كەر لە كوێ بێنم..!؟


شه‌ریف كه‌شكۆڵ

شەوی یازدەی ئازاری 1981
یادگارییەكان تاڵ و شیرینن لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن یادگارەكانیش نرخیان روو لەبەرزیە، رۆژگارێك  پێشمەرگە، پێشمەرگە بوو، بەخوێن پارێزگاریان لەیەكدی دەكرد، گیرفانیشیان یەكبوو لەو رۆژانە، ساڵانی هەشتاكان لەڕۆژی یازدەی ئازار هەندێك لەهێزەكانی شارەزوورو هەورامان لەناوچەی "قەراخ"ەوە گەڕاینەوە بۆ دەشتی شارەزوور، مامە شێخ عەلی هەمیشە زیندوو بەكارێكی تایبەت و تەبایی هاتبووە قەرەداخ بۆ نێوەندگیریی هەرێمی پێنجی قەرەداخ و هێزەكەی حیزبی شیوعی، پاش نێوەندگیرییەكەو تەبایی روومان كردەوە  دەشتی شارەزوور.
دوای پەڕینەوەمان لەجادەی دەربەندیخان - سلێمانی لە گوندەكانی ئەحمەو بڕنەو ئەم دیوو قەڵبەزەو كانی بەردینە، رۆژێك تووشی شەڕێكی قورس بووین بەشێك لەهێزەكە زیاتر تووشی ئەو شەڕە بوو ئێمە چووین بەهانایانەوە خۆشبەختانە جاشەكان بەسەری شكاو قوونی دڕاوەوە رووەو زەڕایەن هەڵهاتن هەرچەند كۆپتەریش بەهانایانەوە هات.
دوای دوو سێ رۆژ لەو ناوە لە جەرداسنەو تۆو قووتەوە گەیشتینە ئیمامی زامن. ئیمامی زامن زامندارتان بێت،  كەسوكار هاتن بۆ لامان بەخواردنی خۆشەوە، ئەو رۆژانە نەنكم یادی بەخێر مابوو ئەویش هاتبوو، هەرگیز بیرم ناچێت بەندە بلووسێكی سەربازی عێراقیم لەبەردابوو بۆ ئەو رۆژە لە هەرە مۆدێرینترین بلووس بوو سەرشان و ئانیشكەكانی بە قوماشێكی ئەستوورتر تۆختر لەڕەنگی بلووسەكە نەخشێنرابوو، نەنكم كە ئاوها منی دی وتی:
"ئەی دەستی شكاوم، كوێربم رۆڵە ئەو هەموو پینەیه‌ بەبلووسەكەتەوەیە..".
مامە شێخ دایە قاقاو وتی:
"دایكە پینە نییە ئەوە نەخشە".
ئیدی نەنكم دڵی ئیسراحەتی كردو وتی:
"كوڕم چوزانم كوا منداڵی ئێمە جلی پیناویان لەبەر كردووە".
دوای رۆیشتنی ئەوان رێمان كرد بەرەو هەڵەبجە تاریكی كردبوو گەیشتینە نزیك هەسەناوا، هێزەكە بریتی بوو لە كەرتی ناوچەی هەڵەبجەو كەرتی شەهید"مه‌حمودی حاجی فەرەج"و مەفرەزەكەی مامە شێخ عەلی، بیرم نەچووبێت هەندێ لە مەفرەزەكانیترو هێزێكی ئیسلامیش كە لەتیفی برام لەگەڵ خۆی هێنابوونیە ئەمدیوو لە كەسە ناسراوەكانیان"عەبدوڵڵا عەسكەری" بوو .
گەیشتینە ریزە تووەكانی هەسەناوا كەوتینە كەمینی جاشەكانی سالە خەیاتەوە (10) دەقەیە زیاتر تەقەو شەڕە ئاڕبیجی بوو، من گوێم لە كاك ئاسۆ رەحیم بوو هاواری كرد بریندارم، من هێندە توانیم چوومە بن باڵی روووەو دواوە گەڕامەوە یادی بەخێر هیوای عەلی سەعه‌ كولەكە لە پێشمەوە رێگای دەكردو جارجاریش یارمەتی دەدام لە هەڵگرتنی كاك ئاسۆ رەحیم، گەیشتینە شوێنی نتم گولە نەیدەگرتینەوە وتم:
"هیوا بڕۆ گوێدرێژێ پەیداكە".
ئه‌ویش به‌حه‌ماسێكه‌وه‌ وتی:
"كوڕی خوا لەكوێ پەیدای كەم".
پێنج دەقە دوای ئەوە گوێدرێژ پەیدابوو وردە وردە هێزەكەش یەكانگیربووینەوەو گەڕاینەوە بۆ شوێنی پارێزراو، یادی شەهیدەكان بەرزو پیرۆزبێت گۆڕیان پڕ نووربێت.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved