حەمە دۆستان نوسەری ئەم نامیللکەکە زنجیرەی هۆشیاری ژمارە ٥٤ ی وەرگرتوو باسکردن و هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ئیدارەی کوردی و جەماوەر لەکۆمەڵگەدا کردۆتە تەوەری سەرەکی دەنوسێت؛ هەوڵمداوە وەکو کەسێکی ئەکادیمی، کە کۆمەڵناسی بواری خوێندنەکەمە و سی ساڵ لەکۆمەڵگەی مەدەنیدا کارم کردووە، ڕاستگۆیی و بێلایەنی دوو فاکتەری سەرەکی باسەکەم بن.
هەوڵمداوە بەهیچ جۆرێک خواست و بۆچوونی تایبەتی خۆم تێکەڵاوی زانیاری و سەرنج و ئهنجامەکان نەکەم. تاڕادەیەکی پێویست هەوڵمداوە، زمانی حاڵی هەموو لایەنێک بم و پەیام و داوا و بۆچوونەکانیان فەرامۆش نەکەم.
مادەی باسەکەم بریتییە لەو زانیارییانەی کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی ڕۆژانەبڵاوی دەکەنەوە، هەروەها ئەو چاوپێکەوتن و گفتوگۆیانەی لەگەڵ لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و شەقامی کوردیدا کردوومن. سەردانی شار و لادێکانم کردووە و کەرتی تایبەت و گشتیم تاوتوێکردووە و گوێم لەداواکانی خەڵک گرتووە، ئیتر لەلایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنەوە بگرە تا دەگا بەدەسەڵات.
بەداخەوە زۆربەی زۆری زانیارییەکان، کە کۆمکردوونەتەوە، لەڕاستییەوە زۆر نزیک نەبوون، زانیارییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبوو، بە بەرژەوەندی تایبەتی و خواست و بۆچوون و ئینتیمای حزبییەوە. هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتنی بێ مەبەست و ڕاستگۆیی، لەناو سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا بەزەحمەت بەبەرچاو دەکەوێت. بۆیە زەحمەتە لەناو ئەو لافاوی زانیارییانەدا بتوانیت هەواڵە ڕاستەکان بژار بکەیت.
بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی زۆری جەماوەر لەبەشی خۆی نارازییە و تووڕەیە لەدەسەڵات، هەتا ئەو کەسانەش کە سوودمەندبوون و لایەنگری دەسەڵاتن. ڕوانگەیەکی هاوبەش بە بەردەوامی دووبارە دەبووەوە، ئەوەش بریتی بوو لە بۆڵەبۆڵ و ڕەخنە و تووڕەیی و ناڕەزایی شەخسی.
دەزگای ڕاگەیاندن
سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەربە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی، لەخاڵێکی هاوبەشدا یەکتردەگرنەوە: بڵاوکراوەکانیان بێلایەنی کەمی تیا دەرناکەوێت.
حزبەکانی دەسەڵات بەدەیان کەناڵی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەیە. لەسەرانسەری ئەوروپادا چارەکێکی کوردستان، کەناڵی ڕاگەیاندنی حزبی بوونی نییە. پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدی، کە سەد ساڵە حزبە، بێجگە لەماڵپەڕی ئینتەرنێت هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆی نییە، ئەم حزبە لەڕووی ئابوورییەوە، تاڕادەیەک، ئەوەندە دەستی کورتە، تەنانەت زەحمەتە بتوانن بەپۆستدا نامە بۆ ئەندامەکانیان بنێرن ، چونکە بیست هەزار نامە بەلای کەمەوە دوو دەفتەر دۆلاری تێدەچێت.
بەهیوام ڕۆژێک بێت کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی، کەناڵی ڕاگەیاندنی حزبی نەبن، کەناڵی بەشان و بالاوەتن و بەبەرزنرخاندن نەبن. بەهیوام کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی بەشێوەیەکی گشتی هەر باسی گەندەڵی و کەموکوڕی دەرخستن نەبن.
لە بڵاوکراوەکاندا ئەوەندە وتارنووسمان زۆرە، لەو بڕوایەدام ژمارەیان لەژمارەی گۆرانیبێژ زیاتر بێت. لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەکاندا دەزگایەک کۆنترۆڵ نییە کە بتوانیت بژاری ناوەرۆکی وتارەکان بکات و بەقەڵەمێکی سوور بکوێتە گیانی نووسینەکانەوە و کورتیان بکاتەوە و هەر نووسینێک زیاتر لەحەوت سەد وشەنەبێت. ناوەڕۆکی زۆرینەی وتارەکان، دەربڕینی هەست و خواست، زاڵە بەسەریانداو بابەتی نووسینەکان لەیەک دەچن و لەبازنەی ناڕەزایی و ڕەخنەدا دەخولێنەوە.
ئەگەر وتارنووسەکان سەر بەکەناڵی ڕاگەیاندنی حزبەکان بن، ئەوا زۆربەی وتارەکانیان بریتیین لەپاساودان و ماستاوکردن و بەشانو باڵاوتن و بەرزنرخاندن و ڕیکلامکردن بۆ دەستکەوتەکانی دەسەڵات. ئەگەر وتارەکانیش سەر بەئۆپۆزسیۆن و ئەهلی بن، ئەوا بەئاشکراکردنی کەموکوڕییەکانی دەوڵەت و بەپیسواکردنی کەسانی گەندەڵ، میدیای خۆیان پردەکەنەوە.
هەواڵەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر بەدەسەڵات، هەموو ڕۆژێک هەمان ڕستەی گشتی و وشەی ڕازاندنەوە و رتوشکردنی بەسەرهات دووپات دەکەنەوە، بۆ نموونە وەکو وشەی ستایشی دەووری...، ڕۆڵی... بەرزنرخاند. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەبێت ڕاستگۆیی و بێلایەنییان پێوە دیار بێت. هەواڵ دەبێت بەڕاستی بڵاوبکرێتەوە، نەک بەوشەی جوان بپڕازێنرێتەوە. بێلایەنی و ڕاستگۆیی ئەرکی سەرشانی کەناڵی ڕاگەیاندنە. بەداخەوە من وەکو کەسێکی بێلایەن سەرم لێشێوابوو، نەمدەزانی بەچ هەواڵێک بڕوابکەم.
ڕۆژنامەنووس چوارچێوەیەکی یاسایی خۆی هەیە و دەبێ بەشێوەیەکی ڕاستگۆ بیروڕای خۆی دەربارەی دیاردەو رووداوەکان دەربڕێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەستی شەخصی و شتی لاوەکییەوە و لایەنێکی نێو گیروگرفت و ناکۆکییەکان بگریت، یان بەئەنقەست و بۆ مەبەست ئاوەژوویان بکاتەوە.
میللەت دەوڵەت بەخێو دەکات
ڕۆڵی میللەت زۆر گرنگە لەکۆمەڵگەی مەدەنیدا، میللەت جۆری ئیدارە هەڵدەبژێرێت و ئەوان دەتوانن دەوڵەت بەخێو بکن، زۆربەی ئهو وڵاتانەی نەوتیان نییە، کارگەکانیشیان سەر بەکەرتی تایبەتن. بەڵام لەوڵاتەکانی جیهانی سێهەمدا بەپێچەوانەوەیە. دەوڵەت باوکی میللەتە و ئەرکی سەڕشانیەتی میللەت بەخێو بکات، دەوڵەت خاوەنی هەموو شتێکە و گشت قورسایی کاروباری بەڕێوەبردن بەتەنها کەوتووەتە سەر دەوڵەت، میللەت هەر کەمووکورتییەک یان پێداویستییەکی هەبێت ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە.
کەرتی گشتی
کەرتی گشتی پێکهاتووە لەکەرتی شارەوانی و تەندروستی و حکومی. لەکۆمەڵگەی مەدەنیدا خەڵکی دڵی خۆشە، کە کاری هەیە و شانازی پێوە دەکات، زۆربەیان دەستیان لەسەر دڵیانه، کە لەکارەکەیان دەرنەکەن. چونکە کە دادەمەزرێن، ئەگەر کاری هەمییشەیی هەبێت، بەبەرهەمت نەبێت دهرت دەکەن لەسەر کارەکەت. لەکوردستان زۆربەی فەرمانگەکانی کەرتی گشتی لەتەمەڵخانەدەچێت، کەم تازۆر بەتاڵەی دەمامکدارن. ئەو کارمەندانەی، کە بەئەرکی سەڕشانیان هەڵدەستن و کارەکەیان بەدڵسۆزی ئەنجام دەدەن لەناو دەریای بەتاڵەی دەمامکداردا نوقم بوون.
زۆربەی کارمەندان، کاریان هەیە و بێ بەرهەمن. زانیارییەکان ئهوە دەگەێنن، لەزۆربەی فەرمانگەکاندا، بەجۆرێک کاردەکەن، کە کاروباری خەڵکی زیاتر ئاڵۆزتر دەکەن، دەیانبەن و دەیانهێنن، ڕۆتیناتێکی زۆر دەبێتە کۆسپ و تەگەرە لەفەرمانگەکاندا، هەر لەسەعات یانزەوە دەستبکەن بەلێنانی خواردن، بەدەیان بەسەرهاتم گوێ لێبووه.
خودایە دوژمنیشم ڕێی نەکەوێتە فەرمانگە و نەخۆشخانەکان.
سەرجەمی زانیارییەکان ئهوە دەخەنەڕوو، ئەگەر واسیتەت نەبێت، ئهوا ئیشت لەکەرتی گشتیدا ناڕوات. بۆ دەرهێنانی مۆڵەتێکی تەموینی سێ و چوار مانگ مراجەعییان هێناوەو بردووەو بەدەیان شوێنیان پێ کردووه، موختاری گەڕەک، ئاسایشی گەڕەک، ئاسایشی گشتی، پارێزگاری سلێمانی، فەرمانگەی تەموین.... هەندێ کار هەیە، کە بەعەیبە دادهنرێت، هەندێکی تریان لەڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە نەگونجاوه، یان بەسووک تەماشا دەکرێن، وەکو خزمەتی نەخۆش و پەککەوته، کەناسی و زبڵ بردن، حەمالی، کۆڵان و شەقام پاککردنەوە...
بەشی هەرە زۆری کارمەندانی کەرتی گشتی هەر بەناو فەرمانبەر و کرێکارن، هەندێکیان هەر مووچەی مانگانەوەردەگرن و تەنانەت هەر دەوامیش ناکەن، ئیش ناکەن و چایچی و سایەقی تایبەتیان هەیە و سەیارەی فەرمانگەدێن بەشوێنیاندا. لەشاری فێستەڕۆس، پێنج هەزار لەکەرتی تەندروستی و شارەوانی کاردەکەن. لەمانە تەنهە فەرمانبەرێکیش نییە بەسەیارەی فەرمانگەبروات بۆ سەرکارەکەی، چونکە فەرمانگەکان ئۆتۆمبیل و شۆفێری تایبەتیان نییە و تەنانەت سەرۆکی شارەوانی بەئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆی دەڕوا بۆ سەر کارەکەی، قاوەچی تایبەتی نییە و خۆی قاوە بۆ خۆی دێنێت.
بەلامەوە سەیر بوو، لە وڵاتێکدا ئیش نەکەیت و پارە پەیدا بکەیت، قازانج بکەیت و باجی کۆمەڵایەتی و ئەرکی هەرەوەرزی خۆت نەدەیت؟؟ سەیارە بێ (تەئمین) لێ بخوڕیت و باجی جادەنەدەیت، شارەوانی زبڵت بۆ لادەبات و فلس نادهی؟ ژن بهێنیت و پێشینەوەربگریت فەرمانبەر بیت و زەوی وەربگریت؟ سی ساڵ لەکۆمەڵگەی مەدەنییدا کاردەکەم، کەچی یەک ملیم دوجا ئەرزم وەرنەگرتووەو تا ئێستاش هەر کرێچیم، داوای قەرزیم بانکیش بکەم، سەگم پێوە دەنێن، ئەگەر ناوم لەلیستی ڕەشدا بێت.
گرووپە لاوازەکانی کۆمەڵ
یەکێک لەسیما هەرە گرنگەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئهوەیە تاچ ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، لەدابینکردنی مافی گرووپە لاوازەکانی کۆمەڵ نەک ئهو دەستکەوتانەی کە گولبژێری کۆمەڵ بەدەستی هێناوەبۆ خۆیان و دەست و پێوەندییان.
کەمئەندام و پیر و پەککەوتەکانیش دەبێت هەموو هەلومەرجی و پێداویستییەکی پێویستیان بۆ ئامادەبکارێت، پێداویستی تەکنیکییان بۆ دابین بکرێت، بەلای کەمهوە بۆ هەریەکەیان دوو کەسیان بۆ دابمەزرێن بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان، تەکسی تایبەتیان بێ بەرامبەر بۆ دابین بکەن.
لەکۆمەڵگەی سویدیدا بەهەزاران پیر و کەمئەندامی کورد سوودی وەرگرتووە لەم خزمەتگوزارییانە، ئهو کەمئەندامانەی کە دەتوانن کاربکەن، دەبێت کۆمەڵگە هەموو ئاسانکارییەکی چوونیان بۆ کار جێبەجێبکات، ئەوانەی کە کارناکەن، دەبێت شوێنێکی تایبەتیان بۆ بکەنەوە، کە ڕۆژانە بتوانن کارێکی گونجاوی تیا ئەنجام بدهن.
لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی کارم دەکرد، ڕۆژانەبەشەمەندەفەر دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانەکە، کە لەشارێکی تر بوو، قوتابییەک کە بینینی چاوی زۆر کز بوو، لەهەمان قوتابخانەدا دەیخوێند، بەیانی دایکی ئەوی دەگەیاند بۆ وێستگەی شەمەندەفەر، کارمەندێک لەدایکەکەی وەری دەگرت و لەگەڵیدا بوو، تاسەری دەخست، کە شەمەندەفەرەکە دەگەیشت، دەبوایەئەو سواری پاس بوایه، کارمەندێک لەوێ چاوەڕوانی دەکرد ئەویش لەگەڵیدا بوو، تا سواری پاسی دەکرد، کە دەگەیشتە قوتابخانەکە، کارمەندێکی قوتابخانەکە، لەوێ چاوەڕوانی دەکرد، لەگەڕانەوەشیدا بەهەمان شێوە. ئەو کچه، نەکچی کابرایەکی وەزیر یان کابرایەکی دەوڵەمەند و دەستڕۆشتوو بوو، ئەو ئەندامێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بوو.
کاتێک پیر و کەمئەندام شت دەکڕن، زۆربەیان کارمەندی تایبەتییان هەیەیارمهتییان دەدەن یان بۆیان دەکڕن و بۆیان دەبەنە ماڵەوە، لەسەرانسەری ولات جێگەی پارککردنی تایبەتی بۆ کەمئەندام تێدایه، ئەم جێگەیانەدەبێت گەورەتر بن لەجێگەی ئاسایی و کەسی تر بۆی نییە ئۆتۆمبیل لەو جێگەیانەدا پارک بکات. بەردەم ماڵەکەشیان ئەگەر بەرز و نزمی تیا بێت یان پلیکانەی هەبێت، دەبێت لەبەردەم دەرقاکەدا، پردیان بۆ دروست دەکرێ. دەبێت ناو ماڵەکەشیان هیچ جۆرە بەرز و نزمی تیا نەبێت، بۆ ئەوەی ئەوان بەئاسانی بەخۆیان و عەرەبانەکانیانەوە بتوانن بێن و برۆن، بۆ نموونەبۆ ناو پاس و چوون بۆ چێشتخانە...
هەندێ پیر و پەککەوته، کە ناتوانن لەجێگەدوورکەونەوە، لەکەرتی شارەوانی گرووپی ئیشکەری تایبەتی هەبێت، کە ڕۆژانەسەریان لێبدەن و نانیان بۆ دروستکەن و لەکاتی دیاریکراودا دەرمانەکەیانیان دەدەنێ و پیاسەیان لەگەڵ دەکەن و پێداویستی ڕۆژانەیان بۆ جێبەجێکەن.
یەکیێک لەناسنامەکانی سیستمەی دیموکراسی، بریتییە لەو دەستکەوتانەی کە بۆ گرووپە لاوازەکان ئەنجام دراوە، بۆ نموونەبۆ مندال و ئافرەت و کەمئەندام و پیر و پەککەوته...
خانەنشین
هەموو هاووڵاتییەک کە تەمەنی خانەنشینی تەواو دەکات دەبێت خانەنشین بڕێت، ئیتر گرنگ نییە کەسەکە پیشتر کاری کردبێت یان نا، بەس ئەوانەی کە کاریان کردووەمووچەی خانەنشینەکەیان زیاتر بێت لەوانەی کە کاریان نەکردووه. ئەوانەشی کە کاریان نەکردووه، دەبێت ئەوەندەمووچە وەربگرن، کە بتوانن بەباشی پێی بژین. ئەمە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەیە بەرامبەر ئەوانەی کە بێکاربوون و تەمەنی خانەنشینیان تەواوکردووه. ئەو خانەنشینانەی کە کریچین دەبێت یارمهتی خانوو وەربگرن و لەگەڵ گشت گەرەنتییەکانی تری کۆمەڵایەتیش. لەزۆربەی شوێن بەنیوە بەها پێداویستی خۆیان بکرین، بۆ نموونه: گەشتبکردن، هاتووچۆی پاس، مووچەکانی، ئەمانە دەبێت بەستڕابێت بەهەڵاوسانی داراییەوە و لەکاتی نرخ بەرزبوونەوەدا ئەمانە بەجۆرێکی پێویست قەرهبوو بکرینەوە، کەچی لای خۆمان بەپێچەوانەوەیە، ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچەکانیان کەم وەرگرتووە لەساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ قەرەبوو کراونەتەوە، کەچی ئەم قەرەبووە خانەنشینانەش ناگریتەوە کە وەختی خۆی لەهەمان کاتدا کاریان کردووه.
هیوادارم ڕۆژێک بێت کە پیر و خانەنشینەکانی لای خۆمان هەمان مافی خانەنشینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییان هەبێت و ئیدارەی کوردی لەئێستاوە هەنگاو بنێت بۆ ئەم مەبەسته.
نرخ
نرخی هەموو کەلوپەلێک لەبازاڕی ئازاددا، بەکورتییەکەی هەڕچییەک لەبازار و ئینتەرنێتدا. دەفڕوشڕێت، فەرمانگەی نرخدانان نرخی بۆ داناوە، کەرتی تایبەت دەتوانێت کەلوپەل بەهەرزانتر، یان بەنرخی خۆی بفروشێت، نەک بەگرانتر لەو نرخەی کە بڕیاری لەسەر دراوە. هەموو کەلوپەلەکانیش بەتیپ نرخەکەی پێوە نووسینراوە، کە شت دەکڕێت، مافی کڕین پارێزراوە، لەبازاڕی ئازادی کۆمەڵگەی مەدەنیدا گەرەنتی بۆ هەموو شتێک هەیەو هەڕچییەک بڕکێت مافی گەڕانەوەت هەیە(دوو هەفتەمؤڵەتی گەڕانەوەت هەیه، ئەگەر شتەکە بەکەڵک نەبوو).
بەداخەوە لە(بازاڕی ئازاد)ی لای خۆماندا، هەر لەدوکانەکە هاتیتە دەرەوە ئیتر بۆت نییە کەلوپەلەکە بگەڕێنیتەوە، سەرهڕای ئەمەش زۆربەی کەلوپەلەکان جۆرهکانیان باش نییە. بۆ نموونەخواردن دەکڕیت مافی هەڵبژاردنت نییە، نەوت دەکڕیت لەوانەیە، ئاوی تێکەڵ کرابێت...... لە سوید لەسۆپەرمارکێتێک کە خاوەنەکەی و کرێکارەکانی کوردن مافی ئەوەت هەیەبکویتە ناو میوەو سەوزەوە و بەزەوقی گیرفانت هەڵیان بژێریت و چ جۆرەگوشتێکت بوێت بیکڕیت. کریار شت دەکڕێت، فروشێار دەبێت ڕێز لەخواستەکانی بگریت و گەنووگۆی پێنفروشێت، ئهمجوُرەهەڵوێستانە بەشێکن لەگەڵنەدلی و فروشیاڕەکان پارهیەک وەردهگرن، کە لەدین و دنیادا حەرامە، چونکە کە دەییتهوە ماڵەوە، بەشێکی بەکەڵک نایەت دەبێت فرییان بدهی، زۆر سەیرەلەکۆمەڵگەی مەدەنییدا خاوەن سوپەرمارکێتەکە سی جۆر باج دەدا، دوو بەشی قازانجەکەی دەڕوات بۆ کۆمەڵگه، دەبێت خەسڵەتی کەلوپەلەکانی پلە یەک بن. کەچی لای خۆمان، کەلوپەلەکانیان نەک گەڕانەوەی بۆ نییە و لەقازانجەکانیان باج نادەن، سەرهڕای ئهمەشتی خراپی بێ خەسڵەت دەفڕۆشن و جاری وا هەیەشت کڕینەکە وەکو ئهوە وایەپارهکەبخەیتەناو گوُمهوە یان لەقومارا دۆڕاندبێتت.
ناڕەزایی
ناڕەزایی بەسەر لێوی هەموو کەسێکەوە هەبوو، ناڕەزایی یەکێکە لەو باسانەی، کە بەبەردەوامی دووپات دەبووەوە لەناو خەڵکیدا: (پارەو ئەرزە و پایەدەبەخشریتەوە)، (دامەزراندنی بێ بەرهەم بەبەردەوامە و تا بڵێی زۆرن لەفەرمانگە گشتییەکاندا)، (هی وا هەیە٣ جار ئەرزەی وەرگرتووە کەچی هەر ناڕازییە، لەحەفتاکاندا عەرەبانەی (تریشقه)ی نەبووە کەچی ئێستا بەسەیارەی بەڕزی مۆدێل بەڕز ڕازی نییە). (بەپەنهنا حکومەتی کوردی گەندەڵ نییە، میللەتەکە خراپترە)، (ئەمانەی گۆڕان، هەر یەکێتییە کۆنەکانن). (لەکوردستان، دەوڵەت پارەدەبەخشێتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویست بێت، بۆ ئەوەی جەماوەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و لایەنگر بۆ خۆیان زیاد بکەن).
بەبەخشینەوە بەبەردەوام و لەلایەکی ترەوە ئهمجوُرەهەڵسوکەوتانەئهنجامی خراپ و گێچەڵی زۆری لەناو کۆمەڵگەکەمان ناوەتەوه.
هەندێک لەوانەی کە بەخشینیان وەرمگرتووە بەکەمی دەزانن. ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون و هیچیان وەرنەگرتووەدەچنەناو بەڕەی ناڕەزاکانەوە. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانەی کە دەبێتەهۆی ئەوەی ناڕەزاو ناحەزانی دەسەڵات بەبەردەوامی لەزیادبووندا بن.
ئەو ناڕەزاییەی کە من تێبینیم کردووەلەناو میللەتدا، هەتا ئەو کەسانەشی گرتووەتەوە کە سوودمەندن، ئهمەیە بؤتەهۆی ئەوەی کە جێگوڕکی زوو زوو رووبدات لەنیوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا، دوێنێ ئۆپۆزسیۆنه، ئەمرۆ لایەنگری دەسەڵاتەیان بەپێچەوانەوەیە.
بەمانایەکی تر، ڕق و کینه، ئێرەیی و بەخیلی، ناکۆکی شەخسی وا لەخەڵکی دەکات، وەک ئاو خواردنەوە سەنگەر بگوڕن، بەمانایەکی تر، ئهم کەسانەلەهەر سەنگەرێکدا بن دەبنەکێشە بۆ ئەو سەنگەرانه، چونکە زۆربەی ئەم هەڵپەرست و داخ لەدڵانەزیانیان لەسوودیان زیاتره.
داهاتوو
وڵات دەبێت بەیاسا بەڕێوەبڕێت و بوونی یاساش ڕۆڵێکی کاریگەر نابینی ئەگەر ئەندامانی کۆمەڵ ڕێزی لێ نەگریت و پەیرەوی نەکات و نەبێت بەبەشێک لەژیانیان، مەحاڵەئیدارەی کوردی کاروباری بەڕێوەبڕێت ئەگەر بێتو ئەندامەکانی پشتی یاسا هەرەوەزییەکان نەکڕێت. تەنهنا لەڕێگەی پولیس و دادگاو سزادانەوە ناکرێ ئارامی و ئاسایش و پاراستنی مافی تاکی کۆمەڵ لەکۆمەڵگەی مەدەنییدا بپارێزرێت.
بۆ نموونه: وریایی گشت خەڵکی کوردستان و کۆمەککردنیان و هەست بەپرسێاریتی دژی تیرۆرکردن بووەتە یارمهتیدەرێک، کە کاری تیرۆریستی کەمتەر کردۆتەوە لەشارەکانی کوردستان. بەهەمان شێوەدەبێت هاووڵاتیان پەیرەوی و کۆمەککردنی یاسا هاوبەشەکانی تری کۆمەڵگە بکهن بۆ ئەوەی تەنهنا هەر تەنهیا مەڕەکەبی سەر کاغەز نەبێت.
کۆمەڵگەیەک داهاتوویەکی دیاری نییە ئەگەر بێت هەر بەکاربەر بێت. بەواتایەکی تر هەڕ وزەی لێ دەڕچێت و هیچ نەیەتەوەشوێنی، ئەوەی کە گرنگ بێت لەسیستمی دیموکراسیدا ئەوەیە کە داهاتوو بپارێزرێت. بوونی توانایەکی بەرهەمهێنەر لەڕووی گەشەکردنی پیشەسازی و پێشخستنی کشتوکاڵییەوە، پشتیبەستن بەخۆ زەمینەیەکی چاک خۆش دەکات بۆ پاراستنی داهاتووی کۆمەڵەکەمان. وڵاتێک هەڕچەندەبەتواناش بێت، دەبێت توانای بەرهەمهێنان و داراییەکی بەهێزی هەبێت بۆ ئەوەی لەدواڕۆژو کاتی تەنگانەدا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
بێگومان کۆمەڵێک هەمووی ناتوانی بەرهەمهێنەر بێت. هەروەها ناش بێت ئەگەر هەر هەمووی بۆ ورگی خۆی بژی، لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا کۆمەڵێک گرووپی لاواز هەیه، کە کۆسپی تایبەتیان هەیەو ناتوانن بەشداری بەرهەمهێنان بکهن، دەبێت کۆمەڵگەچاوی لەمانە بێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.
بێکاری خۆی گیروگرفتێکی ترتناکه، کە کار دەکاتەسەر سیستمی دیموکراسی و هەموو کەسێک دەبێت دەرامەتێکی هەبێت، کە خۆی پێ بژێنێ. لەهەمان کاتدا ناکرێ هەر لەبەر ئەوەی کە مووچەی هەبێت دابمەزرێت لەفەرمانگەکاندا.
بۆیە بوونی فەرمانگەی کۆمەڵایەتیش مەڕجەبۆ ئەوەی ئاگای لەوانە بێت کە بێکارن، کە بێکار بوویت روودەکەیتە ئەو فەرمانگەیە مانگانە مووچە وەردەگریت تا کارێکت بۆ دەدۆزێتەوە، بە ئارەزووی خۆت نییە بڵێی من ئەم کارە ناکەم، ئەگەر نەتکرد مانگانەکەتی لێ دەبرن.
فەرمانگەی وا هەیە بەچوار کەس دەبرێ بەڕێوە، کەچی دوو سەد کارمەند کاری تێدا دەکات، (بەردەست) خەریکی چایی هێنان و بردنە، ئەمە گەورەترین سووکایەتییە لەکۆمەڵگەی مەدەنیداو تەنانەت سەرۆک کۆماریشیان بەردەستی نییە، لای خۆمان بەڕێوەبەر شووفێری تایبەتی هەیە وەکو ئەوەی جەنابی بەڕێوەبەر قاچی نەبێت خۆی بروات بۆ سەر کارو یاخود بە (پاس) هاتووچۆ بکات.
بەکورتیەکەی سیستمێک کێشەی گەورە دەنێتەوە ئەگەر لەداهاتوودا هاوسەنگییەک دروست نەکات لەهاوردن و ناردندا، هەڵبەتە ئەمرۆی کوردستانی ئیمە ئەم بۆژانەوەی ئێستای کە بەخۆیەوەدەبینێ بەخەیالی هیچ کەسێکماندا نەهاتووه، میللەتی کورد ناهەمواری و مالوێرانی زۆری بینیوە، بۆیە ئەم فرسەتەی کە بۆمان هەڵکەتووەهیوای گشت لایەکە کە لەدەست دەرنەچێت. ئێستامان گرنگە بەڵام داهاتوومان گرنگتر.
ئەو بودجە زەبەلاحەی کە مرۆکە لەبەردەستایە بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کارگەی پێشەسازی گەورەو کۆمپانیای دەوڵەتی و نیشتەجێبوون لەشارەکانی کوردستاندا. پشتبەستن بەخۆو هەوڵدان بۆ گەشەکردنی بەڕەبوومی کشتوکاڵی، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا میللەتەکەمان بتوانی ڕادەی نیوخۆی تێر بکات لەزۆربەی پێداویستیەکانی و توانای هەبێت لەداهاتوودا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیشی بنێرێتە دەرەوە.
ئاشتبوونەوە
یەک سەدەو نیو، لە باشووری ئەفریقا، سپییە ئەوروپییەکان وەک ئاژەڵ و کۆیلە ڕەفتاریان لەگەڵ ئەفریقییەکان کردووە. دوای سەربەخۆیی، نیلسۆن مەندێلا کۆنگرەی ئاشتبوونەوەئەنجامدراو لەو ڕۆژەوە ڕق و کینەو گیانی تۆڵەسەندنەوە چووە ناو پەڕەی مێژووەوە.
ئەوەندە ئیختیلاس و لادان لەیاسا لادەر هەیە لەکوردستان، بڕواناکەم کەماکەسمان دەستدەکەوێت وەکو (حەزرەتی مەسیح) ئەوەندەپاک بێت، کە بتوانیت بەردی سزادان بوەشێنێت، بەواتایەکی تر هەر کەس لادانێکی یاسایی کردبێت لەکوردستان و لێی بپرسرێتەوە، دەبێت بەندیخانەیەک کە ئەوەند ەگەورە بکەینەوە، لە شاری سلێمانی گەورەتر بێت.
ئەوەی چوو چوو، ئێستاو داهاتوومان گرنگە، لەهەمووی گرنگتر ئاشتبوونەوەی گشتییە، کۆنگرەی (ئاشتبوونەوەی نیشتمانی) بەقازانجی میللەتەکەمان دەشکێتەوە، ئەوانەشی کە بەرپرسیاربوون لەگەندەڵی، یان لایانداوە لە یاساو مافی مرۆڤ، لێیان ببورێت و پەڕەیەک ی تازەی پێکەوەژیان لەمێژووی میللەتەکەماندا هەڵبدرێتەوە.
دوا وته
ئامانجی باسەکەم ڕەخنەگرتن و کەمووکوڕی دەرخستن نییە، بەڵکو خستنەڕووی بینینێکی نوێیە، هەوڵدانێکە بۆ نزیککردنەوەو تێگەیشتن لەیەکەتری ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و جەماوەرە، بیرخستنەوەی لێپرسراوانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنه، کە سەنگەر لەیەکگرتن بەزیانی میللەتەکەمان شکاوەتەوە، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەستی چەپ و راستی جەماوەرن و دەبێت بۆ هەمان مەبەست کاربکەن و لەخاڵە هاوبەشەکاندا یەکبن. بۆ نموونه: یەکدەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەبەغداد، هەروەها کۆمەڵکی یەکتری کردن لەهەڵسوورانی کاروباری ڕۆژانەی کۆمەڵگەکەماندا، لاوازبوونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، لاسەنگی لەسیستمی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات. بەداخەوە ئەو ململانێ و دوژمنایەتی یەکتری کردنی نێوان ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات، لەلایەکەوە ڕەفتارێکی پروُفیشنالی نییەو لەلایەکی تریشەوە شکستیان هێناوە لەدۆزینەوەی زمانی دیالۆگ و لە یەکتر گەیشتن.
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا (ئۆڵف پاڵمی) جەختی لەسەر گرنگی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن کردوو وتی (ئێمەی سۆسیال دیموکرات حەزدەکەین لەسەدا پەنجا کەمتزمان هەبێت، ئێمەنامانەوێت ببیین بەحزبێکی دیکتاتۆرو بەخواستی خۆمان بڕیار دەرکەین، کۆمەڵگەپێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هەیە، گرنگی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لەوەدایەهەندێک لەو کەمووکوڕییانەکە ئێمەنایبینین، ئەوان ئاگادارمان بکەنەوە).
سەردەمی ئێستا سەردەمی جیهانگیرییەو پێداویستی و داوای خەڵکی کۆتایی بۆ نییە، موبایل و ئینتەرنێت دنیای بچکۆلە کردۆتەوە، قەیرانی ئابووری و بێ ئیشی و گەندەڵی چۆکی (بەئیتالیا) و یۆنان) و وڵاتێکی وەکو ئەمریکاو ژاپۆن هێناوه.
لەمانگی ڕابردوودا بانکی ناوەندی متمانەی قەرزپێدانی ئەمریکای چەند پلەیەک نزمکردەوه، کاردانەوەی ئەم ئیجرائاتەسەراانسەری ئابووری جیهانی خستۆتەمەترسییەوە، پارتی کۆماری ئەمریکی لەم قەیرانەدا وەکو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن دوژمنایەتی دیموکراتەکانی نەکردووەو بەپێچەوانەوە هەوڵیانداوە پێکەوەقەیرانی وڵات چارەسەربکەن.