كۆڕێ ئەو داستانەی یەكێتی و هەندێك لایەنی دیكە بەرگرییان كرد و زۆری دیكەش راكردن و پاشەكشەیان هەڵبژارد، بەڵام هێزی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان سەركەوت و سوپای بەعسی دیكتاتۆریان تێكشكاند..
لەو داستانەدا كە بە خوێنی 11 شەهید تۆماركرا، 9 شەهیدیان پێشمەرگەی یەكێتی بوون و ئەوانی دیكەش بزووتنەوەی ئیسلامی كە لە بەرەی كوردستانی دوای راپەرین دا بوون و داستانەكەش له رۆژی 11-4-1991 تۆماركرا.
فەدۆ مەخموری فەرمانده و پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بەشداری سەرەكی داستانی كۆڕێی كردووە، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەكاتی كۆڕەوەكەی ساڵی 1991ی گەلی كوردستاندا، دوای گرتنەوەی هەولێر و مەسیف لەلایەن هێزەكانی رژێمی بەعسەوە، كۆمەڵێك پێشمەرگە لە شەقڵاوە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا، كاك كۆسرەت وتی: "ئەگەر ئێوە بەرگری بكەن زۆر باشە، دواتر شەهید رێباز تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە سەرپەرشتی ناوچەكە دەكات، كە بەعس بەنیاز بوو هێرشی بكاتەسەر".
یان لەوێ شەهید دەبین یا رێگری لەهێرشی بەعس دەكەین
"حكومەتی بەعس له پێشڕەویدا بوو، هێزێكی زۆری كۆكردەوە كە سێ لیوا بوو، سەرجەمیان لە هێزی تایبەت بوون، جگە لەوەش بۆردومانی ناوچەكەی دەكرد، دوای ئەوەی ئێمە گەیشتینە عوزران بڕیارماندا یان لەوێ شەهید دەبین یا رێگری لە هێرشی بەعس دەكەین"، فەدۆ مەخموری وایوت.
وتیشی: "دوای دابەشكردنی ناوچەكە بەسەر هێزەكاندا كە بەری رۆژهەڵات و رۆژئاوا بوو، بەشی رۆژهەڵات بەهێزەكانی یەكێتی و مەفرەزەیەكی زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی سپێردرا، بەشی رۆژئاواش بەهێزەكانی بەرەی كوردستانی ئەو كاتە كە له پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست سپێردرا".
زەبرێكی كوشندە بەهێزەكانی دوژمن گەیەندرا
باسی لەوەشكرد، كە رێككەوتن لەسەر كۆنترۆڵكردنی هەردوو بەرەكە، هێزەكانی بەعسیش بەناو دەربەندی كۆڕێدا دەهاتن، سەعات دوای 4ی بەرەبەریانی 11ی نیسانی 1991، هێزەكانی رژێم دەستیان به جوڵەكرد، دوای نزیكبوونەوە لە هێزەكانمان شەڕ رویدا و زەبرێكی كوشندەمان بە هێزەكانی دوژمن گەیاند، ئێمە لەبەری خۆمان نەمانهێشت هێزەكانی رژێم پێشڕەوی بكەن، بەڵام لەبەری ئەوبەر كە هێزەكانی پارتی و بەرەی كوردستانی لێبوو، هێزەكانی رژێم ناوچەكەیان گرت.
ئەوەشی وت:"دواتر پەیوەندی بەكاك كۆسرەتەوە كرا و هێزێكی دیكەی یەكێتی گەیشتە ناوچەكە كە چەند فەرماندەیەكی یەكێتی سەرپەرشتیان دەكرد، دوای ماوەیەكی كەم لەشەڕ بەری رۆژئاواشیان كۆنترۆڵكردەوە".
بەوتەی ئەو فەرمانده و پێشمەرگە دێرینەی یەكێتی كە خۆی بەشداری شەڕەكە بوو، دوای شكستی هێزەكانی دوژمن، لە دەوروبەری نیوەڕۆی 11ی نیسانی 1991، رژێمی بەعس وەفدی ناردبوو بۆ دانوستان و دواتر له شەقڵاوە دانوستان دەستیپێكرد.
بە چەپڵە لێدان لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە پێشوازیی كراین
فەدۆ مەخموری باسی لەوەشكرد:" ئەو داستانە بە خوێنی 9 شەهیدی یەكێتی و چەندین بریندار و دوو شەهیدی بزوتنەوەی ئیسلامی تۆماركرا و هیچ لایەنێكی دیكە شەهیدی نەبوو، وتیشی: دوای دەستپێكردنی دانوستان له نێوان وەفدی پێشمەرگە و رژێم، ئێمە له گۆڕستانی سەر مەیدانی شەقڵاوە شەهیدەكانمان بە خاكسپارد، كە ژمارەیان 11 كەس بوو، دواتر كە خەڵكی ناوچەكە هەواڵەكەیان بیست گەڕانەوە ناوچەكه و بەچەپڵە لێدان بەرەو روومان هاتن".
لەبارەی زیانەكانی رژێمیشەوە له شەڕەكەدا، مەخموری دەڵێت: "هێزەكانی دوژمن كە بەچەندین هەزار سەربازی تایبەت مەزەندە دەكرا و سەرجەمیان لە هێزە تایبەتەكانی رژێم بوون زیانێكی زۆریان بەركەوت، لە شەڕەكەدا زیاتر لە 300 كوژراو و دەیان برینداریان هەبووە، جگە زیانە گیانییەكانیان له شەقامی دەربەندی كۆڕێدا چەندین تانك و ناقیله و چەكی قورسی رژێمان تێكشاند".
فەدۆ مەخموری، ئەوەشدەخاتەڕوو:" ئەوانەی بەشداری سەرەكی شەڕەكە بوون و رۆڵیان هەبوو دیارە كێ بوو، ئێستا زۆر كەس باسی شەڕەكە دەكات، لە كاتێكدا كە بەشداری شەڕەكەشی نەكردوه و خۆی بەپاڵەوان نیشاندا دەدات، وەك ئەو پەندە كوردییەی لێهاتووە كە دەڵێت" گۆزە لەڕێی كانی دەشكێت"، بۆیە ئەگەر ئێمە شەڕمان نەكردایە 9 شەهیدمان نەدەدا، برایانی بزوتنەوەش دوو شەهید، ئیتر هەر ئەوەندە بوو، بۆیە ئەوەی بەرگریكردوە بۆ مێژوو شاهیدی دەدەم و راستییەكان وەك خۆی دەڵێم".
حاجی مەسیفی فەرمانده و پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە داستانی كۆڕێدا بەشداریكردووه و برینداریش بووە بۆ PUKMEDIA، دەڵێت: "لەڕاستیدا بەشێك برادەران له گێڕانەوەی شەڕەكەدا، داستانەكە تێكەڵ دەكەن، چونكە شەڕەكەی دەربەندی كۆڕێ دوو شەڕە، یەكێكیان لە 7ی نیسانی 1991دا بووه و ئەوی تریان لە 11ی نیسانی 1991دا بووە، شەڕی 7ی نیسان هەموو هێزەكانی ئەو كاتەی بەرەی كوردستانی پێكەوە بەشدار بوون، بەڵام شەڕەكەی 11ی نیسان و تۆماركردنی داستانی كۆڕێ كە بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی تۆماركرا جیاوازییەكەی لەوەدا بوو كە بەرەی شەڕەكە دابەشكرا كە بەری رۆژهەڵات و رۆژئاوای پێدەوترێت".
ئەو لایەی پێشمەرگەكانی یەكێتی شەڕیان تێدا دەكرد ئازادكرا
"بەری رۆژهەڵات بۆ یەكێتی دانرا بەسەر شەقامی دەربەندەكەشەوە كە بە شەهیدی فەرماندە حەسەن كوێستانی سپێردرا، بەری رۆژئاواش هێزەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی بوو، وەك (پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالیست، حزبی شیوعی، پارتی گەل)، كاتێك بەرەبەیانی 11ی نیسانی 1991 شەڕەكە رویدا، لەبەری رۆژهەڵات كە بەهێزەكانی یەكێتی سپێردرا بوو، لەو رەبایەی پێشەوە فاروق گڕاوی شەهید بوو، دوژمن تەنها توانی ئەو شوێنە بگرێت، بەڵام لەبەری رۆژئاوا دوژمن توانی هەموو چیاكە بگرێت"حاجی مەسیفی وایوت.
شەڕێكی خوێناوی لە داستانی كۆڕێ-دا كرا
هەر لەبارەی شەڕەكەوە، حاجی مەسیفی دەڵێت: "لەسەر شەقامی دەربەندەكە، شەهید حەسەن كوێستانی و ئێمە و مەفرەزەكەی كاك كۆسرەت بەرگیرمان كرد، بەڵام ئێستا ئەوانەی شەڕەكە دەگێڕنەوە، بەتایبەت برادەرانی پارتی، شەڕەكە تێكەڵ دەكەن، چونكە داستانی كۆڕێ كە شەڕێكی خوێناوی تێدا كرا و دوژمن شكستی هێنا رۆژی 11ی نیسان بوو، هەروەها لەو شەڕەدا ئەوەی شەهیدیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، كە بەتەنها 9 شەهیدی هەبوو، لەگەڵ دوو شەهیدی بزوتنەوەی ئیسلامی، بەڵام ئەوبەرەی دیكە كە بە بەرەی كوردستانی سپێردرابوو گیرا".
ئەوەشی وت: "ئەوانەی بەری رۆژئاوایان كۆنترۆڵكردەوە، پێكهاتبوون لە رەحمان سەیدە، شەهید تەحسین كاوانی، سەفین مەلا قەرە بوون كە فەرماندە بوون، ئەوان له گوندی زێبارۆكەوە بەسەر چیاكەدا رۆیشتون و بەری رۆژئاوایان كۆنترۆڵكردەوە، ئێمەش لە ناوەندی شەقامەكەوە رۆیشتن، تەنانەت تا ناو گوندی كۆڕێ رۆیشتین".
حاجی مەسیفی ئاماژەی بەوەشكرد: "دەبێت بۆ مێژوو راستییەكان بگێڕینەوە، ئێستا هەندێك كەس خۆی كردوە بەپاڵەوان، لەكاتێكدا له شەڕەكەدا هیچ رۆڵێكی نەبووە، لەسەر شەقامەكە برادەرێكی پارتی بەناوی (حەسەن نەجار) لەگەڵ ئێمە بەشداریكرد و بەشدارێكی كاریگەری هەبوو، بەڵام قورسایی شەڕەكە لەسەر هێزی پێشمەرگەی یەكێتی بوو، چونكە ئەولایەی بە هێزەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی بوو، چۆڵیان كرد و هێزەكانی ئێمە گرتمانە".
له شەڕەكەدا رژێم زیانێكی زۆری بەركەوت
وتیشی: "لەشەڕەكەدا رژێم كوژراوێكی زۆری هەبوو، چەندین تانكی تێكشكێندرا، ئەوەی رۆڵی سەرەكیشی هەبوو لە تێكشكاندنی تانكەكانی رژێم، هێزەكانی كاك كۆسرەت بوو، كە خۆی سەرپەرشتی دەكرد لەگەڵ شەهید حەسەن كوێستانی كە ئەوێی پێ سپێردرابوو".
هێزی شەڕكەری داستانەكە پێشمەرگەكانی یەكێتی بوون
هاوكات سەفین مەلا قەرە، فەرمانده و پێشمەرگەی دێرین كە بەشداری داستانی كۆڕێی كردووه، بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "شەڕەكەی رۆژی 11ی نیسان بەری رۆژهەڵات و رۆژئاوا دابەشكرا بوو، بەری رۆژهەڵات یەكێتی و بزوتنەوه و زەحمەتكێشانی لێبوو، بەری رۆژئاواش پارتی و سۆسیالیست و شیوعی لێبوو، بەڵام كاتێك بەری رۆژئاوا گیرا، لەگەڵ شەهید تەحسین كاوانی و عەبدوڵڵا بۆر بڕیارماندا بیگرینەوه و دابەش بووین، بۆیە لەگەڵ دابەزینمان رژێم بۆردومانی كردین، دواتر هێرشمان كرد و له ماوەیەكی كەمدا بەری رۆژئاوامان كۆنترۆڵكردەوە".
" لەوكاتەدا هێزەكانی كوردستان، لە ژێر چەتری بەرەی كوردستانیدا بوون، كە پێش راپەڕین دروستكرا بوو، بەڵام هەر حزبێك هێزێكی خۆی هەبوو، وتی: دوای ئەوەی رژێم هەولێری گرت، دواتریش مەسیف گیرا، سەری رەشمان چۆڵكرد، چونكە وتیان رژێم دەچێتە شەقڵاوە، بۆیە رۆژی 8ی نیسانی 1991 گەیشتینە دەربەندی كۆڕێ، كاتێك گەیشتینە دەربەندی كۆڕێ شەهید حەسەن كوێستانی و ئەوان شەڕیان دەكرد و هێزەكانی رژێم دەكشانەوە"، سەفین مەلا قەرە وایوت.
وتیشی: "دواتر هێزێكمان نارد و لەناو كۆڕێوە چەند ئاربیجییەكیان نا بەتانەكانی رژێمەوە و تێكیانشكاند و هێزەكەی رژێم شكێندرا، بۆیە شەڕەكە تا نزیكەی 1ی پاشنیوەڕۆ بەردەوامبوو".
سەفین مەلا قەرە تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە، لەكاتێكدا خەڵك هەمووی ئاوارە بوو، هێزەكانی یەكێتی بەدڵ و گیان بەرگریان لێكردن و هێزی شەڕكەری داستانەكە پێشمەرگەكانی یەكێتی بوون.
لە دوای ئەوەی راپەڕین توانی بگاتە كەركوك و لە رۆژی نەورۆزی ساڵی 1991 كەركوك ئازادكرا، بەڵام دوای ئەوە ھاوكێشەی ھێز گۆڕدرا و رژێم پەلاماری ناوچەكانی دایەوە و لە سلێمانی نزیكبووەوە، لەوكاتەشدا هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دژی هەوڵەكانی رژێمی بەعس بۆ داگیركاری وەستانەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دوو داستانی بەناوبانگی تۆماركرد، كە بریتی بوون لە( داستانی چیای ئەزمڕ) بەسەرپەرشتی جەبار فەرمان و (داستانی كۆڕێ) كە سوپای رژێمی پێشووی عیراقیان لە داگیركاری راگرت، هەروەها پشتێننەیەك بوو بۆ سەلامەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە لەوكاتەدا لە دژی بەعس رەویان دەكرد.
لە PUKMEDIA وەرگیراوە
بابەتی زیاتر