خوێندنەوەی کتێبی (شکاندنی زیندانی موسڵ 1980-1981
ژووری سێدارە ئەو شوێن و کاتەیە مرۆڤ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کەسێتی راستەقینەی خۆی دەکات. لە چرکەساتی چاوەڕوانی مردندا، هەموو دەمامکەکان دەکەون و مرۆڤ بە بێگەردی لەگەڵ خۆیدا دەمێنێتەوە. لێرەدا مرۆڤ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئیرادەی خۆی و شوناسی راستەقینەی خۆیدا دەکات. هەوڵدان بۆ شکاندنی زیندان، رەتکردنەوەی شوناسێکی دەستەمۆ و رامکراوە. هەوڵدانیشە بۆ پاراستنی ئازادییە ناوەکییەکەی مرۆڤ. هەروەها وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەیە لە رووی ستەم و زوڵم، چونکە لە خۆیدا زیندان و قۆڵبەستکردن لەبەر پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی، دەستەمۆکردنی جەستە دەگەیەنێت، بەڵام بە مانای دەستەمۆکردنی شوناسی راستەقینە و ئازادی ناوەکی نایەت.
هەر لەو سۆنگەیەوە کتێبی (شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ 1980-1981) کە لەلایەن (دەرسیم پێشەوا)ەوە نووسراوە. پەردە لەسەر یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی تێکۆشانی کورد لەناو زیندانەکانی رژێمی بەعسدا لادەبات و گیانی بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشان لەپێناو پاراستنی ئازادیدا دەردەخات. هاوکات ئەم کتێبە هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە قسە و دەنگوباسەوە دەکات بە رووداوێکی مێژوویی. ئەم کتێبە تێکڕا 239 لاپەڕەیە و لە پێشەکییەک و 10 بەش و سێ چاوپێکەوتن و ئەنجامێک پێکهاتووە. لە ساڵی 2025 بۆردی هۆشیاری لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ک) بڵاویکردووەتەوە. هاوکات لەگەڵ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا، لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا بەڵگەنامەی پێویست و وێنەی تێکۆشەران و شەهیدەکان خراونەتەڕوو.
نووسەر لەم کتێبەدا تەنیا بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی سادە ناگێڕێتەوە، بەڵکو لە رێگەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ رزگاربووانی زیندان و شایەتەکان و تەنانەت ئەو پاسەوانە کوردانەی لە پلانەکاندا هاوکار بوون، راستی رووداوەکانی ساغ کردووەتەوە. هەروەها نووسەر خۆشی وەک یەکێک لە شایەتەکان دەردەکەوێت، لە رێی برا و خزمەکانی کە لە ژووری سێدارەی موسڵ بوون، لە پلانی شکاندنی زیندان ئاگادار دەکرێتەوە. دوای زیاتر لە 35 ساڵ لەو رووداوە، رزگاربووەکان و پاسەوانەکان و کەسوکاری زیندانەکانی تر دەدۆزێتەوە و زانیارییەکانیان وەک بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەوڵە، بەکاردەهێنێت. ئەمەش لەخۆیدا کردەیەکی بەرەنگارانەیە و نووسەر رێ لەوە دەگرێت گیانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو تێکۆشەرانە و شوناسی ئازادخوازییان تێکەڵ بە تەپوتۆزی رۆژگار ببێت و لەبیر بچنەوە.
کتێبەکە بە وردی باس لە دوو هەوڵی بوێرانە دەکات بۆ شکاندنی زیندانی موسڵ. لە هەوڵی یەکەمدا ئاماژە بە چیرۆکێکی پڕ لە ئازار دەدات، کاتێک هاوسەری یەکێک لە تێکۆشەرە زیندانیکراوەکان، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و دەمانچەیەکی بێدەنگ لە یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە وەردەگرێت و بە مەترسییەکی گەورەوە دەمانچەکە دەگەیەنێتە موسڵ بۆ ئەوەی لە کاتی شکاندنی زینداندا بەکاری بهێنن، بەڵام بەرلەوەی چەکەکە بگاتە دەستی زیندانییەکان، پەتی سێدارە دەخەنە ملی تێکۆشەرەکە و لەدار دەدرێت. لەم کتێبەدا، ئەو ژنە وەک شایەتحاڵێکی رووداوەکە قسە دەکات. هاوکات یەکێکی تر لەو تێکۆشەرانەی لە زیندانی سێدارەی موسڵ لەکاتی داڕشتنی پلانی شکاندنەکە لەوێ بووە و دواتر رزگاری بووە، یەکێکی ترە لە شایەتەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لە پاسەوانەکانی زیندان، کە لە پلانی دووەمدا بەشداربووە شایەتێکی تری رووداوەکەیە و راستییەکان ساغ دەکاتەوە. بەوەدا دەردەکەوێت کە (شوناس) لە هەندێک ساتەوەختدا بەسەر (ئەرک)دا سەردەکەوێت. دەریشدەکەوێت شۆڕش وەک هێزێکی مەعنەوی توانیویەتی کار بکاتە سەر ویژدانی ئەو کەسانەی کە لەناو خودی سیستمەکەدا کار دەکەن. ئەمە دەیسەلمێنێت کە هیچ سیستمێکی داپڵۆسێنەر ناتوانێت بەتەواوی مرۆڤەکان بکاتە ئامێر، چونکە هەمیشە دەلاقەیەک بۆ بەئاگاهاتنەوەی هەستی نەتەوەیی و ویژدانی مرۆیی دەمێنێتەوە.
گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایە تەنیا لە سنووری گێڕانەوەی بەسەرهاتدا نامێنێتەوە، بەڵکو لایەنە ئەندازیاری و ئامارییەکانی زیندانەکەش دیکۆمێنت دەکات. نووسەر بە کێشانی نەخشەی وردی زیندانەکە و دیاریکردنی شوێنی زیندانییەکان، خوێنەر دەباتە ناو کەشی ئەو زیندانەی کە تێکۆشەرانی تێدا بووە. هەروەها بە ئامارێکی ورد، رێکەوتی لەسێدارەدانی شەهیدەکان و ناوی ئەو کەسانەی سزاکەیان بۆ گۆڕدراوە، یان بەر لێبووردن کەوتوون، تۆمار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر فەلسەفەی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی تێکۆشەران لەناو زینداندا. زیندان لە شوێنی کۆنترۆڵکردنی جەستە و رامکردنی ئیرادەوە دەبێتە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە و ململانێی بەدەستهێنانی ئازادی و پاراستنی شوناسی بەرەنگاریی. هەروەها زیندان چیتر ناوەندێک نییە بۆ لە مرۆڤخستنی مرۆڤ، ئەو تێکۆشەرانە زیندان دەگۆڕن بۆ خەبات لەپێناو پاراستنی شوناسە ناوەکییەکەی خۆیان، کە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ستەمە. بەو جۆرە دەسەڵاتی ستەمکار لە ناوەڕۆکەکەی خۆی بۆش دەکەن و تواناکانی دەبەنە ژێر پرسیارەوە و دەیسەلمێنن، راستە لەش کۆت دەکرێت، بەڵام تێکۆشان بۆ سەربەستی و ئازادی بەشێکە لە شوناسی راستەقینەی تێکۆشەران و رام ناکرێت. تەسلیم نەبوونی تێکۆشەرانیش ئەوە دەسەلمێنێت کە مرۆڤی بە ئیرادە و رەسەن، رێگە نادات بارودۆخی دەرەکی (وەک زیندان، هەژاری و ستەم) پێناسەی شوناسەکەی بکەن. لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەستیدا مرۆڤ تێدەگات کە دوژمن دەتوانێت جەستەی ئازار بدات، بەڵام ناتوانێت هاوسەنگیی دەروون و بیروباوەڕەکانی لێ زەوت بکات. ئەمەش بەرزترین جۆری ئازادییە. تەسلیمبوونیش کاتێک روودەدات، کە مرۆڤ بڕوا بەوە بهێنێت هیچ توانا و هێزێکی نەماوە و سیستمەکە هەموو شتێکی لەدەست دێت، بەڵام بەرەنگاربوونەوە لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ دەڵێت: هێشتا بژاردەیەکم ماوە و هەوڵ بۆ بە دەستهێنانی دەدات.
هەروەها کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو تۆڕە نهێنییەی لەنێوان دەرەوە و ناوەوەی زیندانەکاندا هەبوون و بە هاوئاهەنگی کاریانکردووە. ئەمەش نیشانی دەدات کە چۆن شۆڕش توانیویەتی کاریگەریی لەسەر هەستی نەتەوایەتی ئەو کوردانەش دابنێت کە لەناو جەرگەی دەسەڵاتی دوژمندا وەک پاسەوان کاریان کردووە. دەردەکەوێت کە زیندان بۆ تێکۆشەران تەنیا شوێنی سزادان نەبووە، بەڵکو سەنگەرێکی دیکەی بەردەوامیی خەبات بووە.
ئەم کتێبە بەشێکی تری مێژووە پەراوێزخراوەکان دەگێڕێتەوە و قسە لەسەر ئەو قارەمانانە دەکات کە لە ژوورە تاریکەکاندا تا دوایین ساتەکانی ژیانیان لەسەر بیروباوەڕی خۆیان مانەوە و شەڕیان بۆ پاراستنی شوناسی راستەقینەی خۆیان دەکرد. هەروەها کتێبەکە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی کە مێژووی کورد تەنیا لە شاخەکاندا نەنەخشێنراوە، بەڵکو لەناو جەرگەی شارەکان و لە پشت میلەکانی زیندانیشدا، داستانگەلێکی وەک (شکاندنی زیندانی موسڵ) هەن و شایانی ئەوەن بنووسرێنەوە.
بابەتی زیاتر