شۆڕشى وەستا محێدینى تەنەکەچى(شۆڕشە چاوشین)*
ساڵانێك بیرەوەرییەک لە مێشكمدا وەک شەپۆلى دەریا دەهات و دەچوو، بۆ دەرفەتێ دەگەڕام بڵاوی بکەمەوە لەسەر نووسەر و رۆژنامەنووس مامۆستای كۆچكردو(بورهان قانع)..
ئەم مامۆستا دڵسۆز و تێکۆشەرە، چۆن لە بوارى نووسین و وەرگێڕاندا رۆڵى گەورەو سەنگینى هەبوو، لە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی و برەودان بەئەدەبیاتى سیاسیشدا ئەستێرەیەکى گەش و دەگمەن بوو. هەمیشە وەك کەسێكی دڵسۆز و سەربازێكی ون دەبینرا. ئەوەی لێرەدا دەیگێڕمەوە راستییەكی مێژووییە لە بوارى دامەزراندنى دەزگایەکى چاپەمەنی لە شاخ.
چۆن بۆ مامۆستا بورهان لاپەڕەیەكى گەشى ژیانیەتى، هەروا بۆ راگەیاندنی شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتى"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" هەنگاوێکى گەورەو بوێرانەبوو کە لەمێژووى سیاسیماندا بوونى نەبووە، ئەویش دامەزراندنی(دار النشر) بوو.
هاوینی ساڵی(١٩٨١) لە گوندی(بێورانی)ی كوردستانی ئێران، خوالێخۆشبوو مامۆستا بورهان و براى شاعیر رەزا حەمەم بینی، دواى ئەوەى خۆم بەمامۆستا بورهان ناساندو دوای گفتوگۆیەکى بەچێژ. دەیانوويست لە شارباژێڕەوە بچن بۆ بارەگای سەركردایەتی لە(تووژەڵەو خڕى ناوزەنگ) هەرسێکمان ملى رێگامان گرت بەرەو سەرکردایەتى. بەگەیشتنمان، چەند شەوێك لەژێر کەپرەکەى براى نووسەر کاک حەمەى حەمە باقى مایەوە. هەستم بەوە کردبوو بیروڕایان لەبارەى پرۆژەیەکەوە دەگۆڕییەوەو شتێك لەدڵە گەورەكەیدا مەڵاس دراوەو دەیەوێت بەئەنجامی بگەیەنێت، دواتر هاتە بارەگای بەڕێز كاك نەوشیروان مستەفا، كە ئەوكات من لەوێ پێشمەرگە بووم و لەو سەردەمەدا لەبارەگاکەدا ژمارەیەکى بەرچاو پێشمەرگەى لێ بوو، لەگەڵ من و شەهید دڵشاد تۆفیق بەنگینە پەیوەندییەکى تۆکمەى بەست و زۆرترین کات گوێمان لە قسەکانى رادەگرت و بەوپێیەى پیاوێکى رۆشنبیرو شارەزاى مێژووى گەلان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا قسەخۆش و نوکتەى زۆرى لابوو.
لەو رۆژانەدا چەند جارێ ئێمەى لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ بارەگای هێژا بەڕێز مام جەلال لە توژەڵە، كە ئەوكات كاك كامەران رەحیم عەلاف لە پرسگەکەیدابوو. لەو سەردانانەیدا مەبەستی لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بوو كە لە خەیاڵیدا بوو، دوای چەند رۆژێ بۆمان دەركەوت کە پشتگیریی تەواوى ماددى و مەعنەوى هەڤاڵ مام جەلال و کاک نەوشیروانى وەرگرتووە بۆ دامەزراندنى دەزگایەكی چاپەمەنی بەناوی(دار النشر) كە تایبەت بوو بە(ی.ن.ك).
دوای ماوەیەك بەمەبەستی هێنانی ئامێر و كەرەستەی چاپكردن سەفەرێكی بۆ ئێران كردو دواى گەڕانەوە بیرلەوەکرایەوە کە بینایەک بۆ دەزگاکە دروست بکرێ، لە دروستكردنی بیناكەشدا خۆى سەرپەرشتى كارەكانی دەكردو تەنانەت وەك وەستایەك دیوارەکانی هەڵدەچنی و بۆ مێژوو دەیڵێم هێشتا پاچی نەوەشاندبوو لەسنگی ئەو شاخە بەردینە هەستی بەسەركەوتنێكی گەورە دەكرد، هەربۆیە یەکەم پاچ خۆی وەشاندی، یەكەم خشتی كاڵ خۆى بڕى و یەکەم کۆڵەکەى ئەو خانووە خۆى داینا، چەند پێشمەرگەیەكیش كە لەبەردەستدا كاریان دەكرد خەڵكی دەشتی كۆیە و هەولێر بوون، بەداخەوە ناویانم بیرنەماوە.
منیش جارجار یارمەتیم دەداو کارم لەگەڵ دەکردن بۆئەوەى بیناکە زوو تەواو ببێت کە بریتیبوو لەدوو ژوورو بەرهەیوانێک و حەمامێکى بچووک. لە سەرەتاى دروستکردنى ئەم بینایەوە هاوڕێی مناڵى و براى خۆشەویستم کاک بەختیارى مەلا عێززەت بەشداریی راستەوخۆی کرد لە ئیشکردندا. پاشان لەسەر ئامێرى چاپ لە دەزگاکە کارى دەکرد.
مامۆستا بورهان بەگوڕوتینێکی زۆرەوە بەردی دەخستەسەربەرد، لەوكاتەدا زیاتر دڵسۆزیی ئەوم بۆ دەركەوت كە لە پشت ئەم كارەوە جگە لە خزمەتكردنی ئەدەبیاتی شۆڕش و(ی.ن.ك) هیچ مەبەستێکى ترى نەبوو.
بینای(دار النشر) كەوتبووە خواروی بارەگای كاك نەوشیروانەوە لە زینۆى سوور، جێگاكەى شوێنێكی بن تاشەبەرد و سەخت بوو، بۆ نالەباری جێگەكە رووی پرسیارم لە مامۆستا بورهان كردو بەڕێزی لەوەڵامدا پێیووتم:
"ئێرە ئەم بن تاشە بەردە زۆر چاك و لەبارە، ئەگەر تەیارەش بێت نامان دۆزێتەوە.."
دیاربوو ئاگادارکرابۆوە کەبەر لە ساڵێک چەند فڕۆکەیەکى دوژمن هاتبووەسەر سەرکردایەتى و دواى بۆردومانێکى زۆر رۆکێتێک بەرخێمەکەى(ئیعلام) کەوتبوو کە لە ئەنجامدا بورهان شێخ مستەفا براى کاک نوورى(ماوەیەک لە فەرماندەیی بوو) شەهیدکرد.
لە مانگی ئابی(١٩٨١)دا، شوێن جێگەی(دار النشر) تەواوكرا ئەوەندەى لەیادم مابێت دوو ئامێری چاپی تێدابوو، شانبەشانی چاپخانەی شەهید(برایم عەزۆ) كە بەڕێزان(فەرید ئەسەسەرد، جەزا سەرسپى، هاوڕێ چالاک، هاوڕێ حەمە سەعید) کاروبارەکانیان رادەپەڕاند ئەویش دەستى بەکارەکانى خۆى کرد.
لەگەڵ کەوتنەگەڕى دەزگاکەشدا چەندین نامیلکەو کتێبى بەنرخ کە لەزمانى فارسى و ئەدەبیاتى شۆڕشى گەلانەوە وەرگێڕدرابوون چاپکران، لەبیرمە هەرلەوکاتەدا مامۆستا بورهان کتێبى(سەوز)ى سەرهەنگ موعەمەر قەزافى لە زمانى عەرەبییەوە وەرگێڕایە سەر زمانى کوردى، وەرگێڕان و چاپکردنى وەها کتێبێک لەوسەردەمەدا رۆڵ و کاریگەری خۆی هەبوو.
هاوكات(دار النشر) لە بواری پێگەیاندنی كادری ئیعلامیدا رۆڵیبینی و چەند كەسێكی پێگەیاند، كە دەتوانرێ بووترێ لەوكاتەداو بەو ئیمکانییەتە کەمەى لەبەردەستدابوو كارێكی گەورەو ناوازە بوو. لاپەڕەیەكی گەشی خەباتی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بوو لە بواری رۆشنبیریی و راگەیاندنی شاخدا. بەدامەزراندنى ئەو(دار النشر) خشتێكی تر خرایەسەر دیوارە پتەوەکەی راگەیاندنی شۆڕشی نوێ و جێی شانازییە هەمووکات شانازی پێوەبکرێ.
* پێشمەرگەى دێرین.
* ئەم وێنانەی كە گیراون كاتی خۆی بەو كامێرایەم گرتووە كە كاك (بورهان) لە یەكەم سەفەریدا بۆ ئێران بۆی كڕیم.
بابەتی زیاتر