عێراقی نوێ
ئەم کتێبە لە  نوسینی شەماڵ عەبدوڵڵا ەو ساڵی 2005 مەکتەبی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ک) چاپیکردوە، کە تایبەتە بە کۆمەڵێک بابەتی چی ڤ=باسی قۆناغی نوی لە عێراقدا؛ لەوانە
پەیڕەوکردنی سیستمی فیدرالی، دەستپێکی ئایندەیەکی گەشە بۆ گەلانی عێراق
گەلی کوردستان هەر لە سەرەتای دابەشکردنییەوە لە دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی (١٥١٤ز)دا، ئەو شەڕەی کە تێیدا سوڵتان سەلیمی یەکەم بە سوودوەرگرتن لە کورد زاڵ بوو بەسەر شا ئیسماعیلی سەفەوی، دوای ئەوە دابەشکردنی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەسمی لە ساڵی (١٦٣٩)دا کە تێیدا کوردستانی باکوور و باشوور بەر عوسمانییەکان کەوت و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەر ئێران کەوت، لەو ڕۆژەوە گەلی کوردستان چاڵی بێبەشکردنی بۆ هەڵەکەندرا.   
ساڵی (١٩١٤) کاتێ شەڕی جیهانیی یەکەم هەڵگیرسا، بەریتانیا ویلایەتی بەسرە و دوای ئەوەش ویلایەتی بەغدای گرت لە دەستی عوسمانییەکانی دەرهێنا، ئەوکات بەتەمای دامەزراندنی وڵاتێکی عەرەبی بوو لەو دوو ویلایەتە، بەڵام لەدوایدا بەرەو ویلایەتی مووسڵیش کشا (مووسڵ و کەرکوک و هەولێر و سلێمانی دەگرتەوە) و داگیری کرد.
لە ساڵی (١٩٢٠) کاتێ پەیمانی سیڤەر مۆرکرا، کورد چاوەڕوانی ئەوە بوو دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێ، بەڵام لە پەیماننامەی شومی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا تەواوی داخوازییەکانی کورد فەرامۆش کرا، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان پشتیان لە مافی ڕەوای گەلی کوردستان کرد. 
لە ساڵی (١٩٢٥) لەسەردەمی کۆمەڵەی گەلاندا، بە پێچەوانەی داخوازیی کورد، بەنارەوا پێشنیاری بەستنەوەی خوارووی کوردستانیان کرد بە دەوڵەتی عێراقەوە؛ ئیتر لەوساوە بەدواوە دەستنیشانکردنی ئایندەیەکی سیاسی بەخۆیەوە دەگەڕێ، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیاکانەوە نە لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و نە لە دوای ئەوەش تاکو ئەمڕۆ، ڕێگەیەکی عادلانە نەگیراوەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستان. ئەگەرچی بیروبوچوونی باش هەبوون لە لایەن هەندێ کەسەوە دەرچوون، هەر لە سەربەخۆی کوردستان بەبێ بەستنەوەی بە دەوڵەتی عەرەبی عێراق، تاکو بیروبوچوونی کۆنفیدراڵ و فیدرالی و ئۆتۆنۆمیش هەبووە بۆ بەستنەوەی ئەو بەشەی کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە، بەڵام لە ئەنجامدا هەموو ئەم هەوڵ و بیروبوچوونانە شکستیان هێناوە. بەیەکەوەبەستنی زۆرە ملێیانە هەم لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە تاکو ڕوخاندنی رژێمی بەعس گیراوەتە بەر، لەمەشدا عێراقییەکان لە ناو گێژاوی شەڕو‌شۆڕدا تلاونەتەوە، بە هەزاران هەزار بوونەتە قوربانیی نیازی گڵاوی دەسەڵاتدارانی عێراق، نەتوانراوە عێراقییەکی دیموکراتی و فیدرالی و فرەحزبی لە دایک بێت کە مافی نەتەوەیی و کەلتووری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەموو لایەک بپارێزێت، وای لێ بکرێت کە عێراقییەکان سەرەڕای جیاوازیی نەتەوەییان هەست بە عێراق بوونی خۆیان بکەن و شانازییشی پێوە بکەن، هۆی سەرەکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەو بۆچوونە سەقەتەی کە هەر لە سەرەتاوە عێراقێکی بەزۆر پێکەوەبەستراو لە جیاتی عێراقێکی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە گیراوەتەبەر.    
لە ڕۆژی ٢١ی ئازاری ١٩٢٥دا کاتێک لە لایەن ئەنجومەنی دامەزراندنەوە قانونی ئەساسی عێراق دارێژراو لە لایەن مەلیک فەیسەڵ وەک یەکەم دەستووری هەمیشەیی رەزامەندیی لەسەر درا و ڕاگەیەنرا بە درێژایی ماوەی ١٩٢٥ - ١٩٥٨ کاری پێکرا و دوای ئەوەش چەندین دەستووری کاتیش ڕاگەیەنراوە، تا هاتووە دەستوور و قانون لە عێراقدا تێکەڵاوی دەسەڵاتەکانی کراوە و لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا (مجلس قيادة الثورة) بە ئارەزووی خۆی دەستوور و قانونی لە عێراقدا تێکداوە بەمەبەستی سەپاندنی سیاسەتی دیکتاتۆریانە و تاکڕەوانەی بەعسیانەی خۆی، و بەمەبەستی میلیتاریزەکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادیی تاك و کۆ و کۆکردنەوەی تەواوی دەسەڵات لە شەخسی سەرۆک و ڕێخۆشکردن بۆ تێوەگڵانی لە شەڕو‌شۆڕ و بەفيرۆدانی توانا مادی و ئینسانییەکانی گەلانی عێراق، و گرتنەبەری سیاسەتی بێویژدانانەی ئاواره‌و ‌دەربەدەركردن و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵک و ماڵی هاووڵاتیانی عێراق و جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس و تەهجيرو دەیان کاری دزێوانەی تر بە ناوی قانون لە پێناوی خاڵی کردنی لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا گیراوەتە بەر، هەر هەمووی لە لایەن بەعس و سەرکردە دیکتاتۆرەکەیەوە پاوان کرابوو.
ئەم کۆکردنەوەی دەسەڵاتە لە دەستوور و قانونەکانی عێراق بە دەستی کەسێک، ئەم گوێنەدانە بە پێکهاتە نەتەوەییەکانی گەلانی عێراق لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و ئەرمەنی، هەروەها پێکهاتەی ئاینی و مەزهەبییەکان لە ئیسلام (شیعە و سونە) و مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی و هتد... راستیییەکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دەوڵەتی
عێراق هەر لە دامەزراندنییەوە بە گرتنەبەری سیستمی حوکمی مەرکەزی بە ناوی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و خۆدوورگرتن لە سیستمی حوکمی فیدرالی وەکو سیستمێکی قانونی و سیاسیی ئاوێتەکراو، ئەو واقیعەی هێناوەتە پێش کە عێراقییەکان لە ماوەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تاکو ئەمڕۆ باجەکەی بدەن. 
پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکان لە هەر وڵاتێک لە شێوەی عێراقدا بێت، ئەگەر ڕەچاوی ئەوە نەکات سیستمی فیدرالی هەیە و دەسەڵاتەکان دابەش نەکرێت بۆ ئەوەی هیچ کەس و تاقم و لایەنێک بۆی نەبێت بە ناوی مەرکەزییەتەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت، ئەوە ئەم پێکهاتە زۆرملێ یە نەک هەر ٨٣ ساڵ، بەڵکو ئەگەر دەهێندەی تریش بخایەنێت هەر سەرکەوتوو نابێت و کێشەی نەتەوەییەکان و ئاینییەکان و مەزهەبییەکان نابڕێتەوە.     
کەواتە یەکەم هەنگاوی عێراقییەکان بۆ بنەبڕکردنی کێشەکان و بۆئەوەی عێراقێکی یەکگرتوو لەسەر پرس و ڕاو و خواستی گەلەکانی دابمەزرێ هەڵتەکاندنی سیستمی مەرکەزی و جێگرتنەوەی بە سیستمێکی فیدرالی و کردنی دەوڵەتی عێراقە لە دەوڵەتێکی سادە(بسيط) بۆ دەوڵەتێکی ئاوێتە (مرکبە).
پەیڕەوکردنی سیستمی فیدرالی بە شێوەی جۆراوجۆر و بە ڕەچاوکردنی واقیعی تایبەتی هەر وڵاتێک لە سویسرا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و هیند و بەلجیکا و فەنزوێلا، ئوسترالیا، مەکسیک، ئەرجەنتین، کەنەدا و دەیان شوێنی تر کە کێشەی نەتەوەیی یان ئاینی یان کەلتووری
تێدا بووە، سەرکەوتنی خۆی لەم شوێنانە ڕاگەیاندووە، بەرەو ئەوەمان دەبات کە پێکهاتەی عێراقییەکانیش بەو شێوەیە هەر دەبێ ڕێگەی سیستمێکی فیدرالی بگرێتە بەر دەنا عێراق هەر عێراقێکی یەکگرتووی زۆرەملێ دەبێ لەجیاتی عێراقێکی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە.         
کورد و فیدرالیزم
 دیارە گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، لە قۆناغەکانی خەباتیدا، هەموو ڕێوشوێنێکی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بتوانێ بەشێکی زۆر کەم لە خواستە نەتەوەییەکانی و مافە ڕۆشنبیری و سیاسییەکانی خۆی وەدەست بهێنێت، تەنانەت وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیش هەر وەکو لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ گیراوەتە بەر، بەڵام ڕژێمی بەعس لەو کەمە مافەش پەشیمان بووەوە. ئەم تاقیکردنەوەیە نیشانیدا کە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە سەرئەنجامی نابێت، باشترین بەڵگەش ئەو زوڵم و ستەمە بێوێنەیە بوو کە گەلی کوردستان تا ڕوخانی سەدام بەرامبەری گیراوەتە بەر، بەهەزاران گوندی تەخت کرا و بەهەزارا هەزاران خەڵکی بێدیفاعی ئەم کوردستانە کەوتە بەر شالاوی ئەنفال، بە هەزارانی تر بە کیمیا خنکێنران و بەهەزاران هەزاری تریش سیاسەتی تەعریب و تەهجیرو تەبعیس و تەسفیری لەسەر جێبەجیکراو تەنانەت بێبەشکران لە ڕەگەزنامەی عێراقیش، باشترین نموونەش کوردە فەیلییەکان بوون.      
هەندێک کەموکوڕی لە قانونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا

١- قانونی باری کەسێتی بە تەواوی فەرامۆش کراوە کە دەبووایە ئاوڕێکی جیدی لێ بیدرایەتەوە و هەنگاوی باشتری بۆ ئامادەکردنی بکرابایە، بە داخەوە وا تێبینی دەکرێت پاشەکشەی پێبکرێ و وای لێبێت مەحکەمەی شەرعی و مەجالیسی ڕووحانیی تائیفی بێتەوە جێگەی قانونی باری کەسێتی لەق بکات کە ئێستا کاری پێ دەکرێت.      

٢- ژمارەی ئەو وەزارەتانە دیاری نەکراوە کە پێویستە لەمەودوا بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق کاری خۆی بکات، دەبووایە ئەم مەسەلەیە ڕوون بكرایەتەوە چونکە دەکرێت بەپێی پێویست دوو وەزارەت ببنە یەک وەزارەت یان بە پێچەوانەوە یەک وەزارەت بکڕێت بە دوو یان وەزارەتی نوێ دامەزرێت، دەکرا ئەمە هەر لە ئێستاوە تا دانانی دەستووری هەمیشەیی لە لایەن جەماوەرەوە قسەی لێوە بکرێت. دەکرێت ئەمە لەم پاشکۆیەدا ئاماژەی پێبکرێت کە لە ماددەی (٢) بڕگەی (١)دا باسی لێوە کراوە کە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی گواستنەوەدا     .
٣- دەبووایە لە دەسەڵاتی یاسادانان کە کۆمەڵەی نیشتمانی دانراوە کە وەکو ئەزمونێکی هەڵبژێردراو دەبێت ئەرکی سەرەکیی دانانی یاسا و چاودێریی دەسەڵاتی تەنفیزی یە لەگەڵیدا کۆمەڵەی هەرێم هەبووایە؟ هەردووکیان ئەنجومەنێکیان پێکبهێنایە بە ناوی ئەنجومەنی گەل. دانانی کۆمەڵەی هەرێم بە هەڵبژاردن لە سنووری هەرێمەکان بووایە و ڕەچاوی یەکسانی لە دانانی کۆمەڵەی هەرێمی بکرابووایە لە نێوان نەتەوەکان، ماف و ئەرکی ئەوانیش دیاری بکرایە لە عێراقی ئایندە.      
٤- دەبووایە ئەم یاسایە ئیلتزامی تەواوی خۆی بە یاسای نێودەوڵەتی ڕاگەیاندایە کە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و چەسپاندنی دیموکراسی کە عێراق بە کۆمەڵێکی مەدەنی دەگەیەنێ عێراق بەدوور دەگرێ لەحوکمی تاک و دیکتاتۆرییەت و  شەڕو ئاژاوە و تێکدانی باری ئارامیی ناوچەکە و جیهان.         
٥- دەبووایە ئەم یاسایە هەر لە سەرەتاوە بە سێ زمان لە یەک کاتدا بکرایە، ئەوانیش زمانی عەرەبی، زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی بووایە، نەک بەو شێوەیەی ئێستا لە وەرگێڕانەکە لە عەرەبی بۆ کوردی جیاوازیی دیار دەکەوێت، و وا باشە زەمانەتی دەستووری ئایندە لەسەر زمانی ئینگلیزی بێت.      
٦- ئەم یاسایە لە ڕووی داڕشتنەوە زۆر بە وردی دانەڕێژراوە، بە شێوەیەکی کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم مەسەلەکان دانەڕێژراوە بە جۆرێک بواری نەهێڵێتەوە تەفسیر و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت.        
٧- تێکەڵاوی هەیە لە بڕگە و ماددەکان بە جۆرێک ماددە و بڕگەی وا هەن کۆمەڵێک مەسەلەی زۆر گرنگی بە خۆوە گرتووە کە دەبووایە بۆ هەر یەکێکیان ماددەیەک یان بڕگەیەک تەرخان بكرایە نەک تێکەڵ بکرێن.
٨- کۆمەڵێک کێشە هەن چارەسەرکردنی دواخراوە لەوانە مەسەلەی کەرکووک و تەنانەت مەسەلەی تەعریب و تەهجیریش نەرمییشی پێوە دیارە. ئەم کێشانە ئەگەر ئەمڕۆ چارەسەر نەکرێن، دوای گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ عێراقییەکان پێم وابێت چارەسەریان گرانتر دەبێت نەک ئاسانتر، بەڵکو بە دوور نازانرێت شەڕ و ئاژاوەی گەورەش بێتە پێشەوە، بۆیە نەدەبووایە ئەم مەسەلەیە دواخرایە. خۆ دەکرا ئەگەر چارەسەری کەرکووک دواخراوە، هێزێکی نێودەوڵەتی لە ژێر سایەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (UN) بەڕێوە ببات تا ئەو ڕۆژەی کێشەکە یەکلادەبێتەوە. بە پێچەوانەوە بە دوور نازانرێت گەورەترین و خوێناویترین کارەسات ڕووبەڕووی خەڵکی شاری کەرکووک و دەوروبەری ببێتەوە، لەوەدا کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و مەزهەبەکانی شیعە و سوننە و مەسیحی زیانمەند دەبن. بۆیە وا باشە بە پەلە جێبەجێ بکرێت. سیاسەتی تەعریب و تەهجیر لەسەر بنەمایەکی باتڵ دامەزراوە، بۆیە هەرچی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزرابێت باتڵە، بۆیە دەبێت بە زووترین کات هەڵبوەشێتەوە.  
٩- لەبەر ئەوەی یەکگرتنی ئارەزوومەندانە کە ئەمڕۆ گەل هەڵیبژاردووە بۆ پێکهێنانی عێراقێکی دیموکرات لە ژێر سیستەمی فیدراڵیدا، ئەگەر لە داوارۆژدا ئەمە کێشەی لێ پەیدا بوو، گەلی کوردستان یان بەشێکی تری عێراقیش چۆن چارەسەر بۆ خۆی بدۆزێتەوە و چۆن لەم مەینەتییەی تووشی دەبێت خۆی ڕزگار بکات؟ وا باشە دروشمی ‘مافی چارەی خۆنووسین’ لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنرێت، چونکە مافی چارەی خۆنووسین فیدراڵیش دەگرێتەوە، ئەگەر نەشگونجا جیا بوونەوەش دەگرێتەوە. ئەگەر ڕێگەی یەکەم هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرایەوە، دەکرێت ڕێگەی دووەم بگرێتە بەر هەروەکو تەیموری خۆرهەڵات. دەبێت بزانین مافی چارەی خۆنووسین لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دانی پێدا نراوە، بەمە بە نێودەوڵەتی بوونی کێشەکەمان دەچەسپێت و باشترین چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە هەروەکو لە ماددەی (١) بڕگەی (٢) و لە ماددەی (٥٥)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ماددەی (١)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و ماددەی (١)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان ئاماژەی پێکراوە.       
١٠- مەسەلەی پێکهاتنی لەشکری عێراقی و چۆنیەتیی جوولانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا مەسەلەیەکە کە دەبوو حساباتی وردی بۆ بكرێ، ئەگەرچی بۆ مەسەلەی چۆنیەتیی جوڵانی لەشکرەکە لەگەڵ وڵاتاندا باسی لێوە کراوە، پێویستە لە ناوخۆشدا باسی لێوە بکرێت. بۆ نموونە لەشکر بۆی نەبێ بۆ هیچ هەرێمێک بجوولێت بە بێ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی هەرێمەکە تا ڕێگا بگرێت لەوەی جارێکی تر لەشکری عێراق بۆ سەرکوتکردنی جەماوەر بەکاربهێنێ، هەروەکو لە کوردستان بە درێژایی دروستبوونی لەشکری عێراق دژ بە گەلی کوردستان بەکار هاتووە و گەورەترین مەینەتیی بەسەر هێناوین.      
١١- هەندێک ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەن ڕەنگە ڕاستەوخۆ زیان لە هەرێمێک بدات بۆ نموونە ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران، تورکیا، یان سوریادا بوو بە زیانی گەلی کوردستان تەواو بوو، لەم حالتەدا دەبێت ڕەزامەندیی ئەو هەرێمەی لەسەر بێت. ئەگەرچی لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە، بەڵام نابێت دەسەڵاتی فیدراڵی ڕێگە بە خۆی بدات زیان لە هەرێمەکانی خۆی بدات. یان ڕێککەوتنێک هەبێت لە نێوان عێراق و ئێران و کوێت و ئوردندا زیان لە هەرێمێکی تر بدات بۆ نموونە ئەو هەرێمە شیعەنشین بن، نابێت بێ ڕەزامەندیی ئەوان بێت. ئەمە مەسەلەیەکی گرنگە و دەبێت حساباتی بۆ بکرێت لە داڕشتنی دەستووری ئایندەی عێراقدا. تەنانەت لە ناوخۆشدا لە نێوان هەرێمەکاندا ڕێککەوتن هەبێت لەسەر هەندێک مەسەلە بۆ نموونە سەرچاوەی ئاوی عێراق لە کوردستانەوە دێت، ناکرێت خەڵکی کوردستان سوود لەم سەرچاوەیە نەبینن و کەچی خێرەکەی تەنیا بۆ دەرەوەی کوردستان بڕوات.  
١٢- دەبووایە داهاتی عێراق دابەش بكرابوابایە بەسەر ناوچەکانی عێراقدا بە گوێرەی زۆری و کەمیی دانیشتووان، وەکو چۆن لە کاتی خۆیدا ڕێژەی ١٣٪ بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان دانرا بوو کە ڕێژەکەی زۆر زاڵمانەش بوو، دەبووایە لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت تا ئەوە نەبێت ئاوەدانکردنەوەی کوردستان زەمانەتی فەرامۆش ئەکرێت.
١٣- لەم دەستوورەدا مافە تاکەکان و مافە گشتییەکانی عێراقییەکان تێکەڵاوی یەکتر کراون. دەبووایە لەم دەستوورەدا زۆر بە وردی مافە بنچینەیییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان و مافە گشتییە هاوبەشەکان لە یەکتر جیا بكرێنەوە بە جۆرێک بووایە تەواوی ئەو مافانە لەگەڵ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاگەیەندنی جیهانیی مافی مرۆڤدا بگونجێ بە جۆرێک هەردەم یاسا نێودەوڵەتییەکان باڵایەتی خۆیان بەسەر یاسا نیشتمانییەکاندا بسەپێنن تا یاسا نیشتمانییەکان مافی مرۆڤی عێراقی پێشێل بکەن. 
بۆ نموونە ئەگەر مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە مافی ژیان، کارنەکردن بە زۆرە ملێ و، ئەشکەنجەدان، سەفەرکردن، موڵکداری، ئازادیی بیروڕا و خۆڕێخستنی نیقابی و کۆمەڵێک مافی تر بگرێتەوە، مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان مافی کارکردن بێ جیاوازیکردن لە ڕووی ڕەگەز و نەتەوە، مافی خوێندن، مافی تەندروستی، مافی خۆڕۆشنبیرکردن، مافی ژینگەپارێزی، بافی باشترکردن و چاکردی ژیانی کۆمەڵایەتی، مافی قەرەبووکردنەوەی زیان، مافە گشتییەکانیش لەوانە مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامە... هتد. دیارە ئەو مافانە بایەخێکی گرنگی هەیە و وادەکات هیچ هاوڵاتییەکی عێراق، لە هەر نەتەوەیەک بێت یان سەر بە هەر ئاینێک بێت و لە هەر شوێنێکی عێراقدا بژی تەواوی مافەکانی پارێزراو دەکات. ئەمە مەسەلەیەکە دەبوو لە کارە سەرەکییەکانی دەستووری ئایندەی عێراق بێت، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵێکی مەدەنیی دوور لە هەر جۆرە چەوسانەوەیەک پێکبهێنین. دەبێت ئەوەش بزانین تەنانەت بڕیاری چارەی خۆنووسینی گەلانیش لەم چوارچێوەیەدا خۆی ڕادەگەیەنێت.     
ئەگەر مافەکان بەم جۆرە پارێزگارییان لێ نەکرێت مەحاڵە بۆ نموونە لە شارێکی وەکو کەرکووکدا کوردێک، تورکمانێک، ئاشوورییەک و ئەزموونی یەک  و عەرەبێک لە کۆمەڵێکی دواکەوتووی وەکو ئێمەدا بە یەکەوە هەڵکەن و هەر یەکەیان مافی ئەوی تر بپارێزێت. یان لە شوێنێکی تری وەکو بەغداد کورد و عەرەبی سوننە، یان کورد و عەرەبی شیعە دەژین یان سوننەی عەرەب و شیعەی عەرەب دەژین، ئەمانە هەموویان کێشە دروست دەکەن و ڕەوشی عێراق بەرەو واقیعێکی پڕ مەترسی دەبەن. دوژمنەکانی گەلانی عێراقیش ساز و ئامادەن بۆ لەباربردنی ئەم ئەزموونە نوێیە  یەک دەنگن، جا ئەم ناحەزانە لە ناوخۆدا بن یان لە دەوروبەر، چاویان بەوە هەڵنایەت عێراق لە ژێر سایەی فیدراڵیدا ژیان بباتە سەر و ببێتە سمبولی قەڵای ئاشتی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
ھیوادارم تەواوی کەموکوڕییەکانی ئەم یاسایە لە لایەن خەڵکانی شارەزاوە بخرێتە ڕوو تا بتوانین لە کاتی داڕشتنی دەستووری هەمیشەییدا ڕاستیان بکەینەوە، چونکە ئەم یاسایە دەبێتە بنەمای داڕشتنی دەستووری ئایندە.    
چاوخشاندنەوەیەک بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردندا
دوا بە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس لە نیسانی ٢٠٠٣، گەلانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی بە هاوکاریی هاوپەیمانان کەوتنە هەوڵی دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ، عێراقێک دوور لە زوڵم و ستم و دیکتاتۆریەت، عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی پەرلەمانیی فرە حزبی.       
بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە، هاوپەیمانان توانینیان بە هاوکاریی حزبە سیاسییەکانی عێراق دەستپێشخەریی دامەزراندنی ئەنجومەنی حوکم بکەن وەک هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ دەستی عێراقییەکان. ئەنجومەنی حوکمیش لە ماوەی کارکردنی خۆیدا کەوتە هەوڵی داڕشتنی یاسایەک بۆ ئەوەی بتوانێ کاروباری عێراق لە قۆناغی گواستنەوە هەڵسوڕێنێ، ئەوە بوو لە ٨ی ئازاری ٢٠٠٤ یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە ڕاگەیەندرا.    
ڕاگەیاندنی ئەم قانونە، کە وەک دەستوورێکی کاتی وابوو، سەرکەوتنێکی گەورەی تێدا بەدی کرا، ئەویش ئەوە بوو کە عێراقی ئایندە دەبێت عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی پەرلەمانیی فرەحزبی بێت. عێراقێک بێت هەوڵی لەڕەگەوە هەڵتەکاندنی دەسەڵاتە شمولییەکان بێت عێراقێک بێت لەسەر بنەمای تەوافق دامەزرا بێت؛ عێراقێک بێت مافی هاوڵاتیبوونی پارێزراو بێت. مافە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت. عێراقێک بێت دان بە حکومەتی ئیقلیمی کوردستان بنێت. عێراقێک بێت دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێکەڵاوی یەکتر نەکرێ و دەسەڵاتی قەزایی سەربەخۆ بێت... هتد.       
بەداخەوە کۆمەڵێ مەسەلەی گرنگی بۆ گەلی کوردستان بە هەڵواسراوی هێشتەوە یان چارەسەرکردنیان دواخراوە، لەوانە گەڕاندنەوەی کەرکووک و خانەقین و زۆر لە شوێنەکانی تر بۆ ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستنیشانکردنی سنووری ڕاستەقینەی کوردستان، دیاریکردنی بەشی کوردستان لە داهاتی عێراق، هێشتنەوەی مەسەلەی پێشمەرگە بە هەڵواسراوی، تێڕوانینی وەکو میلیشیا و جێبەجێ نەکردنی ماددەی (٥٨) لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و دەوروبەری کە بەر سیاسەتی تەعریب و تەهجیر کەوتبوون، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان، هەروەها گەڕاندنەوەی سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان لە کەرکوک بۆ سەر کەرکوک.  
لایەنێکی گەش کە لە قانونی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە داهاتبووە دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردن بووە لە سەرتا سەری عێراقد بۆ هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمانی عێراق)، هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو. ئەوە بوو لە کات و ساتی خۆیدا لە ٣٠ / ١ / ٢٠٠٥ هەر سێ هەڵبژاردنەکە ئەنجام درا.       
هەڵبژاردن وەکو پرۆسەیەکی دیموکراتی کە بۆ یەکەمجار بوو لە عێراقدا بەو شێوەیە ئەنجام درا، نابێت بە کارێکی ڕاگوزەری تەماشای بکەین، بەڵکو پێویستە هەڵوەستەی لەسەر دابکەین لایەنە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی تاوتوێ بکەین. پێم وایە کۆمەڵێک مەسەلەی زۆر گرنگ هەن وەڵامی ڕاستەقینەمان لێوە دەست دەکەوێ، ڕاستە هەڵبژاردنی ئایندە وێنەیەکی فۆتۆکۆپیکراوی ئەم هەڵبژاردنە نابێت، کۆمەڵێک مەسەلەی زۆر گرنگ هەن گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام هەر دەبێت لە بەر ڕۆشنایی ئەم دەرئەنجامەی هەڵبژاردنی ٣٠ / ١ / ٢٠٠٥ خۆمان ساز و ئامادە بکەینەوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر. پێم وابێت لە خویندنەوەی ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانین پێشبینییەکانمان بۆ گۆڕانکارییەکانی ئایندە، لەبەرچاو ڕۆشن بێت  وردتر خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەر ئەگەرێکی تر کە دێتە ڕێگامان، تەنانەت ئەم دەرئەنجامە ململانێکانیشمان لە گۆڕەپانی عێراق و کوردستاندا بۆ دەستنیشان دەکات و لایەنە گەش و خامۆشەکانیش باشتر دەبینین، توانای خۆمان وەکو گەلی کوردستان لە نێو هاوکێشەی دامەزراندنەوەی عێراقی نوێدا تێدەگەین.      

هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق
- (١١١) سەد و یانزە کیانی سیاسی بەشدارییان کرد بۆ هەڵبژاردنی (٢٧٥) کورسیی پەرلەمانی عێراق.   
 کە (٧٥)یان لایەنی سیاسی بوون، (٢٧)یان کیانی تاکەکەسی بوون، و (٩)یان هاوپەیمانیی چەند لایەنێک بوون. 
- ژمارەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردبوو ٧٤٧١ کەس بوون.      
- ژمارەی ئەوانەی خۆیان کاندید کردبوو لەسەر لیستی هاوپەیمانیی کوردستان (١٦٥) کەس بوو.      
- ژمارەی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو لە عێراقدا نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس بوو.   

ڕێژەی بەشداریی کورد لە هەڵبژاردندا  
گەلی کوردستان لەبەر ئەوەی خاوەن ئەزموونێکی هەڵبژاردن بوو لە ساڵی ١٩٩٢، هەروەها خاوەنی ئەزموونی کۆمەڵێک هەڵبژاردنی تریش بوو، ئینجا وای کرد کە بەشداریی کورد لەم پرۆسە دیموکراتییەدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بێت. ئەگەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا کە ڕێژەی بەشداربووان لە باشوور نزیکەی ٧٥٪ بوو، لە شاری بەغداد ٤٨٪ بوو، لە دیالە ٣٤٪ بوو، لە تکریت ٢٥٪، لە موسڵ ١٧٪، لە ئەنبار تەنیا ٢٪ بووە دیارە ڕێژەی بەشداربووان بە گوێرەی سەرتاسەری عێراق نزیکەی ٦٠٪ بووە، کەچی کوردستان ڕێژەی بەشداربوونی خۆی داوە لە ٨٩٪. ئەمەش پەرۆشیی کورد ڕادەگەیەنێت وە دەستخستنی مافی گەلەکەمان. دەبێت هەوڵ بدەین ئەم ڕێژەیە بەرزتر بکرێتەوە نەک داببەزێت، خەڵکی کوردستان تا بواری باشتری بۆ بڕەخسێ دەتوانێت بەشداریی کاریگەرتریشی هەبێ.  

هەڵبژاردن لە دەرەوەی عێراقدا    
بەپێی ئەو یاسایەی کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵاوە کاری پێ کرا، بەشداری کردنی عێراقییەکانی دەرەوە بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق. ئەگەر ڕێژەی بەشداربوونیان وەربگرین، ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەوانیش بەشداریی باشیان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد ئەوەی جێگەی هەڵوێستە سەرکردنە ئەوەیە کە هاوڵاتیی کوردستان لە هەندەران ڕۆڵێکی زۆر چالاکانەی هەبووە ژمارەیەکی زۆری کورد بەشدارییان کرد سەرباری کۆمەڵێک تەنگوچەڵەمەی زۆر گەورەش، لەوانە دووریی صندوقی دەنگدان لە هەندێک شوێن بە دووریی دەیان و سەدان کیلومەتر لە شوێنی دەنگدان، سەرفکردنی پارەیەکی زۆریش.         
هاوڵاتی کورد لە هەندەران، سەرباری جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییە، توانییان سەرنجی ڕۆژنامەنووسانیش بۆ ئەوە ڕابکێشن کە گەلی کوردستان چەند پەرۆشی هەر پرۆسەیەکی دیموکراسییە. بەڕاستی هاوڵاتیی کوردستان لە هەندەران ئەم بۆنەیەی باش قۆستەوە بۆ زیاتر ناساندنی گەلەکەمان و داواکارییەکانی لە حکومەتی ئاینندەی عێراق، بەداخەوە کۆمسیۆنی باڵا ڕێگەی پێ نەدان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداری بکەن.    
دەبێ لەمەودوا بایەخێکی تایبەتی بە کوردەکانی هەندەران بدرێت کە دەتوانن ڕۆڵێکی زۆر گەورە و پیرۆز بگێڕن بۆ ناساندنی زیاتری گەلەکەمان و هەروەها بۆ گەیاندنی داخوازییەکانمان بەرای جیهان. بەڕاستی هەر لە ڕێگەی ئەوانەوە گەلەکەمان توانی ئێش و ئازارەکانی خۆی بە جیهان بگەیەنێ  بە تایبەتی لەسەردەمی ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە دواوە، کە باهۆزی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤـ گەلانی بەشمەینەتی وەکو ئێمەی گرتەوە، گەورەترین دەستکەوتمان کە لە ٥ / ٤ / ١٩٩١ بەدەست کەوت لە کات و ساتێکی کۆڕەوە مێژوویییەکەی گەلی کوردستان ئەویش دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە تیایدا سەرکۆنەی ڕژێمی بەعسی کرد دژ بەو داپڵۆسینەی کە گرتبوویە بەر دژی گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی کوردستان بەتایبەتی، هەر لە ڕێی ئەم بڕیارەوە ڕێگە خۆش بوو بۆ درستکردنی ناوچەی دژەفڕین و پاشەکشەکردن بە لەشکری سەرکوتکەری بەعس و گەیاندنی هاوکاریی زۆر باش لە ڕێگەی ڕێکخراوەکان و لە دواجاردا لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان چرۆی کرد و بڕیاری فیدراڵیش ڕاگەیەندرا.
بەرهەمی ئەمرۆشمان کە داننانە بە حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و فیدراڵییەت لە یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، بەرهەمی ئەو سایە. ئێستا خەریکە خۆی بگرێ بە هاوکاری و هاریکاری هەموو کەس و لایەنێک لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا. بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە لەمەودوا بۆ مەسەلە دیپلۆماسییەکان و بۆ ناساندنی زیاتری گەلەکەمان سوود لە ڕۆڵەکانی هەندەران وەربگیرێ دیارە خەباتی دیپلۆماسی لەم سەردەمە خەباتێکی زۆر گرنگە و هەرگیز نابێت فەرامۆش بکرێ. 


کەرکووک و هەڵبژاردن    
ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە درێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، بە تایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسدا، سیاسەتی تەعریب، تەهجیر و تەبعیسیان گەیاندە ئەوپەڕی، لە پێناو ئەوەی بەشێکی تر لە جەستەی خاکی کوردستانی خۆشەویست بە شیری ژەنگاوی شۆڤێنییەت لەت بکات. ئەوە بوو لە ماوەی (٣٥) ساڵی دەسەڵاتیاندا چییان پێکرا بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کردیان کورد و تورکمانیان لە زێدی باوک و باپیرانیان دەردەکرد و عەرەبیان لە شوێنیاندا نیشتەجێ دەکرد. ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار پارچە زەوییان بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا دابەش کرد و پارەی دروستکردنی خانووشیان پێدان بۆ ئەوەی لە کەرکووک نیشتەجێ ببن. هەروەها بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە کەوتنە دەرکردن و گواستنەوەی فەرمانبەرانی کورد بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و هێنانی دەیان هەزار عەرەب لە جێگەیان. ئەم سیاسەتە تا دوا ساتەکانی تەمەنی بەردەوام بوو.        
بەڵام دوای ئەوەی ئەم ڕژێمە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەناوچوو خەڵکی زوڵملێکراوی کەرکووک و خانەقین و تەواوی شوێنە تەعریبکراوەکانی تر دەستیان بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان کرد، سەرەڕای ئەوەی بارێکی گونجاویش نەبوو و بەشێکی زۆریان تا ئێستاش لە نێو کەلاوەی سەربازگەکان و لە ژێر خێمەدا ژیان بەسەر دەبەن. بەڵام بێباکانە ئەم ئەرکە نیشتمانییەیان بەو پەڕی حەماسەتەوە جێبەجێ کرد و لەم پێناوەشدا چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەریان لە لایەن تیرۆریستانەوە شەهید کرا.   
کەرکووکییەکان لە یەکەم هەڵبژاردندا بەوپەڕی لەخۆبردوویی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا کرد. جارێکی تریش وەک دەیان بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی، کوردستانییەتی کەرکووکیان بۆ گەلانی عێراق و جیهان ڕاگەیاندەوە ئەوەتا لیستی برایەتیی کەرکووک کە لیستی کوردستانییەکان بوو، توانی (٢٣٧٣٠٣) دەنگ لە کۆی (٤٠٠٨٩٢) دەنگ وەدەست بهێنێ، کە بوونە هۆی وەدەستهێنانی (٢٦) کورسی لە کۆی (٤١) کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا.      
بەرەی تورکمانیش توانی تەنیا (٧٣٧٩١) دەنگ وەدەست بهێنێ، کە تەنیا (٨) کورسیی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا وەدەستخست. ئەم سەرکەوتنەی لیستی برایەتیی کەرکووک جارێکی تر شۆڤێنییەکانی ڕیسوا کردەوە کە دەیانویست بە زۆر و زۆرداری ئەم بەشەی کوردستان لە جەستەی کوردستان بکەنەوە  و خۆیان لە جێبەجێکردنی ماددەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق  قۆناغی گواستنەوە بدزنەوە و بە دەیان بڕوبیانووە سیاسەتی تەعریبکردن بە ڕوخساری ئەم شارەوە بهێڵنەوە.
ئەرکی سەرەکیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە لە هەوڵی ئەوەدابن نەهێڵن هیچ ئاوارەیەکی کەرکووکی بمێنێ و نەگەڕێتەوە کەرکووک، تا ئەو کاتەی بە کردەوە ئەو زوڵم و سیستمە ڕادەماڵرێت و ڕووی گەشی کوردستانیبوونی کەرکووک بە خاکی پیرۆزی کوردستان لە دەستووری هەمیشەییدا دەچەسپێت.
 
ڕێکەوتن لە پێناوی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا 
دوا بە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣٠ / ١ / ٢٠٠٥، کە تیایدا لیستی ئیئتیلافی عێراقیی یەکگرتوو توانی (١٤٠) کورسی وەدەست بهێنێ و لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستانیش توانی (٧٥) کورسی وەدەستبهێنێ، ئەم دوو لیستە وەکو لیستی براوەی یەکەم و دووەم کەوتنە هاوکاریی یەکتر بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەی سیاسی لە عێراقی نوێدا بەرەو کەناری ئارامی ببەن.        
لەو دۆخە نوێیەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی هاتە پێشەوە لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێکی خاوەن دەستووری هەمیشەیی کە بنەمای دیموکراتی، فیدراڵی و فرەحزبی تێدا سەقامگیر بێت، مافی هاوڵاتیبوون و مافی تاکەکەسی پارێزراو بێت، و عێراق ببێتە عێراقی هەمووان بە جیاوازیی ئاین و مەزهەب و نەتەوەوە لەگەڵ لیستی ئیئتیلافی عێراقیی یەکگرتوو لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەوتن.
لە هەموویان گرنگتر ئەم خاڵانە بوون کە مەترسی دەکرا کەس و لایەنی واهەبن لە ئایندەدا کۆسپ بۆ ئەم پرۆسە سیاسییە نوێیە دروست بکەن، لەوانە:     
١) پابەندبوون بە یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە و مسۆگەرکردنی چەمکەکانی لە دەستووری هەمیشەییدا.
 ٢) پێکهێنانی حکومەت بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپی بەشداریکردن و تەوافق.
٣ )چارەسەرکردنی واقیعی مەزڵوومیەت و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی باشوور و کوردستان کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا وێران کراون، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی قوربانیانی ئەنفال و جەنگی کیمیایی و ڕاپەڕین و زیندانییەکان، لەسەرکارلابراو، ڕاگوێزراو و خێزانی شەهیدان.
 ٤) پێکهێنانی دادگای باڵا لە (٩) ئەندام لەسەر بنەمای وەکیەکی، کە لەگەڵ پێکهاتە مێژوویی و جوگرافییەکانی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بگونجێت.
 ٥) مکومکردنی پێگەی تایبەتیی ڕۆڵی هەرێمەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، و پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاوکاری لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا.
 ٦) سڕینەوەی شوێنەواری سیاسەتەکانی ڕژێمی لەناوچوو لە ڕووی گۆڕینی واقیعی نەتەوەیی، مەزهەبی و دیمۆگرافی لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێ و نیشتەجێکردنی کەسانی نامۆ لەوانەش پەلەکردن لە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بەپێی خاڵەکانی (١)، (٢)، (٣) و (٤)ی بڕگەی (١) لە ماددەی (٥٨)ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی گواستنەوە هەروەها چارەسەرکردنی ئەم فرت و فێڵانەی لە ڕووی ئیدارییەوە لەو ناوچانەدا کراون.
 ٧) پەلەکردن لە جێبەجێکردنی فەرمانی (٩١) کە تیایدا هێزەکانی پێشمەرگە و بەدرو باقی پێکهاتەکان دەگرێتەوە تا شوێنی سروشتی خۆیان و جێگەی خۆیان بگرن لە ناو هێزە چەکدارەکانی عێراق. 
٨) دابەشکردنی عادیلانەی داهات بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووان و پێویستیی ناوچەکان.
ئەم خاڵانەی سەرەوە بۆ ئێمەی گەلی کوردستان بایەخی تایبەتیی خۆیان هەیە چونکە گومان دەکرێت بە بێ ڕێککەوتنێکی وەها سبەینێ لە بەشێک لەو مافانەمان پاشگەزببنەوە دیارە پاشگەزبوونەوە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی بە دواوە دەبێت، بەو شێوەیەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا دیاری کراوە.  
دەبێت ئەم ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت کە لایەنە کۆنەپەرست و شۆڤێنییەکان پێیان وایە ئیئتیلافی عێراقیی یەکگرتوو تەنازولێکی زۆری بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، بۆیە لە هەوڵی ئاژاوەگێڕانەی خۆیان ناکەون، ئەوەندەی پێیان بکرێت خەنجەری ژەهراوی دەسرەوێننە ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەوەی بتوانن کاری تێکدەرانە و تیرۆریستانەی خۆیان درێژە پێبدەن و عێراق لە نێو گۆمی خوێندا بمێنێتەوە. هەرگیز ئەو خەونە گەورەیە نەهێتە دی کە عێراق ببێتە عێراقێکی دیموکرات و پەرلەمانی و فرەحزبی، و تەواوی مافەکان بۆ هاوڵاتیان پارێزراو بێت. دەبێت عێراقییەکان بە تەواوی پێکهاتەکانیان کوردو عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری، بە تەواوی پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبەکانەوە ئەم ڕاستییەیان لە بەرچاو بێت کە بە بێ داننان بە بچووکترین مافی یەکتر، ناتوانین خەونە مەزنەکان وەدی بهێنین. بۆیە ئەگەر چاوی بینینی مافەکانی خۆمان کراوە بێت نابێت چاوی بینینی مافی بەرامبەرمان داخراو و کوێربێت. بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، ئەگەر عێراقێکیش دروست بکرێ لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانەی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق نەبێت ئەوە هەر ئەو عێراقە دروست دەکرێتەوە کە بە درێژایی دروستبوونی تا ڕووخانی ڕژێمی سەددام، هەر رووباری خوێنی لە جەستەی گەلانی عێراق ڕژاند بە بێ ئەوەی عێراق ببێتە نیشتمانی ڕاستەقینەی عێراقییەکان.  
دامەزراندنەوەی عێراقێکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراتی، فیدراڵی و فرەحزبی، ئەگەرچی هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری گەرەکە، بەڵام ئەگەر متمانەبوون بە یەکتر و باوەڕبوون بە مافی یەکتر هەبێت وەک یەکی و پاراستنی مافەکانی تاک بگرینەبەر، لە دایکبوونی ئەو عێراقە نوێیە کارێکی مەحاڵ نییە.
 زانیاری دەربارەی
کتێبی عێراقی نوێ     
 نووسەر: شەماڵ عەبدوڵڵا 
 شوێن و ساڵی چاپ: سلێمانی – ٢٠٠٥    
 نەخشەسازی: سەردار موکری      
 تایپ: ئەمیرە، لیزان، نیاز، کانیاو    
 ژمارەی سپاردن: ٤٦٧       
 تیراژ: ١٥٠٠ دانە
لە بڵاوکراوەکانی: مەکتەبی بیر و هۆشیاری (ی.ن.ک)
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved