ڕانان: تاژان عومەر
ئەم کتێبە لە نوسینی ( جان سالوین شاپیرۆ)یە، (عوسمان حەسەن شاکر) وەرگێڕانی لە فارسیەوە بۆ کردووە. یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک) لە ساڵی ٢٠٠٥ چاپکراوە.
لەم کتێبەدا، لیبراڵیزم "ئازادیخواز" وەک رەهەندی فەلسەفەی سیاسی مانای هەیەو لێکدانەوەو دیاریکردنی رەوتی مێژووی زاراوەکەش هەر لەو لایەنەوە دیاری کراوە. ریزبەندی واتایی کتێبەکە بە جۆرێکی وەها لە ئاست تێگەیشتندایە کە خێرا ماناکان بچنە مێشکەوەو ئەوەی نوسەر دەیڵێ وەک ئەوە وابێ بۆ خوێندکارەکانی خۆیی نوسیبێ، هەر لەبەر ئەمەشە بابەتەکە زۆر شیاوی خوێندنەوەیە بۆ خوێندکارانی زانکۆی یان زانستی رامیاری و مێژووی فیکرو...هتد.
دەروازەی یەکەم
مانای لیبراڵیزم
زێدی لیبراڵیزم : زاراوەی لیبراڵیزم هەروەکو ماناکەی نوێیە. ئەم زاراوەیە بەڕەچەڵەک ئیسپانییە و لە ناوی پارتێکی سیاسییەوە وەرگیراوە، واتە ئەو"لیبراڵانە"ی کە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا پشتگیرییان لە سەقامگیربوونی حکومەتی دەستوری لە ئیسپانیادا دەکرد. دواتر، زاراوەی "لیبراڵ" لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشدا ڕەواجی پەیداکردو بە حکومەت، حیزب، سیاسەت یان باوەڕێک دەوترا کە لایەنگری لە ئازادی دەکرد و دژ بە "فرمانڕەوایی ڕەها" بوو.
لیبراڵیزم و یەکسانی مافەکان: یەکێکی دیکە لە بنەما سەرەکییەکانی بیری لیبراڵی یەکسانییە. لیبراڵیزم بانگەشەکەری سەرەکی تێزی یەکسانی مافەکانی مرۆڤ بووە لە تەواوی دنیادا. مەبەست لە یەکسانی ئەوەیە کە هەمووان لە بەرامبەر یاسادا مافی یەکسانییان هەیەو مافیان هەیە لە ئازادییە مەدەنییەکان بەهرەمەندبن.
لیبراڵیزم و حکومەت: لە روانگەی لیبڕاڵەکانەوە، مەبەستی سەرەکی لە بوونی حکومەت، پارێزگاریکردنی ئازادی و یەکسانی و ئاسایشی هەموو هاوڵاتییانە. بۆیە حکومەتی لیبراڵ جا چ بە شێوەیەکی پاشایەتی بێت یاخود کۆماری، لەسەر بنەمای حکومەتی یاسا داڕێژراوە. یاسا لە لایەن ئەو یاسا ناسەوە پەسەند دەکرێ کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا هەڵبژێردراون.
دروست بوونی بیری لیبراڵ
سوقرات: سوقرات باوەڕی وابوو کە کاری چاکە لە زانست و زانینەوە پەیدا دەبێت و زانست و زانینیش لە هەڵسەنگاندنی پەیگیرانەی تێڕوانینەکانی خودەوە سەرچاوە دەگرێت.
دروست بوونی بیری لیبراڵ دەکرێت لە چەند بەشێکی گرنگ باس بکرێت کە لە لاپەڕە ٢١ کتێبەکەوە بە وردی باسی کردووە لەوانە (لیبراڵیستە نوێیەکان، سەرچاوەکانی لیبراڵیزم، رۆشنگەری).
کامڵبوونی لیبراڵیزم لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە
سروشتی دەوڵەتی لیبراڵ: دەوڵەت لیبراڵ لە ساڵی ١٨١٥دا، واتە لە سەرەتای مێژووی سەدەی نۆزدەهەمدا، لە بەریتانیا وفەرەنساو وڵاتە یەکگرتووەکاندا دەسەڵاتی گرتە دەست. هەرچەندە لەم وڵاتانەدا سیستەمەکانی حکومەت جیاواز بوون، بەڵام هەموویان وەفاداربوون بەرامبەر بە بنەما بنچینەییەکانی لیبراڵیزمی سیاسی. ئەم بنەما بنچینەییانە بریتیبوون لە : ١- یاسا دانان لە رێگای نوێنەرانی یاسادانەری هەڵبژێردراوی دەنگدەرانی خاوەن دەسەڵاتەوە. ٢- پارێزگاریکردن لە ئازادی مەدەنی یان مافە سروشتییەکانی مرۆڤ.٣- مافی نەیارێتی ئاشتییانە لەگەڵ حکومەتدا، لە ناوەودەرەوەی پەرلەماندا.
ناسیۆنالیزم: لە جەنگ و ململانێی نێوان لیبراڵەکان و کۆنەپەرستاندا، رەهەندێکی تریش بوونی هەبوو واتە ناسیۆنالیزم، لە سەردەمی نوێدا هەر نەتەوەیەک یان خۆی لە چوارچیوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی خاوەن دەسەڵاتدا نمایش دەکرد، یاخود بە جۆش و خرۆشەوە هەوڵیدەدا ئەم کارە ئەنجام بدات. سەبارەت بە "نەتەوە" یەک یاخود "وڵات"ێک، رەنگە زیاتر وەسفکردنی ساناتر بێ تا پێناسەکردنی.
بەها پایەدارەکانی لیبراڵیزم
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئاسۆ لەبەردەم لیبراڵیزم دا روون و درەخشان دەهاتە پێش چاو. لە ئەوروپادا هەر بە تەنها هەردوو حکومەتی ستەمکار و دیکتاتۆری روسیا و تورکیا مابوونەوە، ئەوانیش لە ژێر هەڕەشەی شۆڕشدا بوون.
هەردوو رێبازی فاشیزم و کۆمۆنیزم بە هەموو شێوەیەک چ لە رووی تیۆری و چ لە رووی پراکتیکیەوە لیبراڵیزمیان رەتدەکردەوە. دروستبوونی سیستەمی دیکتاتۆری تۆتالیتاری کۆمۆنیزم لە روسیاو فاشیزم لە ئەڵمانیاو ئیتاڵیا بە مانای رەتکردنەوە تەواوی لیبراڵیزم بوو.
کۆندرۆسە: مانای پێشکەوتن
مرۆڤ بە سوود وەرگرتن لە عەقڵ و پرسە واقعییەکان دەگاتە پلەی پێگەیشتن. سروشت هیچ ئاستەنگ و سنوور بەندییەکی لە بەردەم پێگەیشتنی توانستەکان و هێزە زەینییەکانی مرۆڤدا دانەناوە، لە راستیدا پێگەیشتن و کەماڵ خوازی مرۆڤ ناکۆتایە و پێشکەوتنی کەماڵ خوازی مرۆیی چاکەکار، لە پاش هەموو ئاستەنگەکان ئازاد دەبێت تا ئەو کاتەی ئەم گۆی زەوییە کە سروشت شوێنی ئێمەی تێدا کردۆتەوە پایەدارو راوەستاو بێت، ئەم پێشکەوتنە بە دڵنیاییەوە درەنگ یان زوو خێراتر دەچێتە پێش، بەڵام هەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە. لانیکەم لەبەر ئەوەی گۆی زەوی جێگای خۆی لە سیستەمی جیهاندا دەپارێزێت، مەگەر ئەوەی کە یاسا گشتییە زاڵ وبە هەژموونەکانی سەر ئەم سیستەمە دووچاری شۆڕشێکی مەزن یان گۆڕانگەلێکی وەها بێتەوە، کە ئەمڕۆ لە پاراستنی بوونی خۆی، لە سوود وەرگرتن لە توانست و هێزە پەنهانەکانی و لە بەدەستهێنانی ئەو سەرچاوانەی کە جێگای مەبەستێتی، بێبەش بکات...
لۆک: حکومەت بە رەزامەندیی هاووڵاتیان
هەروەک لەمەوپێش گوتراوە، هەموو مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سروشتی ئازادو یەکسان و سەربەخۆن، ناتوانرێ هیچ کەس بەبێ رەزامەندی خۆی لەم شوێنە دەربکرێ و بکرێتە وابەستەی دەسەڵاتێکی سیاسی تر، ئەم کارە تەنها بە رێککەوتن و هەماهەنگی مرۆڤەکانیتر ئەنجام دەدرێت، بەو جۆرەی کە ئەوان رێکدەکەون لە پێناوی ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی ئارام و ئاشتی ئامێزیشیان لە چوارچێوەی کۆمەڵدا بۆخۆیان رێکدەخەن و یەکدەگرن و لە نێو بیانییەکاندا دەبنە یەک و موڵک و دارایشیان لە ئاسایش بەهرەمەند دەبێت و لە بەرامبەر هەر کەسێکدا کە لە کۆمەڵی ئەواندا نییە ئاسایشێکی زیاتریان دەبێت.