نەجەف : ناوەندی کەلتوری – سیاسی شیعە لە عێراقدا
د.عەبدولڵا فەهەد نەفیسی


ساڵی ١٠٠٢ نەجەف لەسەر دەستی عزدی دەولەی بوەیهی دامەزرا. ئارامگاو زیارەتگای ئیمام عەلی لە ناوەڕاستی شارەکەدایە. بەم پێودانگە، نەجەف لە دەوروبەری چەند گوندێکی شیعەنشین دا دامەزراوە. بوەیهی یەکان بەو مەبەستە نەجەفیان دامەزراند کە دەمارگیرییەکی عێراقچییانەی بۆ خۆپاراستن پێ دروست بکەن و وەک داننانێک بە جیابوونەوەی سیاسی یان لە زەیدی یەکان وابێ. بوەیهیەکان ئەوەندەی بۆیان لوابێ ویستویانە خەڵکی بۆ سازکردنی ئاهەنگی دینی بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەی مێژووی سیاسییان هان بدەن وەک ئاهەنگەکانی ساڵیادی شەهیدبوونی حوسەین کە تا ئەمڕۆ یادی دەکەنەوە. دواتر، ئەم ساڵیادە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا پەرەی سەندو بەشێوەیەکی دراماتیکی گەیشتە ئەوە کە کارەساتی دڵتەزێنی مردنی حوسەین لە ١٠ی مانگی موحەڕەمی ساڵی ٦٨ی کۆچیدا ڕوویدا. بە سەرنجدان لە بایەخی یادکردنەوەی ئەم بەسەرهاتەو بە وردبونەوە لە سام و شەوکەتی لەلای شیعەدا، مرۆڤ هێزی سیاسیی شیعەی لە عێراقدا بۆ دەردەکەوێ. بەدرێژایی چاخە مێژووییەکان زاناکانی شیعە هەمیشە بە تەنگ سەلماندنی سەربەخۆیی دینی و سیاسییان بوون، بە زەبری زۆردارەکی نەبێ هیچ کات سات و سەودایان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی بەغدادا نەکردووە. لەسۆنگەی ئەوەشەوە کە نەجەف بەردەوام ئۆتۆنۆمیی خۆی پاراستووە، ئەم شارە بەرە بەرە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار بووە ناوەندێکی سیاسیی گرنگ و بەجۆشی شیعەکانی عێراق.
سەبارەت بەمێژووی تازەی نەجەف، پێدەچێ سەربەخۆیی سیاسیی ئەم شارە، پاش ساڵی ١٨٥٠، کاتێک سەلیم پاشا  بۆ دامرکاندنی یاخیبونە شیعەگەرییەکەی نەجەف هێرشی کردەسەر، پایەدار بووبێ. ئەوەی بایەخی سیاسیی نەجەف زیاتر دەکا، ئەوەیە کە بارەگای ئاخوندی گەورەی لێیە. ئاخوندی گەورە لە نەجەفەوە دەسەڵاتی دینی و دنیایی خۆی نەک هەر بەسەر شیعەکانی عێراقدا دەسەپێنێ بەڵکو بەسەر هەموو شیعەکانی جیهاندا. هەرچی لاپەڕەکانی مێژووی عێراق دەخوێنیتەوە، بۆی دەردەکەوێ کە هەر دەوڵەتێک عێراقی گرتبێ، هەڵسوکەوتێکی تایبەتی لەگەڵ نەجەفدا کردووەو هەمیشە پەرۆشی ئەوە بووە کە هەنگاوێک نەنێ زاناکانی نەجەف بە هەڕەشە بۆسەر مافەکانیان بیدەنە قەڵەم یان بە دەستدێژی بۆسەر ناوچەی دەسەڵاتیان بزانن. لەم ڕووەوە چەندین نمونە هەن کە بەڵگەی ڕێزگرتنی پلەو پایەی نەجەفن لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە. ئەوە بۆخۆی بەڵگەیە کە سوڵتان مورادی سوننە مەزهەبی تورک، بە گوتەی ڕیوایەتە نەجەفیەکە، لەبەر هەیبەت و شکۆمەندیی ئیمام عەلی، کاتێک ویستی بچێتە نەجەف، پێڵاوەکانی داکەندو بەپێ خاوسی چووە ژورێ .
نەجەف نەختێک لە دۆڵی فوراتەوە دوورە، شوێنێک کە دەسەڵاتی تورک هیچ سام و هەیبەتێکی تێدا نەبوو. لەبەرئەوە شتێکی ئاسایی بوو کەنەجەف ببێ بەو شوێنەی ناوچەکە کە خەڵکەکەی لەڕووی سیاسی و دینییەوە ڕقیان لە دەسەڵاتی تورک بووە. بەدرێژایی سەردەمی حوکمڕانیی تورک، خەڵکی نەجەف حکومەتی ناوەندیی بەغدایان بە دەسەڵاتێکی ناشەرعیی ستەمکار دادەنا. هەڵوێستی دوژمنکارانەی خەڵکی نەجەف بەرامبەر بە دەسەڵاتی تورک، بۆ تورک مایەی نیگەرانی بوو، بەتایبەتی لەکاتی جەنگدا، کاتێک نەجەف پێش گرتنی بەغدا لەبەردەستی تورک دەرچوو، دوایین پێکدادان لەنێوان زاناکانی نەجەف و دەسەڵاتی ڕەسمیی بەغدادا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٥دا ڕوویدا، کاتێک نەجەفییەکان فەرمانڕەوایی تورکیان دەرپەراندو دەسەڵات کەوتە دەست ئاخوندی گەورەوە. دوا بەدوای ئەم پێکدادانەی نەجەف، پێکادانی تر لەسەر ئاستێکی تەنگەبەر لە کەربەلاو حللەو توێریج ڕویانداو لە ئاکامدا فەرمانبەرانی تورک دەرکران.
هەرچی سەردانی نەجەف دەکا، دەچێتە سەر ئەو باوەڕەی کە فارس دەورو تەئسیرێکی کاریگەری تێدا هەیەو بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی فارسن یاخود بەڕەچەڵەک دەچنەوە سەر فارس. بۆ تێگەیشتنی پێشینەی ئەم دیاردەیەی ژیانی کۆمەڵایەتیی نەجەف، پێویستە نەختێک بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، بەشێک لە نووسەران  و مێژوونوسان کە لە نوسینەکانیاندا بەلای هەستی عەرەبچێتیی نەتەوەییدا دادەشکێن، هەوڵیانداوە هۆی ئەم دیاردەیە – واتە کاریگەریی فارس لەسەر ژیانی نەجەف – ببەنەوە سەر ئەوەی کە دەوڵەتێکی بێگانە کاروباری شارەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەوان مەبەستیان لەو دەوڵەتە دەوڵەتی ئێرانە چونکە خەڵکی ئێران شیعەی دوانزە ئیمامین و خودی ئێرانیش لانکەی ئەندێشەی شیعەگەری بووە. ئەگەر ئەم بۆچونەی هەندێ مێژوونوس سەبارەت بەهۆی کاریگەریی فارس لەسەر نەجەف بەهەند وەرگرین، ناچار دەبین هەڵوێستێک لەم ڕووەوە بنوێنین کە لەگەڵ هەڵوێستی ئەم گروپەدا رێکناکەوێ چونکە ئەو کتێبانەی لە مێژووی وڵاتانی فارس (ئێران) دەکۆڵنەوە، ساغی دەکەنەوە کە فارسە موسوڵمانەکان تا سەدەی پانزەهەمی زاینی پەیڕەوییان لە مەزهەبی سوننە کردووەو تەنها پاش دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەوی چونەتە سەر ڕێبازی شیعەگەری. بەڵام ئەمە نکۆڵی لەوە ناکا کە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەوی،ئێران شیعەی لێ بووە بەڵام ئەم شیعانە خەڵکانێک بوون لە هەندێ شاری وەک قوم و نیسابور دەژیان، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی شارەکانی تری وەک ئەسفەهان، شیراز، خوراسان و تەورێز سوننە بوون. لەو سەردەمانەی مێژوودا زۆربەی زانایانی سوننە فارس بوون و بە زانست و زانیاری ناوبانگیان دەرکردبوو، تەنانەت حەدیسێکی موحەممەد پێغەمبەر دەگێڕنەوە کە فەرمویەتی (ئەگەر زانست لە کەشکەڵانی ئاسمان دا بێ، خەڵکانێکی فارس دەستیان دەگاتێ) .
بێ لەوە، سەرنجی ئەوە دەدرێ کە ئەمڕۆ زۆربەی زانایانی شیعە بەڕیشە دەچنەوە سەر فارس. دەوڵەتی سەفەوی ئەوەندەی بۆ لوابێ هەوڵیداوە بیروباوەڕی شیعەگەری بەسەر دانیشتواندا بسەپێنێ و بۆ ئەم مەبەستە پشتی بە زانایانی شیعەی چیای عاملی لوبنان و بەحرێن بەست، ئیتر دوا بەدوای ئەمە ئەسفەهان بووە ناوەندی بیری شیعەگەری . بەڵام پاش هەرەس هێنانی دەوڵەتی سەفەوی، ناوەندی بیری شیعەگەری بۆ کەربەلاو نەجەف گوێزرایەوە.
لەمە ئەوە تێدەگەین کە پاش ئەوەی چووە سەر مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی، ئەو هەلەی بۆ ڕێک کەوت کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی عێراق هەبێ. پەیوەندیی نەپساوەی نێوان ناوەندەکانی بیری شیعەگەریی عێراق و ئێران ئەوەی لێ کەوتەوە کە فارس کاریگەریی لە عێراقدا هەبێ و عێراق کاریگەریی لە ئێراندا هەبێ. ئەم کارلێکە شیعەگەرییە فیکرییەی نێوان هەردوو وڵات کەش و هەوایەکی فیکریی دینی وای لە عێراقی بەزۆرینە شیعەدا پێکهێنا کە تێیدا دەسەڵات کەوتە دەست زانا ئێرانیەکانەوە یاخود ئەوانەی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بوون. ئیتر ئەمانە بوونە ڕێبەری دینی و ڕێنمایکەرو دەستڕۆشتوی عێراق. زۆربەی خوێندکارانی خوێندنگە دینییەکانی نەجەف ئێرانین و ژمارەیەکی زۆریان پاش تەواوکردنی خوێندن ناڕۆنەوە، لە کەربەلاو نەجەف دەمێننەوە. مانەوەیان لەم دوو شارە پیرۆزەدا کاریگەریی فارس لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا قوڵتر دەکا. لە سۆنگەی ئەمەوە، هەموو گیروگرفتەکانی ئێران لەناو کۆمەڵی عێراقدا ئاسەواری خۆی لەسەر ئەم ژمارە زۆرەی ئێرانییە نیشتەجێبووەکانی ئەم دوو شارە بەجێ هێشتووە.
بایەخی سیاسی نەجەف پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ناوەندێکی گرنگی شیعەیە لە بواری خوێندنی دینیدا. نەجەف لەم ڕووەوە بە یەک تەرازوو لەگەڵ ئەزهەری قاهیرەو زانکۆی زەیتونەی تونس کێشانە دەکرێ، ئەوە نەبێ کە ئەزهەرو زەیتونە دوو کوانوی خوێندنی دینیی مەزهەبی سۆنگەریین و نەجەف کوانوی خوێندنی شیعەکانە. لەسۆنگەی ئەوەشەوە کە دەرگای ئیجتیهاد لە فیقهی شیعەدا هێشتا ئاوەڵایەو لەبەر ئەوەی پێویستە لەسەر مرۆی شیعە پەیڕەوی لە ڕێنماییەکانی ئاخوندی گەورە بکا – ئەمەش مرۆی شیعە بەرەو لاسایی کردنەوە دەبا- دەبینین هەر شیعەیەک شەیدای خواستنی زانستی دینی و دیدی ڕەخنەگرانەیە. بێجگە لە نەجەف، ناوەندی تری خوێندنی دینیی شیعەگەریی هەیە وەک ئەوانەی کازمین، کەربەلاو سامەرا بەڵام ئەمانە هیچیان لەخۆیان ڕانابینن شان لە شانی نەجەف بدەن و هەر هەمووشیان بەچاوی ڕێزو پەرواوە دەڕواننە نەجەف. لەڕووی پیرۆزییەوە، نەجەف یەکێکە لە چوار شارە پیرۆزەکەو لە پیرۆزیدا پاش مەککەو مەدینەو قودس بەپلەی چوارەم دێ. نەک هەر لە نەجەف، بەڵکو ئەگەر لە سەرانسەری جیهانی شیعەدا گیروگرفتێک بقەومێ، شیعەکان چاوەڕوان دەبن ئاخوندی گەورەی نەجەف، یەکلاکەرەوەی کێشە گەورەکان، هەڵوێست وەرگرێ. ئاخوندی گەورە پاش ڕاوێژو تەگبیر لەگەڵ ڕاویژکارانیدا، فەتوا دەدا، چونکە شیعەکان پێیان وایە ئاخوندی گەورە جێگری دوانزەهەم ئیمامە کە لەغیبەت دایە. نەجەف ٢٤ خوێندنگەی دینیی لێیە،بەناوبانگترینیان خوێندنگەی سەدر،قەوام، ئەحمەدیە، هندی، ئاخوندو کاشیفولغاتائە. خوێندکارانی هەموو نەتەوەو وڵاتانی جیهان لەو خوێندنگایانەدا دەخوێنن بەڵام زۆربەیان لە ئێرانەوەن و ئەوانی دی خەڵکی عێراق، کشمیر، ئەفغانستان، لوبنان، هندستان و ناوچەی کەنداوی فارسن. بۆ ئەوەی خوێنەر یەکە یەکە گروپەکانی خوێندکاران بناسێ، ئاماژە بەو ئامارەی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ دەکەین کە خوێندکارەکانی بەپێی وڵات بەسەر چەند گروپێکدا دابەش کردووە :
ئێران                     ٨٩٦ خوێندکار
عێراق                    ٣٢٦ خوێندکار
پاکستان                 ٣٢٤ خوێندکار
تبت                      ٢٧٠ خوێندکار
هندستان و کشمیر      ٧١ خوێندکار
سوریا و لوبنان        ٤٧ خوێندکار
حەساو قەتیف و بەحرێن     ٢٠ خوێندکار
هەمووی                           ١٩٥٤ خوێندکار
سیستمی خوێندنی ئەم خوێندنگایانە مۆرکێکی تایبەتی هەیە کە لە سیستمە پەیڕەوکراوەکانی دی جیایە. یەکەم، ئەم خوێندنگایانە داوای هیچ بەڵگەیەکی زانستی ناکەن بەڵکو هەر کەسێک بیەوێ پەیوەندی بەیەکێ لە خوێندنگاکانەوە بکا دەتوانێ پەیوەندی بکا بە مەرجێک ژوورێکی بەتاڵی لە خوێندنگاکەدا دەسکەوێ تاکو تێیدا بگیرسێتەوە. خوێندنگاکانیش نە بەڕێوبەریان هەیە، نە ڕاگرو نە مامۆستای یاریدەدەری توێژەر نە ڕەسمی خوێندنیش لە کەس وەردەگرن. تەنانەت نە بودجەو نە ماوەیەکی دەستنیشانکراویان بۆ دەرچوون هەیە. بەڵام ڕەوتی وانەکان دیارەو بەرنامەی خوێندن زمانی عەرەبی، لۆجیک و دین دەگرێتەوە. ئەو وانانەش کە خوێندکار بۆی هەیە لێیان هەڵبژێرێ بریتین لە فەلسەفە، گەردونناسی و ماتمانیک. بەڵام ئەم زانستە مۆدێرنانە بە پێودانگی سەدە ناوەڕاستەکان و بە هەمان ماک و ناوەرۆک دەوترێنەوە.
بەرنامەی خوێندن بە سێ قۆناغ تێپەڕدەبێ :
١- ستوح (السطوح)
٢- فوزەلا (الفضلاء)
٣- خارجیە (الخارجیة)
قۆناغی یەکەم وانەکانی زمانی عەرەبی، ڕەوانبێژی و لۆجیک دەگرێتەوە. کتێبی پەسەندکراوی وانەی زمانی عەرەبی کتێبی (ئەجرومیە)یە.
پێشەنگەکانیشیان، دواتر، لەزمانی عەرەبیدا دەچنە سەر ((جامع المقدمة))، ((الفیة إبن مالک))، ((مغنی اللبیب))، ((المطول))ی تەفتەزانی و ((الحاشیة))ی مەلا عەباس. وا باوە ماوەی دیاریکراوی کۆتایی هێنان بە قۆناغی وانەکان لە دەوروبەری حەوت ساڵ بێ.
لە قۆناغی دووەم دا مەنهەج و فیقهـ دەخوێنرێن . لەو قۆناغەدا پێویستە لەسەر خوێندکار هەموو جۆرە ڕێبازێک بۆ تێگەیشتنی بەڵگەو بنەماکان، سەرع و فەرزەکان، چ ئەوانەی کاریان بەسەر نوێژەوە هەیە چ ئەوانەی پەیوەندییان بە هەڵسوکەوتەوە هەیە، بەپێی دینی ئیسلام بخوێنێ. ئەو کتێبانەش کە لەم بارەیەوە پشتیان پێ دەبەسترێ بریتین لە ((المعلم))، القوانین))، ((الرسائل)) و ((الکفایة)). ئەوانەش کە بۆ خوێندنی فیقهـ لە بەرنامەی خوێندن دان بریتین لە کتێبەکانی ((التبصرة))، ((الشریعة))، اللمع))، ((المکاسب)) و ((العروة الوثقی)) .
دوای تەواوکردنی ئەم قۆناغە، خوێندکار دەچێتە قۆناغی سێیەم: خارجیە. ئەم قۆناغە هیچ کتێبێکی دیاریکراوی تێدا نیە بەڵکو خوێندکار تێیدا گوێ لە وتارە گشتییەکانی ئاخوندەکان دەگرێ. ئەو وتارانە بەوەی کە ئاخوندەکان دەیڵێنەوە، ئاستێکی بەرزیان هەیەو لەشیکردنەوەی بیروباوەڕی دینی و تێڕامان و لێ ووردبونەوەدا تەکنیکێکی چڕ و پریان هەیە. ئاخوندانێک کە ئەم بابەتە بەرزانە دەڵێنەوە کەسانێکن لە سەرانسەری جیهانی شیعەدا ناوبانگی دینی و ئەندێشەیی خۆیان هەیە وەک سەید موحسین ئەمین، سەید حسێن هەمانی و سەید ئەبولقاسمی خوئی. هەندێ لەو ئاخوندانە لە خوێندنگاکانی نەجەف دان. بەڵام ئاخوندی گەورە ڕابەرەکەیانەو ئاخوندێکی گەورەی دیکەش بە تەنیشتیەوەیە. ئاخوندەکانی تری ئاست نزمتر پێیان دەوترێ موحتات یان موجتەهیدی موحتات کە لە نێویاندا وا باوە ئەگەر ئاخوندی گەورە کۆچی دوایی کرد، یەکێ لەوان شوێنی دەگرێتەوە.
تایبەتمەندییەکانی سیستمی خوێندنی دینیی نەجەف لەوەدان کە ئەو سیستمە هیچ دەسەڵاتێکی حکومی بەسەرەوە نیە، خوێندکارەکانیش تەنها لەپێناوی فێربووندا دەخوێنن و ژیان و گوزەرانیشیان سادەو ساکارە. گفتوگۆو دەمەتەقێ و دایەلۆگی نێوانیان بەوپەڕی ئازادییەوە دەکرێ. سەرباری ئەوەی کە سیستمەکە سیستمێکی پەروەردەیی یەو لێی ڕادەبینرێ گیروگرفتی ئاستی جیاوازی تێگەیشتنی خوێندکاران چارەسەر بکا چونکە خوێندکار ئازادە لە خوێندن دا، دەتوانێ پەلە بکاو دەشتوانێ پەلە نەکا، ئەوەشی بە ڕەوا پێ بینراوە کە خۆی ئەو بابەتانە هەڵبژیرێ کە حەز بە خوێندنەوەیان دەکا، ئەو کتێبانە دیاری بکا کە پشتیان پێ دەبەستێ و ئەو مامۆستایانە هەڵبژێرێ کە حەز دەکا دەرسی پێ بڵێنەوەو گوێیان لێبگرێ. بۆشی هەیە بە کەیفی خۆی هاوڕێ خوێندکارەکانی هەڵبژێرێ. لەم خوێندنگایانەدا تاقیکردنەوە نیە، لەبەر ئەوە هەر خوێندکارێک ئەگەر کتێبێکی خوێندەوە یاخود مشتومڕی لەسەر وانەیەک کرد، بۆ گەیشتن بە ڕاستی بە نزیکترین کات ، هیچ پەلە ناکاو ناچاریش نیە هیچ وانەیەک ئەزبەر بکا، واتە خوێندکارەکان هیچ پەلەیان نیە. پرۆسەی خوێندن لە نەجەف بۆ خۆی ڕەوتێکی هێدیی گرتۆتە بەرو مافی ڕەخنەگرتیشی تێدا سەلمێنراوە. ئەمەش یەکێکە لەو هۆیانەی کارێکی وا دەکا خوێندکاران جوان تێبگەن. لەم بوارەدا دیاردەیەکی تری گرنگ شایستەی ئاماژە پێکردنە، ئەویش ئەوەیە کە خوێندکاران لەکاتی خوێندندا دەرسیش دەڵێنەوە. دیارە بۆ تێگەیشتنی ئەوەی کە مرۆڤ لە خوێندنگەدا فێری بووە، هیچ ڕێوشوێنێک لە ڕێوشوێنی دەرس وتنەوە چاکتر نیە.
ئەگەر خوێنەر نەزانێ نەجەف مەڵبەندی خوێندنی دینیی شیعەو کوانوی ئەندێشەی سیاسییەو ئەوەی لا ڕوون نەبێ کە شارێکی میژووییەو ملیۆنەها شیعە بەپیرۆزی دادەنێن، بە ئەستەم هەڵوێستی نەجەف بەرامبەر بە حکومەتی داگیرکاریی بریتانیا لەبەغدا پاش ١١ی مارتی ١٩١٧و هەڵوێستی بەرامبەر بە دانانی سەربازگەیەکی ئینگلیزی لە کوفە (کە پێنج میل لە ڕۆژهەڵاتی نەجەفەوە دورە) لە کانونی دووەمی ١٩١٨ لەسەر ڕاسپاردەی پێرسی کۆکس بۆ حکومەتەکەی لە ساڵی ١٩١٨دا، تێدەگا .
پاش گرتنی بەغدا کۆمەڵانی خەڵکی بۆ پیرۆزبایی و دەربڕینی ڕێزو نەوازش، بەلێشاو ڕژانە سەر ماڵی نوێنەری سیاسیی بریتانیا. زۆربەی ئەوانەی چونە بەر دەرکی دەسەڵاتی نوێ، بەتەمای قازانجی ماددی بون. ئەوانە وەک بانگەشەیان بۆ دەکرد نوێنەری خەڵکی عێراق نەبوون و ئەوەندە بەدەسەڵات و دەستڕۆیشتوو نەبوون کە بتوانن ئەمن و ئاسایشی ناوچەکانی کە گوایە نوێنەرایەتیان دەکەن بپارێزن. لەڕاستیدا هەر هەموویان پێویستیان بەهێزو پارە بوو. لەنێو ئەو خۆرەپێشکەرە فشەکەرانەدا کەسانێکی خەڵکی نەجەف هەبوون کە دەیانگوت گوایە نوێنەری زاناو مەشایخی نەجەفن، گوایە بۆ ڕێزلێنان و خۆ  بەدڵسۆز نیشاندان هاتونەتە بەردەرکی نوێنەری سیاسیی بریتانیا. ئەمانە کە لەبەغداوە گەڕانەوە نەجەف. بڵاویان کردەوە کە دەسەڵاتی داگیرکەر پێی ڕاسپاردون بەناوی حکومەتی بریتانیاوە بەڕێوەبردنی خۆجێ بەشێوەیەکی کاتی بگرنە ئەستۆ. خاقانی – کە کاتێک لەشکری بریتانیا بەغدای گرت، ئەو لە نەجەف بوو- لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەو کەسانە کردووەو وتویەتی ئەو خۆپێشکەرانە لە نەجەف بە ((زاناکانی ئۆفیس)) ناسرا بوون و ناوی هەندێکیشیانی هێنا. دیارە ئینگلیز چەند ڕۆژێک پاش گرتنی بەغدا نەیانزانیوە کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە نەجەف بەدەستەوەیە. لەم سەروبەندەدا زانایەکی نەجەفی کە دەربارەی ئەم مەسەلەیە پرسیارم لێ کرد وتی ڕەنگە لەهەلومەرجی ئەو کاتەدا خەڵکانێکی ڕەشۆکی کەواو سەڵتەی شێخەکانیان کردبێتە بەرو جامانەیان لەسەر نابێ و وا خۆیان نیشاندابێ کە زانان، سەردانی نوێنەری بریتانیایان لەبەغدا کردبێ و لە نەجەف وا خۆیان دەرخستبێ کە توانای پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشیان هەیە، دەشێ نوێنەری بریتانیاش ئەم کارەی پێ ڕاسپاردبن. ئەوی ڕاستی بێ دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە نەجەف بەدەست ئاخوندی گەورەو لایەنگرەکانێتی . بەسەرهاتەکانی دوای ئەم روداوە ئەم ڕاستییەیان ساغ کردەوە.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٧ مەینەتی ئینگلیز لەشاری نەجەف دەستی پێکرد، کاتێک خێڵێکی شێخی عەنزە بە نامەیەکی کۆلۆنێل لێچمانەوە بۆ حەمید خان چووە نەجەف. لەو نامەیەدا کۆلۆنێل لێچمان دەستووری بە حەمید خان دابوو دەستی یارمەتی بۆ خێڵی عەنزە درێژ بکا تا بڕێکی زۆر دانەوێڵەی چنگ کەوێ، لەکاتێکدا خودی شاری نەجەف بەهۆی ئەو قەدەغەیەی کە جەنگ بەسەر بازرگانیی سەپاندبوو، بە دەم بێ خۆراکییەوە دەیناڵاند، بەتایبەتی کە تا ئەو کاتە ئینگلیزەکان شەڕی تورکەکانیان دەکرد. دەبێ باسی ئەوەش بکەین کە نەجەف دانەوێڵەی لە ناوچە دراوسێکانەوە بۆ خۆی دەهێنا.
کاتێک بڵاوبۆوە کە شێخێکی خێڵی سوننە مەزهەب و دۆستی ئینگلیز بۆ کڕینی دانەوێڵە هاتۆتە نەجەف، نرخی دانەوێڵەی لە بازاڕی نەجەف زۆر هەڵکێشا. بۆ ڕۆژی دوایی، شێخ فەهدی هەززاڵ کاروانێکی ١٢٠٠ حوشتریی بۆ بارکردنی دانەوێڵەکە نارد. بەڵام نەجەف لەخۆی ڕانەدەپەڕمو ئەم بڕە دانەوێڵەیەی بۆ دەستەبەر بکا. بێ لەوە خەڵکی شار بەدنەدانی ڕێبەرە دینی و نادینییەکان رقیان هەستا.
لەم سەرو بەندەدا لە ١ و ٢ی مانگی تشرینی دووەمدا خۆپیشاندان هەڵایساو خۆپیشاندەرەکان ڕوویان کردە بارگەو بنەی کاروانەکەی خێڵی عەنزەو لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دا، لە ئاکامدا ئەم هەواو ئاشوبە پێکهەڵپژان و تاڵان و بڕۆی لێ کەوتەوەو حەمید خان بۆ پاراستنی ئەمنیەت هیچی لەدەست نەهات. پاشان ئەفسەری پەیوەستی سیاسیی ئینگلیزی دانیشتوی شامییە، کۆلۆنێل بەلفۆر، بۆ لێکۆڵینەوەو بە ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکە چووە نەجەف بەڵام پێدەچێ هیچی پێ نەکرابێ چونکە نەجەفی بەجێهێشت و ڕووی کردە سەماوە. دوای چەند ڕۆژێک گەڕایەوە نەجەف و بینی ئەو خاڵانەی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکەی پێشنیار کردبوو، هیچیان جێبەجێ نەکراون. لەبەرئەوە ویستی گوشار بخاتە سەر حاجی عەتییە ئەبو کەلەل و عەلی کازم سوببی، کە دوو ڕابەری نەجەف بوون، بۆ ئەوەی ڕازی بن خاڵە پێشنیارکراوەکانی پەسەند بکەن، بەڵام زۆری نەبرد هەرا سەری هەڵدایەوەو بەڵفۆر ناچار بوو بە پشتیوانیی پاسەوانێکی زۆرەوە نەجەف بەجێ بێڵێ. ئەم وروژانەی نەجەف کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر خەڵکی هەبوو، لەئەنجامدا بڵێسەی هەراکە گەیشتە شارۆچکەی کوفەو ئەبوسخێر. لەوێ خەڵکانی وروژاو پەلاماری دەزگاکانی حکومەتیان داو تاڵانیان کردن. ئیتر بەلفۆر هەر ئەوەی بۆ مایەوە هاوار بەرێتە بەر ئاخوندی گەورە محەمەد کازم یەزدی و داوای لێ بکا کەف و کوڵەکە بنیشێنێتەوە. ئاخوندی گەورە ئامۆژگاری کرد دەسبەرداری دوو ڕێبەرەکە بێ و چیدی پشتگیرییان لێ نەکا. بەلفۆر ئەم داوایەی بۆ جێبەجێکرد، ئیتر باری نەجەف دەم و دەست وەک پێشانی لێهاتەوە. ناوچەی فوراتی ناوەڕاست بۆ ئینگلیز بایەخێکی زۆری هەبوو چونکە ناوچەیەکی بە دانەوێڵە دەوڵەمەندەو لەو سەردەمەدا هەموو لایەک پێویستییەکی لەڕادەبەدەری بە خۆراک هەبوو.
ڕووداوەکەی نێوان خێڵی عەنزەو خەڵکی نەجەف بە ڕوونی بۆی سەلماندن کە ئینگلیزەکان بێجگە لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانیان هیچیان بەلاوە گرنگ نیە. لەسۆنگەی ئەمەوە بڕوایەکی وایان لا پەیدا بوو کە بۆ دەربازبوون لەم تەنگەژەیە جگە لە بەرپەرچ دانەوەی دەسەڵاتی ئینگلیز هیچ ڕێچکەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نیەو جگە لەم ڕێوشوێنە هیچ ڕێوشوێنێکی تر بۆ بەدەست هێنانی ئۆتۆنۆمی نیە. ئەم گیانە تازەیە کە کەف و کوڵە سەرکەوتووەکە بە نەجەفییەکانی بەخشی، رێکخراوە ژێرزەمینییەکەی ((کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی))ی هاندا بکەوێتە چالاکی نواندن. لە ڕابەرانی ئەم رێکخراوە سەید محەمەد عەلی بەحرولعلوم، شێخ محەمەد جەواد جەزائیری، کازم سوببی و عەباس روماحی، لە نوێنەرەکانی لاوانیش عەبدولڕەزاق عۆدەو عەباس خەلیلی. ئەم رێکخراوە ژێرزەمینیە لەلای خۆی بڕیاری دابوو کە بە نهێنی بمێنێتەوە، بە وریایی مشوری خۆی بخوا تا ئەو کاتەی ئەندامەکانی بە ڕێک و پێکی چەکدار دەکرێن و بودجەی خۆی ڕێکدەخا،ئینجا خێڵە دراوسێکان بۆ شۆڕش کردن بانگهێشت دەکا. لەم سەروبەندەدا حاجی عەتییە پەیمانی دابوو کە یارمەتیی کۆمەڵەکە دەدا بەڵام نەیدەویست ببێ بە ئەندامی و پێی خۆش بوو نەچێتە پاڵ بەحرولعلوم و جەزائیری یەوە کە بە وریایی کاریان دەکرد و بەپێی بەرنامەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو ڕیزەکانی خۆیان ڕێکدەخست . لەقیی پەیوەندی حاجی عەتییە بە کۆمەڵەوە کە توانیبوی ژمارەیەکی زۆری ڕێبەرانی نەجەف بەلای خۆیدا ڕاکیشێ، کۆمەڵەی لاواز کردو زیانی بە بانگهێشتەکەی گەیاند. حاجی عەتییەی هەڵەوەرو پەلەپەلکەر پاش ئەوەی لەوە دڵنیا بوو کە نەجەف خۆی بۆ شۆڕش تەیار کردووەو پاش ئەوەی بە یارمەتیی عجێمی سەعدونی هاوپەیمانە بەسام و شەوکەتەکەی تورک پلانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی داڕشت، ڕۆژی ١٢ی مانگی کانونی دووەمی ١٩١٨ فەرمانی بە پیاوەکانی دا تەقە لە تیمێکی سوارەی هندیەکان بکەن کە تازە چووبوە کوفە، لە ئاکامدا تیمەکە یەکێکی لێ کوژراو یەکێکی لێ زامدار کرا. ڕۆژی ١٤ی مانگ، کاتێک بەلفۆر سەردانی کوفەی کرد، بەدوای حاجی عەتییەی نارد بەڵام ناوبراو بەپیر داواکەیەوە نەچوو بەڵکو ڕایکردو خۆی لە پەنای عجێمی نا لە بیابان دا. بەلفۆر سزای پەنجا هەزار لیرەی زێڕو پێنج سەد تفەنگی بەسەر نەجەفدا سەپاند کە دەبوایە ڕابەران و گەورە پیاوانی نەجەف بیدەن، لەکاتێکدا خودی وێڵسن وتبوی کە ئەوانە هیچ تاوانێکیان نیەو هیچ پەیوەندییەکیشیان بە شۆڕشگێڕانەوە نیە. نەجەفییەکان ئەم سزایەیان زۆر لەسەر دڵگران بوو. لەم ڕووەوە کۆمەڵە وای بۆ دەچوو کە ئەو ئینگلیزانەی ئەرکی پاراستنی ئەمنیەت و یاسایان پێ سپێردراوە لەوە بێهێزترن کە ئەو گێچەڵەیان پێ دامرکێتەوە کە عەتییە ناویەتییەوەو لە ئەنجامدا بۆیان نیە حوکمی نەجەف بکەن یان بەرامبەر بە کوژرانی سەربازێکی هندی کە خۆیان بەرپرسیارن لە مردنی، سزای قورس بەسەر دانیشتوانەکەیدا بسەپینن. کۆمەڵە بە ئاشکرا ئەم تێڕوانینەی خۆی دەرنەبڕی چونکە ئەو هەنگاوانەی بەلفۆر نابونی، باری نەجەفیان گرژتر کردبوو، بێ لەوەی کە ئەو هەنگاوانە لێیان ڕادەبینرا هەلومەرجی هەڵگیرسانی شۆڕشێکی گشتی فەراهەم بکەن.دواتر بەلفۆر پەی بەوە برد کە سەپاندنی سزا بەسەر نەجەفدا هیچ سودی نیە چونکە شێخ و ڕابەرەکان پارەکەیان بە تۆپزی لە خەڵکانی هەژارو بێ نەوا کە هیچ پەیوەندییەکیان بە شۆڕشەوە نەبو، کۆکردەوە.
لە ١٩ی مارتدا کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی لە ماڵێک لە گەڕەکی حوێشی نەجەف کۆبونەوەی بەست و تێیدا زۆربەی ئامادەبووەکان ئەو باوەڕەیان دەربڕی کە کات بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش زۆر لەبارە. بەم پێودانگە، لەسەر ئەوە یەک دەنگ بوون کە کوشتنی ئەفسەر مارشال دەبێتە هاندرێک بۆ خێڵەکانی دەوروبەری نەجەف تا هێرش بکەنە سەر دەزگا حکومییە بریتانییەکانی ناوچەکە. کۆمیتەی ڕاپەڕاندن کوشتنی مارشال و نانەوەی گۆبەندیان لە نەجەف بە گروپێک سپارد کە ژمارەی ئەندامەکانی نزیکەی ٢٠کەسێک دەبوو. کۆمیتەکە پێی وابوو ئەم کارە شۆڕشێکی گشتیی لە فوراتی ناوەڕاست لێ دەکەوێتەوە. ئەو گروپەی پێی سپێردرابوو مارشال بکوژێ، لە گەڕەکی حوێشەوە ڕووی کردە خان عەتییە، بارەگای کارگێڕی ناوەندیی بریتانیا لە نەجەف. ئەندامەکانی گروپەکە جلی پۆلیسیان کردەبەر و وایان نیشاندا کە نامەیەکی بە پەلەیان بۆ مارشال پێیە. بەم فێڵە چوونە ژورێ و کاپتن مارشال و ئەفسەرێکی تریان کوشت. لەم هەرایەدا پاسەوانە پەنجابییەکان بەخەستی کەوتنە تەقەکردن، چەند ژن و پیاوێکی بێ تاوانیان بریندار کرد کە لەو کاتەدا بۆ سەردان لە نەجەف بوون، گروپەکەش دوای ئەوەی یەکێکی بەناوی حەسەن جوری لێ کوژرا، پاشەکشەی کرد.
کوژرانی مارشال، بەلفۆری سەرسام کرد. لەبەرئەوە ڕووی کردە نەجەف تا لە بارودۆخەکە بکۆڵێتەوە بەڵام لەوێ لەپڕ درایە بەر گوللە، ئیتر پەنای بردە بەر ماڵی سەید مەهدی سەلمان. بەڵام جەنرال مارشال (ئەمە کاپتن مارشالەکە نیە) دەستوری دا نەجەف گەمارۆ بدرێ و بۆ لابردنی گەمارۆکە ئەم چەند مەرجەی دانا:
یەکەم: بەدەستەوەدانی بێ لاموجومی هەندێ لەو کەسانەی بەوە ناسراون کە سەرکردایەتیی شۆڕش دەکەن.
دووەم: دانی هەزار تفەنگ وەک سزا
سێیەم: دانی پەنجا هەزار لیرەی ئینگلیزیی زێڕ وەک سزای دارایی
چوارەم: سورگوم کردنی هەزار کەس بەدیلی بۆ هندستان
پێنجەم: تا ئەم مەرجانە جێبەجێ دەکرێن، نەجەف بە گەمارۆدراوی و بێ ئاوو خواردن دەمێنێتەوە.
لە ڕۆژانی هەوەڵدا نەجەفییەکان باکیان بە گەمارۆکە نەبوو و گوێیان نەدایە جاڕنامەی مەرجەکانی هەڵگرتنی ئابڵوقە. ڕۆژنامە بەغدادییە رەسمییەکەی ((عەرەب)) لەم رووەوە چەند هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە لەنێوان خەڵکی نەجەف و سەربازە بریتانییە ئابڵوقەدەرەکاندا پێکادان ڕویداوە. ڕۆژی ٢١ی مانگی مارت نەجەفییەکان یەکەم هەوڵیان بۆ شکاندنی ئابڵوقەکە دەست پێکرد، کاتێک هەندێکیان ویستیان بە دەبەی پڕ نەوتەوە هێرش بکەنە سەر هێزەکە بەڵام ئەم هەوڵەیان سەری نەگرت. زۆربەی سەربازەکانی گەمارۆکە دەورو خولی ئارامگەی کامل کوڕی زیادیان دابوو کە لەلای شیعەکاندا ڕێزو حورمەتی هەیە. لەو کاتەدا وتووێژی نێوان سەید مەهدی کە یەکێکە لە گەورە پیاوانی نەجەف و بەلفۆر گەرم و گوڕ بوو. سەید مەهدی لە وتووێژەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ ئابڵوقە هەلگیرێ، بەلفۆریش پێی لەسەر پێنج مەرجەکەی جاڕنامە داگرت. ئەم ماوەیەی گەمارۆ ماوەیەکی کورتی پڕ گرژی بوو کە تێیدا هەردوولا، بەڕێوەبەرایەتی شارنشینیی ئینگلیزو کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، پێیان وابوو دەسەڵات لە نەجەف دەبێ بۆ ئەو بێ. لەم بارەیەوە وێڵسن پێی وابوو مافی هەڵسوڕاندنی نەجەفی هەیەو ئەم مەسەلەیە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی خۆیدایە، لەبەرئەوە هیچ سەنگێکی بۆ ئەوە دانەنا کە ناوی نابوو ((ئیدیعای لوت بەرزانەی ڕابەران و بازرگانەکانی نەجەف کە خۆیان بە گەورەی نەجەف دەزانی)). سەرەنجام، کۆمەڵە ئاشکرای کرد کە ئامانجە بنەڕەتییەکەی بەدی هێنانی سەربەخۆیی تەواوە. ئیتر دەبوایە لایەکیان، لایەنی کەم بۆ ماوەیەک، دەسبەرداری هەڵوێستەکەی خۆی بێ. پاشان دەرکەوت کە پێویستە لەسەر کۆمەڵە پاشەکشە بکات.
دەنگوباسی ئابڵوقەدانی نەجەف سەرتاسەری عێراق و ئێرانیشی هەژاند. ئیتر نامەیەکی بێ ئەژمار لە ڕابەرە دینیەکان و پیاوماقوڵانی شیعەوە، دابارییە سەر کارمەندانی حکومەتی بریتانیا تێیدا داوایان لێ کرا لێبوردنیان بەرامبەر بە نەجەف هەبێ و لەم ڕووەوە ئامادەیی ناوبژیوانییان دەردەبڕی. لەسەر ئاستی ڕەسمیدا، حکومەتی ئێران نیگەرانیی خۆی لەوە بۆ باڵوێزی بریتانیا لە تاران دەربڕی کە هەواڵی ئابڵوقەدانی نەجەف دەشێ هەستی دینی بوروژێنێ کە شتێکە بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێ. حکومەت و نوسینگەی هندستانیش لە دوو تلگرام دا بۆ بەڕێوەبەرێتیی شارنشینی بریتانیا نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری گەیشتن بە سەرەنجامی ناهەموار بەهۆی کردارە توندوتیژەکانی بەڕێوەبەرێتیەکەوە لە دژی نەجەف دەربڕی. بێ لەوە، کارمەندە بریتانیەکان چەندین نامەی هەڕەشە ئامێزیان پێ گەیی. کۆمەڵانی خەڵکی، بەگشتی، پشتیوانیان لە نەجەف و تێکۆشانەکەی دەکرد بەڵام مایەی سەرسوڕمانە کە گرتۆد بل تویەتی گوایە ڕای گشتی لە بەغدا، کەربەلا، حللەو کازمێن لە سەرزەنشت کردنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕەکانی نەجەف دا یەکدەنگ بووە. سەبارەت بە وێڵسنیش، پێدەچێ زۆر گوێی نەدابێتە هەڵوێستی ڕای گشتی بەرامبەر بە ئابڵوقەکە. وێلسن نوسیویەتی ((سوننەکانی بەغدا بە دەبڕینی شادی و کەیف و خۆشییان بەتێوەگلانمان و سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە دەستی خۆمان دڕک و داڵەکەمان هەڵکێشین، ئێمەیان سەغڵەتتر کرد)). بەڵام من لەو بڕوایەدام کە بۆچونی خاقانی- کە هەم نەجەفییە هەم عێراقی- سەبارەت بە کاردانەوەی ڕای گشتی بەرامبەر بە ئابڵوقەدانی نەجەف لە ڕاستییەوە نزیکترە. ئەو باسی کردووە کە خێڵەکانی دەوروبەری نەجەف، کە نەجەف لەلایان هەیبەتێکی ئایینی مەزنی هەیە، خەریک بوون بیریان لە ئایندەی نیشتمان و گەلەکەیان دەکردەوەو خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەخت و دژوار لەگەڵ ئینگلیزدا سازو ئامادە دەکرد.
ڕۆژی ٢٦ی مارت ڕۆژنامەی((عەرەب)) کە لە بەغدا دەردەچوو، دەقی دەقی نامەیەکی بڵاوکردەوە گوایە زاناکانی نەجەف بۆ وێڵسنیان نوسیوە. ڕۆژنامەکە وەڵامەکەی وێڵسنیشی بڵاوکردەوە کە بۆ ئاخوندی گەورە محەمەد کازم یەزدی نێردرابوو. بەگوتەی خاقانی، زمانی نامەکە زۆر توند بوو، هەندێ سوکایەتی پێ کردن و بە ئەنقەست ئازاردانیشی تێدا بوو. گەوهەری نامەکە با ئاشکرا ئۆباڵی پشێوی نانەوەی دەخستە ملی ئاخوندی گەورەو دەستیارەکانی لە زاناکانی نەجەف. نامەکە خۆ گڤکردنەوەیەکی ئاشکرای تێدایە چونکە نێرەر تێیدا دەڵێ((ئەگەر نەجەف ملکەچی مەرجە ناوبراوەکان بێ، ئەو هەلەی بۆ دەرەخسێ کە بە سەلامەتی لەم تەنگانەیەی تێی کەوتووە دەرچێ...بەڵکو چاکتر وایە شارەکەیان لە تێکدەرەکان پاک بکەنەوە)). هەرچی شتێک لەبارەی شیعەوە دەزانێ، کتومت پەی بەوە دەبا کە ناکرێ ئاخوندی گەورە نامەی ناردبێ تێیدا بپاڕێتەوە لێبوردنیان بەرامبەر بە نەجەف هەبێ. مێژووی شیعە گەواهی ئەوە دەدا کە هیچ ئاخوندێکی گەورەی تێدا هەڵنەکەوتووە بەڕیشی خۆی ڕەوای دیبێ بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتێکی شیعە، بە شەرمەزارییەوە ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتێکی تر پارابێتەوە، لەبەر خودی ئەم هۆیە زاناو مێژوونوسانی شیعە، ئەوانەی لە دیرۆکی سیاسیی هاوچەرخی شیعەیان کۆڵیوەتەوە، نکۆڵی لەم نامەیە دەکەن. بەڵام هەرچۆنێک بێت مەسەلەکە، نامەو وەڵامەکە کارێکی وایان کرد زاناکانی نەجەف بەشێوەیەکی گشتی و ناخوندی گەورە بەشێوەیەکی تایبەتی، پێویستیان بەوە نەبێ کە بیانو بۆ بایکۆت خستنەسەر بەڕێوەبەرێتیی شارنشین بهێننەوەو هەموو جۆرە کۆنتاکت و پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵدا بپچڕن. خەڵکی نەجەف دەیانزانی ئاخوندی گەورە ڕازی نەدەبوو-لایەنی کەم لەو کاتەدا- هیچ کارمەندێک بکوژرێ بەڵکو ئەو داوای سەربەخۆیی تەواوی دەکردو پشتیوانی لەهەر کەسێک دەکرد ئەم داوایەی هەبێ. بەڵام پاش ئەم نامەیە دەستی ئاوەڵا بوو چونکە ئەو مافەی پەیدا کرد کە بە هەڵوێستی دۆستانەی خۆیدا بەرامبەر بە بەڕێوەبەرێتیی شارنشینی ئینگلیز بچێتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم نامەیە ئەوەی لێ کەوتەوە کە ڕای گشتیی گەل کەوتە پشتیوانی کردن لەو کەسانەی کە کاپتن مارشالیان کوشتبوو. بە تایبەتی کە خەڵکی نەجەف پشتیوانییان لە بکوژەکان دەکرد. بێ لەوە، هەڕەشەو گوڕەشەکانی ناو نامەکەو هەڵوێستی خەرۆو خۆبەزلزانینی وێڵسن-وەک لە نامەکەدا دەردەکەوێ- و چەند هۆیەکی تر پاڵیان بە خەڵکی نەجەفەوە نا پشتگیریی شۆڕشگێڕەکان بکەن و پشتیان بەرنەدەن.
لەو کاتەدا ئینگلیزەکان ئابڵوقەدانی نەجەفیان توندتر کردو لە ٧ی نیساندا تیمێکی جەنرال سۆندەرس توانی چەند تەپۆڵکەیەک لە دەوروبەری شار بگرێ، لەئاکامدا شوێنە ستراتیجیە پێویستەکانی توندکردنی ئابڵوقە کەوتنە دەست سوپای ئینگلیز. ئەمەش ئەو دەرفەتەی بۆ دەڕەخساند کە هەر خۆڕاگرییەکی نەجەف لە دژی سەربازە بریتانییەکان هەپرون بە هەپرون بکا. سەبارەت بەوەش کە بۆچی لەو کاتەدا خێڵە دراوسێکان ورتەیان لێوە نەهات و هیچ جموجۆڵێکیان نەنواند، من مەسەلەکە دەبەمەوە سەر دوو هۆ: یەکەم، دەستباڵایی ئینگلیز بەرامبەر بە خێڵە دراوسێکانی نەجەف. ئەوە بەڵگەیە کە خێڵەکان چەند لە نەجەفەوە نزیک بوبن ئەوەندەش کەمتر پێویستیان بە چەک هەبووە چونکە نەجەف لە چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێو ئەو خێڵانەدا دەسەڵاتێکی ئایینی و سیاسیی زۆری هەبوو، لە ئەنجامدا چەک لەلای ئەو خێڵانەدا بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو. واتە نەجەف خۆی گیروگرفت و گێرمەو کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکردن و پێویستی بە پەنابردنە بەر چەک نەدەکرد. گۆڕانی سیاسەتی دەزگای هەڵسوڕێنەر بەرامبەر بە خێڵەکان لەوەدا بوو کە ئەو دەزگایە کەوتە دانی قەرزو کۆمەکی کشتوکاڵی بە خێڵەکان و باجی زەوی و بەروبومی لەسەر هەڵگرتن. ئەمەش سەرخێڵەکانی هاندا پەلە لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و یاخیبون نەکەن. بێ لەوە، ئینگلیزەکان شارەزاییان لە خاڵە لاوازەکانی ڕێکخستنی خێڵەکی پەیدا کردبوو و دەشیانویست کەڵک لەو خاڵە لاوازانە وەرگرن. بەڕێوەبەرێتیی شارنشینی ئینگلیز لەکاتی ئابڵوقەدانی نەجەفدا سوودی لەو خاڵە لاوازانە وەرگرت. بەم پێودانگە، ئینگلیزەکان ئەستۆی خێڵەکانیان سوک کرد، کردەوەکانی حکومەتیان خاو کردەوەو ویستیان ئەو خێڵانەی کە بە چاکترین هاوپەیمانی نەجەفیان دەژماردن بەلای خۆیاندا ڕاکێشن. بەڕێوەبرێتی ئینگلیز قازانجی لەو سیاسەتە تازەیە هەڵکڕاند چونکە بە ئارام هێشتنەوەی خێڵەکانی بۆ دابین کرد.
هۆی سەرەکی لاوازی و بێهێزیی نەجەفییەکان، پەرەوازەیی و پەڕاگەندەیی بوو. ئاخوندی گەورەش نەیویست خۆی تێوەگلێنێ چونکە کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی لە مەسەلەی تیرۆرکردنی مارشالدا ڕاوێژی پێ نەکردبوو. لەلایەکی ترەوە پیاوماقوڵانی نەجەف وەک سەید مەهدی سەلمان هەوڵێکی زۆریان دەدا تا دژواری و ئاستەنگەکانی بەر ڕێی سەلماندنی سەروەری و ئینگلیزو ملکەچ کردن بۆیان نەهێڵن چونکە ئەمان گروپێک بازرگان بوون و لەسۆنگەی ئابڵوقەوە زۆر دەسکەوتی مادییان دۆڕاندبوو. هەندێکیشیان بڕێکی زۆر خورمای بەسرەو گەنمی حللەیان لابوو. ئەوانە قازانجیان لە خەڵکی برسیی نەجەف وەردەگرت و حەزیان نەدەکرد ئابڵوقە لەسەر نەجەف هەڵگیرێ بۆ ئەوەی گەنم و خۆراکەکانیان ساغ بکەنەوە، لەکاتێکدا شۆڕشگێڕەکان دەیانویست خەبات تاسەر بە ئەنجام بگەیەنن بەڵام ژمارەیان کەم بوو و زۆربەشیان هەژارو بەلنگاز بوون. سەرباری ئەمە، پێویستیان بە پشتیوانیی ڕوحی و ئەدەبیی ئاخوندی گەورە بوو. خۆشبەختیی ئینگلیز لەوەدا بوو کە نەجەف هیچ گروپێکی تێدا هەڵنەکەوت کە بتوانێ ئەم هەموو ڕەوشە جیاوازانە پێک بگەیەنێ، چونکە نەجەف مەیدانی یەکانگیریی هەموو گروپەکان بوو: شۆڕشگێران، پاوانکاران، چروک و بودەڵەکان، گروپە هەژارە بێ نەواکان، مسکێنە لاوازەکان و برسییەکان. نەجەفییەکان هەموو پێداویستییەکانی خۆڕاگرتنیان هەبوو بەڵام پێویستیان بە هاریکاری و کۆمەکی یەکتری بوو. ئەمەش یەکێ لە هۆکانی سەردانەواندن و خۆبەدەستەوەدانیان بوو.
پاش گرتنی گردەکان لە ٧ی نیساندا لەلایەن ئەو سەربازانەوە کە لە دەرەوەی شورەی شا سەنگەریان لێدابوو، جەنرال سۆندەرز ئابڵوقەکەی توندتر کرد بۆ ئەوەی نەجەفییەکان دەرفەتی هیچ مانۆرێکیان نەمێنێ. پاشان شورەی شارو ئەو پێنج سەد خانووەیان گرت کە بە تەنیشت شورەکەوە بوون. بێ لەوە ئینگلیزەکان گەڕەکی عەتیەی دەرەوەی شورەکەشیان گرت کە گەڕەکێکە ژمارەی خانوەکانی خۆی لە قەرەی پێنج سەد خانوو دەدا. بەمجۆرە، لەماوەی ٢ ڕۆژدا، لە ٨و٩ی مانگی نیساندا، کاربەدەستە ملیتارە بریتانییەکان نزیکەی هەزار ماڵیان چۆڵ کردو خەڵکەکەیان دەرکرد، ئەمانیش بە دەربەدەری چونە ناو نەجەف و لە مزگەوت و ئارامگا پیرۆزەکاندا گیرسانەوە. هەندێکیان پارەیان پێ بوو، خواردنیان پێ کڕی و هەندێکیشیان لەبرسان مردن. لەو کاتەدا، کاتێک نەجەفییەکان گیرۆدەی گیروگرفتی خۆراک و خانوو بوون، سەید مەهدی سەلمان و پێڕەکەی هەوڵیاندا شۆڕشگێڕەکان ناچار بکەن خۆیان بەدەستەوە بدەن. دواتر شۆڕشگێڕەکان ماڵ بە ماڵ و بیر بە بیر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕاونران. لە یەکی ئایاردا حکومەت توانی ١٥٠کەس بگرێ. بەپێی ڕاپۆرتی نیو مانگانەی های کۆمیشنەری بریتانیا، لەعانە لەلای ئەفسەری پەیوەندیی سیاسی ئەڵمان هەندێ دۆکۆمێنتی پێ گیراوە کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە پشێوییەکانی نەجەف دەستی دەرەوەیان تێدا بووە. های کۆمیشنەر وتویەتی ئەو بەڵگەنامانە ئاماژە بۆ ڕۆڵی عجێمی سەعدون دەکەن کە مانگانە ١٥٠٠لیرەی عوسمانی لە پرەوسەن (Preussen) وەردەگرت و وا ناسرابوو کە قورمشی شۆڕشە. بەڵگەنامەکان ئەوەشیان ساغ کردۆتەوە کە کۆمیتەیەک بەناوی کۆمیتەی ئیسلامی شۆڕشگێڕەوە هەبووە دەیویست نەجەف بکاتە سەنتەری پشێویی دینی لەنێو خێڵەکاندا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوبراو، کەسە سەرەکییەکان کە ناویان لە بەڵگەنامەکانی پرەوسەندا هاتووە بریتی بوون لە بەحرولعلوم، کوڕەکانی خوالێخۆشبوو سەید عەلی داماد کە تا ئەو کاتەی بەغدا گیرا چالاکانە لە خوتبەکانی دا بانگەشەی بۆ جهاد دەکردو سەعدیی ئیسلام جێگری شێخی شەریعەت، ئیبراهیم بەهبەهانیش بەردەوام پەیوەندیی بە پرەوسەندوە هەبووە.
لەکۆمە دادگایەکی ملیتاری بۆ دادگایی کردنی شۆڕشگێڕەکان پێکهات. دادگاکە بە سەرۆکایەتیی جەنرال لێچمان و ئەندامێتیی مێژەر تیدی و مێژەر رۆس Routh پێک هاتبوو. دادوەری گشتی کاپتن بەلفۆر بوو. دادگاکە بڕیاری کوشتنی ١٣کەسی دا. بەڵام پاش ئەوەی ئاخوندی گەورە (یەزدی) لەلای کاربەدەستان تکای کرد حوکمەکەی بەحرولعلوم کەم بکەنەوە، حوکمەکەی بەحرولعلوم و بەهبەهانی لە کوشتنەوە کرایە دورخستنەوە. پێنج کەسی تریش بۆ هەتا هەتایە بە دورخستنەوە حوکم دران، یەکێکیش بۆ ماوەی دە ساڵ دورخستنەوە حوکم دراو یەکێکی کەش بۆ ماوەی ٤ ساڵ. بێجگە لەوانەی درانە دادگا، دەسەڵاتی ئینگلیز زیاد لە سەد کەسی تری وەک دیلی جەنگ بۆ هنستان دوور خستەوە گوایە کەم تا زۆر دەستیان لە شۆڕشی چەکدار هەبووە. بەرەبەیانی ڕۆژی ٣٠ی ئایاری ساڵی ١٩١٨ حوکم دراوەکان لەناوبران . عەباس خەلیلی و هەندێ لە هاورێکانی توانییان لەزیندان ڕاکەن و خۆیان بگەیەننە ئێران. ئیتر دوا بەدوای ئەم سەرکەوتنە، ئینگلیزەکان وا تێگەیشتن کە سامناکترین کێشەی دوای داگیرکردنی عێراقیان پێ یەکلاکراوەتەوەو مەسەلەکەش بڕاوەتەوە. بەڵام کەمترین شت کە لەم بارەیەوە بوترێ ئەوەیە کە ئەم ڕووداوە سەرەتای دەسپێکی پەیوەندیی گرژی نێوان شیعەو دەسەڵاتی بریتانیا بوو، پەیوەندییەک کە پڕ بوو لە دڕدۆنگی و خانە گومانی و بێ متمانەیی و خۆ ئامادەکردن بۆ پێکادانی سەخت.
پێویستە لەسەر مرۆڤ بەوردی بڕوانێتە ئەو ڕوداوانەی بوونە هۆی ئابڵوقەدانی نەجەف و بەچاوی وێڵسن و گرتۆد بل تێیان نەڕوانێ کە ڕووداوەکان بەشکانی یاساو نیزام دادەنێن ، بەڵکو دەبێ لەو گۆشە نیگایەوە بۆی بچێ کە ئەو ڕووداوانە تاودانەوەی باوەڕی پتەوی شیعەن بە ئۆتۆنۆمی لە عێراقدا، باوەڕێک کە تا ئەمڕۆ هەرکات دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ گوزارشی لێ دەکەن و نایشارنەوە . سێ ئەدیبی نەجەف لە ڕووداوی ئابڵوقەدانی نەجەفیان کۆڵیوەتەوەو وای بۆ چون کە ڕووداوەکە دەرهاوێشتەی هەست و هەڵوێستە لەدژی بێگانەیەکی داگیرکەر. ئەم سێ ئەدیبە بریتین لە یوسف رەجیب لە مانگی مارتی ١٩٣٩دا لە گۆڤارە نەجەفیەکەی ((ئیعتیدال))دا وتارێکی بڵاوکردەوە، سەید محەمەد عەلی کەمالوددین لە کتێبەکەیدا ((نەجەف لە چارەکە سەدەیەک دا))و جەعفەر باقر ئەلمەحبوبە لە کتێبی ((پێشینەو ئێستای نەجەف))، لەم ڕووەوە هەر یەکێکیان هەموو ئەو رووداوانەی گێڕاوەتەوە کە ئابڵوقەدانی نەجەفیان لێ کەوتەوەو باسی ئەو کەسانەیان کردووە کە ڕۆڵێکی بنەڕەتییان تێدا هەبووە، خودی ئابڵوقەکەو بەسەرهاتە جەرگبڕەکانی دواییشیان بەسەر کردۆتەوە. بەڵام هیچ کامێکیان لە فاکتەرە ڕاستەقینە شاراوەکان و پەیوەندییانەوە بە بڕوای شیعە بە ئۆتۆنۆمی، نەکۆڵیوەتەوە. ئابڵوقەدانی نەجەف ئاسەواری قوڵی نەک هەر تەنها لەسەر خەڵکی نەجەف و لەسەر شیعەی عێراق بەجێ هێشت، بەڵکو هەروا لەسەر شیعەکانی سەرتاپای جیهان کە بەچاوی گەورەیی و پیرۆزییەوە دەڕواننە نەجەف چونکە ئەم شارە بارەگای ئاخوندی گەورەی جێگری ئیمامی بزری شیعەیە کە ڕۆژێ لە ڕۆژان((زەمینی پڕ جەورو ستەم خاوێن دەکاتەوەو پڕ دادو نەزاکەتی دەکا)). مێژوونوس دەتوانێ پەیوەستێک لەنێوان ئابڵوقەدانی نەجەف و ڕۆڵی بنچینەیی نەجەفییەکان لەشۆڕشی ساڵی ١٩٢٠دا بدۆزێتەوە.
مەگەر ئینگلیزەکان نەیاندەتوانی خۆیان لە ئابڵوقەدانی نەجەف بپارێزن. مەگەر نەیاندەزانی ئەم ئابڵوقەیە چی لێ دەکەوێتەوە. کێن ئەو کەسانەی ڕێنماییان دەکردن و چۆنێتی هەڵسوکەت کردنیان لەگەڵ خەڵکی نەجەف بۆ پێشنیار دەکردن؟ کێ قازانجی لە سەرکەوتنی ئینگلیز کرد؟ ئایا ئابڵوقەدانەکە، لەسەر ئاستی دوور ، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵسوڕانی سیاسی شیعەی عێراق بەجێ هێشت؟ ئایا سەرکەوتنی ئینگلیز دەسەڵاتی ئاخوندی گەورەی پایەدارترکرد یان لەقی کردو بناغەکانی هەڵتەکاند؟ ئایا ئەو سەرکەوتنە ڕیزەکانی شیعەی سفت تر کرد یان لێکی داپچڕاند؟
مرۆ بۆ ئەوەی بتوانێ پێکهاتەی سیاسیی دوابەدوای ڕووداوەکان و ئابڵوقەدانی نەجەف هەڵبسەنگێنێ، دەبێ پێش هەر شتێک لەو پرسیارانە ورد بێتەوە کە لە سەرەوە هەڵمانڕشتون، ئینجا هەوڵ بدا زۆر بە وردی وەڵامیان بداتەوە. شایانی ئاماژەیە کە ناوچەی فوراتی ناوەڕاست دەوڵەمەندترین ناوچەیە لەعێراق و لەم ڕووەوە جێی خۆیەتی سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشرێ کە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی شیعەنشینە. ئەمەش یەکێ لەو هۆیانەیە کە حکومەتەکانی بەغدای لە سەردەمە جیاجیاکاندا هانداوە چاکترین پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ نەجەف، سەنتەری دەسەڵاتی سیاسیی شیعەی فوراتی ناوەڕاست، پەیدا بکەن چونکە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ناوەندی بەغداو نێوان نەجەفەوە هەبووە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ئینگلیز پەیوەندییان بە ڕاوێژکارانێکەوە بکردایە کە سەرو دەر لە تێفکرین و ئاوەزی شیعە دەردەکەن و ئەگەر خودی خۆیان سەرو دەریان لە نەجەف و خووی خەڵکەکەی دەربکردایە، دەیانتوانی خۆیان لە ئابڵوقەدانە پڕ نەهامەتییەکەی نەجەف بپارێزن. بەڵام ئەوان چاو ساغ و ڕاویژکارەکەیان سەید مەهدی سەلمان و سەید محەمەد محسین بوو کە لە بازرگانە گەورە پاوانکارەکان بوون و لابردن و توندکردنی ئابڵوقەکە بەلایانەوە تەنها لەو سوچەوە پەیوەندیی پێیانەوە هەبوو کە چەند بۆ ساغ کردنەوەی خورمای بەسڕەو گەنمی حللەی نێو ئەمبارەکانیان قازانجی هەیە. ئەویش بەڵگەیە کە کاتێک ئەمبارەکانی سەید مەهدی سەلمان لە ئازوقە پاکتاو کران، ناوبراو بەلای خۆبەدەستدان و هەڵگرتنی ئابڵوقەدا دایشکاند چونکە پێی وابوو ئەگەر ئابڵوقەکە لەوە زێدەتر درێژە بکێشێ، خراپ کاردەکاتە سەر بازرگانیەکەی.  سەید محەمەد محسێنیش ئەو خولیایەی لێچماندا گەلاڵە کرد کە ئەگەر حکومەتی بریتانیا بە پارەو پول پشتیوانی لێ بکا، دەتوانێ بە بیانووی پستگیری کردنی نەجەفییەکان بە هێزێکەوە خۆی بەناو نەجەفدا بکا، مەبەستیش لەم فڕوفێڵە بەرپاکردنی بزاوتێک بوو لەدژی جوڵانەوەکەی نەجەف. کاتێک لێچمان لەم بارەیەوە پەیوەندیی بە بەلفۆرەوە کردو پێشنیارەکەی محەمەد محسێنی پێی ڕاگەیاند، بەلفۆر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕەزامەندی لەبارەیەوە نیشاندا ئەگەر ئەم پێشنیارە بە کردەوە جێبەجێ بکرایە، شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی لەناوخۆی نەجەف داقەوما. ئەوسا ئەگەر ئینگلیزەکان ناچار بوونایە سەرکوتی بکەن، دەبوایە هەنگاوی جەنگی توندتر بنوێنن و ئابڵوقەکەش دژوارتر بکەن، ئەمەش قازانجی زۆری دادەباراندە سەر محسێن و چونکە تبابێکی زۆر خۆراکی پاوان کراوی هەبوو. بە واتایەکی تر، کەسانێک کە ئامۆژگاریی ئینگلیزیان دەکرد پێش هەر شتێک بەرژەوەندی خۆیان لەبان بەرژەوەندیی ئینگلیز دادەنا، لەکاتێکدا ئینگلیزەکان دەیانویست ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە دابین بکەن. ئەگەر ئینگلیز لە هەوەڵ جارەوە خۆیان لە ئاخوندی گەورە نزیک بکرادیەتەوەو وا خۆیان دەرخستایە کە دەیانەوێ هاوکاریی بکەن، بەتایبەتی کە ئاخوندی گەورە لە کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی بە گلەی و گازەندە بوون، دەیانتوانی خۆیان لەگەلێک مەینەتی و نەهامەتی بپارێزن.
لە سەرێکی ترەوە پێویستە لەسەر توێژەرەوەی مێژوو لە ڕووداوەکەی خێڵی عەنزەش بکۆڵێتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٧دا ڕووی داو ئەویش بە نۆرەی خۆی دەستی لە ئابڵوقەدانی نەجەفدا هەبوو. گەلەکۆمەکی تیرەکانی خێڵی گەورەی عەنزە، کە زۆربەی هەرە زۆریان بە مەزهەب، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەرکەوتنی دەسەڵاتی ئینگلیزەوە ئامادەیی ئەوەیان دەربڕی کە هاوکاریی ئینگلیز بکەن و ببنە هاوپەیمانیان.
خێڵی عەنزە لە سێ تیرە پێک دێ: تیرەی عیمارات بە سەرۆکایەتی فەهد بەگی کوڕی هەززاڵ کە ڕەچەڵەکی خۆی دەباتەوە سەر بشری باپیرەی ئەفسانەیی.
تیرەی عیمارات لەوپەڕی باشووری ڕۆژهەڵاتی بیابانی سوریا نیشتەجێیە بەڵام لەکاتی گەرمیان و کوێستاندا، هاوینان دەچێتە سەر ڕوباری فورات.تیرەی دووەم تیرەی ڕواڵەیە بە سەرۆکایەتی نوری کوڕی شەعلان و بارو بنەکەی بەرامبەر بەتیرەی عیماراتی دراوسێیەتی. بەم پێودانگە، تیرەی عیمارات بۆ کڕینی شمەک ڕووی دەکاتە کەربەلاو نەجەف و تیرەی ڕواڵە ڕوو دەکاتە دیمەشق. تیرەی سێیەم کۆنفدراسیۆنێکی خێڵەکی یە لەنێو هەردوو خێڵی فەدعان و سەبەء، هەردوو خێڵیش وەک خێڵی عیمارات دەچنەوە سەر بشری باپیرە گەورەیان، لەبەر ئەوە بە خێڵی بشر ناسراون. ئیبن هەززاڵ بەهێزترین ڕابەری خێڵەکی سنوری ڕۆژئاوای عێراقە. جاران باوکی بە پلەی قایمقام خزمەتی تورکی دەکرد. قایمقامیەتەکەشی لەواحەی شتاتەوە تا کەربەلا بیابانێکی پانوپۆڕ بوو. ئەگەرچی ئیبن هەززاڵ خۆی بە ڕابەری بێ هاوتای عەنزە دەزانێ بەڵام لە ڕاستیدا هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر خێڵی روالەدا نەدەشکا، بێ لەوە سەرخێڵەکان عیمارات و بشریش تەنها کە بە پێویستیان دەزانی گوێڕایەڵی دەبوون دەنا هیچ گوێیان بە دەسەڵاتی نەدەدا. دوو مانگ یان زیاتر پاش داگیرکردنی عێراق، کاربەدەستانی ئیبگلیزو ئیبن هەززاڵ ڕێککەوتن و بەڵێنیان پێ دا کە کۆمەکیشی دەکەن. بەپێی ڕێککەوتنەکە ئیبن هەززاڵ بەڵێنی دا کە ئاسایشی سنور بپارێزێ و ڕێ لە تێپەڕبوونی کاڵاو شمەک بەنێو بیابان دا بگرێ .
بەڵام ئایا ئیبن هەززاڵ یاساوڵەکان و تواناو هێزی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خستە گەڕ؟ بەپێی بروسکەیەکی ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ١٩١٧ی کاربەدەستانی ئینگلیز لە عێراقدا بۆ سەرۆکی ستادی ئیمپراتۆری، وا باسی فەهدی کوڕی بەڵام ئامادە نیە هیچ پەیمانێکی خۆی بباتە سەر. هەرچی بە ناخی مێژوودا شۆڕ دەبێتەوەو پەنهانیەکانی ئاشکرا دەکا، بۆی دەردەکەوێ کە ئیبن هەززاڵ هیچ خزمەتێکی ئینگلیزی نەکردووەو خۆی قەوم و قیلەکەی بیریان چوبۆوە کە ئینگلیز پێی سپاردبوون ببن بە دوژمنی سەرسەختی دوژمنەکەیان، واتە تورک. ئەوە بەڵگەیە کە لە زستانی ١٩١٧-١٩١٨دا برسێتی تینی بۆ عێراق هێناو بڕستی لێ بڕی. ئیتر بێجگە لە خێڵی عەنزە کە سودی لە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئینگلیزدا وەرگرت. کێ سودو قازانج و بەرژەوەندی رنییەوەو کەڵکی لە دەردەسەری برسێتی وەرگرت؟ لەو کاتەدا، کاتێک برسێتی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو، کاروانێکی ١٢٠٠ حوشتری لە عەنزەوە بەنامەیەکی کۆلۆنێل لێچمانەوە گەیشتە نەجەف. لە نامەکەدا داوا لە حەمید خانی نەجەف کرابوو گەنم و دانەوێڵەی بداتێ. نەجەف و زاناکانی هەمیشە بەو چاوە سەیری ئیبن هەززاڵیان دەکرد کە کابرایەکی پیسکەی هەلپەرستی تاڵانچی یە، بێجگەلە پەیداکردنی پارەو خواردن هیچی بەلاوە گرنگ نیە. نەجەفییەکان بە مافی خۆیان دەزانی گەنمی نەدەنێ و فەرمانەکەی لێچمان جێبەجێ نەکەن، بەتایبەتی کە برسێتی سەرتاسەری عێراقی تەنگاو کردبوو. ئەو رێککەوتنەش کە بەلفۆر، ئەفسەری هەماهەنگی سیاسیی شامییە، بە زەبری زۆردارەکی سەپاندی، خەڵکی نەجەفی نەبردە سەر ئەو باوەڕەی کە ئیبن هەززاڵ بۆی هەیە گەنمی بازرگانانی نەجەفی دەسکەوێ. لە سۆنگەی ئەمەوە، کاتێک بەلفۆر پاش دوو ڕۆژ گەڕایەوە نەجەف، بینی ئەو مەرجانەی ئەو سەپاندبووی، هیچیان لێ جێبەجێ نەکراوە. ئیتر کاتێک کەوتە گوشار خستنە سەر حاجی عەتییەو کازم سوببی، کە دوو پێشەوای ناسراوی نەجەف بوون، خەڵکی نەجەف هیچ دڕدۆنگییەکیان لەم ڕووەوە نەما کە بریتانییەکان ئیبن هەززاڵ بە هەموو نەجەف ناگۆڕنەوە. لە ئەنجامدا عەتییەو سوببی ئاژاوەیان لە دەوروبەری بارگەی خێڵی عەنزە لە نەجەف نایەوە. سەرەنجام، ئاخوندی گەورە داوای لە بەلفۆر کرد نەجەف جێبێڵێ و کاری بەسەر عەتییەو سوببی یەوە نەبێ، بەلفۆریش بەپیری داواکەی ئاخوندی گەورەوە چوو. هەڵسوکەوتی بەلفۆر لەم ڕووداوەدا دەریخست کە ئەم کابرایە سەرودەر لە عێراق و بیرکردنەوەی خەڵکەکەی دەرناکا. ڕاستە بەلفۆر ڕێککەوتنێکی سەپاندو خواردن و گەنمی بۆ ئیبن هەززاڵ دابین کرد بەڵام ئەمە، لەسەر ئاستی دور، ئاسەواری خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان بریتانیاو شیعە زۆر بەجێ هێشت. هەموو مێژوونوس و ئەدیبێکی عێراقی بە چاکی پەی بەوە دەبا کە دەستەبەرکردنی پەیوەندیی دروست لەنێوان بریتانیا و شیعە زۆر لە دەستەبەرکردنی پەیوەندیی دروست لەگەڵ خێڵی عەنزە گرنگترە، بەتایبەتی لەو تیرۆژەوە کە ئیبن هەززاڵ لەنێو هەندێ لە تیرەکانی خێڵی عەنزەش لەوانە، بۆ نمونە، تیرەی عیمارات، دەستڕۆشتوو نەبووە، لەکاتێکدا ئاخوندی گەورەو زاناکانی نەجەف و حەشاماتەکەی دەسەڵاتیان بەسەر زیاد لەنیوەی خەڵکی عێراقدا دەشکاو ئەوانە ئەو خەڵکانە بوون کە ئەمنیەت و ئاسایشیان پێ دەپارێزرا. کەچی کارمەندە بریتانییەکانی ئەوسای فوراتی ناوەڕاست بەردەوام سەرقاڵی ئەوە بوون کە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ نەجەف بشێوینن و  نەجەف لەخۆ بتۆرێنن، لەکاتێکدا ئەم شارە سەنتەری دەسەڵاتی سیاسی و دینیی سەرتاسەری ناوچەکە بوو. هەموو ئەوەی کە ئیبن هەززاڵ کرا لەوە زیاتر نەبوو کە دەستووری دایە پیاوەکانی، نەجەف بەجێ بێڵن. ئیتر کێشەکە بۆ بریتانییەکان بەجێ ما تا مشوری بخۆن. حاجی عەتییەش، وەک لەمەوبەر ئاماژەی بۆ کرا، خۆی و عجێمی سەعدونی هاوپەیمانە دەستڕۆیشتووەکەی لیوای مونتەفەک، نەخشەکانی خۆیان هەڵسوڕاند. حاجی عەتییە لە ئاکامی پشێوی و پاشاگەردانی و شکستی بەلفۆر لە سەپاندنی ڕێککەوتن دا، توانایەکی فرەتری پەیدا کرد. ئەمەش هانی دا دەستوور بداتە پیاوەکانی، هێزێکی سوارەی هندییەکانی کوفە لە دەوروبەری نەجەف مانۆری دەکرد، بدەنە بەر گوللە، لە ئەنجامدا هندییەک کووژراو یەکێکی تریش بریندار کرا. پاشان دوای ئەوەی ئاژاوەو ئاشوبی نایەوە، هەڵاتە لای عجێمی دۆستی لە بیاباندا. بەلفۆریش بە پەلەپروزێ سزایەکی بایی پێنج سەد تفەنگ و پەنجا هەزار لیرەی زێڕی ئینگلیزی بەسەر نەجەفدا سەپاندو داواشی کرد سەرانی شۆڕش بدرێنە دەست. ئەم هەڵسوکەوتەی بەلفۆر بەرامبەر بە نەجەف- کە کەمترین شت لەبارەیەوە بوترێ ئەوەیە کە هەڵسوکەوتێکی توند بووەو بەرژەوەندی بەڕێوەبەرایەتیی تازەی بریتانیای تێدا نەبووە- بووە مایەی توڕەیی لەڕادەبەدەری نەجەفییەکان کە خودی وێڵسن وتبوی دەستیان لە ئاژاوە نانەوەو گێرەشێوێنیدا نەبووە. دەسەڵاتی بریتانی پەی بەوە نەبرد کە حاجی عەتییە دەیویست وا لە ئینگلیز بکا هەڵوێستی توند لە دژی نەجەف بنوێنن بۆ ئەوەی نەجەفییەکان پشتیوانی لە تورک بکەن. ئینگلیزەکان پەراوێزی ئەو گۆڵمەزەیان پی تەنگەبەر نەکرا کە عەتییە نابویەوە، ئیتر مەسەلەکە ئاکامی وای لێکەوتەوە کە بە قازانجی ئەوان نەبوو. مەسەلەکە بە پێچەوانەوە بوو چونکە کوشتنی سەربازێکی هندی لە دەرەوەی شورەی نەجەف ئینگلیزەکانی هاندا هەڵوێستی توند بەرامبەر بە هەموو گەل و پیاوماقوڵان بنوێنن، واتە ئەوەی عەتییە پێی نەکرا ئەوان کردیان.
هەڵسوکەوتە توندەکانی کە لە دژی نەجەفییەکان لە سۆنگەی کوشتنی سەربازێکی هندییەوە ئەنجام دران، کەش و هەوایەکی لەباریان بۆ بڵاوبوونەوەی بانگەشەی کۆمەڵەی ڕاپەڕینی ئیسلامی و خەڵک لەدەور کۆبونەوەی، پەیدا کرد. ئەو هەڵسوکەوتانە وەک هێرشی تورکەکان لە ساڵانی ١٩١٥و١٩١٦دا بۆسەر کەربەلاو نەجەف و وەک تاڵان کردنی شاری حللە لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٦دا کۆنە دوژمنایەتیی نێوان نەجەف و شیعەو نێوان تورکیان کڵپەسەندوتر کردو رق و کینە کۆنەکەیان وروژاندەوە. سیاسەتی بریتانیا لە عێراقدا بەرامبەر بە شیعە سیاسەتێکی نەرم و نیان نەبوو، ئەگەرنا دەکرا شیعە ببێ بە هاوپەیمان، یاخود لایەنی کەم ئەگەری بوون بە هاوپەیمانی بۆ دەڕەخسا.
ئاشکرایە کە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیی شیعە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە سەرکردایەتی لەلای ئەواندا خۆی لەو پۆستە پایە بەرزەدا دەنوێنێ کە ئاخوندی گەورەی نوێنەری زیندووی ئیمامی مونتەزەری غەیبەت هەیەتی و ئەو سەرکردایەتییەش نابێ سەر بۆ هیچ سەرکردایەتییەکی دیکەی سەر ڕووی زەمین دانەوێنێ. ئابڵوقەدانی نەجەف و ئەو نامەیەی لە ڕۆژنامەی عەرەب دا بڵاوکرایەوەو وەڵامە توندەکەی های کۆمیشنەر – هەموو ئەمانە دەسەڵاتی ئاینی و سیاسی ئاخوندی گەورەیان پایەدارتر کرد چونکە دەسەڵاتی سیاسی لەلای شیعەدا لە دەسەڵاتی ئاینییەوە سەرچاوە دەگرێ. لەم سەروبەندەدا محەمەد کازم یەزدیی ئاخوندی گەورەی ئەو کاتە، پێش ئابڵوقەدانی نەجەف، هەرگیز خولیای بەرپاکردنی شۆڕشی بۆ گۆڕینی بارودۆخ نەبووە بەڵکو ئەو، وەک دواتر بۆمان دەردەکەوێ، لە ساڵانی دواتردا بوو بە پێشەوای ئاینی و سیاسیی شۆڕشێکی چەکدار لە دژی بریتانیا. هۆی سەرەکیی ئەمە   دەچێتەوە سەر ئەوەی کە سیاسەتی بریتانیا بەردەوام بەگژ ئەو دەسەڵاتەدا چۆتەوە کە ئەو هەیبووە.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٨ی گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان وەرگیراوە
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved