شوورەییە بۆ هەر میدیاكارێك، یان كەناڵێكی راگەیاندن، تەنها بۆ زیادكردنی بینەرانی، ئارامی و ئۆقرەیی خەڵكی كوردستان بشڵەژێنێت و رووداوی بێ بنەما دروست بكات
تەكەر كارلسۆن، میدیاكار و نووسەر، رەخنەگر و كۆمێنتاری سیاسیی بەناوبانگ و دیاری ئەمریكایە، شارەزا و راشكاو و بەتوانایانە، لەسەر ئەو بابەتانە قسە دەكات و میوانیان بۆ بانگهێشت دەكات كە گرنگن و جێبایەخی هەمووانن. 
كەناڵە تایبەتەكانی بەخۆی لە یوتیوب و ئنستاگرام و ئەوانی دیكە، چەندین ملیۆن سەبسكرایبەر و فۆڵۆوەر و بینەری هەیە و كاریگەرییشی لەسەر بیركردنەوەی هاووڵاتیانی ئەمریكا و تەنانەت هەندێکجار لەسەر ناوەندی بڕیاریش هەیە لەو وڵاتە. 
هەفتەی رابردوو، كارلسۆن بانگهێشتی تێد كروز-ی سیناتۆری كۆمارییەكانیی كرد لەسەر ویلایەتی تەكساس، باسی بابەتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری تێوەگلانی راستەوخۆی ئەمریكای لەگەڵ كرد. 
كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن، نابێ لەسەر بنەمای زۆریی پۆستكردن، قسەكردن و دەردەدڵكردن لە سەكۆكانی سۆشیال میدیا، خەڵك بانگی بەرنامەكانیان بكەن، بەڵكو دەبێ میوانداریی كەسانی پسپۆر و  بەئەزموون، نووسەران و خاوەن بڕوانامە باڵاكان بكەن
وەك لێپرسینەوە پرسیاری لێدەكرد و زانیاریی لێدەردەهێنا، پێشی گوت تۆ كە دەتەوێ ئێران بڕۆخێنی و كار بۆ ئەوە دەكەیت، ئایا تەنانەت دەزانی ژمارەی دانیشتوانی چەندە؟ ئایا دەزانیت لەڕووی ئیتنیكییەوە پێكهاتەی چۆنە؟ كەچی سیناتۆر نەیتوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە چونكە هیچی لێنەزانی بۆیە بەناچاری گوتی: گرنگ نییە ئەو زانیارییانەم هەبێ یان نا، خۆ من وەك تۆ نیم رۆژنامەنوسێكی شارەزابم لەسەر ئێران! 
كاردانەوە و لێپرسینەوەی تەكەر كارلسۆن زۆر توند بوو لەسەر بێئاگایی ئەو سیناتۆرە، بەگاڵتەجاڕییەوە پێی گوت تۆ سیناتۆری وڵاتەكەمی كە دەیەوێ وڵاتێك بڕۆخێنێت كەچی هیچی لێنازانیت!. ئیتر هەردووكیان چەندین كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بەیەك هەبوو و میدیاكارەكەش هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوەی زیاتریشی لە سیناتۆرەكە دەكرد.

کەسانی شارەزای دەوێت
مەبەستی میدیاكارەكە روونە، مرۆڤ هەركە بیەوێ ئیش یان قسە لەسەر بابەتێك، وڵاتێك، جەنگێك، رووداوێك یان هەر پێشهاتێك بكات، دەبێ جارێ زانیاریی تەواوی لەسەر هەبێت و شارەزایی پەیدا بكات لەسەر زۆر لایەنی. ئاخر ئەم جەنگە و هەر گۆڕانكارییەك لەئەنجامیدا دێتەئاراوە، بابەتێكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییە و پەیوەستە بە كۆمەڵێك هاوكێشەوە، جگەلەوەش رەهەندی جیۆپۆلۆتیكی و ئابووریی زۆریشی هەیە، هەموو كەس ناتوانێت قسە و ئیشی لەسەر بكات، بەڵكو پێویستی بە زانیاریی تەواو لەسەر مێژووی وڵاتە پەیوەندیدارەكان بە قەیرانەكە و جیۆپۆلەتیك و پێكهاتەی ئیتنیكی و ئایینی و چەندین لایەنی دیكە هەیە. قسەكردن لەسەر هەموو بابەتێك، ئیشی هەموومان نییە. با حەزمان لێبێ و دەردڵێكیشمان هەبێ لەسەر هەر بابەتێك یان رووداوێك، با لێشمانەوە نزیك بێ، با كاریگەرییشی هەبێت لەسەر ناوچەكەمان، بەڵام ناكرێ خۆمانی تێ هەڵقورتێنین. ئەوە ئیشی كەسانی پسپۆر و خوێندەوارتر و بەئاگاترە.  

كەناڵە پڕۆفێشناڵەكان میوانداریی كێ بکەن بۆ بەرنامەكانیان؟
بینینی ئەو پرۆگرامە، سەرنجی بۆ ئەوە راكێشامەوە، كە چۆن ئێستا لە كوردستان، كەناڵە رەسمییەكان، تیڤیەكان و رۆژنامە و رادیۆكان و بەشێك لە ماڵپەرە ئەلیكترۆنییە پڕۆفێشناڵەكانیشمان، بێ پلان بوونەتە سەكۆیەك بۆ هەمووان تا بێن قسە لەسەر بابەتی ئەو جەنگە بكەن، بۆیە ئەوەی دەیبینین و گوێمان لێدەبێ لەو كەناڵە كوردیانەمان، كەموكوڕیی و ناتەواویی و كرچ و كاڵیی زۆریان پێوە دیارە، هەندێکجار قێز لە هەندێ شیكردنەوە و لێدوان دەكەینەوە و هەندێکجاریش پێكەنینمان پێیاندێ. كەناڵەكانی راگەیاندن دەبێ بیریان بێت كاتێك كەسێك لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمەكانی میدیای خەڵك (سۆشیال میدیا) دەردەدڵێك یان بۆچوونێك لەسەر ئەو جەنگە دەردەبڕێت، مانای ئەوە نییە شارەزایە و دەتوانێت لێكدانەوە و شرۆڤە و شیكاریی سەنگین و دروست و پڕ بەپێستی خۆی بكات، بۆیە نابێ لەسەر ئەو بنەمایە، واتا بنەمای قسەكردن لە نێو دنیای سۆشیال میدیادا، خاوەن هەژمارەكان بانگ بكرێن بۆ دیداری تەلەڤزیۆنی، یان هەر كەناڵێكی تر، بەڵكو پێویستە ئەزموون و شارەزایی و بڕوانامە و جێدەستی كەسەكە لەبوار و بابەتی دیاریكراو لەبەرچاو بگیرێت و بكرێتە پێوەر. 
دەبێ كەناڵەكان كە بەدڵنیاییەوە كەسانی شارەزاو بە ئەزموونیشیان لە دۆخی میدیا هەیە، ئەوە بزانن بەهۆی زۆریی قسەكردن و ئەو بۆچوون و پۆستانەی لەنێو سۆشیال میدیا دەكرێن، دۆخەكە بە ئاستێك گەیشتووە كە ئێستا كەم كەس گوێدەگرێت و زۆربەمان بووینەتە قسەكەر لەكاتێكدا بەشێكی زۆرمان كەسانی بێ ئەزموون و بێئاگاین، ئەمەش وایكردووە كەسانی پسپۆر لە بوارە دیاریكراوەكەدا، بێدەنگ بێت لە سۆشیال میدیا، چونكە بەتەواوی وندەبێت لەنێو لێشاوی زۆری و بۆریی بۆچوون و لێكدانەوەكان. 

كورد لەمیدیا قسە بكات و نەكات، چی لەدۆخی جەنگ دەگۆڕێت؟
خاڵێكی تریش كە لەبەرچاومان بێت ئەوەیە ئێمە لە باشووری كوردستان بەشداری راستەوخۆی ئەم پێشهاتە گەرمەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نین، لایەنێك نین تێیدا، ئنجا خودی كەناڵە سەتەلایت و رادیۆكانیشمان، زۆر لۆكاڵین و ئەگەر لەڕووی پەخشیشەوە سنوورەكان تێپەڕێنین ئەوا بۆ گەیاندنی پەیامەكان لەسەر ئەو جەنگە، ناو خۆمان، واتا لە سنووری كوردان تێناپەڕین. جگەلەوە، تا كەناڵە عەرەبی و ئینگلیزییە گەورەكانی جیهان، یان ئەوانەی هەردوو وڵاتی بەشەڕهاتوو هەبن، كەس گوێ لەوانەی ئێمە ناگرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە، بابەتەكانی كەناڵەكانی خۆمان زیاتر بۆ ناوخۆیە، كە ئەمەشیان هەر سنووردارە.
نەك هەر قسەكردن لەسەر بابەتەكان بەناوی شڕۆڤەكارییەوە، بەڵكو بڵاوكردنەوەی زانیارییەكانیش لەسەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل لەم قۆناغەدا، وریایی و هۆشیارییەكی زۆری دەوێ و هەقە هیچ كەناڵێك ئەو مافە بەخۆی نەدا بێ لێكدانەوەی پیشەییانە یان نیشتمانییانە، زانیاریی بڵاوبكاتەوە. 
ئەوەی دەیبینین لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی ساختەو بێ بنەما، دیسان سیمایەكی ناشرینی میدیای كوردییە لەم قۆناغەی ئێستادا. شوورەییە بۆ هەر میدیاكارێك، یان كەناڵێكی راگەیاندن، تەنها بۆ زیادكردنی بینەرانی، ئارامی و ئۆقرەیی خەڵكی كوردستان بشڵەژێنێت و رووداوی بێ بنەما دروست بكات. راستە هەمووان قسەی زۆر و بۆچوونی زۆر و هەندێکجار بڕێك زانیارییش لە هەگبەماندایە، بەڵام دەبێ بزانین، دۆخی كورد نەك هەر لە باشوور، بەڵكو لەهەر چوار پارچەكە زۆر هەستیارە، هی ئەوە نییە خۆمان بكەینە سەر مەشقی هیچ هەڵوێستێك كە وڵاتە گەورەكانی ناوچەكەش خۆیانی لێناكەن بە خاوەن. 
قسەكردن و هەڵویستی نابەرپرسیارانە، بڵاوكردنەوەی زانیاری نا دروست و هەڵە، دوور نییە ببێتە ماڵوێرانی بۆ ئێمەش كە بەرگەی هەڵمەتێكی سەربازیی بچووكی هەندێ لەوڵاتانی دراوسێ ناگرین، بۆیە گرنگە  هێمنانە و بەرپرسیارانەش مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەین، بەرژەوەندیی نیشتمانی پێش بەرژەوەندیی كەناڵ و زۆریی ژمارەی بینەر دانێین، بە تایبەتیش، كە هەرێمی كوردستان و كەناڵەكانیشمان، رۆڵ و كاریگەرییان سفرە لەو جەنگەدا و دەبێ لە چاوەڕوانیی بڕیاری زلهێزەكاندا بین بۆ هەر پێشهات و گۆڕانكارییەك، بۆیە باشترە ئێمەی میدیاكاری لۆكاڵیی ئەوەندە خۆمان بە زانیاریی نادروست و هەڵە و شرۆڤە و لێكدانەوەی لاواز و بێ ئەرزش، سەغڵەت نەكەین و سەری هاووڵاتیانیش نەیەشێنین.  
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved