ئەم کتێبە لە نوسینی ( عەلی ئەکبەر مێهرئارا، محەمەد عەباس زادەگان، عەلی فروز فەر)ە، (قادر وریا) وەرگێڕانی بۆ کردووە لە فارسییەوە ، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیرو هۆشیاری (ی.ن.ک)، ساڵی2006 چاپ کراوە.
لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت بەشی یەکەم بەش کراوە بۆ شەش فەسڵ ، بەشی دووەم باس لە مێژووی قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن دەکات، لێرەدا بە کورتی هەریەک لە بەشەکانی ئەناسێنین.
بەشی یەکەم : مێژووی پەروەردەو فێرکردن
دانەر: عەلی ئەکبەر مێهرئارا
فەسڵی یەکەم: رەوتی گەشەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ
فەسڵی دووەم: گرنگی مێژووی پەروەردەو فێرکردن
فەسڵی سێیەم: پەروەردەو فێرکردن لە یۆنانی کۆن دا
فەسڵی چوارەم: پەروەردەو فێرکردن لە رۆمی کۆن دا
فەسڵی پێنجەم: پەروەردەو فێرکردن لە سەدەکانی نێوەڕاست دا
فەسڵی شەشەم: سەردەمی رێنێسانس
بەم هۆیەوە کە دیاردەی پەروەردەو فێرکردن، لە بنیات و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە جیا نیە، ئاوڕدانەوەیەکی- هەرچەند کورت- لە رەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگاکان، یارمەتیمان دەدا تا هۆکارەکان و پێویستییەکانی فێربوون لە هەر سەردەمێک دا بە دروستی هەڵسەنگێنین و بناسین.
زمان، ئەو تواناییەی دا بە مرۆڤ بە دروست کردنی رەمز (کۆد) و کەڵک وەرگرتن لە نیشانە و شێوە (فۆرم)و وشە، مەبەستەکانی خۆی دەرببڕێ و، پێوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا پێک بێنێ. توانای دەربڕینی مەبەست بە یارمەتیی جووڵەو هەڵسوکەوت، مرۆڤی بە تەواوی لە گیانلەبارن جیاکردەوە.
دەکرێ تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ و جیاوازییەکانی لەگەڵ ئاژەڵەکان دا بەمجۆرە چڕ بکەینەوە:
١-لەسەر لاق وەستان ( بە پێوەبوون) و سەربەخۆیی دەستان.
٢-ئامرازی دروست کردن.
٣-نیشانە (رەمز) خوڵقاندن قسەکردن و نووسین.
٤-توانای بیرکردنەوەی لۆژیکی.
٥-خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە.
٦-پارێزگاری و ئاگاداریی منداڵ و پەروەردەکردنیان.
لەنێو کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دا. کاری کردەکی و تیۆری، خەیاڵ وراستەقینە، لێک جیا نەدەکرانەوەو، لێکدانەوە فکریەکان، جا چ بە شێوەی کێشانەوەی وێنە لە ئەشکەوتەکان دا بوایە یا وەک گۆرانیچڕین، جادووگەری و هۆنینەوەی ئەفسانە خۆی دەرخستبا، هەمووی هەر لە راستییەکانی ژیانەوە سەرچاوەیان دەگرت و لە خزمەتی پێویستی یە سەرەکی یەکانی کۆمەڵگەدا بوون.
لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا زۆر جار تووشی ئەو خوایانە دەبین کە لە بیچمی گیانلەبەران، بۆ وێنە ئەژدیهاو گورگ دان. هێندێک لەو گیانلەبەرانە دەپەرستران. کوند، لە ئەسینا بە باڵندەیەکی پیرۆز و خۆشفەڕ دادەنرا.
سوقرات/ هەوڵی دەدا، خەڵك لە قازانجپەرستی و خۆویستی بگرێتەوەو بڕوایان بە بەختیاریی کۆمەڵ پێبێنێ. بۆ گەیشتن بەو مەبەستەو لێک جیاکردنەوەی چاکەو خراپە، پێی وابوو کە مرۆڤ دەبێ زانا بێ. سوقرات خۆناسینی بە باشترین زانستی مرۆڤ دەزانی.
پلاتۆن/ پلاتۆن فەیلەسوفێکی ئایدیالیستە و چەمک و وشەی (ئیدێ) (ئایدیا) بەهۆی ئەوەوە هاتۆتە نێو فەلسەفەوە. پلاتۆن دنیای خاکێ- گۆی زەوی-ی بە ناڕاستەقینە دەزانی. بە گوتەی ئەو، ئەم دنیایە رەنگدانەوەیەکی کەمڕەنگی سێبەری جیهانی راستەقینەیە.
ئەرەستۆ وێڕای دژایەتی لەگەڵ سیستەمی پەروەردەی سپارتە، دژی کردەوەی توندوتیژ و تەمبێکردن لە پەروەردەو فێرکردن دا بوو. بە بۆچوونی ئەرەستۆ پەروەردەو فێرکردن، بەستراوەتەوە بە سرووشت، عادەت، عەقڵ و ئامانج و ئامانجی دوایی پەروەردە، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە.
لە تەواوی ئەو وڵاتانە کە بەهۆی سوپای رۆمەوە داگیر دەکران، قوتابخانە وەک ئامرازێک بۆ شوێندانان لەسەر ئەو وڵاتانە سەیر دەکراو، زمانی لاتین جێگای زمانە ناوچەییەکانی دەگرتەوە. دوای ئەوەی مەسیحییەت بەسەر رۆمدا زاڵ بوو، زمانی لاتینی وەک زمانی ئاینی و وەک ئامرازی راگوێزتنی ئیمانی ئایینی هەڵبژارد.
هیومانیستە ئورووپاییەکان کە زاراوەی (سەدەکانی نێوەڕاست) یان داهێنان، مەبەستیان ئەو سەردەمە بوو کە نەتەوە ئورووپاییەکان نوقمی نەزانی و تاریکی بوون و پێشوازییان لە گەڕانەوەو بەدەستهێنانی کەلتووری سەردەمی کۆن دەکرد. زاراوەی (رێنێسانس) "ژیانەوە" لە راستی دا رەنگدانەوەی هەواڵدانێک بوو کە بیرمەندانی ئورووپایی ئەو سەردەمە بۆ ژیاندنەوەی کەلتووری کۆن کە جێگای پەسندی ئەوان بوو، ئەنجامیان دەدا.
جان لاک/ زانای ئینگلیزی ، هەست و ئەزموونی بە سەرچاوەی ناسینی مرۆڤ دەزانی. ئەم رستە بەناوبانگە هی ئەوە: "زەینی ئێمە شتێکی تێدا نیە کە لە رێگای هەستەکانمانەوە نەهاتبێ".
کۆمنیوس/ برەوپێدەری خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی لە قوتابخانەکان دابوو. پێی وابوو پەروەردەو فێرکردن دەبێ وەڵامدەری راهێنان لە باری ئەخلاقی و دینی بێ و بتوانێ پێویستییەکانی جیهانی ئەمڕۆ چارەسەر بکا.
بەشی دووم: مێژووی قوتابخانە کۆنەکان
نووسینی محەمەد عەباس زادەگان- عەلی فروز فەر
قوتابخانە، دامەزراوێکی کۆمەڵایەتییەو، هەوڵ و چالاکییەکانیشی دەبێ لە خزمەت بەرەوپێشچونی کۆمەڵگەکەی خۆیدابێ. راپەڕینی پرۆتستانەکان و شەڕە وەرزێرییەکانی ئورووپاش کە لە سەدەی پانزەهەم دا دەستی پێکرد، بوو بۆ گەشەکردنی رێنێسانس. گۆڕانی روخساری فێرکردن و برەو پەیدا کردنی ئەزموون و تاقیکردنەوە لەجیاتی وەرگرتن و بردنە نێو مێشک، لە گرنگترین ئەو گۆڕانانە بوون کە بە دوای رێنێسانس دا لە سیستەمی فێرکردنی ئورووپا دا سەریان هەڵدا.
ژان ژاک رۆسۆ/ پێداگرتنی رۆسۆ لەسەر پێوەندیی دێموکراسی و فێرکردن بە رادەیەک بوو کە ئەندێشەکانی ئەو توانی لە پێکهێنانی شۆڕشی مەزنی فەرانسە دا رۆڵیان هەبێ.
ویلیام جورجیادیس/ بە بڕوای ویلیام جورجیادیس یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی دێموکراسی لە پێوەندیی دوولایەنەی مامۆستاو قوتابی دا خۆی دەنوێنێ. ئەم پێوەندییە کاتێک مرۆیی و دڵخوازانەیە کە مامۆستایان بە یارمەتیی هەست و روانینی مرۆیی، بتوانن ئەرکی دژواری پێکهێنانی پێوەندیی ئینسانیی نێوان خۆیان و قوتابیان بگرنە ئەستۆ.