لە یادى بۆسەنانەوە بۆ پارێزگارى هەولێر و تەقەکردن لە فاشیستەکان، لەمڕۆدا درود بۆ گیانى شەهیدان و شەهید(سەردارى سەعید سۆفى) دەنێرین، ئەو وەک تارمایی خۆى دەکرد بەناوشارى هەولێردا و چالاکی پێشمەرگانەى ئەنجامدەدا و لەبەر وریایی و زیرەکى خۆى دەگەیاندەوە ناوچە ئازاد کراوەکان..
لەبەرخۆشەویستى و قارەمانێتى یەکێک لەڕۆڵە هەرە بەجەرگەکانى، وێنەى شەهید سەردار لەیەکێک لە شەقامەکانى پیرە هەولێرێ دادەنرێ و هەرزوو لەلایەن ئەوکەسانەى لەژیانیاندا نەیانوێراوە گولەیەک لەناوشارى هەولێردا بنێن بەفاشیستەکانى بەعسەوە، وێنەى شەهید سەردار تێکوپێک دەدەن و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانى شەهید سەردار دەڵێت:
"جێی داخ و نەنگییە لەو شارەی ئەم رەمزی قارەمانی و ئازایەتی بوو ئەنجامدەری زیاتر لە84 چالاكی و نەبەردی پێشمەرگانە لە چواردەور و ناوجەرگەی ئەم شارە شەقامێك، گۆڕەپانێك، باخچەیەك بەناوی ئەمەوە نەبێ.."
خۆشەویستى شەهید سەردار بۆ میللەتەکەى گەیاندبوویە ئاستێک سڵ لەهیچ زۆردارێک نەکاتەوەو جموجۆڵی زیاد لە پێویستی پێشمەرگانەی شەهید سەردار، لێپرسراوانی سەرووی خۆی سەرسام كردبوو، ناوبراو بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كه دەتوانێ بەنوێژی نیوەڕۆ مخزەنەكانی خاڵی خاڵی بكاتەوە لە سینگی پارێزگارو جاسوسەکاندا وەکو خۆى وتبووى:
"فاشست بكوژە تا گەل بژی، عەفلەقی بكوژە تا كورد بژی."
سەرداری سەعید سۆفی لەبەر ئازایی بە سەرداری بەور لە زۆربەی شیعرو نووسیندا ناوزەند كراوە، شاعیرى ناودار(شێرکۆ بێکەس) لە قەسیدەیەکدا بۆ شەهید سەردار دەڵێت:
"سەرداری سەعید سۆفی
قەڵایەو
(پیرمام)ەو
سەفینە
لەپێش چاو ون نابێ.."
هەروا شاعیرێکى تریش دەڵێت:
"هەولێر تۆ بەرزی قەڵاكەت
هەولێر تۆ بەرزی ناوەكەت
تائێستا كام سەردارت بینیوە
وەك شەهید سەردارەكەی من لە شەقام و گۆڕەپانەكانتدا
دەمانچەكەی خاڵی خاڵی كردۆتەوە لە دڵی داگیركەرانتدا.."
بابەتی زیاتر