رەحیم حەمید عەبدولكەریم

تاوانەکانی جینۆساید کە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق دژ بە گەل و خاک و ئاو و هەوای کوردستان ئەنجامیانداوە، چەندین شێوازی لەخۆگرتبوو، ترۆپکی دڕندایەتییەکانیان لە سەردەمی حوکمی بەعسدا ئەنجامدرا؛ ئەویش خۆی لە راگواستنی زۆرەملێی دانیشتووانی گوندەکان، کیمیابارانی هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە و ئەنجامدانی جینۆسایدی ئەنفالدا دەبینێتەوە، ئەو پرۆسەیە بێگومان بە گەورەترین تاوانی رێکخراو لە مێژووی عیراقی نوێدا دادەنرێت، لەم تاوانەدا تەنیا مرۆڤی کورد نەکرایە ئامانج، بەڵکو ئەو ژینگەیەشی کرایە ئامانج کە تێیدا دەژی؛ وەک بینای گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، رەز و دارستان و باخەکانیان، تۆڕی رێگەوبان، سەرچاوەکانی وزە و سەرچاوە ئاوییەکانیان و ... هتد.

 
"150 گوند لە قۆناغی یەکەمی ئەنفال، 235 گوند لە قۆناغی دووەم،
515 گوند لە قۆناغی سێیەم، 300 گوند لە قۆناغەکانی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەم،
450 گوند لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفال رووخێنراون،
ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە ژمارەکە بە 663 گوند باس دەکەن"

 

هەر لەبەرئەوە، لێکۆڵینەوە لە بواری جینۆساید، بە تایبەتی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ، نابێت تەنیا پەی بە رەهەندە مرۆیی و سیاسی و یاساییەکانی ببرێت، بەڵکو پێویستە رەهەندە ژینگەییەکانی ئەو ناوچانەش بخرێنە بەر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، نەک تەنیا بۆ دیاریکردنی قەبارەی تاوانەکان، بەڵکو بۆئەوەی چارەسەری گونجاویشیان بۆ دەستنیشانبکرێت و رووبەڕووی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێتەوە، بۆ بنەبڕکردنی ئەو داڕمانە ژینگەییە بەرفراوانە، چونکە رووخاندن و کپکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لە کۆمەڵگەی «لادێ»دا، بریتییە لە کپکردنەوە و لەناوبردنی یەکێک لە مەرجەکانی بەردەوامبوونی ژیان و سەقامگیری و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لەو کۆمەڵگەیەدا. لەبەرئەوە دەبێت لەوە بکۆڵینەوە کە تا چ رادەیەک تاوانەکانی جینۆساید توانیویانە ژێرخانی سەرچاوەکانی ئاو لە کوردستاندا لەناوببەن؟ هەروەها کاریگەرییە درێژمەوداکانیان لەسەر دانیشتووان، کشتوکاڵ و سەقامگیریی ژینگەیی چییە؟ ئایا ئەوە کاریگەری لەسەر دووبارە ژیانەوەی گوندەکانمان ناکات کە بەداخەوە تا ئەمڕۆ ژیان تێیاندا ئەستەمە، یان ژمارەی دانیشتووان تێیاندا زۆر کەمە.
تاوانەکانی جینۆساید تەنیا زیانی مرۆیی و دیمۆگرافی نەبوون، بەڵکو داڕمانێکی گەورە و فراوان بوون لە پێکهاتەی ژێرخانی ئاو لە چوارچێوەی گوندەکانی کوردستاندا. ئەمەش بەهۆی تێکدان و لەناوبردنی راستەوخۆی سەرچاوەکانی ئاو، وەک: کانی، بیر، کارێز، کەناڵە ئاودێرییەکان، جۆگە و رووبارەکان، هەروەها دوورکەوتنەوەی دەستی مرۆڤ لە پاراستن و چاککردنەوەی ئەو سەرچاوانە بووە پەکخستنی هەر هەموو ئەمانە بێگومان بووەتە هۆی وەستانی ژیان و چۆڵبوونی گوندەکان، چونکە ئاو بە مانای ئاوی خواردنەوە و خۆشتن، ئاودێریکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئاودانی ئاژەڵی ماڵی و کێوی، پەرەپێدان بە بواری باخداری و ... هتد، بنەمای بەردەوامی ژیانە.
کەواتە رووخاندن و راگواستنی زۆرەملێ هۆکار بووە بۆ رووخان و کپکردنی سەرچاوەکانی ئاو و وەستانی پرۆسەی ئاودێریکردن، ئەمەش لە ئەنجامدا بووەتە هۆی دواخستنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، لەناوچوون و کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵ، کەمبوونی دانیشتووانی گوندەکان و بگرە، دووبارە گەڕانەوەیان بۆ شار و ئۆردوگاکان. بەمەش کۆمەڵگەی لادێ تووشی داڕمان و داڕووخان هات.
لەبەرئەوە تاوانەکانی جینۆساید، بە تایبەتی تاوانەکانی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ، جۆرێک لە دابڕانی لەنێوان مرۆڤ و شوێن و ئاودا دروستکرد، چونکە ئەو تاوانانە تەنیا مرۆڤیان نەکردە ئامانج، وەک تاکێک، بەڵکو مەرجەکانی ژیانیان لەو شوێنەدا کردە ئامانج، بێگومان ئاو یەکێک بووە لەو مەرجە سەرەکییانە. بەپێی فەرمانێکی مەکتەبی باکووری حزبی بەعس، بە ژمارەی 28/3650 لە 3/6/1987ز، کە ئاراستەی دەزگا جۆراوجۆرەکانی کرابوو، لە خاڵی سێیەمدا هاتبوو: «دوای تەواوبوونی وەرزی زستان، کە دەبێت لە 15/7 دروێنە تەواو کرابێت، دوای ئەوە نابێت کشتوکاڵ لەو ناوچانە بکرێت». لە خاڵی چوارەمیشدا هاتبوو: «نابێت ئاژەڵ لەو ناوچانەدا بلەوەڕێنرێت».
دوای ئەو نووسراوە، نووسراوێکی تریش بە ژمارەی (4008)، لە رێکەوتی 20/6/1987ز، بڵاوکرایەوە و ئاراستەی فەیلەقەکانی یەک و دوو و پێنجی سوپای عیراق و هەموو دەزگا ئەمنییەکان کرا، لەو نووسراوەدا هاتووە لە رێکەوتی 21/6/1987ەوە، ئەو گوندانەی کە دانیشتووانەکانیان راگوێزراون و بوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو، دەبێت ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبارەیانەوە جێبەجێبکرێت، لە خاڵی دووەمدا هاتووە: «ئەم شوێنانە بە ناوچەی عەمەلیات دادەنرێن و بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ تێیاندا بە تەواوی قەدەغە دەبێت و هێزە چەکدارەکان بەبێ هیچ بەربەستێک دەتوانن دەستیان لێبکەنەوە تا راسپاردەی تریان لەلایەن مەکتەبەکەمانەوە بۆ دێت»، هەروەها لە خاڵی سێیەمدا هاتووە: «هاتوچۆکردن بۆ ئەم ناوچانە، هاوکات هەر چالاکییەکی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی و پیشەسازی قەدەغە دەبێت و بە چاکی لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە چاودێری دەکرێت»، لە خاڵی چوارەمیشدا هاتووە: «فەرماندەی فەیلەقەکان پەیڕەوی بۆردومانی کوێرانەی ئەو ناوچانە دەکەن و تۆپخانە و هەلیکۆپتەر و فڕۆکە هەموو کاتێک، بە شەو و بە رۆژ بەکاردێن، بۆئەوەی گەورەترین ژمارەی ئەو کەسانە بکوژن کە لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندان و ئێمەش لە ئەنجامەکان ئاگادار بکەنەوە».
هەر لە دوای ئەو بڕیارەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەم رژێمە ستەمکارە توانی هەزاران گەنج و پیر و ژن و پیاوی ئەم میللەتە بخاتە زیندانەوە، یان لەسێدارەیان بدات، یان بێسەروشوێنیان بکات، هەروەها توانی نزیکەی 5000 گوند بڕوخێنێت و لەگەڵ زەویدا تەختیان بکات، لەگەڵ مزگەوت و خوێندنگە و کانی و بیر و بینای جۆراوجۆر و دانیشتووانەکانیان بگوازێتەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان و لە خاک و ئاو و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژینگەی خۆیان بێبەرییان بکات.
ناوچەکەش بووە شوێنێکی قەدەغەکراو لە کوردستاندا، هەروەها جگە لە گوندەکان، چەندین شار و شارەدێش، وەک ئەو گوندانەیان لێکرا، گەورەترینیان قەزای قەڵادزێ بوو، رژێمەکە هەر لەو ماوەیەدا ژەهری کیمیایی، بە شێوەی شل و بە شێوەی گازی و ... هتد، بەسەر دەیان شوێنی جیاجیا لە کوردستاندا بەکارهێنا و هەزاران مرۆڤی بێتاوان تێدا لەناوچوون و سووتێنران و کەمئەندام بوون، هەروەها دەستیکرد بە ئەنجامدانی گەورەترین و زەبەلاحترین پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلێک؛ ئەویش پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال بوو، کە بە هەشت قۆناغ لەنێوان رێکەوتی 23/2/1988 تاکو 6/9/1988 ئەنجامیدا، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا خراپترین هەڵسوکەوتیان ئەنجامدا، لە دڕندایەتی و فراوانییەوە کەم‌ وێنە بووە، لەو ماوەیەدا توانی 182 هەزار تاکی کوردی بێتاوان ئەنفال بکات، دواتریش بێسەروشوێن، یان زیندەبەچاڵیان کردن.
ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین، کاریگەریی تاوانی جینۆساید و ئەنفالە لەسەر کایەی ئاودێری و کشتوکاڵ کە کۆڵەکەی سەرەکیی ئابووریی کوردستانە، ئەم کاریگەرییە لە خاڵەکانی خوارەوەدا دەبینرێتەوە:

یەکەم: لەناوبردنی هێزی کار لە گوندەکاندا
نزیکەی چارەکە ملیۆنێک گوندنشین بێسەروشوێن بوون و نزیکەی 1.5 ملیۆن گوندنشین تووشی پرۆسەی بارکردن و راگواستنی بە زۆر بوون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، لە ئەنجامدا پیشە رەسەنەکەی خۆیان، کە ئاژەڵداری و جووتیاری بوو لەدەستدا.
بۆ نموونە، 150 گوند لە قۆناغی یەکەمی ئەنفال، 235 گوند لە قۆناغی دووەم، 515 گوند لە قۆناغی سێیەم، 300 گوند لە قۆناغەکانی چوارەم وو پێنجەم و شەشەم و حەوتەم، و 450 گوند لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفال رووخێنراون، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە ژمارەکە بە 663 گوند باس دەکەن.
هەروەها، لەکاتی کردەکانی ئەنفالی هەشتەمدا، رژێمی بەعس لە 6/9/1988 بڕیاری لێبوردنی گشتیی راگەیاند، بەڵام لە راستیدا هەر بەردەوام بوون لەسەر سووتاندن و رووخاندنی گوندەکانی بادینان و دارستان و باخەکانیان و سەرچاوەکانی ئاویان پڕ دەکردەوە، تا وایلێهات ئەو ناوچەیە ئیتر بەکەڵکی ژیان نەیەت و تەنانەت ئاژەڵەکانیش ناوچەکەیان بەجێهێشت.
لە سنووری ئەو گوندانەی کە سەر بە پارێزگای کەرکوک بوون، لەنێوان ساڵانی 1980–1988ز، 781 گوند وێران کران و شەش سەنتەری ناحیە و 39,178 خانوو رووخێنراون، هەروەها 52 کۆگای ئاو، 75 مەکینەی ئاش و 135 بیری ئاو لەناو بردراون و 1,435 باخی بەری سووتێنراوە، هەزاران تراکتۆر دزراون، هەروەها 472,770 سەر ئاژەڵ و 1,500 سەر رەشەوڵاخ، لەگەڵ 570 تۆن گەنم دزراون.
هەروەها زۆربەی زۆری سەرچاوەکانی ئاو، وەک بیری ئاسایی و بیری ئیرتیوازی، ترومپای ئاو، کەناڵەکانی ئاودێریی ئاسایی و هاوچەرخ و جۆرەها سیستمی ئاودێری، جۆگە و جۆگەلەکان، بەهۆی دزین و لەناوبردن و فەرامۆشبوونیان، لە کار کەوتن و پەکیان کەوت، بە واتایەکی دیکە ژێرخانی ئاو لەو ناوچانەدا کپ بووەوە و داڕمان.

دووەم: قەدەغەکردنی ژیان و چالاکییە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکان
بەپێی بڕیاری بەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش/نووسینگەی رێکخستنی باکوور، بە ژمارەی (4008) لە 20/6/1987دا، هەموو گوندەکانی کوردستان بە ناوچەی قەدەغەکراو دانرا و هەموو بوونێکی مرۆڤ و ئاژەڵ تێیاندا قەدەغە کرا، ئەوەی بەر چنگ بکەوتایە، سەرنگون دەکرا.
ئەمەش کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی لەسەر ئاستی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەو ناوچانەدا هەبوو و بە یەکجار ژیانی تێدا وەستا، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی و سێ ملیۆن دۆنم زەویی لەوەڕگا لەکار کەوتن.

سێیەم: زیانی گەورە بە ئاژەڵداری
گەورەترین زیان لە ئاژەڵداریی ناوچەکەدا بەهۆی دەستبەسەراگرتنی ئاژەڵەکان، گواستنەوەیان، یان فرۆشتنیان بە نرخێکی هەرزان، کەوت، ئەوەی شایانی باسە، تا ئەمڕۆش بە هیچ شێوەیەک ژمارەی ئاژەڵ نەگەڕاوەتەوە سەر ئاستی خۆی. ئەمەش دیارە بە هۆکارگەلێک کە لە سەرووی هەموویانەوە، لەدەستدانی مرۆڤی گوندنشینە.

چوارەم: وشکبوونەوەی باخ و دارستانەکان
هەموو ئەو باخ و دارستان و جەنگەڵانەی کە بەجێهێڵران و هاتوچۆکردن تێیاندا قەدەغە کرا، زۆربەی زۆریان تووشی وشکبوون، بەم شێوەیە، زیانی بواری دارستان و باخداری وایکرد کە دەشتاییەکان زیاتر رووتەڵ ببنەوە.

پێنجەم: سیاستەکانی رژێمی بەعس دژ بە موڵکداریی زەوی کشتوکاڵی
یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی باری کشتوکاڵ و ژێرخانی ئاو لە کوردستان بۆئەوە دەگەڕێتەوە، رژێمی بەعس هەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتەوە، هەوڵیداوە کورد دوور بێت لە موڵکداریی زەوی کشتوکاڵی.
لەوانەش دەرچواندنی یاسای ژمارە (117)ی ساڵی 1970ز بوو، کە زەویی کشتوکاڵی بە شێوەی کۆمەڵ بە جووتیار دەدا و جووتیاری کورد بە هیچ شێوەیەک سنووری رێکوپێکی زەوییەکەی خۆی نەدەزانی. تەنیا بە دوورکەوتنەوە لە ماوەی یەک وەرزدا، زەوییەکانی لێ دەسەندرایەوە.
دواتریش، دوای نسکۆی شۆڕشی کورد، یاسای ژمارە (90)ی ساڵی 1975ی دەرچوواند، کە بە هەمانشێوە لە دژی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی جووتیاری کورد بوو، لێرەدا بوار نییە بە درێژی باسی لێوە بکەین.

شەشەم: لەدەستدانی پیشە و چالاکییە ئابوورییەکانی گوندنشینان
گوندنشینەکان جگە لە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، پیشە و چالاکی دیکەشیان دەکرد، وەک وشککردنەوەی میوەی جۆراوجۆر، وەک هەنجیر و مێوژ، دروستکردنی دۆشاوی جۆراوجۆر، دروستکردنی پەنیر و کەشک و ساوەر و قەرەخەرمان، گەیاندنی خوری بۆ پیشەسازی، کاری چنینی جۆراوجۆر، بەخێوکردنی هەنگ و پەلەوەر، وەک قاز و قەل و مراوی و کۆتر و ... هتد.
بێگومان فەرامۆشکردنی ئەم چالاکییە ئابووری و پیشەییانە زیانی گەورەی بە ئابووریی کشتوکاڵ و ژینگەی فرەچەشنی کوردستان گەیاندووە.

حەوتەم: لەدەستدانی پیشە و شێوازی ژیانکردن
لەدەستدانی پیشە و جۆری ژیانداری و مۆرکی بژێوی، یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی تووشبووی کۆمەڵگەی لادێنشینی کوردستان بوو، چونکە راگواستنی ئەو هەموو خێزانە و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر، دوور لە شوێن و مۆرکی تایبەتی بژێویان، بووە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوەیان لەو شێوازی ژیانە، هەروەها سەختیی گەڕاندنەوەی ئەوان بۆ زێدی خۆیان، بە تایبەتی لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی زۆری بە سەردا تێپەڕبووە و نەوە و وەچەی نوێ پەیدابوون و زۆر نامۆ بوون لەگەڵ ئەو ژینگەیە، ئەمە وایکردووە بە ئاسانی لەگەڵ ئەو ژینگە کۆنەدا  نەگونجێن، هاوکات دامەزراندنیان لە دامودەزگا حکومییەکان، یان دەستکەوتنی پیشەی نوێ کە زۆر دوورە لە پیشەی کۆنیان و ئاسانیی بژێوی لە شار و شارۆچکەکاندا، هەموویان بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان.

هەشتەم: کاریگەریی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو
لە زۆربەی زۆری کردە سەربازییەکانی رژێمی بەعسدا، لەو کاتانەی کە هێرشیان بردووەتە سەر گوندەکانی کوردستان، جا لە قۆناغەکانی تاوانی ئەنفالدا بێت، یان لەکاتی رووخاندنی گوندەکان لە هەر کات و شوێنێک، کاتێک تووشی بەرەنگاربوونەوەی توند بوونەتەوە، یان نەیانتوانیوە ئەو شوێنە داگیر بکەن، پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بێگومان راپۆرتەکانی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە چەندین شوێندا ئاماژەیان بەوە داوە و ئەو راستییەیان سەلماندووە. ئەمەش لێکەوتەی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ لەوانە ژەهراویبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و خاکی ناوچەکە. بەم شێوەیە ئاو و ژینگەی ئەو ناوچانە بۆ بەکارهێنانی مرۆیی بوونەتە شوێنێکی نەگونجاو.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تاوانی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ
کاریگەرییەکانی تاوانی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ، جگە لەو کاریگەرییانەی باسمانکردن، کاریگەریی درێژخایەنیشی لێکەوتووەتەوە؛ وەک کزبوونی هەندێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی لادێ بەهۆی فەرامۆشکردن و چاکسازی نەکردن، هەروەها فەرامۆشکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پاشکەوتی دیمۆگرافی بەدوای خۆیدا هێناوە و سەرەنجام، سەرهەڵدانی لاوازیی گەشەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
لەبەرئەوە ئەم تاوانانە پاشکەوتێکی قورس و کاریگەریی خراپیان دروستکردووە، قورستر لە کردە سەربازییەکانی رژێمی بەعس، هەروەها سەرچاوەی زانیاریی دروست و گشتگیر دەربارەی تاوانەکان و ئاسەوارەکانیان بە شێوەیەکی رەسمی  لەبەردەستدا نییە و بە ئاسانی دەست ناکەون، بە تایبەتی دەربارەی زیانەکانی سەرچاوەکانی ئاو، لە کانی و کارێز و بیر و کەناڵە ئاودێرییەکان و ... هتد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، کاری باشی کردووە لە بواری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و رێگەوبانی مامناوەند بۆ گوندە رووخاوەکان و هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەیان، بەڵام ئەو کارانە بە شێوەی چالاکی و هەوڵێکی گشتگیر نەبووە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازیی تێدا بەدیدەکرێت.
لەبەرئەوەی هەوڵەکان بەپێی پلانێکی گشتگیر نەبوون، ئەنجامەکەشی لە رووی گەڕاندنەوەی دانیشتووان بۆ گوندەکانیان تا ئەمڕۆ شەرمنانە بووە، لەبەرئەوە پێویستە بنەمایەکی زانیاریی و داتای جوگرافیاییی دروست بۆ گوندە رووخێنراوەکان و زیانەکانیان دیاری بکرێت، بە شێوەیەکی زانستی و دروست.
ئەوەش دەبێت لە رێگەی کەناڵە حکومییەکانەوە بکرێت، بە سوود وەرگرتن لە توانای زانکۆکان و رێکخراوە جیهانییە پسپۆڕەکان. لەو چوارچێوەیەدا، شوێنی سەرچاوە ئاوییەکانی کە پێش ساڵی 1988 لە کاردا بوون، دیاری بکرێن و دەتوانرێت لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە گۆڕانکارییەکانی نێوان ئەو رێکەوتە و ئەمڕۆ بەراورد بکرێن.
هەروەها پێویستە سوود لەو زانیارییانە وەربگیرێن کە کەسانی بەساڵاچووی ئەو ناوچانە لەبارەی سەرچاوە ئاوییە کۆنەکانەوە هەیانە. هەروەها تیمی گەڕۆک بنێردرێنە ناوچە جیاوازەکان بۆ دیاریکردنی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە و تائێستا چاک نەکراونەتەوە.
بەم شێوەیە، ئەرشیفێک و بنەمایەکی زانستیی پڕ لە داتا و زانیاری بەردەست دەبێت بۆئەوەی شیبکرێتەوە و پلانێکی گشتگیری بۆ دابنرێت، بۆ مەبەستی چاککردنەوە و گەشەپێدان بە هەر بوارێک لە بوارەکانی سەرچاوە ئاوییەکان لە کوردستاندا.
بەم شێوەیە دەتوانرێت برەو بەو بوارە بدرێت و ببێتە هاندەرێک بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ نێو کێڵگە و زەوییەکانی خۆیان و کاروانی ئاوەدانی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە.

"گەڕاندنەوەی دانیشتووان بۆ گوندەکانیان تا ئەمڕۆ شەرمنانە بووە،
لەبەرئەوە پێویستە بنەمایەکی زانیاریی و داتای جوگرافیی دروست بۆ
گوندە رووخێنراوەکان و زیانەکانیان دیاری بکرێت"


ستراتیژە پێشنیازکراوەکان بۆ چارەسەر
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی گشتگیری پشتبەستوو بەو زانیاری و داتایانەی باسمان کردن، دابڕێژێت لەپێناو ئەمانەی خوارەوەدا:
1-  دابینکردنی ئاوی پاک و خاوێن بۆ خواردنەوە: دابینکردنی ئاوی پاک، ئاسان و خاوێن بۆ خواردنەوە و گەیاندنی بۆ هەموو خانوویەکی ئەو گوندانە، نەک تەنیا هەڵکەندنی بیرێک لە گوندەکاندا و خەڵکەکەی خۆیان ئەرك بکێشن و بچن ئاو بهێنن بۆ ماڵەکانیان.
-2  فەراهەمکردنی ئاوی کشتوکاڵی: فەراهەمکردن و ئاسانکردنی ئاوی کشتوکاڵی بۆ کێڵگەکان، لە رێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاودێریی جۆراوجۆرەوە، وەک:
أ. کۆکردنەوە و هەڵگرتنی ئاو لە رێگەی دروستکردنی بەنداو: دروستکردنی بەنداو بە هەموو جۆرەکانییەوە، بچووک و گەورە و مامناوەند. لە راستیدا زۆربەی زۆری ئاوی بەردەست لە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی رووبارەکان و ئاوی باران و ئاوی توواوەی بەفرەوە دێت و زۆربەی زۆریان لە رێگەی دۆڵ و شیوەکانەوە بەفیڕۆ دەچن و بەرەو خاکەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەڕۆن، بەبێ ئەوەی کۆبکرێنەوە و هەڵبگیرێن.
رووبارێکی گەورەی وەک سیروان تائێستا تەنیا یەک بەنداوی لەسەر دروستکراوە و تەواو بووە، لەگەڵ ئەوەی دەتوانرێت 4–5 بەنداوی لەسەر دروستبکرێت.
هەموو ئەو شاخە بەرز و دۆڵ و شیو و رووبارە وەرزییە بەرفراوانانە، دەتوانرێت سەدەها بەنداوی بچووک و مامناوەندیان لەسەر دروستبکرێت، ئەو بەنداوەی کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستیکردوون، لە راستیدا ژمارەیان کەمە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شوێنە گونجاوانەی کە هەن، لەبەرئەوە پێویستە هەوڵی باشتر بدرێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئاو لە رێگەی بەنداو‌سازییەوە، دەتوانرێت رووبەرێکی زۆر لە خاکی سوتماکی کوردستان بە بەراو بکرێت و سوود لە سامانی ماسی و گەشتوگوزار و زۆرکردنی ئاوی ژێرزەمینی و ...هتد وەربگیرێت و ژیانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، چونکە وەک پێشینان وتوویانە: ئاو و ئاوەدانی.
ب. دروستکردنی پۆند و گۆماو: دروستکردنی پۆند و گۆماو لەو شوێنانەی کە گونجاون. لە راستیدا خاکی کوردستان زۆر گونجاو و شیاوە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە گۆماوانە و بێگومان گوندنشینەکان زۆر سوودی لێ وەردەگرن، بگرە لە هەندێک لادێدا هاووڵاتیان لەسەر ئەركی خۆیان دروستیانکردووە؛ لەبەرئەوە دەکرێت حکومەت لەو بوارەدا هاوکارییان بکات.
3- بەکارهێنانی سیستمی ئاودێریی هاوچەرخ: دانانی پرۆژەی ئاودێریی هاوچەرخ، بە جۆرێک کە بە کەمترین بڕی ئاو، زۆرترین رووبەر بەراو بکرێت، لەو بوارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردەمێک هاوکاریی جووتیارانی دەکرد بۆ کڕینی سیستمی نوێی ئاودێری، بەڵام چەند ساڵێکە ئەو هاوکارییە نەماوە.
لەبەرئەوە زۆر گرنگە، لەژێر چاودێری و رێنمایی فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا، قەرزی ئاسان و درێژخایەن بدرێت بە جووتیاران، بە تایبەتی پێشینە بدرێتە ئەو جووتیارانەی کە کەسو‌کاریان ئەنفالن و لەو گوندانەدان کە پێشتر لە سەردەمی رژێمی بەعسدا رووخێنراون، بۆئەوەی ئەو سیستمانە بکڕن.
4-  بەڕێوەبردنی باشی ئاو و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری: یەکێک لە پلان و ستراتیژە هاوچەرخەکانی جیهان بۆ سوودوەرگرتنی فراوان لە سەرچاوەکانی ئاو، دەستگرتنە بە ئاوەوە؛ ئەویش لە رێگەی بەڕێوەبردنی باشی ئاو، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، لە رێگەی بنکەکانی رێنمایی کشتوکاڵی و هۆکارەکانی راگەیاندنەوە، بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ئاو بە شێوازێکی ئابوورییانە و بەکارهێنانی ئامێر لەو بوارەدا و هتد.....
5-  پاککردنەوە و چاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو: بەرپاکردنی هەڵمەتی بەرفراوان بۆ پاککردنەوە و چاککردنەوە و قووڵکردنەوەی سەرچاوەی سەرچەم و کانی و بیرەکانی کوردستان و فەرامۆش نەکردنی ئەوانەی دوورەدەستن، چونکە ئەو سەرچاوانە جگە لەوەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان سوودیان لێ وەردەگرن، دەبنە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ ئاژەڵە کێوییەکان و باڵندە جۆراوجۆرەکان و بەم شێوەیە ژینگەی کوردستان هەمەجۆر و خاوێن دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو بڕە ئاوانە وەک سەرچاوەی ئاودێریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکاردێن.
6-  چاککردنەوەی کەناڵە ئاودێرییەکان: چاککردنەوەی کەناڵە ئاودێرییەکان و سەربەستکردنیان، بە تایبەتی لەو گوندانەی کە پێشتر رووخێنراون، یان خەڵکەکەی ئەنفالکراون، یان بە زۆر راگوێزراون، ئەویش لەپێناو کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاودا.
7-  پشتگیریی توێژینەوە زانستییەکان: داوا بکرێت لە زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە، توێژینەوەی زانستی پێشکەش بکەن بۆ چۆنیەتی هاوکاریکردنی ئەو ناوچانەی کە تووشی کۆمەڵکوژی بوون، لەبارەی فەراهەمکردنی ئاوی پێویست و لەبەردەست بۆ ژیان و کشتوکاڵکردن. پێویستە لەو پێناوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی ماددی تەرخانبکات بۆ هاندانی ئەو کەسانەی کە توێژینەوەی لەو جۆرانە پێشکەش دەکەن.
8- هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکان: هەوڵبدرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2022، تایبەت بە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک بتوانرێت سوود بە کەسوکاری ئەنفال و جینۆساید کراون بەگشتی بگەیەنێت، هەروەها دەبێت رێنماییی پێویست لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە لە بواری زەوی و زار بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی تایبەت بە مافی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و بێسەروشوێنەکان لەبارەی خاوەندارێتی زەویی کشتوکاڵییەوە دەربکرێت، هاوکات پێویستە هیچ پارچە زەوییەکی کشتوکاڵیی فەرامۆشکراو نەهێڵرێت و هەر هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێن.
9-  زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان: یەکێک لە ئەركە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکان ئەوەیە هەوڵبدرێت بە هەموو شێوەیەک ژمارەی دانیشتووانی لادێ زیاد بکرێت، چونکە بەپێی دواهەمین سەرژمێریی گشتی، کە لە ساڵی 2024زدا کراوە، رێژەی گوندنشینان 15.43 %ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئەمەش لە راستیدا رێژەیەکی مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لە بەشەکانی دیکەی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە پێشتر بە زۆر راگوێزرابوون، یان هەر هاووڵاتییەکی تر کە ئارەزووی هەبێت لە گوند رێژەکەی دەگاتە 29.83 %؛ واتا نزیکەی دوو بەرامبەری رێژەکەی هەرێمە، لەبەرئەوە پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە پێشتر بە زۆر راگوێزرابوون، یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە کە ئارەزووی هەبێت لە گوندەکاندا نیشتەجێبێت، پێویستە حکومەتی هەرێم شایستەیی باش بۆ مەبەستی هاندانی نیشتەجێبوونی گوندەکان تەرخانبکات، جا ماددی بێت، یان مەعنەوی، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییە گرنگ و پێویستەکان بۆ گوندەکان دابینبکات؛ لەوانە ئاو و کارەبا و رێگەوبان و ئینتەرنێت و هتد.
10-  دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزی: دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزی بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و بێسەروشوێنان و ئەوانەی بە زۆر لە گوندەکانیان راگوێزراون، بۆئەوەی لە رێگەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و رێکخراوەیی، خۆماڵی و نێودەوڵەتی، کار بکرێت بۆ بووژاندنەوەی گوندەکانیان و گەڕانەوەی سەربەخۆ و شوێنیش بەردەوام نابێت بەبێ دەرامەتە سەرەکییەکانی. 

کۆتایی
مرۆڤ بەبێ شوێن ناتوانێت بژی و شوێنیش بەردەوام نابێت بەبێ دەرامەتە سەرەکییەکانی. بێگومان ئاو یەکێکە لە سەرەکیترین دەرامەتەکانی شوێن بۆئەوەی ژیان تێیدا بەردەوام بێت.
ئەمەش بۆخۆی نهێنی ئەو پەیوەندییە ژیارییەیە لەنێوان شوێن و مرۆڤ و  ئاودا هەیە، لەبەرئەوە پێویستدەکات دیدگا و تێڕوانینی مرۆڤی کورد دەربارەی تاوانەکانی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێ ئاراستە بکرێن بەرەو تێڕوانینێکی ژینگەیی و ژیاری و ئەو تاوانانە بە تاوان بزانرێن کە دژ بە مرۆڤ و شوێن و دەرامەتەکان کراون کە مرۆڤ بەهۆی ئەوانەوە لە ژیاندا بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەکان:
ئاری جەلال ساڵح، ئەنفال؛ هەوڵێک بۆ جینۆسایدکردنی کورد، گۆڤاری کەرکوک، ژمارەکانی (19) و . (20)
شورش حاجی رسول، الأنفال و دولة العراق، کۆمەڵێک لە وەرگێڕانەکان، گ. 2، چاپخانەی شفان، 2005م.
د. فاتح سەنگاوی، عملیات الأنفال فی کوردستان العراق، گ. 2، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2023م.
مارف عومەر گوڵ، جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر رۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتان، چاپی دووەم، سلێمانی، 2003ز.
محەمەد حمەساڵح تۆفیق، جینۆساید لە عیراقدا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد، هیومان رایتس وۆچ / میدڵ ئیست وۆچ.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەنفال، جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک لە بێدەنگیدا، گۆڤاری هەشتاوهەشت، ژمارە (9–10)، هاوینی 2008ز.
ماڵپەڕی رەسمی وەزارەتی پلاندانانی عیراق.
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، تونی مەرگ، چاپی دووەم، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، سلێمانی، 2004.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved