دۆگماتیزم- dogmatism
ئامادەکردن: هاوار
دۆگماتیزم (dogmatism) چەمکێکە لە زانست و فەلسەفە و سیاسەتدا بەکاردێت. بەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەگوترێت کە بەندە بە نەگۆڕانی هزر یان پرەنسیپێکی دیاریکراو. واتە دژی گۆڕانکاریی و پەرەسەندن و پێشکەوتنە. چونکە دۆگماتیزم بەپێی کات و شوێن، بڕوابوونێکی کوێرانەیە بە هزر و پرەنسیپێک بەبێ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەگرتنەوە سەیری بکرێت. هەروەها دۆگماتیزم درز دەخاتە نێو بنەما زانستییەکان و مەودوای نێوان ڕاستەقینە و بابەتیبوون زیاتر دەکات.
بنەچەی دۆگماتیزم لە تیۆرە میتافیزیکییەکانەوە هاتووە چونکە کەسانی دۆگم بیروڕایەک بە ڕاستەقینە دادەنێن کە هەرگیز ناگۆڕێت و پیرۆزە و نابێ ڕەخنەی لێ بگیرێت. بەڵام ئەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستانە زیاتر بەرەو نەمان ئەچێ چونکە دژ بە هەموو نوێخوازی و پەرەسەندنێکە. هەر بیروباوەڕێکیش خۆی نوێ نەکردەوە یان پەرەینەسێنیت، دواجار بەرەو پوکانەوە و هەڵوەشانەوە دەچێت. بە تایبەت بیروبۆچوونە سیاسی و ئاینییەکان. پوکانەوەی ئەو بیروبۆچوونانە باجی زۆر دەبێت، دوور نییە ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتە و پەیڕەوکارانی هزرە دۆگمەکە ببنە قوربانی.
بەو پێیەی ژیان و خواستەکانی مرۆڤ دەگۆڕێن، ناچار ئەو تیۆرانەی ژیان و بیرکردنەوە و خواستی مرۆڤ لێکدەدەنەوە ئەوانیش دەگۆڕێن.
بنەماکانی هزری لۆجیکی و ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ نیشانی داوە هەموو بۆچوون و تیۆرێکی دروست و ڕەوا، دوور نییە ببێ بە تیۆرێکی مردوو و نادروست و وشک و برینگ ئەگەر بێتو ئەو تیۆرە وا سەیر بکرێت کە قابیل بە پەرەسەندن نییە. بەو پێیەی ژیان و خواستەکانی مرۆڤ دەگۆڕێن، ناچار ئەو تیۆرانەی ژیان و بیرکردنەوە و خواستی مرۆڤ لێکدەدەنەوە ئەوانیش دەگۆڕێن. بەڵام دۆگماتیزم بابەت و ئەنجامە زانستییەکان بە چەند یاسا و چەمکێکی ڕەها و تەواو دەبستنەوە کە لە هەموو قۆناغ و وڵاتێکدا ئەگونجێن بەبێ ئەوەی گرنگی بدرێت بە سیما و بارودۆخی شوێنەکە یان گرنگی نادرێت بە شێوازی پەیڕەوکردنی تیۆرەکە.
دۆگماتیزم وەک چەمکێکی سیاسی و فەلسەفی و زانستی، پێچەوانەی چەمکی دیالێکتیکە. چونکە دیالێکتیک بەشێوەکەی گشتی وا سەیری بوون و جیهان دەکات کە لە گۆڕان و پەرەسەندنێکی بەردەوام دایە. ئەو گۆڕان و پەرەسەندنانە وا دەکەن ژیان بەردەوام بەرەو پێشەوە بچێت و لەبری چەقبەستوویی، گۆڕان دەبێتە قانونی هەمیشەیی.
دۆگماتیزم بابەت و ئەنجامە زانستییەکان بە چەند یاسا و چەمکێکی ڕەها و تەواو دەبستنەوە کە لە هەموو قۆناغ و وڵاتێکدا ئەگونجێن بەبێ ئەوەی گرنگی بدرێت بە سیما و بارودۆخی شوێنەکە یان گرنگی نادرێت بە شێوازی پەیڕەوکردنی تیۆرەکە.
لە بارودۆخی ڕۆژانە و ژیانی ئاسایی خەڵکدا، دۆگماتیزم دەبێتە هۆی دروستبوونی کەمتەرخەمی و دوورەپەرێز وەستان و گۆشەگیری. چونکە خەڵکەکە ئاسۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتن نابینن بۆیە خۆیان بە بابەتی جدی و گرنگەوە تەرخان ناکەن. هەروەها بەرخۆری یەکێکە لە سیما سەرەکییەکانی ئەو کۆمەڵگانەی دۆگماتیزم تێیدا باڵادەستە. لەلایەکی تریشەوە دۆگماتیزم دەبێتە هۆی نەمانی پەیوەندی لەنێوان تیۆر و پراکتیک، چونکە لە بنەڕەتدا دۆگماتیزم وەک نەخۆشییەک تیۆر و بیرکردنەوە و بیروبۆچوون دەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر بیروبۆچوون چەق ببەستن ئەوا کردەوە و پراکتیکیش دەوەستن و پێشناکەون. لە ڕووە سیاسییەکەیەوە دۆگماتیزم کارێگەرییەکی گەورە و تاڕادەی مەترسی ئەکاتە سەر کاری حزبایەتی و ڕێکخراوەیی. بە تایبەت حزبە شۆڕشگێڕەکان و پارتە سۆسیالیزمەکان. چونکە کاری حزبایەتی و ڕێکخراوەیی لەگەڵ بیروڕای وەستاو و چەقبەستوو یان مرۆڤی کەمتەرخەم ناگونجێت.