2014 ساڵێکی رەش بوو بۆ پێکهاتەی ئایینی ئێزدییەکان لە شوێن و مەئوای خۆیان، ئەوان وەک پێکهاتە و گروپێکی کوردی ئایین جیاواز کە بەردەوام مکوڕییان لەسەر ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان دەکرد و هۆکاری هیچ جۆرە زیانێک نەبوون بۆ دەوروبەر، کەوتنە بەر دڕندانەترین پەلاماری سیستماتیک لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام "داعش" و بە هەموو پێوەرێک جینۆسایدکران.
سەرەتای پەلامار و تاوانەکە لە 3ی ئابی 2014 دەستیپێکرد و لە 14 و 15ی ئابدا گەیشتە ترۆپکی بەربەرییەت، ئەوکاتە ئێمە لە ماڵپەڕی "جینۆساید کورد" بە هاوکاری ماڵپەڕی "بەحزانی نێت" و گروپێکی چالاکوانی ئێزدی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بە سەرپەرشتی "قیدار نەمر جوندی" و پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ توێژەر و نووسەر "داود موراد خەتاری" و سەردانی مەیدانی، توانیمان بەشێک لە تاوانەکە دۆکیۆمێنت بکەین کە ئەنجام لە "3" کتێبدا چاپ و بڵاوکرانەوە و دووانیان وەرگێڕدران بۆ زمانی "ئینگلیزی، پۆڵۆنی و فارسی".
ئەمەم لەبەرئەوە گێڕایەوە تا بچمە سەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە ئاوایی "کۆچۆ" کە یەکێک لە کتێبەکانمان تایبەت بوو بەم لایەنەی تاوانەکە.
رەنگە پرسیاری ئەوە بکرێ و بوترێ بۆچی ئاوایی کۆچۆ بە تایبەت، لە کاتێکدا تەواوی ناوچەی ئێزدیی نشینەکان ئامانجی پەلامارەکانی "داعش" بوون و ئەوەی پێیان کرا و دەستیان پێیگەیشت، لە "کۆمەکوژکردن، تاڵانی و دزینی سەروەت و سامانەکانیان، رفاندنی کچ و ژنەکانیان و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە، تەقاندنەوە و هەڵتەکاندنی شوێنە پیرۆزەکانیان، گۆڕینی دیموگرافیای نیشتەجێبوون و تێکدانی ژینگە و سروشت و دابونەریتی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی ئایین بە تۆبزی، ئاوارە و دەربەدەرکردن" و زۆری تر!، وەڵامەکە بۆ ئێمە ئاسانە، چونکە لە رێگەی کنەوپشکنین و کۆکردنەوەی زانیاریی و دۆکیۆمێنتەکانەوە، زوو لەوە تێگەیشتین لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مرۆیی و ئەخلاقیداین و نابێت لێی رابکەین، ئەگەرچی هەر ئەوکاتیش زۆر بەرپرسی باڵا هەبوون پێیان وابوو بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێمە زیادڕەوی دەکەین و لە قەبارەی خۆی زیاتر تیشک دەخەینە سەر تاوانەکە بە گشتی و ئاوایی کۆچۆ بە تایبەتتر!.
ئێستا و لە یادی "12" ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بە گشتی و ئاوایی کۆچۆ بەتایبەتی، تەنیا ژمارەی قوربانییەکانی "کۆچۆ" لە چوارچێوەی تاوانەکانی "داعش" دەخەینەوەڕوو تا بزانن ئەوکات ئێمە زیادەڕۆیمان کردووە، یان هێشتا نەتوانراوە گەورەیی و کاریگەریی و قەبارەی تاوانەکە وەک خۆی ببینین و لێکۆڵینەوە لەت ێکڕای رەهەند و لێکەوتەکانی بکەین.
تەنیا لە ئاوایی کۆچۆدا لە 14 و 15ی ئابی 2014دا، ئەمەی بەردەست ئەنجامی تاوانەکەیە "ژمارەی خانوو 197، ژمارەی دانیشتووان 1738، ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراون 1200، ژمارەی کۆمەڵکوژکراون 397 کەسن کە 309 کەسیان لە رەگەزی نێر و 88 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون.
ژمارەی ژنی کۆمەڵکوژکراو لە گۆڕی سۆلاغ 76، ژمارەی منداڵی کۆمەڵکوژکراو لە کۆڕی بەکۆمەڵی سۆلاغ 13، ژمارەی رزگاربووان لە گۆڕی بە کۆمەڵ 19، ژمارەی رزگاربووان 667، ژن و منداڵی کچی رزگاکراو 444، رەگەزی نێر گەورە و منداڵ 225، ژمارەی منداڵی ئێزدی بە زۆر چەکدارکراو 120، ژمارەی رزگاربووان پێش کۆمەڵکوژی 527، ژمارەی ئەوانەی لەژێر دەستی داعش خۆیان کوشتووە 9، ژمارەی منداڵی تاقانەی بەجێماو 42، ژمارەی خێزانی سەرپاک کۆمەڵکوژکراو 63، ژمارەی ئەو خێزانانەی یەک کەسیان رزگاربووە 47، ژمارەی خێزانی بەدیلگیراو کە یەک کەسیان رزگاری بووە 17، کۆی گشتی کوژراو 557، ژمارەی کۆی رزگاربووان 667، ژمارەی بێسەروشوێنکراو تائێستا 98 ژن و کچ، ژمارەی گەنجی بێسەروشوێنکراوی پیاو تائێستا 61، ژمارەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆچۆ 17" ! ئێستا خوێنەری ورد؛ کەمێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە وەردەگرێتەوە بۆچی ئاوایی کۆچۆ لە چوارچێوەی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا لەلایەن "داعش" بە تایبەت و لەمەش گرنگتر ئەوەیە، کەی رای گشتی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی دۆسێی جینۆسایدی ئێزدییەکان دۆسێی تەواوی گەلی کوردستانە و پێویستە هۆکار و بکەر و یارمەتیدەریش لەدۆسێیەکە رابکێشرێتە بەردەم دادگایەکی دادپەروەر و هەریەکە و بەپێی رێژەی تاوانەکەی سزا وەربگرێ.