پێنجوێن، سروشتێكی كۆمەڵایەتیی تایبەتی هەیە، دەمەوێ بەشێوازی
خۆم لەوبارەیەوە بدوێم و دەرگام زۆرە لێیەوە بچمە ژوورەوە



باوكم، دایكم، گەڕەكی بەرزان، كانی حەیات، خاڵم، پوورە سۆیبەم كە لەڕاستیدا پورزام بوو(كچی پوورە رەزیەم، خوشكی دایكم) پوورە سەبریم(ئەویش هەر كچی پوورە رەزیەمە) مام باخەوان-ی شاعیر، قەڵادێ، بناوەسووتە، سەرنەوان، حەمە بناوەسووتەیی پورزام، كاك بەكری حاجی سەفەر، كاك جەمالی حاجی عەزیز، فرۆشگای بناوەسووتە لەدوادوای شۆڕشی ئەیلولدا، تەنەكەی سەرمۆری نەوت، كاك ئەحەی تامین، دادە ئامین بۆكانی، مام حەمەدەمینی هاوسەری، تەڵای كچیان، ناجی كوڕیان، فیدای حامی زازا، ماڵی عەزە باوەلێ، مەجی حامی زازا، فەرەج عێراقیی بناوەسووتەیی كە لەبنەڕەتدا رۆژهەڵاتی(ئێرانی) بوو، عەبدولی كوڕی، گوندەكانی سەردەرە، نەرزەنە، هەڵاڵاوا، گۆڵێ، زۆر دەرگای تریش..

دوکانى کوتاڵ فرۆشییەکەى باوکم

ئەگەر جڵەو بۆ خەیاڵدانم شل بكەم و هەروا سەرپێیی سەرێك بكێشمە ئەودیو دانە دانەی ئەو دەرگایانە، رەنگە وا زوو لەنووسین نەبمەوە! باوكم، نیوەی یەكەمی عومری خۆی لەبەینی بناوەسووتە و پێنجوێن و پیادە رێگەكەی نێوانیان و دوكانە گەورە و رازاوەكەی لەپێنجوێن بردەسەر! نیوەكەی تری لەسێمانی! لەدوكانەكەیدا لەپێنجوێن، كوتاڵفرۆشیی دەكرد(كوتاڵی ژنان و پیاوان) بۆیە من ئێستایش حەزم لەكوتاڵفرۆشییە! جارێكیان بۆ چەند ساتێك  دوكانی بەسەردا جێهێشتم، وتی:
"هەركەس هەواڵی پرسیم بڵێ تا مزگەوت رۆیشتووە..!"
دوای رۆیشتنی ئەو، كابرایەك خۆی كرد بەدوكاندا(پێدەچێ زانیبێتی باوكم لەوێ نییە) گەڕا یەك تۆپ كوتاڵی نایابی هێنایە پێشەوە، وتی: "بنووسە كاك بەكر بردوێتی، دوایی خۆم پارەكەی ئەهێنم بۆ باوكت..!"
كە باوكم هاتەوە(نایێتەوە بیرم ناڕەزایەتیی لەو ساویلكەیێتییەی من و لەو  ساختەچێتییەی كابرا دەربڕیبێ) وتی:
"كاك بەكر كێیە..؟"

دایكم، كچی گەڕەكی بەرزان بوو

كانی حەیات و دایكم و خاڵم و دایكیان و تاقە خوشكەكەیان(پورە رەزیەم) كە من قەت نەمبینی، بگرە رەسمێكیشیم نەبینی، بەڵكو تەنها ناویم بیست، دەرگای فراوانن بۆ ئەوەی لێیانەوە بچمەوە بۆ پێنجوێن، لەوێیشەوە بۆ ناو سروشتی كۆمەڵایەتیی پێنجوێن! لەدوو خوشكەزاكەی دایكم(پورزاكانم) تەنها پوورە سۆیبەمم بینیبوو، لەم ساڵانەی دواییدا چوومە گوێزە كوێرە لەمەریوان و پوورە سەبرییشمم بینی! پوورە سەبری و پورە سۆیبەم كچی حەمەلاوبەگی گوێزە كوێرەن، پوورە سۆیبەم ئێوە خۆش و پوورە سەبریم ماوە(تەمەن درێژبێ) تا ماوەیەكی زۆر وامدەزانی تەنها دوو نەنك و دوو باپیرەكەی من(دایك و باوكی دایك و باوكم) لەكوردستانی رۆژهەڵاتەوە هاتوونەتە پێنجوێن، بەڵام دواجار بۆم دەركەوت كە چەندین بنەماڵەی پێنجوێنی لەبنەڕەدا رۆژهەڵاتین، بگرە تیایاندایە ئەفغانستانین(وەكئەوەی لەخاڵە حەمەمین پێنجوێنیم بیستووە).

كاك بەكری حاجی سەفەر و سەفەرەکان

كاك بەهادینی باوكبرای كاك بەكر، لەبانە دایكبرای هەبوو(ناوی حاجی عوسمان بوو) رێك وەك من كە لەمەریوان دایكبرام هەیە و برازا و برازازای زۆر جوانم لێی هەن! ساڵی ١٩٩٦ لەكاتی كێشمەكێشی بەینی یەكێتی و پارتیدا، چل رۆژێك سلێمانیم بەجێهێشت، لەسەیرانبەن گیرسامەوە، رۆژێكیان لەوێوە سەردانی بانە و ماڵی حاجی عوسمانم كرد(یادی خۆی و كاك جەمشیدی شەكرە كوڕی بەخێر).
كاك بەكر كە لەسەیرانبەن بەفیشەك برینداركرا، لەبانە لەماڵی حاجی عوسمانی دایكبرای كاك بەهادینی باوكبرای، حەوێندرابوەوە (وەكئەوەی لەماڵی حاجی عوسمان بەرگوێم كەوت) هەرلەسەیرانبەنەوە، رۆژێك چوومە كەریماوای سەقز، لەوێ چوومە سەردانی ماڵی لالە سەعای خزمی هاوڕێم عادلی شورا(باوك و كەسوكاری عادلی شورایش لەبنەڕەتدا رۆژهەڵاتین و لەوێوە هاتوونەتە پێنجوێن) چل و پێنج ساڵە، بەهۆی ناوی دێیەكەیانەوە كە سەر بەمەریوانە، ناوی كوڕانی مینە نێیی(غەریب و سەعید)م لەبیرماوە بەبێ ئەوەی قەت بینیبێتمن(تەنها ناوم بیستوون) باپیری منیش(باوكی باوكم) كە قەبرەكەی لەشێخ قاسمە لەبناوەسووتە، ساڵانی سییەكانی سەدەی پێشوو، لەنێوە هاتۆتە بناوەسووتە(باوكم ساڵی ١٩٣٨ لەبناوەسووتە لەدایكبووە).

مام باخەوانى شاعیر

ئامۆزا نێییەكانمان، ژن و ژنخوازییان لەگەڵماندا نوێكردۆتەوە و هەمیشە بەتەعزیەمانەوەن. مستەفا و عەلیی مامە عەزەی بایەوە(عەزە داڵە) كە لەڕێی رزگاریی كورد و كوردستاندا لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید و ئیعدام كران، جارەهای جار لەماڵی خۆمان لەبناوەسووته لەسەر سفرە لەتەنیشتمەوە نانیان خواردووە و لەشێوازی نانخواردندا چاوم لێ كردون(كەوچكێك برنج و دوو كەوچك فاسۆلیا لەگەڵیدا) ئەوان ئەوسا وڵاغاربوون و لەگەڵ باوكمدا كەسابەتیان دەكرد.
مام باخەوان-ی شاعیر كە ساڵانێكی زۆر لەئەبوغرێبی بەغدا زیندانی بوو، رەنگە هەر بەهۆی هاتوچۆی لای خزم و كەسوكارییەوە  لەمەریوان، لەلایەن رژێمی بەعسەوە  گیرابێ و تۆمەتباركرابێ بەسیخوڕیكردن بۆ ئێران(مام باخەوان بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئێران زیندانی كرابوو).
پێنجوێن، هەرلەسەرەتای شەڕی ئێران - عێراقەوە، بوو بەمەیدانی جەنگ و دانیشتوانەكەی جێیانهێشت، بەوهۆیەوە چەندەها پێنجوێنی  دیداریان لەگەڵ پێنجوێن كەوتە قیامەت! مام باخەوانی شاعیر كە لەكۆتایی هەشتاكانی سەدەی پێشوودا ئەبوغرێبی بەجێهێشت، خۆشبەختانە، دیداری لەگەڵ پێنجوێن نەكەوتە قیامەت، راپەڕین روویداو چەند مانگێك لەتەمەنی مایەوە(هەرچەند چەند مانگ زۆر كەمە) لەباخەكانیدا لەپێنجوێن بردیەسەر.

پێنجوێن و خزمە رۆژهەڵاتییەکانیان

شێخ جەلال-ی شێخ ئەوڕەحمانی سەرنەوان كە لەخۆپیشاندانەكانی پێنجوێندا شەهیدبوو، لابەلایەكی كەسوكاریان مەریوانین(كۆنەپۆشین)و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ یەكتر هەرماوە. كچی گەورەی شێخ كەریم ی برای شەهید شێخ جەلال، لەمەریوان شووی كردووە. شێخ برایمی برای شەهید شێخ جەلال كە لەپیاوە خۆشەویستەكانی پێنجوێن و منیشە، دڵنیام خزمایەتیی لەگەڵ مەریوانییەكاندا لەبیرنەكردووە.
خەڵكی پێنجوێن و دێهاتی پێنجوێن، نەك لەئێستادا كە جادەی نێوان(پێنجوێن و مەریوان و بانە) زۆر تەختن بۆ هاتوچۆ و سەردانیكردنی یەكتری، بەڵكو لەسەردەمی بەعسیشدا، بەردەوام دڵیان لای خزمە رۆژهەڵاتییەكانیان بووەو بەئومێدی بینینەوەیان بوون، كاتێكیش بوونەتە پێشمەرگە یەكسەر بیریان كەوتۆتەوە خزمایەتییەكە دەمەزەرد بكەنەوە، هەربەهۆی ئەو خزمایەتییەوە هەندێ لەپێشمەرگە پێنجوێنییە دانیشتووەكانی پاش ئەنفال، دەستیانداوەتە كاروكاسبی لەبانە و مەریوان.

پێنجوێن پەناگەی پێشمەرگە بوو

لەكۆی هاوسەنگەرە پێنجوێنییەكانی پێشمەرگەی دێرین حەمە بناوەسووتەیی پورزام، ئەوانەی كە لەكاتی ئاوارەبوونی خەڵكی پێنجوێندا، لەدێهاتی نێوان پێنجوێن و شارباژێڕدا بەتفەنگی پێشمەرگایەتییەوە بینیوومن، تەنها ناو و شێوە و یادگاریی چەند دانەیەكیانم لەبیرماوە(كاك بەكری حاجی سەفەر كە هەمیشە قۆڵی هەڵماڵدرابو بۆ زەختگرتن، كاك جەمالی حاجی عەزیز بەكالە جوانەكانی پێیەوە كە وەعدی دابومێ جووتێكیان بۆ منیش لێ بكڕێ و هەرنەیكڕی، حەمە بناوەسووتەیی پورزام بەتفەنگە ژێسێ قورسەكەیەوە..) من ئەوسا تەمەنم دە ساڵ بوو. پێنجوێن و دێهاتی پێنجوێن، پێشمەرگەی زۆریان هەبوو، رەنگە لەبەرئەوەی لەسەردەمی هەردوو شۆڕشەكەدا پەناگەی پێشمەرگە بوون، هەروەها رەنگە بەهۆی ئاوارەبوون و داكشانی خانەوادە و كەسوكاری پێشمەرگەی رۆژهەڵاتیشەوە بووبێت بەرەو پێنجوێن(پاش خۆقاییمكردن و خۆڕاوەشاندنی كۆماری تازەبەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامیی ئێران.)

لەیادتان ناکەم

دادە ئامین بۆكانی و مام حەمەدەمینی هاوسەری كە لەگەڵ ئێمە و ماڵی كاك ئەحای تامین لەپێنجوێنی سەرەوە كرێچیی ماڵی حاجی عەلی كیكنی بوون(كیكن دێیەكی سەر بەمەریوانە) بەهۆی كاك ناجی كوڕە گەورەیانەوە كە پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بوو، ئاوارەی پێنجوێن بووبوون. دەیان خانەوادەی دیكەی پێشمەرگەی رۆژهەڵات، لەبینای قوتابخانەیەكدا لەپێنجوێنی خوارەوە(مجەمەعەكە) گیرسابوونەوە. رەنگە دەركەوتنی ئەو پێشمەرگانەی رۆژهەڵات و خانەوادەكانیان لەپێنجوێن، یەكێك بووبێت لەهۆكارەكانی هەڵنانی گەنجی پێنجوێن و دێهاتی پێنجوێن بۆ پێشمەرگایەتی.
ماڵی پورە سۆیبەم كە گڵۆپی سفر و ئەو وردە گڵۆپە رستەییانەی ئێستا پێیان دەگوترێ لیدلایت، بۆ یەكەمجار لەژیانمدا لەوێ بینیومن، ماڵی خاڵە فەرەج و خاڵە حەمەساڵەم(كوڕانی لەیلێ شەل كە خاڵوانی بەشێك لەخوشك و برا باوكیەكانمن)و پێموایە بۆ یەكەمجار لەژیانمدا عارەقم لەپەرداخدا لەوێ بینیوە، ماڵی عەزە باوەلێ كە باوكم زۆرجار كوتاڵی تێدا حەشار دەدا، ماڵی خاڵم كە تائێستا سێجار ژن و ژنخوازییان لەگەڵ بناوەسووتەییدا كردووە، ماڵی شێخ قادری شێخ كاكە حەمە كە جامۆڵكە تووی وشكم تێدا بەدەستەوە گرتووە و خواردووە، ئەو سەربان و بنبانانەی كە گەنجانی پێنجوێن كەلایێنیان تێدا دەكرد و من پسكیتم تێدا پێ دەفرۆشتن، مەلا برایم كە ژنی كەركوكیی هێنابوو و لەگەورەبووندا زانیم كاری رێكخستنی لەپێنجوێندا كردووە، كەبابەكەی مەجیی حامی زازا، شیرینیخانەكەی فیدایی برای، دوكاندارە كوتاڵفرۆشەكانی هاوڕێی باوكم(حەمە خڕە و عوسمانی حاجی فەرەج) كاك حەمەمین(مامە دێزە) كە دوكانێكی بچووكی هەبوو لەخوار دوكانەكەی باوكمەوە، مەحموی مامەسەن كە بەوبەرباوكمەوە لەدوكانە گڵەكەیدا خەیاتیی دەكرد و جلی باوكم و ئێمە و خەڵكی شاری دەدوری، وەستا حسەینی دەلاك كە سەرمان لەلا چاك دەكرد، تێنس و رەسمی گوگوش و داریوش بەدیوارەوە لەدوكانی تێنسدا، هەموو ئەو ماڵ و كەس و شوێنانە، لەوانەیە تا كۆتایی تەمەنم لەبیرم بمێنن(بیری مناڵی تیژە، خەیاڵدانی منداڵی رەنگە تەنانەت پاش نەخۆشكەوتنیش بەتەواوی  نەسڕدرێتەوە).

لەکوێ بمنێژن؟

هەندێجار بەخەیاڵمدا دێت وەسێت بۆ منداڵەكانم بكەم كە مردم لەحاجی شێخی پێنجوێن بمنێژن، پەشیمان دەبمەوە دەڵێم نا، با لەشەمساوای قەڵاچوالان بمنێژن(دوا مەنزڵگای دایكی شەهیدم) دووبارە پەشیمان دەبمەوە دەڵێم نا، با ئەركی ماڵ و منداڵ و كەسوكار قورس نەكەم، با لەگردی سەیوانی سلێمانی بمنێژن، دیسانەوە پەشیمان دەبمەوە دەڵێم نا، با لەحاجی شێخی پێنجوێن بمنێژن(بەرد لەجێی خۆی سەنگینە) خۆئەگەر بكرایە ئەوا وەسێتم دەكرد پارچە پارچەم بكەن، پارچەیەكم لەبناوەسووتە، یەكێكم لە(نێ) یەكێكم لەشەمساوا، چەند پارچەیەكیشم لەو گوندانەی پێنجوێن بنێژن كە تەنها ئەوان ناوی وا خۆش و بێهاوتایان هەیە(نەرزەنە، زەنگیەر، سەردەرە، هەڵاڵاوا، شایان، میشیاو، وێنە، چوێسە، گۆخڵان، نزارە، كێلو، كواوا، گۆڵێ..!)
یان وەسێتم دەكرد بمسووتێنن و لەشاخی گۆیژەوە خۆڵەمێشەكەم بدەن بەدەم رەشەبای سلێمانییەوە بۆ ئەوەی لەزۆرترین شوێنی كوردستان بگیرسێمەوە! بەڵام مەسەلەی مردن و ناشتن و وەسێتكردن، بەخەیاڵی شاعیرانە یەكلایی ناكرێتەوە!

با باسی پێش مردن بكەم

شوێنانێك كە دوای سلێمانی حەزدەكەم بنەم تیایاندا هەبێت و لەكۆتایی ژیانی وەزیفیمدا كەمێك تیایاندا بحەوێمەوە، بریتین لەپێنجوێن و قەڵاچوالان و چوارتا. كوڕەكەم بۆ قەڵاچوالان پێی ناخۆشە، دەڵێ لەوێ بەردەوام دایكت بە بەرچاوتەوەیە و خەفەت دەخۆی(دایكم لەقەڵاچوالان شەهیدبوو، گۆڕە ون و بێشوێنەوارەكەیشی لەشەمساوای قەڵاچوالانە) بەڵام بۆ پێنجوێن و چوارتا پێیخۆشە! زۆرجار پێكەوە تەگبیر دەكەین و پلان دادەنێین بۆ ئەوەی بتوانین لەیەكێك لەو دوو شوێنە(پێنجوێن و چوارتا) خانووچكەیەك بكڕین. من خۆم زۆر حەزدەكەم، وەكو مام باخەوانی شاعیر، هیچ نەبێ چەند مانگێكم هەبێ لەپێنجوێندا.
ئا ئەمەیە پێنجوێن و پێنجوێنی و پێنجوێنێتی.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved