نوسینی: د.میرنا داود
وەرگێڕانی: عبید مام رسول


لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردو ڕوخانی دیواری بەرلین هەرگیز جیهان، گۆڕانکارییەکی قووڵی وەک ئەو گۆڕانکارییەی ئەمڕۆ ئەزموونی دەکەین، بەخۆیەوە نەبینیوە.
لەپێنج دەیەیەی ڕابردوودا ئێمە تەنها شایەدی چەندین گۆڕانکاری و قەیرانی سیاسی نەبووین، بەڵکو شایەد حاڵی کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای سەردەمێکی نوێین، دەتوانین بڵێتن شاهیدی کۆتایی هاتنی  جیهانێکین کەیەک ناوەندە و سەرەتای هەنگاونانە بەرەو جیهانێکی بێ ناوەند. نەزمی کۆنی جیهان کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ زاڵ بوو، لەسەر یەک بیرۆکەی فەلسەفی بنیاتنرا کە پێی وابوو (مێژوو کۆتایی هات). فرانسیس فوکویاما ڕایگەیاند کە لیبرالیزمی ڕۆژئاوا دوا مەبەستی مرۆڤایەتییە، هەروەها بازاڕی ئازاد و دیموکراسی نوێنەرایەتی چارەنووسی مرۆڤایەتییە.
سیستەمێکی پلەبەندی لەسەر ئەم بیرۆکەیە بنیات نرا، کە لوتکەی لە واشنتۆن بوو و بنکەکەی لە هەموو پایتەختێکدا بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئەو بیرۆکەیە خەریکە کۆتایی پێدێت، نەک لەبەر ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە شکستی هێناوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە ڕووی فەلسەفیەوە شکستی هێناوە. مرۆڤایەتی بۆی دەرکەوتووە کە جیهانگیری بەهەشتێکی بەڵێندراو نەبووە بۆ هەمووان، بەڵکو ئامێرێکی گەورە بووە بۆ چڕکردنەوەی سامان لە باکوور و هەژاری لە باشوور. ئایا جیهانگیری توانی خەونی مرۆڤایەتی بەدیبهێنێت ،کەبریتیە لە پێداویستییە ئابوورییەکان، بەدیهێنانی دادپەروەری و  پاراستنی کەرامەت، یان تینوێتی مرۆڤ بۆ «ناسین و ڕێزلێنان» دەشکێنێت.

یەکەم: لە مۆنیزمەوە بۆ فرەیی:
گەڕانەوە بۆ سروشتی مێژووجەوهەری ئەم گۆڕانکارییە گەڕانەوەی مێژووە بۆ دۆخی سروشتی خۆی. مێژوو لە بنەڕەتدا فرەییە نەک مۆنیستی. جیهان هەرگیز ئیمپراتۆریەتێکی ئەبەدی نەناسیوە. ڕۆما ڕووخا، بەغدا سووتا و خۆری لەندەن ئاوا بوو. ئەوەی ئەمڕۆ هەندێک وڵات ئەزموونی دەکەن سەرسوڕهێنەرنییە، بەڵکو یاسای مێژووە هەر دەسەڵاتێک کە خۆی بە نەمر دەزانێت، کۆتاییەکەی کاتێک دەست پێدەکات کە بەڕاستی باوەڕی بەنەمری خۆی هەبێت. ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکەوە کە یەک عەقڵ بەڕێوەی دەبات بۆ جیهانێک کە چەندین عەقڵ بەڕێوەی دەبەن، هەنگاو دەنێین. جیهانێک کە یەک پایتەخت سەرکردایەتی نەکات، بەڵکو سێ پایتەختی گەورە بە ئاراستەی جیاوازدا جیهان پەلکێش دەکەن:
واشنتۆن کە خاوەنی هێزو تەکنەلۆژیایی سەربازییە؛ پەکین کە خاوەنی هێزی ئابوری نەرمە؛ مۆسکۆ کە خاوەنی غاز و سەرچاوەی ووزەیە.
لە ژێر ئەواندا زلهێزە ناوچەییەکان هەن کە سەردەمانێک ژێردەستە بوون بەڵام ئێستا یاریزانی سەرەکین: هیندستان کە ئاواتەخوازە دەنگی باشوور بێت؛ تورکیا کە هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕابردووی عوسمانی خۆی دەدات لە بەرگی نوێدا؛ و دەوڵەتانی کەنداو کە بۆیان دەرکەوتووە کە نەوت دەتوانێت چەکێکی دیپلۆماسی بێت نەک تەنها کاڵایەک.

دووەم: ئابووری ،کاتێک نان دەبێتە چەک:
لە سیستەمی کۆندا ئابووری ئامرازێک بوو بۆ خۆشگوزەرانی ،لە سیستەمی نوێدا ئابووری بووەتە چەکی شەڕ. ئیتر شەڕ بە تەنها بە درۆن بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە چیپی ئەلیکترۆنی و بۆری غاز و کۆدی بانکی سویفت بەڕێوەدەچێت. هەرکەسێک خاوەنی کارگەیەکی نیمچە هێڵکاری بێت لە تایوان، کلیلی سوپای داهاتووی بەدەستەوەیە ،هەرکەسێک لە شیلی خاوەنی لیتیۆم بێت، خاوەنی پاترییەکانی سەدەی داهاتووە. دۆلار کە سەردەمانێک هێمای متمانە بوو، بووەتە قامچی سزا، وە کاتێک دراو دەبێتە قامچی، خەڵک دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای فۆرمەکانی دراوی بەدیلدا. هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی سیستەمێکی دارایی هاوتەریبین لە بریکس، نەک لە خۆشەویستی بۆ یوان، بەڵکو لە ترسی دۆلار.

سێیەم: مرۆڤایەتی لە چاوی زریانەکەدا ونبوو:
لێرەدا کارەساتە فەلسەفیە  گەورەکە ئەوەیە،لە ناوەڕاستی پێکدادانی زلهێزەکاندا، مرۆڤایەتی لەدەستچووە.سیتەمە کۆنەکە بەڵێنی ئازادی مرۆڤایەتی دەدا، پاشان بە ئامێری داتا چاودێری دەکرد ، نەزمی نوێ بەڵێنی سەروەری دەدات، پاشان لە پڕوپاگەندەی دیجیتاڵیدا دەیخنکێنێت.لە هەموو شوێنێکدا هاوڵاتی بووەتە تەنها ژمارەیەک لە هاوکێشەی ئاسایشی نیشتمانیدا، تەنها بەکاربەرێک لە هاوکێشەی بازاڕدا و تەنها شوێنکەوتوویەک لە هاوکێشەی ئەلگۆریتمەکاندا. هەر دەسەڵاتێک پێی دەڵێت تۆ لەگەڵ من ئازادیت، لەگەڵ ئەوانی تریش کۆیلەیت. شەڕی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ لە نێوان ئۆردوگایەکی ڕۆژئاوایی و ئۆردوگایەکی ڕۆژهەڵاتی نییە، بەڵکو لە نێوان مرۆڤایەتی و تەکنەلۆژیادایە، لە نێوان ئەو ڕۆحەی تامەزرۆی مانا و سیستەمێکە کە جگە لە کاڵا هیچی تری پێشکەش ناکات.

جیهانێک بەبێ کۆمپاس:
هێشتا نەزمی نوێی جیهانی لەدایک نەبووە ،ئێمە لە بۆشایی نێوان دوو سیستەمدا دەژین: یەکێکیان مرد بەڵام نەنێژرا، وە یەکێکی تر کە هێشتا لەدایک نەبووە و ناوی لێ نەنراوە.سەردەمێکی ئاژاوەگێڕی ڕێکخراوە، کە کەس ئەوەندە بەهێز نییە کە بە تەنیا حوکمڕانی بکات، کەسیش ئەوەندە لاواز نییە کە حوکمڕانی بکات. بۆیە دەیەکانی داهاتوو سەردەمی شەڕی بچووک و هاوپەیمانی کاتی و ئاشتی ناسک دەبێت.تەنیا ئەوانەی لە ماکسیمە بێ کاتەکەی ماکیاڤێلی تێدەگەن لەم جیهانە نوێیەدا دەمێننەوە: "ئەو کەسەی لە سەردەمی دابەشبووندا لایەنێک هەڵنەبژێرێت، بە خودی دابەشبوون هەڵدەبژێردرێت
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved