قادر عەزیز*

ڕۆژی (8/3/2022) چل و پێنج ساڵ بەسەر شەڕی "دەشتێو" كە دواتر بەهۆی گرنگی شەڕەكەوە بە داستانی"دەشتێو" ناویدەركرد، تێدەپەڕێت.
داستانی دەشتێو بەپێی هاوسەنگی هێز لەوكاتەدا‌و ئەو زەرەر ‌و زیانە زۆرەی كە لەو شەڕەدا بە دوژمن كەوت بە یەكێ لە شەڕ‌ و داستانە هەرە گەورەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان ئەژمار دەكرێت.
شەڕی دەشتێو، كاتێك ڕوویدا كە كاك سەعدی بەیاوەری سەید كاكە فەرماندەی هەرێمی خۆشناوەتی ‌و ژمارەیەك لە كادیر ‌و پێشمەرگەكانی هەردو هەرێمی دەشتی هەولێر ‌و خۆشناوەتی كە ژمارەیان (42) كەس بوو بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و كۆبوونەوەی فراوانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بەرەو نێوزەنگ‌ و نۆكان بارەگای سەركردایەتی شۆڕش بەڕێوەبوو.
شەڕی دەشتێو كە بەهۆی پیلانی پێشوەختی سوپای ڕژێم ‌و نەشارەزایی هێزەكەی پێشمەرگە لەهەر چوارلاوە گەمارۆ درابوون لەلایەن "ئیسماعیل تایە النعێمی" فەرماندەی فیرقەی (1)ی ئەوكاتەی سوپای عێراق سەرپەرشتی دەكرا.
لەو شەڕەدا كە لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە تا درەنگانی ئێوارەی خایاند، بەقسەی ئیسماعیل تایە النعێمی كە سەرپەرشتیاری شەڕەكەی دەكرد زیانی دوژمن بریتی بوو لە كوژرانی (160) سەرباز ‌و ئەفسەر ‌و برینداربوونی (250)ی تر ‌و پێكانی (8) فڕۆکەی هێلیكۆپتەر ‌و كەوتنەخوارەوەی دوانیان لە مەیدانی شەڕەكەدا بوو، بەداخەوە ئەو سەركەوتنە گەورەیە بە شەهیدبوونی كاك سەعدی خۆی‌ و (16) كادیر‌ و پێشمەرگەی قارەمان نوسرایەوە كە (12)یان لە مەیدانی شەڕەكە شەهید بوون ‌و(4)یشیان دوای برینداری ‌و بەدیلگیران دواتر لە سێدارەدران.
گرنگی شەڕی دەشتێو، لەوەدابوو كە ئیسماعیل تایە النعێمی، دوای شەڕەكە نامیلكەیەكی بەناوی "بساط ناجح فى منطقة قلعدزة" "تجربتي مع القيادة" نووسیوە ‌و لە ڕیزەكانی سوپادا بڵاویكردۆتەوە. لە نامیلكەكەدا هۆشداریدەداتە سوپا كە پێشمەرگە شەڕی لەگەڵ سوپا قۆناغی پارتیزانی تێپەڕاندووە ‌و چۆتە قۆناغی شەڕی گەڕۆك "الحرب المتحركة" كە ئەمەش بۆ سوپا لەمەودوا ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە دژوار دەكات.
شەهید سەعدی عەزیز، ناسراو بە سەعدی گچكە، ساڵی (1946) لە گوندی "سێبیران"ی نزیك قوشتەپەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی هەژار و نیشتمانپەروەر چاوی بەدونیا هەڵهێناوە، ساڵی (1963) ڕیزی سوپای عێراقی بەجێهێشتووە و پەیوەندی بەشۆڕی ئەیلولەوە كردووە، سەرەتا لە ناوچەی دەشتی كۆیە ‌و چەمی ڕێزان ‌و پاشان لە ناوچەی خۆشناوەتی ‌و باڵەكایەتی درێژەی بەكاری پێشمەرگایەتیداوە بەهۆی ئازایەتی ‌و لێهاتوویی لە شەڕ و نەبەردییەكاندا هەرزو پلەی سەرپەل ‌و پاشان سەرلق‌ و دواجاریش فەرماندەی بەتالیۆنی بەدەستهێناوە.
لە زۆربەی شەڕەكانی دەشتی هەولێر، خۆشناوەتی، كۆیە، باڵەكایەتی بەشداری دیار و كاریگەری هەبووە. ساڵی (1974) یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی ماكۆك بووە، دوای (3) مانگ لەبەرگریكردنی بەردەوام برینداربووە.
هەرەسهێنانی شۆڕی ئەیلول (1974) ورەی پێ بەرنەداوە ‌و بەڵكو هەرزوو خولیای دروستكردنەوەی مقاوەمەت‌ و سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە بووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە مانگەكانی هەوەڵی دوای هەرەس لە مهاباد ‌و ئورمیە لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیر ‌و سەركردە تێكۆشەرەكانی شۆڕشی ئەیلول لە مشوری دروستكردنی ڕێكخراوێكی تازەدا بووە ‌و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەكیان گەڕاونەتەوە عێراق ‌و دواتر لە بەغدا ئەو ڕێكخراوەیان بە ناوی "بزوتنەوەی سۆسالیستی كوردستان" دامەزراندووە.
دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسالیستی كوردستان، بەچەند مانگێك لەسەر ڕاسپاردەی هەڤاڵ، مام جەلال ‌و بە هەماهەنگی هاوبەشی یەكێتی ‌و بزووتنەوە ‌و كۆمەڵە بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕی نوێی گەلەكەمان لە ڕۆژی (8/8/1976) لەگەڵ تێكۆشەران "عەلی عەسكەری، عومەر دەبابە، دكتۆر خالید، ملازم تایەری عەلی والی، یاسین قادر، سەید كاكە، قادر عەزیز، جەعفەر ئەسوەد" ‌و چەندین كادیر ‌و پێشمەرگەی تری بزوتنەوە گەیشتوونەتە چیاكانی كوردستان ‌و دەستیان بەدروستكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی پارتیزانی كردووە، لە دوای چەند مانگێك لە هاتنەدەرەوەی بووە بە فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێر و سەركردایەتی یەكەم مەفرەزەی پارتیزانی بۆ ناوچەكانی خۆشناوەتی ‌و دەشتی هەولێر كردووە ‌و یەكەم چالاكی پێشمەرگانەشی لە (4/1/1977) لە جادەی نێوان بەستۆڕە و مەلا ئۆمەری هەولێر بووە كە بووەهۆی كوشتی بەڕێوەبەری ئەمنی پیرمام "سابیر زێدان" ‌و پارێزەرەكانی‌ و هەر لەو چالاكییەشدا برینداربووە.
شەهید سەعدی یەكێكبووە لە سەركردە هەرە ئازا و شارەزاكانی شەڕی پارتیزانی ‌و لە ماوەی ساڵێك ‌و حەوت مانگدا لە دەستپێكی هەڵگیرساندنی شۆڕشدا سەركردایەتی چەندین شەڕی قارەمانانەی دژ بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی بەغدا كردووە، لەناویاندا شەڕەكانی "خانزاد، هەورێ، سەفین، دیدەوان، حاجی قەڵا" لە شەڕی "حەسن موترب"ی "بناری دێدەوان"یش جارێكیتر برینداربووە.
شەهید سەعدی، لە ڕێگەی چوونی بۆ سەركردایەتی، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆبوونەوەی فراوانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، لە ڕۆژی (8/3/1978) لە دیارترین ‌و بەناوبانگترین شەڕی دەستەویەخە كە بەشەڕی دەشتێو ناسراوە لە ناوچەی قەڵادزێ لەتەك (12) كادیر‌ و پێشمەرگەیتردا شەهید بوو، بەشەهیدبوونی زەرەر و زیانێكی گەورە لە شۆڕش كەوت.
شەهید سەعدی، لەدوای خۆی ژنێك ‌و چوار منداڵی بەناوەكانی "هێرش، هێمن، ماكۆك، لەنجە" بەجێهێشتووە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكە و هاوڕێكانی.
شەهیدانی شەڕی (دەشتێو) ئەمانەن:
1- سەعدی عەزیز، ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوە ‌و ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و فەرماندەی هەرێمی دەشتی هەولێر.
2- فاروق سدیق، ئەندامی پێشكەوتووی كۆمەڵە‌ و ڕابەر سیاسی هەرێم "هەولێر- گوندی قوشاعلۆ".
3- فەرخ قادر، پێشمەرگە "هەولێر- قەراج".
4- فەریق هەمزه‌، پێشمەرگە "كەركوك- ساڵەیی".
5- شاهێن عیزەدین، پێشمەرگە "پردێ".
6- تاهیر محەمەد عەلی، پێشمەرگە "هەولێر- قەراج".
7- جەبار ئیسماعیل پێشمەرگە "هەولێر".
8- عوسمان باوە، پێشمەرگە "هەولێر".
9- سامی عوبێد، پێشمەرگە "هەولێر".
10- سەباح جەمیل، پێشمەرگە "هەولێر".
11- ئەحمەد محەمەد ئەمین، پێشمەرگە "هەولێر- چەمرگە".
12- ئەحمەد محەمەد، پێشمەرگە "هەولێر- پیرەرەر".
هەروەها لەو شەڕەدا چوار پێشمەرگە بە برینداری بەدیلگیران بەپێی شەهادەى وەفاتەکانیان بێت لە ڕۆژی (١٤/6/1978) لە زیندانی موسڵ لە سێدارەدران، ئەوانیش "جەعفەر مام ئەسوەد كۆیی، جەواد كەریم گۆمەشینی، كەمال واحید گۆمەشینی، حسێن عەبدولڕەحمان گۆمەشینی" هەروەها عەزیز باپیر- ناسراو بە سەید عەزیز گۆمەشینی دوای گیرانی بە ماوەیەك بەهۆی بچوكی تەمەنیەوە بەلێبوردنی گشتی ئازادكرا.
* ئەندامى مەکتەبی سیاسی و بەشداربووی شەڕەكە.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved