رانان: تاژان عومەر

ئەم کتێبە لە نوسینی (خەلیل عەبدوڵڵا)یە، لە ساڵی (٢٠٠٦) چاپکراوە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک).
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، لە ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٣دا بە پێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٣ یاسایەکی تایبەت بۆ دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعس دەرکرا، کە بە (یاسای دادگای تاوانی عیراق تایبەت بە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی) ناسراوە.
ئەم یاسایە بە پێی ئەحکامەکانی ماددەی (٤٨)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دەرچووە و پەسەند کراوە. دواتر بۆ ئەوەی سیفەتێکیتری نیشتمانی بدرێت بە یاسای دادگاکە، کۆمەڵەی نیشتمانی عیراق ناوی ئەو یاسایەی گۆڕی بۆ یاسای دادگای باڵای تاوانی عیراق ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی دەرکرد لە ژمارە (٤٠٠٦)ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەی (الواقع العراقیە)دا بڵاوکرایەوە و ئەنجومەنی سەرۆکایەتیش لە ڕۆژی ٩/١٠/٢٠٠٥ دا ئەو یاسایەی پەسەند کرد.

دامەزراندنی دادگا
لقی یەکەمی یاساکە تایبەتە بە دامەزراندنی دادگاکەو بە پێی بڕگەی یەکی ماددەی یەک دادگایەک بە ناوی (دادگای باڵای تاوانی عیراق) دادەمەزرێت و سەربەخۆیی تەواوی هەیە. واتە لە ژێر هەژموونی هیچ ناوەندێکی دەسەڵاتدا نییەو سەربەخۆیەو بە ئازادی کارەکانی خۆی دەکات.
بە پێی بڕگەی دووەمی ماددەی یەک، ئەم دادگایە دەستڕۆیشتنی بەسەر هەموو کەسێکی سروشتیدا هەیە، کە عیراقی بێت یا عیراقی نەبێت، بەو مەرجەی لە عیراق دا نیشتەجێ بووبێ و تۆمەتبار بێت بە یەکێک لەو تاوانانەی کە لە ماددەی (١٤،١٣،١٢،١١)ی ئەم یاسایەدا دەست نیشانکراوەو لە ڕۆژی (١٧/٧/١٩٦٧) تا (١/٥/٢٠٠٣) ی عیراق یاخود هەر شوێنێکی تر ئەنجام درا بێت، کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە: ١- تاوانی کۆمەڵکوژی، ٢-تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، ٣-تاوانەکانی جەنگ، ٤-پێشێلکردنی ئەو بڕگە یاساییە عیراقییانەی، کە ماددەی (١٤)ی ئەم یاسایەدا هاتوون.

سەرۆکایەتی دادگا
لقی چوارەمی ئەم یاسایە، بۆ سەرۆکایەتی دادگاکە تەرخانکراوە.
ماددەی حەوت تایبەتە بەم مەسەلەیە و لە سێ بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی یەکەمدا، باسی ئەرکەکانی سەرۆکی دادگا دەکات. بڕگەی دووەمی ئەم ماددەیە، باسی ئەوە دەکات کە سەرۆکی دادگاکە دەتوانێت پسپۆری غەیرە عیراقی دابمەزرێنێت، بۆ کارکردن لە دادگاکانی تاوان و دەستەی تەمییز، بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە بواری یاسای تاوان و ڕووداوی هاوشێوە کە نێودەوڵەتی بێت یان هی تر.
بڕگەی سێیەمی ئەم ماددەیە، دەبێت پسپۆڕانی غەیرە عیراقی، کە لە بەندی دووەمی ئەم ماددەیە هاتووە، لە ئاستێکی بەرزی ئەخلاقی و ڕاستی و پاکیدابن.

پسپۆرییەکانی دادگا
تاوانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید)
لقی یەکەم، تایبەتە بە تاوانی کۆمەڵکوژی (جینۆساید)، مادەی (١١) تایبەتە بەم مەسەلەیە و دوو بڕگەی پێکهاتووە:

یەکەم- لەم بڕگەیەدا بۆ مەبەستی ئەم یاسایەو بە پێی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەدەغەکردنی تاوانی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٠٤٨، کە عیراق لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩ پەسەندی کردووە و بەم شێوەیە پێناسەی کۆمەڵکوژی کردووە:
(کۆمەڵکوژی ئەم کارانەی خوارەوە دەگرێتەوە، کە بە مەبەستی لەناوبردنی گروپێکی نەتەوەیی یا ڕەگەزی یا عرقی یان ئایینی بە شێوەیەکی گشتی یا جوزئی ئەنجام دراون)
١-کوشتنی تاکەکانی گروپێک
٢-زیانگەیاندنی جەستەیی یا عەقڵی
٣-دانانی گروپێک لە حاڵەتێکی بژێوی ئەوتۆدا بە مەبەستی لەناوبردنی گشتی یا جوزئی
٤-سەپاندنی ڕێوشوێنی ئەوتۆ کە ڕێگری منداڵبوون بێت لەناو گروپێکدا
٥-گواستنەوەی منداڵان بە زۆر لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکیتر.

دووەم: ئەم کارانەی خوارەوە سزایان لەسەرە:-
١-کۆمەڵکوژی،٢- پیلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، ٣-هاندانی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، ٤-هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، ٥-بەشداری لە کۆمەڵکوژیدا.
بنەماکانی ڕێوشوێن و کۆکردنەوەی بەڵگە
بە پێی مادەی (١٦)ی ئەم یاسایە، یاسای (ئسوڵی دادگای جەزائی) ژمارە(٢٣)ی ساڵی ١٩٧١و بنەما و ڕێوشوێنی و کۆکردنەوەی بەڵگەی پاشکۆی ئەم یاسایە کاری پێدەکرێت و بە بەشێکی جیانەکراوەو تەواوکەری دادەنرێت بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە دادگا دەیگرتەبەر.
ئەحکامی گشتی و کۆتایی
بەپێی ماددەی (٢٨) دادوەرانی لێکۆڵینەوە و دادوەرانی دادگای تاوان و ئەندامانی دەستەی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرێوەبردن و کارمەندانی دادگا دەبێت عیراقی بن و لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەندی سێی ماددەی (١٤)ی ئەم یاسایە.
 




 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved