نوسینی : محمد نبیل الشمیمی
پێشەکی:
سپیکردنەوەی پارەی ڕەش زاراوەیەکە لەسەر ئاستی جیهان جێگەی پرسیارە، دیاردەیەکە بە یەکێک لە مەترسیدارترین تاوانی ئابوری هەژمار دەکرێت ئەمەش لەبەر ئەوەی کە دەرئەنجامە ئابوریەکانی سپیکردنەوەی پارە باندۆرێکی زۆر خراپی هەیە بۆ سەر ئابوری وڵاتان و زیانگەلێکی کۆمەڵایەتی زۆر بە بوارە جیاوازەکان دەگەیەنێت جا ئایا شێواندنی ئارامی و دڵنیایی کۆمەڵگا بێت یاخود لەناوبردنی بەها کۆمەڵایەتیەکان بێت، ئایا لەڕێگای زیانگەیاندن بێت بە کۆمەڵگا "کە تەنیا سنووری دەوڵەتمەندبوونی نایاسایی ناگرێتەوە بەڵکو بەهاکانی کۆمەڵگاش دەخاتە مەترسیەوە" . یاخود تێکشکانی مرۆڤەکان بێت لەڕێگای بازرگانی کردن بە مادە بێهۆشکەرەکان و بازرگانی سێکس و کردەوەکانی ئاودیوکردن، کە سەرەنجام جگە لە داڕمانی کۆمەڵگاو خودی مرۆڤ کە بنەمای ژیان و سەرچاوەکەیەتی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
ئەو کەسانەی کە پارەی ڕەش و نایاسایی سپی دەکەنەوە بە هەموو توانایەکی خۆیان هەوڵ دەدەن لەڕێگای بەرتیل و دەم چەورکردنەوە کۆمەڵگا گەندەڵ بکەن و لەو رێگایەوە مەرامەکانیان بێتە دی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر پۆستە کاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگا بسەپێنن و لەرێگای ئەندام بوونیان لە ئەنجومەنەکانی شارەوانی و سەندیکاکان خۆیان لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی یاسایی بپارێزن.
دیاردەی سپیکردنەوەی پارەی رەش ئەوە دەهێنێت کە هەموو حکومەتەکان هاوکاربن بۆ لەناوبردنی، لەبەر گرنگی زۆری ئەم دیاردەیە ئێمە لەم نوسینەدا تیشک دەخەینە سەر چۆنیەتی پەیدابوونی و ئامانج و میکانیزمەکانی ئەم دیاردەیە وێرای باسکردنی سەرچاوەکانی ئەم پارەیەو هۆکاری زیادبوون و کاریگەریی لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و لە کۆتایشدا رێگاکانی لەناوبردنی ئەم دیاردەیە لەناوخۆی وڵات و دەرەوەیدا دەخەینە ڕوو.
سەرهەڵدان و واتای ئەم دیاردەیە
لەو دەمەوەی کە مرۆڤ گرنگی سامانی لە کۆمەڵگادا بۆ دەرکەوتووە، لە لایەن هەندێ کەسەوە گەڕان بەشوێن سەرچاوە نا یاسایی و خێراکانی خۆ دەوڵەمەندکردن بەردەوام بووە هەروەها هەوڵەکانیشیان بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی ئەم پارە نایاساییانە لەترسی لێپرسینەوەو سزادانیان بەردەوام بووە، لێرەوە دیاردەی سپیکردنەوەی پارەی رەش و نایاسایی، پەیدابووە.
سەرباری کۆنی ئەم دیاردەیە بەڵام زاراوەی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە شاری شیکاگۆی ئەمریکاوە کەوتۆتە سەر زاران، بەڵام یەکەمین لێپێچینەوەی یاسایی لە ئەمریکا ساڵی ١٩٨٢ ئەنجام دراوە ئەو دەمەی کە سامانی هەندێک لە هاوڵاتیان دەستی بەسەردا گیرا پاش ئەوەی زانرا کە سەرچاوەی ئەو سامانە بازرگانی کۆکاین بووە لەگەڵ چەتەکانی مافیای کۆلۆمبیا.
چەندین پێناسی جیاواز هەیە بۆ زاراوەی سپیکردنەوەی پارەی رەش لای هەندێک کەس (بریتیە لە پرۆسەیەک کە بەهۆیەوە ئەو پارانەی بەڕێگای نایاسایی وە دەست دەکەون تیکەڵ دەکرێنەوە بە رژێمی دارایی بەجۆرێکی ئەوتۆ کە چیدی ناتوانرێت سەرچاوەی یەکەم و بنەڕەتی ئەو پارەیە بدۆزرێتەوە و سەرەنجام خەسڵەتێکی یاسایی نوێ وەردەگرێت و لە پرۆژە شەرعیەکاندا وەگەڕ دەخرێن و سپی دەبنەوە.) لای هەندێک کەسی دیکە (بریتیە لەو کردەوانەی کە خاوەن پارەی رەش ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی سیفەتی ئەم پارەیە لە سیفەتێکی نایاساییەوە کە سەرچاوەکەی هەندێک کاری نایاساییە بگۆڕێت بۆ سیفەتێکی یاسایی ئەوتۆ وەک ئەوەی کە پارەکە لە رێگایەکی یاساییەوە دەست کەوتبێت.)
پێناسەی دیکەش هەیە لەوانەش (بریتیە لە تاوانێکی مافیاگەرایی، لە رێگایەوە کەسانێک یان دەستەو تاقمێک زنجیرەیەک کردەوەی دارایی بەسەر ئەو پارەیەدا دەهێنن کە لە رێگایەکی نایاساییەوە بەدەستهاتووە بە ئامانجی گۆڕینی بۆ شێوەیەکی یاسایی و پاراستنی لە چاودێری و لێپێچینەوە).
بەم جۆرە هەموو ئەم پێناسانە ئەوەمان پیشان دەدات کە ئەو کارە پرۆسەیەکی مافیاگەراییە هەوڵ دەدات ئەو پارانەی کە بەڕێگەیەکی نایاسایی پەیدا دەکرێن بە شێوازێکی تایبەت شوێن بزر بکات و بیگۆڕێت بە پارەیەکی یاسایی.
ئەم دیاردەیە رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ پەرەسەندنی هۆیەکانی گەیاندن و گواستنەوە و پەرەسەندنی لە رادە بەدەری گەندەڵی گەشە دەکات.
ئامانج و شێوازەکانی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش :
بێگومان هەموو ئەو کەسانەی کە پارەیان لە سەرچاوە نایاساییەکانەوە دەست کەوتووە هەوڵ دەدەن خۆیان لەهەر جۆرە لێپرسینەوەیەکی یاسایی بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن کە پارەکانیان لەگەڵ ڕژێمی داراییدا تێکەڵ بکەن بۆ ئەوەی لە پاش ئەنجامدانی چەندان پرۆسەی دارایی ئیتر ئەو پارەیە سیفەتی یاسایی وەرگرێت، بۆ نمونە هەوڵ دەدەن ئەو پارە نەختینانەی کە دەستیان کەوتووە بگۆڕنەوە بە چەکی بانکی یاخود بیگۆڕنەوە بەدوای بێگانە یاخود هەندێک لەو پارانە بگۆڕن بە سەرمایەی نەگۆڕ لەرێگای کڕینی خانوو بەرەو زەوی و زارەوە و پاشان بەناوی کەس و کارو دۆستەکانی خۆیانەوە تۆماری کەن، یاخود بەشێک لەو پارانە بگۆڕن بە تابلۆی هونەری گران بەها یاخود لە هەندێ پرۆژەی بچوکی خزمەتگوزاری وەک کاری بەڵێندەری وەگەڕی بخەن بەجۆرێک کە وردە وردە ئەو پارانە دەخەنە سەر سەرمایەی ئەو پرۆژانە تا لە ئەنجامدا وا پیشانی بدەن کە ئەو پارەیە لە قازانجی ئەو پرۆژانەوە بەدەست کەوتووە، بەبێ ئەوەی بڕی ئەو باجەی کە دەبێت خاوەنی پارەکە بیدات گرفتێکی ئەوتۆ بێت چونکە لە کۆتاییدا خاوەن پارەکە دەتوانێت بە ئامانجەکەی خۆی بگات و پارە رەشەکەی سپی بکاتەوە.
سەرچاوە نایاساییەکانی پارە:
سەرچاوە نایاسییەکانی پارە لەسەر ئاستی جیهاندا بونیان هەیە بەڵام ئەو سەرچاوانە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا جیاوازە لەوەی دەوڵەتە دوواکەوتووەکان، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لە دەوڵەتە دوواکەوتووەکاندا دیاردەی گەندەڵی لەنێو حکومەتدا پەیوەندیەکی راستەوخۆی هەیە بە سەرچاوەی ئەو پارانەوە. پسپۆرانی ئابوری لەو باوەڕەدان کە زۆرترین ئەو پارە رەشانەی سپی دەکرێنەوە لە سەرچاوەکانی وەک بازرگانی مادە بێهۆشکەرەکان و گەندەڵی و خۆدزینەوە لە باج و دزینی پارەی دەوڵەت و قەرزخواردن و ئاودیوکردن و ئامدیوکردنی کەلوپەلەوە پەیدا دەبن.
بازرگانیی مادە بێهۆشکەرەکان لە تەواوی دنیادا بڵاوەو لە رێگاشیەوە داهاتێکی یەکجار زۆر دەکەوێتە گیرفانی ئەو کەسانەی کە مامەڵەی پێوە دەکەن. تەشەنەسەندنی دیاردەی گەندەڵی، بازرگانی و مامەڵەی مادە بێهۆشکەرەکانی ئاسانتر کردووە ئەمە وێڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژی کە ئەویش ئەم کارە ئاسانتر دەکات چونکە هەموو پرۆسەکانی وابەستە بەو بازرگانیە پێویستی بەوە نەماوە کە لە رێگای نامەو پۆست و هاتوچۆوە ئەنجام بدرێت بەڵکو بەشی هەرە زۆری لەرێگای بازرگانی ئەلکترۆنی ئەنجام دەدرێت.
گەندەڵی یەکێکە لەو دیاردانەی کە راستەوخۆ پەیوەندی بە دەستکەوتنی پارەی رەشەوە هەیە کە ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەوڵەکان بۆ سپیکردنەوەی ئەو پارەیە بەردەوام بن و لە ئەنجامیشدا زەرەرمەندی یەکەم ئابوری نیشتمانی و هاوڵاتیان دەبن، لێرەدا ئەنجامە خراپەکانی گەندەڵی لەسەر ئابوری نیشتیمانی دەخەینە ڕوو:
یەکەم/ بەفیڕۆدانی مایە ئابوریەکانی وڵات و کارکردنە سەر تێکڕای گەشەسەندنی ئابوری بەشێوەیەکی نەگەتیڤ، چونکە زۆربەی ئەو پارانەی کە بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی ئابوری تەرخان دەکرێن بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەبرێن.
دووەم/ زیادبوون و گەشەسەندنی جیاوازی چینایەتی لەنێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگادا واتە خەڵکانێکی زۆر هەژارتر دەبن و خەڵکانێکی زۆر کەمیش لەپڕدا دەوڵەمەند دەبن.
سێهەم/ ئیفلیج کردنی بازاڕ و شێواندنی پرۆسەکانی خواست و خستنە روو، لاوازکردنی گیانی کێبەرکێ لە بازاڕدا.
چوارەم/ لەقکردنی بڕوای وەبەرهێنەکان بە بازاڕ و رودانی هەڵئاوسانی ئابوری.
پێنجەم/ بڵاوبوونەوەی کاری چەتەگەری و مافیاگەرایی.
شەشەم/ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک بازرگان و پارەداری دڕندە کە هەوڵدەدەن خۆیان تێکەڵ بە دنیای سیاسەت بکەن و لە ئەنجومەنەکانی پارێزگادا پۆستی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی وەک چەترێک بەکاری بێنن و خۆیان و پارەکانیان لە لێپرسینەوە بپارێزن.
حەوتەم/ لاوازکردنی توانای کێبەرکێ ی سەرمایە بچوک و مام ناوەندیەکان لە بازاڕدا، ئەم توێژە لە سەرمایەداران توانای ئابوری زۆریان نیەو ناتوانن هاوشێوەی خاوەن پارە ڕەشەکان بەرتیل و دیاری پێشکەش بە کارمەندەکان بکەن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنیان و کردنە دەرەوەیان لەنێو بازاڕدا.
هۆیەکانی تەشەنەسەندنی دیاردەی سپیکردنەوەی پارە:
دیاردەی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش بەردەوام روو لە زیادبوونە، هەتا ئەم دیاردەیەش زیاد بکات ئەوە بێگومان کردەوەکانی چەتەگەری و مافیاگەرایی لەگەڵیدا تەشەنە دەکات چونکە ئەم دوو دیاردەیە یەکتر تەواو دەکەن، بەڵام هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا سەرچاوەکان و شێوازی سپیکردنەوەی پارەکە لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە هەندێک دەوڵەتدا یاساکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا رێگا بە کاری سێکس دەدەن. یاخود لە هەندێک شوێندا دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر بازرگانەکانی تریاکدا نیە وەک لە ئەفغانساتان و کۆلۆمبیا، یاخود لە سویسرا هەندێک لە بانکەکان بێ ئەوەی پرسیار لە کلانتەکانی خۆیان بکەن پارەکانیان بۆ دەپارێزن و یاساکانیش ناتوانن ئەو بانکانە ناچار بکەن کە بڕی پارەکەو سەرچاوەکە ئاشکرا بکەن.
لێرەدا خەسڵەتەکانی ئەو دەوڵەتانە دەخەینە ڕوو:
- لە هەندێک لەو دەوڵەتانەدا گەندەڵی هێندە زاڵ بووە کە گەورە بەرپرسانی دەوڵەتی گرتۆتەوە وەک سیاسەت مەداران و وەزیرەکان و کاربەدەستەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەری بانکەکان.
- لە هەندێکی دیکەیاندا دامەزراوە بانکیەکان بەشێوەیەکی زۆر بڵاون و گوێ بە سەرچاوەی پارەکەو کەسایەتی خاوەن پارەکە نادەن.
- لە هەندێکی دیکەیاندا یاساو ڕێسایەکی بانکی ئەوتۆ گرنگ و دروست لە گۆڕێدا نیە کە بتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات پارەی رەش دزە نەکاتە ناویانەوە.
- یاخود خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی ئەوتۆ پیشکەوتووە کە زۆرێک لە پرۆسەکان لەڕێگای ئەنتەرنێت و کردەوەکانی (ئۆن لاین) ئەنجام دەدرێن و چاودێری کردنیان زۆر زەحمەتە .
ئاسەوارەکانی دیاردەی سپیکردنەوەی پارەی رەش لەسەر کۆمەڵگا :
کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارە زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە، ئەم کردەوانە بۆ خۆی زنجیرەیەک کاری یەک بەدوای یەکن لە خولگەی بازنەیەکدا دەسوڕێنەوە، هەریەک لەو هەڵقانەی نێو بازنەکەش راستەوخۆ ئەوی دیکە تەواو دەکات، ئەو کەسانەی کردەوەی سپیکردنەوەی پارە ئەنجام دەدەن هەرگیز لە خزمەت گەشەسەندنی ئابوریدا نابن و هەر وەبەرهێنانێکیش ئەنجام بدەن تەنها لە پێناو ئەوەدایە کە سەرچاوەی نایاسایی پارەکانیان شوێن بزر بکەن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیانێکی دووسەرە لە رەوشی سیاسی و ئابوری بدات، هەروەها بە شێوەکانی دیکەش هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەژێر باندۆری ئەم کارەدا زیانیان وێ دەکەوێت. لێرەدا ئاسەوارەکانی ئەو کردەوەیە دەخەینە روو.
یەکەم/ ئاسەوارەکانی لەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی :
ئاسەوارە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم کردەوەیە یەکجار زۆرن بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەبنە هۆی ئەوەی کە شڵەژانێکی کۆمەڵایەتی گەورە لەنێو هەناوی کۆمەڵگادا دروست بکەن و جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان و چینایەتیەکان قوڵتر بکەنەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی هەستی نایەکسانی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگادا وێڕای ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی .
لەنێو کۆمەڵگایەکدا کە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەی رەش تیایدا بڵاوە بەر لە هەموو شتێک بەهاکانی کۆمەڵگا دەروشێن و وردە وردە بەهای دیکەی پروپوچ شوێنیان دەگرێتەوە، رەوشتی دەستکەوتنی پارە بە رێگایەکی ناشەرعی شوێن رەوشتی بەرزی دەستکەوتنی پارە بەرێگای حەڵاڵ و شیاو دەگرێتەوە. بەرتیل خۆری، گەندەڵی، دزینی مایەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا. خۆدزینەوە لە ئەرکەکانی سەرشان هەموو ئەم دیاردانە شوێنی دیاردە و نەریتە جوانەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە.
ئەو وەبەرهێنان و کارە خزمەتگوزاریانەی کە ئەم کەسانە ئەنجامی دەدەن هیچی کاری جدی و وەبەرهێنانی جدی نین، چونکە ئامانجی سەرەکی لەم کارانە تەنها پەردەپۆشکردنی دزی و گەندەڵیەکانە بە زووترین کات و کەمترین ماوە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ئامانجێکی دیکەشیان لەپشت ئەم جۆرە لە وەبەرهێنان و کار ئەوەیە کە دیسان زیاتر و خێراتر سەرمایەکانیان کەڵەکەتر بکەن.
کردنەوەی پرۆژەی وەک گازینۆ، قومارخانە، مەلهاکان، هۆتێلی زۆر گرانبەها کە تەنها خزمەتگوزاریەکانی سێکس و میساج و کات کوشتنی تیادا پێشکەش دەکرێت، هەموو ئەمانە پرۆژە گەلێکن کە ئەگەر خزمەت بە ئابوری وڵاتیش بکەن ئەوە زۆر کاتی دەبن بەڵام زیانەکانیان بە ئابوری وڵات سەدان هێندەی سودەکانی دەبێت.
لەکاتێکدا کە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا یاخود زۆربەی بەشی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵ لە هێزی کار یان بەدەست بێکاریەوە دەناڵێنن یاخود دەستکەوتی کارەکانیان تەنها بەشی لانی کەمی بژێویان دەکات ئەم توێژە کەمە لە کۆمەڵ (خاوەن پارەی ڕەش) بە بەرچاوی یاساکان و حکومەتەوە کتوپر دەوڵەمەند دەبن و تەلارەکانیان بەرز دەکەنەوە، ئەم حاڵەتە کۆمەڵگا توشی داڕمانێکی خراپ دەکات و متمانەی تاکە کەس بە کۆمەڵگا لەق دەکات و دڵسۆزی و گوێڕایەڵی بۆ نیشتیمان لاواز دەبێت و بڕوای خەڵکیش بە یاساکان و خودی دەوڵەت کەمتر دەبێتەوە.
کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش شیرازەی خێزانیش تێکدەدەن ئەوانە بەو کارانەیان نەک تەنها کۆمەڵگا دەکەنە ئامانج بەڵکو خێزانیش کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگایە بەهۆی ئەم کردەوانەوە گەورەترین زیانی وێدەکەوێت، بڵاوکردنەوەی بازرگانی تریاک و حەشیش و کۆکاین، وەبەرهێنان و ئاڕاستەکردنی هێزی کار لە پرۆژە خزمەتگوزاریە نابەجێکاندا، بەخشینی بەرتیل بە فەرمانبەرانی دەوڵەت هەموو ئەم کارانە ڕاستەوخۆ باندۆری زۆر خراپیان هەیە بۆسەر شیرازەی خێزان. لەلایەکی دیکەوە بنەچەو نەوەی ئەو کەسانەی کە سەرمایەکانی خۆیان لە باوک و خێزانەوە بۆ دەمێنێتەوە و لە بنەڕەتدا بە گەندەڵی و دزینی مایەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا دەستکەوتون دەبنەوە بە مشەخۆرێکی ترسناک بەسەر کۆمەڵگاوە، کۆمەڵێک خێزانی بێ بناغە لەنێو نەوەکانی ئایندەدا دروست دەبن، ئەم نەوانە کە خۆیان ڕاستەوخۆ کارەکانیان ئەنجام نەداوە بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ دەبنەوە ئەنجامدەری هەمان ئەو پرۆسانە لەنێو کۆمەڵگادا چونکە ئەوانە دەبنە میراتگری پارەیەک کە زۆر بە ئاسانی دەستکەوتووە، دەبنە میراتگری رەوشتێک کە پارەی دزی و گەندەڵی بنەماکانی دیاری کردووە، دەبنە خاوەن دەسەڵاتێک کە ڕۆژێ لە ڕۆژان پێوەی ماندوو نەبوون، هەر لەبەر ئەم خاڵانەش ئەم کەسانە دەبنەوە بە کەسانی زۆر بێسوودی کۆمەڵگاو هیچ ڕەوشت و ئاکارو بنەماو نەریتێکی باش ناکەنە بناغە بۆ کارەکانیان.
هەندێک جارو لە هەندێک سوچی ئەم دنیایەدا ئەم کەسانە دەبنە خاوەن دەسەڵات و هێزی چەکدارو تەنانەت زیندانی خۆشیان، ئەمانە بەهۆی ئەوەی کە دەتوانن بڕێکی یەکجار زۆر لە پارە بەسەر لایەنگرەکانیاندا دابەش بکەن، دەتوانن کەسانێکی زۆریش بە پارەیەکی زۆر زیاتر لەوەی کە حکومەت بە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی دەبەخشێت، بەکرێ بگرن و بۆ پاراستنی خۆیان چەکداریان بکەن، هەندێک جاران وەک لە کۆڵۆمبیا بەرچاو دەکەوێت هێزە چەکدارەکانی ئەو کەسانە هاوتای هێزەکانی حکومەت یاخود بگرە زیاتریش تۆکمەترو پڕچەکترن.
دووەم/ ئاسەوارەکانی لەسەر ڕەوشی ئابوری
کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارە هەتا ڕادەی تێکشکاندنی ئابوری وڵات کاریگەری هەیە، سپیکردنەوەی پارە تەنها یەک پرۆسە یاخود یەک کردەوەی ئابوری نیە کە راستەوخۆ بکرێت لە قۆناغێکدا پێشگیری لێبکرێت و رابگیرێت بەڵکو کاریگەری ئەم کردەوانە وەک زنجیرەیەکی یەک لە دووای یەکەو هەموو جومگەکانی ئابوری توشی نەخۆشی و ئیفلیجی دەکەن.
بەر لە هەموو شتێک ئابوری وڵات بەرەو ئاقارێک دەبات کە هەموو یاساو رێساو بنەما ئابوریەکان هەرگیز ناتوانن وەک پێویست کارەکانی خۆیان بکەن بۆ نمونە خواستی بەکاربردن دەبێتە خواستێک و رەفتارێکی باو لەنێو کۆمەڵگادا ئەمەش بێگومان کاریگەرییەکی راستەوخۆ دەکاتە سەر خواستی پاشەکەوت کردن ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە لەماوەی درێژی ئابوریدا ئارەزووی وەبەرهێنان بەشێوەیەکی ترسناک روو لە کەم بوون دەکات.
دەوڵەت هەرگیز ناتوانێت سیاسەتێکی دارایی چەسپاو بەڕێوە بەرێت ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت قەبارەو بڕی پارەی ڕەش لەنێو کۆمەڵگادا ناتوانێت دیاری بکات بەم جۆرە دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر سیاسەتی دارایی و شێوازەکان و ئامێرەکانی بەڕێوەبردنی لاواز دەکات.
هۆکاری ئەمەش زۆر ئاشکرایە چونکە پارەی رەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بڕی خستنەرووی دراوی نەختینە لە بازاڕدا زیاد بکات، بەرامبەر ئەمەش بڕی ئەو شمەک و خزمەتگوزارییانەی کە دەخرێنە ڕوو لە بازاڕدا وەک خۆی چەسپاوە ئەمەش دەبێتە هۆکاری راستەوخۆی سەرهەڵدانی دیاردەی لەناکاوی هەڵئاوسانی ئابوری و گرانی و بە پێچەوانەشەوە دیاردەی لەناکاوی گرژبوونەوە و بێ بازاڕی چونکە پارەی رەش هەرگیز مەڵبەندی چەسپاوی نیەو بەردەوام لە جێگۆڕکێدایە، ئەو دەمەی خاوەن پارەی رەش پارەکانی سپی دەکاتەوە ئیتر کتوپڕ سەرمایەکانی خۆی پاشەکشە پێدەکات ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بێ بازاڕی و بڵاوبوونەوەی بێکاری.
بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و زار و خانووبەرە باندۆرێکی دیکەی ترسناکی ئەم کردەوانەیە، خاوەن پارەی ڕەش بۆ ئەوەی پارە نەختینەکانی بکاتە سەرمایەی نەبزۆک بەبێ گوێدانە نرخی راستەقینەی زەوی و زارو خانووبەرە، سەرمایەکانی خۆی لەو کەرتەی ئابوریدا وەگەڕ دەخات ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی ئەو کەرتە ئابوریانە لە رادە بەدەر لە هەڵچوون و داچوندا بێت، وێڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خەیاڵی لە نرخی کەرەسەکانی بیناسازی ئەمە وێڕای ئەوەی کە پانتاییەکی زۆر لەو زەوی و زارانەی کە لە بنەڕەتدا زەوی و زاری کشتوکاڵین دەکەونە ژێر کاریگەریی نرخی ئەم بازاڕە رەشەو دەگۆڕێن بۆ زەوی و زاری نیشتەجێ بوون ئەمەش بێگومان زۆر کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ئاستی بەرهەم هێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا ئەمەش لە پاشاندا دەبێتە هۆی نزم بوونەوەی بەرهەمە خۆراکیەکان و گران بوونیان لەبەر ئەوەی ئیتر لەمەودوا هەموو ئەو شمەکە خۆراکیانە دەبێت لە دەرەوەی وڵات هاوردە بکرێن ئەمە وێرای ئەوەی کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان دەبێتە هەڕەشەیەکیش بۆسەر ئاسایشی خۆراک لەنێوخۆی وڵاتدا.
بازاڕەکانی دراو دیسانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم کردەوانە چونکە هەروەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا خێرایی و پەلە پروزێ لە هاتوچۆپێکردن و جێگۆرکێ ی ئەم پارانە دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگی و میکانیزمی کارکردنی ئەو بازاڕانە لەبەر ئەوەی لەپرێکدا برێکی زۆر پارە دێتە بازاڕ بەبێ ئەوەی کەس بزانێت هۆکارەکەی چیە، پاشان لەپردا بڕێکی زۆر لە پارە لە بازاڕدا بزر دەبێت ئەمەش بێگومان راستەوخۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران و گرفتی ئابوری لەو بازاڕانەدا.
دابەزینی بەهای پارەی نیشتمانی ئەنجامێکی دیکەی ئەم کردەوانەیە، چونکە زۆرجار دراوی ناوخۆ بە بڕێکی زۆر پارەو دراوی قورس ئاڵووێر دەکرێت ئەمەش لە ئاکامدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دراوی نیشتمانی بەرامبەر بە دراوی بێگانە کە بێگومان ئەمەش لەپشت بەشێک لە هۆکارەکانی گرانیەوە دەوەستێت، چونکە تێچوونی هاوردەکان بەرز دەبنەوە بە تایبەت لەو دەوڵەتە پاشکەوتووانەی کە بەڕادەیەکی زۆر لەبازاڕدا پشت بە کەل و پەل و شمەکی بێگانە دەبەستن.
کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش کارێکی زۆر خراپ دەکەنە سەر تێکڕای گەشەسەندنی ئاستی پاشەکەوتی ناوخۆ لەبەر ئەوەی بزربوونی سەرمایەکان لە بازاڕی ناوخۆدا رەوانەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی تەواوکردنی قۆناغەکانی سپی کردنەوەی دەبێتە هۆی دروست بوونی بۆشاییەکەی گەورە لەنێوان پاشەکەوت و وەبەرهێنان چونکە ئەگەر سەرمایەی پێویست لەبازاڕدا نەبوو ئەوە کۆڵەکەی سەرەکی پێدانی سەرمایە بە مەبەستی پاشەکەوتکردن لەناو دەچێت ئەمەش وێڕای ئەوەی کە دەبێتە هۆی کەمکردن و دابەزینی ئارەزووی پاشەکەوت کردن لەنێو تاکەکانی کۆمەڵدا،دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت ئەم بۆشاییە بە قەرزکردن پڕکاتەوە، ئەگەر زانیشمان کە زۆربەی قەرزەکانی دەرەوە بە مەرجی سیاسی قورس دەدرێن ئەوە ئەو کاتە ئەوەشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە چۆنی و بۆچی هەندێک دەوڵەت دەبنە پاشکۆی دەوڵەتانی قەرزبەخشی گەورە.
کەرتی بانک و دامەزراوەکانی دیکەی دارایی دیسانەوە لەو کەرتە ئابوریانەن کە زۆر بە توندی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم کردەوانەوە. خاوەن پارەی رەش زۆرجاران لەگەڵ بەڕێوەبەرو فەرمان بەرانی ئەم بانکانە رێکدەکەون و بەرامبەر بە بەرتیل و دیاری گران بەها کارئاسانی زۆریان پێشکەش دەکرێت یەکێک لەم کار ئاسانیەش پێدانی قەرزە بەو کەسانە، کە سەرئەنجام ئەم قەرزانەش تیادا دەچن و لەگەڵ پارە رەشەکەدا بەرەو دەرەوەی وڵات شوێن بزر دەکرێت و لە ئاکامدا ئەو بانکانەش نابوت دەبن.. نمونەی نابوت بوونی ئەو بانکانەش لە دەوڵەتانی دواکەوتووەدا یەکجار زۆرن.
سێهەم / ئاسەوارەکانی لەسەر رەوشی سیاسی
مەترسیدارترین باندۆری سیاسی کە لەم کردەوانە سەرهەڵدەدات بریتیە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی سیاسی لەنێو دەسەڵاتدا، ئەمەش بەوەی کە خاوەن پارە رەشەکان یان خودی خۆیان کەسانی سیاسەتمەدارو دەسەڵاتداری نێو دەوڵەتن یان لە رێگای سەرمایەکانیانەوە خۆیان دەخزێننە نێو دەسەڵاتی سیاسی .
لاوازی دەوڵەت و میکانیزمە یاساییەکانی یاخود نەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز لە بنەڕەتەوە هۆکاری ئەوەن کە ئەم جۆرە گەندەڵ و دزانە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا شوێنی خۆیان بکەنەوە، ئەمانە بەچەندین شێوازی شەرعی و ناشەرعی شوێنی خۆیان بکەنەوە، شوێنی خۆیان لە ئەنجومەنەکانی شارەوانی و حزبەکان و تەنانەت لەنێو خودی پەرلەمانی دەوڵەتیشدا دەکەنەوە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بتوانن بەشێوەیەکی یاسایی پشتێنە (حەسانە)ی پەرلەمانی بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاربهێنن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەموو لێپێچینەوەیەکی یاسایی، ئەمەش تەنها کار یاخود هەنگاویان نابێت بەڵکو پێشگیری لەهەر هەنگاوێکی یاسایی دەگرن کە ببێتە هۆی ئامادەکردنی کەشێکی یاسایی دژ بەوان و هاوشێوەکانیان هەروەها کار بۆ ئەوە دەکەن کە یاساکان بەو جۆرە بگونجێنن ئاسانکاری زیاتر بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان پێشکەش بکات نمونەی ئەمەش داڕشتنی یاساکانی باجە لە میسر کە خاوەن پارەی رەش و گەندەڵەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیان هەمواریان کردو کەمترین باج دەخاتە سەر خۆیان و زۆرترین باجیش دەخاتە سەر هاوڵاتیان (بە بەراورد کردن لەنێوان داهاتەکانی هەردوو توێژی کۆمەڵ)، هەروەها یاسای پاراستنی کێبەرکێ و قۆرغ کردن کە هەموار کرا هێندە لاواز بوو بە هیچ جۆرێک لە خزمەت کەسانی خاوەن سەرمایەی بچوکدا نەبوو بەڵکو بە هەمان شێوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاح و خاوەن پارەکاندا بوو.
چۆنیەتی روبەڕووبوونەوەی پارەی رەش و سپیکردنەوەی :
یەکەم/ لەسەر ئاستی جیهاندا:
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵەکانی دژایەتی کردنی ئەم کردەوەیە لەلایەن رێکخراوە تایبەتەکانی وابەستە بەم کارەوە بەردەوامی هەیە، ساڵی ١٩٨٨ لە ڤیەنا بنەما یاساییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بە بنەڕەت بۆ بەگژاچونەوەی بازرگانی مادە بیهۆشکەرەکان، دەوڵەتی میسر لە ساڵی ١٩٩١دا ئەم رێکەوتنەی واژو کرد.
ئامانجی ئەم رێکەوتنە بەگژاچونەوەی هەموو کارێکی وابەستە بە بازرگانی مادە بێهۆشکەرەکان و سپیکردنەوەی پارەی رەش بوو، وێڕای دەستبەسەراگرتنی هەموو ئەو پارانەی کە لەم رێگایەوە بەدەست دەکەون و دەستگیرکردنی هەموو تۆڕو باندەکانی ئەم بازرگانیەو دادگایی کردنیان.
ساڵی ١٩٨٨ لیژنەی بازل کە زۆربەی دەوڵەتە مەزنەکانی دنیا تیایدا ئەندامن کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لەمەڕ چاودێری بانکیەوە دەرکرد، ئەم بڕیارو بنەمایە هەمووی تایبەتن بە میکانیزمی کارکردنی بانکەکان و باشترکردنیان بە ئامانجی چاودێری کردنی سەرچاوەی ئەو پارانەی کە دێنە ناو ئەو بانکانەوە و رێگرتن لە سپیکردنەوەی پارە رەشەکان، ساڵی ١٩٩٠ هەمان ئەو لیژنەیە کۆمەڵێک بڕیاری دیکەی دەرکرد، کە گرنگترینیان بریتی بوو لە لابردنی ئەو کۆسپانەی کە تایبەت بوون بە (نهێنی راگرتنی حسابە بانکیەکان) کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتەکانی چاودێری لە بانکەکاندا بتوانن هەموو حسابە گومانلێکراوەکان بخەنە بن چاوان.
ساڵی ١٩٨٩ بەبڕیاری حەوت دەوڵەتی پیشەسازی مەزن لیژنەی کاری دارایی دژ بە سپیکردنەوەی پارەی رەش پێکهێنرا کە تایبەت بوو بە رێگرتن لە بەکارهێنانی دامەزراوە بانکی و داراییەکان لە کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارەی رەشدا، ئەم لیژنەیە هەستا بە دروستکردنی تۆڕێکی نێونەتەوەیی بۆ یەکخستنی کار لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و سەندوقی نێودەوڵەتی دراو و دامەزراوە هاوشێوەکانی دیکە لەپێناو لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگیانەی کە رێگرن لەبەردەم ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریدا.
هەروەها ئەم بڕیارانە هەموو بانکەکان ناچار دەکات کە لەڕاپۆرتی مامەڵە نێودەوڵەتیەکانی خۆیاندا ئاماژەی تەواو بە جوڵەو جێگۆڕکێی گومانلێکراوانەی پارە بکەن بەتایبەت ئەو پارانەی کە لەرێگای تەلەفۆن و فاکس و ئەنتەرنێتەوە هاتوچۆ پێدەکرێت. هەروەها چەندین رێکەوتن نامەی گرنگی دیکەی دووقۆڵی و چەند قۆڵی لەنێوان دەوڵەتەکاندا هەیە کە هەموویان بەگژا چوونەوەی پارەی رەش تەرخانکراون.
دووەم/ لەسەر ئاستی نیشتیمانی:
دەوڵەتی میسر چەندین یاسای تایبەتی بۆ بەگژاچوونەوەی پارەی رەش و سپیکردنەوەی داڕشتووە کە بەکورتی ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەین:
یاسای قەلاچۆکردنی مادە بێهۆشکەرەکان: میسر یەکەم دەوڵەتی عەرەبی بوو کە لە ساڵی ١٨٧٩دا یەکەم یاسای دژ بە چاندن و هاوردنی حەشیشی هەموار کرد، هەمان ئەو یاسایە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا باشتر گونجێنراوە تا دوواجار لە ساڵی ١٩٨٩دا پاش رێکەوتنی ڤیەنا هەموار کرایەوە، ئەم یاسایە چەندین ئەحکامی تایبەتی دژ بە پارەی رەش و بازرگانی مادە بیهۆشکەرەکان تێدایە لەوانەش دەست بەسەراگرتنی هەر زەویەکی کستوکاڵی کە بەکاربهێنرێت بۆ چاندنی ئەو مادانە هەروەها دەست بەسەراگرتنی هەر هۆیەکی گواستنەوە کە بەکاربهێنرێت بۆ گواستنەوەی ئەو مادانە.
یاسای ژمارە ٣٤ی ساڵی ١٩٧١ کە پاشان بە یاسای ژمارە ٩٥ی ساڵی ١٩٨٠ گۆڕا و لەرێگایەوە یاسا دەتوانێت دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هەر کەسێکدا بگرێت ئەگەر سەلمێنرا لەسەری کە بازرگانی یاخود مامەڵە بە مادە بێهۆشکەرەکانەوە دەکات.
یاسای ژمارە ٦٣ی ساڵی ١٩٧٥ تایبەت بە دەستکەوتنی پارە لەرێگەی ناشەرعیەوە، ئەم یاسایە هەموو کارمەندەکانی دەوڵەتیش دەگرێتەوە ئەگەر پۆستەکەی خۆیان بەو مەبەستە بەکار هێنابێت.
یاسای تایبەت بە نهێنی راگرتنی حسابی بانکی، ژمارە ٢٠٥ساڵی ١٩٩٠ ئەم یاسایە کە پاشان لە ساڵی ١٩٩٢دا بە یاسای ژمارە ٩٧ باشترکرا، ماوە بە دەزگا یاساییەکان و قەزائیەکان دەدات کە بە گومانی داهاتی ناشەرعی و پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارەی ڕەش، لایەنە قەزائیەکان بتوانن ئەو ژمارە بانکیەو خاوەنەکەی بخەنە ژێر لێپێچینەوە.
یاسای ژمارە ٨٠ی ساڵی ٢٠٠٢ هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٧٨ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە سپیکردنەوەی پارەی رەش، بەپێی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە هەموو کردەوەکانی سپیکردنەوەی پارەی رەش قەدەغەن جا ئایا کەسانی سروشتی یان حکومی بن، هاوڵاتی میسری یان بێگانە بن، لەگەڵ قەدەغەکردنی وەبەرهێنانی ئەو پارانە لەناوخۆی میسردا.
هەنگاوەکانی بانکی مەرکەزی میسر :
بانکی مەرکەزی میسر لە بڕیاری ژمارە ٢٠٩ی ساڵی ٢٠٠٢دا هەندێک رێگاو هەنگاوی تایبەت بۆ بەربەرەکانێ ی سپیکردنەوەی پارەی رەش دیاری دەکات:
سەبارەت بە بانکەکان :
نابێت هیچ بانکێک ژمارە حساب بۆ کەسانی نەناسراو یاخود بەناوی خوازراو یان بەهەر ناوێکی دیکەی نهێنی بکاتەوە.
دەبێت ئەو فۆڕمەی کە لەکاتی داواکردنی ژمارەی بانکیدا پڕ دەکرێتەوە لە هەموو بانکەکاندا یەک جۆر بێت، هەروەها دەبێت بانک خۆی ئاگاداری ئەوە بێت کە ئەو زانیاریانەی کە کلانتەکان پڕی دەکەنەوە راست و دروست بن و لەسەر بنەمای دۆکیۆمێنتی ئەسڵی پڕکرابێتەوە.
دەبێت ئەو فۆڕمەی بۆ داخوازی کردنەوەی ژمارەی بانکی پڕ دەکرێتەوە هەموو جۆرە زانیاریەکی ورد لەسەر شوناسی ئەو کەسە لەخۆ بگرێت بۆ نمونە ناوی تەواو، رەگەزنامە، شوێنی نیشتەجێبوون شوێنی کار، جۆری کار، ژمارەی تەلەفۆن، ناوی ئەو کەسانەی کە رێگەپێدراون لەسەر ئەو ژمارە بانکیە کار بکەن، ئەمە وێڕای هەر زانیاریەکی دیکە کە ئەو بانکە خۆی بە پێویستی دەزانێت.
دەتوانین هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە داوای کردنەوەی ژمارەیەکی بانکی دەکەن بەم جۆرەی خوارەوە دیاری بکەین:
یەکەم: کەسانی سروشتی
هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە سیفەی سروشتی خۆیان وەک تاکە کەسێک داوای کردنەوەی ژمارەیەکی بانکی دەکەن لەم حاڵەتەدا دەبێت بانک بەم جۆرەی خوارەوە زانیاریەکانیان وەربگرێت:
پێناسی فەرمی دەزگاکانی دەوڵەت (شوناسی باری کەسایەتی، پاسپۆرت، ژمارەی تۆماری مەدەنی)
سەبارەت بەو کەسانەی کە تەمەنیان لەخوار هەژدە ساڵەو بەپێی یاسا بە (کەم تەمەن-قاسر) دەژمێردرێن دەبێت بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەو ژمارە بانکیە (دایک یاخود باوک یاخود هەر کەسێکی دیکە) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەگەر کەسی خاوەن ژمارەی بانکی کەسێکی دیکەی وەک نوێنەری خۆی دانابوو بۆ مامەڵە کردن بەو ژمارە بانکیەوە ئەوە دەبێت بە هەمان شێوە زانیاریەکانی ئەویش داوا بکرێت.
دووەم: کەسانی مەعنەوی
هەموو ئەو لایەن و دامەزراو و کۆمپانیاو کۆمەڵەو رێکخراوانە دەگرێتەوە کە بە ناوی خۆیانەوە ژمارەیەکی حسابی دەکەنەوەو هەموو جۆرە کارێکی بانکی هاتوو یاخود رۆشتووی لێوە ئەنجام دەدەن لەم حاڵەتەشدا دەبێت ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێت:
هەموو بەڵگەیەکی فەرمی داوابکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کەسە مەعنەویە لە ڕاستیدا نەک تەنها بەناو بوونی هەیە و کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.
هەموو بەڵگەیەکی ئەوەی کە ئەو کەسە مەعنەویە کەسێکی دیکە یاخود کەسانێکی دیکەی کردووە بە وەکیلی خۆی و بە هەمان شێوە زانیاری تایبەت بەو کەسانە تۆمار بکرێت.
سەبارەت بەو کۆمەڵەو رێکخراوانەی کە ئامانجیان قازانج نیە و کاری خێرخوازی (کاریتاس) ئەنجام دەدەن دەبێت هەموو بەڵگەنامەیەکی دروست بوون و ئامانج لە دروستبوون و جۆری چالاکییەکانی داوا بکرێت.
دەبێت بانکەکان زۆر بە وردی جۆری کلانتەکانی خۆیان پۆلێن بکەن رێگای تایبەت بە هەر جۆرێک لەو کلانتانە بگرنەبەر و لەکاتی پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکانی خۆیدا بۆ هەر کەسێک لەوانە بزانێت کە چ جۆرە زانیارییەک یاخود چاودێرییەک پێویستە بۆیان، لێرەدا بۆ بەگژاچوونەوەی پارەی ڕەش و سپی کردنەوەی پێویستە ئەم کلانتانەی خوارەوە زیاتر چاودێری و لێکۆڵینەوەو وردەکاریان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت:
ئەو کلانتانەی بێگانەن کە لە وڵاتێکەوە هاتوون تیادا سیستەمی بانکی بەهێزی تیادا نیە بۆ قەلاچۆکردنی سپیکردنەوەی پارەی ڕەش.
ئەو کلانتانەی کە چالاکیەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام لەو بوارانەدا ئەنجام دەدەن کە جێگای پرسیارن لەوانەش بازرگانی بە شمەکی گران بەهای وەک خشڵ و زێڕو مرواری و متوموروی گران و یاقوت و کەلوپەلی ئەنتیک و ئۆتۆمبێلی گران و مۆزەو خانەکانی قومار و کات بەسەربردن.
ئەوانەی کە بەردەوام لە گەشت و سەفەردان بۆ هەندێک لەو وڵاتانەی کە بە بازرگانی و چاندنی مادە بێهۆشکەرەکانەوە ناسراون.
ئەو کلانتانەی کە وەبەرهێنان یاخود بازرگانی لەو بوارانەدا دەکەن کە مەترسی زۆریان تیادایە بە جۆرێک کە رەفتارو هەڵسوکەوتیان جیاواز دەبێت لە رەفتاری وەبەرهێنێکی ئاسایی .
لەگەڵ ئەم جۆرە لە کلانتەکان پێویستە بانک بەردەوام لانی کەم سێ ساڵ جارێک داوای زانیاری و بەڵگەنامەی تازە بکات.
ئەنجامدانی کردەوە بانکیەکان:
بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گونجاو ، بەرێگایەکی شیاو بەر لە پارەی ڕەش بگیرێت و سەرچاوەکانی سپیکردنەوەی دەستنیشان بکرێت دەبێت لە کاتی ئەنجامدانی کردەوەکانی بانکدا بە هەموو جۆرەکانیەوە بە هەموو شێوە بڵاوەکانیەوە لەگەڵ کەسانی سروشتی یاخود کەسانی مەعنەوی کۆمەڵێک خاڵی گرنگ لەبەرچاو بگرێت لەوانەش:
کردەوەکانی سپاردنی پارەی نەختینە:
دەبێت بانکەکان لەکاتی سپاردنی پارەی نەختینە لەلایەن کەسانی سروشتی یاخود مەعنەوی بە تایبەت ئەگەر بڕی پارەی سپێردراو زۆر بوو یان لە سەرچاوەی گومانلێکراو هاتبوو، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکات.
ئەو فۆڕمەی کە پڕ دەکرێتەوە سەبارەت بە بڕی پارەی سپێردراو بە بانک دەبێت هەموو جۆرە زانیاریەک لەخۆ بگرێت وەک ناوی ئەو کەسەی پارەکە دەخاتە سەر ژمارەی بانکی، ژمارەی بانکی خۆی، ئەدرەسی تەواوی خۆی، پیشەی، بڕی پارەکەو هۆی سپاردنەکەی بە ژمارە بانکی ئەو کەسە.
ئەرکی بانکە کە راستی و دروستی ئەو زانیاریانە بزانێت.
ئەگەر پارەی نەختینەی سپێردراو بڕێکی زۆر بوو پێویستە بە تەواوی لە سەرچاوەکانی بکۆڵرێتەوە جا ئایا ئەو پارە نەختینەیە خاوەن ژمارەی بانکی خۆی سپاردی بە بانک یان لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆی خرایە سەر ژمارەی بانکی.
ئەو پارانەی بەشیوەیەکی بەردەوام و دووبارە دەخرێنە سەر ژمارەی بانکی و لەگەڵ جۆری ئەو کارەدا ناگونجێت کە خاوەن ژمارەی بانکی ئەنجامی دەدات.
ئەو پارانەی بەشێوەیەکی بەردەوام و دووبارە لەم ژمارە بانکیەوە دەخرێنە سەر ژمارەیەکی دیکەی بانکی کە پەیوەندی بە هەمان ئەو کەسانەوە نیە یەکەم جار پارەکەیان خستۆتە سەر ئەو ژمارە بانکیە.
ئەو پارانەی کە لەرێگای ئامێرەکانی بانکەوە یاخود ئەنتەرنێتەوە دەخرێنە سەر ژمارەی بانکی و راستەوخۆ لەگەڵ فەرمانبەرێکی بانکدا روو بەڕوو ناکرێتەوە.
ئەو کلانتانەی کە هەمیشە مامەڵەی بانکی گەورە ئەنجام دەدەن و تەنها بە سپاردنی پارەو گواستنەوەی سەرقاڵن بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکی ئەوتۆیان هەبێت کە بۆچی شێوازەکانی دیکەی کاری بانکی بەکار ناهێنن.
ئەو کلانتانەی کە لەچەندین سەرچاوەی جیاوازەوە پارەیان بۆ دێت هەرچەندە بڕی پارەکان زۆر گەورە نین بەڵام هەمووی بەسەر یەکەوە دەبنە برێکی گەورە.
ئەو کلانتانەی کە هەمیشە پارەی بەنکنۆت (وەرەقە)ی بچوک دەگۆڕنەوە بەپارەی لەجۆری وەرەقەی گەورە بەبێ ئەوەی هۆی دیاری کراویان بۆ ئەو کارە هەبێت.
کردەوەکانی کڕین و فرۆشتنی دراوی بێگانە:
پێویستە بانکەکان زۆر بە وردی چاودێری هەموو ئەو کردەوانە بن کە تایبەتە بە کڕین و فرۆشتنی دراوی بێگانە، هەموو ئەو کردەوە ئاڵووێرانەی کە لە پێنج هەزار دۆلار زیاترن پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی تیادا بکرێت:-
نابێت مامەڵە لەگەڵ کەسانی نەناسراو، یاخود کەسانێک کە شوناسی نەناسراویان هەیە بکرێت.
پێویستە هەموو ئەو کەسانەی ئەو کردەوەیە ئەنجام دەدەن فۆرمی زانیاری تایبەت پڕکەنەوە، دەبێت ئەو فۆڕمەش لە هەموو بانکەکان و لقەکاندا یەک جۆر بێت و زانیاری تەواو لەسەر شوناسی ئەو کەسانە داوا بکات و پاشان فۆرمەکەشیان پێ واژو بکەن، ئەرکی بانکەکانە لە راستی و دروستی زانیاریەکان بکۆڵنەوە.
دەبێت بایەخی تایبەت بەم خاڵانەی خوارەوە بدرێت و چاودێری تایبەت و بەدوواداچونی وردی بۆ بکرێت:
ئەگەر کردەوەکانی کڕین و فرۆشتن زۆر گەورە بوون و لەگەڵ سروشتی کاری ئەو کەسەدا نەگونجاو بێت.
ئەگەر کردەوەکانی کڕین و فرۆشتن بە جیاوازی قەبارەوە بەردەوام و دووبارە بێتەوە و لەگەڵ سروشتی کاری کلانتەکەدا نەگونجاو بێت.
کڕینی دراوەکانی دیکەی بانک لەشێوەی پشک و قەباڵەو سەنەدات بەبڕی گەورە، بێ ئەوەی ئەم کارە پەیوەندی بە سروشتی کاری ئەو کەسەوە هەبێت.
داوای قەرز لە بانک بکات بەبڕی یەکجار زۆرو کەسانی دیکە بکاتە کەفیلی خۆی کە جۆری پەیوەندیەکەی لەگەڵ ئەو کەسانەدا پەیوەندی بە کارەکانیانەوە نیە.
کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنی پارە:
بە هەمان شێوەش کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنی پارە، بۆ رێگرتن لە سپیکردنەوەی پارەی ڕەش دەبێت هەمان رێساو هەنگاو پەیڕەو بکەن، دەبێت ئەوانیش هەموو جۆرە زانیارییەکی پێویست لە کلانتەکانی خۆیان وەربگرن، جا ئایا ئەو کلانتانە کەسانی سروشتی بن یان کەسانی مەعنەوی بن، بۆ ئەم کارەش دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت :
نابێت داخوازی کەسانی نەناسراو یاخود کەسانێک کە زانیارییەکانیان لەرووی یاساییەوە کەموکوڕی هەیە جێبەجێ بکرێت.
دەبێت داخوازی حەواڵەکردنی پارە بەگوێرەی پڕکردنەوەی فۆرمێکی تایبەت بە حەواڵەکردنی پارە ئەنجام بدرێت و ئەو فۆڕمەش بە تەواوی لەلایەن کلانتەکانەوە پڕ بکرێنەوە و کۆمپانیاکەش بەرپرسە لە بەدوواداچونی راستی و دروستی ئەو زانیاریانەی کە لە فۆرمەکەدا هاتوون.
دەبێت ئەو فۆڕمەی کە پڕ دەکرێتەوە زانیاری تەواوی لەسەر هەردوو لایەنی کارەکە تیادا بێت واتە ئەو کەسەی حەواڵەکە دەکات و ئەو کەسەی حەواڵەکەی پێدەگات، ئەگەر ئەو کەسەی حەواڵەکەی بەدەست دەگات لە دەرەوەی وڵات بوو ئەوە دەبێت زانیاری زیاتر لەسەر ناونیشان و شوێنی کارو جۆری کارو سروشتی پەیوەندی بەو کەسەوە تۆمار بکرێن.
لێرەدا لەمەڕ بەگژداچوونەوەی پارەی ڕەش و هەوڵەکانیدا بۆ سپیکردنەوەی پێویستە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵە بکرێت و بایەخی تایبەتی پێبدرێت:
ئەو حەواڵانەی کە بە بڕێکی زۆر ئەنجام دەدرێن لەلایەن کەسێک یاخود بۆ کەسێک کە لەگەڵ جۆرو سروشتی کارەکەیدا ناگونجێت.
ئەو حەواڵانەی کە زۆر ئەنجام دەدرێن و دووبارە دەبنەوەو لەگەڵ جۆرو سروشتی کاری ئەو کەسانەدا ناگونجێت کە کارەکە ئەنجام دەدەن.
ئەو حەواڵانەی کە بۆیان لە وڵاتێکەوە ئەنجام دەدرێن کە دەوڵەت تیایدا لاوازەو یاساو بڕگەی تایبەتی بە دژایەتیکردنی پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی تیادا پەیڕەو ناکرێت.
کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنی پارە یاخود گۆڕینەوەی پارە بەپێی یاسا بەرپرسیارن لە چاودێریکردنی هەموو کردەوە دارایەکانی کلانتەکانیان، ئەگەر ئەو کۆمپانیایە گومانی سەبارەت بە یەکێک لە کلانتەکانی لا دروست بوو ئەوا بێگومان لەڕووی یاساییەوە پێویستە دەستبەجێ هۆبەی بەگژاچوونەوەی پارەی رەش و سپیکردنەوەی لە بانکی مەرکەزی ئاگادارکاتەوە و هەموو زانیاری و بەڵگەنامەکانیش سەبارەت بەو کارانەی ئەنجامدراون بخاتە بەردەست، لەم بارەشدا دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگیرێن:
یەکەم/ لەسەر کۆمپانیاکان و لقەکانیان پێویستە کە فەرمانبەرێکی تایبەت بۆ پەیوەندی لەگەڵ هۆبەی بەگژاچوونەوەی پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی دەست نیشان بکات، هەروەها لەکاتی ئامادەنەبوونی ئەو کەسە پێویستە کەسی دووەم هەمیشە وەک جێگرێک بۆ ئەو کارە تەرخان بکرێت و ئاگاداری هەموو ئەو جۆرە زانیاریانە بێت.
دووەم/ لەسەر بەڕێوەبەری بەگژاچوونەوەی پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی پێویستە هەموو حەواڵە ناسروشتیەکان چاودێری بکات و زانیاری زیاتر و پێویست لە هەردوو لایەنی کارەکە داوا بکات.
سێهەم/ ئەگەر بۆ بەڕێوەبەری ناوبراو ئاشکرا بوو کە ئەو کردەوەیە گومانی لەسەر نیە ئەوا دەبێت هەموو زانیاریەکانی تایبەت بەو کردەوانە بە مەبەستی ئەرشیف کردن و بەدواداچوونی ئایندە بپارێزێت.
چوارەم/ ئەگەر بەڕێوەبەری ناوبراو گومانی لە کردەوەیەک کرد ئەوا پێویستە دەستبەجێ هۆبەی بەگژاچوونەوەی پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی لە بانکی مەرکەزی ئاگادار کاتەوەو تەواوی ئەو بەڵگەو زانیاریانە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ئاشکرا بکات.
پێنجەم/ دەبێت هۆیەکان و بنەماکانی ئەو گومانە بە بەڵگەوە بخرێنە بەردەم هۆبەی بەگژاچوونەوەی پارەی رەش و سپیکردنەوەی.
شەشەم/ نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو چاودێریکردن و بەدوواداچونە بە خودی کەسانی گومانلێکراو بگوترێت و نابێت بە هیچ جۆرێک کەسی گومانلێکراو لەهەر جۆرە زانیاریەک لەو جۆرە ئاگادار بکرێتەوە.
کۆتایی :
وێڕای ئەوەی بەگژاچوونەوەی پارەی ڕەش و سپیکردنەوەی کارێکی زۆر قورس و بێزارکەرە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو دیاردەیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بۆتە کارێکی چەتەگەری و خۆی خزانۆتە نێو تەواوی کۆمەڵگاکان و تەنانەت لەنێو دەسەڵاتیشدا شوێنی خۆی گرتۆتەوە، کاریگەری زۆر خراپیشی کردۆتە سەر کۆمەڵگاکان، بەڵام ڕێگە چارەی دیکە جگە لە بەگژاچوونەوەو دژایەتی کردنی لەبەردەمدا نیە.
ئەگەر گەلان بەشوێن ئاسایش و ئارامیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت لەژێر زەبری دەسەڵاتی گەندەڵدا کە هاوکارو هاوپەیمانی خاوەن پارەی رەش و ئەنجامدەرانی کردەوەی سپیکردنەوەی ئەو پارەیەن، ڕزگاریان بێت ئەوە بێگومان تاکە ڕێگا بۆ رزگار بوون و زاڵ بوون بەسەر هۆکارەکانی دواکەوتنی ئابوری و زوڵمی کۆمەڵایەتی و سەرکوتکردنی سیاسی تەنها لە ڕێگای ئەوەوە دەکرێت کە تەواوی شێوەکانی گەندەڵی کە پارەی رەش و سپیکردنەوەی پارەی رەش یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی ئەو گەندەڵیە لەناو ببرێن. گەندەڵییەک کە بۆ خۆی هۆکاری سەرەکیە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی پارەی ڕەش، ژینگەیەک کە هەموو بەهاو نەریتە پاک و بەرزەکانی کۆمەڵ کاڵ دەکاتەوە.
وەرگێڕانی : تێگەیشتنی راستی
بابەتی زیاتر