عه‌باسی ڤیدیۆ
(10/3/1988) كاتی هێرشەكانی رژێمی به‌عس بوو بۆ سەر بارەگاكانمان لە دۆڵی چافایەتی رۆژبەڕۆژ تووندتر دەبوو، ئەوكاته لەگەڵ كۆمەڵێك پێشمەرگە لە گوندی چۆخماخ بووین، كاك"به‌كری حاجی فه‌ره‌ج" سەرپەرشتی ئەو قۆڵەی دەكرد لەگەڵ شەهیدی هەمیشە زیندو كاك "جه‌لالی حه‌مەی محە" كەرتهكەی كە كۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمان بوون لەوانەی كە تائێستا لە ژیاندا ماون و تەمهنیان درێژبێت كاك "به‌ختیاری برای كاك جه‌لال و رزگار" هێرشه‌كان بۆ قۆڵی گوندی مالومە دەستیپێكرد، بەچەكی كیمیایی بۆردومانی سەنگەرەكانمانیان دەكرد. زۆر بەسەختی بۆردومانی گوندی هەڵەدنی دەكرد، چەند رۆژێك بەوشێوەیە پێشمەرگە ناوچەكەی پاراست، رۆژی(16/3) زۆر ماندوبووین لەگه‌ڵ كاك به‌ختیار رۆیشتین بۆ لای كاك جه‌لال، كە گەیشتین جیهازی بێتەلەكەی كاك جه‌لال هەواڵێكی هەڵه‌بجەی بەبروسكە پێگەیشت:
"ئەمڕۆ فڕۆكەكانی دوژمن بەچەكی كیمیایی بۆردمانی شاری هەڵه‌بجە و دەوروبەری كرد و هەزاران هه‌زار هاووڵاتی شەهید بوون.."
هەواڵەكە جه‌رگی ههڵدهقرچان، بەپەلە بروسكەیهكم بۆ كاك ئەرسه‌لان كرد ئەوكات لێپرسراوی دەزگای ناوەندی راگەیاندن بوو، بۆم نووسی و داوام لێ كرد بەپەلە كاك دڵشاد بڕوات بۆ هەڵه‌بجە بۆ تۆماركردنی ئەو رووداوە، چونكە ئەوە تاوانێكە دەبێ هەموو دنیا بیبینێت، دوای كاتژمێرێك وەڵامی بروسكهكهم درایه‌وه و پێم سه‌یربوو به‌وشێوه‌یه وه‌ڵامم درایه‌وه! به‌هه‌رحاڵ بەهەڵە لە بروسكەكەی من تێگەیشتبوون، زۆر ناڕەحهت بووم، كاك جه‌لال و برادەران دڵنەواییان كردم و وتیان:
"دەتەوێ ئێمە بە بروسكە پێیان بڵێین."
بە كاك جه‌لالم وت:
"بۆنا، بەهەرشێوەیهك بووە دەبێ خۆم بڕۆم و خۆم بگەیهنمە هەڵه‌بجە، گەر ئەو تاوانە تۆمار نەكەین كەس پێی نازانێت."
كاتژمێرێك دوای بروسكەكە خواحافیزم لە پێشمەرگەكان كرد، كاك بەختیار لەگه‌ڵمدا هات تا دەرەوەی گوندی مالومە، دوو پێشمەرگە دەڕۆیشتن بۆ گوندی سەرگهڵو، منیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه رەوانه كرد. لەلای گوندی چاڵاوە لێیان جیابوومەوە و كەوتمەڕی بۆ گوندی گهڵاڵە. تا گه‌یشتمە دیوی ئێران، لەوێش بەئوتومبێل بەره‌و شارۆچكه‌ی پاوە و نەوسود كەوتمەڕێ، رۆژی(20/3) لە هەڵه‌بجە بووم. بەوردی سەرقاڵی تۆماركردنی دیمەنە دڵتەزێنەكان بووم، له‌گه‌ڵ ریكۆردی هه‌ر دیمه‌نێكدا ده‌ستم ده‌كرد دەگریان و كامێراكه‌م داده‌نا، وه‌كو منداڵێكم لێهاتبوو چۆن دایكی بهجێیدههێڵێ و ده‌ست ده‌كات به‌گریان ئابهوشێوهیهم لێهاتبوو، ژیر ده‌بوومه‌وه و دیسانه‌وه فرمێسك به‌ری چاوه‌كانمی ده‌گرت و كامێراكه‌م داده‌نایه‌وه! به‌ڵام ده‌ستم له ریكۆرد كردن هه‌ڵنه‌گرت.
رۆژهات و رۆژڕۆی، ده‌وڵه‌تی عێراق رووخا‌و سه‌دام و عه‌لی كیمیاویی و ژماره‌یه‌ك له تاوانبارانیتر ده‌ستگیركران، كات كاتی من بوو به‌شێوه‌یه‌كیتر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا بكه‌م، ڤیدیۆی كاره‌سات و تاوانه‌كانی رژێمی به‌عسم پێشكه‌ش به‌دادگا كرد و تاوانبارانی ئەو تاوانە لەبهردهممدا بوون و سه‌رنجمیان ده‌دا، گوێیان لێگرتبووم و دواتر فیلمەكانیان بینی. عه‌لی كیمیاویی و تاوانباران سەیریان داخستبوو، لەوكاتەدا ئەو چركەساتانەم له‌لا دووبارە ده‌بۆوه كه ژن و منداڵ و پیاوی پیر و كوڕ و كچی گه‌نجم ده‌بینی خنكابوون، ئه‌وێ رۆژێ من و كامێراكه‌م شاهید حاڵی تاوانەكانی رژێمی به‌عس بووین.
* ماوەی تۆماركردنی ڤیدیۆكە(٦) كاتژمێره بەكامێرای ڤیدیۆی(A2 پورتابل) دیمه‌نه‌كانم تۆمار كردووە.
بابەتی زیاتر