مێژووی SI
سۆسیال ئینتەرناسیونال(SI) کە لەساڵی (١٩٥١)دا دامەزراوە، ڕێکخراوێکی جیهانییەو پێکهاتووە لە حیزبە سیاسییە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکرات و حزب و گروپەکانی کار (لەیبەر).
(ئینتەرناسیونالی دووەم) کە لە ١٨٨٩دا پێکهات و لەسەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا، لەساڵی ١٩١٤دا، هەڵوەشایەوە لەو حزبانە پێکهاتبوون کە دواتر سۆسیالیست ئینتەرناسیونال – یان پێکهێنا. لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی ئەم رێکخراوە بریتیە لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی یەکی ئایاری هەموو ساڵیک وەک ڕۆژی جیهانی کرێکار و ڕاگەیاندنی ٨ی مارس وەکو ڕۆژی جیهانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. لە کاتێکدا کە ئینتەرناسیونالی دووەم بە سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانی پارچە پارچە بوو، هەیکەلەکەی لەشێوەی (کۆمیتەی سۆسیالیستە نێودەوڵەتییەکان)دا مایەوە. ئینتەرناسیونال لەساڵی ١٩٣٠دا ریفرۆم کرا (لە شێوەی ئینتەرناسیونالی کاری سۆسیالیست و جارێکی تر، لەشێوەی ئێستایدا، پاش جەنگی دووەمی جیهانی رێکخرایەوە ( لەو ماوەیەدا زۆر لە پارتە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکراتەکان لە ئەوروپای دیاریکراودا لەلایەن نازییەکانەوە لەژێر گوشاردابوون). لەپاش جەنگی دووەمی جیهان سۆسیالیست ئینتەرناسیونال یارمەتی حزبە سۆسیال دیموکراتەکانیدا خۆیان بنیات بنێنەوە، کاتێک کە ڕێگا بۆ دیموکراسی خۆشکرا لە پورتوگال (١٩٧٤)داو لەئیسپانیا لەساڵی (١٩٧٥)دا. تاوەکو کۆنگرەی ١٩٧٦ی جنێڤ، سۆسیالیست ئینتەرناسیونال چەند ئەندامێکی کەمی هەبوو لە دەرەوەی ئەوروپاداو هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکای لاتینییەوە نەبوو.
لە هەشتاکاندا زۆربەی حزبەکانی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال پشتیوانی خۆیان بۆ (بەرەی رزگاریخوازی نیشتمانی ساندنیستا FSLN –ی نیکاراگوایی دەربڕی کە حکومەتی باڵی چەپەکەی ببوە هۆی وروژاندنی دوژمنکاری لەلایەن ئەمریکاوە. لەوکاتەوە سۆسیالیست ئینتەرناسیونال نەک تەنیا FSLN ، بەڵکو پارتی سەربەخۆیی پیۆرتۆریکان – ی چەپی میانڕەو، هەروەها حزبە کۆمۆنیستەکانی پێشووی وەکو دیموکراتە ئیتاڵییەکانی چەپ (DS)و بەرەی ڕزگاریخوازی مۆزەمبیق – FRELIMOی بە ئەندام وەرگرتووە .
پارتە سۆسیالیستەکانی ئەوروپاو پارتی سیاسی ئەوروپا کە لە پەرلەمانی ئەوروپادا چالاکن، دوو ڕێکخراوی پەیوەستن بە سۆسیالیست ئینتەرناسیونال –ەوە.
سەرنجی خێرا
سۆسیالیست ئینتەرناسیونال ڕێکخراوێکی سیاسییە لەسەر بنەمای ئازادی و عەدالەت و هاریکاری، سۆراخی بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی دیموکراتیک دەکات. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لەبەهێزکردنی پەیوەندی ڕێکخراوو پارتە ئەندامەکان و هەماهەنگیکردنی بۆچوون و چالاکییەکانیان بەڕەزامەندی، هەروەها ڕێکخراوەکە دەیەوێت پەیوەندی نێوان سۆسیالیست ئینتەرناسیونال و ئەو پارتە مەیلەو سۆسیالیستانە بەهێز بکات کە ئەندام نین لە ڕێکخراوەکەدا، بەڵام ئارەزووی هاریکارییان هەیە.
ڕێکخراوەکە ئەم ئۆرگانانەی هەیە :
کۆنگرە، ئەنجومەن، کۆمیتەی دارایی و بەڕێوەبردن، سکرتاریەت.
- یەکەمین کۆنگرەی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال لە فرانکفۆرت بوو لەساڵی ١٩٥١دا .
- ئەم ڕێکخراوە، سێ پلەی ئەندامێتی هەیە بۆ حزبەکان .
- ئەندامی تەواو کە مافی قسەکردن و دەنگدانی هەیە، هەروەها ئەرکی بەخشینی ئابوونەی ئەندامێتی هەیە.
- ئەندامی ڕاوێژکار، مافی قسەکردن و ئەرکی بەخشینی ئابوونەی هەیە، بەڵام مافی دەنگدانی نییە.
- ئەندامی چاودێر، مافی ئامادەبوون و چاودێری کۆبوونەوە ئاساییەکانی هەیە، ئەرکی بەخشینی ئابوونەی ساڵانەی هەیە، بەڵم مافی دەنگدانی نییە.
ڕێکخراوەکە دوو لقی لێدەمێنێتەوە:
- رێکخراوە برایەتییەکان، ژنانی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال (SIW)، یەکێتی نێودەوڵەتی گەنجانی سۆسیالیست و بزاڤی ڤالکۆنی نێودەوڵەتی – پەروەردەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی (IFM/SEI) کە مافی قسەکردن و دانگدانیان هەیە .
- ڕێکخراوە پەیوەستەکان، تایبەتمەندی هەرێمی و نێودەوڵەتییان هەیە، لەلایەن سۆسیالیست ئینتەرناسیونالەوە دانیان پێدانراوە، مافی قسەکردنیان هەیە، بەڵام مافی دەنگدانیان نییە.
تاکو ئێستا بیست و دوو کۆنگرە بەستراون لەم شوێن و کاتانەدا :
* فرانکفۆرت (ئەڵمانیا) ساڵی ١٩٥١ – یەکەم کۆنگرە.
* میلان (ئیتالیا) ساڵی ١٩٥٢ – دووەم کۆنگرە.
* ستۆکۆڵم (سوید) ساڵی ١٩٥٣ .
* لەندەن (بەریتانیا ) ساڵی ١٩٥٥.
* ڤیەننا (نەمسا) ساڵی ١٩٥٧ .
* هامبۆرگ (ئەڵمانیا) ساڵی ١٩٥٩ .
* رۆما (ئیتاڵیا) ساڵی ١٩٦٠.
* ئەمستردام (هۆڵەندا) ساڵی ١٩٦٣ .
* برۆکسل (بەلجیکا) ساڵی ١٩٦٤.
* ستۆکۆڵم (سوید) ساڵی ١٩٦٦.
* ئەستەمبوڵ (تورکیا) ساڵی ١٩٦٩ .
* ڤیەننا (نەمسا) ساڵی ١٩٧٢.
* جنێڤ (سویسرا) ساڵی ١٩٧٦.
* ڤانکۆڤەر (ئەڵمانیا) ساڵی ١٩٧٨.
* مەدرید (ئیسپانیا) ساڵی ١٩٨٠.
* ئەلبوڤێرا (پورتوگال) ساڵی ١٩٨٣.
* لیما (پیرۆ) ساڵی ١٩٨٦.
* ستۆکۆڵم (سوید) ساڵی ١٩٨٩.
* بەرلین (ئەڵمانیا) ساڵی ١٩٩٢.
* نیویۆرک (ئەمریکا) ساڵی ١٩٩٦.
* پاریس (فەرەنسا) ساڵی ١٩٩٩.
* ساوپاولۆ (بەرازیل) ساڵی ٢٠٠٣.
* ئەسینا (یۆنان) ساڵی ٢٠٠٨.

سەرۆکەکان (Presidents)
لەساڵی (١٩٥١)ەوە هەشت سەرۆک پاڵێوراون بۆ سەرۆکایەتیکردنی سۆسیال دیموکرات درێژترین کاتیان سەرۆکایەتی (ویلی برانت – Willy Brandt) بوو کە ١٦ ساڵ لەدوای یەک سەرۆک بوو، کەمترینیشیان کەمتر لەساڵێک بوو کە سەردەمی سەرۆک ئێریش ئۆڵینهاوەر (Erich Ollenhauer)ی ئەڵمانی بوو، چونکە پاش هەڵبژاردنی بەچەند مانگێک کۆچی دوایی کرد.

لە سەرەتاوە تاکو ئێستا سەرۆکەکان بەم شێوەیەیە:
مۆرجان فلیپس (Morgan Philips) ١٩٥١-١٩٥٧ .
ئەلسین ئەندرسین (Alsing Andereson) ١٩٥٧- ١٩٦٢.
ئێریش ئۆڵینهاوەر (Erich Ollenhauer) ١٩٦٣.
برۆنۆ پیتەرمان (Bruno Pittermann) ١٩٦٤-١٩٧٦ .
ویڵی برانت (Willy Brandt) ١٩٧٦ – ١٩٩٢.
پیەر ماوری (Pierre Mauroy) ١٩٩٢-١٩٩٩.
ئەنتۆنیۆ گاتیریس (Antonio Guterres) ١٩٩٩-٢٠٠٥.
جۆرج پپاندریۆ (George Papandereou) لە ٢٠٠٦-ەوە سەرۆکە .
هەروەها ئێستا لە جیهاندا بەشێکی زۆری وڵاتان لەلایەن پارتە سۆسیال دیموکراتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.

ئارمی سۆسیالیست دیموکراتەکان
ئارمی سۆسیالیست دیموکرات بریتییە لە گوڵێکی سوور کە لەلایەن هونەرمەندی گرافیکی (ئەنجیلۆ ڕۆمانۆ – Angelo Romano)ەوە دروستکراوە. شایانی باسە زۆربەی ئەو پارتانە گوڵیکی سووریان کردۆتە ئاڕم و هێما بۆ پارتەکەیان کە جێگای چەکوش و داسی جارانی گرتۆتەوە، ئەو گوڵە سوورانە هێمایە کە بۆ پەیامی ئەو پارتە سۆسیال دیموکراتانە کە ئامانجیان ئاشتی و یەکسانی و پەرەپێدانی ئابووری و ژینگەپارێزییە.
سۆسیال دیموکرات لەئێستادا :
سۆسیال دیموکراتەکان لە سەرەتاداو لە یەکەم کۆنفرانسیاندا کە لە ئەڵمانیا بەڕیوەچوو نزیکەی (٥٠) حزبی سۆسیالیستی میانڕەوو ریفۆرمخوازو لایەنگری شێوەکانی پەرلەمانی دیموکراسی بەشدارییان تێدا کرد. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەلیستی جیهانیدا ڕوویاندا وایکرد لەماوەیەکی کورتدا سۆسیال دیموکراتەکان پەرەبسێنن و بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان ببن. لەئێستادا نزیکەی (١٥٠) حزب لە سۆسیال ئینتەرناسیۆنالدا ئەندامە، وەک حزبە سۆسیالیستەکانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، سوید حزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیاو پارتی کرێکارانی بەریتانیا.، ئەمڕۆ جگە لە حزبە ئەوروپیەکان، چەندین حزب لە کیشوەرەکانی دیکە لەم رێکخراوەدا ئەندامن. لە کۆنگرەی ئەسیناش جگە لە حزبە ئەندامەکان چەندین رێکخراوو کەسایەتی تێدا بەشدارەو لەسەر ئاستی کوردستانیش هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری کارو چالاکییەکانی ٢٣یەمین کۆنگرەیان کرد .
ئەم بابەتە لە کتێبی مام جەلال جێگری سەرۆکی سۆسیالست ئینتەرناسیۆنالم وەرگیراوە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved