ساڵی(٢٠١٣) ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران ئەم نامیلکەی فەیسەڵ عەلی بەزنجیرە(٧٢) چاپ وبڵاویکردۆتەوە لە پێشەکی ئەم نامیلکەیەدا هاتووە: لە کۆتایی سەدەی بیستەم و لەدەئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابووری و تەکنەلۆجییانەوە بایەخێکی زیاتر بە چەمکی ناسەنتراڵی درا. ناسەنتراڵی ئامانج نییە بەڵکو فەلسەفە و هۆکاری گەشەپێدانه کە بەهۆیەوە هاووڵاتیان دەتوانن بەشداری لە دروستکردن و دەوکردنی ئەو بڕیارانەدا بکەن کە پەیوەندی بە گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانیانەوە هەیه، واته ناسەنتراڵی پەیوەستە بە گواستنەوەی دەسەڵات و دەسەڵاحیات لە ئاستە باڵاکانی ئیدارەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوە.
یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەنابردنە بەر ناسەنتراڵی ئیداری شکست هێنانیان کەمتوانایی ئەو حکومەتانەیە لەبەڕێوەبردنی پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەیاندا، یان لاوازیونی ناوەندە لە هێنانەدی ئەو ئامانجانەی کە دیاریکردبوون، ئەم شکست هێنانەشیان ناڕەزایی زۆری لای دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکان لێ کەوتۆتەوە، بەتایبەتی کە ئەو حکومەتە سەنتراڵانه بەیەکسانی گەشەیان بە ناوچەکانی وڵات نەداوە. ئێستا لە سستمه دیموکراته کانیشدا پەنا بۆ ناسەنتراڵی دەبری بۆ ئەوەی زۆرترین بوار بۆ دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکانی وڵات برەخسینێت بۆ بەشداریکردنی لە دارشتنی پلان و بەرنامەی پەرهپێدانی ناوچەکەی خۆیاندا، کە زامنی سەرخستنی ئەو بەرنامەیەش دەبن، هەنگاوێکی گرنگیشه بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی ئاستی پێشکەوتنی نێوان ناوچە جیاوازەکانی وڵات. لەلایەکی ترەوە، هێندێک لە دەوڵەتە سەنتراڵەکان ئەو ئاراستەیە دەگرنەبەر لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەیاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی ئێستای دنیادا بڕوات.
سەبارەت بەم بابەتە ئەم خاڵانە دەخاتە روو یەکەم: چەمکی ناسەنتراڵی دەوڵەتانی دنیا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتییاندا شێوازی ئیدارەی سەنتراڵ یان ئیدارەی ناسەنتراڵ یان هەردووکیان پێکەوە پەیڕەو دەکەن. لە ماوەی باسکردنی پەیوەندی نێوان ئیدارەی ناسەنتراڵی و گەشەپێدانی ناوچەییدا، هێندێک لەو چەمک و تێگەیشتن و زاراوانەی کە لە گوتاری میدیا و ئەکادیمیدا باون، باس بکەین.
پاشان دێتە سەر پێانسەکەی دەڵێت چەمکی ناسەنتراڵ بەهۆی جیاوازی ئەو ستراتیجییانەی دەگیرێنەبەر لە ولاتێکەوە بۆ یەکێکی تر تێڕوانینەکان دەگۆڕێن، بە گشتی دەکرێ بڵێین ناسەنتراڵ بۆ چەندین وڵات پرۆسەیەکە بۆ گواستنەوەی چالاکیە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندبۆ دەسەڵاتەمۆ بۆ پارێزگاکان، واتە لە ناوەندەوە بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ئاستی گەشەکردنیان نزمە.
بەجۆرێکی تر دەکرێ بگوترێ ناسەنتراڵی ئیداری "پرۆسەیەکە حکومەت بەهۆیەوە بەفەرمی دەسەڵات و بەپرسیاریتیی بۆ ئاستی نزمتر لە پلەبەندی سیاسی و ئیداری و ناوچەیی دەگوێزێتەوە"، ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتی ئیدارییە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدا کاروباری حکومەت لەناوچەکانی خۆیان جێبەجێ بکن بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بەجێبەجێکردن و چاودێریکردن و بەڕێکردنی وەبەرهێنە گشتییەکانەوە هەیە. پێویستە ئەو پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ پارێزگاکان، هاوکات لەگەڵ خۆیدا هۆکارە داراییە پێویستەکانی گەشەپێدانی پارێزگا ناسەنتراڵەکان برەخسێنێت، بەڵام ئەو پێدانی دەسەڵات و سەلاحیەتانه دەبێ لە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی حکومەتی ناوەندیدا بێت: هێندێکی تر پێیان وایه ناسەنتراڵ (کە دەبێ حکومەت دان بەجۆرێک لە سەربەخۆیی کەسایەتییە مەعنەوییەکانی خوارەوە لە بەڕێوەبردنی کاروباره ناوخۆییەکانیاندا بنێت، وەکو (ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی شارەوانی، ئەنجومەنی قەزا، ئەنجومەنی ناحیەکان و...)، بەڵام دەبێ بەبەردەوام ئەو ئەنجومەنانه لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری دەسەڵاتی ناوەندیدا بن. یان هێندێکی تر پێیان وایه ناسەنتراڵ بە مانای ئەو ڕەوتە دی کە حکومەت لەڕێگەیەوە دەستبەرداری بەشێک لە دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی خۆی بۆ ئاستەکانی خوارەوەی ئیدارە دەبێت، واتا بەرپرسیاریتی پلاندانان و پارهدان و ئیدارەدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوەندەوە دەبەخشێتە ئاستەکانی خوارەوە لە پارێزگا وقەزاو ناحیەکاندا بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر بتوانن کاروباری سنوری دەسەڵاتەکانی خۆیان راپەڕێنن و پێداویستی دانیشتوانی ناوچەکانیان دابین بکه ن. بەمجۆره حکومەتی ناوەندی دەتوانی لە ڕێگەی گرتنەبەری ناسەنتراڵەوە زیاتر لە هاووڵاتیانی پارێزگاو قەزاکانەوە نزیک بێت و باشتر پێداویستیی و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکات و لە ئاستی گلهیی و گازندەکانیان کەم بکاتەوە بههانهکانی پەیڕەوکردنی ناسەنتراڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی هەندێک لە کار و چالاکییەکانی حکومەت دەخوازی بە سیستمی ناسەنتراڵ بەڕێوە ببڕێت، ئەمەیش وای کرد کە حکومەتی ناوەندی دامەزراوەی ناوچەیی پێکبهێنێ و تاڕادەیەکی دیاریکراو سەربەخۆیی ڕێکخستن و ئیداریی و دارایی پێ ببەخشێت، یان هەندێک جار بەهۆی ئەوەی کە دامەزراوە ناوچەییەکان بەر لە بوونی دەسەڵاتی ناوەندی هەبوون، کاتێک پێکەوە یەکەیەکی ناوەندی پێکدەهێنن، کاروبارە ناوچەییەکان بەدەست خۆیانەوە دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی لەو پرۆسەی یەکخستنەی نێوانیان ناکۆکی درست نەکات و نەبێتە هۆی لێکترازانینان.
لەو روانگەیەوە، دەکرێ ئاماژە بەو هۆکارانه بدری کە دەبنه هۆی پیادهکردنی ناسهنتراڵی:
١- پەرەسەندنی ڕۆڵی دەوڵەت:
زیادبوونی ئەرکەکانی حکومەت بونه هۆی پێکهێنانی دامەزراوەی ناوچەیی بۆ راپەڕاندنی کاروباری ناوچەکان و بۆ ئەوەی دەوڵەت بە کاره سەرەکییەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بێت.
٢- جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی دەوڵەتدا:
فراوانبوونی ڕووبەری دەوڵەت و جیاوازی ئاستی پێشكەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نێوان ناوچەکان کە کێشەمەترسەکانیشیان جیاواز دەکات، بەوەش شێوازی چارەسەرکردنیشیان جیاواز دەبێت، زەروورەتی گرتنەبەری ناسەنتراڵی دەخوڵقێنێ بۆ پێکهێنانی دامەزراوەی ناوچەیی بۆ ئەوەی هەر شوێنەو بەپێی تایبەتمەندییەکانی ناوچەکەی خۆی بەرنامەو پلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی دابڕێژێت.
3- دیموکراتیزیەکردنی سیستمی حوکمڕانی:
چەند سیستمی حوکمڕانی ڕێگە بە دانیشتوانی هەر ناوچەیەک بدات کاروباری ناوچەکەی بەڕێوەببات لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانیەوە، لە دیموکراتیەت نزیک دەبێتەوە.
سێهەم: ڕۆڵی ناسەنتراڵی لە گەشەپێدانی کۆمەڵی ناوچەییدا:
هەروەک پێشتر ئاماژەی بۆ کرا، ناسەنتراڵ ئهو حاڵەتەیە کە مافی بەشداریپێکردنی هەرێم و پارێزگاکان لە درستکردنی بڕیاردا دەڕەخسێنێت، بەبێ سڕینەوەی مافی ناوەند لە بڕیارداندا، کەواتا ناسەنتراڵی، شێوازێکی کارکردنە کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتی درستکردنی بڕیار و سەلاحیاتی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان دامەزراوە. بەشێوەیەکی تر، ناسەنتراڵی ئیداری ئەکتیڤ کردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکانە لە ڕێگەی پێدانی ئەرکی ئیدارەدانی پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەکانیان، هەروەها دەبێته هۆی زیادبوونی ڕۆڵیان لە گرتنه ئەستۆی بەرپرسیاریتیی و سەلاحیەتهکان بە جۆرێک کە ببێته هۆی بەشداریپێکردنی خەڵکی لە پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەکەیان کە دەبێته فاکتەری سەرکەوتنی ئهو پرۆسەیه بە شێوەیەکی باشتر.
لە چەندخاڵێدا لایەنەباشەکان ئەم سیستەمە دەخاتەروو:
1- ناسەنتراڵی چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی پرۆسەی گەشەپێدان:
لایەنی ئیداری لە پرۆسەی ئامادەکردن و جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پلانی گەشەپێدان بە گشتیی و گەشەپێدانی ناوچەیی، مەسەلەیەکی زۆر بنەڕەتی و پێویسته بۆ پێکانی ئامانجەکانی ئهو پلان و پرۆسەی گەشەپێدانه، چونکه بەشێکی گەورەی شکستی پلانەکان و پرۆسەکانی گەشەپێدان لە چەندین وڵاتی جیهان، بەتایبەتیش لە لادێكانیاندا، بۆ ئهو شێوازه ئیدارییانەی لە ئیدارەدانی پلان و جێبەجێکردنی پرۆسەی گەشەپێداندا پەیڕەو دەکرا، نەدا بۆ کەموکورتی ناوەڕۆکی خودی پلان و پرۆسەکە.
ئیداری گرنگیی پلانی ناوەندی بەبەراورد بە پلانی کەرتهکان بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەخات و تاکه هۆکاره کە دەکرێ لێوەی ئامانجه کەرتییەکان (القطاعية) بخاته نێو چوارچێوەیەکی گشتییەوە، بۆ ئەوەی وەک ستراتیجێکی گەشەپێدانی ناوچەیی ڕێگە بە بەشداری پێکردنی هاوڵاتیانی ناوچەکە بدات، بەمەرجێک تەواوکاریی نێوان دامەزراوە و دەسته دیاریکراوەکان لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدانی ناوچەکەدا زامن بکات. لەبەر ئهوە دەبێ داڕێژەرانی پلانی فەرمی لە هەرێم و پارێزگاکان ئهو دەسەڵات و کەفائەته ئیدارییان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بەباشترین شێواز ئەرکەکانی خۆیان بەجێ بهێنن.
پرۆسەی پلاندانان لە سایەی ئیدارەی لامەرکەزیدا، دەبێ بایەخ بە ڕۆڵی هاوڵاتیان و ئهوانەی لەو پلانە دەبنه ئامانج لە دانان و جێبەجێکردنی پلانەکەدا بدات، ئەم جۆره پلاندانانه پێی دەگوترێت پلاندانان لە ئاستەکانی خوارەوە، دارشتنی پلان و بنیاتنان لە ئاستەکانی خوارەوە یەک لە پرنسیپه سەرەکییەکانی گەشەپێدانی سەرکەوتوو دەستەبەر دەکات کە پەرەپێدانی ئازادییە، بەڵام نەکی تەنیا بە چەمکه سیاسییەکەی بەڵکو بە چەمکی ئینسانی، دەرفەتی گەوره کردنی تواناکانی مرۆڤ لە هەڵبژاردندا زیاتر دەکات.
پلاندانان لە ئاستەکانی خوارەوە باشتر دەتوانێ ئامانجەکانی گەشەپێدانی ناوچەیی دیاری بکات کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی ئهو ناوچەیه دیاری دەکات کە پلانەکەی بۆ دادهنریت، دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە بەردەوام جیاوازی زۆر لە نێوان ئامانجەکانی ئهو پلانەی بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی کە لەلایەن دەسته و دامەزراوەکانی ناوچەییەوە دادهنرێن و ئهو ئامانجانەی کە دەسته و دامەزراوەکانی ناوەند بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی دایدهنێت، دەبێ ئهوەی یەکەم تەواوکاری دووەم بێ و نابێ پێچەوانەو لەگەڵ دووەمدا نەیهێتەوە.
باش جێبەجێکردنی ئیدارەی لامەرکەزی لە بوارەکانی پلاندانان و پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەیدا، هەنگاوێکی ئیجابیانەیە بۆ ئهوەی بەرنامەکانی گەشەپێدانی ناوچەیی لەگەڵ پێداویستیی و خواستەکانی دانیشتوانی ئهو هەرێمەدا بێتەوە، بەحوکمی ئهوەی دانیشتوانی ئهو هەرێمە یان ئهو پارێزگایه لە پرۆسەی ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدانی ناوچەکانیاندا بەشدارییان کردووه، ئەم هەنگاوه دەرفەتێکی گونجاو و لەبار بۆ سەرکەوتنی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتیمانی دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی هاوسەنگی ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت و ژیانێکی بەختەوەر بۆ دانیشتوانی هەموو هەرێم و پارێزگاکانی ناو وڵات زامن بکات، لەلایەکی ترهوە ئەم سەرکەوتنه دەبێته خولقێنەری هاوسەنگی ناوچەیی و جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوانیان کەم دەکاتەوە، ئەم سەرکەوتنەش بەنده بەوەی کە تاچەند دەسەڵاتی دروستکردنی بڕیار لە نێوان ناوەند و هەرێم و پارێزگاکاندا بەش دەکرێت، ئەمەش لە سۆنگەی ئهوەی کە دابەشکردنی سەرمایەگوزاریی و دەرامەتەکانی ناو وڵات پەیوەندییەکی پتهوی لەگەڵ دابەشکردنی دەسەڵاتی دروستکردنی بڕیاردا هەیه.
2-ناسەنتراڵیی و فراوانکردنی ئهگەری بەشداریپێکردن و دیموکراتیەتی هەرێم و پارێزگاکان:
زۆرێک لە شارەزایانی یاسای ئیداری پێیان وایه کە ناستراڵی تەنیا شێوازێکی ئیداری نیه، بەڵکو شێوەیەکە لەشێوەکانی دەسەڵات، بەو ئیعتبارەی کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ شێوازی حوکمڕانیی و ئاستی چرپبوونی دەسەڵات و شێوازی ئهو پەیوەندییانەی کە لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵدا هەیه.
پیادەکردنی ئیدارەی ناسەنتراڵ، ئیدارەی حوکمڕانیی باشتر دەکات لەڕێگەی جەختکردنه سەر لێپێچینەوە و بەشداریپێکردن و شەفافیەتەوە، ئەمەش وای کرد زۆرێک لە دەوڵەتانی دنیای سێ بۆ بنیاتنانی توانای ئیداریی و دامەزراوەکانی ئەم سیستمه پەیڕەوی بکه ن. بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوپاتی دەکاتەوه کە ئیدارەی حوکمڕانی باش بەشداریكردنی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەرتی تایبەتی پێویستە، لەبەر ئهوەی بەبێ بەشداریپێکردنی ئاستەکانی خوارەوه بۆ ئاستەکانی سەرەوه، دامەزراوەکانی حوکمی ناوچەیی ناتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لە دوباره ئیدارەدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئامانجەکانی پرۆسەی گەشەپێدانی ناوچەیی بپێکێت.
چەند سنووری جوگرافی کۆمەڵ بچوکتر بوو، توانای بەشداریكردنی دانیشتوان ئەکتیڤتر دەبێ و ئەگەری پشتگوێخستنی هەرێم و پارێزگاکان دەربەنجامی زاڵبوونی ناوەند کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە نەخۆشییەکانی پرۆسەی حوکمڕانی لە چەشنی وڵاتەکەی خۆمان. ئیدارەی ناسەنتراڵی دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریپێکردنی دانیشتوان و هاوبەشیکردنیان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار دەڕەخسێنێت.
لە سیستمی حوکمی دیموکراتیدا ئیدارەی هەرێم و پارێزگاکان دەبێته گۆڕەپانێک بۆ دەرکەوتنی تواناکانی بەشداریكردن و هاوبەشیکردن لە بواره جیاجیاکانی حوکمڕانیداو، ئهو کەسانەش دەردەکەون کە توانای بەشداریكردنیان لە ئیدارەی ناوەندیدا هەیه، پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەرێم و پارێزگاکان بە حوکمی بەشداریپێکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لەو پرۆسەیەدا، وەک ڕەهەندێکی دیموکراتیەتی ناوچەیی تەماشا دەکرێ و بەیەک لە ئاماژه بنەڕەتییەکانی سامپڵی حوکمی باش دادهنریت.
بڕۆکەی سەرەکی ناسەنتراڵ، لەوەدا کۆبۆتەوە کە دەبێ بڕیارەکان تا بكرێ لەو دەسەڵاتانەوه دەربکرێ کە زیاتر لە خەڵکەکەیەوە نزیکن، بەوەی کە دانیشتوانی ئهو ناوچه دیاریکراوانه ماف و بەرپرسیاریتی بڕیاردانیان هەیه سەبارەت بەو پرسانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەریان هەیه و دەتوانن بڕیاری لەسەر بدهن.
دامەزراوەکانی حوکمی ناوچەیی دەتوانێ زیاتر خۆی لەگەڵ هەلومەرج و ڕەوشی هەرێم و پارێزگاکاندا بگونجێنێ و ئەکتیڤتر کارەکانی بەڕێوە ببات، بەڕێوەبەرانی ئیداری هەرێم و پارێزگاکان دەتوانن بوارێکی فراوانتر و ئاسانتر بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی ناوچەکانی خۆیان بڕەخسێنن، لەبەرامبەریشدا ئهوان بەئاسانی دەگەنە دامەزراوەکانیان و لە کێشەو داخوازییەکانی خۆیان ئاگاداریان دەکەنەوە شارەزاییەکان باشترین دامەزراوەیە کە پرۆسەی هاوکاریی و هاریکاریکردن بەرجەستە دەکات، هەر لەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خەڵکی و بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و حزبه سیاسییەکانەوە، لەچوارچێوەیەکدا کە لەیەک کاتدا ضامنی دیموکراتیەت و بەشداریكردن دەکات. بەشداریكردنی خەڵک بۆ لێپێچینەوە لە دامەزراوەکانی هەرێم و پارێزگاکان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئەرکێکی پێویستە.
پیادەکردنی ئیدارەی ناسەنتراڵ، ناتوانێ چارەسەری هەموو کێشەکانی پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان بکات، بەڵکو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەرەنگاربوونەوە دەبێتەوە.
لەبارەی
ئاستەنگەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی ناسەنتراڵدەنوسێت؛ ناسەنتراڵ بەتەنیا ناتوانێ ئیدارەیەکی باش زامن بکات، ئەگەر هاتوو بەشێوازێکی باش و گونجاو جێبەجێ نەکرێ ، لەبڕی ئهوەی ئیجابی بێ زیانی زیاتر دەبێت، لەبەر ئهوە بۆ زامنکردنی ئەکتیڤ بوونی دامەزراوەکان پارێزگاکان دەبێ سیاسەتی ناسەنتراڵ بە وردی جێبەجێ بکه ن.
هێندێک جار ناسەنتراڵ گونجاو نییه و، دەبێته هۆی لاوازکردنی جۆری ئیدارەی حوکمڕانی، لە دەوڵەتە بچوکەکاندا، لەبڕی دروستکردنی چەند پەیکەرێکی ئیداری سەربەخۆ، حوکمی سەنتراڵی لەڕێگەی هەماهەنگی کاری حکومەتی سەنتراڵی ئەکتیڤتر دەبێت، ڕەنگه ناسەنتراڵی زیان لە قەبارەی داهاتەکان بدات و ناجێگیری لەسەر ئاستی ئابووریی هەمووه کی بخوڵقێنێت. هەروەها ناسەنتراڵی باج داهاته سەنتراڵەکان دادەچۆڕێ ، کاتێک کە حکومەتی سەنتراڵی نەتوانێت خەرجییە گشتییەکانی خۆی ڕێک بخات. ڕەنگه ئیدارە ناوچەیییەکان وەک حکومەتی سەنتراڵی خاوەن ئهزموون نەبن و کەسانی شارەزاو پسپۆڕیان لە بواره جیاجیاکاندا نەبێت.
هەنه دێک جاریش جێبەجێکردنی ناسەنتراڵی بەبێ ڕەچاوکردنی وردی ناسەنتراڵی باج، دەبێته هۆی لەباربردنی هەوڵەکانی چاکسازی، بەبێ کۆنترۆڵکردنی داهات و بودجەی پارێزگاکان لەلایەن دامەزراوەکانی حوکمڕانی ناوچەییەوە ناتوانن بەسەربەخۆیی کارەکانی خۆیان ئهنجام بدهن، چونکه داهاتەکانی پارێزگا توانایەکی دارایی دەخوڵقێنێ کە دەکرێ دوباره بۆ بەرنامەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی و کەرته بەرهەمهێن و خزمەتگوزارییەکان خەرج بکرێتەوە.