نوسینی: برایان ماگە
وەرگێرانی لە سویدیەوە: عوسمان ڕەشید گورون


وتەیەکی بەناوبانگ  هەیە کە گوایە هەرچی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی هەیە تەنیا پەراوێز نووسینە بۆ نووسینەکانی پلاتۆن، چونکە نووسینەکانی ئەم ئەوەندە بەربڵاون کە هەموو لایەنەکانیان گرتۆتەوە، نەک تەنیا فەلسەفەی ئاکار بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی هەموو لایەنەکان لەو کاتەوە تا ئێستا.
هیچکام لەو فەیلەسوفانەی تا ئێستا باسمان لێوەکردوون هیچ نووسینێکیان پاش خۆیان جێنەهێشتووە کە گەیشتبێتە دەستی ئێمە، هەرچی بە ئێمە گەیشتووە لەڕێگای پەنجە بۆ ڕاکێشان یان وەک نموونە هێنانەوەی بیرەکانیانە لە نووسینی خاوەن بیرانی دوای خۆیان کە ئەو فەیلەسوفانەیان ناسیوە یان ئاگاداری بەرهەمەکانیان بوون. ئەو بەرهەمانەی کە دواتر گومبوون. هەندێ لەو پەنجە بۆ ڕاکێشانە یان ئەو بە نموونە هێنانەوە بەرفراوان و تێروپرە بەڵام هەندێ جاریش کاڵ و کرچ و ناتەواوەو دوای چەند دەست کردنێک گەیشتوون، سوکرات خۆی هیچی نەنووسیوە هەربۆیە هەرچی شتێک ئێمە دەربارەی نووسینەکانی ئەو یان کەسایەتیە زیندووەکەی ئەوەوە دەیزانین سەرچاوەیان نووسینەکانی خەڵکانیترە.
سەرچاوەی سەرەکیمان پلاتۆنە کە یەکێک بووە لە شاگردەکانی. پلاتۆن یەکەم فەیلەسوفی رۆژئاواییە کە نووسراوەکانی ماون و پارێزراون، ئەمیش بەلای زۆر کەسەوە گەورەترین فەیلەسوفە.

سوکراتی پلاتۆن و پلاتۆنی سوکرات
ساڵی ٣٩٩پ.ز کە سوکرات جامە ژەهرەکەی خواردەوە، ئەو کاتە پلاتۆن نزیکەی ٣١ ساڵ بوو، لە هەموو دادگایکردنەکەدا ئامادەبوو، دیارە ئەم ڕووداوە بووە بە مایەی شۆک و نیگەرانیەکی زۆر بۆ ئەم، چونکە بەلای ئەمەوە سوکرات چاکترین و داناترین و دادپەروەرترین مرۆڤ بووە. پاش مەرگی سوکرات، پلاتۆن دەستیکرد بە نووسین و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە کتێبێک لەسەر شێوازی دیالۆگ کە لە هەموویاندا کەسایەتی سەرەکی سوکرات بوو کە پرسیار دەکات دەربارەی بنەماو چمکە سیاسیەکان و بەرپرسیارە زۆرەکانی ئیحراجیان ئەکات. بڕوا وایە کە پلاتۆن لەم نووسینانەیدا دوو مەبەستی هەبووبێت یەکەمیان بۆ زیندووکردنەوەی بیروڕاکانی سوکرات کە بەشێوەیەکی فەرمی قەدەغە کرابوون. دووەم بەرزڕاگرتنی ناوبانگی مامۆستاکەی و ئیسپاتکردنی ئەوەی کە ئەو نەک لاوانی لەخشتە نەبردووە بەڵکو بە پێچەوانەوە گەورەترین یاریدەدەرو فێرکەریان بووە.
توێژەران بەگشتی کۆکن لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ زەمەندا سەرچاوەکانی بیری پلاتۆن لە دیالۆگەکانیدا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. دیالۆگەکانی سەرەتا کەم تا زۆر پۆرترێتێکی ڕاست و ڕەوانی کەسایەتی سوکرات نیشان دەدەن، هەڵبەت بە ڕەچاوکردنی ئازادی هونەرمەند یان ڕۆژنامەنووس ئەو بابەتانەی لەو دیالۆگانەدا باسیان لێوەکراوە هەمان ئەو بابەتانەن کە سوکرات خۆی لە ژیانی خۆیدا گفتوگۆی لەسەر کردوون و پلاتۆن لەوەوە گوێی لێبووە، بەڵام کاتێک پلاتۆن لە نووسینی هەموو بابەتەکانی سەر بە سوکراتی ڕاستەقینە بووەوە، زانی کە کۆمەڵە خوێنەرێکی بێوێنەی هەیە کە هەمیشە برسی خوێندنەوەی نووسینەکانین، هەروەها لەبەرئەوەی ئەم خۆی زۆری تری پێبوو کە بیڵێت ئەوا ئیتر بەردەوام بوو لەسەر نووسینی بیروڕا تایبەتیەکانی خۆی، بەڵام بە هەمان شێوازی پێشوو، وەک دیالۆگ، کە کەسایەتی سەرەکی ئێستاش هەر سوکرات بوو، کەواتە بیروباوەڕی تایبەتی خۆی بەڵام بە گێڕانەوەیان لە دەمی سوکراتەوە کە ئەمەش بە ناچاری کێشەیەکی بۆ توێژەران ناوەتەوە کە ناکرێ بزانرێ تا کوێی دیالۆگەکان بەڕاستی بیروباوەڕی سوکراتن و لەوێشەوە بیروباوەڕی پلاتۆن خۆی دەست پێدەکات. ئەم کێشەیەش لەوانەیە هەرگیز بەتەواوی چارەسەر نەکرێت بەڵام ئەوەش هەیە کە دیالۆگەکانی سەرەتا لەگەڵ ئەوانی دواتردا دەربڕی دوو بیروباوەڕی فەلسەفی جیاوازن واتە ئەوانەی سەرەتاکانمان دەربڕی بیروڕا فەلسەفیەکانی سوکراتن و ئەوانەی دواتریش هی پلاتۆن.
دیالۆگەکانی سەرەتا تەنیا خۆیان لە قەرەی ئەو کێشانە دەدەن کە سەر بە فەلسەفەی مۆڕاڵ و فەلسەفەی سیاسین و توخنی ئەو کێشانە ناکەون کە دەربارەی جیهانی فیزیکین، یەکێ لە قەناعەتە هەرە بەهێزەکانی فەلسەفەی جاران ئەوە بوو کە مۆڕاڵ یەکسانە بە زانست و ئەو زانستەش تەنیا لەڕێگای دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوەدا دەستمان دەکەوێت. کەچی ئەم جۆرە قەناعەتە فەلسەفیانە فەلسەفەی دواتری پلاتۆن ناگرێتەوە. چونکە پلاتۆن خۆی عەشقێکی گەرمی هەبووە بۆ هەموو بوارەکانی فەلسەفە ئەم عەشقەی بۆ زانین دەربارەی جیهانی فیزیکی کەمتر نەبووە لەوەی بۆ کە ئایا چۆن بژین. هەموو لایەنەکانی واقیع بۆتە مایەی سەرنجڕاکێشانی. ناکرێ بە تەنیا بلکێنرێ بە ماتماتیک و فیزیکەوە کە بەلای کە بەلای ئەمەوە کلیلی زانیارین دەربارەی جیهانی دەوروبەرمان. لەسەر دەرگای ئەکادیمیاکەی خۆی ئەم ڕستەیەی هەڵکۆڵیبوو: ئەوانەی لە ماتماتیکدا شارەزانین با نەیەنە ژوورەوە . زۆر لە نووسینەکانی بریتی نین لە دیالۆگ یا گفتوگۆ بەڵکو تەنیا وەک تیۆری بەدرێژی نووسراونەتەوەو جار جارە کەسایەتییەکەی هەر بۆ پرکردنەوەی داناوە، کە جار جارە ئەڵیت بەڵی وایە.. هەر دەبێ وابێ.. جگە لەوەش ئەم دەستبەرداری ئەو فیکرە بووە کە ئاکار بە تەنیا بریتییە لە گەڕان بەدوای زانینی ڕاستیدا .
بەڵام پلاتۆن هەرگیز خۆی لە سوکرات جیانەکردەوە لەڕووی هەڵوێست وەرگرتنەوە سەبارەت بەو بۆچوونەی کە دەڵێت خراپترین شتێک کە بتوانێ تووشی مرۆڤ بێت پەشێوی یان تێکشکانی ڕۆحیەتی. هەربۆیە چاکتر وایە مرۆڤ خۆی تووشی ناڕەوایی بێت وەک لەوەی ناڕەوایی لەگەڵ خەڵکی بکات. هەروەها هیچ جیاوازییەکیش لەگەڵ سوکراتدا نییە لەو خاڵەدا کە دەڵێت مرۆڤ پێویستە خۆی بیر بکاتەوەو هیچ شتێک بە نەگۆڕی وەرنەگرێت و ئامادە بێت بۆ پرسیارکردن دەربارەی هەموو شتێک، ئەم قەناعەتە بوو کە وای کرد پلاتۆن بە تێپەڕبوونی کات بەرەو پێشەوە بڕوات، سەرەتا لە پەرەدان بە بیروڕاکانی سوکرات و دواتریش داڕشتنی بیروڕا تایبەتیەکانی خۆی. کە وەک سوکرات بیربکاتەوە، هەروەک سوکرات خەڵکی فێردەکرد کە بۆخۆیان بیربکەنەوە کە هەرچیەک دەبێت مرۆڤ خۆی بیربکاتەوە بێگوێدانە هیچ مامۆستایەک، ئەمە بۆ پلاتۆن مانای وابوو کە خۆی بیربکاتەوە بێگوێدانە سوکرات. واتە بە سەرپێچیکردن لە سوکرات، پلاتۆن گوێڕایەڵی سوکراتی کردووە.

یەکەمین مامۆستای ئەکادیمی 
دوای مەرگی سوکرات، پلاتۆن نیو سەدەی تر ژیاوە، لە تەمەنی (٨١) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لەم ماوەیەدا نزیکەی دوو دەرزەن کتێبی دیالۆگی نووسیوە کە بە کورتی و درێژییان لەنێوان (٢٠-٣٠٠) لاپەڕەی چاپی ئەم سەردەمەن ، کە لەهەموویان بەناوبانگتر ''کۆمار''ەو Symposion (خوان) کە لێکۆڵینەوەیە دەربارەی سروشتی خۆشەویستی. زۆربەی ئەوانیتر بەناوی ئەو کەسانەوە ناونراون کە لەبەرامبەر سوکراتدا دانراون بۆ دیالۆگەکە وەک فایدون: لاکیس، ئیوتیفرۆن، تییاتیتۆس، پارمندیس، تیمایوس و زۆرتریش. ئەم دیالۆگە شاکاری ئەدەبی جیهانین، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە چاکترین نووسراوی فەلسەفین، ئەوا لە هەمان کاتدا زۆر وەستایانە بەجوانی نووسراون زۆر زمانەوان بەلایانەوە وایە کە ئەمانە جوانترین شاکاری یۆنانین. لە هەمووشیان جوانتر ئەو دیالۆگانەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە دادگاکردن و مردنەکەی سوکراتەوە هەیە، کریتۆن، وتەی بەرگریەکەی سوکرات Apologin و فایدون، وتاری بەرگری سوکرات ئاماژە بەو وتارە دەکات کە سوکرات لە دادگادا خوێندیەوە بۆ هەوڵدان بۆ بەرگری کردن لە چۆنیەتی ژیانی خۆی .
هەروەک پلاتۆن فەیلەسوف بووە بە هەمان شێوە دەبێ وەک هونەرمەندیش تەماشا بکرێ، هەر ئەمیش بوو کە یەکەم نموونەی خوێندنی باڵا (ئەکادیمیا)ی هێنایە ئاراوە کە (ئەکادیمیا) ناوی ئەو خانەیە بوو کە پلاتۆن وانەی بە گەورە ساڵان دەوتەوە هەر لێرەوە کە تا ئێستاش ناوی (ئەکادیمیا) بۆ شوێنی فێرکردن بەکاردێت.
بوونی ئایدیا
پلاتۆن زیاتر بە خاوەنی ئەو تیۆرییە بەناوبانگە ناسراوە کە باس لەشێوە یان ئایدیا دەکات. لێرەدا شێوە یان ئایدیا لای پلاتۆن ئەو مانایە نابەخشێ کە لای کەسانیتر هەیبووە.
لەمەوپێش باسکرا کە کاتێک سوکرات پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا جوانی چییە؟ یان، ئایا ئازایەتی چییە؟ سوکرات مەبەستی لەم پرسیارانە گەڕان نەبووە بە دوای دۆزینەوەی تەعریفی ئەم وشانەدا، بەڵکو عەوداڵی دۆزینەوەی سروشتی ئەو خەسڵەتە ئەبستراکتە بووە لەڕاستیدا بوونی هەبوو بەلای ئەمەوە. بەم خەسڵەتە پابەندی هیچ شوێن و کاتێکی تایبەتی نەبوون. بەڵکو بوونێکی گشتی هەبووە لە دەرەوەی شوێن و کاتدا.
ئەو شتە جوانانەی لەژیانی ڕۆژانەماندا بوونیان هەیەو ئەو رەفتارە ئازاییانەی کە تاکە کەسەکان ئەنجامی دەدەن، هەمیشە کاتین بەڵام ئەوانە بەشێکن لەو جوانی و لەو ئازایەتیەی کە نموونەیی و هەمیشەین و لەناوچوونیان بۆ نییە.
پلاتۆن، ئەم تیۆرییە کە دەربارەی خەسڵەتەکانی مۆڕاڵ و سروشتی بەهایە دەقۆزێتەوەو دەیکات بە تیۆرێکی گشتی کە گشت شتێک بگرێتەوە. هەموو شتێک بێپەڕاندن، بەلای ئەمەوە کاتییە، قابیلی سیس بوون و ئەمانە، هەموو شتێک کۆپی  شتێکیترە کە نموونەی باڵا یان ئایدیاکەی بوونێکی ئەزەلی هەیەو قابیلی فەوتان نیەو بونەکەشی لە دەرەوەی شوێن و زەمان دایە.
بۆ دامەزراندنی ئەم تیۆرییە، پلاتۆن پشت بەو ئەرگۆمێنتانە دەبەستێ کە لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستی کەوتوون، بۆ نموونە لەو بڕوایەدا بووە کە چەند زیاتر لە خوێندنی فیزیکیدا قووڵبێتەوە زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە پەیوەندییە ماتماتیکییەکان لە هەموو بوونە ماتریاڵیەکاندا ئامادەن هەموو گەردوون لە ئامێرێک دەچێ کە بە ڕێک و پێکی دروستکرابن و هارمۆنی تیابێ و هەموو شتێکی بە پێوانە بێت. بەشێوازی دەربڕینی هاوچەرخ ئەتوانین بڵیین کە هاوکێشەی ماتماتیکی ئاماژە بۆ هەموو لایەنەکانی فیزیک دەکەن، وەک فیتاگۆرس، پلاتۆنیش ئەمەی کرد بە بەڵگە بۆ ئەوەی کە بڵی: لەژێر ئەم هەموو فەوزایەی سەر ڕووی زەمین سیستەمێکی نیزام هەیە کە هەمووی نموونەیی و بە حساب و کامیلە ئەم نیزامە بەچاو نابینرێت بەڵکو بە هەست یان بە عەقڵ لێی تێدەگەین، لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە ئەمە هەیە، وجودی هەیە، بریتیە لە حەقیقەتی شاراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم پرۆگرامەی، پلاتۆن کۆمەڵی ماتماتیکناسی سەردەمی خۆی بانگ کرد بۆ ئەکادیمیاکەی و لەژێر چاودێری ئەمدا ماتماتیک لەزۆر ڕووەوە پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینی، ئەو کاتانە ماتماتیک و ئەو زانستانەی کە ئێستا پێیان دەوترێ زانستی سروشتییەکان بەشێک بوون لە فەلسەفە.

پلاتۆن و ئایینی مەسیحی
ئەم ڕێبازە کە لەلایەن پلاتۆنەوە گەشەی سەندو هەموو لایەنەکانی گرتەوە بوو بە مایەی ئەو جۆرە تێگەیشتنەی کە گوایە بوون بەسەر دوو جیهاندا دابەشکراوە. یەکێکیان جیهانی بینراوو هەستپێکراوە، ئەو جیهانەی لەبەردەستماندا خۆی ئاشکرا دەکات کە هیچ شتێک تیایدا وەک خۆی نامێنێتەوە پلاتۆن گوتەنی: هەموو شتێک لەم دنیایەدا هەمیشە بەڕێگاوەیە بۆ ئەوەی ببێ بەشتێکیتر، هیچ شتێک لە هیچ شوێنێکدا بە نەگۆڕی نامێنێ.. ئەم دەستەواژەیە کورتکراوەتەوەو بووە بە (هەموو شتێک ئەبێ ..هیچ شتێک نابێ) هەموو شتێک دێت و بزر دەبێ هیچ شتێک کامل نییە هەموو شتێک سیس دەبێ و لەناو دەچێ، ئەم جیهانە کات و شوێنی هەیە تاکە جیهانێکە کە بە حەواسە مرۆڤایەتیەکانمان دەرکیان پێدەکەین.
بەڵام لەبەرامبەردا جیهانێکیتر هەیە کە بوونی بە کات و شوێنەوە نەبەستراوە کە بە حەواسەکانمان هەستی پێناکەین ئا لەو جیهانەدا رێک و پێکی ڕەها هەیە، ئەو دنیایەی تر بێ زەمەنەو هەرگیز گۆڕانی تیا نییە. ئەم واقیعەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەستی پێبکەین بە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت و بەشێوەیەکی ناتەواو وێنەی ئەو جیهانەی ترمان بۆ دەردەخات بەڵام دەتوانرێ بەوە بوترێ واقیعی ڕاستەقینە چونکە تەنیا ئەو خۆڕاگرەو نابزوێ. هەر ئەوە کە لەگۆڕاندا نیە لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر.
لای پلاتۆن وەک چۆن دوو جیهان هەیە، خەسڵەتی مرۆڤیش دوو بەشە بەشێک لە ئێمە بینراوە بەڵام لە بەرامبەر ئەو بەشەدا بەشێکیتر هەیە کە نابینرێ بەڵام وەک ئێمە بەشێوەیەک لەشێوەکان دەرکی پێدەکەین. ئەو بەشەی کە دەبینرێ لەشمانە کە پێکهاتەی مەتریالییەو یاسا فیزیکییەکانی بەسەردا جێبەجێدەکرێ و لە کات و شوێندا بوونی هەیە، ئەم لەشە فیزیکیەی ئێمە لە دایک دەبێت و دەمرێ، ناتەواوە، هەرگیز ناتوانێ لە دوو چرکەدا وەک خۆی بمێنێتەوە، هەمیشە لە گۆڕاندایە، بەڵام بە ڕوون و ئاشکارایی پرشنگی ئەو بەشەی ئێمە، کە مەتریاڵی نیە، کە لە زەمەندا نیە، کە نەگۆڕە ئەو شتەی دەتوانین ناوی بەرین بە ڕۆح، ئەو ڕۆحە شێوەی نەگۆڕی ئێمەیە، جیهانی بوونی ڕۆح بێزەمان و مەکانە لەو جیهانەدا شێوە یان نموونەی باڵای هەموو ئەو شتانەی لەم دنیایەی ئێمەدایە لەوێ وجودیان هەیە.
ئەو خوێنەرانەی بە تەقالیدی مەسیحی پەروەردە کران لەچوارچێوەی ئەم تێگەیشتنانەدا خۆیان دەناسنەوە هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو قوتابخانە فەلسەفییەی پلاتۆنی لەسەردەمی هێلینی زاڵبووە، کە لەو سەردەمەدا ئایینی مەسیحی هاتە ئاراوەو تیایدا پەرەی سەند. وەسێتنامەکانی سەردەمی نوێش بە زمانی گریکی نوسراونەتەوە، زۆر لە خاوەن فکرەکانی سەرەتاکانی ئایینی مەسیحی بێوچان هەوڵیانداوە بۆ پێکەوەلکاندن و پێکەوە گونجاندنی ئایینەکانیان و فەلسەفەی پلاتۆن. هەربۆیە بیرە گرنگەکانی پلاتۆن لەڕێبازی ئۆرتۆدۆکسی مەسیحیدا جێی خۆیان گرتووە. زەمانێک زۆر بە ئاسایی و بەئاشکرا باس لەوە دەکرا کە گوایە سوکرات و پلاتۆن مەسیحی بوون گەرچی پێش مەسیحیش ژیابوون بەپێی زۆر لە مەسیحیەکان وابووە کە ئەرکی سەرشانی سوکرات و پلاتۆن ڕێ خۆشکەر بووە بەهۆی تیۆری دانانەوە، بۆ چەسپاندنی لایەنە گرنگەکانی ئایینی عیسایی، زۆر لە خاوەن بیرانی سەدەکانی ناوەڕاست عەوداڵی دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئەم ئایینەو ئەو فەلسەفەیە بوون.
هەڵبەتە، ئاشکرایە کە پلاتۆن نە جولەکە بووەو نە عیسایی و سەربەخۆ خۆی گەیشتووە بەو ئەنجامانە، ئەم بە لێکدانەوەی فەلسەفەیی پێیان گەیشتووە بۆ ئەمانەش پێویست بە باوەڕبوون بەخوا یان بەجۆرە ئایینێک ناکات. زۆر خاوەن بیری تریش بایەخیان بە پلاتۆن داوە بێئەوەی خاوەن بڕوایەکی ئایینی بوبن.
پلاتۆن خۆی نموونەی باڵاکان، ئایدیاکانی وەک خوایی یان ئاسمانی سەیرکردوون چونکە ئەو نموونە باڵایانە کامڵ و بێ ناتەواوین، هەروەها وەک فیتاگۆرس بڕوای بە دۆنا دۆن هەبووە، لەگەڵ ئەوانەشدا کاریگەری زیاتری فەلسەفەی پلاتۆن لەسەر ئەو فەیلەسوفانە بووە کە لە هیچ کام لەم بڕوایانەوە دوای نەکەوتون هەندێکیش لەوان هەر تەواو بێبڕوای ئایینی بوون.

پلاتۆن و هەڵوێستی دژە هونەر
بەلای پلاتۆنەوە ئامانجی هەرە گرنگی ژیانی مرۆڤی ئاقڵ ئەوەیە بە ناخی شتەکاندا ڕۆبچێتە خوارەوەو بگاتە ئاستی ڕاستەقینەی تەواو، ئەمە وەک جۆرە سۆفیگەریەکی هۆشیارانەیە چونکە پێویستە بەڕێگای دەلیلی عەقڵییەوە بگەینە تێگەیشتن لە جیهانی ئایدیاکان کە ئەوێ مەڵبەندی رۆحەو لەوێدا رۆح بە نەمری و بۆ هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، بەم مانایە ئەوە دەگەیەنێ کە ڕاهێنان بکرێ لەسەر مردن یان خۆ ئامادەکردن بۆ مردن هەروەک سوکرات لە دیالۆگی فایدۆندا دەڵێت ئەمە مەبەستی فەلسەفەیە. بۆ ئەم مەبەستەش زۆر زۆر پێویستە مرۆڤ ئەو شتانە لە جیهانی هەستەکاندا بناسێت کە کاتین و قابیلی نەمانن و خۆی لە داویان ڕزگار بکات، ئەم داواکاریە وا دەکات کە پلاتۆن هەڵوێستی دژ بە هونەر بێت، بەلای ئەمەوە هونەر خۆی لەخۆیدا لاسایکردنەوەیەو بۆ خەڵەتاندنی هەستەکانە، چەند هونەرەکە جوانتربێ هێزی لە خشتەبردنەکەی زیاتر دەبێت، خۆیان لاسایی کردنەوەی ئەو شتانەن کە لە بنەڕەتدا نموونە یان سێبەری نموونە باڵاکانن. کارە هونەرییەکان نرخ و بایەخ بۆ ئەو شتە کاتیانە دادەنێن کە خۆیان بەرەو سیس بوون و مردن دەچن و هەست و سەرنجمان بەرەو ئەو شتانەی ناو ئەم جیهانە ڕادەکێشن و دوورمان دەخەنەوە لە ئەرکە سەرەکییەکەمان کە ئەویش ئەوەیە بە تەواوی خۆمان لە ئاستی شتە مەتریالییەکان بەرز ڕاگرین و خۆمان لەو جیهانە بێزەمەن و ڕاستەقینەیە نزیک بکەینەوە، کەواتە کاری هونەری مەترسیەکە بۆسەر ڕۆح.
لە کۆمەڵگایەکی نموونەییدا هونەر قەدەغە دەکرێت، ئەم بۆچوونەی پلاتۆن هێزو گوڕی دابوە ئەوانەی کە دژی هونەرن یان دەیانەوێ هونەر بکەن.
بەلای پلاتۆنەوە مرۆڤ لەسێ بەشی دژ بەیەک پێکهاتووە، هەست، عەقڵ، ئیرادە، گرنگە کە عەقڵ دەسەڵاتی هەبێ و بەهۆی ئیرادەوە هەستەکان ئاراستە بکات، هەمان ئەو بۆچوونەی کە بۆ مرۆڤ هەیبووە فراوانتری دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە کۆمەڵگا نموونەییەکەی پلاتۆندا چینێکی مام ناوەندی لە پۆلیس کە ئەم ناویان دەنێت گاردەکان لەژێر چاودێری چینێکی بەرزی هوشیاردا (فەیلەسوفەکان) میللەت بەڕێوە دەبەن، ئەم شێوە سیستەمە ئیدارییە لەوەناچێ جیاوازییەکی وای هەبێ لەگەڵ شێوازی حوکمە کۆمۆنیستییەکانی  ساڵانی سەدەی بیست. لەڕاستیدا بۆچوونە سیاسییەکانی پلاتۆن چەندەها سەدە کاریگەری گەورەیان هەبووە بە تایبەتی لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا جا چ چەپرەو بووبن یان ڕاستڕەوی سەدەی بیستەم.

شاگردە لێهاتووەکان  
نووسینەکانی پلاتۆن و ئەو فەلسەفەیەی بەهۆی کاریگەرێتی ئەوەوە پەرەی سەند دەوروبەری شەش حەوت سەدە باڵی کێشابوو بەسەر بواری فەلسەفەیی لە ئەوروپادا، واتە تا ئەو کاتانەی ئایینی عیسایی توانی شان لەشانی ئەم فەلسەفەیە بدات و بەهێزتریش بێت.
یەکێ لە شاگردە هەر لێهاتووەکانی پلاتۆن، ئەرستۆتالیس بوو کە نووسینەکانی ئەوەندە گرنگن دەبێت بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان بکەین.  ئەرستۆتالیس بناغەی ڕێبازێکی فەلسەفی دامەزراند کە جیاوازە لەوەی پلاتۆن و هەندێ جاریش دژ بەیەک و ناکۆکن. زۆر جاریش ئەرستۆتالیس لە نووسینەکانیدا وەک ئاماژەکردن بۆ شاگردەکانی پلاتۆن وشەی (ئێمە) بەکاردەهێنێت. جگە لە ئەرستۆتالیس فەیلەسوفێکی تری بەناوبانگ کە لەژێر کاریگەرێتی ڕاستەوخۆی فەلسەفەی پلاتۆندا هاتە کایەوە، بەڵام دوای چەند سەدەیەک واتە لەو کاتانەدا کە فەلسەفەی پلاتۆن خەریکبوو جێ چۆڵ بکات بۆ ئایینی عیسایی، ئەم فەیلەسوفەش پلوتینوس (ئەفلوتین) بوو کە ساڵی ٢٠٤ی زاینی لەدایکبووەو ساڵی ٢٦٩ز کۆچی کردووە.
هەرچەند پلوتینوس میسرییەکی بەڕەچەڵەک ڕۆمانی بووە، بەڵام بەگریکی نووسیویەتی و دەکرێ دابنرێ بەدوا کەڵە فەیلەسوفی گریکی، واتە: دوا فەیلەسوف لەو ریزە فەیلەسوفەی کە لە تالیسی ٥٠٠ساڵ پ.ز وە دەستی پێکردبوو، نەک هەر ئەوە بەڵکو دوا کەڵە فەیلەسوفی سەردەمی کۆنە، ئەم پەرەیدا بە لایەنی سۆفیگەرێتی لە فەلسەفەی پلاتۆنداو فەلسەفەکەشی ناسراوە بە پلاتۆنیزمی نوێ. پلوتینوس لەسەر دینی مەسیحی نەبووەو هەرگیز لە نووسینەکانیدا ناوی ئەم ئاینەی نەهێناوە بەڵام وەک فەیلەسوف زۆر بە ئاشکرایی نزیکە لەو دوو فەیلەسوفەی لە هەزار ساڵی دواتردا پەیدابوون کە ئەوانیش ئۆگۆستنیس و تۆما ئەکوینی بوون. کاریگەرێتی پلوتینوس بۆسەر ئایینی عیسایی زۆر زۆر بووە، نووسەری مەسیحی بەناوبانگی سەدەی بیستەم Dean inge لەباسی ئەوا وتویەتی کەڵە خاوەن فیکرێکە کە لە هەموو داهاتوودا وەک مامۆستاو ڕابەری هەموو فەلسەفەی کلاسیکی سۆفیگەری تەماشای بکەین، هیچ سۆفیزمێکیتر  ناتوانێ لەڕووی هێزو تواناو زیرەکی و قوڵی بۆچوونە ڕۆحیەکانەوە شان بدات لە شانی.

فەیلەسوف – سۆفی
لە هەموو نووسراوەکانی پێشووتر، جگە لەوانەی پلۆتۆن خۆی، نووسینەکانی پلوتینوس جێگایەکی ناوەندی و گرنگیان بەخشی بە فەلسەفەی پلاتۆن لەناو پرۆسەی بەرەوپێشەوە بردنی لایەنی هوشیاری ئایینی مەسیحیدا، بەلای (پلوتینوس)ەوە لەبەرئەوەی لە فەلسەفەی پلاتۆندا ڕاستەقینەی بنەڕەتی بریتی بووە لە شێوە ئایدیاییەکان ئەوا هەر ئەمانە بوونی ڕۆحی ڕاستەقینەیان هەبووە، هەرشتێکیش کە دروست دەکرێت، دەبێ بیری لێکرابێتەوە، بەلای ئەمەوە بوونی ڕاستەقینە سێ ئاستی هەیە نزمترین ئاست ئەوەیە کە مرۆڤی تیایە، ئاستی دووەم ئەوەیە کە توانای تێگەیشتنی شێوە ئایدیاییەکانی تێدایە واتە ئاستی ئەقڵ بەرزترین ئاستیش ئاستی چاکە، مرۆڤە چاکەکان هەوڵ دەدەن خۆیان بەرەو ئاستی چاکە بەرز بکەنەوە، مەسیحیەکان ئەم بۆچوونانەیان لەگەڵ بڕواکانی خۆیاندا گونجاند، بەو واتایەی کە جیهان لە ئەقڵی خوادا ئافەریدە کراوە و مرۆڤیش لە هەوڵدایە بۆ یەکگرتن لەگەڵ خوادا کە ئەو چاکەی پەتی و ڕەهایە .

شێوەی ئەشکەوت
یەکێ لە شاکارە هەر بەناوبانگەکانی پلاتۆن بریتییە لە بەشێک لە کتێبی (دەوڵەت) یان (کۆمار)دا هاتووە، ئەو بەشە بەشێوە ئەشکەوت ناسراوە، لێرەدا پلاتۆن بەشێوەیەکی ڕەمزی باس لە مرۆڤ دەکات بەتایبەتی دەربارەی زانیارییەکانی مرۆڤ بەنیسبەت بوونی ڕاستەقینەوە بەشێوەیەکی گشتی.
پلاتۆن دەڵێت: ئەوە بهێنە بەرچاوی خۆت کە ئەشکەوتێکی گەورە لەدەرەوەی ئەم جیهانەی ئێمەدا بێت و بە تونێلێکی درێژ بە یەکەوە بەسترابن، کە درێژی ئەم تونێلە ڕێگا نەدات هیچ ڕووناکیەک لە جیهانەوە بگاتە ئەو ئەشکەوتە. کۆمەڵێ زیندانی بکرێتە دیواری ناوەوەی ئەشکەوتەکەو پشتیان لە دەرگاکەی بێت، نەک تەنیا دەست و قاچیان کۆت کرابێ، بەڵکو ملیشیان وا بەسترابێت کە توانای ئاوڕدانەوە یا سەر لەقاندنیان نەبێت یان توانای یەکتر بینینیان نەبێ. توانای بینینی خۆشیان نەبێت، بە تەنیا چاویان لە دیوارەکەی بەرامبەر خۆیان بێت. هەموو ژیانیشیان هەر بەم شێوەیە بووبێت و دەربارەی هیچ شتێکی تریش زانیاریان نەبێت. لەپشت ئەمانەوە ڕووناکی ئاگرێک هەبێت لەنێوان ئەمان و ئاگرەکەدا، بەبێ زانیاری ئەمان دیوارێک هەبێ کە بەرزی باڵای پیاو بێت. لەودیو دیوارەکەوە خەڵک هاتوچۆ بکەن و شتی جۆراوجۆریان لەسەر سەریان دانابێ، سێبەری ئەو شتانە بەهۆی ڕووناکی ئاگرەکەوە دەکەوێتە سەر ئەو دیوارەی کە لە بەرامبەر زیندانیەکاندایەو ئەمان دەیان بینن.. دەنگی ئەو کەسانەش کە شتەکانیان هەڵگرتووە دەیدات بە دیوارەکەداو دەنگدانەوەکەی دەگاتە گوێی زیندانیەکان کە ئەوەش تەنیا دەنگە ئەمان لە هەموو ژیانیاندا  بیستبێتیان. دیارە ئەم تارماییانەو ئەم دەنگدانەوەیە بەلای ئەوانەوە سروشتی دەبێت و بۆ ئەوان ئەبێ بە حەقیقەت و هەموو قسەو باسێکیان لەسەر ئەو (حەقیقەتە) دەبێت.
ئەگەر یەکێ لەو زیندانیانە بتوانێ کۆت و پێوەندەکەی بپسێنێ ئەوا لەبەرئەوەی هەموو تەمەنی بەو شێوەیە بەسەر بردووە، جوڵانەوەو هەستان و ئاوڕدانەوەی ئازارێکی زۆری پێدەگەیەنێت و تیشکی ئاگرە راستەقینەکە هێز لە چاوی دەبڕێت و هەست بە گێژی دەکات و دەیەوێت بچێتەوە دۆخی جارانی خۆی بۆ چاوبڕینە دیوارەکەو سێبەرەکانی سەر دیوارەکە کە ئەو تا ئێستا بە حەقیقەتی زانیون، ئەوا ئەگەر بە تەواوی لە ئەشکەوتەکە دەربهێنرێ و چاوی بە ڕۆژی ڕووناک بکەوێ زیاتر چاوی تووشی ئازار دەبێ و زۆر زیاتریش گێژ دەبێت، کاتێکی درێژی ئەوێت بۆ بینین و تێگەیشتن.
ئەو کاتەش کە خۆی ڕاهێناو لەشتەکان تێگەیشت، گەر ببرێتەوە بۆ ناو ئەشکەوتە تاریکەکە بۆلای هاوڕێکانی ئەوا بە زەحمەت لەو تاریکاییەدا دەتوانێ شت ببینێ گەر ئەو شتانەی ئەم لە دەرەوە بینیویەتی بۆ ئەو هاوڕێیانەی بگێڕێتەوە هیچیان لێی تێناگەن چونکە زمانی ئەوان تەنیا باسی تارمایی و سێبەرو دەنگدانەوەی تیایە.
بۆ تێگەیشتن لەم نموونەی ئەشکەوتە پێویستە مرۆڤ خۆی بخاتە جێی ئەو زیندانیانە. کە ئێمەی مرۆڤ لە لەشی خۆماندا زیندانین و لەگەڵ هاوڕێ مرۆڤەکانماندا کە لەهەمان حاڵەتی ئێمەدان و هەر ئەوانیش ئەناسین و کەسمان ناتوانین ڕاستەقینەی (من)ی یەکتر یان تەنانەت هی خۆشمان بناسین. ئێمە بە ڕاستەوخۆ حەقیقەت ناناسین ئەوەی دەیزانین تەنیا دەرک بەو شتانە دەکەین کە لەوەعی خۆماندا هەیە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved