ئەم کتێبە لە نوسینی نوسەر (د.حەمید عەزیز)ە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١٢ چاپ کراوە.
پەیوەندی کێشە ئامێزی هەردوو کەرەستەی لاهوت و فەلسەفە کە هەردووکیان چەمکن پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ئایین و ژین بەرجەستە دەکەن. لەو پەیوەندییەدا، ئەوەندەی لوابێ، هەوڵدراوە ئەو هەڵکەوتە پشت ڕاست بکرێتەوە کە ئایین دیاردەیەکە لە نێو دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڵام بەوە لەوانی دیکە جیا دەبێتەوە کە سروشتێکی ناچاریی هەیە. هاتنەکەشی هەلومەرج و رەوشی مێژووی پێویستی کردووە. دەبوو ئاینی ئیسلام بە ناچاری هەر بێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی نیمچە رەوشی بەندوکۆیلایەتی هەڵوەشێنێتەوەو قۆناغی فیودالی دابمەزرێنێ. ل٣
زانین و بڕوا:
دانتێ کە خۆی رابەرێکە لەو رابەرانەی بۆ رووناک کردنەوەی تاریکی شەوە زەنگی سەدە سارد و سڕەکانی ناوەڕاست مەشخەڵی پێشکەوتنیان بەرەو راپەڕین هەڵگرتووە، لە کۆمیدی خواوەندیدا وەک بەڵگە ساغی دەکاتەوە کە فەلسەفەی رێبازی بن ڕوشدی لاتینی و رابەرەکەی بڕەبانت لە ئەوروپا رێگای هەڵاتنی خۆری ڕێنیسانسیان خۆشکردووە. دانتێ لە کۆمیدییەکەیدا (بڕەبانت) کە لە لایەن کڵێسەوە بە نەفرەتلێکراو دانراوە وەک میوانێکی هەمیشەیی بەهەشت، بە رێزو قەدرزانییەوە باسی کردووەو پلەو پایەیەکی لە سەرو تومای ئەکوینی رابەری لاهوتی کڵێسەی مەسیحی پێبەخشیوە. ل٩
شان بە شانی ئەم زانستەی کەلامەی رۆژهەڵات و لاهوتە فەلسەفییەی مەسیحی کە وەک چەپکەگوڵی مژدە بەخشی هاتنی بەهاری فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست بوون، فەلسەفەیەکی بە پیت و پێز بە پێێ پێودانگی سەردەم و ڕەوش و هەلومارجی دەوروبەرەکەیان، پەرەی سەندووە، ئەم فەلسەفەیە وەک بابەت، بە شێوەیەکی بەرچاو، لە دوو سەرچاوەو، سەرەڕای هۆکارو کارکردە خۆیەکییەکان، بابەتەکانیان هەڵێنجاوە، کە دەکرێ بەم جۆرە دەستنیشان بکرێن:
یەکەم: فەلسەفەی ئەفلاتۆن و ئەفلاتۆنیزمی نوێ، بە تایبەتی ئەو لایەنەی ئەفلۆتین بە یارمەتی بیروبۆچوونە لاهوتییەکانی فیلۆنی جولەکە پەرەی پێداوە.
دووەم: فەلسەفەی ئەریستۆتڵسی یۆنانی سەرچاوەی تری ئەم فەلسەیە بووە. ل١٢
بە پێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان، بە تایبەتی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئەڵمانی و ئەوەندەی کێشەکە پەیوەندی بە بابەتی بڕواوە هەیە، لە فەلسەفەو لاهوتدا سێ جۆرە ڕێباز (تاقم)و هەڵوێست بەدی کراون:
یەکەم: تاقمێک بڕوای بە ڕەب و زیندووبوونەوەی دوای مردن هەبووە، ئەم لایەنە زۆربەی هەرە زۆری زانایانی کەلامی ئیسلام و لاهوتییەکان سەرەتای پەیدابوونی فەلسەفەی مەسیحی ئەوروپا و فەیلەسوفە جولەکەکان وەک سەعد یا موسابن مەیمون و هتد..... دەگرێتەوە.
دووەم: ئەم تاقمە ئەگەرچی باوەڕیان بە ڕەب هەبووە، بەڵام وایان داناوە کە حەشرو لێپرسینەوە لەسەر نەفس و گریانە، جارێکی تر لەش زیندوو نابێتەوە، دەکرێ هەندێک لە فەیلەسوفەکانی ئیسلام لەم خانەیەدا دابنرێن.
سێیەم: ئەم تاقمە باوەڕیان بە هیچ کامێک لەمانە نەبووە، ئەم تاقمە لە فەلسەفەی ئیسلامدا بەدی ناکرێت. ل١٨
کێشەیەک لەو کێشانەی زانستی کەلام و لاهوت و فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست پێوەی خەریک بووەو تا ئەم سەردەمەش وەک پرسیار بە کراوەیی و هەڵپەسێردراوی بەبێ وەڵام ماوەتەوە ئەم بابەتە بووە کە لە دوو بەش پێکهاتووە:
یەکەم: دەسەڵات و هێزی ڕەهاو بێ سنوری ڕەب.
دووەم: ئۆباڵی سەرشانی مرۆڤ، دەربارەی ئەو کردەوانەی لە ژیانیدا دەیانکات ئایا لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە و داڕشتنی بەم جۆرە پەیوەندی بە سروشتی ژیرو بیری مرۆڤەوە هەیە یاخود لە تایبەتمەندی باوەڕی ئاینییەوە کەوتۆتەوە. ل٢٧
بەشێکی ڕێبازی ئەفلۆتین بریتییە لە گریمانەی ئایدیا- فۆرم. ئەم بەشە لە تیۆری ئایدیای ئەفلاتۆنەوە کەوتۆتەوە، ئەفلاتۆن لە چەند بەرهەمێکداو بە تایبەتی لە شاکاری کۆمار- دەوڵەتدا، لەو باوەڕەدا بووە کە سەرەڕای بوونی تاک و هەندەکی، بۆچوون ، فۆرم، ئایدیای هەمەکی و گشتی هەیە، ئەم فۆرمە یاخود ئەو ئایدیایە بوونی راستەقینەی خۆی هەیە. ل٣١
خاڵێکی گرنگی تر کە لە فەلسەفەی ئەفلۆتیندا بایەخی پێدراوە لایەنی ئاکارە بە تایبەتی بوونی بەدکاریی کە لە ئاییندا وشەی (شەڕ)ی بۆ بەکارهێنراوە بەرامبەر بە چاکەکاریی (خێر) دانراوە.
لە فەلسەفەی ئەفلۆتیندا بوون بە گشتی دەکرێ بە دوو بەشەوە:
یەکەم: جیهانی گیانی- ترانسندێنتی کە لەم سێ بوونەوەرە پێکهاتووە : ( یەک تا، ژیر، نەفس).
دووەم: جیهانی سروشت و بەرهەست و ماددە کە جیهانی ئێمەیە. ل٣٣
تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست:
راستە رابوردوو تێپەڕیوە، بەسەرچووە، لەبەرچاو نەماوە، رابوردوو وەک جاران بوونی تایبەتی و سەربەخۆی خۆی نەماوە ئەگەر لەدەستی نەدابێت، بەڵام ئەوەی ناکرێ چاوی لێ بپۆشرێ و ددانی پیادا نەنرێت ئەو راستیەیە: کە رابوردوو بۆخۆی لەسەردەم و شوێنی دیاریکراودا ئەویش لەلای خۆیەوە هەرسێ دەمی رابوردوو ئێستاو دادێی هەبووە، پێش خۆی قۆناغێکی بڕیوە و دواتر بە قۆناغێکی تردا تێپەڕیوە ئینجا چۆتە خانەی رابوردووەکەیەوە. ل ٤٤
گەلانی ئەوسای رۆژهەڵات ( دۆڵێ میسۆپۆتامیا، میسر، ئاسیا) لە بواری جۆربەجۆردا بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش پێشکەوتوون. بۆ یەکەم جار لە مێژووی شارستانێتیدا توانیویانە دەربارەی هۆکارێکی یەکگرتووی یەک رەنگی گیانی گەردوون بۆچونێک گەڵاڵە بکەن، ئەم بۆچوونە دەکرێ بە جۆرە دیدێکی جیهان دابنرێت، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی بیروبۆچوونی ئایینی ئەوسادا گیری خواردووە و نەیتوانیوە پەرەبستێنێ. ل٤٦
ئەو بەرهەمانەی لە سەدەکانی ناوەڕاست کەوتونەتەوە، کە دەکرێ ناوی فەلسەفەیان لێبنرێت بە ئاشکرا جێدەستی ئاین و لاهوت و دەوروبەریان تیادا بەدی دەکرێ، جا ئیتر ئەم بابەتە وەک پەیڕەوێکی ژیان یاخود وەک بەرهەمێکی بیر سەرنج بدرێت تایبەتمەندی خۆی ساغ دەکاتەوە، ئیتر چ لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەدا بێ کە لێوەی کۆڵیونەتەوە و لە چوارچێوەیەکی تردا دایڕشتونەتەوە یاخود ئەو پەیڕەوە بێ کە پشتی پێبەستوون یان ئەو ئەنجامانە بێ کە لێوەی کەوتونەتەوە. ل ٧٢
بوون و نەبوون لە فەلسەفەی سکولاتیدا:
ئەم فەلسەفەیە بابەتێک بووە لەو بابەتانەی کڵێسە رێگای داوە لە دەزگا رۆشنبیرییەکاندا بخوێنرێت، بۆیە ئەم ناوەی بەسەردا بڕاوە. بەپێی ئەو بەرهەمانەی لەو سەردەمەدا بڵاوکراونەتەوە، کە زۆربەیان وەکو وانە وتراونەتەوە، دەردەکەوێ کە مۆرکی هەرە دیاری ئەم فەلسەفەیە لە سەرەتای پەیدابوونیدا، بریتی بووە لە لاوازبوونی رۆڵی فەلسەفەی ئەفلاتوون و ئەفلاتونیزمی نوێ (ئەفلۆتین)و وردە وردە بەهێزبوونی دەسەڵاتی فەلسەفەی سەرتاپاگیری ئەریستۆتڵس. ل٧٧
دیاردەی دوو ڕەنگی:
فەیلەسوف و زاناو هونەرمەندو نوسەرو بیرمەندان بە گشتی لە نێو کڵێسەو لە باوەشی دامودەزگاکانی ئەو سەردەمەدا پێگەیشتوون، لە تەورات و ئینجیل و رێوشوێنەکانی ئایین شارەزایی باشیان هەبووە، ئەگەر بشێ وشەیەکی کلاسیکی بۆ پێناسەکردنی ئەم زاناو فەیلەسوفانە بەکاربهێنین دەڵێین هەموویان بێ جیاوازی (ڕۆحانی) بوون. ل١٣٣
جیهانبینی فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست:
فەلسەفەکە خۆی بە شێوەی جیاواز هەڵسەنگێنراوە، هەڵسەنگاندنەکەش پتر لە چوارچێوەی گازندەکردندا بووە. بۆ نموونە هیگڵ ئەو فەلسەفەیەی بە کەم زانیوە و وای بۆ چووە کە ناوەڕۆک و روخساردا وشک و بێ پێز بووەو خەریکی چەند بابەتێک بووە نەکراوە پەرەسەندن و پێشکەوتنی لێ بکەوێتەوە و تیایدا بابەتێکی سەرنج راکێش بەدی ناکرێت. ل١٥٩
بەلای هیگڵەوە پەرەسەندن بریتییە لە پەرەسەندنی گیان (ژیر) لە چوارچێوەی بیرۆکەو چەمک و ئایدیادا. ئەم پەرەسەندنە لە ئاینی مەسیحیدا گەیشتۆتە لوتکە. چونکە ئەم ئایینە سەرگەرمی پیادەکردنی مەملەکەتی ڕەب بووە لە جیهاندا. ل ١٦٠
فەتواکەی قەشە (کەشیش)
ستێڤان تێمپیر
پاریس ٢٨ی مارت ساڵی ١٢٧٧ز:
ئەوەی مەبەستی بێت وەک دانایەک بدوێت، دەبێت بەوپەڕی پارێز و مشورەوە لەوە ئاگادار بێ کە بە قسەو وتارەکەی دووبەرەکی و ئاشوب نەخاتە نێو گوێگرانەوە، بەڵکو ئەمە بەهۆی پشتیوانی کردن لەو زانینە چەوت و هەڵانەو نوسراوی گومڕاکانەوە پەیدادەبێ و- ئای چەندە شورەییە- بەوپەڕی نەزانی و نەشارەزاییەوە لاف لێدەدەن گوایە ئەم نوسراوانە دەستبەردارییان ناکرێت و ناتوانرێت ڕەخنە بکرێن. ل١٩١
فەتواکەی کەشیش کە لە پاریس باسی کردووە لە (٢١٩) خاڵ پێکهاتووە، کە لە کتێبەکەدا بە وردی باسی کردووە لە لاپەڕە ١٩٣ تا کۆتای کتێبەکە لاپەڕە ٢١٤.