یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك حزبێكی نوێی كوردستانی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، دید ‌و تێڕوانینی ‌و بەرنامەی نوێی بۆ هەموو كایەكان هەبووە، یەكێك لەو بوارانەی كە جێگەی بایەخی ئەم حزبە بووە، بواری كەلتورە، بێگومان كەلتور بە مانا فراوانەكەی كە هەموو رشتەكانی رۆشنبیریی ‌و هونەریی ‌و میدیایی دەگرێتەوە.
بە حوكمی ئەوەی سەرۆك مام جەلال‌ و  ئەندامانی دیكەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەسانی رووناكبیر ‌و خاوەن پاشخانێكی كەلتوریی بوون، لە كۆڕی خەباتی سەختی سیاسی‌ و پێشمەرگایەتیدا پرسی كەلتور جێگەی بایەخیان بووە. لەو سۆنگەیەوە، لە یەكەم كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لە شام، سەرباری شرۆڤەكردنی دۆخی سیاسیی كوردستان‌ و ناوچەكە‌ و جیهان، كەلتور بە گشتی‌ و میدیا بە تایبەتی وەك پێداویستییەكی خەباتی نوێ‌ دەبینن‌ و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری ئەوە دەدەن دوو بڵاوکراوە بە زمانەكانی عەرەبی ‌و كوردی دەربكەن، ئەوانیش بڵاوکراوەی (الشرارة) بە زمانی عەرەبی ‌و بڵاوکراوەی (رێبازی نوێ‌) بە زمانی كوردی، ئەو دوو بڵاوکراوەیە لە هەموو قۆناغە سەختەكانی خەباتی سیاسی‌ و پێشمەرگایەتیی تا راپەڕینی ئاداری 1991  لە دەرچوون بەردەوام بوون‌ و وەك چەكی پێشمەرگە لە سەنگەردا بوون.
 ئیزگەی دەنگی شۆڕشی عیراق، كە دواتر بوو بە دەنگی گەلی كوردستان، رۆڵی دیاری هەبوو لە بڵاوكردنەوەی پەیام ‌و سیاسەت‌ و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ‌و جۆشدانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بێگومان ئەم ئیزگەیە  لە بەرنامەكانیدا بایەخیشی بە بواری كەلتوریی دابوو، شیعر ‌و پەخشانی شاعیران‌ و گۆرانی ‌و سروودی هونەرمەندان ‌و چالاكییە كەلتورییەكان لەو ئێزگەیەوە پەخش دەكران.
چاپخانەكانی شۆڕشی نوێ‌، دەیان كتێب‌ و نامیلكە ‌و گۆڤار ‌و رۆژنامەیان چاپكرد‌ و لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش بە ئاشكرا‌ و لە شار‌ و شارۆچكەكانی كوردستان بە نهێنی بڵاودەكرانەوە. گۆڤاری نووسەری كوردستان، كە گۆڤارێكی ئەدەبی بوو، بێجگە لە نووسەران ‌و ئەدیبانی پێشمەرگە، ئەدیبان‌ و نووسەرانی شاریش بەرهەمەكانیان  بە نهێنی بۆ دەنارد‌ و بە ناوی خوازراوەوە بڵاودەكرانەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بایەخیشی بە هونەری مۆسیقا‌ و گۆرانی دابوو، تیپی مۆسیقای شەهید كارزان، چەندین سروود‌ و گۆرانی بۆ هونەرمەندانی پێشمەرگە تۆماركرد‌ و لە ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە پەخش دەكران. هەر ئەو تیپە لەگەڵ هونەرمەندانی شاخ  چەندین چالاكیی هونەریی لە بۆنە نیشتمانییەكاندا ساز كرد‌ و وەك ئەرشیفی  شۆڕشی نوێ‌ ماونەتەوە.
چاپخانەكانی شۆڕشی نوێ‌، دەیان كتێب‌ و نامیلكە ‌و گۆڤار ‌و رۆژنامەیان چاپكرد‌ و لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش بە ئاشكرا‌و لە شار‌ و شارۆچكەكانی كوردستان بە نهێنی بڵاودەكرانەوە
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ناوچە ئازادكراوەكان چەندین چالاكی رۆشنبیریی ‌و هونەریی سازكران لە كۆڕی شیعری ‌و پێشكەشكردنی شانۆگەری ‌و پێشانگای شێوەكاری ‌و دروستكردنی پەیكەری پێشمەرگە.
كەلتور هێندە جێگەی بایەخی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، قەڵەم هاوشانی چەكی پێشمەرگە حسابی بۆ كراوە، لە سروودی مەشخەڵاندا كە مامۆستا شێركۆ بێكەس نووسیویەتی، بەم شێوەیە باسی بایەخی قەڵەم كراوە:
چەك، قەڵەم، دوانەی خەباتی هاوژینم
لە چاویاندا رێی ئازادی ئەبینم
كاتی خۆی لە شاخ رۆمانی (سەگوەڕ)ی
مامۆستا محەمەد موكری بڵاوكرایەوە، سەراپای رۆمانەكە رەخنە بوو لە شۆڕش ‌و سەركردەكانی، ئەوەش بووە جێگەی نیگەرانی هەندێک‌ سەركردە ‌و فەرماندە سەربازییەكان‌ و پێیان قبوڵ نەدەكرا، بۆ بەرگری لە مامۆستا محەمەد موكری ‌و ئازادیی  نووسین ‌و رادەبڕین، سەرۆك مام جەلال هاتە سەرخەت ‌و وتی: ئەوە نووسینە، نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوە.
هەر لەو كاتەدا سەرۆك مام جەلال دروشمی (نان‌ و ئازادی بۆ نووسەران‌ و هونەرمەندان)ی بەرزكردەوە. هەر لە شاخ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین خولی رووناكبیری بۆ كادیرانی رێكخستن كردەوە، بێجگە لە بابەتەكانی هۆشیاریی سیاسی، بابەتەكانی دیكەی كەلتوری بە كادیران ئاشنا دەكران.
لە دوای راپەرینی ئاداری 1991، زەمینەیەكی گونجاو رەخسا بۆ بایەخدانی زیاتری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بوارەكانی كەلتور ‌و نووسەران‌ و هونەرمەندان ‌و رۆژنامەنووسان.
رۆژنامەكانی كوردستانی نوێ‌‌ و الاتحاد باوەشیان بۆ نووسەران‌ و رۆژنامەنووسان‌ و هونەرمەندان كردەوە ‌و وتار ‌و بابەتەكانیان بە بایەخەوە لەو دوو رۆژنامە سەنگینەدا بڵاو دەكرانەوە. هەروەها سەرۆك مام جەلال، پشتیوانی‌ و دەستگیرۆیی هونەرمەندان ‌و نووسەران‌ و رۆژنامەنووسانی دەكرد بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان.
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەشێكی زۆری  تۆماری ئەرشیفی شۆڕشی نوێ‌ بەگشتی‌ و تۆماری كەلتوری شاخی لە چاوی كامێراكەیەوە تۆماركردووە‌ و پاراستوویەتی، لەسەردەمی ئازادیشدا، رۆڵی دیاری هەبوو لە پاراستنی شوێنەوارەكان ‌و خانووە كەلتورییەكان لە سلێمانی‌ و شارەكانی دیكەی كوردستان ‌و گەشەپێدانی میدیای نیشتمانیی ئازاد، كوردسات ‌و خاك دوو نموونەی زیندووی ئەو بوارەن.
وەک درێژەدان بە کارەکانی هێرۆخان ئێستاش خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی شوێنەوارەكان ‌و خانووە دێرین‌ و كەلتورییەكان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆڵی دیاری هەبوو لە ناساندنی شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2012 حاكم قادر حەمە جان، كە ئەوكاتە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بوو، پێشنیازی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری كرد، كە شاری سلێمانی بكرێتە پایتەختی رۆشنبیری، پێشنیازەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌ و دواتر بۆ پەرلەمانی كوردستان نێردرا، رۆژی 4ی كانوونی  یەكەمی 2012 پەرلەمانی كوردستان، شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری ناساند.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیریی ماددی‌ و مەعنەویی دەیان دەزگای كەلتوری كردووە‌ و ئێستاش  لەسەر فەرمان‌ و بە رێنوێنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی،  ئەو هاوكاری‌ و پشتیوانییانە  لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە بەردەوامن،  بنیاتنان‌ و  نۆژەنكردنەوە‌ و دابینكردنی پێداویستییەكانی دەزگا‌ و فەرمانگە كەلتوری ‌و زانستییەكان لە سەرانسەری كوردستاندا. وەک کاروانی خەباتی مەدەنی درێژەی هەیە
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved