانی پێكهاتەكان لە نووسین‌ و چاوپێكەوتنەكانی میدیادا، ئاماژەیان بەوە كردووە، كە سەرۆك مام جەلال، لە هەموو قۆناغەكاندا بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانیان بووە، بەتایبەتی دوای راپەڕینی 1991 زیاتر دەرفەت رەخسا كە خزمەتی ئەو پێكهاتانە بكرێت.
19ی كانوونی یەكەمی 1992، سەرۆك مام جەلال، وتارێكی مێژوویی بە ناونیشانی (بەرگری لە مافەكانی هەردوو نەتەوەی برای توركمانی ‌و ئاشووری) بەزمانی عەرەبی نووسی ‌و وەك سەروتاری ژمارەی (8)ی رۆژنامەی (الاتحاد) بڵاوكرایەوە.
سەرۆك مام جەلال، لەسەرەتای وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، وەك كوردێكی پێشكەوتوخواز ئازار دەچێژێت، كە لە یاساكانی كوردستاندا مافە نەتەوەیی‌ و كارگێڕیی ‌و كەلتورییەكانی هەردوو نەتەوەی برای ئاشووری ‌و توركمان دانەڕێژراوە ‌و بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە مافە كەلتوری ‌و كارگێڕیی‌ و نەتەوەییەكانیان نییە.
بەشداریی نوێنەرانی پێکهاتەکان لە پەرلەمان ‌و حكومەت
هەر لەو وتارەدا، سەرۆك مام جەلال، ئاماژە بەوە دەكات كە بەشداریی نوێنەرانی ئاشووری‌ و توركمان لە ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان كارێكی باشە، بەڵام بەتەنها ئەوانە بەس نین، بەڵكو دەبێت ئازادییە دیموكراسییەكان، بۆ برایانی ئاشووری ‌و توركمان دابین بكرێت ‌و مافەكانی ئازادیی كاری حزبی‌ و كەلتوری‌و نەتەوەییان بۆ دابین بكرێت.
سەرۆك مام جەلال، هەر لەو وتارەدا، حەوت خاڵی تایبەت بە دابینكردنی مافەكانی ئەو دوو نەتەوەیەی خستۆتەڕوو كە ئەمانەن:
یەكەم: دەركردنی یاساكانی پابەند، لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانەوە، بۆ مسۆگەركردنی هەموو مافە نەتەوەیی‌ و كارگێڕیی‌ و كەلتورییەكان ‌و رێگەگرتن لە چەوسانەوە ‌و جیاكاری ‌و تەجریمكردنی دەستدرێژیكردنە سەر خاك ‌و بیروباوەڕیان‌و .. هتد.
دووەم: دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری توركمانی ‌و بەرێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی ئاشووری، بۆ دابینكردنی مافە كەلتورییەكان ‌و خوێندنی زمان ‌و مێژووی خۆیان لە قوتابخانەكاندا.
سێیەم: گەڕانەوەی دەستبەجێی جووتیارانی ئاشووری ‌و توركمان بۆ سەر زەوییەكانیان ‌و یەكسەر زەوییەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە‌ و هێزی یاسا ‌و پۆلیس ‌و پێشمەرگە بۆ زامنكردنی ئەوە بەكاربهێنرێت.
چوارەم: رۆژی 1ی نیسان، بكرێت بە جەژن‌ و پشووی فەرمیی برا ئاشوورییەكان.
پێنجەم: زامنكردنی هەموو مافە ئاینییەكانی برا مەسحییەكان، لە ئازادیی عیبادەتكردن‌ و رێزگرتنی جەژنەكانیان، وەك جەژنی فەرمیی‌ و هاوكاریكردنیان بۆ نۆژەنكردنەوەی كەنیسەكان ‌و شوێنەكانی دیكەی عیبادەت.
شەشەم: دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕی لەو ناحیە‌ و قەزایانەی زۆرینەی توركمان و ئاشوورین، دامەزراندنی فەرمانبەرانی توركمان ‌و ئاشووری لە هەموو فەرمانگە‌ و دامەزراوەكان بەپێی توانا‌ و پلەكانیان.
حەوتەم: رێزگرتن لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئاشووری ‌و نوێنەرانی حزبە توركمانییەكان ‌و راوێژكردن لەگەڵیان سەبارەت بە دامەزراندن ‌و هەموو ئەوانەی پەیوەندیدارن بە مافە نەتەوەیی‌ و كارگێڕیی‌ و كەلتورییەكان‌ و ... هتد. ئەوانە هەندێ‌ داوای بەپەلە‌ و دادپەروەرانەی برایانی توركمان‌ و ئاشوورین، پێویستە دەستبەجێ‌ ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستان ‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەوڵی زامنكردنیان بدەن بۆ ئەوەی براكانمان لێی بەهرەمەند بن.
بەرگریی مام جەلال لە تورکمان و ئاشووری
ئەو داوا‌ و بەرگرییەی سەرۆك مام جەلال، لەوكاتەدا كە چەند مانگێك بوو پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا بوو ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرابوو، بایەخی زۆری بۆ هەردوو نەتەوەی ئاشووری ‌و توركمان هەبوو، قۆناغ بە قۆناغ ئەو داوایانە لە پەرلەمانی كوردستان ‌و ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێ‌ كران.
بەڵام سەرۆك مام جەلال خۆی وەك سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌ و سەرۆك كۆماری عیراق، هەمیشە پشتیوانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی ‌و ئایینییەكانی كوردستان‌ و عیراق بوو، هاوكاریی كردوون لە هەموو بوارەكاندا، كەسایەتییەكانی ئەو پێكهاتانە لە دیدارە میدیاییەكاندا، بەڕێزەوە شاهیدی بۆ پشتیوانی ‌و هاوكاریی زۆر و زەوەندی سەرۆك مام جەلال دەدەن.
یەکێتی بایەخ بە مافی پێكهاتەكان دەدات
ئێستاش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هەمان دیدگا‌ و تێڕوانینی سەرۆك مام جەلال، بایەخ بە دابینكردنی مافەكانی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان‌و عیراق دەدات‌و لە پرۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و كارنامەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بەروونی جەخت لە پرسی مافەكانی پێكهاتەكان كراوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved