نوسینی: برایان ماگە
وەرگێرانی لە سویدیەوە: عوسمان ڕەشید گورون


سوکرات دامەزرێنەری فەلسەفەی ئاکارە، هەروەها خاوەن ئەو ڕێبازەیە کە بە پرسیاری بەردەوام هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە ڕاستەقینە.
سوکرات یەکەم کەڵە فەیلەسوفی یۆنانییە کە لەشاری ئەتین لەدایکبووبێ، ئەم لە سەردەمی زێڕینی وڵاتی یۆناندا ژیاوە. دەوروبەری ساڵی ٤٧٠پ.ز لەدایکبووەو ساڵی ٣٩٩پ.ز کۆچیکردووە. ژنێک و سێ مناڵی دوای خۆی بەجێهێشتووە ، لە سەردەمی گەنجێتیدا ئەو وانە فەلسەفیانەی خوێندووە کە ئەو کاتە باو بووە. واتە فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانەی کە ئێستا بە فەیلەسوفەکانی پێش سوکرات ناودەبرێن. ئەو فەیلەسوفانەی هەریەکەی بەشێوازی تایبەتی خۆی هەوڵی تێگەیشتنی جیهانی دەوروبەرمانی ئەدا. ئەم بەشێوەیەکی سەرەکی دوو شت لای ئەم فەیلەسوفانە سەرنجی ڕاکێشابوو کە بەلایەوە هەردوو شتەکەش لە دژی ئەو فەیلەسوفانە بوو.
یەکەم شت ئەوەبوو کە فەلسەفەکانیان دژ بەیەک بوون. تۆپەڵێ گرێ کوێرەی تیۆری ناکۆک، بەهیچ شێوەیەک نەدەکرا باشیان لە خراپیان جیابکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خاوەنی بیرۆکەی سەرنجڕاکێش بوون، بەڵام پەیڕەوی میتۆدی ڕەخنەگرییان نەکردووە. لەبەرئەوە نەدەکرا بووترێ کامیان ڕاستە، هەروەها دووەم شت ئەمە بوو کە ئەگەر بشمانتوانیایە بزانین کامیان ڕاستە، ئەوا لە پراکتیکدا هیچی نەدەگۆڕی. بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئێمە زانینی دووری ڕۆژ لە زەوییەوە چ بایەخێکی هەیە؟ یان ئەگەر بزانین کە خۆر لەپیلوپونیسوس یان لە هەموو زەوی گەورەترە؟ ئەم جۆرە زانیاریانەی هیچ کاریگەرییەکی نابێ بۆسەر هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان، ئەوەی کە ئێمە پێویستمانە ئەوەیە بزانین چۆن بژین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ گرنگترین پرسیار بۆ ئێمە ئەوەیە: چی چاکە؟ چی ڕاستە؟ داد چییە؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەمان زانی ئەوا کاریگەری قوڵیان دەبێ بۆ سەر شێوازی ژیانمان.
سوکرات لەو باوەڕەدا نەبووە کە ئەم خاوەنی وەڵامی ئەو پرسیارانە بێ، هەروەها لەو بڕوایەشدا بووە کە هیچ کەسێکی تریش خاوەنی ئەو وەڵامانە نەبووە. کاتێک عەرافەکەی دەلفی پێیگوتووە کە تۆ زاناترین کەسیت، بەپێی لێکدانەوەی ئەم مەبەستی لەوە بووە کە تەنیا ئەم ئەزانێت یان دەرک بەوە دەکات کە نەزانە. لەو سەردەمانەدا هیچ زانستێکی سەربەخۆو داڕێژراو نەبووە چ سەبارەت بە سروشت و چ سەبارەت بە مرۆڤ لەبەر ئەوە سوکرات بەناو ئەتیندا کەوتە گەڕان و ئاڕاستەکردنی پرسیارە بنەڕەتیەکان سەبارەت بە مۆڕاڵ و پۆلێتیک بۆ هەموو ئەوانەی ئامادەی گوێ لێگرتنی بوون. ئەو دیالۆگانەی لەم پرسیارانەوە دەهاتنە ئاراوە زۆر سەرنج ڕاکێش بوون و سوکرات خۆیشی مرۆڤێکی کاریزمی بووەو لەهەر شوێنێک بوبێ لاوان و ئەوانەی بەدوای زانیندا عەوداڵ بوون لە دەوری خۆی خڕ دەکردەوە. هەموو جارێک بە هەمان شێواز پرسیارێکی بنەڕەتی کە گرنگی پراکتیکی هەبوو دەکرد، وەک هاوڕێیەتی چییە؟ ئەم بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەحەدای ئەوانەی دەکرد کە پێیان وابوو وەڵامەکە دەزانن. وەڵامەکەیانی ئەخستە بەر ڕۆشنایی شیکردنەوەو کۆمەڵی پرسیاری تری لەبارەیەوە ئەهێنایە ئاراوەو ئاراستەی خاوەن وەڵامەکەی دەکرد. ئەگەر یەکێک لە وەڵامی ئازایەتی چییە؟دا بیووتایە نەبەزییە، ئەوا سوکرات ئەیوت باشە ئەی کەللەرەقی چییە؟ مرۆڤە کەللەڕەقەکان دەتوانن زۆر خۆڕاگرو نەبەز بن، ئایا کەللەڕەقی ئازایەتییە؟ یان کەللەڕەقی شایانی پیاهەڵدانە؟ بەم شێوەیە خاوەن وەڵام ناچار دەبوو لە وەڵامەکەی خۆی یان پاشگەز ببێتەوە یان زیاتر ڕوونی بکاتەوە،لە ئەم جۆرە دیالۆگەدا دەردەکەوت کە ئەو وەڵامانە لاوازن، دەریدەخست کە هەم بەرامبەرەکەی و هەم گوێگرەکان لەو باوەرەدابوون کە بۆ نموونە دەزانن ئازایەتی چییە، بەڵام بۆیان دەردەکەوت کە وانییە.
ئەم پرسیارکردنانەی سوکرات بوونە جێی ڕەزامەندی خەڵک.. ئەم پرسیارانە نەزانی ئەو کەسانەیان ئاشکرا دەکرد کە پێیان وابوو زانان. کەچی لەڕاستیدا هەروەک عەرافەکەی دولفا بە سوکراتی گوتبوو ئەوان لەم زیاتیان نەدەزانی کە ئەمەش بووە مایەی سەرنج ڕاکێشانی گوێگران بەرەو پرسیاری بنەڕەتی فەلسەفەو گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسیارانە. گەرچی سوکرات زۆر کەمجار وەڵامی تەواوەتی دابێتەوە (بەلای ئەمەوە دوا وەڵام گەر بکەوێتە بەر شیکردنەوە ئەوا وەڵامی دژ بەخۆی دەهێنێتە ئاراوەو ناکرێ وەک دوا وەڵام حسابت بۆ بکرێ). ئەوا ئەم ئاگر خۆشکەری سەرنج ڕاکێشانی خەڵکبووە بۆ ئەو کێشانەی کە ئەم بە پرسیار ئەیهێنایە ئاراوەو وای لەو خەڵکانە دەکرد کە بە ئاشکراتر لەجاران هەست بکەن چ سەختی و دژواریەک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتی هەوڵدانیاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

چی لە پشتی وشەکانەوەن؟
کاتێک سوکرات پرسیاری دەکرد ئایا دادپەروەری چییە؟ ئەم تەنیا عەوداڵی پێناسەیەکی وشەسازی ڕوون نەبوو، ئەو فاکتەرەی کە ئێمە وشەی دادپەروەری بۆ هەموو مرۆڤ و هەموو جۆرە بڕیارو یاساکان بەکاردەهێنین ئەمە مانای وایە کە خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەمیش عەوداڵی گەیشتن بوو بەجۆرو خەسڵەتی ئەو خاڵە هاوبەشە، بە وتەیەکیتر ئەم پێیوابوو کە ئەم جۆرە (دادپەروەری)یە بوونی هەیە گەرچی بوونێکی ماتریالیش نەبێت، ڕەنگە جۆرێک بێت لە خەستە یان لەڕۆحی ئەو شتانە ئەم لە هەوڵدانبوو بۆ دۆزینەوەی سروشتی ئەپستراکتی ئەم حەقیقەتانە. کە ئەو بۆچوونانەی ئەم دواتر لە نووسینەکانی پلاتۆنی شاگردیدا گەشەیکرد بۆ باوەڕبوون بە بیرە ئەبستراکتەکان وەک شێوە ڕەهاو کامڵ و نەگۆڕەکان بۆ هەموو شتێک کە لەژیانی ڕۆژانەماندا ناکامڵن و هەمیشە لە گۆڕاندان.
ئەو کارەی سوکرات خۆی ڕایدەپەڕاند هەر خۆی بووە هۆی بەش بەشبوون و لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەم، ئەم خۆی خەڵکی فێردەکرد کە هەموو شتێک بخەنە بەر پرسیار، هەر خۆی پەردەی نەزانینی لەسەر ڕووی مرۆڤە ناودارەکان هەڵماڵی. ئەم بوو بە کەسایەتییەک کە بیروڕای زۆر دژبەیەکی لەسەر هەبوو. زۆر خۆشەویست لای هەندێک، بەڵام زۆر قێزەون لای هەندێکیتر.
لە ئاهەنگێکی ڕەسمی شاردا، لە شانۆییەکدا کە نووسەری کۆمیدی ئەریستوفانس ٤٢٣پ.ز بەناوی (هەورەکە) نوسیبووی. ئەم بە وێنەیەکی کاریکاتێری و گاڵتەجاڕی خرابووە بەرچاوی هەموو خەڵکی شاری ئەتین. لەکۆتایدا لەلایەن حکومەتەوە دەگیرێت بە تاوانی لەخشتەبردنی لاوان و بەتاوانی بڕوا نەبوون بە خوداوەندەکانی شار. درا بە دادگا و حوکمی مردنی بەسەردا درا، حیکایەتی گرتنەکەی و دادگایکردنی و چۆنیەتی ژەهر خواردنەوەکەی یەکێکە لە هەرە تراژیدیە دڵتەزێنەکان لە مێژووی فەلسەفەدا. ئەوەی سوکراتی لە هەموو فەیلەسوفەکانی تر زیاتر ناودار کرد ئەوەبوو کە ئەم دەستپیشکەر بوو بۆ قووڵبوونەوە لەپرسیارکردن دەربارەی هەموو ئەو بنەما گشتیانەی کە هەبوو.. کە ئەم میتۆدەش لەو سەردەمە بووە بە خەسڵەتێکی گرنگی فەلسەفە. زۆرجار سوکرات دەیگوت ئەم هیچی پێ نییە تا بیگەێنێت بە خەڵک ، ئەم تەنیا پرسیاردەکات، کە ئەمەش بە تەواوی ڕاست نەبوو، چونکە لەزۆر لە پرسیارکردنەکانیدا هەندێ قەناعەتی چەسپاو هەیە.
یەکێک لەو جۆرە قەناعەتانە ئەمە بوو، گەر مرۆڤ کەسایەتی خۆی بپارێزی، هیچ زیانێکی درێژخایەنی تووش نابێت، بەهۆی نائارامییەوە لەم جیهانەدا دەشێت ئازادی لەدەست بدات و ناعادیلانە ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت و فڕیبدرێتە زیندانەوە یان یان دووچاری کارەسات یان نەخۆشی ببێ، بەڵام ئەمانە هەموویان کاتین، کە هەرچۆنێک بێت کۆتاییان پێدێت.  زۆرجاریش ئەم گرفت و کۆسپانە سادەو بێ بایەخن بە مەرجێک رۆح نەشێوێنرابێت، کارەساتی گەورەی مرۆڤ لە رۆح شێواندندایە، هەربۆیە زۆر ئاسانترە مرۆڤ خۆی دووچاری کارەسات یان نەخۆشی ببێ، بەڵام ئەمانە هەموویان کاتین، کە هەرچۆنێک بێت کۆتاییان پێدێت. زۆرجاریش ئەم گرفت و کۆسپانە سادەو بێ بایەخن بەمەرجێک ڕۆح نەشێوێندرابیت. کارەساتی گەورەی مرۆڤ لە ڕۆح شێواندندایە، هەر بۆیە زۆر ئاسانترە مرۆڤ خۆی دووچاری زوڵملێکردن بێت وەک لەوەی زوڵم لە خەڵکیتر بکات، ئێمەش پێویستە بەزەییمان بەوانەدا بێتەوە کە زوڵم دەکەن زیاتر لە زوڵملێکراوەکان.
ئەم بۆچوونانە سوکراتی لای ستۆیزمەکان کردە پاڵەوانێکی گەورە. کە ئەمان چەندان سەدە دوای سوکرات، وەک پیاوێکی پیرۆز تەماشای سوکراتیان دەکرد، هەروەها یەکێ لە قەناعەتەکانی تری سوکرات ئەوە بوو ''کە هیچ کەسێک بە مەبەست یان بە هۆش ئاگاییەوە خراپەکاری ناکات'' ئەم بە لایەوە وابووە کە ئەگەر هەر مرۆڤێک بزانێت ئەو کارەی ئەیەوێت ئەنجامی بدات، کارێکی خراپە، ئەوا پێی هەڵناسێت و خراپەکاریەکە ناکات. هەروەها ئەگەر مرۆڤ کارێکی خراپی ئەنجام دابوو ئەوا لە ناخ و دەروونی خۆیدا نەیزانیوەو تێنەگەیشتووە کە خراپەکاری کردووە. لەم خاڵەوە مەسەلەی ئەخلاق یان خووڕەوشت دەبێت بە مەسەلەی زانیاری، ئەم قەناعەتەی سوکرات بوو بە سەرچاوەیەکی هێز بۆ خەباتی بێوچانی ئەم لەگەڵ پرسیاری دادپەروەری چییە؟ ئەم پێی وابوو ئەگەر ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بزانیایە ئەوە ئیتر بەپێویست، دادپەروەرانە هەڵسوکەوتمان دەکرد.
بەم پێیە خۆ ماندوکردن بۆ بەدەستهێنانی مەعریفەو خۆ ماندوکردن بۆ بەدەستهێنانی ئاکارو ڕەوشتی باش هەمان شت دەبوو.

لەگەڵ خۆت ڕاستگۆبە
گومان هەیە لەوەی کە فەیلەسوفێکیتر کاریگەرێتی لە سوکرات زیاتر بووبێت، ئەم یەکەم بووە لە هێنانە پێشەوەی مەسەلەی کەسایەتی تاک. ئەوەش بە باسکردن لە ئەرکەکانی خودی مرۆڤ بەرامبەر بەخۆی، نەک بەرامبەر خواوەندەکان یان بەرامبەر بە یاساکان یان هەر هێزێکیتری دەرەکی. ئەم بۆچوونە بە درێژایی مێژوو کاریگەری گەورەی هەبووە، ئەم وەک ئامادە بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا بمرێ، بە هەمان شێوە ئامادە نەبووە لەو ڕێگایە لابدا کە ئەم خۆی بە ڕاستی زانیوە، لەو کاتەدا کە مردنی خۆی هەڵبژارد ، بیویستایە ئەیتوانی لە زیندان ڕابکات و ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لەنێوان ژیان و مردندا دواتریش لەلایەن کەسایەتی هەرە مەزنی مرۆڤایەتیەوە لەلایەن مەسیحەوە هەڵبژێردراوە بەبێ ئەوەی کاریگەری سوکرات لەسەر ئەم هەبێت، ئەمیش وتوویەتی: ئایا مرۆڤ چ سودێک لەوە وەردەگرێت کە هەموو دنیا بەدەست بێنێ بەڵام خۆی بدۆڕێنی؟ هەروەها شکسپیر لەم بارەیەوە وتوویەتی: لەگەڵ خودی خۆتدا ڕاستگۆبە..

مەرگی سوکرات
هەروەها سوکرات زیاتر لە هەموو کەسێ هەوڵیداوە پرنسیپی خستنە بەرپرسیاری هەموو شتێک بچەسپێنێ ناشێ هیچ وەڵامێکی لەقاڵبدراوی ئامادە هەبێ میتۆدێکی هێنایە ئاراوە کە ناسراوە بە دیالەکتیک واتە ئەو میتۆدەی بە بەردەوام ئەم پرسیارکردن و وەڵامدانەوە بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت. چونکە وەڵامیش وەک هەموو شتەکانیتر دەبێ بخرێتەوە بەرپرسیار، ئەم میتۆدە ئێستاش هەمان بایەخی خۆی هەیەو بەپلەی یەکەم لە وانە وتنەوەو تاقیکردنەوەدا بەکار دەهێنرێت. کە هەمان شێوەی بەکارهێنانێتی لەلایەن سوکراتەوە، ئەم میتۆدە بۆ هەموو وانە وتنەوەیەک گونجاو نیە بۆ نموونە لەکاتی گەیاندنی ڕاستەوخۆی زانیاری پەتیدا، بەڵام زۆر گونجاوە وەک تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان تا بزانن تا چ ڕادەیەک لەبارەی بابەتێکی تایبەتیەوە شارەزاییان هەیە، بۆ ئەمەش کە ئەم میتۆدە بەچاکی بەکاربهێنرێ دەبێ دڵنیایی و باوەڕی پتەو هەبێ لەنێوان مامۆستاو شاگردەکەیدا کە لێرەدا مامۆستای سوکرات ئاگاداری ئاستی شاگردەکەیەتی و پلە بە پلە بەرەو لایەنە ڕاستەکانی دەبات، ئەم میتۆدە ئێستاش ناودەبرێ بە میتۆدی سوکرات.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved