نوسینی: برایان ماگە
وەرگێرانی لە سویدیەوە: عوسمان ڕەشید گورون


خستنە بەرپرسیاری ئەو بنەمایانەی ئێمە بە سادەو ئاسانیان دادەنێین بۆ زۆربەی ئێمە، ژیانی ڕۆژانەمان پڕە لەوشتانەی کەپێیانەوە خەریک وسەرقاڵین.بەڵام جارجارە، واڕێک دەکەوێت کە خۆمان لەو هەموو سەرقاڵیە دەدزینەوە،هەڵوێستەیەک دەکەین و دەشێ پرسیاری واسەرەتایی لەخۆمان بکەین کەلەکاتەئاساییەکاندا گرنگییان پێنادەین. دەلوێ ئەم کارە هەر بوارێک لەبوارەکانی ژیانبگرێتەوە. بۆ نموونە لەسیاسەتدا هەمیشە مرۆڤ خەریکی ئەمدیوو ئەودیوکردنی دەستەواژەی وەک (ئازادی) و (یەکسانی) و (عەدالەتی کۆمەڵایەتی)ن. بەڵام جارجارکەسانی وا دەرئەکەون کەئەپرسن. ئەرێ، باشە بەڕاست مەبەستمان لەئازادی چییە؟ ئەی مەبەستمان لەیەکسانی چییە؟ پرسیارێکی وا ڕەنگە ببێتە مایەیڕووبەڕووبونەوەو ئاڵۆزی. لەوانەیە خاوەن پرسیارەکە بڵێ: ئاشکرایە کە ئازادی و یەکسانی دژبەیەک دەوەستن. ئەگەر ئێمە هەموو ئازادبین، چۆنمان ئەوێ وابژین، ئایاناکەوینە ناو کۆمەڵێ باری جیاوازو نایەکسانەوە؟ بۆ چارەسەری ئەمەش، ئایا پێویستیمان بە دەست تێوەردانی حکومەت نییە؟ کەواتە، ناتوانین لەهەمان کاتدا،ئێمە هەم ئازادبین وهەم یەکسان. لێرەدا، جۆرە ناکۆکییەک هەیە. ئالێرەوە، کە مرۆڤ دەستدەکات بەم شێوە قسەکردنە، دەستدەکرێ بە بیرکردنەوەی فەلسەفی. لەم حاڵەتەی سەرەوەدا دووچاری بەشێکی فەلسەفی بووین، کەپێی دەوترێ، فەلسەفەی سیاسی. یاسا ئاسان باس لەدادپەروەری دەکەن. دادگایی کردنی بێلایەن. تاوان و بێتاوان.  
بەڵام ئەگەر یەکێک لەوان بڵێ، کە ئێمە باسی دادپەروەری دەکەین، ئایا وەک سیاسییەکان یەک مەبەستمان هەیە کە ئەوانیش باسی دادپەروەری دەکەن؟ ئایا باس لەشتێکی جیاواز دەکەین؟ ئالێرەوە ئەو یاسا ناسانە باس لەفەلسەفەی داد دەکەن. پزیشکێک کە پرسیار لەخۆی دەکات، ئایا تەندروستی ڕەها هەیە؟ ئەگەر نییە، مەبەستمان لەچارەسەر چییە؟ ئەوا ئەم باس لەفەلسەفەی دەرمانگەری دەکات. لەبواری هەموو پیشەکاندا جۆرە فەلسەفەیەک هەیە کە لەپرسیارکردن لەبنەماکانی تێگەیشتن و پرەنسیپ و میتۆدەکانەوە، سەرهەڵئەدەن. لەبەر ئەوە فەلسەفەی زانستی و فەلسەفەی ئاینی وفەلسەفەی هونەر.....هتد، هەیە. کە هەندێ لەپێشەنگەکانی ئەو بوارانە،لەزۆربەی کاتەکاندا، مەیلی ئەو بەشانەی فەلسەفەیان هەیە. گرنگە تێبگەین کە کاتێ ئەو فەیلەسوفە سیاسییە، ئەپرسێ (ئازادی چییە؟) مەبەستی تەنیا پێناسەکردنی وشەکە نییە. ئەگەر وابوایە، تەنیا پێویستی بەکردنەوەی فەهەنگێکی وشە دەبوو. ئەم مەسەلەیە، زۆر لەپێناسەکردن زیاترە. ئەم بە دوای تێگەیشتنێکی قووڵتردا دەگەڕێ بۆ ئەم دەستەواژەیە. کە ئایە چۆن،لەهەقیقەتدا، لەناو بیر و ژیانی ئێمەدا کاردەکات و کاریگەری هەیە؟ بە چ جۆر و شێوازێکی تریش دەتوانرێ بەکاربهێنرێ؟ لێکۆلینەوە لەومەرتسیانەی لەکاتی بەکارهێنانیاندا دوچارمان دەبنەوە، یان چۆنیەتی پەیوەندییان لەگەڵ دەستەواژە سیاسییە گرنگەکانی تردا. بۆ نموونە لەگەڵ (یەکسانی). ئەم فەیلەسوفە سیاسییە هەوڵ دەدات لەو پرسیارانەدا کە بەلای خۆیەوە گرنگە و بۆ ئێمەش بایاخی گەورەی پراکتیکی هەیە و لەهەمان کاتیشدا پڕە لەکێشە، بگاتە دیارکردنی ڕوون و ئاشکرا.
ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ دەستەواژەکان. ئەگەر زۆر سەرنج ڕاکێشیش بێت، ئەوا تەنیا توێژاڵی فەلسەفەیە. فەیلەسوفە گەورەکان زۆر لەوە قووڵتر رۆچونەتە ناوەوە و لایەنەکانی بنەمای بنەڕەتیەکانی ژیان و شارەزایمانیان داوەتە بەر پرسیار. ئێمەی مرۆڤ کەوتوینەتە جیهانێکەوە کە هیچ ئیختیار، یان دەسەڵاتی خۆمانی تیا نەبووە. کە لەبارە هەرە ئاشکراو بنەڕەتییکەیدا، لەچوارچێوەی شوێن و کاتدا خۆی دەنوێنێ. سێ ڕەهەندی شوێنی و یەک ڕەهەندی کاتی، کە لێرەدا، ژمارەیەکی زۆر شتی جۆر بە جۆری ماتریاڵی هەیە، کە بەشێک لەوانە، ئێمەی مرۆڤین. فەیلەسوفەکان پرسیاری لەم جۆرانەیان کردووە: کات چییە؟ ئایە هەموو بونێکی ڕاستەقینە، بە ئێمەی مرۆڤیشەوە هەر ماتریاڵە؟ ئەشێ هیچی تر نەبێت؟ ئایا شتێک کە ماتریاڵ نەبێ، ئەتوانێ بوونی ڕاستەقینەی هەبێت؟ لەم حاڵەتەدا ئەم جۆرە بوونە چ خەسڵەتێکی هەیە؟  ئەمان کە ئەم جۆرە پرسیارانە دەوروژێنن، هەوڵی ئەوە نادەن کە تەنیا بگەنە تێگەیشتنێک قووڵتر بۆ یەکێ یان چەند دەستەواژەیەک. ئەمان عەوداڵی تێگەیشتنێکی بنەڕەتین بۆ هەموو بوون. کە بوونی خۆشمان دەگرێتەوە، لەم کۆششەدا، بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکان، وەڵامی باوەڕی ئایینییمان بۆ ناهێنن و پەنا نابەنە بەر قسەی دەسەڵاتداران.  وەک تاک، دەشێ ئەمان وەک تاکە کەس، باوەڕی ئایینی خۆیان هەبێ، کە زۆربەی فەیلەسوفە گەورەکان هەیانبووە. بەڵام هەموویان نا. وەک فەیلەسوفی باش، ئەمان هەوڵیان نەداوە باوەڕی ئایینی بکەن بە پاڵپشت بۆ ئەرگومێنتە فەلسەفەییەکانیان. ئەرگومێنتی فەلسەفیی ئەوەیە کە پشت بە سەرچاوە عەقڵییەکان ببەستێ، کە لەگەڵ بنەما واقیعییکاندا بگۆنجێ. نەک لەگەڵ باوەڕ یان گوێڕایەڵی. فەیلەسوفەکان هەوڵدەدەن بزانن تا چ ڕادەیەک دەتوانن تەنیا پشت بە عەقڵ ببەستن. لەبەر ئەوەی فەلسەفە بە دوای زۆرترین تێگەیشتنی واقیعیانەدا دەگەڕێ. پرسیاری گرنگ دەکات دەربارەی سروشت و لەوێشەوە دەربارەی توێژینەوە و زانست. چۆن ڕەفتار بکەین بۆ دۆزینەوەی وەڵام بۆ ئەو هەموو پرسیارانەمان. ئایا هیچ کاتێک، لەواقیعدا، دەتوانین شتێکی گرنگ لەبارەی شتێکەوە بزانین و لەزانینەکەمان دڵنیابین؟ لەم حاڵەتەدا دەربارای چی؟ ئەگەر لەڕاستیشدا، شتێک بزانین، چۆن دڵنیابین کە ئەزانین؟. بە وشەیەکی تر، ئایا هیچ کاتێک ئەتوانین دڵنیابین کە لە ڕاستەقینەدا ئێمە شت دەزانین؟. ئەم جۆرە پرسیارانە شوێنی سەرەکی و ناوەندیان لە فەلسەفە گرتووە. پرسیاری بەردەوام دەربارەی جیهانی دەوروپشتی خۆمان.

فەیلەسوفەکان پرسیار دەکەن دەربارەی زانیاری و شارەزایی مرۆڤ و سروشتی زانست. لە سادەترین شوێنی بنەڕەتی فەلسەفەدا، فەلسەفە وا گەشەی کردووە کە دوو پرسیاری سەرەکی، ناوەڕۆکەکەی پێکدێنێ. یەکەمیان: ئایا سروشتی هەموو شتێک کە بوونی هەیە، چییە؟ دووەمیان: ئایا ئێمە چۆن دەتوانین زانیاری بە دەست بهێنین؟ ئەوا ئەگەر، ئێستا، ئێمە بزانین زانیاری بوونی هەیە، سرووشتی ئەم بوونە چییە؟ ئەو لقەی کە فەلسەفە پێکدێنێ کە ناو دەبرێ بە ئۆنتۆلۆجی. لێکۆڵینەوەیش لەپرسیارەکەی تر، ئایا سروشتی زانست چییە و ئێمە توانای چیمان هەیە؟ ئایا دەتوانین ئێستا هیچ بزانین؟ ناو دەبرێ بە ئەپستمۆلۆجی. یان تیوری زانین. ئەم دوو جۆرە لێکۆڵینەوەیە و هەموو ئەو پرسیارە وردانەی تر، کە لەدەوری ئەم دوو پرسیارە کۆدەبنەوەو کە تائێستا بە درێژایی سەدان ساڵ پەرەیان سەندووە، بەشی سەرەکی مێژووی فەلسەفە پێکدێنن، کە هەموو لقە گرنگەکان دەگرێتە خۆی، وەک فەلسەفەی ئاکار، فەلسەفەی سیاسی، تیوری زانستی، ئیستانیک و فەلسەفەی ئایینی. هەموو ئەمانە لەفەلسەفەدا شوێنی خۆیان هەیە بە گشتی. بەڵام پرسیار دەربارەی چی بوونی هەیە؟ چۆن دەتوانین زانیاری بە دەست بهێنین؟ بە شێوەیەکی لۆژیکی دەخرێتە پێش پرسیارەکەنی لقەکانی تری فەلسەفەوە. دەشێ هیچ کاتێک وەڵامی پرسیارە گرنگەکانمان چنگ نەکەوێ. بەڵام ئەوە شتێک نییە کە لەسەرەتاوە، یان پێش وەخت بیزانین. بۆیە پێویستمان بە کارکردنە لەسەر ئەو هەموو گرفتانەی سەرنجمان ڕائەکێشن. ئەگەر بە چاکی گەشتینە ئەو باوەڕەی کە ناگەینە هیچ وەڵامێک بۆ پرسیارێکی دیاروکراو، ئەبێ خۆمان لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بگونجێنین. وەک هەموو دەرئەنجامێکی تری فەلسەفی. بۆ ئەم ئەنجامەش ئەبێ هۆی باش و تەواومان هەبێ تا بگەینە ئەم باوەڕە. ئێمە ئامەدەنین، هەر بە تەخمین، یان وەک بیروڕایەک، یان هەر لەبەر ئەوەی بە هەستی خۆمان پێمان وایە. دەست بەرداری ئەو پرسیارانە بین، ئێمە ئەمانەوێ بزانین بۆچی ئەبێ بڕوا بکەین، کە ئەوە حەقیقەتە.
کارکردن بۆ دۆزینەوەی بنەما عەقڵییەکان، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە. بۆ نموونە، ئەمە چ لە ئایین و چ لەهونەریشی جیا دەکاتەوە. هەندێ جار لەئاییندا، پەنجە ڕادەکێشرێ بۆ دەلیلی عەقڵی. بەڵام باوەڕ و وەحی بۆ هاتن و تەقالید و  گوێڕایەڵیش دەوری گرنگ دەگێڕن. دەلیلە عەقلییەکان هەرگیز ناتوانن بە درێژایی ڕێگا بڕ بکەن. هەروەها هونەرمەندی داهێنەریش وەک فەیلەسوفی عەوداڵی گەڕانە بە دوای ڕاستیدا. ئەویش لە هەوڵداندایە بۆ بینینی ژێر ڕواڵەتی شتەکان و ئەیەوێت تێگەیشتنێکی قووڵتری هەبێ بۆ بوونی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەو، تێڕوانینەکانی خۆی لەشێوەیەکی تردا، پێشکەش دەکات، کە جیاوازە لەهی فەیلەسوف. شێوازێک کە پشتی بەستووە بە زانیاری وەرگرتنی ڕاستەوخۆ و هەستەوە، نەک بە ئەرگومێنتی واقیعی. هێڵێکی جیاوازی تری فەلسەفە و زانستە سروشتیەکان ئەوەیە کە وەک فەیلەسوف و هونەرمەندە داهێنەرەکە، زانایانی زانستە سروشتیەکانیش سەرقاڵی گەڕانن بەدوای حەقیقەتدا. ئەوانیش لەهەوڵداندان بە دوای دۆزینەوەی نوێدا سەبارەت بە دەوروپشتمان و چۆنیەتی ژیانمان لەناو ئەو دەوروبەرەدا. ئەمانیش هەوڵدەدەن کە دۆزینەوەکەیان بە شێوەیەک بگونجێنن کە بتوانرێ ئەنجامەکەی بڵاوبکرێتەوە. ئەمانیش وەک فەیلەسوفەکان، زۆر بەلایەنەوە گرنگە، بە شێوەیەکی واقیعی هەموو بیروڕاکانی خۆیان داڕێژن. جیاوازی سەرەکی نێوان ئەمان و فەیلەسوف ئەوەیە کە زانایانی زانستی سروشتی، سەرقاڵی ئەو پرسیارانەن کە دەتوانرێ لە تاقیکەدا یان بە چاودێریکردن، چارەسەر بکرێ. هیچ تاقیگە و هیچ چاودێریەکیش ناتوانێ بمانگەیەنێتە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کات سەرەتای هەبووە یان نا؟ یان، ئایا دادپەروەری چییە؟ ئەم جۆرە پرسیارانە کە دەکرێت بخرێتە بەردەم شیکردنەوەی عەقڵی، بەڵام بۆ ڕێبازەکانی زانستی سروشتی ناگونجێن، ئەو پرس و کێشە نموونەییانەن کە تەرخان کراون بۆ فەیلەسوفەکان.

گرنگە بزانین فەیلەسوف و زانست و هونەر دژ بە یەک نین و خاڵی هاوباشیان لەو خاڵانا زیاترە کە لەیەکەم ساتەوە خۆیان دەنوێنن. هەر وەک ئاشکرایە، لە ڕاستیدا زانستە سروشتییەکان لەفەلسەفەوە سەریان هەڵداوە. هەمان جیهانە، فەلسەفە و زانست و هونەر هەوڵی توێژینەوەی دەدەن. هەرسێکییان بە دوای دۆزینەوەی نهێنی بوونی جیهان و بوونی تایبەتی خۆمان، وەک مرۆڤ دەگەڕێن و هەوڵدەدەن بگەن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆیان. هەرسێکییان بەردەوام کاریگەریەتی و ڕەخنە بەکاردەهێنن.
هەرسێکییان سەرئەنجامی کارەکانی خۆیان ڕادەگەیێنن تا ئەوانی تر، هاوبەشییان بکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمان میتۆدی جۆراوجۆر و ڕێگای جیاواز دەگرنە بەر،دەشێ هەندێ جار ئەو سەرئەنجامەی بانگەشەی بۆ ئەکەن، پلەی جیاوازی هەبێ. هەر هەموویان ئامانجێکی هاوبەشییان هەیە، واتا توێژینەوە لە زانیاری مرۆڤ و شارەزاییەکانی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نهێنییە شاراوەکان و ئۆرگانیزەکردنی ئەو شتانەی دۆزیویانەتەوە لەشێوەی ڕێک و پێک و بەردەستدا. ئەمان یەکتری دەوڵەمەند دەکەن. مرۆڤێکی فرەلایەن بە شێوەیەکی سروشتی ئارەزوی بۆ هەموویان دەبێت، ئێمە باسی مێژووی یەکێک لەوان دەکەین کەئەویش فەلسەفەیە. هەروەک زانست و هونەر، فەلسەفەش یەکێکە لەو بەشە هەرە سەرنج ڕاکێش و پڕبایەخانەی شارستانیەت بە بەرهەمی هێناون و هەروەک ئەو دوانەی تر، زانست وهونەر باوەڕ وایە کە فەلسەفەش، واتە هەرسێکیان داهاتویان لەڕابوردویان دەوڵەمەندتربێت. گرێکییەکان و جیهانەکەیان فەلسەفە، لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤ دەیەوێت لە دنیا تێبگات، نەک بەهۆی ئایین و بیروڕای باوەوە، بەڵکو بە پشت بەستن  بە بەکارهێنانی عەقڵ. بڕوا وایە کە ئەمە یەکەمجارە لەناو گرێکییە دێرینەکاندا ڕویدابێت، لەساڵانی ٥٠٠ و ٤٠٠ و ٣٠٠ی  پ. ز.
پرسیاری یەکەمیان بریتی بووە لە: دنیا لەچی پێکهاتووە؟ چی بەردەوامی ئەدات بەجیهان؟. دوای ئەوان، سوکرات هات. ناودارترین فەیلەسوفی گریکی. ئەم وتی گرنگترین کێشە ئەوەیە بزانینن چۆن بژین؟ پرسیاری بنەڕتی لەفەلسەفەکەی ئەمدا بریتییە لە: ئایا دادپەروەری چییە؟ پلاتۆن ی قوتابی ئەم، یەکەم فەیلەسوفی ڕۆژئاواییە کە نوسراوەکانی ماونەتەوە و پارێزراون و ئێستاش لەسەرانسەری جیهاندا، دەخوێنرێن. هەروەها ئەرستۆتالیسی قوتابی پلاتۆنیش بلیمەتێکی وەک ئەوان بووە.  

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved