لیبرالیزم ڕێبازێکە جەخت دەکاتە سەر ئازادیی تاک و پێویستیی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و ئازادیی تاکەکان. ئەم ڕێبازە وەک پەرچە کردارێک لەدژی زوڵم و زۆری کەنیسەو دەرەبەگایەتی بەشێوەیەکی  گشتی پەیدا بووەو پاشان لەهەر وڵاتێک بەجیا پەیدا بووە. لیبرالیزم لەسەر چەند بنەمایەکی فیکری دامەزراوە کە هەموو ئاڕاستەو ڕەوتە جیاوازەکانی لەسەر کۆکن و هەر ئاڕاستەو ڕێچکەیەک ئەگەر دان بە تاکگەرایی و ئازادی و ئەقلانیەتدا نەنێ بە لیبرال ناژمێردرێ چونکە ئەم بنەمایانە بەبناغە سەرەکییەکانی دادەنرێن.
لیبرالیزم سێ بنەمای سەرەکی هەیە کە بریتین لە ئازادی و تاکگەرایی و ئەقلانیەت. ئەم سێ بنەمایە کە تێکڕای گەوهەرو کرۆکی لیبرالیزم پێکدەهێنن، لە وردەکاریدا بیرمەندان بەشێوەی جیاواز لێکیان داوەتەوەو بۆچونی وەک یەکیان لەبارەیانەوە نەبووە، جگە لەوەی کە لە کرداریش هاوبۆچون و هاورا نەبوون و هەروەها لەو ڕووەوە کە لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە بە چ شێوازێک پراکتیک بکرێن، هەر بیرمەندەو بۆچونی تایبەتی خۆی هەبووە.
ڕێبازی تاکگەرایی ئەو ڕێبازەیە کە زۆرترین گفتوگۆ لەبارەیەوە ئەنجام دراوەو زۆرترین مشتومڕیشی ناوەتەوەو ئەم ڕێبازە ئەو ڕێبازەیە کە بەدرێژایی سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم ڕواڵەت و ئەدگاری ئەندێشە سیاسییەکەی داڕێژراوەو لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەو سەرەنجامە گەیشتووە کە بتوانێ ئەنجامە پراکتیزکراوەکانی فەلسەفەکەی دابڕێژێت. دیکۆمێنتە سیاسییە مەزنەکانی وەک ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکاو یاساکانی ماف لە فەرەنساو ئەمریکا کە دەوڵەمەندن بە بەها سیاسییە باڵاکانی وەک ئازادیی مەدەنیی لە بابەتی ئازادیی بیروڕا دەربڕین و کۆبونەوەو مافی موڵکایەتی و سانسۆری ڕای گشتی و چاودێری کردنی دام و دەزگا سیاسییەکان ئەو دیکۆمێنتانەن کە برەوێکی زۆریان بە بیروباوەڕی لیبرالیزم داوەو وەهایان کردووە کە لەزۆر شوێنی گێتیدا بڵاو ببێتەوە.
لەو قۆناغەدا زۆر جەخت کرایە سەر بەهایەکی بنەڕەتی کە کرۆکی بیری سیاسیی تایبەت بە لیبرالیزمی پێک هێنا ئەویش بەدی هێنانی کەسایەتیی مرۆڤانەیە لە بوارە سیاسییەکاندا کە ئەمەش بە کردەوە لە سەدەی نۆزدەهەم بەدواوە سەری دەرهێنا.
دەرکەوتنی چەمکی مرۆڤی تاک کە هەستی پێ دەکرێ و لە واقیعدا هەیە، تەنها داهێنانێکی فەلسەفی و تیۆریکی نەبوو، بەڵکو شتێک بوو خۆی بەسەر ئاوازەکاندا وەک ڕاستییەکی بەچاو بینراو سەپاند، ئەویش لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییە گشتگیرانەی کە زادەی شۆڕشی پیشەسازی و گەشەکردنی دامەزراوەی سەرمایەداری بوون. دیارە هەر بۆچونێک دەربارەی تاک لە واقیعدا دەبێ پشت ئەستوور بێ بە بەراوردکردن لەگەڵ بایەخدان بەخود لە کەلتوری مۆدێرندا وەک خودێکی تاک. بێگومان ئەم بایەخ پێدانە لە کەلتورەکانی پێشوودا هیچ نموونەیەکی مێژوویی نیە.
ئاڕاستەی گەورەی بۆرژوازی خۆی لە ڕزگارکردنی توانای خودو جۆش و خرۆشی تاکدا دەبینێتەوە بەرەو گەشەکردن و بەدەست هێنانی قازانج، تەنانەت ئەمە بەچاوگی ئەو پاپەندبونە دادەنرێ کە کانت kant بەمجۆرە باسی کردووە:
''بەجۆرێک کار بکە کە ببێتە ئەو بناغەیەی کە کارەکەت پشتی پێ دەبەستێت  بەچەشنێک کە بەکەڵکی ئەوە بێیت کە هەموو بونەوەرە ژیرەکان تۆ بەڕێسا بژمێرن'' .
ئەوەی کە کانت بانگەشەی بۆ دەکات لەلایەک پیرۆز ڕاگرتنی ئەو ڕازو مەیل و ئارەزووە مرۆڤایەتییانەیە کە بەشێوەی تاک لە ئارادان و لەلایەکی ترەوە دەرخستنی گشتگیریی ئەو ئاکارەیە کە ئازادی و یەکسانی لەنێو هەموو تاکەکان دەچەسپێنێ لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو تاکانە بونەوەری ئەخلاقین و شایستەی ئازادی و چێژ وەرگرتنن لە خودی خۆیان.
 لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لیبرالیزم لەچەند تیۆری و گریمانەیەکی هەمەجۆر پێکدێ، تەنانەت هەر ئەوەندەیە کە ئێمە بوارە گشتییەکانی تایبەت بە بیروباوەڕە لیبراڵەکان تێپەڕێنین، زۆری پێ ناچێ ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێ کە لیبرالیزم تەنها یەک کۆپی نییە بەڵکو چەندان کۆپیی هەیە بەڵام وا باوە کە لیبرالیزم بکرێ بە سێ تیۆرییەوە یان بکرێ بە سێ ئاراستەی سەرەکییەوە کە بریتین لە ڕێبازی ژیرگەراییی و ڕێبازی ئایدیاڵ و ڕێبازە لیبراڵە دامەزراوە تازەکە.
مایک دۆیل لیبرالیزمی بەسەر سێ جۆردا دابەش کردووە یەکێکیان لیبرالیزمی ئاشتییانەی شۆمپیترە، ئەوی تری لیبرالیزمی ئیمپریالیستیی میکیاڤیللییەو سێیەمیان لیبرالیزمی ئینتەرناسیۆنالیستیی کانتە.
بەهەمان شێوە دێڤد بالدوین لیبرالیزم دەکا بەسێ جۆرەوە: لیبرالیزمی بازرگانی کە بازرگانیی ئازادو ئاشتی بەیەکترییەوە دەبەستێتەوە، لیبرالیزمی کۆماری کە ڕژێمی سیاسیی دەوڵەت و ئاشتیی نێودەوڵەتی بەیەکترییەوە گرێ دەداو لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی کە چالاکییە نەتەوەییەکان و تەواوکاریی نێودەوڵەتی بەیەکترییەوە دەبەستێتەوە.
لیبرالیزم بەچەند قۆناغێکی مێژوویدا تێپەڕیوە بەقۆناغی گەشەکردن و نەشونمای ڕێچکەو ڕێبازو بیردۆزەکانی دادەنرێن چ لەسەر ئاستی تیۆریکی و چ لەسەر ئاستی کردارەکی و سیاسەتی جیهانی. هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە دەچینەوە سەر باس کردنی جۆرەکانی لیبرالیزم. بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە، لێکۆڵینەوەکە بەسەر دوو باسدا دابەش دەکەین. لە باسی یەکەمدا هەوڵی دیاری کردنی چەمکی فەلسەفەی لیبرالیزم و دەرخستنی بناغەکانی دەدەین و باسی دووەم بۆ تاووتوێ کردنی پرۆسەی پەیدابوونی تیۆریی لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەکردنی تەرخان دەکەین.
 
باسی یەکەم: چەمکی لیبرالیزم
بۆ دیراسەکردنی چەمکی لیبرالیزم و چونە ناو کرۆکی مانا زمانەوانییەکانی و پەیوەندیی بە واژەکانی دیکەوە، باسەکە بەسەر سێ لقدا دابەش دەکەین: لە لقی یەکەمدا ئاماژەکانی تایبەت بە زمانی دەستەواژەکان شی دەکەینەوەو لە لقی دووەمدا دەچینە سەر شیکردنەوەی گەشەی مێژوویی چەمکی لیبرالیزم و لە لقی سێیەمیش بناغە فیکرییەکانی لیبرالیزمی سیاسی دەستنیشان دەکەین.

لقی یەکەم: مانای زمانەوانیی دەستەواژەی لیبرالیزم
یەکەم: مانای زمانەوانیی لیبرالیزم
وشەی لیبرال (libral) ڕێچەڵەکێکی لاتینیی هەیەو لەزمانی لاتیندا بەشێوەی (liber) بەکار هاتووە بۆ ئاماژەکردن بۆ چینی پیاوانی ئازاد. لەزمانی ئینگلیزی ئەمڕۆدا، لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بەشێوەی دەستەواژەی لیبرال (liberal) دیاری کراوەو لێرەدا چەند واتایەکی هەیە، گرنگترینیان ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەفتارو بۆچونی لێبوردەیان هەیە یاخود خاوەنی بیری کراوەی بەرچاو ڕون و ڕۆشنبیرن یاخود کەسانی خاوەن سروشتێکی سەخاوەتمەندانە یاخود کەسانێک کە زۆرتر مەیلی سیاسەت و بیروڕای ئازادیان لە بوارەکانی بازرگانی و پەیوەندیی شەخسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕی ژیرانە هەیە.
دووەم: مانای دەستەواژەیی لیبرالیزم
لیبرالیزم وەک دەستەواژە سروشتێکی ناجێگیرو تەمومژاوی هەیە کە لە قۆناغێکی مێژووەوە بۆ قۆناغێکی دیکەوەو لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەوە جیاوازیی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەم وشەیە لەزۆر بواردا بەکار هاتووە، وشەکە زۆر ماناو واتای لێ کەوتۆتەوەو زۆر بواری گرتۆتەوە، بەتایبەتی بواری سیاسی و فیکری و ئابوری و تەنانەت نێودەوڵەتیش.
لەم بارەیەوە والتەر لیپمان وای دەبینی کە ''ئەگەر بمانەوێ  چوارچێوەیەک بۆ واتای لیبرالیزم دیاری بکەین یان پێناسەیەکی بۆ دابڕێژین دەبێ زۆر وریا بین چونکە ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی لێڵ و تەمومژاویە'’.
هەروەها دکتۆر فایز سالح لەو بڕوایە دایە کە لیبرالیزم کۆمەڵە داواو خواستێکە بیرمەندانی سەردەمی شۆڕش و چاکسازی لە ئەوروپای مۆدێرندا بانگەشەیان بۆ کردووەو لەڕێی ئەو داواو خواستانە دەتوانرێ ژیانێکی وا بۆ مرۆڤ دەستەبەر بکرێت کە بە بەراورد لەگەڵ سەدە ناوەڕاستەکاندا ژیانێکی باشترە. ئەو داواو خواستانەش بریتین لە تاکگەرایی و ئازادیی و یەکسانیی یاسایی و دەستوری و لێبوردەیی. پاش جەخت کردن لەسەر ئەو داواو بەهایانە، ئینسکلۆپیدیای سیاسەت لیبرالیزم بەم چەشنە پێناسە دەکا کە ''ڕێبازێکی سەرمایەدارییە بانگەشە بۆ ئازادیی ئابوری و سیاسی دەکات'' .
لەم هەموو پێناسەکردنانە دەردەکەوێت کە دەستەواژەی لیبرالیزم پان و بەرینەو ماناکانی چەندەها بوار لە کۆمەڵگا لەخۆ دەگرن. جا لێرەدا بۆ ئەوەی لە کرۆکی ماناو واتاکەی بگەین، دەبێ یەکە یەکە ئاماژە بۆ ماناکانی ناو بوارەکان بکەین.
لەڕووی سیاسەییەوە لیبرالیزمی سیاسی بەو مانایە دێت کە دەوڵەت دەست لەژیانی گشتی وەر نەدات کە ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسییە لەسەر بناغەی دیموکراسی و هەروەها پێویستی بە پەرلەمان و حکومەتێکە کە گەل هەڵیبژاردن و هەروا پێویستی بە لێک جوێ کردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەوڵەتێکە لەسەر بناغەی پرنسیپی سەروەریی یاسا دامەزرابێت .
لەڕووی فیکرییەوە لیبرالیزمی فیکری بەمانای بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و ئاشتبوونەوەی تاکەکان و بیروباوەڕی تاکگەرایی دێ و هەروەها بڕوای وایە تاک بنچینەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێکدێنێ چ لەگەڵ کۆمەڵگادا چ لەگەڵ یەزداندا.
لەڕووی ئابورییەوە لیبرالیزمی ئابوری جەخت دەکاتە سەر دوو بنەمای سەرەکی کە بریتین لەموڵکدارێتی سامان و دژی سیاسەتی ئابوریی ڕێنمایی کردنە کە دەوڵەت هانای بۆ دەبا. لیبرالیزمی ئابوری لەم مەسەلەیەدا پشت ئەستورە بە ئاڕاستە ئایدیۆلۆژییەکەی سەرمایەداری.
لەسەر ئەم بنچینەیە، دەردەکەوێ کە چەمکی لیبرالیزم وەک دەستەواژە چەمکێکی ئاڵۆزەو زۆر بە زەحمەت پێناسە دەکرێت چونکە چەندان بوارو بابەت دەگرێتەوەو زۆرجار تایبەتمەندیی خۆی هەیە بەڵام دەبێ بایەخ بەوە بدەین کە چەند بنەمایەک هەن هەموو ئەو واتاو مانایانە لەناخی خۆیان کۆدەکەنەوە وەک بنەماکانی بایەخدانی هەمیشەیی و بەردەوام بە پرنسیپی ئازادی چ لەسەر ئاستی بیرمەندی و چ لەسەر ئاستی سیاسەت و چ لەسەر ئاستی ئابوری و بەم پێیە لیبرالیزم دەستەواژەیەکە لە هەموو شوێن و بوارێکدا بەندە بە ماناکانی ئازادی و بە تەواوەتی تێکەڵ بەم وشەیە بووە.
لقی دووەم: پەرەسەندنی مێژووی چەمکی لیبرالیزم  
هەندێ توێژەر ڕەگ و ڕیشەی بیری لیبرال دەباتەوە سەر دیموکراسیی سەدەی پێنجەمی پێش زاینی ئەسیناو وتارە بەناوبانگەکەی بریکلیس (٤٩٥-٤٢٩پ.ز) بە نمونە دێننەوە کە تیایدا بە شان و باڵی ئەو کوژراوانەی ئەسینای هەڵداوە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لەدژی سپارتە خوێندویەتییەوە. لەم وتارەدا پرنسیپی یەکسانیی هەموو هاوڵاتییان لەبەردەم یاسادا زۆر بە پوختی داڕێژراوە. دیارە یەکسانی لەبەردەم یاسادا ئەمڕۆ یەکێکە لە گرنگترین سیماکانی بیری مۆدێرنی لیبرالیزم. هەروەها هەندێ وای بۆ دەچن کە برووتاگووراس (٤٨٥-٣٩٩پ.ز) تاکی بەپێوانەی هەموو شتێک داناوە کە ئەمەش بایەخی تاک و لێپرسراوەتییە سیاسییەکەی لەبیری فەلسەفەی سیاسیی برووتاگووراس دەردەخا.
شاپیرۆ لەو بڕوایەدایە کە فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنان سوکرات (٤٧٠-٣٩٩پ.ز) یەکێکە لە لیبرالە دێرینەکان چونکە شێوازی ژیانی و بانگەشەی بۆ ئازادیی بیرکردنەوەو شێوەی مردنی بەڵگەی بیروباوەڕە لیبرالییەکانین. جەخت کردنی سوکرات لەسەر ئەوەی کە زانست و زانین سەرچاوەی چاکەن و تەنها لەڕێگەی بیرکردنەوەی خودییەوە چنگ دەکەون، بەڵگەیەکی ڕونن لەسەر مەیلی ئازادیخوازانەی سوکراتدا .
دیموکریتس هەمان بۆچونی هەبوو و لەو بڕوایەدا بوو کە یاساو دامودەزگاکان دەستکردی مرۆڤن و مرۆڤ بەرپرسیارە لێیان. لێکۆڵیارەکان وەهای بۆ دەچن کە جەخت کردنی دیموکریتس لەسەر بەرپرسیارێتیی مرۆڤ و تاک بەرامبەر بەیاساو دامودەزگاکانی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی کە تاک لەبیری سیاسی دێریندا گێڕاویەتی.
ئەگەرچی سەدە ناوەڕاستەکان فەیلەسوف و بیریاری وایان لێ هەڵنەکەوت کە بە ئاشکراو بە ڕاشکاوی بانگەشە بۆ لیبرالیزم و ئازادیی بیرکردنەوە بکەن بەڵام – بەپێی بۆچوونی شاپیرۆ – پیتەر ئابلارد (١٠٧٩-١١٤٢ز) لە کتێبەکەی ''بەڵێ و نەخێر''دا لە گەڕانی بەدوای ناوەڕۆک و گەوهەری یەزداندا ڕێچکەیەکی توێژینەوەی نوێی پیادە کردووەو لەم ڕێچکەیەدا چەندان بیروڕای جیاوازی نمایش کردووە بەبێ ئەوەی پشتگیری هیچ یەکێ لەو بیروڕایانە بکا ئەویش وەک میتۆدێک بۆ چەسپاندنی بیری ئازاد و سەربەخۆ .
بەگوتەی دکتۆر هیبە رەئوف، مێژووی ڕاستەقینەی بیری لیبرال لە سەردەمی مۆدێرن دەست پێ دەکا. نابراو دەڵێ ''لیبرالیزم وەک دەستەواژەیەکی فیکری، لەسەدەی چواردەهەمەوە لە ئەوروپا هاتۆتە بەکارهێنان بەڵام تەنها پاش چەندین سەدە ئینجا لەڕووی سیاسییەوە بەکارهاتووە .
بریتانیا بەلانکەی بیری کلاسیکی لیبرال دەژمێردرێ. لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمەوە، چەند فەیلەسوفێک لە بریتانیا پەیدا بوون کە بانگەشەیان بۆ ئازادی و تاکگەرایی کردووەو ڕەخنەیان لە ئۆتۆکراتیزم و ستەمی شاهانە گرتووەو داوای پاشایەتیی دەستوری یان سیستمێکی کۆماریان کردووە. ئەو ململانێ فیکری و سیاسییەی کە چینی ناوەڕاستی بورژوازی لەدژی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی بەرپای کردووە، دروشمەکانی بیری لیبرال سەبارەت بە یەکسانی و ئازادی و تاکگەرایی ڕۆڵێکی سەرەکییان تێدا گێڕاوە.
بیرمەندو سیاسەتمەداری بریتانیا ناسراوی بریتانیا جۆن لووک (١٦٣٢-١٧٠٤) ڕۆڵێکی گەورەی لە چەسپاندنی پرنسیپە سیاسی و فیکرییەکانی بیری لیبرالی مۆدێرندا هەبووە. لووک لە نوسینەکانیدا جەختی کردۆتە سەر ئازادییە بنچینەییەکانی تاک و بە ئازادیی ''سروشتیی'' داناوە کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆڤ ناتوانێ قەدەغەی بکات یان تاکەکانی لێ بێبەش بکات. لووک بە پێویستی دەزانی بیری لێبوردەیی لەنێوان هاوڵاتیاندا بڵاوبکرێتەوەو دەوڵەت و دەسەڵاتێكی پاشایەتیی دەستوریی وەها دابمەزرێت کە بەپێی دەستوور مافە بنچینەییەکانی تاکەکان دابین بکات. تێگەیشتنی لووک لە چۆنێتی و هۆکانی هانابردنی تاکەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی لە تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخا کە ئەم بیرمەندە بایەخی بە پاراستنی ئازادی و هەمەجۆریی تاکەکان و چەسپاندنی فرەیی لە دەستوورەکان داوە .
لووک بۆ یەکەم جار دیموکراسی و مافە بنچینەییەکانی تاکەکانی تێکەڵ بەیەکتری کردووە. پێش لووک،خەڵکی واتێگەیشتبوون کە دیموکراسی دەچێتەوە سەر بیروباوەڕی کلاسیکیی یۆنان کە تایبەتە بە حوکمڕانی کردنی گەل لەڕێی زۆرینەوە بەڵام لووک لە نوسینەکانیدا دیموکراسی و مافە بنچینەییە (سروشتییە پیرۆزەکانی) تاکەکانی تێکهەڵکێش کردووە وەک ئازادیی موڵکدارێتی و بیروباوەڕو بازرگانی و هتد .
دیموکراسییەکەی لووک ڕێی بە دەسەڵات نەدەدا بەناوی زۆرینەوە ئازادیی سروشتیی تاکەکان کەم بکاتەوە. بەم پێیە، ئەم دیموکراسییە دیموکراسییەکی بەستراوەو بناغەکەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە لەنێوان پاشاو گەلداو بەپێی ئەم گرێبەستە سنورێک بۆ دەسەڵاتی پاشا دادەنرێت. ئەم تێڕوانینە بۆ ''دیموکراسی بەستراو'' کە لووک بانگەشەی بۆ کردووە، لە کۆتاییدا بوو بە بناغەی دیموکراسی دەستوری کە تا ئەمڕۆ یەکێکە لە سیماو تایبەتمەندییەکانی دیموکراسییە لیبرالەکان.
زۆر بیرمەند کەوتنە ژێر کاریگەریی بیروڕا لیبرالییەکانی لووک. ئەگەرچی لە نوسینەکانی جان جاک رۆسۆدا بەرگریی تەواو لە بیروباوەڕی لیبرال نەکراوەو رۆسۆ وەک بیرمەندێکی جەماوەری هەڵکەوتووەو باوەڕی بە سەروەریی گەل بووە، بەڵام جەخت کردنی رۆسۆ لەسەر بەرگری کردن لە ئازادیی مرۆڤ و گوزارشت کردنی لەو ئازادییە ڕووی ئەوەمان بۆ دەردەخا کە بیروباوەڕی لیبرالیزم زۆر پەرەی سەندووەو بۆتە ئاشنای بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم.
ئەوی ڕاستی بێ مۆنتسکیوو (١٦٨٩-١٧٥٥) بە یەکێ لە گەورە بیرمەندانی لیبرالیزمی سیاسی دەژمێردرێ و جان توشار لەو بڕوایە دایە کە مۆنتسکیوو یەکێکە لە لیبرالە ئەرستۆکراتییەکان. ئەم بیرمەندە سەرکەوتوو بووە لە سەقامگیرکردنی یەکێ لە گرنگترین بناغەکانی تێڕوانینی لیبرالییانە بۆ شێوەکانی فەرمانڕەوایەتی و جۆرەکانی سیستمی سیاسی کە پێویستە لە کۆمەڵگا لیبرالەکان سەقامگیر بکرێت. تیۆریی مۆنتسکیوو دەربارەی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە کۆڵەکە بنچینەییەکانی مۆدێلی لیبرالییانەی سیستمە سیاسییەکان بووە کە پشت ئەستوورە بە پاوان نەکردنی دەسەڵات و گرد نەکردنەوەی لە دەستی یەک کەس یان یەک دامەزراوە، بەڵکو دابەشکردنی بەسەر چەند دامەزراوەیەکی یاسادان و ڕاپەراندن و دادوەریدا کە هەریەکێکیان تێیدا دەبێتە سانسۆر بەسەر ئەوی تردا بەجۆرێک کە مافی تاکەکان بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بپارێزرێ .
هەردوو شۆڕشەکەی ساڵی ١٧٧٦ی ئەمریکاو ساڵێ ١٧٨٩ی فەرەنسا ڕۆڵێکی گەورەیان لە سەرخستن و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی لیبرالیزمدا هەبوو. شۆڕشی ئەمریکاو پێشەنگەکانی، یەکێ لەوانە جفرسۆن زۆر لەژێر هەژمونی بیروباوەڕە لیبرالەکانی لووک و ڕۆسۆو مۆنتسکیوودا بوون. دەستووری ئەمریکا کاتێک جەختی کردۆتە سەر ئازادییە سروشتییەکانی تاکەکان و مافەکانی تاک لەبواری ئازادی و یەکسانی و گەڕان بەشوێن بەختەوەریداو پێکهێنانی حکومەتێکی دەستووریی بەستراو، لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی دیموکراتییانەو لیبرالییانەی ئەوروپای سەردەمی رێنسانس و ڕۆشنفکریدا بووە.
بیری فەلسەفیی ئەڵمان وەک لەلای کانت و هیگل دا دەردەکەوێ. بانگەشەی بۆ باڵایی ئاوەزو زاڵبوونی بەسەر ئەفسانەدا کردووە. ئەڵمانەکان بەشێوەیەکی تایبەت ڕێزیان لە ئاوەز (ئەقڵ) گرتووەو زۆرێک لە بیریارانیان ئاوەزیان بە گرنگترین تایبەتمەندیی مرۆڤی تاک زانیوە. بەرزڕاگرتنی ئاوەزی تاک، بەتایبەتی بەلای کانتەوە، لەڕاستیدا بانگەشە بووە بۆ بیری لیبرال کە پشتگیریی تاکگەرایی و ئازادی فیکری و بەرپەرچدانەوەی هەژموونی فیکریی کۆمەڵگاو دەوڵەت کردووە.
لەلایەکی ترەوە بیروباوەڕی ئابوری لیبرالی بیرمەند ئابوریناسی ئینگلیز ئادەم سمیس و بانگهێشتە بەناوبانگەکەی بۆ ئازادی بازرگانی و دورخستنەوەی دەوڵەت لە دەستوەردان لە کاروباری ئابوری و ژیانی ئابوری و خۆتەرخان کردنی دەوڵەت بۆ نواندنی ڕۆڵی پاراستنی کۆمەڵگا (دەوڵەتی پاسەوان)، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پێگەیاندنی مەرجە ئابورییەکانی بیری لیبرال و چۆنێتیی سەردەرکردن لەڕۆڵی ئابوری و سەروەریی دەوڵەت.
پاش هەنگاونان بەرەو سەدەی حەڤدەهەم و سەرکەوتنی چینی بورژوازی لەزۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمریکاو گەیشتنی ئەم چینە بە دەسەڵات، بیری لیبرال تا ئەندازەیەکی زۆر بەم چینەوە بەسترایەوە کە لەم ڕووەوە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوریی خۆی هەبووە. بۆیە لە سەدەی هەژدەهەمدا لیبرالیزم ڕەنگی شۆڕشگێڕانەی تێکۆشەرانەی دژ بە حکومەتی پاشایەتی و ئۆرۆستۆراسیی ستەمکار لەدەستدا. ئەم ئاڕاستەیەش لە نووسینەکانی نووسەری لیبرالی ئینگلیز جۆن ستیورات مل دەردەکەوێ .
ئەگەرچی لیبرالیزم باق و بریقی لەلای جەماوەر نەماو بیروباوەڕی سۆسیالیزم بەفراوانی بڵاوبۆوە، بەڵام بیروڕاکانی لیبرالیزم دەربارەی تاکگەرایی و ئازادی و دەوڵەتی یاساو یەکسانیی یاسایی و دیموکراسیی دەستووری وەک گرنگترین بەرهەمەکانی بیری مرۆڤانەی لیبرال مایەوەو ئەم بیرە لەوساوە بیرێکی مرۆڤانەو سیاسیی گشتییەو کە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا لەسەر بنەماکانیان دامەزراون و ئەمڕۆش زۆر دەوڵەت و گەلان بەچاوی ئومێدەوە لێیان دەڕوانن.
لقی سێیەم: بناغەکانی لیبرالیزمی مۆدێرن
لیبرالیزمی مۆدێرن لەسەر چەردەیەک بناغە دامەزراوە گرنگترینیان تاکگەرایی و ئازادییە.
یەکەم – تاکگەرایی :
کاتێک سەرەتاکانی پەیدابوونی بیری لیبرال و گەشەی جیهانیی ئەو بیرەو پەل هاوێشتنیمان بۆ زۆر دەوڵەت و بوار بەسەر کردەوە، بۆمان ڕوون بۆوە کە ئەم ڕێبازە زۆر بناغەو تایبەتمەندیی فیکری و سیاسی و ئابوری هەبووە. مایەی تێفکرینە کە بنەماکانی لیبرالیزم هەمیشە دەگەڕێنەوە سەر ڕێبازی تاکگەرایی و پەیوەندیشیان پێوە هەیە، بۆیە لەکاتی تاوتوێ کردنی ئەم مەسەلەیەدا دەبێ ئاماژە بۆ پەیوەندیی پتەوی نێوان تیۆریی لیبرالیزم و ڕێبازی تاکگەرایی بکەین.
تاکگەرایی ڕێبازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە جەخت دەکاتە سەر گەوهەری شایستەی مرۆڤ. تاکگەرایی سورە لەسەر جیاوازیی مرۆڤ لەو ڕوانگەیەوە کە مرۆڤ بونەوەرێکی جیاوازو تایبەتە.
بیری فەلسەفیی تاکگەرایی لە ئەوروپا لە سەردەمی رێنیسانسدا سەری هەڵداوە. ئەگەرچی پەیدابوونی سەرەتایی چەمکەکە پەیدابوونێکی فەلسەفی – فیکری بووە بەڵام ئەمە لەڕاستیدا لەڕووی میژووییەوە پەیوەندی بە چینی ناوەڕاستی بورژوازییەوە هەیە، هەروەها بەندە بە هەوڵە بێوچانەکانی ئەم چینە بۆ وەدەست هێنانی پێگەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی شایستە لە کۆمەڵگا کلاسیکییە داخراوەکاندا .
لەگەڵ فراوانبوونی ترادیسیونی فیکری و ئابوری و سیاسیی چینی بورژوازیی مۆدێرن ، تاکگەرایی وەک بەهایەکی سیایسی و کۆمەڵایەتی لەنێو بیریارانی چەرخی مۆدێرنی ئەوروپا بڵاوبۆوەو بەگوێرەی ئەم نۆڕینە تاک بووە تەوەری پێکهاتەو بنچینەی کۆمەڵگاو گروپەکان و وای لێهات کە دەبوو دەوڵەت و کۆمەڵگا بە پەرۆش بن بۆ پاراستنی ئەو تاکگەراییە بەو پێیەی کە بەردی بناغەی کۆمەڵگاو جیهانە.
تاکگەرایی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ وەک یەکێ لە گرنگترین سیماکانی بیری لیبرال ماوەتەوە. ئەگەرچی چەمکی تاکگەرایی لە بیریارێکەوە بۆ بیریارێکی دی و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر پەرەی سەندووەو گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە بەڵام ئەم چەمکە وەک یەکێ لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی لیبرالیزم و کرۆکی فەلسەفیی ڕێبازەکە ماوەتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی لیبرالەکان چەندین تێزو بۆچونیان دەربارەی تاکگەرایی هەیە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١- خەڵکی وەک تاک نەک وەک گروپ ئەو خانەو یەکە سەرەکییانەن کە بەهایەکی ئەخلاقیان هەیە.
٢- ئامانجی گروپ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، خزمەتکردنی بەرژەوەندی تاکە نەک بە پێچەوانەوە وەک ئەوەی کە جاران وابوو. بەهاو ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان جگە لە هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی ئەم مەسەلەیە هیچ مەبەستێکی دیکەیان نیە.
٣- مافە سروشتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەنهاو تەنها بە تاکەوە بەستراونەتەوە.
٤- ئامانجی دەوڵەت دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوە بۆ تاکەکان تاکو بتوانن چێژ لە تاکگەرایی وەرگرن، بۆیە پێویستە لەسەر دەوڵەت و سیستمی سیاسی سور بن لەسەر فراوان کردنی تواناکانی تاک و هێشتنەوەی ئەم تایبەتمەندییەو پەرە پێدانی .
دکتۆر هیبە رەئوف وەهای دەبینێت کە تاکگەرایی لە چەمکی لیبرالی ڕۆژئاواییدا لە مانادا زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەکاتی پەیدابوونی ئەم دەستەواژەیە لە سەردەمی رێنیسانس تا سەرەتای سەدەی بیستەم، چەمکی تاکگەرایی زۆر لەژێر هەژمونی واتای خۆویستی و خودگەرایی دا بوو کە ئەمەش بەڕای ناوبراو ئاڕاستە کلاسیکییەکەی لیبرالیزم بووە. بەڵام مانا هاوچەرخەکەی تاکگەرایی لەڕوانگەی ئاڕاستەی پرەگماتیکیی لیبرالیامدا بەمانای سەربەخۆبوونی تاک بەهۆی کاری نەپساوەو پشت بەخۆو بەستنەوە دێ.
دووەم – ئازادی:
چەمکی ئازادی یەکێ لەو چەمکە بەناوبانگانەیە کە بیری لیبرال ناوی پێ دەرکردووە تا وای لێهاتووە کە ئازادی و لیبرالیزم بونەتە هاوتەریبی یەکتری کە بەهیچ شێوەیەک لێک جیانابنەوە.
بەڵام سەرەڕای پێکەوەبەسترانی ئەم دوو چەمکە (واتە ئازادی و لیبرالیزم)، تێگەیشتنی لیبرالییانە بۆ ئازادی، ئەمڕۆ زۆر مشتومڕو گفتوگۆی لەسەرە ئەویش لەڕووی فیکری و فەلسەفییەوە چونکە دوراییە جیاوازەکانی ئازادی بونەتە هۆی ئەوەی کە چەمکەکە ڕوخسارێکی ئاڵۆزو هەندێ جار شێواوو شپرزە وەربگرێت کە هەندێ جار مرۆڤ ناتوانێ بەباشی سەری لێ دەرکا.
فەیلەسوفی لیبرالی ئەڵمانیا کانت لەو بڕوایەدا بوو کە ئازادی ''یاسای کارکردنە'' . واتە ئازادی پرنسیپێکە تاکەکان بۆ کارکردن هان دەدا. لە بەڵگەنامە سەرەتاییەکانی شۆڕشی فەرەنسا وەک لە ماددەی شەشەمی دەستوری ساڵی ١٧٩٣دا هاتووە، ئازادی ''ئەوەیە کە مرۆڤ هەموو ئەو شتانە بکات کە زیان لە مافی ئەوانی تر نادەن'' . بەم واتایە وای دەبینین کە تێڕوانینەکە دەستووری شۆڕشی فەرەنسا زۆر لە تێڕوانینی فەلسەفیانەی کانت لەبارەی ئازادییەوە دور ناکەوێتەوە .
لەبیری لیبرالی کلاسیکیدا ئازادی هاوتەریبی ئازادیی سیاسی و ئابوریی تاکەو بەستراوەتەوە بە کەم کردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت لە هەوڵداندا بۆ دانانی سنورێک بۆ ئازادیی تاکەکان. لەبیری لیبرالدا ئازادی بریتیە لە ئازادیی ئابوری و سیاسی کە هاوتەریبی یەکترن و  بەهیچ جۆرێک لە سیستمی سیاسی لیبرال جیا ناکرێتەوە بەڕادەیەک کە جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئابوری لە دەسەڵاتی سیاسی پرنسیپێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی و لیبرالیزم.
بەشێوەیەکی گشتی، لیبرالەکان دوو چەشن ئازادی لە یەکتری جیا دەکەنەوە. یەکێکیان ئازادیی نەگەتیڤەو ئەوی تر ئازادیی پۆزەتیڤە.
ئازادیی نەگەتیڤ ئەوەیە کە هیچ کەسێک کاریگەریی نەبێ لەسەر ئازادیی ڕەفتاری هیچ کەسێکی تر. جا ئەگەر مرۆڤێک دەستی لە ئیش و کاری مرۆڤێکی تر وەرداو تەگەرەی دروست کرد لەنێوان ئەو مرۆڤەو چالاکییەکەی، ئەوا ئەو مرۆڤە ئازاد نابێ، بەم واتایە، ئەوەی کە ئێمە چەندان بژاردەی کراوەمان لەبەردەم دایە، ئەمەش بەبێ بایەخدان بەوەی کە ئاخۆ ئێمە لە تواناماندایە ئەو بژاردانە تاقی بکەینەوە یان نا. لەبەر ئەوە هەندێ کەس بەم چەشنە ئازادییە دەڵێن ئازادیی بژاردەیی .
ئازادی پۆزەتیڤیش بوگوێرەی ئەم چەمکە ئەوەیە کە تەنها لەو کاتەدا مرۆڤ بە ئازاد دادەنرێت کە موڵکی خۆی بێ و ئازادیی تەواوی هەبێ لە بەڕێوەبردنی ئیش و کاری خۆی بەشێوەیەکی سەربەخۆو دوور لە کاریگەریی هەر هێزێکی دەرەکی. ئەم چەشنە ئازادییە جەخت دەکاتە سەر ئازادی لە دۆخی ئەزمونیدا، بۆیە هەندێ کەس بەم ئازادییە دەڵێن ئازادی ئەزمونی. ئەم نۆڕینە نموونەییەی ئازادی لە ڕەگ و ڕیشەدا دەگەڕێتەوە سەر نوسینەکانی هەر یەک لە ڕۆسۆو کانت و ستیوارت مل و هەروەها لەم سەردەمەدا لە نوسینەکانی بەرلین و ژوزیڤ و ڕاز ڕەنگدانەوەی هەیە .
باسی دووەم: تیۆریی لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
لیبرالیزم لە سەدەی حەڤدەهەم بەدواوە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبووە، لیبرالیزم لەبواری نێودەوڵەتیدا دەچێتەوە سەر جون لووک و جیرمی بنتام (Bentham) و جان جاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت و جۆن ستیوارت مل کە ئەمانە کەسانێکی ئایدیال بوون و باوەڕیان با ئاوەزو ویژدان هەبووەو لەو بڕوایەدا بوون کە ئاوەزو ویژدان مژدەی ئاشتیەکی هەمیشەیی تەبایی گشتگیر دەدەن. ئەمە ئەو پێوەرە لۆکاڵە بووە کە بەهۆیەوە دەتوانرێ ئەو بارودۆخە بهێنرێتەوە دی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان سیستمی لەچوارچێوەی دەوڵەتدا هێناوەتە ئاراوە.
هەروەها لەبۆچونە لیبرالەکانی تایبەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان دەتوانرێ بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە دەگاتە سەدان ساڵ، شێوەو میتۆدی جیاواز بدۆزرێتەوە چونکە ئەو شێوەو میتۆدانە زۆر تێکەڵاو دەکرێن، ئێمە لێرەدا لە هەوڵی ئەوەداین کە ئەو بۆچونانە بکەین بە سێ جۆرەوە، ئەویش بەم جۆرەی کە وا لەخوارەوە دێ.
لقی یەکەم : ڕێبازی نێودەوڵەتیی لیبرال
هەریەک لە کانت و بنتام بە پێشڕەوی لایەنگرانی ڕێبازی نێودەوڵەتیی لیبرالی بزاڤی ڕۆشنگەری دەژمێردرێن، هەردوکیشیان دژی دڕندایەتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بون یاخود دژی ئەوە بوون کە کانت بەمجۆرە ڕوونە گوزارشتی لێ کردووە کە ''دۆخێکی دڕندایەتییەو مل بۆ هیچ یاسایەک کەچ ناکا'' لە کاتێکدا سیاسەتی لۆکاڵ لەسەر لێواری سەردەمێکی تازەی ماف و هاوڵاتیبوون و دەستورگەرایی بووە. ڕەتکردنەوەی دڕندایەتیی ملکەچ نەکردوو بۆ یاسا وایکرد هەردوکیان نەخشە بۆ ''ئاشتی هەمیشەیی''دابنێن. بیروباوەڕی هەردوو فەیلەسوف تۆوی بۆچوونە بنچینەکانی ڕێبازی نێودەوڵەتیی لیبرال پێک دێنن. بەتایبەتی باوەڕهێنان بەوەی کە ئاوەز دەتوانێ ئازادی و دادپەروەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بینێتە دی. بۆ نمونە، کانت لەو بڕوایەدا بوو کە بەدیهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی پێویستی بە سێ مەرجە کە بریتین لە هۆشیاریی تاک و دەستوری کۆماری و گرێبەستێکی فیدرالییانە لەنێوان دەوڵەتاندا بۆ نەهێشتنی جەنگ و شەڕوشۆڕ.
کەواتە لێرەدا جەخت کردن لەسەر ئاکارە مرۆییەکان و سروشتی خێرومەندانەی مرۆڤ لەلایەک و گەڕانی مرۆڤ بەدوای بەختەوەریدا بەڕێوشوێنی ژیرانەو ڕەچاوکردنی یاساو بەرژەوەندیی هەموان لەلایەکی دیکەوە گرنگترینی ئاراستە لیبرالییەکان لە قۆناغە بەراییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێک دێنن.
لەبیری لیبرالدا ئازادی بەندە بە ئاوەزەوە. لیبرالەکان لە ژیرگەرایی ڕۆشنگەری ئەوەیان بە میرات بۆ ماوەتەوە کە باوەڕی تەواویان بە بیرۆکەی پێشکەوتن هەبێ و دیدێکی گەشبینانەیان هەبێ سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە ئەوەندە هەنگاویان نەناوە کە مرۆڤ بەبونەوەرێکی بێ غەل و غەش و بێ کەموکوڕی بناسێنن چونکە باش درکیان بەوە کردبوو کە بەرژەوەندیی کەسی کاریگەریی خۆی هەیەو دەشێ تاک و گروپەکان عەوداڵی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بن. بەڵام هاوسەنگیی سروشتی (لەنێوان کامڵبوونی مرۆڤ و بوونی بە نمونەی بونەوەری بێ کەموکوڕی لەلایەک و کاریگەریی بەرژەوەندییە کەسییەکان لەلایەکی ترەوە) لە زۆر لاوە کاری کردۆتە سەر پەرەسەندنی بیروباوەڕی لیبرال. بۆیە وای لێهاتووە کە هەندێ لە لیبرالەکان باوەڕی تەواویان بە هاوسەنگیی بەرژەوەندیی نێوان گروپە رکابەرەکانی نێو سیستمی سیاسی هەیەو بەرگری لەوە دەکەن کە بەدی هێنانی ئاشتی و گونجان و تەبایی لەنێوان گەلان شتێکی مەحاڵ نیەو دەشێ بێتە دی .
لەلایەکی دیکەوە جیرمی بنتام داوای کرد فیدراسیۆنێکی ئاشتییانە لەنێوان دەوڵەتان دروست بکرێت کە بنچینەکەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بێ. واتە ئەوەی کە لەسەر ئاستی لۆکاڵ جێبەجێ کراوە، دەتوانرێ لە چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتانیش جێبەجی بکرێ.
بە مانایەکی تر، ئەمە کارکردنە بۆ بردنی دەوڵەتان بۆ ناو سیستمی ماف و ئەرکی نێودەوڵەتی و ناوبراو لەم ڕووەوە دەڵێت ''لە مەسەلەی بەرژەوەندیی گەلاندا لە هیچ شوێنێکدا هیچ ململانێیەکی ڕاستەقینە نیە'' .
ئەوەی کە بنتام جەختی لەسەر دەکات توانای جەخت کردنە لەسەر ئەو شتانەی کە دەوڵەتان کۆ دەکاتەوە نەک لەسەر ئەو شتانەی کە لێکیان جیا دەکاتەوەو لێرەدا هاوکاری بناغەیەکە کە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابورییەکان لەڕێی ئازادی بازرگانییەوە.
بەگوێرەی بیروبۆچونی بنتام و بەپێی ڕوانگەی لیبرالانەی نێودەوڵەتیی سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم، هۆی سەرەکیی کێشمەکێش و هەوڵدانی دەوڵەتانە بۆ وەدەست هێنانی زۆرترین دەستکەوت لەڕێی جەنگەوەو ئەو جەنگەش هیچ قازانجێکی بۆ تاک و گەلان نەبووە بەڵکو تەنها بەمەبەستی وەدەست هێنانی بەرژەوەندیی دەوڵەتان بووە. هەر جەنگیشە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ململانێکان بەربەست دروست بکەن لەبەردەم تەبایی سروشتیی بەرژەوەندیی تاکەکان لە جیهاندا. ناوبراو وای بۆ دەچێ کە ڕێ نەدان بە هاتوچۆی کاڵا بە ئازادی، هۆی ململانێ و جەنگە چونکە ئاشتی دۆخی سروشتیی سیاسەتی نێودەوڵەتانە، ئەویش لەبەر ئەوەی یاساکانی سروشت تەبایی و هاوکاری کردنی یەکتری بەسەر خەڵکیدا دەسەپێنن .
لەباری سەرنجێکی لیبرالیانەوە، سروشتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا تا ڕادەیەکی زۆر کاردەکاتە سەر ڕەفتاری دەوڵەتان لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتاندا. هەر بیرو بۆچوونە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوەکانیشە کە لە کۆتاییدا ئەفزەلیەت بۆ دەوڵەتان دروست دەکەن. ئەو دەوڵەتانەش بایەخێکی زۆریان لە تێڕوانینە ستراتیجییەکانی حکومەتەکاندا هەیە. سروشتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا لەڕێی دامەزراوە ناوخۆییەکانەوە یاخود بەهۆی پشت بەستن بە ئاڵوگۆڕی ئابوری یاخود لەڕێگەی ئەو بیروباوەڕانەوە دادەڕێژرێ کە تایبەتن بە دەستخستنی پێداویستییە گشتییە نەتەوەیی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانەوە .
لە سەدەی نۆزدەهەمدا لیبرالیزمی کلاسیکی هەژمونی خۆی بەسەر بیری بریتانی و ئەمریکیدا سەپاندو هەر ئەو لیبرالیزمەشە کە پێی وایە دەوڵەتانی سەرمایەدار حەز بە ئاشتی دەکەن چونکە جەنگ زیانی بۆ بازرگانی هەیەو خۆشگوزەرانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەهۆی بازرگانییەوە دێتە دی نەک بەهۆی جەنگ و شەڕو شۆرەوە.
جا ئەگەر سیاسەتوانان پەرۆشی زیادکردنی سامان و چاککردنی ڕەوشی هاووڵاتیانی خۆیان بن، خۆ ئاشتی لەم بوارەدا لە هەموو شتێ باشترە. لەسەر بنچینەی ئەم تێڕوانینە، لیبرالیستی بریاتانیایی ریچارد کۆبرن لەساڵی ١٨٤٠ نۆڕینە کلاسیکییەکەی لیبڕالیزمی دەربریوە، کاتێک وتویەتی ''دەتوانین جیهان لە جەنگی ڕاستەقینە دوور بخەینەوەو من دڵنیام لەوەی کە جیهان لە ڕێی بازرگانییەوە ئەم ئامانجە دێنیتە دی .
ئەم بانگەشەیە چەردەیەک ناوەڕۆکی تێدایە کە بە هۆیەوە سروشتی لیبرالیزمی کلاسیکی دیاری دەکرێت چونکە بانگەشەکە لەلایەک جەخت دەکاتە سەر ئازادیی بازرگانی وەک دەروازەیەک بۆ دەربازبون لە جەنگ و شەڕوشۆڕ لەلایەکی ترەوە بانگەشەکە زۆر جەخت دەکاتە سەر لایەنە ئابورییەکەی بیری لیبرالی ئەو قۆناغە .
لقی دووەم : لیبرالیزمی ئایدیالیستی
لیبرالیزم لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا پاشەکشەی بەخۆیەوە بینی. جەنگ بیرکردنەوەی لیبرالییانەی گۆڕی بە ڕادەیەک کە وای لێهات بەو چەشنە سەیری ئاشتی کرا کە دۆخێکی ئاسایی نیە بەڵکو دۆخێکە دەبێ بهێنرێتە دی، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچونە بوو کە پێش جەنگ لە ئارادا بوو و کرۆکەکەی ئەوە بوو کە ئاشتی دۆخە ئاساییەکەیە و جەنگ بە دۆخێکی نائاسایی دادەنرێ .
لە سەدەی بیستەمدا ئاراستە لیبرالییەکان لە گەرمەی تاووتوێ کردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەرگەرمی ئەوە بوون لیبرالیزم بە پرۆژەیەک بۆ گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بناسێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ مۆدێلەکانی ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا بگونجێت چونکە مەسەلەکە وا بانگەشەی بۆ دەکرا کە دیموکراسییە لیبرالییە دەستورییەکانی وەک هینی ئەمریکا ئەو مۆدێلەیان گرتۆتە خۆ، ئەمریکا سەرمەشقی پتەوکردنی لیبرالیزم بووە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە سەدەی بیستەمدا .
پاش تەواوبوونی جەنگی یەکەمی جیهان چەند هەوڵێکی فیکری و چەند پرۆژەیەکیش سەریان هەڵدا کە ئامانجەکەیان سەرلەبەر پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتان بوو لەسەر بناغەیەکی ئاشتییانەی دور لە سیاسەتی زەبردار کە پاڵپشتی سەرەکیی تیۆریی ریالیزمە، چ بە جەخت کردنە سەر ئازادیی بازرگانی یان فاکتەری ئابوری کە پەیوەندیی ناسیاسی لەنێوان دەوڵەتان دروست دەکات چ بە پەیداکردنی دەستەی پان حکومی کە دەستەیەکە بۆ چاودێری کردنی بەردەوامبونی ئاشتی، بە تایبەتی پاش بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهان.
ئاڕاستە ئایدیالیستییەکەی لیبرایزم ڕەخنە لەو هەستە خراپە دەگرێت کە لەنێو دەوڵەتاندا زاڵ بوو. هەروەها ڕەخنە لە سەرکردەکانی دەوڵەتانیش دەگرێ چونکە ئەو سەرکردانە بەپێی پێویست هیچیان بۆ جەماوەر ڕوون نەکردۆتەوە، بەتایبەتی کە ئەوەی زۆرترین ئێش و ئازاری جەنگی پێدەگات و بەدەم نەهامەتی و مەینەتییەکانییەوە دەتلێتەوە جەماوەرە. لێرەدا لیبرالیزم بە پشت بەستن بە دیموکراسی و مرۆڤی ژیر شیکردنەوەی خۆی پێشکەش دەکات چونکە هەر مرۆڤی ژیرە کە حەز بە جەنگ و شەڕوشۆڕ ناکات و دژی ئەو جەنگە دەوەستێتەوە کە ڕابەرەکانی دەیانەوێ مرۆڤ بکەنە سوتەمەنییەکەی .
لە ئاکامی ئەمەدا ئەو بۆچوونە لەناو لایەنگرانی لیبرالیزمی ئایدیالیستدا زاڵ بوو کە پێویست بە جەنگ ناکات و چونە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێ. ئەمەش گەوهەری بیرکردنەوەی لیبرالییانە پێکدێنێ .
بە گوێرەی ئەمە دەتوانرێ ئەوە بگوترێ کە لیبرالەکان وەهای دەبینن کەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جیهانێکە دەشێ پێشکەوتن و گۆڕانی پێویستی تێدا بێ. ئەم لیبرالانە ئازادیی تاک لە سەرووی هەموو شتێکی تر دادەنێن و لەو بڕوایە دان کەدەبێ رێ بە دەوڵەت نەدرێ کەڕێوشوێنێکی وا هەڵسوکەوت بکات کەببێتە مایەی هەڕەشە کردن لەو ئازادییە. لەسەر ئاستی ناوخۆ، دەسەڵاتی لیبرالی و دەستوریی دەوڵەت لەژێر کاریگەریی لێپرسینەوەی دیمەکراتییانەی هاوڵاتییاندا دەبێ و هەروەها دەبێ ئەوەی لەبەرچاو بێ کەپێویستە ڕێز لەپێداویستییە ئابوورییەکانی بازاڕ سەروەریی یاسا بگیرێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان، لیبرالەکان واتێگەیشتون کەسەرەڕایی سەر لەنوێ بەرهەم هێنانەوەی ئەم کۆت و بەندانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان، دەبێ بناغەی ئازادی تۆکمە بکرێ بۆ پتەوکردنی ئاشتیی نێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەری و هەروەها لەناوخۆدا. ئایدیالیزم بە تاوتوێکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتان لەبەر ڕۆشنایی یاسا نێودەوڵەتی بەڕێچکەیەکی وادا ڕۆییوە کە جەخت دەکاتە سەر پێگەی ئاواز و نەریت و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان بەو پێیەی کە ئەمانە ئامرازێکن بۆ قەدەخەکردنی جەنگ و شەڕوشۆڕ. لە لیبرالیزمدا شیکردنەوەی ئایدیالیستی لەسەر ئەوە گیرساوەتەوە کەدەبێ ململانێ دەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێن، ئەویش بە گەڕان بە دوای هەنگاوە یاساییەکاندا. ئەمەش بەشێوەیەکی دیاریکراو دەریدەخات کە لیبرالیزم لەو قۆناغەدا لە ڕێی دامەزراندنی دامودەزگای نێودەوڵەتیدا بەدوای شێوەکانی وەدی هێنانی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیدا گەڕاوە، لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەبێ ئەو دام و دەزگایە هەماهەنگە بێ لەگەڵ سروشتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان لەکاتی ئاشتی و ململانێدا. ئەوەی کە لیبرالیزم لەو قۆناغەدا کاری بۆ کردووە ئەوەیە کەویستویەتی ڕوخسارێکی یاسایی بە سروشتی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان ببەخشێ. لەوقۆناغەدا ئاڕاستەی تایبەت بە سەرۆکی ئەمریکا ودرۆ ویلسۆن هاتە ئاراوە کە یەکێکە لە دیارترین ئەو سیاسەتمەدارانە کە دەستپێشخەر بوون لە پێشکەشکردنی پڕۆژەی کارا بۆ هێنانە کایەی سیستەمی نێودەوڵەتیی تازە، تەنانەت ویلسۆن لەو بڕوایەدا بوو کە جەنگ ئەو ئەنجامی هاوپەیمانی و گەلە کۆمەکێیانە بوو کە لەمەوبەر لە ئارادا بووە.
تیۆریی لیبرالییانەی پەیوەندییە نێودەوڵتییەکان لەچەند بۆچوون و تێز و بیروباوەڕێک  پێکدێ کە زۆربەی هەرە زۆری لەو لێکچواندنە لۆکالە وەرگێراوە کە تایبەتە بە پەیوەندییی نێوان تاکەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتاندا. هەر بەهۆی ئەمەشەوە وادەناسرێ کە نۆڕینێکی نێودەوڵەتییە کە ڕێچکەکەی لە ناوەوە دەست پێ دەکاو لەوێوە دەچێتە دەرێ.
گرنگترینی ئەو بۆچونانەی تیۆرییەکە ئەمانەی خوارەوەن:
باشترین هۆکار بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی بریتییە لە بڵاوکردنەوەی دام و دەزگای دیموکراتییانەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا. حکومەتەکان نەک گەلان مایەی دروستکردنی کێشە و  بەرپابوونی جەنگ و شەڕوشۆڕن. دیموکراسی نایابترین گوزارشت  کردنە لە ئیرادەی گەل. بۆیە ئاشتی خۆی لە جغزی دیموکراسیدا نەک لە سیستەمە سیاسیەکانی تردا دەنوێنێ.
لیبرالیزم پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە سازانێکی سروشتی لەبەرژەوەندییەکاندا هەیە و بەهۆی ئەمەوە حوکمەتەکان و گەلان ناچار دەبن باش بیری لێبکەنەوە تاکو بتوانن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. ئەگەر هاتوو ململانێکان هەر بەردەوام بون ، دەبێ لەڕێگای دادوەرییەوە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، سیستەمی ئاسایشی بە کۆمەڵ دەتوانێ جێی پرنسیپی یارمەتی خۆی ( Self-Help) بدا. واتا پاراستنی ئاسايشی دەوڵەت تەنها ئەرکی دەوڵەت نیە، بەڵکو ئەرکی هەمووانە.
لقی سێەم: لیبرالیزمی دامەزراوەیی
ئایدیلیستەکان هەوڵی پراکتیزەکردنی بیرکردنەوەی ئایدیالیستی دەدەن ئەویش بە داهێنانی مۆرێکی دامەزراوەیی بۆ حوکمی یاسا. بەم بیرکردنەوەیەش دەگوترێت پێوانەی لۆکاڵ. ئایدیالیستەکانی قۆناغی پاش کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان وایدەبینن کە دوو مەرجی سەرەکی بۆ داهێنانی ڕژێمێکی نوێ لە جیهان هەیە:
١- دەبێ سەرکردەکانی دەوڵەتان و بیریاران و ڕای گشتی باوەڕیان بەوە بێ کە پێشکەوتن شتێکە دەکرێ بێتە دەست.
٢- دەبێ لە کاتی پێویستدا رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاسان کردنی گۆڕانی ئاشتییانە و داماڵینی چەک و نابژیوانی پێک بهێنرێت.
دیارە کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٠دا دامەزراوە و هۆی پێکهێنانی دەچێتەوە سەر ڕاو بۆچوونی لیبرالەکان کە بە چاوێکی گەشبینەوە ڕوانیویانەتە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاریان بۆ ئەوە کردووە کە دام و دەزگای وەها بێتە دی تاکو لە قۆناغی پاش جەنگی یەکەمی جیهانیدا چاودێری ئاشتی بکاو هەوڵی بەدی هێنانیشی  بدات بەڵام کۆمەڵەی گەلان نەیتوانی ئەو ئامانجانە وەدی بێنێ کە لە پێناویدا پێکهێنرا بوو  و سیستەمەکەشی  سەبارەت بە ئاسایشی بە کۆمەڵ داڕماو نەیتوانی ڕێگری بکا لە هەڵایسانی جەنگی دووەمی جیهان لە ساڵی ١٩٣٩.
لە دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلانەوە تا هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهان لیبرالیزم بە قۆناغێکی پڕ گەشانەوەدا تێپەڕیوە. سەیریش نییە کە پەرەسەندنی مێژووی بەدیوە خراپەکەی (بەشێوەی جەنگ) و بەدیوە باشەکەی (بەشێوەی ئاشتی و بوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و سیستمی ئاسایشی بە کۆمەڵ کە هەمووی لێکەوتەی لیبرالیزمن) هاوزەمان بن لەگەڵ پەرەسەندن و پاشەکشەی تیۆری لیبرالیزم چونکە لە بناغەدا بۆ ئەوە هاتۆتە دی کە شیکردنەوەی خۆی هەبێ بۆ ئەو گۆڕانکارییە مێژووییانە و چەندین ڕاڤە لەم بارەیەوە پێشکەش بکات و بکەوێتە خۆ بۆ داهێنانی یاسای گشتی بۆ تەگەرەدان لە سەرهەڵدانی ململانێی چەکدارانە.
بەڵام ڕێبازی دامەزراوەیی لیبرالیزم (Constitutional Liberalism) لە کۆتای چلەکاندا پەیدا بوو هەر ئەم ڕێبازەشە کە پشتگیری لەوە کردووە کە پێویستە کۆمەڵەی گەلان نەمێنێ و دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی دیکە جێگای بگرێتەوە و بەرپرسیارەتیی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە ئەستۆ. ئیدی لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونانە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا.
پاش جەنگی دووەمی جیهانی، دەوڵەتە براوەکانی جەنگ فشاریان هێنا بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی نوێ بۆ نوێنەرایەتی کردنی دەوڵەتان و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی. ئیدی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٥دا پەنجا دەوڵەت لە سان فرانسیسکۆ پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان واژوو کرد .
ئەمەش لە دوو لاوە دوورکەوتنەوە بوو لە کۆمەڵەی گەلان چونکە بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوە تازەکە بۆ هەمووان بوو، جگە لەوەی کە زلهێزەکان توانییان ڕێ لەوە بگرن کە هیچ کردارێک بێتە دی ئەگەر ئەو کردارە دژی بەرژەوەندییەکانیان بێ، ئیدی جارێکی دی تیۆرییە لیبرالییەکان تاڕادەیەک پاشەکشەیان بەخۆوە بینی و تیۆریی ریالیزم سەرکەوتنی بە دەست هێنا چونکە لەم تیۆرییە راڤەی وەهای پێشکەشکرد کە زۆرتر پشت ئەستوور بوو بەو سیاسەتانەی هێز کە لە کاتی شەڕی ساردا باوو زاڵ بوون و بانگێشەیان بۆ دەکرا.
لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم جارێکی تر بایەخ بە تیۆرییەکانی لیبرالیزم درا ئەم بایەخدانەش زیاتر سێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی لیبرالییانەی نوێی گرتەوە کە یەکەمیان ئابووری بوو ، دووەمیان کۆمەڵایەتی و سێیەمیان سیاسی.
لە ئاڕاستە ئابوورییەکەیدا ڕێبازی دامەزراوەیی لیبرالیزم لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا جەختی کردە سەر هاوکاریی نێوان دەوڵەتان و بانگەشەی بۆ ئەو سوود و کەڵکە کرد کە ئەم هاوکارییە سنووربڕە دەهێنێتە دی. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە لەبەرایی قۆناخی پاش جەنگدا مشتومڕی گرنگیان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەوڵەت ناتوانێ مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی مۆدێرنێتەدا بکات.
دێڤد میترانی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان پێویستی بە هاوکارییەکی سنووربڕ بووە و چەمکە گەوهەرییەکەی بریتی بوو لەپەل هاویشتن (Ramification)، واتا هاوکاری لە کەرتێکدا کە دەشێ لەکۆتاییدا بەوە بگات لە حوکمەتەکان لە کەرتەکانی دیکەش هاوکاریی یەکتری بکەن ئیتر چەند دەوڵەتان بەردەوام بن لەسەر پرۆسەی یەکتری تەواوکردن، ئەوەندەش "خەرجی "کشانەوە لە پرۆژە هەرەوەزەکان زێدەتر دەبێ.
ئەوەی کە دامەزراوەیی لیبرالی بانگێشەی بۆ دەکاو عەوداڵیەتی، تێپەڕاندنی چوارچێوەی سەروەریی نیشتیمانی و بەخشینی هەندێ لە ئەرکەکانی دەوڵەتە بە دام و دەزگا و ڕێکخراوە
ناسوپاییەکان وەک دام و دەزگا و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەم ڕێبازەی ناو لیبرالیزمی دامەزراوەیی بەناوی فەنکشنالیزم (Functionalism) ناسراوە.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لیبرالەکان دەستیان کرد بەبانگێشەکردن بۆ ئەوەی کە بەرزبوونەوەی ئاستی پشت بە یەکتری بەستن لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، وای لێهاتووە کە خەریکە سروشتی سیاسەتی نێودەوڵەتان دەگۆڕێ.
ئیدی لەگەڵ لیبرالیزمی دامەزراوەییدا لایەنێکی ئابووری پێک هات کە جەختی کردۆتە سەر چەمکەکانی ئەودیوی سنووری نیشتیمانی و هاوبەستەگی و پەیوەندی هاوبەش. ئەمانەش ئەو چەمکانەن کە سروشتی کارلێکەکانی نێوان دەوڵەتان و ئەکتەرەکانی تر دەگۆڕن.
هەوادارانی دامەزراوەییەکان ئەو تێڕوانینەیان ڕەت کردەوە کە دەوڵەتی کردۆتە جەمسەری گێتی و وایان دانا کە چیدی سیاسەتی جیهانی مەیدانی دەوڵەتان نییە بەتەنها و نابێ لەمەولا ڕەوش و پێگەی ئەکتەرە کاراکانی تر لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوان گروپە خاوەن بەرژەوەندییەکان و کۆمپانیا سنووربڕەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان. سەرباری هەموو ئەمانە، دامەزاراوەیی لیبرالی توانی چەمکی پێکەوە بەستران (Interdependence) پەرە پێ بدات. ئەم چەمکەش توخمە کاراکانی پەیەوندییە نێودەوڵەتییەکانی وەک دەوڵەتان و گەلان و ئەکتەرەکانی دیکە، دەخاتە ژێر هەژموونی خۆی، ئەویش لە ڕێگەی ئەو بڕیارانەی کە دەوڵەتان و گەلان و ئەکتەرەکانی تر دەری دەکەن. کۆمەڵایەتییەکەی لیبرالیزمی نوێ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆر جەخت دەکەنە سەر پەیوەندیی نەپساوەی نێوان گەلان و کۆمەڵگاکان لە ڕێی سنوورە نیشتیمانییەکانی دەوڵەتانەوە و ئەمە لەسەر چەند ئاستێک  دێتە دی وەک ئاستی کەلتور مەدەنیی جیهانی و ریتمی کۆنتاکت ئاسای روو لە بڵاوبونەوە و گەشەکردن و چوارچێوە ڕێخراوەییە تازەکان و نزیک کردنەوەی دەسەڵات لەهاوڵاتییان بەشێوەیەکی گشتی، واتا ئەجیندا مەدەنییەکان.
لیبرالیزم تێکەڵاویی کۆمەڵگاکانی لەبەر چاوگرتووە چونکە ئەمە بەڵگەی بوونی چەند بەهایەکی هاوبەشە کە هەمووان لەسەری هاوڕان. ئەم بەهایانەش پشت بە چەند بەهایەکی دیکە دەبەستن و تەنها لەسەر چەمکی هێز ناگیرسێتەوە، سەرەڕای ئەوە کە چەمکی هێز بەردی بناغەی تێۆریی ریالیزم پێکدێنێ دیارە لیبرالیزم ئەم تێکەڵاوییەی بە بەشێکی نمونەیی زانیوە.
لە دوورایی سیاسیدا لیبرالیزمی نوێ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەگوێرەی دوو رەوت پەرەی سەند: یەکێکیان پەیوەندیی بە دام و دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوەی (واتا دام و دەزگا لیبرالییەکان) و ئەوەی تر پەوەندیی بە دیموکراسییەوەیە (واتە لیبرالیزمی ستراکچەری یان پێکهاتەیی) لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمەوە تا قۆناغی ئەمرۆ، بیرکردنەوەی لیبرالییانەی دامەزراوەیییان ڕێبازی لیبرالیزمی دامەزراوەیی نوێ گەشەیەکی زۆری بە تێوریی لیبرالیزم داوە. ئەویش بەوەی کە جەختی کردۆتە سەر پێویستی بوونی دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە یاریدەدەر دەبێ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەهەموو ئەو بوارانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە. لیبرالیزمی دامەزراوەیی نوێ وای دەبینێ کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ببنە یارمەتیدەر بۆ زاڵ بوون بەسەر مەیلی خۆویستانەی دەوڵەتان لە ڕێی هاندانیان بۆ دەست هەڵگرتن لە بەرژەوەندییە هەنوکییەکان بە قازانجی سودە زۆرەکانی هاوکاری هەمیشەیی. لە لایەکی ترەوە، لیبرالە دامەزراوەییەکان باوەڕیان بە پتەوکردنی سەروەری یاسا و پەرەپێدانی دام و دەزگای نێودەوڵەتییەوە لەوبڕوایەدان کە دەبێ هەنگاو بنرێ بۆ خەفەکردنی مەترسیی کێشەی ئاسایش لە نێوان دەوڵەتان. لێرەدا بەشێوەیەکی تایبەت دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکرێ کە دامەزراوەیی لیبرالیزمی نوێ لە بنەڕەتدا ریفۆرمیستە نەک شۆڕشگێڕ و هەوڵی گۆڕینی پێکهاتەی بنچینەیی سیستەمی دەوڵەتان نادا بەڵکو هەوڵی دەستکاری کردنی ئەو هۆکارانە دەدات کە دانەرانیبی بیردۆزی ریالیزم بەهۆی سەرەکیی جەنگیان داناوە.
بەگوێرەی ئەمە، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە چوار شێوە مەیلی ئاشتی خوازی پەرە پێ دەدەن و ئاسەواری پشێوی و پاشاگەردانیی نێودەوڵەتی کەم دەکەنەوە:
١- هەستی بەردەوام بوون دابین دەکەن، بۆ نمونە، ئەوروپاییە رۆژئاواییەکان لەو بڕوایەدان کە یەکێتیی ئەوروپا چانسی مانەوەی هەیە و زۆرێک لە دەوڵەتانی تری ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدەن کە ببن بە ئەندام تێیدا.
٢- دام و دەزگاکان چانسی گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرە پێ دەدەن جا ئەگەر گەلێک ئەمڕۆ توانیبێتی ڕێژەیەکی زۆرتری ئاڵوگۆڕی چنگ کەوێ، دەشێ سبەینێ نەتەوەیەکی تر ڕێژەیەکی لەو زۆرتر بەدەست بێنێ چونکە زەمان دەتوانێ هاوسەنگی بەدی بێنێت.
٣- دام و دەزگاکان ڕەوتی زانیارییەکان پەرە پێدەدەن و کارکی وادەکەن دەوڵەتان باشتر یەکتری بناسن.
٤- دام ودەزگاکان ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان دەستەبەر دەکەن.
روبەرت جێرفس ئەم بیرکردنەوە لیبرالییانەیە وەها دەخاتە بەرچاو کە تێیدا کارایی دام و دەزگا نێودەوڵەتییەکان ئاسەوارێکی باشی دەبێ لەسەر هاوکاریی نێودەوڵەتی.  جێرفس وای لێ تێگەشتووە کە " چەند دام و دەزگا نێودەوڵەتییەکان کاریگەرتر بن، ئەوەندەش هاوکاری گشتگیرتیر دەبێ."
لیبرالیزمی دامزراوەیی نوێ بە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی وا بەستراوەتەوە کە ئەم دوو مەرجە سەرەکییەی تێدا ڕەنگ دەداتەوە:
١- پێویستە بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان دەوڵەتاندا هەبێ کە لەڕێی پرۆسەی هاوکارییەوە بێتە دی.
٢- پێویستە گۆڕان لە پلەی بە دامەزراوکردن (lnstitutions) کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رەفتاری دەوڵەتان هەبێ.
لیبرالیزم ستراکچەری لە تێڕوانیندا زۆر جەخت دەکاتە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی جیهانی . ئەمەش  پشت بە سێ گریمانە دەبەستێ:
١- تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی نیشتیمان و بان نیشتیمان ئەکتەرە بنچینەییەکانی سیاسەتی جیهان پێکدێنن.
٢- هەموو دامەزراوەکان لەوانە دەوڵەت نوێنەری بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی کۆمەڵن  نەک هەمووی.
٣- سروشتی ڕەفتاری دەوڵەت کە ئاستەکانی ململانێ و هاوکاری دیاری دەکات ڕەنگدانەوەی سروشت و ڕووخسار و بژاردەکانی دەوڵەت.
بە پێی ئەم سێ گریمانەیە، دەتوانین سێ ئاراستەی تیۆریکی بۆ شلۆڤەکردنی ململانێ و هاوکاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتان دیاری بکەین کە هەر یەکێکیان پێ لەسەر توخمێکی جیاوازی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت – کۆمەڵگا لەسەر ئاستی نیشتیمان و بان نیشتیمان دادەگرێ. یەکەم جەخت دەکاتە سەر سروشتی پشت بەستنی سۆسیۆ- ئابووری بە یەکتری (لیبرالیزمی بازرگانی).
ئاراستەی دووەم جەخت دەکاتە سەر نوێنەرایەتیی خراپی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان (لیبرالیزمی پەرلەمان) و ئاراستەی سێیەم جەخت دەکاتە سەر ڕادەی هاوجوتبوون و هاوجوتبوونی بەها نیشتیمانییەکان (لیبرالیزمی ئایدیالیستی).
لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی سارددا، لیبرالیزم بەگوڕێکی زۆرەوە هاتەوە مەیدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بۆچوونێکی تازەی دەربارەی ئەوە دەربڕی کە زۆری جەختی  کردۆتە سەر سەرکەوتنی لیبرالیزم لەسەر ئاستی سیستمی سیاسی و زاڵبوون بەسەر ڕکابەرەکانی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. ئەمەش زۆر لە بیروباوەڕی فرانسیس فۆکۆیامادا دەردەکەوێ، بە تایبەتی لە کتێبی " کۆتایی مێژوو و مرۆڤی دوایین" کە نموونەی گیانی بەدەست هێنانی سەرکەوتنە لە کۆتایی شەڕی سارددا و هەر ئەمەش تین و تاوێکی زۆری بەتیۆرییەکە بەخشیوە.
فۆکۆیاما بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "کۆتایی مێژوو" دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێژووی ئەو بیرە سیستماتیکەی تایبەت بە پرنسیپە شەرعییە بەراییەکانی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. بەڵگەکانی فۆکۆیاما لە بنەڕەتدا بەڵگەی پێوانەیین. لە دوماهیی سەدەی بیستەمدا پەیمان بەستنی نێوان دیموکراسیی لیبرال و سەرمایەداری، بەکردەوە و بەشێوەیەکی مەعنەوی، هێزی خۆی بەرامبەر بەهەر سیستەمێکی سیاسی- ئابوریی ئەلتەرناتیڤ ساخ کردەوە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم هاوپەیمانییە پێداویستییە بنچینەییەکانی مرۆڤی دەستەبەر کردووە.
بە شێوەیەکی گشتی، ڕووخسارێکی هەرەوەز ئاسا بەسەر لیبرالیزمدا زاڵە. پێناسەی لیبرالەکان بۆ ئاسایش پشت بەچەند پرنسیپێک دەبەستێ کە چوارچێوەکەیان لە چوارچەوەی پێناسەی ریالیستەکان فراوانترە. لیبرالەکان هیچ خوێندنەوەیەکی  عەسکەرییانەیان بۆ بەرژەوەندییەکان نییە و واتێدەگەن بایەخی مەسەلەکانی  سامان و خۆشگوزەرانی و مەسەلەکانی ژینگە لە بایەخی مەسەلە عەسکەرییەکان کەمتر نییە.
لەم بارەیەوە ستیڤن والت وەهای دەبینێ کە لیبرالیزم لە بواری بەجیهانیکردنی بازاڕە جیهانییەکان و پەیدا بوونی رایەڵەی بان نیشتیمانی و رێکخراوە ناحکومییەکان و بڵاوبوونەوەی خێرایی تەکنەلۆژیای گەردوونی کۆنتاکتەکاندا، دەستەڵاتێکی زۆری هەیە کە ئەمەش هەمووی دەستی هەبووە لە هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتان و وای کردووە کەمتر بایەخ بە مەسەلەکانی ئاسایشی سوپایی بدرێ و زۆرتر بایەخ بە مەسەلەکانی ئابووری و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بدرێ. مەسەلە ناو براوەکان لەم چەرخەدا ئەگەر چی زۆر مەسەلەی بەبایەخ و گرنگن بەڵام لۆجیکی زاڵ بەسەر ئەم مەسەلانەدا زۆر سادە و ساکارە، ئەویش ئەوەیە کەمادامەکێ کۆمەڵگاکان بەڕایەڵەیەکی فراوانی پەیوەستی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە یەکتریەوە بەستراونەتەوە، ئەوا خەرجیی زۆری ڕاماڵینی ئەو پەیوەستانە دەبێتە هۆی ڕێ نەدان بە دەوڵەتان بۆ جموجوڵی تاکڕەوانە، لەوانە بەشێوەیەکی تایبەت، بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی یەکلایەنە.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، وەرگیراوە، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٤
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved